پێنووس

سوودانی و مالیکی… جەنگی سارد و زیاتریش

(دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، “ویلایەتی دووەم” یاساکانی جەنگەکە دەگۆڕێت)

 

ن: عەلی سەرای

و: ئاوات ئەحمەد سوڵتان

جەنگی ساردی نێوان نووری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی لە گەڕدایە. هەردوو لا بەخێرایی بەرەو شەڕگەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەڕۆن. وەک سیاسییەکانی حزبی “دەعوەی ئیسلامی” و “چوارچێوەی هەماهەنگی” بۆی دەچن، لەوێدا ململانێکە بەئازار و کراوە دەبێت، مەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوانیاندا ڕوو بدات.

وا گریمانە دەکرێت ساڵی داهاتوو، عێراقییەکان نوێنەرانی خۆیان لە پەرلەمان هەڵبژێرن، بەڵام سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، نووری مالیکی، هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی پێشوەختە ئەنجام بدرێت. لە هەردوو حاڵەتەکەدا یاریکەرەکان دانوساندن لەسەر یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن، دەکەن؛ بە جۆرێک لەگەڵ گۆڕاوەکان و هەوڵەکانی سوودانیدا بۆ کێشمەکێش لەگەڵ پیاوە گەورەکاندا، دیارترین گۆڕاوی ناو گەمەکەیە.

گەرچی زۆرن ئەوانەی گومان دەکەن لەوەی دەنگدانی پێشوەختە ئەنجام بدرێت؛ بەڵام ڕەنگە هەر ئاماژەکردن بۆی، خۆی لە خۆیدا کارتێکی گوشار بێت بۆ سەر سوودانی و لە ژینگەی جەنگی نەرمدا بەکار بهێنرێت، چونکە ئەوەی لە وادەی هەڵبژاردن گرنگترە، یاسا نوێیەکەیەتی.

مالیکی لە هەموو سیاسییەکانی تر زیاتر شەیدای داڕشتنی یاسایە. کەسانی نزیک لێی و خەڵکانێک كە لە نووسینەوەی داڕشتە و پێشنیارەکاندا لە بەرژەوەندیی ئەو کاریان کردووە، دەڵێن ئەم پیاوە بیر لە “نانەوەی تەڵە” بۆ سوودانی دەکاتەوە، چونکە ئەو بە هیوای ئەوەیە بۆ جاری دووەم، پۆستەکەی وەربگرێتەوە، زیاتر لەوەی خۆی سەرقاڵ بکات بە بەختی تایبەتی خۆی لە پەرلەمانی داهاتوودا.

مالیکی “باوکی دامەزرێنەر”

مالیکی وەها سەیری خۆی دەکات کە دروستکەری پادشا بێتاجەکانە. ئەو پادشایانەی لای ئەو کار دەکەن، لە خزمەتی پڕۆژەیەکدان کە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی پێ کردووە؛ ئەو ڕۆژەی بارودۆخ و چارەنووس تاجی سەرۆکایەتیی حکوومەتیان کردە سەری. ئەوکات وەک جێگرەوەیەکی نەناسراو بۆ ئیبراهیم جەعفەری هات، کە هاوکێشە ئێرانی – ئەمریکییەکە، لە عێراق ڕەتی کردبووەوە.

مالیکی زۆر لەوانی تر زیاتر فێری هونەرەکانی سیاسەت بووە. کەسانێک کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا کاریان لەگەڵدا کردووە یان دژایەتییان کردووە، دەڵێن زۆر شارەزای هاتوچۆ و گوێزانەوەی تەڕدەستانەیە لە نێوان جەمسەرەکاندا؛ لەپاڵ ئەوەیشدا زۆر لایەنگیری مەزهەبەکەیەتی”؛ ئەم دوو خاڵە “شیعە هەلپەرست و ترساوەکانیش” بەرەو لای ئەو کێش دەکەن.

