پێنووس

ئەندامێتیی سوید لە ناتۆ چ واتایەکی بۆ ئەم هاوپەیمانێتییە هەیە؟

ڕیکارد یۆزویاک (Rikard Jozwiak)

سوید لە باکووری ئەوروپا کە بۆ ماوەی دوو سەدە بێلایەنیی پەیڕەو کردبوو و لە ماوەی دوو جەنگی جیهانی و جەنگی سارد لە سەدەی بیستەمدا ئەم سیاسەتەی خۆی پاراستبوو، دواجار لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵدا، بە ڕەزامەندیی پەرلەمانی هەنگاریا، وەک دوایین وڵاتی ئەندامی ناتۆ، چووە ناو “پەیمانی باکووری ئەتڵەسی”یەوە.

پێشتریش دوا بە دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند وازی لە سیاسەتی بێلایەنی هێنا و پەیوەندیی بە ناتۆوە کرد بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەکانی لە بەرەی باکووری ئەوروپا.

ناتۆ نزیکەی 18 مانگ چاوەڕێی تورکیا و هەنگاریا بوو تا ئەندامێتیی سوید لە پەیمانی باکووری ئەتڵەسی پەسەند بکات. سەرەڕای ئەم چاوەڕوانییە زۆرە، لە بڕۆکسڵ دڵخۆشییەک هەیە سەبارەت بەم ئەندامە ٣٢یە. دیپلۆماتکارێکی ناتۆ پێی وتم کە سوید “پارچەی ونبووی پازەڵەکە” بوو کە  پێکهاتەی ئاسایشیی هاوپەیمانییەکەی لە ناوچەکانی باکوور، جەمسەری باکوور و دەریای باڵتیک، تەواو کرد.

بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە، باشترە چاوێک بە نەخشەدا بخشێنینەوە. سوید پێنجەم وڵاتی گەورەی ئەوروپایە – فراوانترە لە ئەڵمانیا – بە درێژیی 1600 کم لە باکوورەوە بۆ باشوور، کە کەنارەکانی دوو هێندەی ئەو مەودایەیە. لە لێدوانی زۆرێک لە بەرپرسانی ناتۆوە دەردەکەوێت کە ڕۆڵی سوید لەم ڕێککەوتنەدا لەسەر دوو بواری سەرەکی چڕ دەبێتەوە:

یەکەم: ئەم وڵاتە دەبێتە دەروازەیەک بۆ چالاکییە سەربازییەکان لە باکووری ئەوروپا کە سوید بە وڵاتانی دیکەی باکووری ئەوروپا دەبەستێتەوە، ئەوانیش دانیمارک، فینلاند، ئایسلەندا و نەرویج؛ هەموو ئەم وڵاتانە بۆ یەکەم جار لە مێژووی نوێدا لە هاوپەیمانێتییەکی سەربازیدا ئامادەن. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٩، ئەو گرووپە پێنج ئەندامییە لەسەر هاوکاریی بەرگریی ئەوروپای باکوور (NORDEFCO) ڕێک کەوتن، لە کاتێکدا ئەمە پەیمانێکی بەرگریی هاوبەش نییە، بەڵام هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی هەیە – بۆ نموونە، ئەندامان ڕێگەیان پێ دەدرێت بچنە ناو ئاسمانی یەکتر و پێکهاتە سەربازییەکانی یەکترەوە. بەڵام لەگەڵ پەیوەستبوونی سوید [بە ناتۆ]، ئێستا زەمینەیەکی باش بۆ یەکگرتن و هاوکاریی ناوچەیی هەیە.

