پێنووس

تێگەیشتن لە سروشتی ڕاستەقینەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل

تۆماس فریدمان

لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

هۆکاری زەحمەتیی تێگەیشتن لە جەنگی حەماس و ئیسرائیل بۆ کەسانی نامۆ و بێگانە ئەوەیە، کە سێ جه‌نگ لە یەک کاتدا ئەنجام دەدرێن: جه‌نگێك لە نێوان جووەکانی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان کە بەهۆی گرووپێکی “تیرۆریستییەوە” ئاڵۆزتر دەکرێت، جه‌نگێکیش لەناو کۆمەڵگەی ئیسرائیل و فەڵەستین لەسەر ئاییندە، هەروەها جه‌نگی نێوان ئێران و پرۆکسییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا.

بەڵام بەر لەوەی لەو جه‌نگانە قووڵ بینەوە، لێرەدا گرنگترین شت دەربارەیان هەیە پێویستە لەبەرچاویان بگرین: فۆرمولەیەك هەیە لە توانایدایە هەلی سەرکەوتنی هێزە خاوەنئاکارەکان لە هەرسێ جه‌نگەکەدا زیاتر بکات؛ ئەمەیش ئەو فۆرمولەیە کە سەرۆك بایدن پاڵپشتیی دەکات، تەنانەت ئەگەر ئێستاکە نەیشتوانێت بەئاشکرا ڕوونی بکاتەوە- دەبێ هەموومان پاڵپشتیی بکەین: پێویستە حەز بکەین حەماس شکست بهێنێت و زۆرترین هاووڵاتیانی مەدەنی لە غەززە ڕزگار بکرێن.

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ و هاوپەیمانە توندڕەوەکانی کشانەوە، هەموو بارمتەکان گەڕانەوە، ئێران ڕێگریی لێ کرا، دەسەڵاتی فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژاوا بەهاوبەشی لەگەڵ وڵاتە میانڕەوە عەرەبییەکان بووژایەوە. گرنگییەکی تایبەت بە خاڵی کۆتایی بدە: دەسەڵاتی فەڵەستینی دوای نوێبوونەوەی بەردی بناغەیە بۆ سەرکەوتنی هێزە میانڕەوەکان و بەیەکەوەژیان و ئاکار لە هەرسێ جه‌نگەکەدا. بەردی بناغەیە بۆ زیندووکردنەوەی بژاردەی چارەسەری دوو-دەوڵەتی، بەردی بناغەی دروستکردنی بنەمایەکی سەقامگیرە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی و جیهانی بەرفراوانی عەرەبی-ئیسلامی، بەردی بناغەیە بۆ دروستبوونی هاوپەیمانێتییه‌ك لە نێوان ئیسرائیل و عەرەبە میانڕەوەکان و ئەمریکا و پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، کە دەتوانێت ئێران و پرۆکسییەکانی وەك حەماس و حزبوڵڵا و حووسییەکان لاواز بکات، کە هەموویان بێسوود و خراپن.

بەداخەوە، وەك پەیامنێری سەربازیی ڕۆژنامەی هائارێتزی ئیسرائیلی، ئامۆس هارێل، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕای گەیاند ناتانیاهۆ لەلایەن ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و جووە نیشتەجێکراوەکانەوە گەمارۆ دراوە؛ ئەوانەی کە لە جەنگێکی سەرتاسەریدان دژ بە هەر بیرۆکەیەکی دەستێوردانی دەسەڵاتی فەڵەستینن لە غەززە، نەبادا ئەمریکا و عەرەبستانی سعوودی هەنگاوی لەو شێوەیە بقۆزنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی بە ئاراستەی هەنگاونان بەرەو چارەسەری دوو-دەوڵەتی؛ بە شێوەیەك پێویست بکات ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژاواوە تەنازول بکات. بۆیە، ناتانیاهۆ “لەژێر گوشاری هاوبەشە سیاسییەکانیدا هەر جۆرە وتوێژێکی تایبەت بەم بژاردەیەی قەدەغە کردووە.” ئەگەر ناتانیاهۆ دیلی مافە سیاسییەکەی بێت، بایدن پێویستی بەوەیە زۆر وریا بێت و، نەبێتە دیلی بیبی* ئەمەیش ئەو ڕێگه‌یە نییە بۆ سەرکەوتن لە هەرسێ جه‌نگەکە لە یەک کاتدا.

