موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
سێیەمین كۆڕبه‌ندی دیپلۆماسیی ئە‌نتالیا 2024 (Antalya Diplomasi Formu – ADF) به سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆككۆماری توركیا “ڕه‌جه‌ب تەییب ئه‌ردۆغان” و به‌هه‌ماهه‌نگیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا و به به‌شداریی 19 سه‌رۆكی وڵات، 73 وه‌زیر، 57 نوێنه‌ری نێودەوڵەتی و نزیكه‌ی چوار هەزار و حەوت سه‌د كه‌سایه‌تی له 148 وڵاتی جیاوازی جیهان، له یه‌كی ئازاری ساڵی 2024 ده‌ستی به كاره‌كانی كرد. دروشمی كۆڕبه‌ندی دیپلۆماسیی ئە‌نتالیا 2024 كه بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، بریتی بوو له “پێشخستنی دیپلۆماسی له قۆناغی قه‌یرانه‌كاندا”. بواره‌كانی وه‌كوو جه‌نگ، تیرۆریزم، كۆچی هه‌ڕه‌مه‌كی، دۆژمنایه‌تیی بێگانه‌كان، دژایه‌تیی ئیسلام، مه‌ترسییه چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كانی ژیریی ده‌سكرد، گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، كاره‌ساته سروشتییه‌كان و په‌تا‌كان، جیاوازییه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كان و…، گرنگترین ئه‌و بابه‌تانه‌ن كه كۆڕبه‌ندی دیپلۆماسیی ئە‌نتالیا 2024 ده‌یانخاته ڕوو. ئامانجی سه‌ره‌كیی كۆڕبه‌نده‌كه ئاماده‌كردنی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بوو بۆ دروستبوونی بیروبۆچوونی هاوبه‌ش به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی ئاشتییانه بۆ ئه‌و كێشه و گرفت و قه‌یرانانه‌ی كه جیهان و ناوچه‌كه به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن.
“هه‌ینی” (٢٠٢٤/٣/١) به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆککۆماری تورکیا، له کۆڕبه‌ندی دیپلۆماسیی ئە‌نتالیا (٢٠٢٤) لە تورکیا.
له‌م بارودۆخه ناجێگیر و ئاڵۆزه‌ی ئێستا، بانگهێشتكردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان “نێچیرڤان بارزانی” بۆ به‌شداریكردن له كۆڕبه‌ندی دیپلۆماسیی ئە‌نتالیا 2024، په‌یامێكی گرنگه له ڕووی ڕۆڵ و پێگه‌ی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له هاوكێشه ناوچەیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا. هه‌رچه‌نده هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ئه‌و گوشاره سیاسی، دارایی، ئابووری و ئه‌منییانه‌وه كه له‌لایه‌ن هێزه شیعه‌كانی عێراقه‌وه ده‌ستی پێ كردووه به بارودۆخێكی سه‌ختدا تێ ده‌په‌ڕێت، به‌ڵام هیچ كاتێك نابێت هه‌رێمی كوردستان بێ‌ئومێد بێت و خۆی ته‌سلیمی ئه‌مری واقع بكات. بەنێودەوڵەتیكردنی كێشە و گرفتەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەم قۆناغەی ئێستادا، دەرچەیەكی گرنگە بۆ دەربازبوون لەو گوشار و ناهەقییانەی كە لەلایەن هێزە شیعەكانی نزیك تاران بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەكرێت. لەم چوارچێوەیەدا ده‌كرێ گرنگیی به‌شداریكردنی نێچیرڤان بارزانی له كۆڕبه‌ندی دیپلۆماسیی ئه‌نتالیا 2024 له‌م شەش خاڵه‌ی خواره‌وەدا كورت بكرێنەوە:
یه‌كه‌م: سه‌ره‌ڕای پێشێلكردنی چه‌ندان مادده‌ی ده‌ستووریی ساڵی 2005 ده‌رباره‌ی سیسته‌می فیدڕاڵی له عێراق، به‌ڵام تا ئێستا هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه كه په‌رچه‌كرداری گوشار و ناهه‌قییه‌كان به ڕێگه‌یه‌كی دیپلۆماسی وەڵام بداته‌وه. ئه‌م هه‌وڵه دیپلۆماسییانه‌یش له‌سه‌ر ئاسته‌كانی ناوخۆ، هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تین. به‌شداریكردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان له كۆڕبه‌ندێك كه تیایدا هه‌وڵ ده‌درێت كێشه‌كان ئاشتییانه چاره‌سه‌ر بكرێن، په‌یامێكی ڕوون و ئاشكرایه بۆ لایه‌نە سیاسییه شیعه‌كانی عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان، كه هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیه‌تی له‌گه‌ڵ به‌غدا به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه و له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق.
دووه‌م: ئه‌نقه‌ره به بانگهێشتكردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان بۆ كۆڕبه‌نده‌كه، به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ پاڵپشتیی خۆی بۆ قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان دووپات كردۆته‌وه. واتە بە شێوەیەكی ڕوونتر، توركیا نایه‌وێت ڕۆڵ و پێگه‌ی “پارتی دیموكراتی كوردستان” لاواز بێت، چونكه ئه‌نقه‌ره “پارتی” به هاوپه‌یمانێكی ستراتیژیی خۆی ده‌بینێت، كه بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی هه‌ردوو لا بنیات نراوه.
