(خوێندنەوەیەک بۆ گوتەى “لەو هەرایە چیمان دەست دەکەوێ؟”)
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران
لۆژیکێکی مێژووییی دژوار بۆ کورد
لەوانەیە ئەم بابەتە لە نێوەندى ئەو هاوکێشە ئاڵۆز و جەنجاڵانەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەو هەموو گوشارەى کە هاتۆتە سەر گەلی کورد لە هەر چوار پارچەکەى کوردستان، کارێکی زێدەڕۆیی بێ، بەڵام کرۆکی سیاسەت بریتییە لەو هونەر و زانستەى کە بڕیاردروستکەرى وڵات هەم دەبێ ڕەشبین بێ و گومان لە هەموو شتێک بکات، ههمیش دەبێ گەشبین بێت، کە هێز و توانا و بەرخۆدانى بمێنێ و بەردەوام بێت، ئەوەیش لەپێناو ئاییندەیەکى ڕۆشن و بەردار. بەڵام ئەو گەشبینی و ڕەشبینییە پێویستى بە حیکمەت هەیە، حیکمەتى سیاسییش بەوە پێناسە دەکرێ، کە چۆن بڕیاردروستکەر و سەرکردە لە نێوان دوو دژبەرهدا بڕیارى دروست دەدات. مەرج نییە یەکێکیان ڕەت بکاتەوە بۆ ئەوەى تر، بەڵکوو ئەوەى کە گونجاوە بۆ قۆناغەکە و ستراتیژییەتى نەتەوەیی فەزلی بەسەر ئەوى تردا دەدات.
ناکرێ بێ دۆست و دوژمن هیچ پێناسەیەک بۆ سیاسەت بکرێ؛ هەمووان نە دۆستن نە دوژمن. بابەتەکە ڕێژەیییە، بەڵام ئەوەى کە دوژمنە، مەرج نییە شەڕی لەگەڵدا بکرێ. سیاسەت بریتی نییە نە له ئاشتیى بەردەوام و نە لە جەنگی هەتاسەر، بەڵکوو بەرژەوەندییەکان ئاڕاستە و پەیوەندییەکان دیاری دەکەن. بەڵام مەخابن، پێ دەچێ گەلی کورد دۆستى کەم بێ، بهتایبەت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، چونکە دەکرێ لە چوار پێوەردا دوژمنانى کورد بدۆزینەوە: ئایا هەڵوێستیان بەرانبەر مافەکانى نەتەوەییی کورد چییە؟ لێدوان و کردار لە یەکدی جودان؛ ئایا لە پراکتیک هەڵوێستیان چییە: کارى دۆستانە دەگرنە بەر یان لەباربەر؟ تا چەند گەلەکۆمەکێ دەکەن بەرانبەر بە کورد، گەرچی هەندێ جار دروشمی بریقهداریش بەرز بکەنەوە؟ گوتارى میدیایییان بەرانبەر بە تۆ چییە، یان چۆن وێناى گەلی کورد لە میدیا دەخەنە ڕوو، بە جۆرێک کە ئێمە نەوەى شەیتان و دووبەرەکى و ئاشوبین؟ ئەم چوار پێوەرە لە تەواوى ئاڕاستەى سیاسیی دەوڵەتانى چوار پارچەى کوردستان لە ڕەفتاریاندا بەرانبەر بە کورد ڕەنگی داوەتەوە.
لە بەرانبەریشدا دەکرێ بپرسین: ئەى بۆ ناسینی دۆستەکانمان چی بکەین؟ بۆ ئەو بابەتە دەبێ ئاگادارى چوار پێوەر بین: ئەگەر دۆست بێ، بەڕاشکاوى دان بە مافەکانى ئێمەدا دەنێ. ئەگەر دۆست بێ، پشتیوانمانە بەکردارى بۆ بەدەستهێنانى شایستەکانمان لە ڕووى ئازادی و ناسنامەوە و مافی چارەی خۆنووسین. ئایا دۆستەکانمان هەمیشە خۆیان بە براگەورە و ئێمە بە برابچووک دەبینن و ئێمە وا دەبینن کە هەمیشە دەبێ لەژێر چاودێریى ئەواندا بین؟ دۆست بەڕێزەوە مامەڵە دەکات و چاوەڕوانى ئەوە ناکات کە هەر دەبێ ئاغا بێت بەسەرتەوە. دۆست دەبێت لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى هاوبەش مامەڵەمان لەگەڵدا بکات، نەک بەپێچەوانەوە.