یەکەم و دیارترینی سێ جه‌نگەکە، دوا گەڕی جه‌نگی بەردەوامی سەدەیەکە لە نێوان هەردوو گەلی ڕەسەنی -جووەکان و فەڵەستینییەکان- لەسەر هەمان خاکدا، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی نائاسایییە: ئەم جارە فەڵەستین سەرکردایەتیی دەسەڵاتی فەڵەستینی ناکات؛ ئەو دەسەڵاتەی کە لە دوای ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆوە، پابەندە بە گەیشتن بە چارەسەری دوو-دەوڵەتی لەسەر بنەمای سنوورەکانی پێش جه‌نگی 1967. ئێستا حەماس سەرکردایەتی دەکات کە ڕێکخراوێکی توندڕەوی ئیسلامییە؛ تایبەتە بە لەناوبردن و بنبڕکردنی هەر دەوڵەتێکی جوو.

حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەردا جه‌نگی لەناوبردنی دەست پێ کرد. ئەو تاکە نەخشەیەی کە هەڵی گرتبوو، چارەسەری دوو-دەوڵەتی نەبوو، بەڵکوو بریتی بوو لە چۆنێتیی دۆزینەوەی زۆرترین ژمارەی خەڵك لە کیبۆتز (ئۆردوگا) ئیسرائیلییەکاندا و زۆرترین ژمارەیان بکوژێت و بڕفێنێت.

لە کاتێکدا هیچ گومانم لەوەدا نییە کۆتاییهێنان بە فەرمانڕەوایەتیی حەماس لە غەززە- کە کارێکە هەموو ڕژێمە سوننییە عەرەبییەکان بێجگە لە قەتەڕ پشتگیریی دەکەن- پێویستە هیوای داهاتوویه‌کی باشتر بە دانیشتووانی غەززە و ئیسرائیلییەکان بدرێت، تەواوی هەوڵی جەنگی ئیسرائیل شەرعییەت لەدەست دەدات و بەردەوام نابێت، ئەگەر ئیسرائیل نەتوانێت ئەم کارە بکات لەگەڵ چاودێریی زیاتری هاووڵاتیانی سڤیلی فەڵەستیینەکان. لەشکرکێشیی حەماس و بەرپەرچدانەوەی بەپەلەی ئیسرائیل کارەساتی مرۆییی لە غەززە بەدوادا دێت؛ ئەمەیش تەنیا جەختکردنەوەیە لەوەی ئیسرائیل چەندە پێویستیی بە هاوبەشێکی شەرعیی فەڵەستینی دەبێت بۆ یارمەتیدانی بەڕێوەبردنی غەززە لە ڕۆژی دواتردا. هەرچی جه‌نگی دووەمە کە پەیوەندییەکی بەتینی بە جه‌نگی یەکەمەوە هەیە، بریتییە لە ململانێی ناو هەردوو کۆمەڵگه‌ی فەڵەستینی و ئیسرائیلی  لەسەر دیدگه‌ درێژخایەنەکانیان.

حەماس دەڵێت ئەمە جه‌نگێکی نەتەوەیی -ئایینییە بە پلەی یەکەم لە نێوان موسڵمانانی فەڵەستین و جووەکاندا؛ ئامانجیشی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامییە لە فەڵەستین، لە ڕووباری ئوردنەوە تا دەریای ناوەڕاست. سەبارەت بە حەماس، ئەو لایەنە براوەیە کە هەموو شتێك وەربگرێت. لە ئیسرائیل وێنەیەکی پێچەوانەیی بۆ بۆچوونە توندڕەوەکانی حەماس هەیە. دانیشتووانە جێنشینکراوە دەمارگیرەکان کە نوێنەرایەتییان لە حکوومەتەکەی ناتانیاهۆدا هەیە، هیچ جیاوازییەك ناکەن لە نێوان ئەو فەڵەستینییانەی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆیان ئیمزا کردووە لەگەڵ ئەوانەی بوون بە حەماس. ئەوان وای دەبینن هەموو فەڵەستینییەکان نەوەی نوێی عەمالیقەکانن؛ هەروەك گۆڤاری مۆزایك ڕوونی کردۆتەوە عەمالیقەکان هۆزیك بوون لە هێرشبەر و داگیرکارانی بیابان کە لە کتێبی پیرۆزدا زۆر جار ناویان هاتووە لە نزیك کەرتی غەززە، باکووری نەقەبی ئەمڕۆدا نیشتەجێ بوون و لەسەر تاڵانکردن ژیاون.

