پێنووس

چاوخشاندنێک بە داهاتووی جەنگی ئیسرائیل لە دژی حەماس

(چۆن شیکارییەک لەسەر بنەمای مەشقکردنی “مەرگی پێشوەختە” دەتوانێت ڕێگری لە ئەگەری شکستی ئیسرائیل بکات لە جەنگی غەززەدا؟)

دانیال بایمان (Daniel Byman)*

سەرچاوە: گۆڤاری فۆرین پۆلیسی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پێنووس

با ڕاهێنانێکی هزری بکەین. گریمان ئێستا ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٥ بێت، دوو ساڵ دوای هێرشەکەی حەماس و، سیاسەتی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە تێک شکاوە و ڕووبەڕووی شکست بۆتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٣ حەماس لە وێرانەکانی جەنگەکە دەرچوو و کۆنترۆڵی غەززەی کردەوە و ڕەوایەتی و متمانەی حەماس لە کەناری ڕۆژاوا و شوێنەکانی دیکە زۆر زیادی کردووە. لە دۆخێکی وادا پێگەی نێودەوڵەتیی ئیسرائیل، بە واشنتۆنیشەوە، بەرەو داڕمان دەڕوات و لە ناوخۆیشدا دابەشبوونی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئیسرائیل تەنانەت لە پێش جەنگەکە گەورەترە و بەکردەوە ئیفلیجی کردووە. هێزەکانی بەوەکالەتی ئێران لە هەموو کاتێک شەڕانگێزترن، حزبوڵڵای لوبنان مووشەکبارانی باکووری ئیسرائیل دەکات و، حووسییەکانی یەمەنیش هەڕەشە لە کەشتییە ئیسرائیلییەکان دەکەن لە دەریای سوور.

ئەم جۆرە ڕاهێنان و تاقیکردنەوەیە بە “مەرگی پێشوەختە” ناسراوە؛ تەکنیکێک کە بۆ یەکەم جار لەلایەن دەروونناس گاری کلاین (Gary Klein) پێشنیار کراوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی شکستهێنان. دانییەل کاهنێمان (Daniel Kahneman) خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، ئەم تەکنیکەی وەک ڕێگەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ متمانەی زۆرەوە پێشنیار کرد. بیرۆکەی ئەم یارییە، سادەیە. بیهێنە بەرچاوت ئەگەر پلانێک یان سیاسەتێک کە لە ئێستادا پەیڕەو دەکرێت، بە شێوەیەکی تۆقێنەر شکستی هێنا. ئێستا بپرسن چی بەهەڵەدا چووە کە بووە هۆی ئەم شکستە؟ ئەنجامەکەی لیستێکە لە کێشە گریمانەکراوەکان کە سەرکردەکان دەتوانن لێیان بکۆڵنەوە بۆ ئەوەی سیاسەتی باشتر دابڕێژن.

لەم دوایییانەدا لە گەشتەکەمدا بۆ ئیسرائیل لەگەڵ تیمی سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (Center for Strategic and International Studies)، هەندێک لەم خاڵە ئەگەرییانەی شکستی ئیسرائیلم لە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و کەسایەتییە باڵاکانی دیکەی ئیسرائیل دۆزییەوە. کێشەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەتوانێ هۆکاری بەکەم سەیرکردنی حەماس و بەهێزبوونی نەخوازراوی ئەم گرووپە و لاوازبوونی یەکگرتووییی ناوخۆی ئیسرائیل و شکستی پرۆسەی گواستنەوە لە قۆناغی جەنگەوە بۆ حکوومەتداری لە غەززە و لاوازبوونی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا بێت.