تەنانەت دوای ئەوەی لە حکوومەتیش چووە دەرەوە، هەروەک باوکی پڕۆژەی سیاسیی شیعە مایەوە. هەر کاتێک سیستەمەکە دووچاری هەڕەشە ببێت، حزبەکانی ئەو “تائیفە”یە هانای بۆ دەبەن؛ تەنانەت ئەگەر هەڕەشەکە لەناو شیعە خۆیشییەوە بێت. ئیتر وەک سەرکردەیەکی پێشووی حزبی دەعوە دەڵێت، مالیکی خۆی “باوکی دامەزرێنەرە و هەموو ئەوانی تر کوڕ و نەوەن.”

مالیکی خۆی وەک “ڕزگارکەری شیعەی عێراقی هاوچەرخ” ناساندووە. کاتێک موقتەدا سەدری سەرکردەی ڕەوتی سەدر هەوڵی دا لێیان هەڵبگەڕێتەوە و لە حکوومەت دەریان بکات، هەروەها کە هاوپەیمانێتیی سوننە و کورد (٢٠٢٠) هەوڵی خۆیان دا، هەر مالیکی بوو کە سەرلەنوێ شیعەکانی کۆ کردەوە. بە ڕای زۆر کەس، لەو کاتەوەی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی پێک هاتووە، ڕۆڵی مالیکی لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا  بووەتە هۆی ئەوەی وەک سەرپەرشتیاری دەوڵەتی قووڵی شیعە، دەربکەوێت. لە عەقڵی مالیکیدا، ئەو تاکە قووڵایییەتی.

سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، چاوەڕوانیی ئەوەی لە هاوپەیمانەکانی هەیە بەسەر پێگە مێژوویییەکەی ئەودا و سنووری سەرۆکایەتییەکەیدا باز نەدەن، بەڵام ئەگەر کەسانێک کە مالیکی خۆی دروستی کردوون و پڕۆژە سیاسییەکەیانیشی بۆ خوڵقاندوون، لێی هەڵبگەڕێنەوە، چی ڕوو دەدات؟ ئەگەر سوودانی بڕیاری دا خۆی بۆ جاری دووەم بپاڵێوێتەوە، چی دەبێت؟

“کوڕە گومڕاکە”

کاتێک هێزەکانی ئەمریکا عێراقیان داگیر کرد و ڕژێمی “سەددام حسێن”یان ڕووخاند، سوودانی ئەندازیاری کشتوکاڵ بوو؛ لە پارێزگای میسانی باشوور کاری بۆ حکوومەت دەکرد. ئەو فەرمانبەرێکی پلەبەرز بوو و، کوڕی خێزانێکی شیعەی ئۆپۆزیسیۆن بوو، بۆیە کرا بە ڕێکخەر لە نێوان ئیدارەی شار و دەسەڵاتی فەرمانڕەوای ئەمریکی لە بەغدا، بۆ بەڕێکردنی کاروبارەکان.

لە ساڵانی دواتردا، سوودانی پلە بە پلە لە ئیدارەی گشتیدا سەر کەوت. ئاشکرا بوو کە ئەم پیاوە شارەزای ژیانی ناو دامەزراوە حکوومییەکانە و، دەتوانێت لە بەردەم هەڵکشان و داکشانەکانیدا خۆی ڕابگرێت. وەک ژمارەیەک لەو سیاسییانەی لایەنگری ئەون، دەڵێن؛ بە شێوەیەکی زۆر شارەزا و لێزانانە دەزانێت ڕەفتار بکات.

وا دیارە مالیکی درکی بەوە کردووە کە سوودانی “پیاوە گونجاوەکە”یەتی. ئیتر لە حکوومەتەکانی دواتردا وەک ڕوکنێکی جێگیر وا بوو؛ لە سێ حکوومەتدا وەزیری مافی مرۆڤ و بازرگانی و کار و پیشەسازی بووە. پیاوی ڕیزی دووەم یان کەمێک خوارتر بوو، بەڵام لە ڕووکاری گشتیی پڕۆژەی شیعەدا، بە درێژاییی ساڵان دیار بووە.