دووەم: سوید بە پێشکەشکردنی پشتیوانیی خێرای دەریایی و ئاسمانی و زیادکردنی ژمارەی هێزی سەربازی؛ بەرەی بەرگری لە نێوان هەرسێ وڵاتی باڵتیک (لاتڤیا، ئیستۆنیا و لیتوانیا) کە ئەندامی ناتۆن بەهێزتر دەکات، بۆ نموونە ئەم وڵاتە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٥ەوە نزیکەی ٨٠٠ سەرباز بنێرێتە لیوای ناتۆ لە لاتڤیا. پێشتر جەخت لەسەر بەناو “هێزەکانی تێلی تەڵە ” دەکرایەوە لە دەوڵەتانی باڵتیکدا، لەسەر بنەمای ستراتیژییەک بۆ خاوکردنەوەی جووڵەی دوژمن و دواتر دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانە و کۆنترۆڵکردنەوەی خاکی لەدەستچوو، بنیات نرابوو. بەڵام بە پاڵپشتیی سوید، تەرکیز لەسەر ئەوە دەبێت کە یەک ئینج خاکی [ناتۆ] لەدەست نەدرێت.

ڕەنگە دیارترین دەرەنجامی پەیوەستبوونی سوید لە ناتۆدا ئەوە بێت کە بەهۆی گەمارۆدانی خاکی دەرەوەی ڕووسیا (کالینینگراد) لەلایەن وڵاتانی ئەندامی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی و، هەروەها کۆنترۆڵکردنی شریتی کەنار دەریاکانی باکوور و باشووری کەنداوی فینلاند، کە لە سەن پێتێرزبۆرگ، دووەم گەورەترین شاری ڕووسیا کۆتایی دێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەریای باڵتیک لە بنەڕەتدا “ببێتە دەریاچەی ناتۆ”.

گۆتلاند کە گەورەترین دوورگەی دەریای باڵتیکە، لەناکاو دەبێتە جێگەی گرنگییەکی سەرەکی. ئەم دوورگەیە کە بەشێکە لە سوید و تەنیا 300 کیلۆمەتر لە کالینینگرادەوە دوورە، سوودمەند دەبێت لە دامەزراوە سەربازییە نوێیەکان. بەندەری سەرەکیی سەربازی لە گۆتلاند پەرەی پێ دەدرێت و فەوجێکی ناوخۆیی کە ساڵانێک لەمەوبەر هەڵوەشایەوە، زیندوو دەکرێتەوە.

لە ئێستادا، سوید خەریکە هێڵی شەمەندەفەری خۆی نۆژەن دەکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت باری سەربازیی گەورەتر لە سەرانسەری وڵاتدا بگوازێتەوە. هەروەها توانای سەربازی یۆتۆبۆری دووەم شاری سوید و گەورەترین بەندەری سوید لە کەنارەکانی ڕۆژاوای وڵاتەکە زیاد دەکرێت و، پێ دەچێت ببێتە خاڵی سەرەکیی پەڕینەوە و خاڵی چوونەژوورەوەی کەرەستەی سەربازی و هێزەکانی ناتۆ.

سوید کە لە ئێستادا پەیوەندییەکی تەواوی لەگەڵ ناتۆ هەیە و لە ساڵی ١٩٩٤ەوە بەشێک بووە لە پرۆگرامی هاوبەشی ناتۆ بۆ ئاشتی، لە بیست ساڵی دواتردا بووەتە هاوبەشی هاوپەیمانییەکە بۆ دەرفەتە سەربازییە پێشکەوتووەکان. ئەمەیش بە واتای هاوکاریی قووڵتر و مەشقی هاوبەشی ڕێکوپێک و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی زیاتر لەگەڵ هاوپەیمانی ڕۆژاوایی دێت کە هێزەکانی لە ئەفغانستان و بۆسنە و هەرزەگۆڤین لەژێر فەرماندەییی ناتۆدا چالاکییان دەکرد.

سوید پێشتر ئامانجی خوازراوی ناتۆی بەدی هێناوە کە لانی کەم لەسەدا دووی بەرهەمی ناوخۆییی خۆی بۆ بواری سەربازی-بەرگری تەرخان بکات؛ دەسکەوتێک کە زۆرێک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ هێشتا بەدەستیان نەهێناوە. ستۆکهۆڵم لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ڕێککەوتنێکی هاوکاریی بەرگریی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کرد، کە ڕێگە بە ئەمریکا دەدات کەرەستەی سەربازی و هێزەکانی لەسەر خاکی سوید جێگیر بکات. بەڵام وەک ئەندامانی دیکەی ناتۆ لە باکووری ئەوروپا، ئەم وڵاتە میوانداریی چەکی ئەتۆمی و بنکەی هەمیشەییی ناتۆ ناکات.