ئەوەى لە حاڵەتى کورددا دەبینرێ، لە تەواوى مێژووى سیاسیی خۆیدا کاتێک کە ئامانجەکەى بۆ بەدی نەهاتووە، ئەوەیە: یان خیانەت هۆکار بووە یان پشتتێکردنى ئەو هێزانەى کە پەیمانى پشتیوانییان داوە و لە نیوەى ڕێ بەجێیان هێشتووە. لەو بارەیەوە چەند پێوەرێک هەیە کە دەبێ پێگە و هەڵوێستى کوردیان لەناوییهوە لێ بخوێنینەوە:
- کورد هەمیشە قوربانیی لۆژیکی جیۆپۆلیتیکەکەى بووە نەک سیاسەت.
- لە ڕووداوەکاندا کورد تەواوکەرى هاوکێشە سیاسییەکان بووە کە فاکتەرى دەرەکی تێیدا زاڵ بووە، نەک کورد خۆى.
- ئەو هاوکێشانەى کە لە ناوچەکە ڕوویان داوە، تایبەت بوون بە ململانێی نێودەوڵەتیى زلهێزان، نەک دەوڵەتان و کەمەنەتەوەکانى ناوچەکە، کە هەمیشە کراونەتە قوربانیی ململانێ نێودەوڵەتییەکە.
- کاتێک دەوڵەت و کەمەنەتەوایەتییەکان کراونەتە سەرەڕمی ململانێکان، دواى پشتتێکردنیان لەلایەن زلهێزانەوە، دووچارى بەریەککەوتنى توند بوونەتەوە لەگەڵ دەوڵەتانى ناوچەکە؛ کورد یەکێکە لەو نموونانە.
- کورد هەر لە سەردەمى عەباسییەکانەوە فاکتەرێکی کاریگەر و زیندووو بووە لە هاوکێشەکانى ناوچەکە و، زۆر جاران ڕۆڵی یەکلاکەرەوەى بینیوە لە ڕووداوەکان و لارسەنگی ململانێی دروست کردووە، بەڵام ئاکامەکەى بۆ خۆى نەبووە.
- هەر کاتێک کورد یەکڕیز و تەبا بووبێت، دەستکەوتى هەبووە، بەڵام مەخابن لە زۆربەى قۆناغەکان لەلایەن دەوڵەتانى ناوچەکەوە، دەمەزەردی ئەو ناکۆکی و دووبەرەکییە کراوەتەوە!
دواى ئەو تەوەرانە، دەکرێ پرسیارە گرنگەکە ئەوە بێت: ئایا کورد هەر فاکتەرە تەکتیکییە تەواوکارەکەى جارانە بۆ زلهێزان؟ وەڵامەکە “نەخێر”ە، بەڵام مەوداى بابەتەکە لە نێوان بەدەستهێنانى مافە بنەڕەتییەکان و ڕوخسارێک لە مافی چارەی خۆنووسین و بوونەدەوڵەته؛ ئەوەى کورد دەبێ لێی دڵنیا بێ ئەوەیە کە لەم قۆناغەدا باسکردن لە دەوڵەت لەلایەن هەمووانەوە ڕەت دەکرێتەوە، هەر بۆیە وا باشترە باس لە مافی چارەی خۆنووسین بکرێتەوە لەسەر ئاستى ناوخۆ، وەک: فیدراڵییەت لە عێراق و لامەرکەزییەت لە سووریا و داننان بە مافە بنەڕەتییەکانى کورد لە تورکیا و ئێران. ئێستا قۆناغەکە ئەوەندەى پێ هەرس دەکرێ و، دەوڵەتانى جیهان و ڕۆژاواییش هەر لەو مەودایەدا پشتیوانی لە کورد دەکەن، چونکە بەرژەوەندییەکانیان و ململانێى نێودەوڵەتییش لە ناوچەکە هەر ئەوەندە بوار دەدەن؛ لهبهر ئهوهی هەردوو لا لە دەسەڵاتدارانی ئەم چوار دەوڵەتانەى پارچەکانى کوردستان و بزاڤی کوردیش هەر لەلایەن دەوڵەتانى ڕۆژاواوە پشتیوانی دەکرێن. ئەو مۆدێلەى کە ئێستا لەلایەن دەوڵەتانى ڕۆژاواوە پشتگیری دەکرێ، بۆ سەقامگیریی تورکیا و عێراق و سووریا و ئێران، لایان گونجاوە.
لێرە دەشێ بڵێین سێ فاکتەرى سەرەکی لە ڕەفتارى سیاسیی کوردى، پێداچوونەوەى بۆ بکرێ: بیرکردنەوەى ستراتیژییەتى نەتەوەیی، بە زیهنییەتێکی سیاسیی حوکمڕانییانە بڕوانێتە کۆمەڵگهى سیاسی و دەسەڵات، شیزۆفرێنیاى ڕەفتارى سیاسیی کورد، بەوەى کە هەمیشە خەبات دەکات بە زیهنییەتى دروستکردنى دەوڵەت، بەڵام ئەوەى لە واقعدا دەگوزەرێ پێچەوانە دەبێتەوە و دوایی لاى دەبێتە شکست، ئەگەرچی هەندێ مافی بنەڕەتییشی دەست کەوێ؛ نموونەى ئەو واقعەیش هەرێمی کوردستان و سووریایە.