سێیه‌م: پرسی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، بابه‌تێكی گرنگی دیكه بوو، كه له نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆككۆماری توركیا له چوارچێوه‌ی كۆڕبه‌ندی دیپلۆماسیی ئه‌نتالیا 2024 باس كراوه. ساڵێك زیاتره هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ڕاوه‌ستاوه و له‌م بارەیه‌وه به‌رپرسانی توركیا ڕایان گه‌یاندووه كه توركیا ئاماده‌یه بۆ ده‌ستپێكردنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا پرۆسه‌كه‌ی وه‌ستاندووه، حكوومه‌تی فیدڕاڵیی عێراقه؛ هۆكاره‌كه‌یشی به ئه‌گه‌رێكی زۆرەوە ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گوشاره‌كانی تاران، چونكه تاران به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه ئه‌نقه‌ره له كه‌رتی نه‌وت له عێراق و هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان بكات، جا چ به شێوه‌ی گه‌ڕان و ده‌رهێنان، یان به‌بازاڕكردنی نه‌وت و غازی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بێت. ئه‌نقه‌ره ئه‌گه‌ر گوشاره‌كانی بۆ سه‌ر به‌غدا زیاتر بكات، ئه‌وه له‌وانه‌یه به ئه‌گه‌رێكی زۆر پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان ده‌ست پێ بكاتەوە و قۆناغێكی نوێی ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌ست پێ بكات، چونكه توركیاش به‌هۆی ڕاگرتنی پرۆسه‌كەوە زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه. پێ ده‌چێت له چاوپێكه‌وتنه دووقۆڵییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆككۆماری توركیا، به‌جددی باس له‌م بابه‌ته كرابێت.
جگە لەمە پێویستە ئه‌وه‌یش له‌به‌رچاو بگرین كە ئه‌نقه‌ره هه‌رده‌م ڕۆڵی گرنگی هه‌بووه له پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان؛ ته‌نانه‌ت له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌كەوە تا وه‌ستانی له ساڵی ڕابردوو. به‌غدا هیچ كاتێك ڕازی نه‌بووه نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان به‌بێ كۆنترۆڵ و ڕه‌زامه‌ندیی خۆی هه‌نارده بكرێت، بۆیه ده‌كرێ دوای ئه‌م قۆناغه، جا یان له ڕێگه‌ی زیادكردنی گوشاره‌كان بۆ سه‌ر به‌غدا، یانیش به شێوه‌ی گرتنه‌به‌ری ڕێگەچاره‌یه‌كی تر بۆ ده‌ستپێكردنەوەی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی یاخود نافه‌رمی بکرێت. واتا پێ ده‌چێت ئه‌نقه‌ره و هه‌ولێر نه‌توانن زیاتر چاوه‌ڕێی گوشاره‌كانی به‌غدا بكه‌ن له‌م بابه‌ته كه به پاڵپشتیی تارانه‌وه ده‌كرێته سه‌ر هه‌رێم و، پێشهاته‌كان به‌ره‌و ئاراسته‌ی ده‌ستپێكردنەوەی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمه له ئایینده‌یه‌كی نزیك و، ده‌توانین ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمیش بۆ ئه‌نتالیا به هه‌نگاوێكی جددی دابنێین له‌م بواره‌دا. بۆیە پێشبینیی دەكرێت لە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی ئەردۆغان بۆ عێراق لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، كرانەوەیەكی بەرچاو لە بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەدی بكرێت.
چواره‌م: هه‌ولێر له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان هێرشی درۆنی و مووشه‌كی بۆته‌وه، كه له‌لایه‌ن ئێران و هێزه پرۆكسییه‌كانیه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن. واتا هه‌ولێر بۆته ئامانجێكی ڕاسته‌وخۆی تاران؛ هه‌رێمی كوردستانیش هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م كێشه‌یه به ڕێگه‌یه‌كی دیپلۆماسی چاره‌سه‌ر بكات و كار بۆ ئەوە دەكات بارودۆخه‌كه له‌مه زیاتر ته‌شەنە نه‌كات. بۆیە لە نێوەندى دۆزینەوەی چارەسەرەكان بە ڕێگەی ئاشتییانە لە چوارچێوەی كۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئە‌نتالیا 2024، هەرێمی كوردستان لەسەر بەرزترین ئاست- كە “سەرۆكی هەرێم”ە- لەم كۆڕبەندە بەشدار بووە و، بەم شێوەیەیش دووپاتی كردۆتەوە لە ئامادەییی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە ڕێگەی دیالۆك و بە شێوەیەكی ئاشتییانە.
نێچیرڤان بارزانی لە دووتوێى چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ سەركردە و بەرپرسانی وڵاتان لە كۆڕبەندەكە، جەختی لەسەر بابەتی سەقامگیری و بەرقەراركردنی ئاسایشی عێراق و ناوچەكە و جیهان كردەوە؛ ئەمەیش پەیامێكی ڕوونە بۆ تاران لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە كەوا ئێمە هەموو كاتێك ئامادەین بە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان و بە شێوەیەكی ئاشتییانە هەموو ئەو گرفت و كێشانەى هەن، چارەسەر بكەین.