لە ساڵی ٢٠١٩، سەدان هەزار لاوی شیعە ناڕەزایییان بەرامبەر حکوومەت دەربڕی. سوودانی لە پاپۆڕی حزبی دەعوە دابەزی و سواری بەلەمێکی بچووک بوو. حزبی “ڕەوتی دووفورات”ی دامەزراند و هەوڵی دا بچێتە ناو یانەی گەورەپیاوانی شیعەوە. دوای دوو ساڵ و بە ڕێکكەوتنێکی قورس، کرا بە سەرۆکی حکوومەت.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، سوودانی چووە ماڵی هادی عامری و کاغەزێکی پێ بوو؛ چەند خاڵێکی تێدا بوو کە داوای دەکرد سەرپەرشتیارانی حکوومەت لە “چوارچێوەی هەماهەنگی” پێیانەوە پابەند ببن. مالیکی و قەیس خەزعەلی، سەرکردەی جووڵانەوەی “عەسائیبی ئەهلی هەق” لای خۆیانەوە خاڵەکانی خۆیان خستە بەردەمی سوودانی تا لە ماوەی پۆستەکەیدا جێبەجێیان بکات.

ناوەرۆکی ئەو نامەیەی درایە دەستی سوودانی، پەرچکردنەوەی “عەقڵی مالیکی” بوو، کە دواتر دزەی کردە ناو گوتاری “چوارچێوەی هەماهەنگی”یەوە؛ بەوەی “ئەندازیارێکی کشتوکاڵ ڕاسپێردراوە ئەرکی سەرۆکوەزیران وەربگرێت.” سوودانی ویستی لەوە زیاتر و گەورەتر بێت. بە هێمنی لە حکوومەت دەسبەکار بوو، چونکە ڕۆژانی سەرەتای تەرخان بوو بۆ پاکتاوکردنی کەلتووری مستەفا کازمی پێش خۆی. لانیکەم ڕێنماییەکانی ‘چوارچێوە’ جەختیان لەسەر ئەوە دەکرد.

خواستەکانی سوودانی

دواتر سوودانی بە ئاماژەیەکی بەهێزەوە خواسەکانی خۆی ئاشکرا کرد. خۆی و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی وەها پێشکەش کرد، کە دەیانەوێت تەرکیز بکەنە سەر خزمەتگوزارییەکان و گەشەپێدان؛ ئەمەیش دوای ئەوەی بوودجەیەکی سێینەی بە پشتیوانییەکی داراییی گەورەوە بۆ زامن کرا.

بە نیسبەت چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، حکوومەتێک خزمەتگوزاری پێشکەش بکات، مەترسیی سیاسیی نییە؛ بگرە وەک سیاسییە شیعەکان دەڵێن، “لە خوڵقاندنی قورسایییە سیاسییەکاندا” ئەمە هیچ مانایەکی نییە. ئەوان ئەمە وەک “خزمەتکردنێکی پێچەوانەی بە قازانجی خۆیان” دەبینی، لەگەڵ بەردەوامبوون لە چاودێریکردنی خواستەکانی سوودانیدا. ژمارەیەک سیاسەتمەدار دەڵێن دوای دوو ساڵ لە فەرمانڕەواییکردن، سوودانی کۆنترۆڵێ نزیکەی ٥٠ پەرلەمانتاری کردووە کە بەکردەوە لە “چوارچێوەی هەماهەنگی” جیا بوونەتەوە؛ ئاماژەیش دەکات بۆ ئەوەی هەر پەرلەمانتارێکی پێشوو ئەگەری ئەوەی هەیە لە بارستە نوێیەکەی سوودانیدا لە پەرلەمانی داهاتوو، ئامادە ببێت.

ئەو زەبرە پڕئازارەی بەر چوارچێوە و مالیکی کەوت – سوودانی هیوادارە وا بێت – هاوپەیمانێتیی سوودانییە لەگەڵ سێ پارێزگارە بەهێزەکەدا: ئەسعەدی عیدانی لە بەسرە، محەمەد مەیاحی لە کوت، نەسیف خەتابی لە کەربەلا. هەرسێکیان لە “چوارچێوەی هەماهەنگی” هەڵگەڕاونەتەوە. “شەرق ئەوسەت” قسەی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی شیعەدا کرد، کە سەرقاڵی خەمڵاندنی بکەرەکانن بە ژمارە؛ ئەوان قورساییی سوودانییان بە نزیکەی ٦٠ پەرلەمانتارەوە بە زیاتر خەمڵاند. خەڵکانێک هەن گەشبینن بەوەی قورسایییەکە لەمەیش زیاتر بێت.

