پێنووس

پشتڕاستکردنەوە: ئێران لە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل چ مووشەکێکی بەکار هێنا؟

پشتڕاستکرنەوەی BBC بەشی فارسی

 ئامادەکردن: باران عەباسی

وەرگێڕان: پێنووس

ئیسرائیل دەڵێت تەنیا ژمارەیەکی کەم لەو مووشەکانە دوای ئەوەی بە چینە ئاڵۆزەکانی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەدا تێ پەڕین، بەر خاکی وڵاتەکەیان کەوتووە. سوپای ئیسرائیل ڕای گەیاندووە، ئێران 300 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ی ئاراستەی وڵاتەکەی کردووە. بە گوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل لەم هێرشەدا 170 درۆن و 120 مووشەکی بالیستیک و 30 مووشەکی کرووز بەکار هێنراون. بەپێی ئاماری سوپای ئیسرائیل، لە کۆی 30 مووشەکی کرووز، 25 مووشەکی بەر لە گەیشتنیان بە ئیسرائیل خراوەتە خوارەوە.

کورتترین ڕێگەی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەزار کیلۆمەترە کە بە عێراق و سووریا و ئوردندا تێ دەپەڕێت. جگە لە ئێران، مووشەکەکان لە عێراق، سووریا و یەمەنیش ئاراستەی ئیسرائیل کران. ئوردن، فەڕەنسا، ئەمریکا و بریتانیا، هاوشانی ئیسرائیل، ڕۆڵیان هەبوو لە خستنەخوارەوەی مووشەک و درۆنی ئێرانی.

ئێران چ جۆرە چەکێکی بەکار هێناوە؟

تا ئێستا حکوومەتی ئێران بەفەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر جۆری ئەو چەکانە نەداوە کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەکار هێنراون، بەڵام لەو ڕاپۆرتەدا کە لە کەناڵی ئاسمانیی ئێران سەبارەت بە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل پەخش کرا، درۆنی شەهید ١٣٦، مووشەکی بالیستیکی عیماد و مووشەکی کرووزی پاوە بینران.

ڕاپۆرتی تەلەڤزیۆنی دەوڵەتیی ئێران سەبارەت بەو چەکانەی کە لە هێرشی سەر ئیسرائیل بەکار هێنراون

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆماری ئیسلامی، ئیرنا، مووشەکی بالیستیکی ” خەیبەرشكێن” (خیبرشکن) و “عیماد” (عماد) و مووشەکی کرووزی “پاوە”ی وەک ئەو چەکانەی لەم ئۆپەراسیۆنەدا تەقێنراون، باس کردووە. هەروەها ئاژانسی هەواڵی مەشرەق بڵاوی کردەوە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا مووشەکی “قەدر” (قدر)یش بەکار هێنراوە.

مووشەکی عیماد

ئەو وێنانەی کە میدیاکانی ئێران لە تەقاندنی ئەو چەکانە بەرەو ئیسرائیل بڵاویان کردۆتەوە، لەگەڵ پاشماوەی ئەو مووشەکانەی کە دوای خستنەخوارەوەی لە ئوردن و ئیسرائیل و عێراق بینراون و بەراوردکردنیان لەگەڵ وێنە فەرمییەکانی تاقیکردنەوەی ئەو چەکانە یان نمایشکردنیان لە نمایشە سەربازییەکان لە مانگەکاندا و ساڵانی ڕابردوودا، بەکارهێنانی هەندێک لەو چەکانە پشتڕاست دەکەنەوە. بۆ نموونە لەسەر پاشماوەی ئەو مووشەکەی کە لە سەیرانگەی دەریای مردوو (البحر الميت) کەوتۆتە خوارەوە و دوای دوو ڕۆژ سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا نمایشی کرد، ژمارەیەکی زنجیرەیی دەبینرێت کە هاوشێوەی ئەو ژمارە زنجیرەیییەیە کە لەسەر وێنە فەرمییەکانە لە مووشەکی عیماد.

ژمارەی زنجیرەیی لەسەر لاشەی مووشەکەکە لە کەناری “دەریای مردوو”

ژمارەی زنجیرەیی لەسەر پاشماوەی ئەو مووشەکە بالیستییەی کە سوپای ئیسرائیل دوو ڕۆژ دوای ئۆپەراسیۆنی ئێران پیشانی دا

ژمارەی زنجیرەیی لەسەر وێنەی فەرمیی مووشەکی عیماد

هەروەها لە وێنەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیكس (“تویتەر”ی پێشوو) بڵاو کرایەوە، پارچەیەک کە لە ئوردن خراوەتە سەر زەوی، ژمارەیەکی زنجیرەیی لەسەر پەڕەیەکی کانزای دەبینرێت.

