پێنووس

تێگەیشتن لە بڕیارە بەسیاسیکراوەکانی دادگه‌ی باڵای فیدراڵیی عێراق

نووسەر: “سێلین ئویسال” (Selin Uysal)*

وەرگێڕانی (لە فارسییەوە): ساماڵ ئەحمەدی

دادگه‌ی باڵای فیدراڵیی عێراق لە لادانی سەرۆکی پەرلەمانەوە تا هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بەردەوام لە ڕۆڵی خۆی واوەتر هەنگاوی ناوە؛ بە ڕاددەیەک کە پێوستە گوشاری نێودەوڵەتیی زیاتری بخرێتە سەر. لە ١٤ی نۆڤەمبەردا دادگه‌ی باڵای فیدراڵیی عێراق لە هەنگاوێکدا کە کاردانەوەی زۆری بەدودا هات، سەبارەت بە سکاڵایەک دژی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرەنجام بە بڕیارێک ئەندامێتیی ئەوی لە دەسەڵاتی یاساداناندا هەڵوەشاندەوە. بەهۆی ئەوەی هیچ میکانیزمێکی “تێهه‌ڵچوونه‌وه‌” بۆ بڕیارەکانی دادگه‌ی باڵای فیدراڵی نییە، حەلبووسی ناچار بوو دەست لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکێشێتەوە کە لە ساڵی (٢٠١٨)ه‌وە لە ئەستۆی گرتبوو؛ ئەو گۆڕانە وەکوو لەرەی شەپۆل کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دادەنێت کە بۆ ١٨ی دێسه‌مبەر پلانی بۆ دانراوە.

دامەزراوەیەکی لە دەستپێکەوە کێشەخوڵقێن

ئەو کاتەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا دادگه‌ی باڵای فیدراڵیی عێراقی دامەزراند، مەبەستی ئەوە بوو کە ئەو دامەزراوەیە ببێتە باڵاترین هێڵی بەرگری لە سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا لە عێراقی دوای “سەددام”دا. بەڵام دوو ساڵ دوای ئەوە –بە شێوەیەکی چارەنووسساز و ڕێک پێش پەسندکردنی دەستووری نوێ- یاسای دادگه‌ی فیدراڵی (یاسای ژمارە ٣٠) پەسند کرا کە دەسەڵاتی ئەم دادگه‌یەی بەرفراوانتر کرد؛ لەوانە بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی یاساییبوونی هەنگاوەکانی یاسادانان و چاودێری، ناوبژیوانیی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و پارێزگاکان، پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و، دەسەڵاتی پاوانکراو بۆ بەدواداچوونی بەرپرسانی باڵای حکوومەت. دادگه‌کە چەندان گەرەنتیی سەربەخۆییی هەیە، لەوانە لە ئاستی دارایی و جێبەجێکردندا.

ڕەوابوونی دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵی هەمیشە جێگه‌ی مشتومڕ بووە؛ تەنانەت یەکسانیی ئەو دادگه‌یە لەگەڵ دەستوور بەردەوام بابەتی کۆمەڵێک مشتومڕی یاسایییە. ماددەی ٩٢ی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، پەرلەمانی ڕاسپارد یاسایەک پەسند بکات بۆ ئەوەی پێگەی دادگه‌ی فیدراڵی بناسێنێت، بەڵام ئەم کارە هەرگیز نەکرا. لە ئەنجامدا، دادگه‌ی باڵای فیدراڵی هەتا ئێستایش بەپێی یاسای ژمارە ٣٠ی پەسندکراوی ساڵی ٢٠٠٥ کار دەکات.

دادگه‌ی باڵای فیدراڵی، بەردەوام لە بەردەم کۆمەڵێک ڕەخنەدا بووە کە بە هێمایەکی تائیفی لە قەڵەمی دەدەن. ئەوەیش تاکوو ڕاددەیەک لەبەر ئەوەیە کە پەرلەمان و یاریکەرانی دیکە، پرۆسەی دانانی دادوەرەکانی ئەو دادگه‌یەیان کردووە بە شەڕێکی گەرم بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی دەسەڵاتی تائیفی، هەروەها لەبەر ئەوەیشە کە دادگه‌ی باڵای فیدراڵی بەڕژدی لە پرۆسەی سیاسیدا دەستوەردانی کردووە، بەتایبەتی لەو بنبەستانەدا کە زۆر جار لە ڕەوتی پێکهێنانی حکوومەتی دوای هەڵبژاردنەکان و مامەڵەی تائیفیدا سەر هەڵدەدەن.