ڕەهەندێکی دیکە کە زۆرێک لە بەرپرسانی ناتۆ وەک بەهایەک ئاماژەی پێ دەکەن، ئەو چەکانەیە کە سوید بەهۆی ئەندامێتی لە ناتۆ بۆ ئەم هاوپەیمانییە سەربازییە دەیھێنێت. هەڵسەنگاندنەکە ئەوەیە کە ئەم وڵاتە دوو سەروەت و سامانی سەربازیی بەرزی لە ئاستی جیهانیدا هەیە: ژێردەریایی کە توانای کۆنترۆڵکردنی بەشێکی گەورەی دەریای باڵتیکیان هەیە و چاودێریی هەموو جووڵەیەکی ڕووسیا دەکەن؛ هەروەها فڕۆکەی جەنگیی JAS 39 Gripen کە لەلایەن کۆمپانیای ساب (Saab)ی سویدەوە بەرهەم دەهێنرێت. سوید بە پەیوەستبوون بە ناتۆ، تەواوی فڕۆکە جەنگییەکانی باکووری ئەوروپا کە زیاتر لە ٢٥٠ فڕۆکەیە، دێنێتە ناو ئەم پەیمانە، کە ستۆکهۆڵم بەنیازە بەشێکیان بۆ ئۆکراینا دابین بکات. هەروەها سوید نەک تەنیا لە دەریای باڵتیکدا، بەڵکوو دەتوانێت ببێتە بەشدارێکی چالاک لە چاودێریی ئاسمانیی ناتۆدا. جگە لەمانەیش، پرسەکە تەنیا فڕۆکەی جەنگی نییە. سوید یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی چەک لە جیهاندا، بەتایبەتی بۆ ئەمریکا و، بە بەرهەمهێنانی چەکی ئاراستەکراوی زیرەک و چەکی دژەتانک و زرێپۆش ناسراوە. هەرچەندە سوید هەندێک خاڵی لاوازی هەیە. بۆ نموونە، سوپای سوید کە ٣٨ هەزار ستافی هەیە، تا ڕادەیەک بچووکە و پەرەپێدانی، پێویستیی بە تێچوویەکی بەرز هەیە. هەروەها وڵاتەکە هێزێکی دەریاییی گەورەی وەک کەشتییە گەورە سەبازییەکان نییە و زیاتر پشت بە کەشتییە بچووکەکان دەبەستێت کە توانای بەرگریی ئاسمانییان لاوازە.

بە شێوەیەکی گشتی، ناوچەی باکووری ئەوروپا/باڵتیک لەژێر فەرماندەییی جیاوازی هێزی هاوبەشدا بەڕێوە دەبردرێت. سوید پەیوەندیی بە دانیمارک و فینلاند و سێ دەوڵەتی باڵتیکەوە دەکات کە لەژێر فەرماندەییی ناتۆدا لە شاری برۆنکسی هۆڵەندا کار دەکەن، لە کاتێکدا نەرویج لەژێر فەرماندەییی نۆرفۆلک لە ویلایەتی ڤێرجینیایە کە ئەرکی سەرەکییان مامەڵەکردنە لەگەڵ کێشە ئەمنییەکان و ئاڵنگارییەکانی زەریای ئەتڵەسی. لە قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ناتۆ کە ئاگاداری ئەو بابەتەن، دەردەکەوێت کە بە شێوەیەکی ڕەمزی، گرنگ بووە بۆ پەیمانی باکووری ئەتڵەسی کە دەریای باڵتیک دابەش نەکرێت بۆ دوو بەش؛ بەم واتایە کە ئیستۆنیا و لاتڤیا و لیتوانیا لە بەشێک بن و سوید لە بەرەیەکی دیکەدا پۆلین بکرێت.

سەرچاوە:

https://www.rferl.org

https://www.radiofarda.com

image_pdfimage_print