وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس
بەهۆی بێبەشکردنی بەربڵاوی کاندیدەکانی میانڕەو و لایەنگری چاکسازی، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئیسلامی و مەجلیسی شارەزایانی ڕێبەری لە ئێران، گۆڕەپانی ململانێی نێوان پارێزگارەکان و توندڕەوەکان بوو. وا دیارە نەوەیەکی گەنجی بناژۆخوازان لەم کێبڕکێیانەدا لە هەندێک بازنەی هەڵبژاردندا دەنگی باڵایان بەدەست هێنابێت.
لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی سیستەمی سیاسی جەخت لەوە دەکەنەوە کە بانگەوازەکانی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن شکستی هێناوە؛ بەڵام ئامارەکان ئاماژە بە کەمیی ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران دەکەن بە بەراورد بە هەموو هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی. ڕەخنەگرانی ئامارە فەرمییەکان دەڵێن پێ دەچێت ڕێژەی ڕاستەقینەی بەشداریکردن لەو ژمارەیە کەمتر بێت کە بەرپرسان ڕایان گەیاندووە. هاوکات قسە و باس هەیە کە ژمارەیەکی بێوێنەی دەنگی نادروست و پووچەڵ و سپی هەیە.
دوای ماوەیەکی کەم لە داخستنی بنکەکانی دەنگدان لە ئێران، میدیای دەوڵەتی ڕایان گەیاند کە زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس – واتە لە سەدا ٤١ی دەنگدەرانی خاوەن مافی دەنگدان – لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا دەنگیان داوە. تەنانەت میدیای دەوڵەتی و میدیای پارێزگارەکان ستایشی “شکستی پڕۆژەی بایکۆت”یان کرد، لە کاتێکدا ڕێژەی بەشداریکردن لە ئاستێکی نزمدا بوو. لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمانی ساڵی ٢٠١٩، 42.5%ی کەسانی خاوەن ماف بەشدار بوون و لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی ساڵی ٢٠١٥ زیاتر لە 60% بەشدار بوون.
ڕۆژنامەی “هەمشەهری” لە لاپەڕەی یەکەمی خۆیدا وێنەیەکی ساختەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای بڵاو کردەوە، کە پیاوێکی ئێرانی بە دەنگدانەکەی، دەمی ئەوى داپۆشیوە. ئەم ڕۆژنامە پارێزگارە کە لەژێر دەسەڵاتی شارەوانیی تاراندایە، نووسیویەتی کە دەنگدەران بە بەشداریکردنیان “شەقیان” لەلایەنگران و بانگەشەکارانی بایکۆتی هەڵبژاردن داوە.
لە هەمان کاتدا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە دەنگە نادروستەکان لە هەندێک بازنەی هەڵبژاردن، زیاتر بووە لە دەنگە دروستەکان. ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆ گوتى، تەنیا 5%ی کۆی دەنگەکان پووچەڵ بوون. ڕۆژنامەی ڕادیکاڵی “کەیهان” پێشوازیی لەم هەڵبژاردنە “پڕخرۆشە” کرد و لە هەمان کاتدا حکوومەتی میانڕەوی حەسەن ڕۆحانی (٢٠١٣-٢٠٢١)ی سەرۆککۆماری پێشووی، بە هۆکاری کەمیی بەشداریی خەڵک زانی. ئەم ڕۆژنامەیە کە سەرنووسەرەکەی لەلایەن ڕێبەری ئێرانەوە دانراوە، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە خەڵک بایەخیان بە داواکارییەکانی بایکۆت نەداوە و ئەو کەسانەی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا نەکردووە، تەنیا لە پرسە ئابوورییەکان ناڕازین. ڕۆژنامەی کەیهان بانگەشەی ئەوەی کرد کە “کێشەی سەرەکی، میراتی نەخوازراو”ی حکوومەتی ڕۆحانییە و ستایشی حکوومەتی ئێستای “ئیبراهیم ڕەئیسی”ی کرد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لەو سەردەمە بەجێ ماوە.
لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩ەوە کە زۆرێک لە کاندیدەکانی ڕیفۆرمخواز بێبەش کران، توندڕەوەکان بەسەر پەرلەماندا زاڵ بوون. هەروەها هەموو کاندیده سەرەکییه ڕیفۆرمخوازەکانیش ڕێگربیان لێ کرا کە بەشداری له هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ی سەڕۆکایەتیی کۆماردا بکەن (خۆیان کاندید بکەن). ئەو هەڵبژاردنە بووە هۆی سەرکەوتنی ڕەئیسی لە کێبڕکێییەکدا کە کەمترین پاڵێوراوی هەبوو.
لە سۆشیال میدیادا ڕەخنەگرانی ڕژێم، کلیپەکانی وتارەکەی “ئایەتوڵڵا خامنەیی”، ڕێبەری ئێرانیان لە ساڵی ٢٠٠١ بڵاو کردەوە، کە تیایدا گاڵتە بە کەمیی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژاوادا دەکات. خامنەیی لەم گرتە ڤیدیۆیییەدا باس لەوە دەکات کە ڕێژەی ٤٠٪ى بەشداریی دەنگدەرانی وڵاتانی ڕۆژاوا – کە ناویان نەهاتووە – ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە خەڵک “نە متمانەیان بە سیستەمی سیاسیی خۆیان هەیە، نە گرنگیی پێ دەدەن و، نە هیوایان بە سیستەمە سیاسییەکەیان هەیە.”
ڕۆحانی و مەحموود ئەحمەدینەژاد (٢٠٠٥-٢٠٢٣)، هەردووکیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە دەنگیان دا. بەڵام شایانی باسە کە محەمەد خاتەمی، سەرۆکی پێشووی ڕیفۆرمخواز (١٩٩٧-٢٠٠٥) بەشداریی لە دەنگدانەکەدا نەکرد و ئەمەیش توندڕەوەکانی تووڕە کرد. محەممەد عەلی ئەبتەهى، جێگری خاتەمی، وتى کە ڕەنگە سەرۆکی پێشوو هەستی بەوە کردبێت کە دەنگنەدان “تاکە ڕێگەیە” بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانی ببیسترێت. خاتەمی لە دوای ناڕەزایەتییە گشتییەکانی دژ بەم ڕژێمە لە ساڵی ٢٠٢٢، زیاتر نیگەرانیی خۆی لە بەشێک لە سیاسەتەکانی حکوومەت دەربڕی. لایەنگرانی سەرۆکی پێشووی ڕیفورمخوازەکان، پێشوازییان لە بڕیارەکەی کرد و هەندێک لە سۆشیال میدیا دەڵێن خاتەمی “لە بەرەی گەل وەستاوە”. بەڵام توندڕەوەکان ڕەخنەیان لەم ڕیفۆرمخوازە دیارە گرت و تۆمەتباریان کرد بەوەی کە پشتیوانی لە ڕەخنەگرانی کۆماری ئیسلامی دەکات کە خوازیاری بایکۆت بوون.
ڕاپۆرتە سەرەتایییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە تاران لە ڕووی مێژوویییەوە بەشدارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە بە بەشداریی 24%ی دەنگدەران کە مافی دەنگدانیان هەبووە. بەڵام ئەم ڕێژەیە لەلایەن حکوومەتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ٣٤%.
ئەم ئامارە نوێیە دوای ئەوە هات کە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە هیچ کام لە کاندیدەکانی پایتەختی ئێران دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێناوە بۆ بەدەستهێنانی کورسییەک لە مەجلیس. شایانی باسە تاران کەمترین بەشداریی دەنگدەرانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٩ و ٢٠٢١ی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا هەبووە بە ڕێژەی 26.24% و 34.39%. بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی بەرچاوی دانیشتووانی تاران، لە کۆی ٢٩٠ کورسیی پەرلەمان، ٣٠ کورسی هی نوێنەرانی ئەم شارەیە. هەروەها پایتەختی ئێران ١٥ نوێنەری لە مەجلیسی شارەزایانی ڕێبەریدا هەیە کە کۆی گشتی ٨٨ کورسییە.