پارچەیەک کە لە ئوردن کەوتە سەر زەوی

فابیان هاینز، شارەزای بواری چەکی ئێرانی لە ئینستیتیوتی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان دەڵێت، ئەم ژمارە زنجیرەیە زۆر لەو ژمارە زنجیرانە دەچێت کە پێشتر لەسەر مووشەکەکانی عیماد بینراوە. هاینز بە “بی بی سی”ی ڕاگەیاندووە، ئەو پەڕە کانزایییە تەنکە کە لە وێنەکەدا دەبینرێت، هاوشێوەی بەشێک لە جەستەی ئەو جۆرە مووشەکانەیە کە بە سووتەمەنیی Liquid fuel کار دەکات، لە کاتێکدا مووشەک بە سووتەمەنیی Solid fuel پێویستیان بە جەستەی پۆڵا یان ڕیشاڵی کاربۆنی هەیە بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو پاڵەپەستۆیە بگرن.

بەشی پڕۆژەی بەرگریی مووشەکی لە سەنتەری لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتی و ستراتیژییەکان، مووشەکی عیماد بە مووشەکێکی بالیستیکی بە سووتەمەنیی شل و بە درێژاییی ١٦ مەتر وەسف دەکات و مەودای بڕینی ١٧٠٠ کیلۆمەتر و باری سوودبەخشی ٧٥٠ کیلۆگرامە. ئێران دەڵێ، عیماد یەکەم مووشەکی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیە و توانای ئاراستەکردن و کۆنترۆڵکردنی هەیە تا ئەو ساتەی ئامانجەکەی دەپێکێت. ڕاستییەكەی، عیماد جۆرێکی تری مووشەکی “شەهاب ٣”یە کە مۆدێلەکەی لە مووشەکی نۆدۆنگی کۆریای باکوور وەرگیراوە.

مووشەکەکانی کۆریای باکوور

شارەزایان دەڵێن، ساتەوەختی تەقاندنی مووشەکەکەی عیماد لەو وێنانەی کە لە میدیاکانی ئێران سەبارەت بە هێرشەکەی سەر ئیسرائیل بڵاو کراونەتەوە، دەبینرێت.

وێنەی ئەو مووشەکەی کە لەلایەن شارەزایانەوە بە “عیماد” ناسێنراوە لە وێنەی بڵاوکراوەی میدیاکانی ئێرانی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیلدا دەبینرێت

وێنەی فەرمیی مووشەکی “عیماد” لە ڕێپێوان (خۆپیشاندان)ی ساڵی ٢٠٢٢

بە گوتەی فابیان هاینز، جگە لە مووشەکی “عیماد”،  بەپێی ئەو وێنانەی کە بڵاو کراونەتەوە، مووشەکەکانی “قەدر” و “خەیبەرشكێن” ئەو مووشەکانەن کە ئاراستەی ئیسرائیل کراون.

مووشەکی قەدر

پرۆژەی بەرگریی مووشەکی لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و ستراتیژی، مووشەکی قەدر بە مووشەکێکی بالیستی وەسف دەکات کە مەودای نێوان 1600 بۆ 1950 کیلۆمەتر دەبێت. ئەم مووشەکەیش وەک “عیماد” جۆرێکی تری “شەهاب ٣”یە، بەڵام چەشنێکی پێشکەوتووترە. بە گوێرەی ئەم ناوەندە، جیاوازترین تایبەتمەندیی قەدر بە بەراورد بە “شەهاب 3″، لووتکەی گۆچکەیی و جەستە ستوونییەکەیەتی، کە لە “بوتڵی شیری منداڵ” دەچێت.

شارەزایان دەڵێن مووشەکی قەدر لەو وێنانەی کە لە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بڵاو کراونەتەوە، دەناسرێتەوە

مووشەکی خەیبەرشكێن (خیبرشکن)

“خەیبەرشکێن” مووشەکێکی بالیستیی مەودای مامناوەندە و سووتەمەنییەکەی Solid fuelە و دووریی مەودای پێکانی نزیکەی ١٤٥٠ کیلۆمەترە. شارەزایان دەڵێن، ئەم مووشەکە بە شێوەی جیاوازی سەری جەنگی و باڵە جووڵاوەکانی لە وێنەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران دژی ئیسرائیل دەناسرێتەوە. خەیبەرشكێن، نەوەی نوێی مووشەکەکانی سوپای پاسدارانە کە لە ساڵی ٢٠٢١ پەردەی لەسەر لادرا.