ئایا دواى گەلەکۆمەکێیەکەى سووریا دژی کورد، ئاماژەیەک بۆ دەرفەت ماوە؟
ئەمە پرسیارێکی گەلێک قورسە؛ هێشتا وەڵامەکان ڕوون نەبوونەتەوە، بەوەى ئایا ئەو جەنگە سەپێنراوە تا کوێ دەچێ؟ ئایا بێهەڵوێستى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە؟ ئایا هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە؟
دەکرێ بۆ ئەو پرسیارانە سێ وەڵام بکەینە پێوەر:
- گۆڕان لەسەر ئاستى دەسەڵاتى سیاسی لە ئێران یان ڕووخانى؛ ئەمەیش مەترسی لەسەر هەرێم کەم دەکاتەوە و پێگەى بەهێز دەبێ. بەڵام هەرێم ناچار دەکات بەپێی دەستوور لە زووترین کاتدا گرفتەکانى یەکلایی بکاتەوە، چونکە بایەخى ئەمریکا دواى ڕووخانى ڕژێمى سیاسی لە ئێران، زیاتر بەرەو بەغدا دەچێ. هەر بۆیە دەبێ کورد خۆى بۆ چوارچێوەیەکى فیدراڵی بەپێی دەستوور ئامادە بکات، ئەگەرچی هەندێ ڕوخساریشی لە ئێستا کەمتر بێت.
- نەڕووخانی ڕژێمی سیاسی لە ئێران، ئەوە دەگەیەنێ کە ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە جۆرێک لە ڕێکكەوتن. ئەو ڕێکكەوتنە عێراقیش دەگرێتەوە. لەو حاڵەتەیشدا هەر بایەخى حکوومەتى فیدراڵی لاى ئەمریکا زیاتر دەبێت. هەر بۆیە بۆ هەرێم باشترە لەسەر بنەماى فیدراڵییەت لەگەڵ بەغدا ڕێک بکەوێ.
- لە حاڵەتى گۆڕان لە نەخشەى پرۆسەى سیاسیی عێراق و گێڕانەوەى هاوسەنگی و دابڕینی عێراق لە هەژموونى ئێرانیش، هەر زیاتر بایەخ بە حکوومەتى فیدراڵی دەدرێ وەک لە هەرێم. هەر بۆیە وا پێویست دەکات هەرێمی کوردستان چوارچێوەى سیاسەت و پەیوەندى و گرفتەکانى لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەماى فیدراڵییەت دابڕێژێ و هەندێ نەرمییش بنوێنێ، چونکە نواندنى هەندێ نەرمی، باشترە وەک لە بەردەوامبوونى گرفتەکان کە ئاکامیان دیار نییە لە بەرژەوەندیى هەرێم بکەوێتەوە. بەڵام بەهۆى زۆرینەى شیعە لە عێراق و باڵانسی سیاسی، کورد هەر بە فاکتەرى کاریگەر دەمێنێتەوە و، لە نێوان شیعە و سوننەدا تواناى مانۆڕی سیاسيی دەمێنێ.
هەر بۆیە خاڵی کرۆک لە زیهنییەتى ستراتیژیى نەتەوەییی کورد، دەبێ فیدراڵییەت بێت بەو شێوەیەى کە لە دەستووردا هاتووە. ئەگەر لە کاتى شرۆڤەکردنیشدا هەندێ نەرمی بنوێنرێ کارێکی ئاسایییە، تا ئەسڵی بابەتەکە- کە فیدراڵییەت و مانەوەى هەرێمە- دووچارى زەرەر نەبێت.
کەواتە دەرفەت هەر هەیە؛ ئەگەر گوتار و یەکڕیزییش لە گۆڕێ بێت، ئەوا باشتر.
ئایا ئەزموونى سووریا لە عێراقیش دووبارە دەبێتەوە سەبارەت بە کورد؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، بەڵام دووبارەبوونەوەى ئەزموونەکەیش مەحاڵ نییە. کورد دەبێ تێ فکرێ و بەهەندی وەربگرێ و ئامادەسازی بکات. بەڵام دووبارەبوونەوەى کارێکی ئاسان نییە، چونکە: واقعی کورد و هەرێم لەگەڵ نموونەى کوردى سووریا جیاوازە؛ لە عێراق هیچ لایەنێکى وەک سوننە یان شیعە یان کورد ناتوانێ هەژموونى خۆى بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنێ و هیچ حیسابێک بۆ ئەوانى تر نەکات، بەڵکوو پێویستى بە هەماهەنگیی هەرسێکیان هەیە. کەواتە حاڵەتى کەمبوونەوەى دەسەڵاتەکانى هەرێم ئەگەر دوو حزبهکە نەگەنە ئاکام، بەهێزترە لە سیناریۆکانى تر.