کەوایە ڕەنگە سەیر نەبێت هەندێك لە نیشتەجێبووانی جوو نەتوانن باس لە دووبارە بنیاتنانی ئۆردوگا و جێگیرگەکان نەکەن؛ ئەوان ئیسرائیلی گەورەیان دەوێت لە ڕووبارەوە تا دەریا. ناتانیاهۆ لە پێکهێنانی حکوومەتەکەیدا ئەو لایەنە ڕاستڕەوە توندڕەوانە و ئەجێنداکانیانی لەخۆ گرت، ئێستایش ناتوانێت بەبێ لەدەستدانی دەسەڵاتەکەی، دووریان بخاتەوە.

سەرەڕای ئەوە، لە هەر کۆمەڵگه‌یەکدا کەسانی وا هەن کە ئەم جه‌نگە وەك بەشێك لە ململانێی سیاسیی نێوان دوو دەوڵەتی نەتەوەیی دەبینن، بەڵام هاووڵاتیی جۆراوجۆریشیان هەیە باوەڕیان بەو تیۆرییە هەیە کە پێی وایە مەرج نییە لە جه‌نگەکەدا، سەرکەوتوو هەموو شتێك بباتەوە. ئەوان وای دەبینن دابەشکردنی خاك بۆ دەوڵەتێکی فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژاوا و غەززە و قودسی ڕۆژهەڵات، تیایدا موسڵمان و کریستیان و – تەنانەت جووەکانیش- لەخۆ بگرێت، بە شێوەیەکی ئاشتییانە بە تێکەڵەی تایبەتی خۆی پێکهاتوو لە جوو، عەرەب و دورزی، شان بە شانی دەوڵەتی ئیسرائیلی بژین.

ئەم دوو دەوڵەتە ئێستا لە هەردوو کۆمەڵگه‌کەدا لە ململانێکەیان لەگەڵ خاوەن یەك دەوڵەتییەکاندا لە دۆخی بەرگریدان. بۆیە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و سەرجەم میانڕەوەکاندایە ئالتەرناتیڤی دوو-دەوڵەتی بگەڕێننەوە. ئەمەیش پێویستی بەوە هەیە دەسەڵاتی فەڵەستینی بەهێز بکرێتەوە و لە کتێبەکانی قوتابخانەوە لە گەندەڵی و هاندانی دژایەتیکردنی جوو پاک بکرێتەوە و هێز و فەرمانڕەوایی و ئاسایشی باوەڕپێکراوی هەبێت. ئەمەیش ئەو بوارەیە کە دەشێ  دەستبەجێ وڵاتانی وەك میرنشینی عەرەبیی ئیماڕات و شانشینی عەرەبیی سعوودی شان بە شانی ئەمریکا تیایدا بەشداری بکەن.
مەحاڵە هیچ چارەسەرێکی دوو-دەوڵەتی لە ئاییندەدا سەر بگرێت، بەبێ بوونی دەسەڵاتێکی فەڵەستینیی شەرعی و باوەڕپێکراو لە بەڕێوەبردنی غەززە و کەناری ڕۆژاوای قۆناغی دوای حەماسدا کە ئیسرائیل متمانەی پێی هەبێت، بەڵام ئەوە بەتەنیا پێویستی بە ڕەزامەندیی ئیسرائیل نابێت، بەڵکوو پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی فەڵەستینییەکانیش دەبێت؛ ئایا ئەوان لەم ئاستەدان؟ بە هەمان شێوە و بەبێ ئەوە، سەرکەوتن لە جه‌نگی سێیەمدا مەحاڵە؛ ئەو جه‌نگەی کە زۆرتر دەمترسێنێت، ئەوە جه‌نگی نێوان ئێران و پرۆکسییەکانیەتی- حەماس و حزبوڵڵا و حووسییەکان و میلیشیا شیعییەکانی عێراق- دژی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی میانڕەوی عەرەبی وەك میسر و عەره‌بستانی سعوودی و ئوردن و ئیماڕات و بەحرێن.