بە قسەی شارەزایان، ئەمە ساتەوەختی تەقاندنی مووشەکی خەیبەرشكێنە، کە لە وێنەکانی میدیای ئێرانی لە هێرشەکەی سەر ئیسرائیلدا دەبینرێت

مووشەکی پاوە

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا ئاماژەی بە “پاوە” کردووە وەک مووشەکێکی کرووز کە لە هێرشی سەر ئیسرائیل بەکار هاتووە. فابیان هاینز، پسپۆڕی چەکی ئێرانی لە ئینستیتیوتی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان پێی وایە کە پاوە بەهێزترین و زیاترین بژاردەیە کە ئێران دەیتوانی هەڵی بژێرێت، چونکە توانای گەیشتن بە ئیسرائیلی هەیە بە پێکانی مەودای مەزەندەکراو بە ١٦٥٠ کیلۆمەتر.

شارەزایان مووشەکی کرووزی “پاوە”یان لە وێنەکانی میدیاکانی ئێراندا سەبارەت بە هێرشەکەی سەر ئیسرائیل دەستنیشان کردووە

وێنەی فەرمیی مووشەکی کرووزی “پاوە” لە نمایشێکی سەربازی لە ئێران

بنکەی ئاسمانیی نەواتیم لە ئیسرائیل دوای هێرشی مووشەکیی ئێران

بنکەی ئاسمانیی نەواتیم لە باشووری ئیسرائیل یەکێکە لەو شوێنانەی کە سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە لە هێرشەکەی ئێراندا زیانێکی کەمی بەرکەوتووە. ئەم هێرشە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی مووشەکی قەدر و عیمادیان بەکار هێنابوو بۆ “هاوشێوەسازی”ی هێرشێک بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانیی دیکەی ئیسرائیل لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤.

لەو ڕاپۆرتانەی ئاژانسی هەواڵی “تەسنیم”ی نزیک لە سوپای پاسداران و، هەروەها تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی ئێران بڵاوی کردۆتەوە، بنکەی ئاسمانیی “پەڵماخیم” (Palmachim Airbase) کە یەکێکە لە گرنگترین بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، وەک ئامانجی مووشەکەکانی ئێران ناسێندرا.

وێنەکە لە ڕاپۆرتی تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی ئێرانەوە وەرگیراوە سەبارەت بە “هاوشێوەسازی”ی هێرش بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانیی ئیسرائیل

وێنەکە لە ڕاپۆرتی تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی ئێرانەوە وەرگیراوە سەبارەت بە “هاوشێوەسازی”ی هێرش بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانیی ئیسرائیل

ئایا ئێران هەموو هێزی سەربازیی خۆی بەکار هێنا؟

ئێران دەڵێت ئەو هێرشە بۆ سەر ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکەی ١-٤-٢٠٢٤ بووە بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی کە دوو فەرماندەی باڵای ئەو هێزە بوون. ئێران، دەوڵەتی ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانێت لەم هێرشە، هەرچەندە ئەم وڵاتە ئەمەی پشتڕاست نەکردۆتەوە و ڕەتیشی نەکردۆتەوە.

حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، هێرشی سەر ئیسرائیلی بە “سنووردار” وەسف کرد و وتی: تەنیا ئەو بەشانەی دەستیان لە هێرشی سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیدا هەبووە، کراونەتە ئامانج. هەروەها وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی “ئەبولفەزڵ عەمۆیی” (ابوالفضل عمویی)، ڕای گەیاندووە، “هێزێکی بەرچاومان بەکار نەهێنا”، بەڵام “ئامادەین بۆ بەکارهێنانی ئەو چەکانەی پێشتر بەکارمان نەهێناوە.” بەڵام “شۆن شێخ” لە پرۆژەی بەرگریی مووشەکی لە سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، دەڵێت: “هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێران بەئەنقەست مووشەکی تەکنەلۆژیای کۆنتر یان سادەتری بەکار هێنابێت بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان”. هەروەها “فابیان هاینز” هاوڕایە لەگەڵ ئەم بۆچوونە و دەڵێت: ئێران تەنیا چەند جۆرێکی مووشەکی هەیە کە توانای گەیشتنیان بە ئیسرائیل هەیە. ئێرانییەکان هەردوو مۆدێلی کۆن و نوێتریان بەکار هێناوە. بە بۆچوونی من، ئێران لە کاتی هەڵبژاردنی چەک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، دانبەخۆگرتنی خۆی نیشان نەداوە و پێم وانییە ئێران توانای بەرزکردنەوەی کوالیتیی هێرشە ئەگەرییەکانی داهاتووی هەبێت بە هەڵبژاردنی مووشەکی جۆری دیکە.

سەرچاوە:

https://www.bbc.com

image_pdfimage_print