هێنانەوەى ئەندامانى داعشیش بۆ عێراق، هاتنەوەى بەعسییەکانیش لەگەڵ خۆیدا دێنێ و، مەترسیی جددیشی لەسەر هەرێم هەیە؛ چونکە بەمەبەستى پتەوکردنى پێگەى سەربازیی سوننەیە، کە دواتر دەبێتە مایەى جەنگى ناوخۆ و لێکترازانى دەوڵەتى عێراق. دەنا چەندان ساڵە ئەمریکا دەیتوانى زۆر بەئاسانی بۆ عێراقیان بێنێتەوە و هیچ گرفتێکی لەو بارەیەوە لاى هەسەدە و حکوومەتى عێراقی نەبوو؛ بەڵکوو لەوەیش زیاتر، چەندان جار هەسەدە ئەو داوایەى لە ئەمریکا کردووە و حکوومەتى عێراقیش پێشتر چەندان جار داواى ئەندامانى داعشی بەڕەگەز عێراقیی لە ئەمریکا کردووە. هەر بۆیە پێگەى هێزى سوننە بەهێزتر دەبێ و کاریگەریى نەرێنییشی بۆ سەر هەرێم و حەشدی شەعبی دەبێ.
لۆژیکە دژوارەکەى کورد لەگەڵ ئەمریکا
ئەمە ئەو لۆژیکەیە کە دەبێ کورد زۆر بەباشی لێی تێ بگا. لەو بارەیشەوە ئەزموونێکی تاڵی هەیە، دەبێ زۆر هەستیار بێ؛ کورد گوتەنى، زۆربەى جارەکان لە نیوەى ڕێگه بەجێیان هێشتووین و خۆمان بەرەنگارى دوژمنەکانمان بووینەتەوە؛ ئەو دوژمنەى کە هاوبەشی ئەمریکا و کورد بووە، دواتر هەر بە دوژمنى کورد ماوەتەوە و بۆتە دۆستى ئەمریکا. نموونەى ڕۆژاوا دیارە. ئەمەیش پەیام و مەتەڵێک نییە کە کورد لێی تێ نەگا؛ کیسینجەر دەمێک ساڵە کاتێک لە ساڵی 1974 پشتى لە کورد کرد لە بەرەنجامدا وتى: ئەمریکا ڕێکخراوێکی خێرخوازى نییە. لەوەیش زیاتر سەبارەت بە پەیوەندیگرتن لەگەڵ ئەمریکا دەڵێت: ئەگەر دوژمنایەتیى ئەمریکا بکەیت، ئەوە کارێکی مەترسیدارە، ئەگەر دۆستى ئەمریکاش بیت، ئەوا خۆت دووچارى هەلاکەت دەکەیت. شازدەى ئۆکتۆبەریش ئەزموونێکی ترە. لە نوێترین لێدوانی بەرپرسه ئەمریکییەکان، لێدوانی “تۆم باراک”ە، کە زۆر ڕوونتر لە کیسینجەر بەرانبەر کورد دەدوێ.
بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە چەمکى سیاسەت لاى ئەمریکا لەسەر بنەماى جیاکردنەوە و ناسینی دۆست و دوژمن بنیات نەنراوە کە جەخت لەسەر ناسنامەى کۆمەڵ و ململانێی بوون بکاتەوە (هەروەک کارل شمیت، فەیلەسووفی ئەڵمانى گوتوویەتى)، بەڵکوو پراگماتیستیی تەواوە؛ نە دوژمنى تاهەتایە هەیە و، نە دۆستى بەردەوام، بەڵکوو بەرژەوەندى پێوەرى سەرەکییه و تاهەتایە هەیە. ئەفغانستان و سووریا باشترین نموونە و ئەزموونن؛ شازدەى ئۆکتۆبەریش دەکرێ بە نموونە وەربگرین. ئیدی هیوادارین ئەو بابەتە لەلایەن کوردەوە بەهەند وەربگیرێت.
ئەی کورد دەبێ لەو بارەیەوە چی بکات؟
- تەواوى ئەو لێدوانانە بەهەند بگرێ و خوێندنەوەى تایبەتیان بۆ بکات.
- دەبێ گەشبینى بە ئەمریکا و پشتیوانییە دەرەکییەکان کەم بکاتەوە و هەموو سیناریۆ خراپەکان لەبەرچاو بگرێ و زیادەڕۆیی لە پشتبەستن بە دەرەوەى خۆى نەکات.
- دەبێ زیاتر لە دەورى یەکڕیزیی نەتەوەیی کۆ ببێتەوە.
- پلانێکی ستراتیژیى تۆکمە دابڕێژرێ، بۆ ئەوەى تا بۆى دەکرێ بەر بە واقعی نەخوازراو بگیرێ و ئامادەسازیی بۆ بکرێ و دەستکەوتەکانیش بپارێزرێن.