خراپترین بنبەست لە ساڵی ٢٠١٠ بوو کە سەرباری ئەوەی حزبەکەی ئەیاد عەللاوی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەو ساڵەدا زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێنا، دادگه‌ی باڵای فیدراڵی ڕێی کردەوە بۆ ئەوەی نووری مالیکی لە پۆستی سەرۆکوەزیراندا بمێنێتەوە. دادوەرەکانی دادگه‌ی فیدراڵی بەپێی شیکارییەکی پڕمشتومڕی دەستوور، بڕیاریان دا حزبی براوەی هەڵبژاردنە نیشتمانییەکان مافی پاوانکراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی دواتری نییە و لە بری ئەوە، دەکرێ دەسەڵات بە هاوپەیمانییەکی پێکهاتوو لە ژمارەیەک حزب بدرێت، تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانییەکی لەو شێوەیە دوای هەڵبژاردنەکانیش پێک هاتبێت. بەشێکی زۆری چاودێران لەسەر ئه‌و باوەڕەن کە ئەو بڕیارە بەهۆی بڕشتی حزبە شیعەکانەوە بوو کە دژی عەللاوی بوون، چونکە ڕێگه‌یەکی جیاواز لەوانی گرتە بەر و ڕێبەرایەتیی هاوپەیمانییەکی سیکۆلاری وە ئەستۆ گرت.

دادگه‌ی باڵای فیدراڵی لەژێر دەستی “فایەق زەیدان”دا

لەم ساڵانەی دواییدا دادگه‌ی باڵای فیدراڵی لەژێر ڕێبەرایەتیی دادوەر “فایەق زەیدان”دا زۆر زیاتر هەرا و مشتومڕی لێ کەوتووەتەوە. زەیدان ساڵی ٢٠١٧ بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری؛ ئەو دامەزراوەیەی بەسەر زۆربەی بەشەکانی دەسەڵاتی دادوەریدا چاودێری دەکات و ڕێ بۆ نفووز لە دادگه‌ی باڵاشدا خۆش دەکات کە لە لایەنی تەکنیکییەوە سەربەخۆیە. لە ساڵی ٢٠٢١ نفووزی زیاتر بوو؛ واتا ئەو کاتەی کە تاکە خەنیمی ئەو لە ئاستە باڵاکانی دادوەریدا، واتا مەدحەت مەحموود، سەرۆکی دادوەرانی دادگه‌ی باڵای فیدراڵی، لە ڕێگەی چاکسازی لە یاسای ژمارە (٣٠)وە کە سنوورێکی نوێی بۆ تەمەنی دادوەرانی دادگه‌ی باڵای فیدراڵی دانا، ناچار کرا خانەنشین بێت. ئەمەیش لە کاتێکدا بوو کە وێ دەچێت زەیدان خۆی لەگەڵ بەرەی لایەنگرانی ئێران لە عێراقدا ڕێک خستبێت، بەڵام مەدحەت مەحموود بە نیشاندانی لایەنگری لە بزووتنەی شیعەی خەنیمی ئەوان بە ڕێبەرایەتیی موقتەدا سەدر، ئەو باڵەی شیعەکانی تووڕە کردبوو. بەتایبەتی لەبەر ئەوەی هەمان چاکسازی وا مەحموودی لەکار خست، بنەمای هاوسەنگیی تائیفیی لە پێکهاتەی دادگه‌ی باڵای فیدراڵیدا بە شێوەیەک دانا کە دەسەڵاتی زیاتری بە ژمارەیەک دادوەری شیعەی خەڵکی پارێزگاکانی باشووری عێراق دا.