  • بەکەم سەیرکردنی خۆڕاگریی حەماس:

 ئیسرائیل هەوڵی لەناوبردنی حەماس و کوشتنی سەرکردەکانی و زۆرێک لە هێزە سەربازییەکانی دەدات. پێش هێرشەکەی ئیسرائیل، حەماس نزیکەی ٢٥ هەزار جەنگاوەری هەبووە، کە ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە تا ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ نزیکەی ٧ هەزار کەسی لێ کوشتوون؛ لەنێویاندا زۆرێک لە سەرکردە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنەکان. لەگەڵ ئەوەیشدا، زۆر ئەستەمە بتوانرێت حەماس بەتەواوەتی لەناو ببرێت و ئەگەر ئەو گرووپە لاوازیش بێت، دەتوانێت دووبارە لە غەززە گەشە بکاتەوە. ئیسرائیل دەتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ هێزی حەماس لە ڕێگەی ژمارەی ڕێکخستنەکانی حەماس و چاودێریکردنی سەرەخۆشی و پرسەکان و ڕاگەیاندراوی ناشتنی کوژراوان و ژماردنی هێزەکانی حەماس کە لە شەڕدا کوژراون، بکات.

بەڵام وەک شارەزایەکی ئیسرائیل پێی وتم، “زۆر گومانم هەیە لە [مەزەندەکردنی ئیسرائیل بۆ] ئەوەى، کە چەند چەکداری حەماس کوژراون.” سەربازانی شەڕ پێ ناچێت بەوردی مردووەکانی دوژمن بخەنە لیستی مردووەکانەوە و ڕەنگە بەئاسانی هەموو پیاوەکان کە لە تەمەنی شەڕکردندان وەک شەڕکەرێکی گریمانەیی بژمێرن. جگە لەوەیش، ڕەنگە هەندێک لە خەڵکی غەززە چەک هەڵبگرن، چونکە لەژێر هێرشدان؛ بەمەیش کۆی ژمارەی ئەو کەسانە زیاد دەکات کە ئیسرائیلییەکان پێیان وایە ئەندامی حەماس بن و بەمەیش وردیی خەمڵاندنەکان بۆ ژمارەی ئەندامانی حەماس کەم دەبێتەوە. هەروەها حەماسیش بەقووڵی لە غەززە خۆی جێگیر کردووە.  حەماس لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە ئەم شریتەی کۆنترۆڵ کردووە و نەوەیەک لە دانیشتووانی غەززە لەژێر دەسەڵاتی ئەم گرووپەدا گەورە بوونە. ئەم ڕێکخراوە لە نزیکەوە لەگەڵ هۆزەکانی غەززە کار دەکات و بنکەیەکی جەماوەریی دەسەڵاتی لە کۆمەڵگەی پەنابەرانی غەززەدا دروست کردووە. زۆر پێش ئەوەی حەماس لە ساڵی 2007 دەسەڵات لە غەززە بگرێتە ئەستۆ، قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوتەکانی بەڕێوە دەبرد و لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا ئامادەییی هەبوو. ئەمەیش بەپێچەوانەی گرووپەکانی وەک داعشەوەیە کە تا ڕاددەیەک تازە بوون لەو ناوچانەی کە داگیری دەکردن و زۆر جار چەکدارەکانیان بیانی بوون و پەیوەندییەکی کەمیان بە دانیشتووانی ناوچەکەوە هەبوو. هەر بۆیە بەم ڕەگ و ڕیشە قووڵانە، تەنانەت ئەگەر زۆربەی سیستەمی سەربازیی حەماسیش لەناو بچێت، ئەوە بەئاسانی دەتوانێت گەشە بکاتەوە. بۆ ڕێگریکردن لەم کارە، پێویستە گرووپێکی دیکە جێگەی حەماس بگرێتەوە و دڵنیا بن لەوەی کە ئەگەر جارێکی دیکە گوشارەکانی ئیسرائیل کەم بکرێتەوە، حەماس سەر هەڵناداتەوە.