- دیپلۆماسییەتى “پەیامی گەلێکی ستەملێکراو” لە تەواوى ناوەندەکانى بڕیارى نێودەوڵەتى و دەوڵەتان بڵاو بکرێتەوە، لە ڕێگەى هەموو ئەو دەرفەتانەى کە کورد لەبەردەستیدایە.
- جەختکردنەوە لەسەر لۆبیکردنێکی بەهێز لە ئەمریکا، لەسەر هەرسێ ئاستى کۆمپانیاکان و کۆنگرێس و کۆشکى سپی.
- هەوڵ بدرێ قەناعەت بە ئەمریکا بکرێت کە هەرێمی کوردستان تەنیا کارەکتەرێکی ئاسایشی نییە لە ناوچەکە بۆ ئەمریکا- چونکە دەشێ وەک ئەزموونى سووریا دەستبەردارمان ببێ-، بەڵکوو هەرێمی کوردستان مایەى سەقامگیریی عێراق و هاوسەنگى و دیموکراسییەت و وەبەرهێنان و وزەیە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
ڕووداوەکانى سووریا دەرفەتێک بوون
ئەوەى کە لە سووریا ڕووی دا، دەبێ لەسەر ئاستى نەتەوەیی و کارى سیاسی و خەباتى چەکدارى و پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە لۆکاڵی و نێودەوڵەتییەکان، بهتایبەت ئەمریکا خوێندنەوەیەکی تایبەتى بۆ بکرێ و، دەبێ لەو بارەیەوە پەند و ئامۆژگارییەکان بەهەند وهربگیرێن. سەرەڕاى ئەو دەرفەتە، بوارێکی ترى بنەڕەتى لە خەباتى نەتەوەییی کورد هەڵدایەوە، ئهویش: بابەتى یەکڕیزی و تەباییی ماڵی کورد بوو؛ ئەوەى کە دەرکەوت تەنیا کورد خۆى دڵسۆز و پشتیوانی ڕاستەقینەى خۆیەتى. ئەوەى کە لە ماوەى ئەمساڵدا بۆ ڕۆژاوا کرا، دەبووایە لە ساڵی 2011وە لایەنەکانى ڕۆژاوا بیانقۆستایەتەوە، چونکە پەندەکانى ئەمڕۆ، باسە نەتەوەیییەکانى پازدە ساڵ لەمەوپێشن. ئەوکات هاوکێشەکە لە بەرژەوەندیی کورد بوو، بەڵام ئێستا کەمتر؛ چونکە کەوتنى ڕۆژاوا کاریگەریى نەرێنیی بۆ سەر تەواوى پرسی کورد دەبێ لە پارچەکانى تر و بوێریی لاى ئەوانى تریش دێنێتە ئاراوە.
کەواتە ڕووداوەکانى ڕۆژاوا، کوردى هەر چوار پارچەى لەیەکتر نزیک کردەوە و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەوروپاى بەرانبەر پرسی کورد بەئاگا هێنایەوە و، “هەرێمی کوردستان”ی وەک قەوارە و، “سەرۆک بارزانی”ی وەک مەرجەع، ناساند و کاریگەریى هەبوو. تەنانەت خەریکە بەرەو ئەوە دەچێت کە لە هەر چوار پارچەکە هەر بڕیارێک بۆ پرسی کورد بدرێ، چەقەکەى لە هەرێمی کوردستانە. تا ئێستا بۆ کوردستانى باکوور و باشوور و ڕۆژاوا ئەو بابەتە بوونى هەیە؛ لە ئاییندەیشدا بۆ ڕۆژهەڵات پێ دەچێت هەر وابێ.
کەواتە دەرفەتێک هاتۆتە پێش و بۆچوونە نەتەوەیییەکان زیاتر نزیکتر بوونەتەوە، هەر بۆیە پێویستیی دروستکردنى فیدراسیۆنێک و مانیفێستێکی نەتەوەییی کورد بۆ هەر چوار پارچەکە هاتۆتە پێش، بێ ئەوەى بەرژەوەندیى وڵاتانى سووریا و تورکیا و عێراق و ئێران بخرێتە مەترسییەوە. لەو بارەیەوە پێویستە جەخت لەسەر مافە سیاسی و مەدەنییەکان و مافی چارەی خۆنووسین لەسەر ئاستى ناوخۆ بکرێتەوە، نەک دەوڵەت، چونکە ئەوە بابەتێکی هەستیارە و لەم قۆناغەدا بۆیان هەرس ناکرێ؛ نە بۆ ئەو دەوڵەتانە کە کوردیان تێدا دەژی و، نە بۆ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى.
