د. پەرویز ڕەحیم قادر/ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی
هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، تەنیا وەک جەنگێکی ناوخۆیی لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا سنووردار و قەتیس نەمایەوە، بەڵکوو بوو بە وەرچەرخانێکی جیۆسیاسی کە هاوکێشە ئاسایشییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕیوە و، گرنگترینیان ئەوە بوو کە “بەرەی خۆڕاگری “(Axis of Resistance)ی ئێرانی بەرەو پاشەکشە و داڕمان برد. ئەم وەرچەرخانە سیاسییە، کە بە “داڕمان و داڕشتنەوەی” هاوکێشەکان ناسراوە، کوردستانی خستە ناو هاوکێشەی گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکانەوە. لە ئێستایشدا و پاش ڕووداوەکانی ڕۆژاوای کوردستان بەهۆی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی “هەسەدە”، بۆ کورد ئەم هاوکێشە نوێیە تەنیا گۆڕینی هاوپەیمانێتییەکان نییە، بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ لۆژیکێکی نوێی هاوکێشە جیۆسیاسییەکان لە ناوچەکەدا کە تێیدا “ئەکتەرە نادەوڵەتەکان” پێگەیان لەرزۆک و ناجێگیر بۆتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەم وتارە هەوڵ دەدات شرۆڤەیەکی جیۆسیاسی بۆ ڕۆڵ و پێگەی کورد بکات لە ئەگەری گۆڕانکاری لە ئێران و، ستراتیژییە نوێیە هەرێمایەتییەکانی ئەنقەرە و تەلئەبیب و وڵاتانی عەرەبی، کە هەموویان لەژێر چوارچێوەی تیۆریی “کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی”دا لێک دەدرێنەوە یاخود خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت.
کورد و “کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی “(RSCT)
بۆ ئەوەی بتوانین بەوردی لە پێگەی جیۆسیاسی و ڕۆڵی کورد وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی تێ بگەین، وا باشترە قوتابخانەی کۆپنهاگن (Barry Buzan & Ole Wæver) و تیۆریی “کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی” (Regional Security Complex Theory) بە بنەما وەربگرین. بەپێی ئەم تیۆرییە، ئاسایش شتێکی جیهانی نییە، بەڵکوو “هێشوویەکی هەرێمایەتییە (Regionally Clustered). وڵاتانی ناوچەکە، بۆ نموونە (تورکیا، ئێران، عێراق، سووریا) پێكەوە “کۆمەڵەی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” پێک دەهێنن، کە تێیدا ئاسایشی هەر یەکێکیان ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئەوی دیكهیە. هەروەها بەپێی ئەم تیۆرییە، ئاسایش دیاردەیەکی هەرێمایەتییە و ناتوانرێت ئاسایشی هیچ نەتەوە یان دەوڵەتێک بەتەنیا و بەدابڕاوی لە یەکتری بخوێنرێتەوە، بەڵکوو گرێدراوە بەو “بوارە ئاسایشییە”ی کە تێیدا جێگیر بووە. کورد لەم هاوکێشەیەدا وەک “کۆمەڵەیەکی ئاسایشیی لاوەکی “(Kurdistan Security Subcomplex – KSS) لە لقی کۆمەڵە ئاسایشییە گەورەترەکەدا دەردەکەوێت کە بە شێوەیەکی ئۆرگانی، بەستراوەتەوە بە چوار یەکەی سیاسییهوه (تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا). هەر کام لەم وڵاتانەیش مۆدێلی دۆستایەتی و دوژمنایەتیی جیاوازیان لەسەر بنەمای بەئاسایشیکردن و بەنائاسایشکردنی هەیە.