  • بەهێزکردنی گێڕانەوەی بەرخۆدان:

حەماس زیاترە لە ڕێکخراوێک. حەماس بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەناری ڕۆژاوا و غەززە و لەناوبردنی ئیسرائیل پێناسەی ئەو شتە دەکات کە خۆیان پێی دەڵێن “بەرخۆدان”. ئەم بۆچوونە لەلایەن زۆرێک لە فەڵەستینییەکان و، هەروەها حزبوڵڵای لوبنان و ئێران و ئەکتەرە ناوچەیییەکانی دیکەوە قبووڵ کراوە. هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر لەلایەن زۆرێک لە فەڵەستینییەکان و جیهانی موسڵمانانەوە پەسەند کرا و، زیاتر لە ٨٠%ی دانیشتووانی کەناری ڕۆژاوا پشتیوانیی ئەم هێرشەیان کرد (ڕەنگە جێگەی سەرسوڕمان نەبێت ئەوانەی لە غەززە کە ئەندامانی بنەماڵەکانیان کوژراون و ماڵەکانیان وێران بووە، کەمتر پاڵپشتی لە هێرشەکەی حەماس دەکەن لەچاو ئەوانی دیکە). تەنانەت وەڵامدانەوەی هێرشبەرانەی ئیسرائیل و ئاستی بەرزی قوربانییە مەدەنییەکان، ڕاستیی شێوازەکانی حەماس بۆ زۆرێک لە ناوچەکە سەلماندووە. ئەمەیش بەو مانایەیە کە حەماس یان هەر گرووپێکی تری بەرخۆدان خاکێکی بەپیتیان هەیە بۆ گەشەکردن لە غەززە. ئەمەیش هۆکارێکی گرنگە لە درێژخایەندا، چونکە نزیکەی نیوەی دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسەکەی غەززە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە. لە دەرەوەی غەززە ئەم گێڕانەوەیە پاڵپشتیی ئێران و دوژمنانی تری ئیسرائیل دابین دەکات. هەروەها ئەم بابەته پەیوەندی و هاوکاریی ئاشکرای وڵاتانێک وەک میسر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل ئەستەمتر دەکات.

  • قەیرانی باوەڕی گشتی:

 هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر زۆرێک لە ئیسرائیلییەکانی ناچار کرد ماڵەکانیان لە باشوور لە نزیک سنووری غەززە بەجێ بهێڵن. هەروەها هێرشی بەردەوامی مووشەکی و هاوەنەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە باکووری ئیسرائیل، دەیان هەزار ئیسرائیلیی دیکەی ئاوارە کردووە. ئێستا بەگشتی نزیکەی ٢٥٠ هەزار هاووڵاتیی ئیسرائیلی لە دوورەوەی ماڵەکانیان لە هۆتێلەکاندا دەژین کە حکوومەت پارەیان بۆ دابین دەکات یان لەگەڵ کەسوکارەکانیان لە ناوچەکانی تردا دەژین. هەر بۆیە دڵنیاکردنەوەی ئەم خەڵکە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لەپێشینەی کارەکانی ئیسرائیلە. بەڵام چ لە ڕووی سەربازی و چ لە ڕووی دەروونییەوە زۆر ئەستەمە متمانەی تەواو بدرێتە ئەو ئیسرائیلییانەی لەو ناوچانەدا دەژین، کە بگەڕێنەوە سەر شوێنی خۆیان.

لەم پەیوەندییەدا، ئیسرائیل دەبێت بتوانێت شکست بە هەردوو حەماس و حزبوڵڵا بێنێت یان لانی کەم ڕێگریی پێویست لە دژی ئەوان دروست بکات. “شکست” و “ڕێگریکردن” چەمکێکی ناڕوونن و ئیسرائیل دەبێت گەلەکەی خۆی قەناعەت پێ بکات کە سەلامەت و پارێزراون. ئەمەیش بە لەبەرچاوگرتنی شکستی هەواڵگریی ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر کە بووە هۆی پێشبینینەکردنی هێرشی حەماس و شکستی سەربازانی ئیسرائیل لە بەرگریکردن لە دانیشتووانی ناوچەکانی نزیک لە غەززە، کارێکی قورسە. لە ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل کە لە تەنیشت غەززەن، گەڕاندنەوەی متمانە پێویستیی بە شکستی هەمەلایەنە و ڕوونی حەماس هەیە. لە بەرەی باکوور، پێویستە حزبوڵڵا هێزە تایبەتەکانی خۆی کە بە “رضوان” ناسراوە، لە سنوورەکانی ئیسرائیل دوور بکاتەوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل دڵنیا بێت لەوەی هیچ هێرشێکی لەناکاو ڕوو نادات.