پێنجەم: “پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان” كە پرۆژەیەكی ستراتیژییە، توركیا بە عێراق دەبەستێتەوە و ئەم ڕێڕەوە بازرگانییە ماوەی گەیاندن و گواستنەوەی كەلوپەلەكان بەراورد بە ڕێگە بەردەستەكانی دیكە كورتتر دەكاتەوە. ئەنقەرە زۆر جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە دەكاتەوە. بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆژەیەیش هەردوو لا (عێراق و تورکیا) پێویستیان بە هەماهەنگی و یارمەتیی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەتایبەت لە ڕووی پاراستنی ئاسایشی پرۆژەكە. بۆیە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی کوردستان بۆ ئە‌نتالیا لەم ڕووەیشەوە پێگە و گرنگییەكی تایبەتی هەیە.
لە كۆبوونەوە دووقۆڵییەكەی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە كراوەتەوە و، بەمەیش ئەنقەرە پەیامی ئەوەی بە بەغدا گەیاندووە، كە ئەم پرۆژە ستراتیژییە بەبێ هەماهەنگی و یارمەتیی هەرێمی كوردستان سەختە سەر بكەوێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا عێراق و توركیا ڕێک كەوتوون لەسەر كردنەوەی نووسینگەیەكی هاوبەش بە مەبەستی بەدواداچوونی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان. ئەم هەنگاوەیش ئەوە دەردەخات كە توركیا زۆر بەجددی كار لەسەر جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە دەكات. بەشداریپێكردنی هەرێمی كوردستانیش لەم پرۆژەیەدا لە ڕووی ئابووری و دارایی و سیاسییەوە هەنگاوێكی گرنگ و ستراتیژییە.
شەشەم: لایەنی ئەمنی و پاراستنی سەقامگیریی هەردوو لا بابەتێكی تر بوو لەو بابەتانەی كە لە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئە‌نتالیا خرایە بەر باس. ئەنقەرە چەندان ساڵە بەدەست بابەتی بوونی چەكدارانی پەكەكەوە لەسەر خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان، دەناڵێنێ، بۆیە لە هەر كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵیدا كە لە نێوان بەرپرسانی توركیا و عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، ئەوە بەبێ یەك و دوو ئاماژە بە پرسی چالاكییەكانی پەكەكە دەكرێت لە عێراق و هەرێمی كوردستان. بەهۆی ئەوەی كۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئە‌نتالیا 2024، ئامانجە سەرەكییەكەی بریتییە لە گەڕان بە دوای ڕێگە دیپلۆماسییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان، بۆیە لە نێوەندى چاوپێكەوتنە دووقۆڵییەكان ئاماژە بە ڕێگەكانی چارەسەركردنی دیپلۆماسی و ئاشتییانە بۆ ئەم پرسەیش كراوە. ئەم هەنگاوەی توركیاش بەبێ هەماهەنگیی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو نابێت.
.شه‌ممه” (٢-٣-٢٠٢٤) به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ڕێز ياشار گوله‌ر وه‌زيرى به‌رگريى توركيا، له کۆڕبه‌ندی دیپلۆماسیی ئە‌نتالیا (٢٠٢٤) لە تورکیا”
دەستووری عێراقیش ڕێگە بە هیچ لایەن و گرووپێكی چەكدار نادات بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێی عێراق. واتە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، دەكرێ هەرێمی كوردستان هاوكاریی وڵاتانی دراوسێی بكات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە چەكدارانەی كە لە خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە هێرش دەكەنە سەر وڵاتانی دراوسێ. ئەم جۆرە چاوپێكەوتن و بەشداریكردنانە لەم جۆرە كۆڕبەند و كۆنفرانسانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی، زۆر گرنگن بۆ ئەوەی لایەنەكان زیاتر هەماهەنگیی یەكتر بكەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای سەرجەم لایەنەكان و، دەكرێ چاوپێكەوتنی نێچیرڤان بارزانی و یەشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت.
لە كۆتاییدا دەبێ ئەمە بەردەوام لەبەرچاو بگیرێت كە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە قۆناغی ئێستادا، پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی جیهان لە بەرزترین ئاست ڕابگرێت و بە هیچ شێوەیەك هیچ هەنگاوێك نەنێت كە زیان بەم پەیوەندییانە بگەیەنێت، چونكە تاكە دەرچەی هەرێمی كوردستان بۆ ڕزگاربوون لە گوشاری لایەنە سیاسییە شیعەكان و تاران بریتییە لە پەرەدان بەم هەوڵ و پەیوەندییە دیپلۆماسییانەى كە لە ماوەی ڕابردودا لەگەڵ وڵاتانی جیهانی بەستوویەتى؛ چونكە ئێستا دەتوانین بڵێین: دۆستی كورد تەنیا چیاكان نین، بەڵكوو لە پاڵ چیاكان، دۆستی هەرێمی و نێودەوڵەتیشی هەن.