پێنووس

لە “میدیای دیرەگی”یەوە بەرەو “میدیای ئاسۆیی”

قەرەنی قادری

بۆ ئەوەی میدیای کۆن (ڕۆژنامە، گۆڤار، ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن و کتێب) بناسین و بزانین چۆن کاری دەکرد و پەیوەندیی لەگەڵ هاووڵاتیاندا چۆن بوو، پێویست ناکات بۆ ڕابردوویەکی دوور بگەڕێینەوە. هەر لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، جیهانی میدیا بەدەست کۆمپانیا زلەکان و دەوڵەتەکانەوە بوو و، هەر خۆیشیان تاکلایەنە دەنگوباس و زانیارییان بە هاووڵاتیان دەگەیاند. لەو سەردەمدا کەرەسەکانی ڕاگەیاندن بەتەواوەتی پاوان کرابوون و هاووڵاتیان دەستیان پێی ڕانەدەگەیشت، کە بیروڕای خۆیانی تێدا بڵاو بکەنەوە. سروشتی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی لەو سەردەمدا، دیرەگى (ستوونی) بوو. زانیاری و هەواڵ لە سەرەوە بۆ بەرەوە شۆڕ دەبوونەوە.

لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کە شۆڕشی دیجیتاڵی (لە ئەنەلۆگەوە بۆ دیجیتاڵ/ ژمارە) ڕووی دا، کە بە سەردەمی تەقینەوەی زانیاری یان شۆڕش لە ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتیشدا ناوی دەبەن، سروشتی گەیاندنی زانیاری، هەروەها “بەمیدیاییکردن”، دەوری کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و هاووڵاتیان بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا هات. ڕێک لەو سەردەمدا بوو، کە ئینترنێت دەرگەی بەڕووی هاووڵاتیاندا کردەوە و، هاووڵاتیان بوون بە هاوکێشەیەکی زیندوو و چالاکی کۆمەڵ.

ئەگەر بەر لە ١٩٨٠ (سەردەمی میدیای ستوونی/ تاکلایەنە)، تەنیا گەیاندنی دەنگوباس و چێکردنی ڕای گشتی لە پاوانی کەرەسە ڕەسمی (دەوڵەتی)یەکاندا بوو، بەڵام ئێستا هاوکێشە نادەوڵەتییەکانیش وەکوو حزبە سیاسییەکان، لەوانە حزبی کوردییش، بوونەتە خاوەنی هەمان کەرەسەی ڕاگەیاندن، کە کۆمپانیا زلەکانی ڕاگەیاندن وەکوو “بی بی سی”، “سی ئێن ئێن” و… هەیانە.

شۆڕشی ئەلیکترۆنی یان تەقینەوەی زانیاری، تایبەتمەندییەکی نوێی بە حزبە سیاسییەکان دا و حزبەکانی لە حزبی سیاسییەوە بەرەو حزبی میدیایی گواستەوە. بە واتایەکی تر شەڕی ئەو هاوکێشە نادەوڵەتییانە کە جاران مەتەرێزی شەڕ و مەیدانی ململانێکانیان لەگەڵ دەوڵەتەکان لەسەر زەوی و بە کڵاشنیکۆڤ بوو، ئێستا بەشێک لە چالاکی و تێکۆشانیان بۆ ئاسمان گواستراوەتەوە؛ بەڵام شک لەوەدا نییە کە ئەم جارە شەڕەکەیان بە پێشمەرگە و کڵاشنیکۆڤ ناکرێت، تەنیا کەسی تایبەت بە خۆی گەرەکە، کە شارەزای تیۆری و کەرەسە نوێیەکانی ڕاگەیاندن بێت.

بۆیە ئەم قۆناغە (شۆڕشی ئەلیکترۆنی) زۆرە جیاوازە لە قۆناغی پێش خۆی و، هەر بەپێی ئەو جیاوازییانە هاوکێشەی مرۆڤی و سیاسەتی میدیاییی ئەو حزبانە دەبێ گۆڕانیان بەسەردا بێت و، چیتر بە پێوەر و تێگەیشتنی کۆن سیاسەت بەڕێوە ناچێت و میدیاکەیشیان بەرهەمی نابێت.

