پێنووس

ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل چۆن یارمەتیی سەرکردەکانیان دەدات لە دەسەڵاتدا بمێننەوە؟

“جەک ستراو” (Jack Straw)*، وەزیری پێشووی دەرەوەی بریتانیا

وەرگێڕانی: پێنووس

پرسیارێک: جەنگی ئێران و عێراق لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨ یەکێک بوو لە خوێناویترین جەنگەکانی دوای جەنگی جیهانیی دووەم. زۆربەی زلهێزەکانی جیهان به شێوەیەکی کارا پاڵپشتیی دەستدرێژکارەکە -عێراق-یان کرد، بەو هیوایەی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران که له ساڵی 1979 دەستی پێ کرد، بتوانرێت کپ بکرێت. کام وڵاتی ڕۆژاوا تاکە دابینکەری جێگەی متمانە و بەردەوامی چەک بوو بۆ ئێران؟ وەڵام: ئیسرائیل. ئێران بەبێ یارمەتیی ئیسرائیل نەیدەتوانی لە جەنگی هەشت ساڵە ڕزگاری بێت. هەروەها چالاکییە سەربازییە سەرەکییەکان هەماهەنگ کرابوون.

لە مانگی نیسانی ساڵی 1981 بە کەڵکوەرگرتن لە وێنەی ئاسمانی کە لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە دابین کرابوو، هێزی ئاسمانیی ئێران زیاتر لە 40 فڕۆکەی جەنگیی عێراقی لە بنکەی ئاسمانیی H3 لە ڕۆژاوای عێراق لەناو برد. دوای سێ مانگ، ئەوە ئێران بوو کە “وێنەی ئاسمانی”ی خستە بەردەستی ئیسرائیلییەکان، کە ئەوان بۆ لەناوبردنی سەرکەوتووانەی دامەزراوەی سەرەکیی چەکی ئەتۆمیی سەددام حوسێن لە ئۆسیراک یان تەممووز (Osiraq) بەکاریان هێنا.

ڕوانگەی شرۆڤەکارە سەرەکییەکانی سی ئای ئەی (کە ئێستا لە پۆلێینبەندیی زانیارییە نهێنییەکان دەرهاتووە) ئەوە بوو کە ئەگەر ئۆسیراک لەناو نەچێت، سەددام حسێن “پێ دەچێت” تا ساڵانی 1984-1985 ببێتە خاوەن چەکێکی ئەتۆمی کە توانای بەکارهێنانی هەبێت.

مێناخیم بێگین (١٩١٣ـ ١٩٩٢) سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی (١٩٧٧ـ١٩٨٣) ئیسرائیل و، کەسێکی سەرسەخت و بەئیرادە بوو. ئایەتوڵڵا ڕۆحوڵڵا خومەینی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامییش هەروا بوو. بڕیاریان دا هاوکاریی یەکتری بکەن (ئەگەرچی بەنهێنی) چونکە دەركردنی ژەهری سەددام لە بەرژەوەندیی هاوبەشیاندا بوو. هیچ کامیان ئەوی دیکەیان بەدڵ نەبوو – و كێشەكە ئەوە نەبوو – بەڵام پێك هاتن و بەردەوام بوون.

ئەوەی ڕاستی بێ، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا بوو کە بەڕاستی پەیوەندییەکان تێک چوون. كۆمەڵێك هۆکاری جۆراوجۆر ڕۆڵیان هەبوو. فەتوای ستەمکارانەی خومەینی لە دژی سەلمان ڕوشدی لە ساڵی ١٩٨٩ و لەوەیش گرنگتر ململانێی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بۆشاییی دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، هاوکات لەگەڵ شکستی عێراق لە جەنگی یەکەمی کەنداوی فارس لە ساڵی ١٩٩١، کاریگەرییان لەسەر ئەم پرسە هەبوو.