بەڵام ئەوەی لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە و بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠٢٦دا ڕووی دا، پرۆسەیەکی نوێی “بەئاسایشیکردن “(Securitization)ی ناسنامە (شوناس)ی کوردییە کە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە بەڕێوە دەچێت، بەڵام تا ڕاددەیەکی زۆر جیاواز لە ڕابردوو. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، دەوڵەتانی ناوچەکە لە جیاتی پەیڕەوکردنی سیاسەتی سەربازیی ڕابردوو، ئێستا پەنا دەبەنە بەر “بەئاسایشیکردنی سیاسی و ئابووری” لە ڕێگەی تێکەڵکردنەوەی زۆرەملێی کورد لە دەوڵەتە ناوەندییەکاندا.
پێگە و چارەنووسی کورد وەک “نەتەوەیەکی بێدەوڵەت”(Stateless Nation) لە نێوان چەندان ئاستی شیکردنەوەدا کاریگەریی لەسەر دەکرێت: ئاستی ناوخۆیی (کە تێیدا دابەشبوون و ململانێی توندی ئایدیۆلۆژی و حزبی هەیە)، ئاستی هەرێمایەتی (ململانێی تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکە) و، ئاستی جیهانی کە تێیدا ئەمریکا بەرەو پاشەکشە لە ناوچەکە و پێسپاردنی ئەرکەکانی ڕابردووی بە ئەکتەرە هەرێمییە هاوپەیمانەکانی هەنگاو دەنێت.
ئەم دابەشبوونە وای کردووە کە هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە ئێران یان عێراق و سووریا و تورکیا، ڕاستەوخۆ شوێندانەری و کاریگەریی هەبێت لەسەر مانەوە و ئاسایشی سیاسیی کورد لە پارچەکانی دیکە. بۆ نموونە، لاوازبوونی پێگەی ئێران لە سووریا دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، وای کرد کە تورکیا و قەتەر ئەو بۆشایییە پڕ بکەنەوە؛ ئەمەیش ڕاستەوخۆ بووە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی حکوومەتی نوێی سووریا و، بەم پێیەیش لە دژی کورد و هەسەدە.
لێرەدا بەڕوونی دەردەکەوێت کە لقی کۆمەڵە ئاسایشییەکە یاخود سیستەمی “مایکرۆ-سیستەمی کوردی” لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییەکەدایە واته “ماکرۆ-سیستەمی ناوچەیی”. چونکە لە ڕوانگەی باری بوزان (Barry Buzan) و ئۆلی وەیڤەر (Ole Wæver) لە “قوتابخانەی کۆپنهاگن”، ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک تۆڕێکی ئاوێتە و لێکئاڵاو کار دەکات. کورد لەم سیستەمەدا بەهۆی ئەوەی کە نەکەوتوونەتە ناو یەک دەوڵەتەوە، ئەو پارچانەیش وەکوو (Buffer Zone) بوونەتە “دابڕکەر” (Insulator) یاخود هەندێک جار “گەیەنەر” (Conductor) لە نێوان ململانێی وڵاتە سەرەکییەکان (تورکیا، ئێران، عێراق، سووریا).
هەر بۆیە، کێشەی گەورەی کورد لە ئێستادا ئەوەیە کە چیتر وەک “دابڕکەر” کار ناکەن (واتە ئەو ناوچەیەی کە ڕێگە لە پێکدادانی ڕاستەوخۆی تورکیا و ئێران بگرێت)، بەڵکوو بەپێچەوانەوە بوونەتە ئەو گۆڕەپانەی کە ئەجێندا ئاسایشییەکانی ئەو دەوڵەتانەی تێدا یەکلایی دەکرێتەوە. ئەو هاوکێشەیەیش، لە ئێستادا بەو شێوەیەیە مەترسیی بۆ سەر کورد هێناوەتە ئاراوە کە؛ هەرێمی کوردستان (باشوور)، کەوتۆتە ژێر گوشاری جەمسەری “ئێران-عێراق” لە لایەک و “ئەمریکا- ئێران” و “وڵاتانی عەرەبی- تورکیا” لە لایەکی دیکەوە. هەروەها کوردی ڕۆژاوا (سووریا)، بووەتە قوربانیی گرێبەستی “ئاسایشی-هەرێمایەتی”ی نێوان تورکیا و سووریا (ئەحمەد شەرع) و ئەمریکا و ئیسرائیل و قەتەر و سعوودیا، بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی “دابڕ” لە نێوان ئێران و لوبنان و لە هەمان کاتیشدا دەوڵەتێکی ‘”گەیەنەر” لە نێوان کەنداو و تورکیا.