دانراوەکانی ناو حیسابی مالیکی

لە ئاداری ڕابردوودا، مالیکی ڕێگەی لە سوودانی گرت. بۆ باسکردنی چارەنووسی سوودانی، خۆی بە نموونە هێنایەوە. لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا وتی: “لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ دا ١٠٣ کورسیم بردەوە و نەبوومە سەرۆکی حکوومەت (…) چونکە سازانی سیاسی ڕووی نەدا؛ ئێستا مانای چییە کەسێک ٦٠ کورسی بەدەست بهێنێت؟ هیچ! بەتەنیا ژمارەکان بەس نین.

بە گەڕانەوە بۆ ئەو مێژووە، مالیکی بەکردەوە براوە بوو، بەڵام چونکە نەیتوانی کۆڕاییی شیعە و کورد بەدەست بهێنێت، ناچار بوو حەیدەر عەبادی لە ڕیزەكانی دەعوە دەربهێنێت وەک بەدیلێک بۆ “ڕیزی دووەم” کە سیمایەکی نەرم بوو وەک سوودانیی ئێستا. جیاوازییەکە ئەوەیە کە عەبادی گەرچی بە بوودجەیەکی نیمچەبەتاڵەوە ئەرکی جەنگی دژی داعشی کەتبووە ئەستۆ، هەر گەڕایەوە بۆ ناو ڕیزەکانی “چوارچێوە” و بەدەگمەن نەبێت سەرچڵیی زیاتری نەدەکرد.

بۆچی مالیکی پێداگریی دەکات لەسەر تەسککردنەوەی بوار لە بەردەم سەرۆکوەزیرانی ئێستادا؟ سەرکردەی هاوپەیمانیی “دەوڵەتی یاسا” پێی وایە کە “شتێکی قبووڵکراو نییە کەسێک سەر بە تۆ بێت، کەچی پارە لە کۆمپانیایەک ڕابکێشێت کە هی تۆیە.” سیاسییەکی ئاگادار بەم سادەیییە باسی ئەوە دەکات کە ئێستا مالیکی چۆن بیر دەکاتەوە.

مالیکی پێی وایە کە سوودانی لە ڕەسیدی سیاسیی ئەو دەبات، ئامڕازەکانی دەوڵەتی قووڵ بەکار دەهێنێت، دەست بۆ جەماوەرە تایبەتەکەی ئەو دەبات، لە دەرەوەی هاوکێشەکە، لە دەرەوەی گرنگترین هاوپەیمانیی عێراق، هاوپەیمانیی نوێ دروست دەکات. کە مالیکی چاودێریی ئەم گۆڕانکارییانە دەکات، بیری دەکەوێتەوە کە ئەو خۆی “سوودانیی دروست کرد و، دەبێت هەر خۆیشی بیگەڕێنێتەوە بۆ ناو سیستەمەکە”. ئەوەی ڕاستی بێت، ئەو باوەڕی بەمە هەیە.

لەگەڵ ئەوەیشدا، لە ئێستادا مالیکی ناتوانێت شەڕێکی کراوە لەگەڵ سوودانی بکات، چونکە نەریتەکانی ڕەوتی ڕاستڕەوی شیعەی عێراق و پێویستییەکانی گەشەکردن و گەشانەوەی دەستیان گرتووە، هەروەها سەرۆکی حکوومەتیش چیتر ئەوەندە ئاسان نییە؛ ئێستا هەمان ئەو کەسە نییە کە بە وەرەقەی “ماف و ئەرکەکانەوە” خۆی کرد بە ماڵی عامریدا. ئێستا بووە بە چەقێک بۆ سازانی ئێرانی – ئەمریکی؛ ئەمەیش باشترین ڕۆڵە کە دەبێت سەرۆکوەزیرانی عێراق بیگێڕێت. ئەی مالیکی لەو پۆستەدا هەر وا نەبوو؟

ئەوەی مالیکی دەتوانێت لە ئێستادا بۆ خستنی سوودانیی کۆنە هاوڕێی بیکات، ئەوەیە – لە مەودای دووردا – یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دابڕێژێت کە سەرۆکی حکوومەت لە هەموو دەستڕۆیشتوویی و توانایەک تا سامانی دەسەڵات لە هەڵبژاردندا بەکار بهێنێت، دابماڵێت. خۆیشی هەر وا دەڵێت؛ دەیەوێت سوودانی لەو دەرفەتە بێبەش بکات کە مالیکی خۆی لە ساڵی ٢٠١٠دا هەیبوو.