بەهۆی ڕەتکردنەوەى بەربڵاوی کاندیدەکانی میانڕەو و لایەنگری ڕیفۆرم، گرووپە ڕیفۆرمخوازەکان لە هەڵبژاردنەکەدا پشتگیریی هیچ کاندیدێکیان نەکرد. بەڵام ئەو درزەی لە ئۆردوگای توندڕەوەکاندا هەبوو، چاک نەبووەوە. ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە لایەنە توندڕەوەکان کە یەکگرتوو نەبوون، چوار لیستی هەڵبژاردنی جیاوازیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە تاران بڵاو کردەوە. بەڵام وا دیارە پارێزگارە تەقلیدییەکان جێگەی خۆیان دەدەنەوە بە لایەنە توندڕەوەکان.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئێستای پەرلەمان کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩ی تاران پلەی یەکەمی بەدەست هێنا، ئێستا لە دوای کاندیدە توندڕەوەکان لە پلەی چوارەمدایە. لە ١٣ی ئازاردا سایتی هەواڵی “ڕوویداد٢٤” هۆکاری شکستی هاوپەیمانیی قالیبافی بۆ کۆمەڵێک بابەتی جیاواز گەڕاندەوە، لەوانەیش فەزیحەی ئەم دوایییەی پەیوەست بە بنەماڵەکەی.
یەکێک لە دەرەنجامە جێی سەرنجەکانی هەڵبژاردنی مەجلیسی شارەزایانی ڕێبەری، نەهێشتنی کورسییەکەی “ئایەتوڵڵا سادق ئامۆلی لاریجانی”یە لە پاراستنی کورسییەکەی لەم ئەنجومەنەدا. لاریجانی، سەرۆکی پێشووی دەسەڵاتی دادوەری (٢٠٠٩ تا ٢٠١٨)، لە ساڵی ٢٠١٨وە “سەرۆکی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم” بووە.
پارێزگارە توندڕەوەکان پێشوازییان لە شکستی لاریجانی کردووە. هەندێکی تر بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە بەرنامە لا براوە بۆ ئەوەی زەمینە بۆ جێنشینیی خامنەیی و بەڕێبەربوونی ڕەئیسی خۆش بکات.
هەندێکی دیکەیش کە بەڕوونی داوای بایکۆتیان نەکردووە، هۆشدارییان بە دامەزراوە سیاسییەکان داوە کە هەڵبژاردنەکانیان “بێمانا” کردووە بە بێبەشکردنی زۆربەی کاندیدەکانی لایەنگری چاکسازی. هەروەها ڕەخنەگران باسیان لەوە دەکرد کە داواکارییەکانی خەڵک لەلایەن پلە باڵاکانی دەسەڵاتەوە “نەبیسترا”؛ ئەمەیش دۆخەکەى خراپتر کردووە.
ئەم ڕێژەیەی ئێستا، نزمترین ئاستی بەشدارییە له هەڵبژاردنەکاندا، له کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران هەموو دەرفەتەکانیان بۆ هاندانی خەڵک بۆ دەنگدان بەکار هێنا. خامنەیی کە بڕیاری دەرکردووە کە دەنگدان “ئەرکێکی شەرعییە”، بەتایبەتی باسی لە فەزیلەتەکانی بەشداریکردن بە ڕێژەیەکی بەرز لە هەڵبژاردنەکاندا کرد. ڕێبەری ئێران لە ڕۆژی هەڵبژاردنی ڕای گەیاند کە بە دەنگدان “دۆستەکانتان دڵخۆش بکەن و دوژمنەکانتان بێئومێد بکەن.”