دەرفەتەکان بۆ کورد لەسەر ئاستى عێراق لە ساڵی 2026 چین؟
بۆ ئەو بابەتە، دەبێ لەسەر دوو ئاست سەبارەت بە دەرفەتەکان بدوێین:
لەسەر ئاستى هەرێم و بەغدا:
ئەگەر بەغدا بەهۆى ڕووداوەکانى کوردستانی ڕۆژاواوە بەهانەى زیاتر بە هەرێم نەگرێ، ئەوا هەندێ بابەت کە گرفت بوون لە نێوانیاندا بەرەو چارەسەر چوون. هەرێم لەو بارەیەوە جەخت لەسەر جێبەجێکردنى دەستوورە فیدراڵییەکە دەکاتەوە. گرێکوێرەى گەیشتن بە چارەسەر چەند بابەتێک بوون: بوودجە، سنووری دەسەڵاتەکان، هەناردەکردنى نەوت، داهاتەکانى هەرێم، پێشمەرگە و هتد. ئەمانە تا ئێستا بەتەواوى چارهسهرێكی بنهڕهتییان بۆ نهكراوه، بەڵام کورد دەبێ بیانوو بەدەستەوە نەدات و بەپێی دەستوورى فیدراڵی چارەسەریان بکات. بەناچاریش، دەبێ بۆ یەکلاکردنەوەى بابەتى داهاتەکان بەرەو دادگهى فیدراڵی بچێت، دەنا ئەو هاوکێشەیەى کە لە ئارادایە و ستراتیژییەتى نوێی ئەمریکا، بێباکانە زەرەرى پێ دەگەیەنێ.
بەڵام ئایا کورد دەبێ چۆن لەگەڵ بەغدا دانوستان دەکات؟
چوارچێوە ستراتیژییە نەتەوەیییەکە ڕوونە، کە دەبێ: هەماهەنگی و یەکڕیزی بێت لەسەر ئاستى لایەنە سیاسییەکان، بهتایبەت لە نێوان “پارتى دیموکراتى کوردستان” و “یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان” و، گێڕانەوەى متمانەى خەڵک، پێکهێنانى کابینەى دەیهم، ڕێکخستنەوە و ئامادەباشیی وەزارەتى پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پێشهاتە مەترسیدارەکان، جەختكردنهوه لەسەر جێبەجێکردنى دەستوور، لهبهرچاوگرتنی هاوسەنگیی هێزی ناوچەیی، پاراستنی هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکانى، هێنانی وەبەرهێنانى بیانیی زیاتر بۆ هەرێم، گرنگیدانی زیاتر بە ئابوورى و گەشەپێدان، ڕۆحییەتى سازشکردن بۆ یەکتر، جەختکردنەوە لەسەر شێوازی فیدراڵییەتێک كه سەروەریى عێراقی تێدا بەرجەستە ببێت بۆ ئەوەى فیدراڵییەت چیتر وەک مەترسی بۆ سەر وڵات سەیر نەکرێ.
ئەوەى کە هەڵوێست و پێگەى کورد لە بەغدا بەبەهێزى دەهێڵێتەوە، یەکڕیزی و تەباییی نێوان هەردوو حزبە سەرەکییەکەى هەرێمە، چونکە باشترین بژاردەى ستراتیژیی قۆناغەکە بۆ پاراستنى قەوارەى هەرێم، ڕێکكەوتنە لەگەڵ بەغدا.
لەسەر ئاستى ستراتیژییەتى نوێی ئەمریکا بۆ عێراق:
تا ئێستا ستراتیژییەتى نوێی ئەمریکا نە ڕوونە و نە ئاشکرا بووە، بەڵکوو ئەوەى هەیە بریتییە لە چەند مانۆڕێك کە بە چەند هەڵوێست و لێدوانێک گوزارشتی لێ دەکرێ و فڕێ دەدرێتە ناو میدیا. ئەوەى کە مارک ساڤایا، نوێنەرى سەرۆکی ئەمریکا بۆ دۆسیەى عێراق، دەیڵێ، لەو لێدوانانە زیاترە؛ وەک بەرنامەیەکی چاکسازیی سیاسی وایە بۆ عێراق. ئەو لە پێرۆزبایییەکەى سەبارەت بە هاتنى ساڵی نوێی 2026 ئەجێندایەکی ستراتیژیى ئەمریکاى لە عێراق بۆ ساڵی 2026 خستە ڕوو کە 18 دۆسیەى دەگرتە خۆ، کە دەکرێ ئەو دۆسیانە لە چوار تەوەردا پەخت بکەینەوە: کۆتاییهێنان بە میلیشیا چەکدارەکان و چەکى پەرتوبڵاو، بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵی و سپیکردنەوەى پارە، باشکردنى خزمەتگوزارییەکان و ئابوورى، جێبەجێکردنى دەستوور. هەر بۆیە پێ دەچێت لەو 18 خاڵەدا بەگشتى مەبەستى ئهمانه بێت: جێبەجێکردنى دەستوور، ئەکتیڤکردنى پەرلەمان، سەربەخۆکردنى دادوەرى، هەڵوەشاندنەوەى میلیشیاکان، دروستکردنى سوپا و هێزی ناوخۆی دوور لە مەزهەب، پاراستنى سنوورەکان، گەندەڵیی دارایی، هەمەچەشنکردنى ئابوورى و هاتنى کۆمپانیا ئەمریکییەکان، چاکسازی لە بوارى سیستهمى بانکى، هاندانى وەبەرهێنانى بیانی، پەروەردە، تەندروستیى گشتى، بایەخدانى زیاتر بە ڕۆڵی ئافرەت، پاراستنى کەمەنەتەوایەتییەکان، ئەکتیڤکردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان، دابەشکردنەوەى دادپەروەرانەى داهات، بنیاتنانى هاوبەشییەکی مەدەنی و ئاسایشی لەگەڵ ئەمریکا. ئەمە ئەو تەوەرانەن کە لە زۆرێک لە سەرچاوەکانى میدیا باس کراون… ئایا تەواوى دۆسیەکان ئەمانەن؟ دەبێ لێیان ورد بینەوە تا لە ڕۆژانی داهاتوو مەبەستى نوێی ستراتیژییەتى ئەمریکا بۆ عێراق لە 2026 تێ بگەین.