لە لایەکی تریشەوە هاووڵاتیانیش ڕاستەخۆ بە ڕێگەی “سۆشیال میدیا”وە بوونەتە خێوی کەرەسەی خۆیان و بەشێکن لە ڕاگەیاندن؛ هەرچەندە بچووکیش بێت یان ئەوەیا مەیدانی کاریان بەرتەسک بێت، بەڵام هەن و یاریکەرن. هەروەها سەردەمی ڕابردوویش نییە کە تەلەڤزیۆنەکان تەنیا توانای وەرگرتنی چەند کەناڵێکیان هەبێت؛ ئێستا تەلەڤزیۆنی زیرەک بە سەدان و هەزاران کاناڵی هەیە و فرەزمانیشە. هەر بەو پێیەیش سەردەمی لەدایکبوونی هاووڵایتانی فرەزمانە، هەروەها سەردەمی گۆڕینی کەناڵەکانە کە بینەر بە دوای حەزی خۆیدا دەگەڕێت و بۆ وەدەستهێنانی زانیاری، هەواڵ و سەرگەرمییش بەپێی مەنتقی ئابووریی خواست و خستنەڕوو سەیری کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکات و پەیوەندییان لەگەڵدا چێ دەکات.

هەروەها لە بواری کۆمەڵایەتییشەوە پەیوەندیی مرۆڤەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەگەر جاران پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای خوێن، یان لە چوارچێوەی گوند، عەشیرەت، شارۆچکە، یان ئەوەتا شار بوایە، کە بێ شک گرووپی کۆمەڵایەتی دەوری گرینگی تێدا دەگێڕا، ئێستا کەرەسەکانی ڕاگەیاندن پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی وا چێ دەکەن، کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕێگەی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە (پەیوەندیی دیجیتاڵی/ ئەلیکترۆنی کە مەوداکانیشیان کەم کردۆتەوە) سنووری گوند، خێڵ، شار و…. یان  بەزاندووە و باس لە پەیوەندیی جیهانی دەکرێت، کە بەشێک لە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بایەخ و تێڕوانینی هاوبەش لەسەر چەندان پرسی دیاریکراو ڕۆ دەنرێت؛ “تویتێر/ X” و “فەیسبووک” نموونەن لەو بوارەدا. ڕاددە و بەکارهێنانی کەرەسەکانی ڕاگەیاندن گەیشتۆتە ئاستێک، کە بەبێ کەرەسەکانی ڕاگەیاندن ژیانی سیاسی، ئابووری، سوپایی (سەربازى)، بازرگانی، کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکان و… بەڕێوە ناچێت.

ڕێک لە سەردەمی شۆڕشی ئەلیکتڕۆنیدا کە میدیا و ڕەوتی بڵاوکردنەوەی زانیاری بەپێچەوانەی جاران کە دیرەگی بوو و لە سەرەوە بۆ خوارەوە شۆڕ دەبووەوە، ئێستا ئاسۆیییە و لە بەرەوەیش بەرەو سەرەوە ئەسپی خۆی لینگ دەدات؛ واتە کۆمپانیاکانی ڕاگەیاندن بۆیان زۆر ئاسایییە کە وێنەی ڕووداوێک لە هاووڵاتیان بکڕن و بڵاوی بکەنەوە یان ئەوەتا سەردانی ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان (فەیسبووک و تویتێر/ X) بکەن، تا بزانن هاووڵاتیان سەبارەت بە ڕووداوێک چۆن بیر دەکەنەوە.

لەدایکبوونی “هاووڵاتیی پەیامنێر” یەکێکە لە بەرهەمەکانی “میدیای ئاسۆیی” یان “شۆڕشی ئەلیکترۆنی”، کە لەودا بەشێک لەو کەرەسانەی ڕاگەیاندن کە بەدەست پەیامنێرە ڕەسمییەکانەوەیە، هاووڵاتیانیش بوونەتە خاوەنی. “مۆبایلی زیرەک” (Smart phones) کە توانای کارکردی جۆراوجۆری هەیە، هاووڵاتیی کردۆتە هاوکێشە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا چونکە هاووڵاتیان دەستیان بە زانیاریی گشتی و جۆراوجۆر ڕادەگات، ئاستی تێگەیشتن و داواکارییەکانیشیان بەرز دەبێتەوە. هەر بەو پێیەیش، کەرەسەکانی ڕاگەیاندن بوونەتە باشترین دەرفەت بۆ هاووڵاتیان تا وەڵامی بەشێک لە پرسەکانیان بە ڕێگەی ئەو کەرەسانەوە دابین بکەن. لە لایەکی تریشەوە گۆڕەپانی دانوستانی هزر و بیروڕاگۆڕینەوە و دەستاودەستکردنی زانیارییە، کە لەسەر یەک تەواوی بوارەکانی ژیان بەمیدیایی کراوە. “کیس کراچ” لە ساڵی ٢٠١٧دا نووسیی: “مەزەندە دەکرێت گەشە و خێراییی تەکنەلۆژیا تا ساڵی ٢٠٢٠ بگاتە ئاستێک، کە ئینترنێت بەتەواوەتی ئینسانەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە.”