لێرەوەیە کە هەسەدە و ڕۆژاوای کوردستان و پێگەی جوگرافی و بەردەوامی و مانەوەی کورد وەکوو ئەکتەرێکی نادەوڵەتی دەکرێتە قوربانی، چونکە ڕۆژاوای کوردستان لە ئەگەری مانەوەیدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان-عێراق هەردوو ڕۆڵی دابڕکەر و گەیەنەر دەگێڕن و، بەم پێیەیش تورکیا و وڵاتانی کەنداو ئەمە بە مەترسی دەزانن و پێگەی کورد دەچێتە ناو هاوکێشە جیۆستراتیژی و جیۆسیاسییەکان. لە کاتێکدا کورد دەوڵەت نییە و لە هەمان کاتیشدا سەرچاوەی نەوت و گازی سروشتیی هەیە و لانی کەم هاوبەشی ئەمریکا و ئەوروپاش بووە لە ڕووی سەربازییەوە و، لە عێراق هاوبەشی سیاسیی زۆرینەی شیعەی نزیک لە ئێران بووە و، لە هەمان کاتیشدا بۆ ئەمریکا وەکوو دابڕکەر و لەوەیش گرنگتر، وەکوو باڵانسەر لە دژی هەژموون و نفووزی ئێران بووە.
سووریا و ڕۆژاوای کوردستان
شکستی ڕۆژاوا تەنیا ئەنجامی هێرشێکی سەربازیی سادە نەبوو، بەڵکوو دەرەنجامی گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلیتیکیی قووڵ بوو. لە ڕوانگەی تیۆریی “کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی”، کورد لە مێژوودا ڕۆڵی “بەربەست (Buffer)”ی بینیوە کە ڕێگریی کردووە لەوەی تورکیا و ئێران ڕاستەوخۆ “پێکدادان بکەن”، بەڵام ئەو گۆڕانکارییە جیۆسیاسی و ئاسایشی و تەکنۆلۆژییه، وای کرد کە ئەو ڕۆڵە نەریتییەی کورد وەک “دابڕکەری جوگرافی” لەرزۆک بێتەوە، پێگەی کوردستان ببێتە زۆنی خۆڵەمێشی و گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان و پێکدادانی بەرژەوەندییەکانیان. هێرشەکەی ئەحمەد ئەلشەرع نیشاندەری ئەوەیە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئامادە نییە پارێزگاری لەم “دابڕکەرە” بکات ئەگەر پارێزگاریکردنەکە ببێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییە گەورەکەی لەگەڵ ئەندامێکی گرنگی ناتۆ وەک تورکیا و، هەروەها لەدەستدانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنەکان و، بەم پێیەیش ڕاگرتنی سەرمایەی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی قەتەر و سعوودیا لە ئەمریکا.
لە لایەکی دیکەیشەوە، ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتاییی ٢٠٢٤ و سەرەتای ٢٠٢٥دا، بۆشایییەکی گەورەی دروست کرد کە سەرەتا وەک دەرفەت بۆ کورد دەرکەوت، بەڵام دواتر بەهۆی هەستکردن بە مەترسی لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و تورکیا، بووە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر کورد لە ڕۆژاوای کوردستان.
