پێنووس

“شنگنی ئیسلامی”… چی لە پشت بانگەوازەکەی سەرۆککۆماری ئێرانەوەیە بۆ “سڕینەوەی سنوورەکان”؟

وەرگێڕانی: پێنووس

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە یەکەم سەفەری دەرەوەی وڵات دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆککۆماری ئێران، داوای نەهێشتنی سنوورەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی یان وەک خۆی ناوی لێ نا “شنگنی ئیسلامی” کرد. بەپێی ڕاپۆرتی خەلیج ئۆنلاین، ئەم بابەتە پرسیار لەسەر ئەم بانگهێشتە و ئەگەری بەدیهێنانی دەورووژێنێت.

بەغدا شوێنی یەکەم گەشتی دەرەوەی پزیشکیان بوو. لەم سەفەرەیشدا لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق، عەبدوللەتیف ڕەشید، کۆ بووەوە و داوای نەهێشتنی سنوورەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامیی وەک یەکێتیی ئەوروپای کرد. بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆککۆماریی ئێران، پزیشکیان ئاماژەی بە مێژووی نەپساوە و بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات کردووە و جەختی لەسەر پێویستیی دروستکردنی یەکێتییەک بۆ وڵاتانی ئیسلامی کردەوە.

هەروەها داوای کرد کە بە پشتبەستن بە ئەزموونی یەکێتیی ئەوروپا (شنگن) هەنگاو بۆ نەهێشتنی سنوورەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی بگیرێتە بەر و ڕوونیشی کردەوە، کە یەکڕیزیی نێوان وڵاتانی ئیسلامی دەتوانێت هەموو گەمارۆکانی ڕۆژاوا بێكاریگەری بكات (پووچەڵ بكاتەوە).

بیرۆکەی پزیشکیان

ڕۆژنامەی نەزاڤیسیمایا (نيزافيسيمايا)ی ڕووسی، بە ئاماژەدان بە پێشنیاری سەرۆککۆماری ئێران و لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامانجی تاران پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکانی ڕۆژاوایە و عێراق تاکە وڵاتێکە کە تاران بتوانێت ئەو ئەزموونەی لەگەڵدا جێبەجێ بکات.

لەو دیدارانەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەبدوللەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق و سەرکردە سیاسییەکانی دیکە و سەرۆکهۆزەکان ئەنجامیان دا، سەرۆککۆماری ئێران باسی لە پرسی پاراستنی یەکگرتووییی وڵاتانی ئیسلامی لە شەڕی دژی زلهێزە بیانییەکان و ڕۆژاوا و ئیسرائیل کرد. ڕۆژنامەکە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشنیاری پزیشکیان لە ئێستادا تەنیا بیرۆکەیەکە؛ هەرچەندە پزیشکیان هۆکاری هەیە بۆ ئەوەی بیر لەو ڕێگەیە بکاتەوە کە بەنیازە بەرگریی لێ بکات.

لەم بارەیەوە، واسق سەعدوون، شرۆڤەکاری سیاسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی خەلیج ئۆنلاین ڕای گەیاند، بانگهێشتکردنی پزیشکیان بۆ لابردنی سنوورەکان هاوتەریبە لەگەڵ ئەو زنجیرە لێدوانە ئەرێنییەی کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی لە پۆستە سەرۆکایەتییەکەیەوە سەبارەت بە باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، داویەتی.

لەو چوارچێوەیەدا، واسق سەعدوون ئاماژەی بە وتارەکەی پزیشکیان کرد، کە دوای سوێندخواردنی یاسایی لە ڕۆژنامەی تاران تایمزدا بڵاو کرایەوە، كە تیایدا پزیشکیان ڕای گەیاندووە کە ئێران دەستی دۆستایەتی و برایەتی بۆ هەموو دراوسێ و وڵاتانی ناوچەکە درێژ دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەیش دا، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان، چ وڵاتانی دراوسێ یان وڵاتانی دیکه، لەسەر نیازی باش یان لێدوانی دیپلۆماسیی جوان نییه، بەڵکوو لەسەر ئیرادەی سیاسیی ڕاستەقینەی ئەو وڵاتانه و کردەوەکانیان و تێڕوانینی ئەو وڵاتانەیە لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش.

