پێنووس

جێگیرکردنی چەکی دژە مانگی دەستکردی ڕووسیا لە بۆشاییی ئاسمان، تاچەند مەترسیدارە؟

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس

ڕووسیا خەریکی پەرەپێدانی سیستەمێکی نوێی سەربازییە کە بتوانێت مانگە دەستکردەکان لە بۆشاییی ئاسمان لەناو ببات؛ ڕەنگە مووشەکی ئەتۆمی بەکار بهێنێت. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکانە تاچەند ئاسایشی جیهان دەخاتە مەترسییەوە؟ ڕووسیا بەنیازە جۆرێکی نوێی چەکی دژە مانگی دەستکرد لە بۆشاییی ئاسمان جێگیر بکات، کە شارەزایان دەڵێن توانای لەناوبردنی مانگە دەستکردەکانی بۆشاییی ئاسمانی هەیە، لە ئەگەری بەکارهێنانی مووشەکی ئەتۆمی.

پێشتر جۆن کێربی، وتەبێژی ئیدارەی ئەمریکا، نیازی ڕووسیای بۆ پەرەپێدانی چەکی نوێی دژە مانگی دەستکردی پشتڕاست کردەوە و لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا بە “مەترسییەکی جددی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی” ناوی برد. بەڵام وتەبێژی ئیدارەی ئەمریکا بەردەوام بوو لە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئەم چەکانە “مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئەمریکییەکان” دروست ناکەن بەڵام وردەکاریی زیاتری سەبارەت بە جۆری سیستەمی چەک کە ڕووسیا بەنیازە لە بۆشاییی ئاسماندا بڵاوی بکاتەوە، نەخستە ڕوو.

وەک لە لێدوانەکانی کێربیدا دەردەکەوێت، باسەکە سەبارەت بە جێگیرکردنی جۆرێک لە چەکی “بۆشاییی ئاسمان”ە، کە لە بنەڕەتدا پێشێلکردنی پەیماننامەی بۆشاییی ئاسمانى ساڵی (١٩٦٧)ە. ئەم پەیماننامەیە کە ڕووسیاش واژۆی کردووە، جێگیرکردنی چەکی کۆمەڵکوژ لە بۆشاییی ئاسمان قەدەغە دەکات. بۆیە پێ دەچێت باسەکە تەنیا لەسەر چەکی دژە مانگی دەستکردی کوشندە نەبێت کە بە هێزی ئەتۆمی کار دەکات، بەڵکوو لەسەر ئەو چەکە ئەتۆمییەیش بێت کە پێشێلی ئەو پەیماننامەیە دەکات.

بە بڕوای شارەزایان بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ئەوەندەیش جێگەی سەرسوڕمان نییە. شارەزایان لە مێژە هۆشدارییان داوە سەبارەت بە تەماحەکانی ڕووسیا لەم بوارەدا. لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی هەڵسەنگاندنی خۆیدا، بە ئاماژەدان بە پلانی ڕووسیا بۆ پەرەپێدان و تاقیکردنەوە و بڵاوکردنەوەی ڕێژەیەکی بەرفراوان لە چەکی بۆشاییی ئاسمانیی وێرانکەر، لایەنی جۆراوجۆری ئەم بەرنامەیەی ناساند. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕووسیا بەرنامەی بۆشاییی ئاسمانیی خۆی پەرە پێ دەدات بۆ بەکارهێنانی چەکی پەیوەست بە پارازیت و فەزای ئەلیکترۆنی، چەکی سایبەری و زەمینیی دژە مانگی دەستکرد.