ئەم جه‌نگە بەتەنیا پەیوەندیی بە هەژموون و زاڵبوونی دەسەڵاته‌وه‌ نییە بەسەر کەرەستەی خاو و سەرچاوەکانی وزە؛ پەیوەندیی بە بەهاکانیشەوە هەیە. ئیسرائیل لە باشترین حاڵەتدا و ئەمریکا لە باشترین حاڵەتدا نوێنەرایەتیی بەرزکردنەوە و برەودان بە چەمکە مرۆیییە ڕۆژاوایییەکان دەکەن کە بریتین لە توانادارکردنی ژنان و دیموکراسیی فرەنەتەوەیی و پلۆڕالیزم و لێبووردەییی ئایینی و سەروەریی یاسا- ئەمانەیش هەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر دەسەڵاتی ئایینیی دژە-ژن لە ئێراندا، کە ڕۆژانە مەیل و ئامادەییی توندی خۆی دەردەخات بۆ زیندانیکردن، تەنانەت کوشتنی ژنانی ئێران بەهۆی بەتەواوەتی دانەپۆشینی سەر و قژیانەوە.

لە کاتێکدا هاوپەیمانە عەرەبەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دیموکراتخواز نین- بەنیازیش نین ببن بە دیموکراتخواز- هەموو سەرکردەکانیان لە گەشتێکدان دوور لە مۆدێلی کۆنی بنیاتنانی شەرعییەت لە ڕێگه‌ی بەرەنگاربوونەوەوە- بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران و شیعەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە. بە ئاراستەی بنیاتنانی شەرعییەتی خۆیان لەسەر گەیاندنی نەرمی و ئارامی بۆ گەلانیان (لە ڕێگەی پەروەردە و لێهاتوویی و گەشەپێدانی هۆشیاریی ژینگەیی) بۆ ئەوەی بتوانن تەواوی توانای خۆیان بەدی بهێنن.

ئەوە ئەجێندای ئێران نییە؛ ڕەهەندی پەیوەست بە کەرەسته‌ی خاو پەیوەندیی بەوەوە هەیە کێ خاوەنی هەژموونە یان سەگی گەورەیە لە ناوچەکەدا- ئێرانی شیعی بە ڕووسیاوە گرێدراوە کە کاریگەرییەکەی بۆ عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن درێژ بووەتەوە، یان شانشینی سعوودی کە بەسەر عەرەبی سوننەدا زاڵە لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەحرێن و ئیماڕات و ئوردن و میسر و ئیسرائیل کە هەر هەموویان لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن. لەم جه‌نگەی سێیەمدا ئامانجی ئێران بریتییە لە دەرکردنی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناوبردنی ئیسرائیل و ترساندنی ئەو وڵاتە عەرەبییە سوننییانەی کە ملکەچ و هاوپەیمانی ئەمریکان.

لەم جه‌نگەدا ئەمریکا بەهۆی دوو گرووپی هەڵگری فڕۆکەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیرە و هێزی خۆی نمایش دەکات، لە هەمان کاتدا، ئێران بەوەی کە ناوی دەنێم هەڵگری کەشتییە زەمینییەکان-ەوە بەرپەرچمان دەداتەوە- کە تۆڕێکی پرۆکسییەکانە لە لوبنان و سووریا و غەززە و کەناری ڕۆژاوا و یەمەن و عێراقدا، بووە بە سەکۆیەك بۆ پەلاماردانی مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، کە بە هەمان شێوەی فڕۆکەهەڵگرەکانمان کوشندەیە.

سەرەتای پەرەسەندنی ئەم سێیەمین جه‌نگە، دەگەڕێتەوە بۆ 14ی ئەیلوولی 2019 ؛ کاتێک ئێران هێرشێکی بوێرانەی لەخوت و خۆڕاییی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردە سەر دوو دامەزراوەی گەورەی نەوتی ئارامکۆی سعوودی لە بوقەیق و خورەیس. ئیدارەی ترامپ هیچی نەکرد. سەرۆك دۆناڵد ترامپ وتی “ئەوە هێرشێک بوو بۆ سەر سعوودیا، نەك بۆ سەر ئێمە.” لە 17ی کانوونی دووەمی 2022، میلیشیای حووسییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن، بە مووشەك و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر ئیمارات و بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی ئەبوزەبی و تەقینەوەی چەند بارهەڵگرێکی سووتەمەنی، کە لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران. دیسان ئەمریکا هیچ وەڵامێکی نەبوو.

بۆیە جێی سەرسوڕمان نییە حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەردا بوێریی ئەوەی هەبوو هێرشە کوشندەکەی خۆی بۆ سەر سنووری ڕۆژاوای ئیسرائیل ئەنجام بدات. دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی هێرشەکە، حزبوڵڵای پرۆکسیی ئێران، بە درێژاییی سنووری باکووری ئیسرائیل هێرشی مووشەکیی ڕۆژانەی دەست پێ کرد و حووسییەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر بەری باشووری ئیسرائیل و لە دەریای سوور دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرت و هێرشیان کردە سەر دوو کەشتیی دیکە.

پێم وایە ئەو تەنگەتاوکردن و خنکاندنەی ڕژێمی ئایینیی ئێرانی دژە-جوو بەرامبەر بە ئیسرائیل لە ڕۆژاوا و باکوور و باشوورەوە هەڕەشەیەکی وجوودییە بۆ سەر ئیسرائیل. هەموو ئەوەی کە ئێران پێویستییەتی ئەنجامی بدات، حەماس و حزبوڵڵا و حووسییەکان ڕۆژانە مووشەکێك ئاراستەی ئیسرائیل بکەن و دەیان هەزار ئیسرائیلییش بە درێژاییی ئەو ناوچە سنوورییانەی جه‌نگ ڕووی تێ کردوون، ڕەتی دەکەنەوە  بچنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؛ بەمەیش وڵاتەکە بچووک دەبێتەوە — یان لەوە خراپتر دەبێت.

لێرەدا توێژینەوەیەکی ئابووریناسی ئیسرائیلی، دان بین دێڤید، لەبەرچاو دەگرین کە لە “زانکۆی تەل ئەبیب”دا سەرۆکایەتیی پەیمانگه‌ی شۆرێش (Shoresh Institution)ە بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری؛ لە وڵاتێکدا کە دانیشتووانەکەی نۆ ملیۆن کەسە و ڕێژەی 21%ی قوتابیانی ئیسرائیلی لە پۆلی یەکەمدا بریتین لە جووە توندڕەوەکان، زۆرینەی ڕەهایان بەبێ هیچ خوێندنێکی عەلمانی گەورە دەبن و %23ی دیکە عەرەبی ئیسرائیلین؛ ئەوانەی کە لەو قوتابخانە گشتییانەدا دەخوێنن بەردەوام کێشەی دارایییان هەیە و کارمەندیان کەمە. بین دێڤید ئاماژەیش بەوە دەدات کە “کەمتر لە 400 هەزار کەس، بەرپرسیارن لە مانەوەی ئیسرائیل لە جیهانی پێشکەوتوودا.”

ئێمە باس لە گەورە توێژەر و زانا و تەکنەلۆژیست و پسپۆڕانی بواری ئینترنێت و ئەلیکتڕۆنی و داهێنەرانی ئیسرائیلی دەکەین؛ ئەوانەی کە ئابووریی تازەپێگەیشتوو و پیشەسازیی بەرگری بەرەوپێشەوە دەبەن. ئەمڕۆکەیش زۆرینەی هەره‌ زۆریان بەجۆش و خرۆشەوە پشتگیری لە حکوومەتی ئیسرائیلی دەکەن. بەڵام ئەگەر ئیسرائیل نەتوانێت پارێزگاری لە سەقامگیریی سنوور و ڕێڕەوی کەشتیوانی بکات، ئەوا هەندێك لەم چوار کەسە کۆچ دەکەن.