هەرچەندە ئێستا لە کۆمەڵگەی ئێراندا دابەشبوونێکی قووڵ هەیە، بەڵام لە نێوان ئەو کەمینە بچووکەدا کە لایەنگری چالاکی کۆماری ئیسلامین و ئەوانی دیکە، شتێک هەیە کە لەودیوی هەر دابەشبوون و جیاوازییەکدایە. ئەم هەستە بەهێزە لە شانازیکردنی نەتەوەی ئێران بە شارستانییەتەکەی و، بە هەمان شێوە ناڕازیبوونێکی بەهێز کە ئێران لەو پێگە و شوێنەدا نییە کە وەک زلهێزێکی گەورەی ناوچەیی شایەنیەتی.

خومەینی و “عەلی خامنەیی”ی جێنشینی، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا چەندان وتاری دژ بە ئیسرائیلیان پێشکەش کردووە، بەڵام دووبارە و کلێشەیی بوون. ئەوەی هەڵوێستی ئێرانی گۆڕی، بێبەشکردن و دوورخستنەوەی بوو لە کۆبوونەوەی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مەدرید لە ساڵی ١٩٩١ کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕێگەی بۆ ڕێككەوتننامەی ئۆسلۆ خۆش کرد.

پێشتر سەرەڕای شەڕەقسەیان، ئێرانییەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕایان گەیاندبوو کە فەڵەستینییەکان هەر بڕیارێک بدەن قبووڵی دەکەن. بەڵام کاتێک لە کۆبوونەوەکە دوور خرانەوە هەڵوێستیان گۆڕی. ئەوان بە شێوەیەکی گەمژانە “یاسر عەرەفات”یان بە “خیانەت لە گەلی فەڵەستین” تۆمەتبار کرد و دواتر خۆیان لە بەرەی حەماس و ڕێکخراوەکانی دیکە، کە پەیمانەکەیان ڕەت کردەوە، بینییەوە.

بۆ ئیسحاق ڕابین، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەو کاتەدا، ئەوە نیعمەتێک بوو کە لە ئاسمانەوە کەوتە خوارەوە. ڕابین بە قبووڵکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ عەرەفات، قومارێکی سیاسیی گەورەی کردبوو. سەرەڕای پابەندبوون بەو کارە، بەهێزترین دژایەتیی ئەم ڕێککەوتنە لەناو ئیسرائیلدا بوو. ڕابین دوژمنایەتی و تووڕەییی ئێرانییەکانی بۆ كیانی ئیسرائیلی قۆستەوە و توانیی خۆی لێ لا بدات، ئێرانییەکانی وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژیی ڕاستەقینە لە دژی ئیسرائیل خستە ڕوو و  کەڵکی لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر عەرەفات و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین وەرگرت بۆ جەختکردنەوە لەسەر میانڕەویی ڕێژەییی ئەوەی دووەمیان [بەرامبەر ئیسرائیل].

تریتا پارسی، پسپۆڕی کاروباری ئێران دەنووسێت: “گۆڕانکاری لە ئیسرائیل [لە تێڕوانینی بەرامبەر ئێران] چەندە توند بوو، ئەوەندەیش پێشبینینەکراو بوو.” بەڵام ئەنجامی هەبوو. لەو کاتەوە، باڵی ڕاستی ئیسرائیل لەگەڵ شوێنکەوتووانی لە ئەمریکا و لایەنە توندڕەوەکانی ئێران- کە تا دێت هەوڵی زیاتر بۆ مانەوە لە دەسەڵات دەدەن- یەكتریان ژیاندووە. ناتانیاهۆ و خامنەیی پەتی ڕزگارکەر بۆ یەکتر دابین دەکەن، بۆ مانەوە لە دەسەڵات.

هێرشی درۆن و مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە شەوی شەممەی هەفتەی ڕابردوودا، ئێستا سەرنجی نێودەوڵەتیی لە ئازار و وێرانکارییە ناڕەواکانی غەززە لا دا و، سەرنجی خستۆتە سەر ئیسرائیل وەکوو قوربانییەک.