زەیدان لە درێژەی کارەکەیدا دەسەڵاتە نوێیەکەی بەکار هێنا بۆ گۆڕانی سەرەکیی یاسایی و ئاسانکاریی ئەو یاسایانەی کە دەسەڵات و نفووزی خۆی پێ بەهێزتر بکات. بۆ نموونە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لیژنەیەکی “بەڕێوەبەرایەتیی پیشەکان [پیشە یاسایییەکان]”ی دامەزراند کە لە پرۆسەی بەرزکردنەوەی پلە، درێژکردنەوەی ماوەی ئەرک، گواستنەوە و خانەنشینکردنی دادوەران و دادوەرانی گشتیدا دەسەڵاتێکی زۆری هەیە و لە ڕاستیدا دەسەڵاتی دامەزراندن و لادانی هەموو دادوەرانی وڵات بە زەیدان دەبەخشێت. هەروەها نفووزی خۆی بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی دیاریکردنی دادوەر لە دادگه‌ی فیدراڵیدا بەکار هێنا، لەوانە بۆ دانانی دادوەری باڵای نوێ، جاسم محەمەد عبوود، کە وەفادارییەکەی بۆ زەیدان وێردی سەر زارانە.

لە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە تا چالاکیی بێسنوور

کە لە ساڵی ٢٠٢١دا دوای چەندان مانگ ناڕەزایەتیی گشتی، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کرا، ئامادەکارییەکانی حکوومەت بۆ ئەو هەڵبژاردنە هاوکات بوو لەگەڵ ڕێکخستنەوەی “کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان”. زەیدان زۆر بەخێرایی ئەو پرۆسەیەی بەکار هێنا بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمیسیۆن لە ژمارەیەک دادوەر پێک بێت، بۆ ئەوەی خۆی و بازنەکەی دەوروبەری، بتوانن لەسەر بڕیارە پێشوەختەکانی هەڵبژاردن کاریگەری دابنێن. لە هەفتەکانی دوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەردا، زەیدان بە شێوەیەک دادگه‌ی باڵای فیدراڵیی ڕێنوێنی کرد کە پشتیوانی لە بەرەی لایەنگری ئێران بکات. سەرەتا بەڕواڵەت دادگه بە ڕەچاوکردنی هەڵوێستێکی هاوسەنگ، سەرکەوتنی بەرەی سەدری لە هەڵبژاردنەکاندا پشتڕاست کرده‌وه‌ و بەوە کۆتاییی بە بانگەشەی گرووپە شیعە ڕکابەرەکان هێنا. بەڵام زۆری پێ نەچوو دادگه‌ی باڵای فیدراڵی کۆمەڵێک بڕیاری لە بەرژەوەندیی “چوارچێوەی هەماهەنگی”، بەرەی لایەنگری ئێران و دژبەری سەدر دەرکرد.

گرنگترین بڕیار، پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ لەلایەن پەرلەمانەوە هەبوو کە یەکەمین هەنگاوی پێکهێنانی حکوومەتە. بە واتایەکی ڕوون، دادگه‌ی باڵای فیدراڵی مەرجی کۆنی زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەکانی لا دا و بە شێوەی مەرجی لانی کەمی دوو لەسەر سێ لاڕێی کرد. بەپێی ئەو شرۆڤە بێپیشینەیە، دەبێ لانی کەم دوو لەسەر سێی یاسادانەران بۆ دەنگدان بە سەرۆککۆمار ئامادە بن؛ ئەو بڕیارەی کە وای کرد بەرەی لایەنگری ئێران بتوانن تەنیا بە بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی بە شێوەی کەمینەی پەککخەر کار بکەن؛ ئەمەیش وای کرد باڵی سەدر بکێشێتەوە و ڕێی خۆش کرد بۆ ئەوەی “چوارچێوەی هەماهەنگی” دەسەڵات بگرێته‌ ده‌ست.