بین دێڤید دەڵێت “ئەگەر بەشێکی گرنگ و ڕەخنەگرانەیان بڕیاری ڕۆیشتن بدەن، ئەوا لێکەوتەکانی بۆ سەر ئیسرائیل کارەساتبار دەبێت.” دواجار “لە ساڵی 2017 ڕێژەی 92%ی کۆی داهاتی باجی دەرامەت تەنیا لە 20%ی کەسانی پێگەیشتووەوە هاتووە”-  ئەو 400 هەزار کەسە بەرپرسیاری دروستکردنی بزوێنەری ئەو سامانەن کە لە 92%ی داهاتەکەی بەرهەم هێناوە.

ئەگەر ئێران لەم بابەتە ڕزگاری بێت، ئەوا حەز و ئارەزووەکەی لە گوشارخستنە سەر هەر ڕکابەرێك لە ڕێگەی کەشتییە زەمینییەکانییەوە گەشە دەکات. ئیسرائیل دەتوانێت جه‌نگێکی بەهێز ئەنجام بدات و لە توانایدا هەیە قووڵاییی ئێران بکاتە ئامانج، بەڵام لە کۆتاییدا، ئیسرائیل بۆ شکاندنی گیرکردنە خنکێنەرەکەی ئێران، پێویستی بە هاوپەیمانەکانی وەك ئەمریکا و ناتۆ و وڵاتە میانڕەوە عەرەبییەکان دەبێت؛ لە هەمان کاتدا ئەمریکا و ناتۆ و وڵاتە عەرەبییە میانڕەوەکان پێویستیان بە ئیسرائیل دەبێت.

بەڵام ئەم هاوپەیمانێتییە بەدی نایەت ئەگەر ناتانیاهۆ سوور بێت لەسەر سیاسەتەکەی بۆ تێکدانی دەسەڵاتی فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژاوادا؛ ئەمەیش پاڵ بە ئیسرائیل و حەوت ملیۆن جووەوە دەنێت تا کاتێکی نادیار پێنج ملیۆن فەڵەستینی لە غەززە و کەناری ڕۆژاوا کۆنتڕۆڵ بکەن. لەمەدا هێزەکانی لایەنگری ئەمریکا لە ناوچەکە و خودی جۆ بایدنیش ناتوانن و نابن بە لایەن.

بۆیە لەو شوێنەدا کۆتایی پێ دەهێنم کە دەستم پێی کردووە؛ ئێستا تەنیا هیوادارم سێ شت بەتەواوەتی ڕوون بن:

  • بەردی بناغەی سەرکەوتن لە هەرسێ جه‌نگەکە بریتییە لە بوونی دەسەڵاتێکی میانڕەوی فەڵەستینیی کارا و شەرعی، بتوانێت لە غەززە شوێنی حەماس بگرێتەوە و ببێت بە هاوبەشێکی چالاكی باوەڕپێکراو بۆ چارەسەری دوو-دەوڵەتی لەگەڵ ئیسرائیلدا. بەمەیش عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی دەتوانن پاساو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بهێننەوە لەگەڵ دەوڵەتی جوو، هەروەها بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران و پرۆکسییەکانیشی بە هەمان شێوە.
  • دژە بەردی بناغەکانیش بریتین لە حەماس و هاوپەیمانیی ڕاستڕەوی پەڕگیر کە هەر کارێك ڕەت دەکاتەوە مەبەستی بنیاتنانه‌وەی دەسەڵاتی فەڵەستینی بێت، چ جای فراوانکردنی.
  • ئیسرائیل و ئەمریکای هاوکاری، لە قۆناغی دوای حەماسدا ناتوانن هاوپەیمانێتییەکی هەرێمیی بەردەوام پێک بهێنن، یان سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە غەززە بەدی بهێنن، ئەگەر بنیامین ناتانیاهۆ وەك سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستەکەیدا بێت.

* نازناوی ناتانیاهۆیە لەناو لایەنگرانیدا

سەرچاوە:

https://www.nytimes.com

image_pdfimage_print