دەکرێ بپرسین: ئایا هەرێمی کوردستان چۆن لەو ستراتیژییەتە نوێیە سوودمەند دەبێ، ئەگەر سەرکەوتوو بوو؟
ئەگەر ئەو خاڵانە دروست وابن، ئەوا سەرلەنوێ بنیاتنانەوەى دەوڵەتى عێراق دەگەیەنێ. زۆرینەى ئەو خاڵانە ئەگەر بەپێی دەستوورى ئێستا جێبەجێ بکرێن، لە بەرژەوەندیى هەرێمن. لەو حاڵەتەدا هەرێم دەبێت: سەرلەنوێ بایەخ بە خۆڕێکخستنەوە بدات و یاساى چاکسازی جێبەجێ و دامەزراوەکانى تۆکمە بکات و بارى ئابوورى پێش بخات، پەیوەندییەکانى فراوانتر بکات، بەشداریکردن و پێگەى لە بەغدا پتەوتر بکات و، متمانەى خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ خۆى دەمەزەرد بکاتەوە.
بەڵام چەند ئاڵنگارییەک لەپێشن کە دەبێ هەرێم لەبەرچاویان بگرێ:
- ئەو گۆڕانکارى و چاکسازییانە زیاتر حکوومەتى فیدراڵی بەهێز دەکەن لەسەر حیسابی هەرێم. لەو حاڵەتەدا بایەخی ئەمریکا زیاتر بۆ بەغدا دەبێت نەک هەرێم.
- هەرێمی کوردستان هەندێ لە دەسەڵاتەکانى لەسەر ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتى کەم دەبنەوە.
- گرفتى جددی لەگەڵ سوننەدا بۆ دروست دەبێت، بهتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان.
- بەردەوامبوونى ناتەباییی کورد، کاریگەریى نەرێنێ لەسەر سیستهمى فیدراڵیی عێراق دروست دەکات.
- دروستنەبوونى هەرێمی نوێ.
بەڵام پشتێنەى ئەمنیی هەرێم لە سێ ڕەهەندایە: یەکڕیزی، مانەوەى پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا، جێبەجێکردنى فیدراڵییەت.
ئەى ئەگەر هات و ئەمریکا شکستى هێنا؟
لەو حاڵەتەدا: هەرێم قەیرانەکانى لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبن، ئاشوب لە عێراق هەر دەمێنێ و لەوانەیە بەرەو لێکترازانى تەواو بڕوا، میلیشیاکان هەژموونیان هەر دەمێنێ، بارى ئابووریى وڵات بەرەو هەڵدێر دەچێ، وڵات دووچارى گۆشەگیریی دەبێ لەسەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى و، متمانەى خەڵک بە دەسەڵات لەوەى ئێستا کێرڤەکەى زیاتر دادەبەزێ.
ئەى هەرێم لەو حاڵەتەدا دەبێ چی بکات؟
هەرێم دەبێت: کابینەى نوێ پێک بهێنێ، لە ڕووى ئابوورییەوە زیاتر پشت بە خۆى ببەستێ یان لەگەڵ بەغدا بگاتە بەرەنجام، ئاسایش و یەکڕیزیی ناوخۆ تۆکمەتر بکات، بایەخ بە چاکسازی و تۆکمەکردنى وەزارەتى پێشمەرگە بدات، گەڕان بەدواى هاوپەیمانیی نوێ لەسەر ناوخۆ و ناوچەیی و نێودەوڵەتى، بەردەوامبوونى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا بەهەستیارییەوە و، پاراستنى دەستکەوتەکان.