لە ئێراندا ڕژێم، بۆ بەهێزکردنی هەستی نیشتمانپەروەری کەڵک لەم هێرشە وەردەگرێت. لە هەلومەرجێکی ئاساییدا ئەستەمە حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری میانڕەوی پێشووی ئێران، ڕێگەی پێ بدرێت بۆ ناو ڕووماڵی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان. بەڵام ئەم هەفتەیە وا نەبوو؛ ڕێگە بە ڕۆحانی درا بۆ ئەوەی لێدوانێکی توند لە دژی “زایۆنیستەکان” بدات و هۆشداری بدات لەوەی ئیسرائیلییەکان ئەگەر “بەردەوام بن لە دەستدرێژیکردن” سزا دەدرێن. (زۆر بەوردی چاودێریی ڕۆژنامەگەریی ئێران دەکەم). ئەوەی کە بەتایبەتی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ڕۆحانی ئەو سیاسەتمەدارە ئێرانییە بوو کە لە ساڵی ٢٠١٥ زیاتر لە هەموو سیاسەتمەدارێک هەوڵی دا لە ڕێگەی دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە، ئێران لە گۆشەگیری دەربهێنێت.

لەگەڵ هاوتا فەڕەنسی و ئەڵمانییەکانم، لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەو دانوستانانەم دەست پێ کرد – هەروەها لەگەڵ ڕۆحانی کە ئەوکات سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بوو. ڕۆحانی زیاتر کێشەی لەگەڵ لایەنە (ناوخۆیییەکانی ئێران) هەبوو تاكوو لەگەڵ ئێمە. دوای خولێک لە دانوستانی چڕوپڕ لە پایتەختێکی ئەوروپا، وشە بە وشە لەسەر ڕاگەیەندراوێک ڕێک کەوتین. لە شەمەندەفەرەکەدا، لە ڕێگەی ماڵەوە، نووسینگەکەم تەلەفۆنی بۆ کردم بۆ ئەوەی پێم بڵێت کەمال خەڕازی، وەزیری دەرەوەی ئێران (و هاوڕێی من) پێویستە بەپەلە قسەم لەگەڵ بکات. چوومە تەوالێت (WC) بۆ ئەوەی هەموو ئەو کەسانەی لە واگۆنەکەدان گوێیان لە گفتوگۆکەمان نەبێت. کەمال دەیویست بەشێک لە دەقەکە کە تەنیا چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، دووبارە بکرێتەوە. کەمال وتی: ” بڕگەی 15 (ب) دەبینن؟” وتم: نەخێر کەمال، بەداخەوە نایبینم. من لە تەوالێتی شەمەندەفەرەکەدام. ئەو کاغەزانەم پێ نییە و وتم: هاوڕێ، باشە دەزانی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی ئێران چەند زەحمەتە؟ لە بەرامبەر ئەمەدا خەڕازی خێرا وتی: “جەک”، تۆ ئەسڵەن دەزانی دانوستان لەناو حکوومەتی ئێران چەند قورسە؟

ئەو زەحمەتە ناوخۆیییانە کاتێک کە ڕۆحانی و محەممەد خاتەمی، سەرۆکی میانڕەوی پێش خۆی، لە پۆستەکەیدا بوون، توند بوون. ئەوان لە هەڵبژاردنێکی تا ڕاددەیەک دادپەروەرانەدا پشتیوانییەکی زۆر بەرفراوانیان [لەلایەن دەنگدەرانەوە] وەرگرتبوو، بەڵام لەژێر کۆنترۆڵی “حکوومەتێکی شاراوە”ی هەڵنەبژێردراودا بوون بە ناوەندێتیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ئایەتوڵڵا خامنەیی. بەڵام تا ئەمڕۆش کە هەموو لقەکانی حکوومەت لە ڕێگەی نەهێشتنی کاندیدە “نەشیاوەکان” (لەوانەیش ڕۆحانی) و سەرکوتکردنی بەردەوام بە توندڕەوەکانەوە بەستراوەتەوە، ڕژێم لە ئاستی ناوخۆدا زۆر بیانووگر و كەللەڕەقە.