سەرچاوەکان دەڵێن دوو مانگە پسپۆڕانی هەڵبژاردن لەگەڵ مالیکیدا کار دەکەن بۆ داڕشتنی یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن و ئێستا لە قۆناغێکی پێشکەوتوودان، بەتایبەتی دوای بەشداریکردنی یاریکەرانی سوننە و کورد لە کەشوهەواکەدا. بەڵام جێگەی سەرنجە کە مالیکی ئامادەیە بۆ داڕشتنی یاسایەک کە بردنەوەی بۆ فەراهەم ناکات، بەڵکوو دۆڕانی سوودانیی بۆ مسۆگەر دەکات.

لە مەودای نزیکدا، مالیکی هەوڵی ئەوەیش دەدات هاوپەیمانانی سوودانی ڕاو بکات و بیانخاتە داو. بڕیاردروستکەرانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن، کاتێک سوودانی دەگاتە کۆتا مەترەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو، شانسی دەبێت ئەگەر بتوانێت یەکێک لە سێ پارێزگارە بەهێزەکە لای خۆی بهێڵێتەوە. وەک سیاسییەکی عێراقی دەڵێت: “مالیکی هەرسێکیان دەڕووخێنێت.”

سوودانی ئاسان نییە

سەرۆکی حکوومەت دەزانێت کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا شیعەکان ڕووبەڕووی دینامیزمێکی نوێ دەبنەوە، کە ڕەنگە تێیدا داڕشتەی “چوارچێوەی هەماهەنگی” کۆتایییەکەی بگاتە لەتبوون و گۆڕانیان بۆ چەقی قورساییی نوێ؛ بەشێک لە پلانەکەی سوودانی ئەوەیە سەرۆکی یەکێکیان بێت. سوودانی دەتوانێت ڕێگە لە یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردن بگرێت و هەوڵەکانی حزبی دەعوە پووچەڵ بکاتەوە. کەسانێکی نزیک دەڵێن: “سەرۆکی حکوومەت وتووێژێكی قورس لەگەڵ سوننە و کورددا دەکات. کۆمەڵێک سازشی نوێ هەیە کە ڕەنگە قایلیان بکات چێشتخانەکەی مالیکی جێ بهێڵن.”

گەرچی لە عێراق هێشتنەوەی هاوپەیمانان زامن نییە، بەڵام سوودانی هەوڵ دەدات لای خۆی بیانهێڵێتەوە؛ هاوکاتیش کار دەکات بۆ ڕاکێشانی پاڵیوراوی زیاتر لەناو شیعە بەهێزەکاندا، بەتایبەتی پارێزگاران و سەربازییەکان. “سوودانی لە مالیکییەوە فێر دەبێت” و بەشێک لە ئاژاوەکەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی “لەخۆباییبوونی باوانی دامەزرێنەر و، بێزاربوونیانە لە جەسارەتی قوتابییەکان”. سەرکردەیەکی شیعە دەڵێت، سوودانی تاکە یاخی نییە؛ خەزعەلییش لە هەوڵیدا بۆ تێپەڕین لە مالیکی، هەمان ڕێگە دەگرێتە بەر.

ئەو کە ئاگاداری کەشوهەوای جەنگی ساردە لەگەڵ مالیکیدا و مەیلی بە لای سوودانیدایە، دەڵێت “سوودانی خۆی وەک شەریکێکی متمانەپێکراو پێشکەشی یاریکەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە، بە ئێرانیشەوە، دەکات.” لەسەر ڕێگەی شەریکایەتیی پڕبەڵێن و پێوەست بە ڕێکكەوتنەکانی هێورکردنەوەوە ڕادەوەستێت، لە پەیوەندیدا بە شێوەیەکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بناغەکەی پاراستنی لانی کەمی سەقامگیرییە لە عێراق.