دادگه‌ی باڵای فیدراڵی کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد بۆ ئەوەی کاریگەریی سزادانیان لەسەر دژبەرانی سیاسیی بەرەی لایەنگری ئێران هەبێت. لە مانگی فێبریوەریی ٢٠٢٢دا دادگه‌ی باڵای فیدراڵی ڕای گەیاند، یاسای سەرچاوە سروشتییەکانی ساڵی ٢٠٠٧ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە و، بەکردەوە ئەو یاسایەی هەڵوەشاندەوە کە پەسند کرابوو بۆ ئەوەی جێگەی بەتاڵی یاسایەکی فیدراڵی بۆ هایدرۆکاربۆنەکان پڕ بکاتەوە و دەرفەت بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدات نەوت بفرۆشێت. هەرچەند لایەنە لاوازەکانی یاساکەی ٢٠٠٧ گومانیان تێدا نەبوو، بەڵام بڕیارەکەی دادگه‌ی فیدراڵی مەبەستی ڕوونی سیاسییشی لەپشت بوو؛ واتا دەیەویست گوشار بخاتە سەر “پارتی دیموکراتی کوردستان” بۆ ئەوەی لە هاوپەیمانی لەگەڵ بەرەی سەدر بێتە دەرەوە و، لە ئەنجامدا ڕێگە لە سەدر بگیرێت بۆ ئەوەی نەتوانێت حکوومەتێک پێک بێنێت کە لایەنگرانی ئێران تێیدا بەشدار نەبن. ئەو جۆرە دەستوەردان و سزایانە تا ماوەیەکی زۆر دوای ئەوەی “چوارچێوەی هەماهەنگی” بە ئامانجەکانی خۆی گەیشت و حکوومەتی پێک هێنا، هەر بەردەوام بوو. لە جانیوەریی ٢٠٢٣دا دادگه‌ی باڵای فیدراڵی بڕیارێکی دەرکرد لەسەر ئەوەی گواستنەوەی پارە لە بوودجەی فیدراڵییەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوورە و لە مانگی مەیدا درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە.

بەهۆی کۆمەڵێک بابەتی سیاسیی دیکەیشەوە دادگه‌ی فیدراڵی ژمارەیەک بڕیاری مشتومڕخوڵقێنی (بەتایبەتی لە بەرژوەندیی ئێران) دەرکردووە. لە ٤ی سێپته‌مبه‌ردا دادگه‌ی باڵای فیدراڵی یاسایەکی هەڵوەشاندەوە کە بەپێی ئەو یاسایە ڕێککەوتننامەی ساڵی ٢٠١٢ی عێراق و کوێت سەبارەت بە هاتوچۆ لە ڕێگەی ئاویی “خۆر عەبدوڵڵا”دا بەفەرمی دەناسرا. ئەو سکاڵایە لەلایەن ئەندامێکی فراکسیۆنی “ماف”ەوە تۆمار کرابوو کە ڕێکخراوێکی سیاسیی سەر بە کەتیبەکانی حزبوڵڵایە؛ ئەو گرووپە میلیشیایییە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی گەمارۆکانەوە. بێجگە لە دوژمنایەتیی گشتیی بەرەی لایەنگری ئێران لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی سوننەمەزهەبی کەنداو، هۆکاری ئەم بابەتە بۆ گرژییەکانی ئەم دوایییەی تاران لەگەڵ کوێت و سعوودیا لەسەر خاوەنداریی مەیدانی گازیی “ئەلدوڕە”یش دەگەڕێتەوە. هەرچۆنێک بێت، ئەو بڕیارە هەڕەشەیەکیش بوو بۆ سەر پەیوەندیی سیاسیی بەغدا و کوێت، کە محەمەد شیاع سوودانی ناچار بوو بێتە ناو بابەتەکەوە. سەرەنجام زەیدان بە ئاماژە ئەوەی درکاند کە بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی شیاوی پاشگەزبوونەوەیە.

بڕیاری ١٤ی نۆڤەمبەر دژی حەلبووسی درێژەی بڕیارە بەتەواوەتی سیاسییەکانی دادگه‌ی فیدراڵی بوو. لە ماوەی چەندان ساڵدا حەلبووسی توانیبووی ببێت بە ڕێبەرێکی بێ ئەملاوئەولای سیاسەتی سوننەکانی عێراق و سەرباری گەلێک گۆڕان لە حکوومەتدا و زۆر هەوڵی بەردەوام بۆ لادانی، ڕۆڵی خۆی لە پەرلەماندا پاراستبوو. سەرەنجام لەلایەن دادگه‌ی فیدراڵییەوە کە ڕۆڵی چالاکی سیاسی دەبینێت، حەلبووسی لە گۆڕەپانەکە دەرکرا، بەتایبەتی دوای ئەوەی یەکێک لە ئەندامانی هاوپەیمانییە سیاسییەکەی خۆی، واتا حزبی “تەقەدوم”، سکاڵای لەسەر تۆمار کرد بە تۆمەتی ئەوەی واژۆی ساختەی سکاڵاکەری بۆ نووسینی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بەکار هێناوە.