پێشتر پێنتاگۆن ڕای گەیاندبوو، ڕووسیا سەرقاڵی دروستکردن و پەرەپێدانی سیستەمی مووشەکیی ئەى ئێس ئەى تى (ASAT) دەبێت کە توانای لەناوبردنی سیستەمی بۆشاییی ئاسمانیی دەبێت کە لە خولگەی نزمی زەویدا هەڵکەوتوون. هەروەها بەرپرسانی ئەمریکا ئاگاداری ئەوە بوون کە ڕووسیا خەریکی دروستکردنى مووشەکێکى ASATە بە ناوی بۆرۆستنیکا کە لە ئاسمانەوە هەڵدەدرێ و لەسەر بنەمای سیستەمی کۆنتاکت کار دەکات کە لە سەردەمی سۆڤیەتی پێشوو دامەزراوە.

دروستبوونی پارچەی پاشماوە لە بۆشاییی ئاسمان بەهۆی شەڕ، وا دەکات کە مەحاڵ بێت مرۆڤ بتوانێت زەوی بەجێ بهێڵێت

لە دەرەوەی دەرەنجامە مرۆیی و سیاسییەکانی جێگیرکردنی چەکی وێرانکەر لە بۆشاییی ئاسمان، یەکێک لە نیگەرانییە گەورەکانی زانایان، بەرهەمهێنانی پاشماوەی بۆشاییی ئاسمانە لە خولگەی زەویدا. ئەگەر چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنرێت، ڕێژەی ئەو جۆرە پاشماوەیە دەتوانێت زۆر زیاد بکات.

بە گوێرەی ئاماری ئاژانسی بۆشاییی ئاسمانیی ئەوروپا (ESA)، پارچە پاشماوەی گەورەتر لە نزیکەی دە سانتیمەتر، بە لێدانی مانگە دەستکردەکان یان مووشەکەکان دەتوانن سەدان یان هەزاران پارچە پاشماوەی نوێ بەرهەم بهێنن. بەپێی ڕاگەیاندنی ئەم ڕێکخراوە، لە ئێستادا نزیکەی ٣٦ هەزار و ٥٠٠ پارچە پاشماوە لە بۆشاییی ئاسماندا هەن، بەڵام پێویستە ئەوەیش لەبەرچاو بگیرێت کە پارچەى بچووکتر لەمەیش بە مەترسیدار دادەنرێت.

لە بۆشاییی ئاسماندا یەک ملیۆن پارچە لە نێوان یەک بۆ ١٠ سانتیمەتر قەبارەیان هەیە و مەزەندە دەکرێت کە ١٣٠ ملیۆن پارچە بچووکتریش هەبێت، واتە لە نێوان یەک ملیمەتر بۆ یەک سانتیمەتر پاشماوە لە بۆشاییی ئاسماندا. ئەم بەشانە لەوانەیە زیانێکی زۆر بە سەرچاوەی کارەبا، سیستەمی پەیوەندی، یان هەستەوەرەکانی ئامێرەکانی توێژینەوە بگەیەنن.

پێشتریش لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢١، سوپای ڕووسیا مووشەکێکی دژە مانگی دەستکرد یان ASATی لەسەر مانگی دەستکردی سیخوڕییەکەی کۆسمۆس ١٤٠٨، کە مانگی دەستکردێکی سیخوڕیی لەکارکەوتووی سەردەمی سۆڤیەت بوو، تاقی کردەوە. لەناوبردنی ئەم مانگە دەستکردە زیاتر لە 1500 پارچە پاشماوەی نوێی لە بۆشاییی ئاسمانی لێ کەوتەوە و شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە، هەروەها مشتومڕى لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر قەدەغەکردنی مووشەکی دژە مانگی دەستکرد و تاقیکردنەوەیان ووروژاند. بیل نێڵسن، سەرۆکی ناسا، تاقیکردنەوەکانی بە “بێباکانە”، “مەترسیدار” و “ناسەقامگیرکەر” وەسف کردووە.

لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢، ئەمریکا ڕای گەیاند کە لە داهاتوودا کۆتایی بە هەر تاقیکردنەوەیەکی مووشەکیی دژە مانگی دەستکرد دەهێنێت. لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەمریکا بۆ دواجار چەکی دژە مانگی دەستکردی بەکار هێنا بۆ لەناوبردنی یەکێک لە مانگە دەستکردەکانی. بە گوتەی شارەزایان، بەکارهێنانی مووشەکی دژە مانگی دەستکرد لە شەڕەکانی داهاتوودا ڕەنگە ببێتە هۆی خێرابوونی پڕۆسەیەک کە پێی دەوترێت نەخۆشیی کیسلەر (Kessler syndrome).

نەخۆشی کیسلەر (Kessler syndrome) کاردانەوەیەکی زنجیرەییی کۆنتڕۆڵنەکراوە کە تێیدا پاشماوەی بۆشاییی ئاسمان، یەک لە دوای یەک مانگە دەستکردەکان لەناو دەبات و پاشماوەی زیاتر دروست دەکات و مانگی دەستکردی زیاتر لەناو دەبات. لە ئەنجامدا ڕێڕەوی خولگەی زەوی هێندە بە پاشماوە دادەخرێت کە هیچ هەڵدانێک بۆ بۆشاییی ئاسمان بۆ ساڵانێک و ڕەنگە سەدەیەک ناتوانرێت ڕوو بدات.

بەپێی ئەو دیاردەیە کە لەلایەن زانای ناسا “دۆناڵد کیسلەر”ەوە لە ساڵی ١٩٧٨دا خراوەتە ڕوو، کاریگەریی دۆمینۆی ڕووداوێکی لەو جۆرە ڕەنگە چینێک لە پاشماوەی نەبڕاوە لە دەوری زەوی دروست بکات کە لە بنەڕەتدا هەڵدانی  مانگی دەستکرد بۆ بۆشاییی ئاسمان لە زەوییەوە مەحاڵ بکات و لە کۆتاییدا مرۆڤەکان لەسەر گۆی زەوی گۆشەگیر دەکرێن.

ئایا ئیدیعای پووتین تەنیا قسەیەکی سیاسییە؟

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی باس کرا سەبارەت بە مەترسییەکانی بەکارهێنانی چەکی دژە مانگی دەستکردی ئەتۆمی کە بنکەکەی لە بۆشاییی ئاسماندایە، ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا مەبەستی ڕووسیا بۆ پەرەپێدانی بەرنامەیەکی لەو شێوەیە لە بنەڕەتدا لۆژیکییە؟

ڕۆبێرت م. سۆفەر لە سەنتەری ستراتیژی و ئاسایشی سکۆکرۆفت لە ژوورى بیرکردنەوە (Think Tank)ی ئەنجومەنی ئەتڵەسی ڕای گەیاندووە، ڕەنگە ڕوسیا هەوڵ بدات لە ئەگەری هێرشی یەکەمی ئەتۆمی بە لەناوبردنی مانگە دەستکردەکانی دوژمن کە پێویستن بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردن و ئاراستەکردن، ڕێگری لە تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکا بکات. سۆفەر پێی وایە کە چەکی ئەتۆمیی بۆشاییی ئاسمان وەکوو چەکەکانی دیکەی رووسیا، پەرەپێدانی تۆرپیدۆی ئەتۆمی (nuclear torpedo) کە بە ژێردەریاییی ئەتۆمی هەڵدەدرێت یان مووشەکی کرۆزی ڕووسی بە هێزی ئەتۆمی کار دەکات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە توانای ڕووسیا بۆ هەڕەشەکردن لە ئەمریکا زۆر زیاد نەکات. بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمریکا دەبێت هێزە ئەتۆمی و بۆشایییەکانی خۆی نوێ بکاتەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی هیچ نەیارێک “هەرگیز بیر لە دەستپێکردنی هێرشی یەکەمی سەرکەوتوو بۆ سەر ئەمریکا ناکاتەوە.”

سەرچاوە:

https://www.dw.com/fa-ir

image_pdfimage_print