هەروەها ڕەنگە ئیسرائیل پێویستیی بە جێگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر سەرباز هەبێت لە هەر بەرەیەکدا و، توانای بەرگریکردنی زیاتری هاووڵاتیانى سڤیل لە هەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون دابین بکات. ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە تێچووی زۆری دەوێت و بەتایبەتی بۆ ئیسرائیل قورسە، بەو پێیەی سوپای وڵاتەکەی پشت بە هێزە یەدەگەکانی دەبەستێت؛ ئەمەیش وا دەکات پاراستنی سوپایەکی قەبارە گەورە لە جەنگێکی درێژخایەندا بۆ ئیسرائیل قورس بێت. پاراستنی درێژخایەنی ئەم هێزە یەدەگانە لە سوپادا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە کەرتە ئابوورییەکانی ئیسرائیل، چونکە لە ڕاستیدا ئەم هێزانە کارمەندی کەرتە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریی ئیسرائیلن کە بانگهێشتی خزمەتی سەربازی دەکرێن. لە هەموو ئەمانە خراپتر، قەیرانی متمانە بە سیستەمی سیاسییە. پێش ٧ی ئۆکتۆبەر کۆمەڵگەی ئیسرائیل بەقووڵی دابەش بوو، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توند لە نێوان پێکهاتە ئایینی و عەلمانییەکان، عەرەبی ئیسرائیلی و جوولەکە ئیسرائیلییەکان و جوولەکەکانی وڵاتانی ئەوروپی لە دژی جوولەکەکانی وڵاتانی عەرەبی ڕووی دا.

کابینەی ناتانیاهۆ بە هێنانەناوەوەی کەسایەتییە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان بۆ ناو حکوومەت و بە لاوازکردنی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری، کۆمەڵگەی زیاتر بەدووجەمسەری کرد. ئێستا هەندێک لە ڕاسترەوەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حەماس بۆیە هێرشی کردووە، چونکە ئیسرائیلی لە دۆخێکی لاوازدا بینی بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکوومەتەوە. ڕەنگە ئیسرائیلییەکان باجی زیاتر بدەن بۆ دابینکردنی بوودجەی سەربازی، پشتیوانی بکەن لە ماوەی خزمەتکردنی درێژخایەن بۆ هێزە سەربازییە یەدەگەکان و تەنانەت قبووڵکردنی ڕێوشوێنی ناخۆشی دیکە، بەڵام ئەگەر ئەم پێشنیازانە وەک بەشێک لە ڕکابەرایەتی و ململانێی حزبی سەیر بکرێن، ئەوا چیتر لەلایەن هاووڵاتیانی ئیسرائیلەوە پشتگیری ناکرێت.

  • ڕەهەندەکانی حزبوڵڵا:

روودانی جەنگێکی تەواو لەگەڵ حزبوڵڵا ڕەنگە بۆ ئیسرائیل کارەساتبار بێت. ئەو گرووپە لوبنانییە شەڕکەری زۆر زیاتری هەیە، کە شارەزاتر و بەئەزموونترن لە هێزەکانی حەماس، هەروەها جبەخانەی مووشەک و هاوەنیان هەیە، لەنێویاندا تەقەمەنیی زیرەک بە توانای پێکانی ورد، کە لە بەرامبەردا، چەکەکانی حەماس بەسەرەتایی دەردەکەون. حزبوڵڵا بۆ نیشاندانی هاوسۆزی لەگەڵ حەماس تا ئێستا تەنیا هێرشی سنوورداری بۆ سەر ئیسرائیل کردووە. لە بەرامبەردا ئیسرائیل وەڵامی داوەتەوە و ئامادەییی سەربازیی خۆی لەسەر سنوورەکان زیاد کردووە و  تەنانەت هێرشی بە قەبارەی بچووک کردووە، کە بۆ دوورخستنەوەی حزبوڵڵا لە سنوورەکان و نیشاندانی ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی داڕێژراون. ئەم پێکدادانە سنووردارانە دەتوانێت بەئاسانی لەکۆنترۆڵ دەربچێت و تەنانەت ڕەنگە ئیسرائیل بڕیاری هێرشکردنە سەر ئەو گرووپەیش بدات بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی حزبوڵڵا. لە ڕاستیدا ئەگەر گوشارەکانی ئەمریکا نەبوایە، ڕەنگە ئیسرائیل زووتر جەنگێکی لەو شێوەیەی دەست پێ کردبا.

  • شکستی گواستنەوەی دەسەڵات:

 دواجار ئیسرائیل کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چڕەکانی لە غەززە دەهێنێت؛ یان لەبەر ئەوەی تا ڕاددەیەکی زۆر هێزەکان و توانای حەماسی لەناو بردووە یان بەهۆی زیادبوونی تێچووی مرۆیی و دارایی بەهۆی ئەم ئۆپەراسیۆنە و کەمبوونەوەی ناوبانگی نێودەوڵەتیی ئیسرائیل. لەو کاتەدا، بۆ ئەوەی کە دانیشتووانی غەززە هێزەکانی ئیسرائیل وەکوو دەسەڵاتی داگیرکەر و دوژمن نەبینن، هەروەها ڕێگری لە ئاژاوەگێڕی لە سنووری غەززە و ڕێگریکردن لە دووبارە ژیانەوە و خۆڕێکخستنەوەی حەماس، پێویستە ئیسرائیل لانی کەم بەشێک لە حکوومەتی غەززە بۆ دەسەڵاتێکی فەڵەستین بگوازێتەوە. ئەم قەوارە فەڵەستینییە لەوانەیە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی فەڵەستینی بێت کە بە پشتیوانیی ئیسرائیل حوکمڕانیی کەناری ڕۆژاوا دەکات، یان ڕەنگە کۆمەڵێک تەکنۆکراتی سەربەخۆ بێت. ئیسرائیل لەم بوارەدا بژاردەی زۆر باشی نییە. دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی فەڵەستینی، گەندەڵە و خۆشەویست نییە. سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە کەرتی ڕۆژاوا وای کردووە ڕەوایەتیی ئەو دەسەڵاتە خۆبەڕێوەبەرییە لاواز بێت و هێرشی حەماس و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ ئەم هێرشە، زیاتر جەماوەری ئەم دەسەڵاتە فەڵەستینییەی کەم کردووەتەوە. دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی فەڵەستینی بەبێ هاوکاریی بەرچاوی ئیسرائیل ناتوانێت ئاسایش لە کەناری ڕۆژاوا دابین بکات و غەززەیش دەبێتە ئالنگارییەکی زۆر گەورەتر، بەڵام هیچ بژاردەیەکی باشتر لە ئارادا نییە.

  • شکست لە بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا:

 ڕەخنە نێودەوڵەتییەکان لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە زیادبووندایە. ئیسرائیل بۆ دەستەبەرکردنی چەک و تەقەمەنی (بەتایبەت بۆ ئۆپەراسیۆنی دژی حزبوڵڵا) وابەستەی ئەمریکایە. هەروەها ئەمریکا پاڵپشتیی داراییی بەرچاو پێشکەش بە ئیسرائیل دەکات و پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ واشنتۆن بۆ ڕێگریکردن لە ئێران و بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی گرووپەکانی وەک حووسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، ژیانییە. تا ئێستا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بە پشتیوانیی دڵسۆزانە و بەهێزی خۆی لە دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، نیازپاکییەکی گەورەی لە بەرامبەر ئیسرائیل دەڕبریوە. بەڵام ئەم پەیوەندییە بەئاسانی دەتوانێت تێک بچێت.

بایدن هەوڵ دەدات کە حزبی دیموکراتی ئەمریکا کۆنترۆڵ بکات کە حزبێکی فرەییخوازە. زۆربەی دیموکراتەکان دژی پاڵپشتیی توندی بایدنن بۆ ئیسرائیل و، لەم نێوەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن بۆ ڕکابەرایەتی (یارییە) سیاسییەکانی بەکار دەهێنێت. ئەمریکا گوشاری خستووەتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە زیانی خەڵکی مەدەنی کەم بکاتەوە و دوور بکەوێتەوە لە پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ حزبوڵڵا. هاوکات زۆرێک لە خەڵکی ئیسرائیل پێیان وایە دەبێت حەماس بەتەواوی لەناو ببرێت، تەنانەت ئەگەر زۆرێک لە خەڵکی مەدەنیی فەڵەستینی لەو پرۆسەیەدا گیانی خۆیان لەدەست بدەن. ئەم درزە سیاسی و ستراتیژییانە دەتوانن ئەمریکا و ئیسرائیل لەیەکتر جیا بکەنەوە و ئیسرائیلییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر گۆشەگیر بکەن و لە پشتیوانیی سەربازیی زۆر پێویست بێبەشیان بکەن.

  • ئێستا ئیسرائیل دەتوانێت چی بکات؟

 هەندێک لەو ئالنگارییانە بەبێ ئەوەی کێشە و گوشاری زیاتر دروست بکەن، چارەسەر ناکرێن. ئەو ئیسرائیلییانەی کە قسەم لەگەڵ کردوون، درک بەوە دەکەن کە کوشتنی خەڵکی مەدەنیی فەڵەستینی، پشتیوانی لە بانگەشە و گێڕانەوەی حەماس زیاد دەکات و پێگەی نێودەوڵەتیی ئیسرائیل لاواز دەکات. بەڵام هەست دەکەن هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە جگە لە هێرشێکی سەربازی بۆ لەناوبردنی حەماس کە بەناچاری دەبێتە هۆی کوژرانی زۆرێک لە خەڵکی سڤیل. بە هەمان شێوە بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگ لەگەڵ حزبوڵڵا، ئەمریکا دەیەوێت تەلئەبیب دان بەخۆیدا بگرێت، بەڵام بڕیار یاخود سیاسەتێک کە ببێتە هۆی پاراستنی دۆخی ئێستا لەسەر سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل، ناتوانێت ئیسرائیلییەکان ڕازى بکات بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان لە سنووری باکوور. سەڕەرای ئەوانەیش، لیستی کێشە گریمانەکراوەکان کە پێشتر باسمان کرد، ئەوە پیشان دەدات کە ئیسرائیل پێویستە ئاستی ئامانجەکانی دابەزێنێت. تەنانەت لە بارودۆخێکدا هێزی بەرگریی خۆی بەهێز دەکات بۆ ئەوەی خەڵکەکەی دڵنیا بکاتەوە، ڕەنگە پێویست بکات ئیسرائیل بە لێدانی ڕێکخراو و ڕێگریکردن لە هەمبەر حەماس و بە دۆخی ئاڵۆز و پشێوی لە غەززە ڕازی بێت. هەروەها پێویستە ئیسرائیل بۆ درێژخایەن پلان دابنێت و لەوە تێ بگات کە ناتوانێت بەردەوام لە جەنگدا بێت و، دەبێت پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئەمریکا بپارێزێت.

* دانیال بایمان، توێژەری باڵای سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی

سەرچاوە:

https://foreignpolicy.com/

image_pdfimage_print