بەمیدیاییبوونی ژیان

بەرفراوانی و ڕەنگاوڕەنگبوونی کەرەسەکانی ڕاگەیاندن، هەر بەو پێیەیش دەستاودەستکردنی زانیاری و دەستپێڕاگەیشتنی هاووڵاتیان لەسەر ئاستی جیهان بە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن (بەجیهانیبوونی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنی گشتی)، ژیانی ئێمەی بەمیدیایی کردووە. لەو دۆخە ئاڵۆزە دیجیتاڵییەدا گەڕان بە دوای زانیاری، ناسین و بەرزبوونەوەی ئاستی داواکارییەکان، بۆتە پێناسەی سەردەم.

لەم سەردەمەدا، ئازادیی ڕادەربڕین و نووسین لەگەڵ کەرەسەکانی ڕاگەیاندن یەکیان گرتووە و لێک جیا ناکرێنەوە. هەر لەبەر ئەوە، کەسەرەکانی ڕاگەیاندن بەشێکن لە ئازادیی دەربڕین. شۆڕش لە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و تێکەڵبوونی بە ژیانی سیاسی، ئابووری، بازرگانی، کۆمەڵایەتی، هەواڵگری و سوپایی تەنیا پەیوەندیی بە دەوڵەت، ڕێکخراوی سیاسی، مەدەنی و کۆمپانیا ئابووری و بازرگانییەکانەوە نییە، بەڵکوو خۆی خزاندۆتە ناو ژیانی هاووڵاتیان، لەوانە ژیانی منداڵانەوە و، منداڵانیش بەشێک لە پێداویستیی خۆیان لەو کەرەسانە دابین دەکەن؛ هەر بەو پێیەیش ئاستی تێگەیشتن، قسەزانی و داواکارییان بەرز دەبێتەوە. کارناسان بەو چەشنە منداڵانە، کە ژیانیان تێکەڵ بە کەرەسە نوێیەکانی ڕاگەیاندن بووە، بە “نەوەی ئاڵفا” (Generation Alpha) ناوی دەبەن. کارناسان تەمەنی ئەو نەوەیە لە ٢٠١٠وە بۆ ٢٠٢٠ دەگەڕێننەوە.

هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، بەهۆی شۆڕشی ئەلیکترۆنی، دەستاودەستکردن و تەقینەوەی زانیاری، هەروەها دەستپێڕاگەیشتنی هاووڵاتیان بە زانیاری و کەرەسە نوێیەکانی ڕاگەیاندن، لەوانە تەلەفۆنی زیرەک، کە چەشنێک لە هاووڵاتیی پەیامنێریشی بەرهەم هێناوە، لە لایەکی تریشەوە ئاستی تەماشاکردنى تەلەڤزیۆنیش کەم بۆتەوە، یان کاتێک سەردانی ماڵان دەکەیت یان ئەوەتا لەناو شەمەندەفەر و پاسەکاندا بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان سەریان بەسەر مۆبایلەکانیاندا ڕوو گرتووە و، هەر کەسەو لە جیهانی دیجیتاڵیی خۆیدا دەژیت. دیمەنێکی سەیرە! لە پاڵ یەک، لە شوێنێکدا و بۆ ماوەی چەندان کاتژمێر پێکەوەن، بەڵام هەر کەسەی نوقمی جیهانێک لە زانیاری و سەرگەرمییە.

ئەمڕۆکە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن بەشێکی هەرە زۆری ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سەرگەرمیی ئێمە نەک تەنیا لە شار، بەڵکوو لە گوندەکانیشدا ڕێک دەخەن و بۆتە پێویستیی ژیان؛ هەروەها بەشێک لە پێداویستیی ژیانی کەسابەت  و پرسەکانی پەیوەند بە ژیانی گوندیان، بۆ نموونە سیستەمی ئاوداشتنی کارەبایی (ئاوداشتنی دڵۆپەییی کارەبایی) بە ڕێگەی”youtube”ەوە چارەسەر دەکەن.

ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، هێز و دەسەڵاتی هەیە و دەرفەت دەخوڵقێنێت. ئەگەر تاک بتوانێت بە شێوەیەکی ماقووڵ کەڵک لەو کەرەسانە وەربگرێت، بێ شک “تاک”ی بەهێز بەرهەم دێنێت. شک لەوەیشدا نییە، کە کۆمەڵگەی بەهێز لە گرەوی “تاک”ی بەهێزدایە. بۆیە ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی (کۆن و نوێ)، هێز و دەسەڵاتی هەیە، هەروەها ڕێکخەر و شوێندانەرن، هەروەها “توانای چێکردنی کۆدەنگی و ڕێککەوتنیشیان هەیە”، هەروەها دەتوانن ئەو دەرفەتەیش بۆ کۆمەڵگە بڕەخسێنن، کە چین، توێژ، حزب و لایەنەکانمان لە کەشێکی ئارامدا پێکەوە بپەیڤن. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، کارتێکەرە!

image_pdfimage_print