لەگەڵ جێگیربوونی حکوومەتە گوازراوه (ئینتیقاڵی)یهکەی “ئەحمەد ئەلشەرع” (“ئەبو محەمەد جۆلانی”ی پێشوو) لە دیمەشق، کە لەلایەن تورکیا و قەتەرەوە پشتگیرییەکی بێوێنەی دارایی و سەربازی و دیپلۆماسی دەکرێت، ستراتیژیی ئەو دەوڵەتانە بۆ بەشداری لە داڕشتنەوەی نەزمی نوێی هەرێمایەتی و دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی ئیسرائیل، بەرەو گەڕانەوەی سەروەریی ڕەها هەنگاوی ناوە. جگە لەوانەش، داڕمانی هێزەکانی هەسەدە لەم ناوچانەی دەسەڵاتی خۆسەر، نیشانی دا کە هاوپەیمانیی کورد لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان چەندە لەرزۆک بووە؛ چونکە هۆزەکان لە یەکەم ساتدا چوونە پاڵ سوپای سووریا و، هەسەدەیان وەک “داگیرکەرێکی کوردی” وەسف کرد.
لە دەرەنجامدا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ناچار بوو مەرجەکانی ئەحمەد شەرع- کە لەلایەن “تۆم باراک”ی نێردراوی تایبەتی ئەمریکا ئاراستە دەکرێت- و “ڕێککەوتننامەی ١٤ خاڵی” لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا واژۆ بکات. تەنیا دەستکەوتی کورد لەم ڕێککەوتنەدا، ناساندنی زمانی کوردی بوو وەک زمانێکی نیشتمانی و پێدانی ڕەگەزنامە بەو کوردانەی کە لە ساڵی ١٩٦٢وە بێبەش بوون؛ کە ئەمەیش بە “مافی کهلتووری” دادەنرێت.
ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا لە دوای ٧ ئۆکتۆبەرەوە، ستراتیژیی خۆی لە “پشتگیریکردنی هاوبەشە لۆکاڵییەکان”ەوە، گۆڕیوە بۆ “هاوسەنگکردنی دەوڵەتە مەرکەزییەکان” بۆ ڕێگریکردن لە هەژموونی چین و ڕووسیا و یەکلاییکردنەوەی ئێران و ڕازیکردنی وڵاتانی عەرەبیی خاوەن سەرمایە و، دوورخستنەوەیان لە چین و ڕووسیا و، هەروەها پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل لە ڕێگەی ئەم گۆڕانکارییە جیۆسیاسییانە و تەنانەت ئامادەکاری بۆ ڕووخانی ئێران و بەرفراوانکردنی پەیمانی ئیبراهیم. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئەوەی کە پشکی بەردەکەوێت ئەکتەرە دەوڵەتییەکانە نەک ئەکتەرە نادەوڵەکان، چونکە ئەو دەستکەوتە جیۆسیاسییانە بەبێ لەناوچوونی ئەکتەرە نادەوڵەتەکان بۆ گۆرینی هاوکێشە جیۆسیاسییەکان و ڕۆنانی نەزمێکی نوێی هەرێمایەتی، دەستەبەر نابێت.
ئهوهی ڕاستی بێت، لە هاوکێشەکانی جیۆپۆلیتیکدا، هەمیشە جۆرێک لە دژبەیەکی لە نێوان “بەهاکان” و “بەرژەوەندییەکان”دا هەبووە. بۆ ماوەیەک، بەتایبەت لە شەڕی دژ بە تیرۆردا، ئەمریکا توانیبووی جۆرێک لە “دووانەی ستراتیژی” بەڕێوە ببات: لە لایەک باسی لە پشتیوانیی دیموکراسی و مافی کەمینەکان دەکرد، لە لایەکی ترەوە پێویستیی بە هێزێکی زەمینیی هەرزان هەبوو بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییەی کە نەیدەویست بە سوپا و سەربازی خۆی لەسەر زەوی پڕی بکاتەوە. هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)، لەم چرکەساتە مێژوویییەدا، بوونە قوربانیی سەرکەوتنی خۆیان؛ ئەوان لەوە تێ نەگەیشتن کە لە “ململانێی نێوان زلهێزەکان”دا، بریکارەکان (Proxies) خاوەنی “ڕێکەوتی بەسەرچوون”ن.