ئەمەیش بە شێوەیەکی سەرەکی لەبەر سێ هۆکارە: پێش هەموو شتێک، ڕژێم لە ناخی دڵەوە دەزانێت کە ڕەزامەندی و دوودڵیی زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانی ئێران – ڕەنگە لە دەوروبەری ٨٠٪ -ی بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و هەمیشەیی لەدەست داوە. ئەم پرسە هاوکات بوو لەگەڵ سەرکوتکردنی توند و دڕندانەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵانی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ لە دژی کوشتنی بەئەنقەستی “مەهسا (ژینا) ئەمینی” کە بەهۆی حیجابنەكردنێكی گونجاو (زۆرەملێ) دەستبەسەر کرابوو.

 ئابووری، بەردەوام لە کێشەدایە. هەڵاوسان بەربڵاوە – بەتێکڕا ٢٥% لە ساڵێکدا؛ بەهای دراوی وڵات دابەزیوە، ڕێژەی بێکاری زۆرە، لەنێو گەنجانی خوێندەواریشدا. جگە لەوەیش پرسی کێبڕکێ و ململانێ بۆ جێگرتنەوەی خامنەیی – کە هەینیی ڕابردوو تەمەنی بوو بە ٨٥ ساڵ و، هەرگیز بەتەواوی لە هەوڵی تیرۆرکردنەکە چاک نەبووەتەوە و لە ساڵی ١٩٨٩ەوە لەسەر تەختی دەسەڵاتە.

ناتانیاهۆ لە ڕووی تاکتیکییەوە شارەزایە، بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە کارەساتە. ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ هەرچەشنە زێدەخوازیی ئێرانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ چەند دەیە دوا دەخست و توندترین پشکنینی نێودەوڵەتیی بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران مسۆگەر دەکرد. بەڵام ناتانیاهۆ تووڕە بوو و “ترامپ”یشی هان دا هەر ئەوە بکات. لە ساڵی ٢٠١٨دا ترامپ لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە، کە ئەنجامەکەی تەواو پێشبینیکراو بوو. ئێرانییەکان ئێستا بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو (U235)یان خێراتر کردووە بۆ 60% چڕی، بەبێ هیچ سنووردارێتییەك، كە لەم قۆناغە بەدواوە زۆر ئاسانە ئاستی پیتاندن بەرز بکرێتەوە تا ڕێژەی 90% بۆ بەرهەمهێنانی چەک.

ئایا دەیکەن؟ زەحمەتە بتوانین بڵێین، بەڵام ئەگەر ناتانیاهۆ کاردانەوەی توندی هەبووایە بەرامبەر بە هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوو، ئەوانەی لە ئێران لەمێژە دەیانویست وڵاتەکە ببێتە هێزێکی ئەتۆمی، دەیانتوانی ببنە براوەی گۆڕەپانەکە (یارییەکە). ئەوکات دونیا دەبێتە شوێنێکی زۆر مەترسیدار. لەگەڵ ئیسرائیل و پاکستان و هیندستان و ئێران کە هەموویان خاوەنی جبەخانەی ئەتۆمین و “پووتین”یش هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی “تاکتیکی” دەکات لە ئۆکراینا، ڕەنگە سعوودیا و تورکیاش هەمان ڕێچکە بگرنە بەر. ئای چەندە پێویستمان بە عەقڵانییەت و حیکمەتی مێناخێم بێگین و ڕۆحوڵڵا خومەینییە!

  • جاک ستراو لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٦ وەزیری دەرەوەی بریتانیا بووە. هەروەها نووسەری کتێبی “کاری ئینگلیزەکانە: ناسینی ئێران” و سەرۆکی ئێستای ژووری بازرگانیی بریتانیا – ئێرانە.

سەرچاوە:

https://www.independentpersian.com

https://www.independentarabia.com

https://www.independent.co.uk

image_pdfimage_print