مەبەست لە یەکەم گەشتی پزیشکیان

هەڵبژاردنی عێراق وەک یەکەم شوێنی دەرەکی بۆ پزیشکیان، جەخت لەسەر بۆچوونی ژمارەیەکی زۆر لە چاودێران دەکاتەوە کە ئەم وڵاتە عەرەبییە کە ماوەی 8 ساڵ لەگەڵ ئێران لە جەنگدا بووە، ئێستا بووەتە قووڵاییی ستراتیژیی دوژمنی دوێنێ؛ ئەمەیش بە کۆمەڵێک فاکتەری جیاواز ڕووی داوە. لەنێو ئەو فاکتەرانەدا، فاکتەرە ئایینییەکان بریتین لە پەیوەندیی نزیکی عێراق و ئێران لە ڕووی بیروباوەڕی ئایینی، گرنگیی پێگەی عێراق لە ناوچەکە و بەهێزکردنی لە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئێران و بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان تاران و بەغدا. سەعدوون ئاماژەی بەوەیش کرد، سەرکەوتنی ئێران لە بەدەستهێنانی متمانەی بەغدا، بە مانای سەرکەوتن نییە لە بەدەستهێنانی متمانەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، چونکە بەس نییە کە پزیشکیان چاکسازیخواز بێت، بەڵکوو دەبێت ئەو چاکسازییانە بسەلمێنێت. ئاماژەی بەوەیش کرد، هەمووان دەزانن کە گەورەترین کاریگەریی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکەدا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی حەسەن ڕۆحانیدا بووە لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠٢١. ئەم شرۆڤەکارەی پرسە سیاسییەکان ڕوونی کردەوە کە پێویستە پزیشکیان بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بیسەلمێنێت، گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە بڕیاردان لە ئێراندا هاتۆتە ئاراوە، چونکە هەموو وڵاتانی جیهان و ناوچەکە لە ئێستادا چاودێری و بەدواداچوون بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکەن بۆ ئەوەی بزانن گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت یان نا؟

سیاسەتی دروستکردنی پەیوەندی

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تاران توانیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت دوای پێشهاتە سیاسی و دیپلۆماسییەکان باشتر بکات. ئەم هەوڵە بۆ باشترکردنی پەیوەندییە ناوچەیییەکانی ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ پێویستیی تاران لە دوای گوشارە ئابووری و سیاسییەکانی.

پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ سعوودیا لە مانگی ئازاری ساڵی 2023 بە نێوەندگیریی چین دەستی پێ کردەوە و، ئەمەیش دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ تاران؛ هەروەها ئێران پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ قەتەر و عوممان هەیە و هەمان شت بۆ ئیمارات ڕاستە، بەڵام هەردوو وڵات لەسەر هەندێک دوورگەی ئاوەکانی ناوچەکە ناکۆکییان هەیە. ئێران هەروەها پەیوەندیی تا ڕاددەیەک سەقامگیری لەگەڵ تورکیادا هەیە و هەردوو وڵات هەوڵی پتەوکردنی هاوبەشی ئابووری دەدەن، بەڵام لە هەندێک بابەتی ناوچەییشدا جیاوازییان هەیە. لەم ساڵانەی دواییدا ئێران زیاتر ئامادەی وتووێژ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی بووە و ئامانجیشی پێشوازیکردنە لە باشتربوونی پەیوەندییەکان بۆ کەمکردنەوەی گۆشەگیریی سیاسی و ئابووریی خۆی.

واسق سەعدوون سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ڕوونی کردەوە، کە پزیشکیان دەیەوێت سنوورەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی نەمێنێت، لە کاتێکدا شەو و ڕۆژی خستۆتە سەر یەك بۆ تەواوکردنی دیواری سنوورەکانی لەگەڵ ئەفغانستان بە مەودای زیاتر لە 900 کیلۆمەتر. هەروەها سەعدوون وتی کە، بانگهێشتی پزیشکیان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئێراندایە بۆ ئەوەی نیشان بدات کە گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی ئێران لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا هەیە و تاران بڕیاری داوە لێکتێگەیشتن و هاوکاری لە پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەرەوپێش ببات. ناوبراو هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە ئامانجی سەرەکیی ئەم هەوڵانە، گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوا بۆ کەمکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، بەڵام کاتێکی زۆری دەوێت تا وڵاتانی ناوچەکە متمانە بە نیازی پزیشکیان و لێدوانەکانی بکەن.

سەرچاوە:

https://mdeast.news

image_pdfimage_print