کێشەکە لێرەدا تەنیا خیانەتی ئەمریکا و بێدەنگیی ئەوروپییەیکان و دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و دیموکراسی نییە، بەڵکوو هاوکێشەکە بریتییە لە گۆڕانی ئەرک یاخود “فەنکشنی وەزیفی”ی کورد لە ئەجێندای ئاسایشیی ئەمریکیدا. باشترین بەڵگەیش، کاتێک هەڕەشەی وجوودیی داعش کەم بووەوە، بەهای مانەوەی ئەو هێزە نادەوڵەتییە (هەسەدە) بۆ ئیدارەی ترەمپ و بەپێی ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی و، هەروەها دۆکترینی تایبەتی ترەمپ لە هاوکێشەی Cost-Benefit Analysisدا، بوو بە نەرێنی.
لە ڕوانگەیەکی دیکەیشەوە، ئەمریکا هەمان سیناریۆی ئەفغانستانی لە دژی داعش و، هەروەها ڕووسیا و چین لە سووریا گرتە بەر، بەڵام بەم جیاوازییەوه کە لە ئەفغانستان دەوڵەت و دیموکراسی کرایە قوربانی بۆ ئەکتەرێکی توندڕەو کە تەنیا دژایەتیی داعش بکات و مەترسی بێت بۆ سەر ئێران و ڕووسیا و چین و، لە سووریا ئەکتەرەکی نادەوڵەتی و دیموکراسی کرایە قوربانی بۆ هێزێکی توندڕەوی ڕادیکاڵ بۆ دژایەتیی ئێران و پاشان دوورخستنەوەی نفووز و هەژموونی ڕووسیا و چین و ئێران لە ناوچەکەدا. بۆیە دەبینین لە هەردوو کەیسەکەدا، چین و ئێران و ڕووسیا ڕۆڵی ناوەندی یاخود سەرەکییان هەیە لە هاوکێشەکەدا و، ئەمەیش دەری دەخات کە سیاسەتی باڵای ئەمریکا بۆ ڕێگریکردنی لە باڵادەستیی چین و پاشان کۆنترۆڵکردنی هەژموونی ڕووسیا و ئێران پەیڕەو دەکرێت و، ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئهوهیه کە لە هەردوو کەیسەکەیشدا ڕۆڵ و پاڵپشتیی دارایی و پشتیوانیی میدیاییی “قەتەر” زۆر بەرجەستە و کاریگەرە. لێرەوەیش جگە لە پرسی ئایدیۆلۆژیا لە ڕێگەی جیۆپۆلیتیک، پرسی وزە و هاوکێشەکانی پەیوەست بەم فاکتەرە لە پشتەوەی ڕووداوەکانن.
بۆ هەرێمی کوردستان لە عێراق، هاوکێشەکان بەرەو ئاڵۆزییەکی جیاواز دەچن. لە دوای ٢٠٢٣وە، بەغدا بە شێوەیەکی سیستهماتیک لە ڕێگەی “دادگهی فیدراڵی” و “گوشاری دارایی”یەوە خەریکی بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمە. لە لایەکی دیکەیشەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ئەیلوولی ٢٠٢٦دا بەتەواوی لە عێراق دەکشێنەوە، هەروەها پرۆگرامی مەشق و ڕاهێنان و مووچەی پێشمەرگە، کە لەلایەن پێنتاگۆنەوە دابین دەکرێت (CTEF)، لە کۆتاییی ٢٠٢٦دا دەوەستێت؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی لاوازبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
هەر بۆیە پلانە مەترسیدارەکان بۆ کورد ئەوەیە کە ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان لە ڕێگەی سەقامگیرکردنی ڕێژەییی سووریا و جێگۆڕکێ بە ئەکتەرە باڵادەستەکان لەلایەن وڵاتانی سوننە و هاوپەیمانی ئەمریکا و فاکتەری سوننەوە و تەنانەت بە پشتیوانیی ئەمریکا، دەیانەوێت کە ئەم بۆشایییە لە ناوچەکە و تەنانەت لەپاش کەوتن و یان داڕمانی ئێران لە عێراق لە ڕێگەی سوننەوە پڕ بکەنەوە. ئەمەیش نەزمێکی بەتەواوی جیاواز دەێنتە ئاراوە؛ هەرچەندە بەشێک لەم هاوکێشەیەیە ئەوەیە کە وڵاتانی سوننە و تورکیا نایانەوێت کە ئەم نەزمە تەنیا عیبری (ئیسرائیلی) بێت، بەڵکوو دەبێت عیبری-عەرەبی (سوننە) و تورکی بێت.