لێکەوتەکان

سەرباری ئەو بابەتە زۆرانەی دەسەڵاتی دادوەریی فایەق زەیدان کۆمەڵێک بڕیاری لە بەرژەوەندیی تاران و گرووپە بریکارەکانی دەرکردووە، دیاریکردنی ڕێژەی وردی ده‌ستڕۆیشتووییی ئێران لە دادگه‌ی باڵای فیدراڵی ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نییە. تەنانەت ئەو بڕیارانەی دادگه‌ی باڵای فیدراڵی کە لەگەڵ بەرژوەندییەکانی ئێران ڕێک دەکەون، به‌زۆری کۆمەڵێک ڕیشەی ئایدیۆلۆژیی نیشتمانیی عێراقییان پێوه‌ دیارە، بەتایبەتی ئەو ئامانجانەی کە جارێکی دیکە دەسەڵات لە ناوەندی بەغدادا کۆ دەکاتەوە و لە زیانی خودموختاریی کوردستان و چاکسازیی دەستوور بۆ کۆتاییهێنان بە خولانەوەی درێژخایەنی قەیرانەکانی دوای هەڵبژاردنەکان و ناسەقامگیریی وڵات دەشکێتەوە. زەیدان خۆی لە وتارێکدا کە لە مانگی فێبریوەریی ٢٠٢٢ لە ماڵپەڕی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا بڵاوی کردووەتەوە، باسی ئەو بیرۆکانەی کردووە.

زەیدان بۆ بەدەستهێنانی باڵاده‌ستیی دادوەری، زۆر جار سەبری ستراتیژیكی نیشان داوە و لە جیاتی پشگوێخستنی تەواوی ڕێساکان، یاریی پێ کردوون. لەم ڕووەوە نابێ سیستەمە دادوەرییە زۆر کێشەخوڵقێنەکەی ئەو لەگەڵ ئامانجی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بکرێنە یەک کاسەوە، بەپێچەوانەی ئەوانەوە دامەزراوەکەی زەیدان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام هاوبەشێکی هێزەکییە. بۆ نموونە، هاوکاریی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەو بوارانەدا کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە، بەسوود بووە و زەیدان لە سەرەتای ئەمساڵدا شرۆڤەیەکی یاساییی بڵاو کردەوە کە پێویستە ببێتە هۆکاری دەرکردنی بەڵگەنامە مەدەنییەکان بۆ ئەو منداڵانەی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی بەناو “خەلافەت”ی ئەو گرووپە جیهادییەدا لەدایک بوون.

هاوکات، بۆ ئەو هاوپەیمانانەی دەیانەوێت دەسەڵاتی ئێران لە عێراق لاوازتر بکەن، کارێکی عاقڵانه‌ دەبێت کە گوشاری خۆیان لەسەر ئەو بابەتە سیاسییانەی دادگه‌ی باڵای فیدراڵی لە دەسەڵاتەکانی خۆی زیاتر دەستوەردانی تێدا کردوون و چاودێریی وردی ئەو بابەتانە بپارێزن: وەکوو هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت و دانوستانە جۆراوجۆرەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی عێراق، لەوانە ڕێککەوتننامەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو. بەرەنگاربوونەوەی ده‌ستڕۆیشتووییی ئێران لەناو خودی دەسەڵاتی دادوەریدا، پێویستی بەوە هەیە کە ڕۆژاوا دووربین بێت؛ ئەوەیش تاکوو ڕاددەیەک بە هاوکاریی ئه‌کادیمی و ڕاهێنانی بەرەی داهاتووی دادوەرانەوە بەندە. ئەم ڕوانگەیەیش لەگەڵ ئارەزووی زەیدان بۆ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەفەرمی بناسرێت، ڕێک دەکەوێت، هەروەکوو لە سەردانەکانی بۆ لەندەن و پاریس و داوای ئەم دوایییانەی بۆ سەردانی ئەمریکادا دیارە.

*  سێلین ئویسال، ئه‌ندامی میوانی پەیمانگه‌ی واشنتۆن لە ساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٣؛ ئێستا لە وەزارەتی ئەوروپا و کاروباری دەرەوەی فەڕەنسا کار دەکات.

سەرچاوە:

https://www.washingtoninstitute.org

image_pdfimage_print