جێگەی ئاماژەیە کە ستایشی ڕەئیسی لەلایەن ڕۆژنامەی کەیهان و گەڕاندنەوەی هۆکاری کەمیی بەشداری بۆ ڕۆحانی، نەریتێکی توندڕەوەکانە. بەرەی بەهێزی توندڕەوەکان لە ڕابردوویشدا ڕەتی کردۆتەوە کە بەرپرسیارێتیی کەمیی بەشداریی دەنگدەران لەئەستۆ بگرێت و چەندان جار ڕکابەرە ناوخۆیییەکان و هۆکارە دەرەکییەکانی تۆمەتبار کردووە.
ئەم هەڵبژاردنە هەروەها تیشکی خستۆتە سەر ڕووخانی خێرای بنەماڵەی لاریجانی کە سەردەمانێک سەرۆکایەتیی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریی ئێران بوون. داڕمانی سیاسیی ئەم بنەماڵەیە بە بێبەشکردنی عەلی لاریجانی – درێژترین سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (٢٠٠٨-٢٠٢٠) لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا – لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٢١ دەستی پێ کرد. هەروەها سادق لاریجانی – برای عەلی لاریجانی و پاشان یەکێک لە ئەندامانی بەهێزی ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستوور (شورای نگهبان) کە بەرپرسیارە لە پشکنینی شیاوێتیى کاندیدەکان- ناڕەزایەتیی دەربڕی بەرامبەر بە بێبەشکردنی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠٢١ و، ئامادە نەبوو واژۆ لەسەر بڕواپێدانی ڕەئیسی بکات بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار.
پاشان سادق لاریجانی بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستووری نەکرد و دواجار ئەم مەجلیسەی بەجێ هێشت. “لاریجانییەکان” کە سەردەمانێک بنەماڵەیەکی سیاسیی دەستڕۆیشتوو بوون، ئێستا تاکە پۆستی باڵا کە بەدەستیانەوەیە، کورسیی سادق لاریجانییە وەک سەرۆکی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم.
ئاسۆ: پێ دەچێت توندڕەوەکان بەردەوام بن لە زاڵبوون بەسەر پەرلەماندا و نوێنەری توندڕەوتر لە خولی داهاتوودا ئامادە بن. دەسەڵاتی زیاتری توندڕەوەکان دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی لەسەر مامەمەڵەکردن و پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژاوا بەگشتی و لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ بەتایبەتی هەبێت.
لەگەڵ ئەوەی خامنەیی لە مانگی داهاتوودا تەمەنی دەبێتە ٨٥ ساڵ، وا دیارە توندڕەوەکان دەسەڵاتی خۆیان لەگەڵ نزیکبوونەوەی قۆناغی دەستنیشانکردنی جێنشینیی خامنەیی، چەسپاندووە. ئێستا پرسیارێکی سەرەکی ئەوەیە کە، کێ دەبێتە پێشەنگ بۆ جێگرتنەوەی خامنەیی. لە کاتێکدا بەهۆی ئەوەی کەسانی میانڕەو وەک ڕۆحانی لە کورسییەکانی خۆیان لە ئەنجومەنی شارەزیانی ڕێبەری بێبەش کراون، چاودێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پێ دەچێت سەرۆکی داهاتوو کەسێکی توندڕەو بێت. تەنانەت بەشێک لە چاودێران دەڵێن لەدەستدانی کورسیی لاریجانی لە مەجلیسی شارەزایانی ڕێبەری و ڕێگەی ئاسانی ڕەئیسی بۆ سەرکەوتن لە هەمان هەڵبژاردندا، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ڕەنگە سەرۆکی ئێستا لەسەر ڕێگەی دانانی وەکوو ڕێبەری داهاتووی کۆماری ئیسلامی بێت. پسپۆر و شارەزایانی دیکەیش ئاماژەیان بە “موجتەبا خامنەیی” کردووە وەک جێنشینی باوکی. بەڵام زۆربەی شارەزایان بەدووری دەزانن کۆماری ئیسلامی کە لە دوای ڕووخانی پاشایەتی لە ساڵی ٢٩٧٩ دامەزرا، بۆ حکوومەتێکی پشتاوپشت بگۆڕێت.
سەرچاوە: