پێنووس

ئیسرائیل سێ بژاردەی لە بەردەمدایە بۆ وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی

نووسەر: “جاک دێچ” (Jack Detsch)

وەرگێڕانی: پێنووس

هەرچەندە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دەڵێن، زیاتر لە 99%ی سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکیان خستووەتە خوارەوە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە، بەڵام سەرکردەکانی ئیسرائیل دەڵێن هیچ ڕێگەیەکیان نییە جگە لە وەڵامدانەوە.

بژاردەی یەکەم: هێرشکردنە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران

بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ماوەی شەش ساڵدا لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٥+١ (JCPOA) خێراتر بووە. ڕوون نییە کە  ئایا کۆماری ئیسلامی دەستی بە بەرهەمهێنانی مووشەک کردووە کە توانای هەڵگرتنی كڵاوە (سەر)ی ئەتۆمیی هەیە یان نا، بەڵام ئەگەر بڕیاری دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی دابێت، لەوانەیە لە ماوەی چەند مانگێکدا بتوانێت بەدەستی بهێنێت.

دامەزراوە ئەتۆمییەکەی “نەتەنز” یەکێکە لە گەورەترین دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و دەکەوێتە بناری چیای زاگرۆس و لە قووڵاییی زەویدا دروست کراوە و تەنانەت گەورەترین بۆمبی سەنگەرشکێنی ئەمریکییش ڕەنگە نەتوانێت بچێتە ناوییەوە یان بیبڕێت. پێ دەچێت هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە مانای کۆتاییهاتنی هاوپەیمانێتیی کاتیی وڵاتانی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە بەرگریی مووشەکیی ئیسرائیل لە دژی هێرشی کۆماری ئیسلامی، هاوشێوەی شەوی شەممە بێت. شرۆڤەکاران دەڵێن، ڕەنگە ئەم هەنگاوە بریکارەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانەیش حزبوڵڵای لوبنان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆتر لەگەڵ ئیسرائیل بەرێت. لە کاتێکدا ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە پشتگیری لە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئێران ناکات، ئیسرائیلییەکان دەبێ وریا بن لەوەی لە ساڵی هەڵبژاردنی بایدندا گەورەترین پشتیوان و دابینکەری چەکەکانیان تووڕە نەکەن.

بژاردەی دووەم: بەئامانجگرتنی فەرماندەکانی سوپای پاسداران، سوپا (ئەرتەش)، یان چەند شوێنێک لە ناوخۆ یان دەرەوەی ئێران

ئیسرائیل دەتوانێت لە خاکی ئێراندا هێرش بکاتە سەر ئەو ئامانجانەی کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە نییە. بۆ نموونە دەتوانێت فەرماندەیەکی پلە باڵای وەک “سەردار ئەمیر عەلی حاجی زادە”، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بکاتە ئامانج، کە پلانی هێرشی درۆنی و مووشەکیی شەوی شەممەی داڕشتبوو. هەروەها ئیسرائیل دەتوانێت چەند بنکە یان کۆگەکانی چەک لە ناوخۆی وڵات بکاتە ئامانج یان تەنانەت هێرش بکاتە سەر بارەگاکانی سوپای پاسداران.

ڕەنگە ئەم هێرشەی ئێران، ئیسڕائیلی ورووژاندبێت کە هەڵمەتی تیرۆرکردنی فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی ئێران، لە وڵاتانی وەک عێراق و سووریا چڕتر بکاتەوە. ڕەنگە ئیسرائیل هەنگاوی هاوشێوەی هێرشەکەی ١ی نیسان بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە سووریا بگرێتە بەر، کە محەمەد ڕەزا زاهیدی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران لە لوبنان و سووریا و جێگرەکەی و پێنج بەرپرسی دیکە لەم هێرشەدا کوژران.

سەرەڕای مەترسیی زیادبوونی گرژییەکان، کوشتنی فەرماندەیەکی پلە باڵا ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک چاوەڕێی کاتێکی گونجاو بکات.  هەرچەندە ناتانیاهۆ ڕەنگە پشتیوانیی ئیدارەی بایدنی بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە نەبێت، بەڵام ڕەنگە ئەو هێرشە بەس بێت کە پەیامێکی ڕێگریکردن بۆ کۆماری ئیسلامی بنێرێت بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن گرژ بکات.

سەرەڕای ئەمەیش ئەگەری شکستی ئۆپەراسیۆنەکە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر فەرماندەیەکی وەک حاجی زادە یان یەکێک لە دامەزراوەکانی سوپای پاسداران لە ئارادایە. هەروەها ڕەنگە پێویست بێت هێرشێکی لەو شێوەیە لە شەودا ڕوو بدات، چونکە لە پاش هێرشەکانی ڕۆژی شەممە، ڕەنگە زۆرێک لە فەرماندە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، خۆیان حەشار دابێت. هەروەها ڕەنگە گوشارەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان ڕێگە لە وەڵامدانەوەی خێرا بگرێت.

بژاردەی سێیەم: هێرشکردنە سەر پرۆکسییەکان یان هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ئێران

ئەگەر سەرکردەکانی ئیسرائیل نیگەرانی پەرەسەندنی گرژییەکان بن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانەیە بۆ وەڵامدانەوەیەکی ئاستنزم بچن: بەئامانجگرتنی هێزەکانی بەوەکالەتی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان هێرشی ئەلیکترۆنی دەست پێ بکەن بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە دەستی باڵایان لە ناوچەکەدا هەیە. چونکە سووکایەتیپێکردنێکی دیکە – دوای ئەوەی نزیکەی هیچ کام لە درۆنەكان و مووشەکەکانی ئێران بەر ئیسرائیل نەکەوت – دەشێت گورزێکی دیکە بێت لە ناوبانگی نێودەوڵەتیی تاران.

حزبوڵڵای لوبنان نزیکترین و گرنگترین گرووپی بەوەکالەتی کۆماری ئیسلامییە لە ناوچەکەدا. لە شەش مانگی ڕابردوودا ئیسرائیل هێرشی بەرپەرچدانەوە و تۆڵەسەندنەوەی کردۆتە سەر ئەم گرووپە چەکدارە لوبنانییە، بەڵام ئیسرائیل دەتوانێت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی جددیتر لە دژی حزبوڵڵا دەست پێ بکات. بەڵام ئەم بژاردەیە مەترسییەکانی خۆیشی هەیە. لە دوای هێرشی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل، حزبوڵڵا هەوڵی داوە خۆی لە جەنگێکی تەواو لەگەڵ ئیسرائیل بپارێزێت. بۆیە ئەگەر حزبوڵڵا بڕیار بدات بچێتە ناو جەنگێکی لەو شێوەیە، پەرەسەندنی گرژییەکان بەرچاو دەبێت. چونکە حزبوڵڵا خاوەن جبەخانەیەکە کە زیاتر لە 100 هەزار مووشەکی هەیە و شەڕڤانانی، مەشق و ڕاهێنانیان پێ کراوە. ئەم گرووپە چەکدارە بێ گومان زیانی گیانیی زۆری بەردەکەوێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بۆ ئیسرائیلیش دەتوانێت هەر بەم شێوەیە بێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەیش، دوای هێرشی ڕاستەوخۆ و بێوێنەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، ناتانیاهۆ لەژێر گوشاری ئەندامانی توندڕەوی کابینەی جەنگی حکوومەتەکەیدایە بۆ ئەوەی وەڵامێکی توندتری ئێران بداتەوە.

وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکەی شەوی شەممە بۆ سەر ئیسرائیل چەکێکی زۆری بەکار هێنا و بە وتەی فرانک مەکێنزی، بەرپرسی پێشووی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، کۆماری ئیسلامی ئەو مووشەکانەی لە کۆگە دەرهێناوە و بەشێکی بەرچاوی جبەخانەکانی بۆ ئەگەری جەنگێکی ناوچەیی بەتاڵ کردووە. بەڵام ئاڵنگاریی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بۆ سەر ئیسرائیل، نەبوونی مووشەکهاوێژە. مەکێنزی دەڵێت، ئێران تەنیا نزیکەی 300 مووشەکهاوێژی هەیە بۆ ئەم جۆرە هێرشە و ئەگەر تاران بیەوێت هێرشێکی گەورە لە ناوچەکەدا ئەنجام بدات، ئەم پرسە گرفت و ئاڵنگارییەکی جددیی بۆ دروست دەکات.

لە لایەکی ترەوە ئیسرائیل بەهۆی ڕەهەندی مەودای دوورییەوە و، لە دۆخێکی باشتردایە بەبەراورد لەگەڵ ئێران. سنوورەکانی ئیسرائیل نزیکەی ١٨٠٠ کیلۆمەتر لە هەندێک لەو بنکە مووشەکییانەی کە کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکەی شەوی شەممەدا بەکاریان هێنا، دوورە. بەڵام هەردوو لا لە ترسی ئەگەری خراپترین سیناریۆ، کەمێک دانبەخۆگرتن لە خۆیان نیشان دەدەن. لەم بارەیەوە مەکێنزی دەڵێت: ئێرانییەکان بیریان لەوە دەکردەوە چی ڕوو دەدات ئەگەر 500 ئیسرائیلی بکوژرێن و چەند فڕۆکەی ئێف 35 بتەقێنرێنەوە و ڕەنگە کەنیسەیەکیش بەر هێرشەکە بکەوتبایە؟ من دەزانم وەڵامی ئیسرائیل چی دەبوو. بۆیە بەدڵنیایییەوە (ئێرانییەکانیش) دەبێ بە هەمان شێوە بیریان کردبێتەوە.

سەرچاوە:

https://foreignpolicy.com

image_pdfimage_print