کاریگەریى مانەوەى حاڵەتى سیاسیی ئێران بەو شێوەى ئێستاى؟
مانەوەى ئێران لەسەر ئەو حاڵەتەى ئێستای، لە بەرژەوەندیى هەرێمە و، گوشارەکانى بۆ سەر هەرێم کەمتر دەبنەوە، بەڵام ئێران ناتوانێ دەستبەردارى هەرێم بێ. لە لایەکی تریشەوە میلیشیا پرۆکسییەکانى سەر بە ئێران بەرەو لاوازبوون دەچن و، قەیرانی ئابووریى ئێران بەردەوام دەبێ؛ ئەمەیش دەرفەتى ئابوورى بۆ هەرێم بەزیندوویی دەهێڵێتەوە. لەو نێوەدا هەرێم دەتوانێ پەیوەندییەکى هاوسەنگی لەگەڵ ئەمریکا و ئێران بهێڵێتەوە. هەرێمی کوردستانیش وەک واقعێکى دەستوورى و نێوهندگیر لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەبایەخ دەمێنێتەوە.
ئەدی لەو حاڵەتەدا دەبێ هەرێم حەزەر لە چی بکا؟
حاڵەتى نەبوونى جەنگ لەگەڵ ئێران، به ماناى ئەوە نییە کە هەرێمی کوردستان ناکەوێتە ژێر گوشار و، لە هەژموونى ئێران قوتارى دەبێ، بەڵکوو ئەو دەستێوەردانانە بەردەوام دەبن، ناتەبایی و دووبەرەکیى کورد بەردەوام دەبێ. گەیشتن بە ڕێکكەوتن لەگەڵ بەغدا کارێکی ئاسان نییە.
ئەگەر پارتى دیموکرات و یەکێتیى نیشتمانى نەگەیشتنە ڕێکكەوتن، ئاسەوارەکەى چی دەبێ؟
ئەمە مەترسیدارترین سیناریۆیە بۆ هەرێم و پرسی کورد لە عێراق، چونکە داڕمانى پرۆسەى سیاسی لە هەرێم و پێکنەهێنانى کابینەى دەیەم ئاسەوارى زۆر مەترسیدار دەنێنەوە: لاوازیى پێگە و هەڵوێستى کورد لە بەغدا، بێمتمانەییی خەڵک بە لایەنە سیاسییەکان و تهواو لاوازبوونی دەسەڵات، دروستبوونى بۆشاییی ئاسایش و دەسەڵات؛ ئەمەیش ڕێگە بۆ فاکتەرى دەرەکی لەسەر ئاستى عێراق و ناوچەیی بۆ دەستێوەردان لە هەرێم زیاتر دەکات، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە قەیرانى ئابووریى قورس بەسەر هەرێم دێنێ کە لەوانەیە هۆکارەکەى لایەنێکی سیاسیی هەرێم بێت، دواتریش وەبەرهێنان دەکەوێتە مەترسییەوە؛ بەڵام لە هەموویان مەترسیدارتر ئەوەیە کە فیدراڵییەت دەکەوێتە مەترسیی لەباربردنى تەواوەوە.
کەواتە ڕێکكەوتنى هەردوو حزبە سەرەکییەکە، دەبێتە مایەى ئهوهی: حکوومەتێکی بەهێز لە هەرێم پێك بهێنرێ، پێگەی لە بەغدا بههێز ببێت، ئەو ڕێکكەوتنە کێرڤى ئاسایشی نەتەوەییی هەرێم بەرز دەکاتەوە، وەبەرهێنان زیاتر ڕادەکێشێ، سەرچاوەکانى داهاتەکان هەمەچەشن دەکات، سەقامگیریی کۆمەڵایەتى و متمانەى خەڵک بە دەسەڵات دەگەڕێتەوە، پەیوەندییە دەرەکییە هاوسەنگەکان لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە باشتر دەبن، لەم ساتەوەختە دژوارەى گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بهتایبەت لە ڕۆژاوا، پێویستى بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە و، دەبێتە هۆکار بۆ گەیشتن بە ئاسۆیەکی گەش لەسەر ئاستى نەتەوەیی.
کەواتە مەرجی بنەڕەتیى مانەوەى کورد وەک هەرێم و لایەنى کاریگەر لە عێراق و بەرگرتن لە مەترسییەکان بۆ سەر بوونى کورد، بریتییە لە ڕێکكەوتنى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان. ئەمەیش بەبێ سازشکردن بۆ یەکتر هەرگیز ڕوو نادات. مەترسی و هەڕەشەکانى سەر پرس و بزاڤى ڕزگاریخوازى کورد، زۆر لە ناکۆکییەکانى نێوان دوو حزبى سیاسی گرنگترە.