“سێدارەکانی” هەڵبژاردن

لە کۆتا ساڵی تەمەنی حکوومەتدا، جەنگی نەرم شێوەیەکی گەرمتر وەردەگرێت. زۆرێک وا گومان دەبەن پشێوییەکانی ئەم دوایییەی عێراق لەسەر “کەیسەکانی گەندەڵی و تێوەگلانی کارمەندانی حکوومەت لە فایلی گوماناوییەوە” بەتەنیا هەر خۆگەرمکردن و ئامادەکارییە بۆ ئەوەی ڕوو دەدات. مالیکی و سوودانی ڕووبەڕووبوونەوەی سنوورداریان هەبووە. سوودانی چەند گێمێکی بردەوە، بەڵام سەرکردەی “دەوڵەتی یاسا”ش چەند خاڵێکی تۆمار کرد.

سیاسییەکی کورد نموونەیەک بۆ ئەمە دەهێنێتەوە: “لە چەند مانگی ڕابردوودا، سوودانی هەوڵی دا بە یاریدەی براوەکانی هەڵبژاردنە ناوخۆیییەکان، دەستی بگاتە هەردوو حکوومەتی ناوخۆییی دیالە و کەرکووک، بەڵام مالیکیی شارەزا و لێزان، پۆستی پارێزگاری لە یەکەمیاندا یەکلایی کردەوە و لە دووەمیشدا سازانەکانی سوودانیی شکاند.” سیاسییەکی سوننەی بەشدار لە دانوسانە نهێنییەکاندا دەربارەی هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن، دەڵێت: “لە ئێستا بەدواوە، سێدارەکانی هەڵبژاردن هەڵدەخرێن” و، پێشبینیی نەخشەیەکی نوێ بۆ شیعە دەکات کە کاریگەریی لەسەر هێزە سوننە و کوردەکان دەبێت.

لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەوەی سیاسییە شیعەکان دەربارەی جەنگی نەرمی نێوان سوودانی و مالیکی دزەی پێ دەکەن و ئەوەی خەریکە هەوڵەکانی ئێسکشکاندن پێی بگات، پەردە لەسەر نیگەرانییەکانی ڕەوتی ڕاستڕەوی شیعە هەڵدەماڵن کە دوای دوو ساڵ لە دەسڕۆیشتوویی و بەخۆنازین، ترسی لە ئاییندە هەیە.

مالیکی لاریی نییە لەوەی سوودانی سەرۆکی بارستەیەکی بچووکی پەرلەمانی داهاتوو بێت. سەرکردەیەکی چوارچێوە دەڵێت: “نموونەکەی عەمار حەکیم و هادی عامری و ئەوانی تر کە لە خولگەی دە کورسیدا بخولێنەوە، خراپ نییە” چونکە ئێستا شەڕەکە “گەمەی ژمارەکان”ە؛ هەموو شتێک بۆ دیاریکردن و ڕێگریکردن وەگەڕ دەخرێت بۆ ئەوەی شتی ناکاو ڕوو نەدات. “دەسەڵاتی ژمارەکان سەر دەکەوێت” چونکە باوەڕە باوەکەی شیعە ئەوەیە کە کاریگەریی فاکتەرە کلاسیکییەکانی ناو دیمەنی هەڵبژاردن، وەک مەرجەعییەتی ئایینی و ئەمریکییەکان؛ لە پووکانەوەدان. “لەبارەی ئیرانیش وای پێ باشترە لە دوا ساتدا و دوای ئارامگرتن و چاودێرییەکی زۆر، ئینجا دەستێوەردان بکات.”

بەڵام سەرکردەکانی شیعە چاوەڕێی چین لە کۆتاییی ئەم جەنگە؟ زۆرێك باس لە سێ بژاردە دەکەن: سوودانی خۆی ڕابگرێت، یان بە سەرپەرشتیی لایەنێکی سێیەم، لەگەڵ مالیکی ڕێک بکەوێت، یاخود یەکێکیان زەبری قورسی بەربکەوێت و بکرێتە دەرەوە.

سەرچاوە:

https://aawsat.com

image_pdfimage_print