داڕمانی ئێران و لێکەوتە جیۆسیاسییەکانی بۆ سەر ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان-عێراق
ئابووریی ئێران بەهۆی گەماڕۆ و سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، بەتەواوی ئیفلیج بووە و ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی تەنانەت “بازاڕییەکان” کە مێژوویەکی دێرینیان لە هاوپەیمانی لەگەڵ دامەزراوەی ئایینیدا هەیە، بێنە سەر شەقام. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووبەڕووی قووڵترین و کوشندەترین قەیرانی شەرعییەت بووەتەوە کە لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩وە وێنەی نەبووە. ئەوەی لە تاران و شارە گەورەکانی وەک تەورێز، ئەسفەهان و… ڕووی دا، تەنیا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی نەبوو، بەڵکوو شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو کە هەموو ٣١ پارێزگاکەی گرتووەتەوە.
لێرەدا پرسیارە ستراتیژییەکە ئەوەیە: ئایا ئێران دەڕووخێت؟ و ئەگەر بڕووخێت چۆن دەبێت؟ بەپێی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و ستراتیژی و تەنانەت شیکارییەکان، شەش سیناریۆی سەرەکی لە ئارادان: یەکەم، داڕمانی لەسەرخۆ (Slow Decline) کە تێیدا ڕژێم دەسەڵاتی بەسەر پارێزگاکاندا نامێنێت بەڵام لە تاران وەک قەوارەیەکی سەربازی دەمێنێتەوە. دووەم، کودەتای سەربازی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە (IRGC) بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە. سێیەم، پارچەپارچەبوونی جوگرافی (Fragmentation) کە تێیدا نەتەوە بێدەوڵەتەکانی وەک کورد و بەلووچ و عەرەبەکان هەوڵی ڕاگەیاندنی فیدراڵی یان ئۆتۆنۆمیی فراوان دەدەن. چوارەم: بەهۆی هێرشی دەرەکی (ئەمریکا و ئیسرائیل) هاوتەریب لەگەڵ شۆڕشی جەماوەری، بۆشاییی دەسەڵات دروست دەبێت یاخود بەتەواوی دەڕووخێت، بەڵام بە چارەنووسێکی نادیار و داهاتوویەکی ناڕوون. پێنجەم: ڕژێمی سیاسی لە ئێران دەتوانێت بە پێدانی ئیمتاز و دانبەخۆداگرتن و سازان لەگەڵ ئەمریکا و کەڵکوەرگرتن لە چین و ڕووسیا و، هەروەها نیگەرانی و دڵەڕاوکێی وڵاتانی ناوچەکە بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگ، تا کۆتاییی خولی ترەمپ قەیرانەکان بەڕێوە دەبات و بەلاوازی دەمێنێتەوە. شەشەم: بە نەمانی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران-ئایەتوڵڵا خامنەیی- سیستەم ڕووبەڕووی قەیرانی جێنشینی و پێکدادان و ململانێی توندی ناوخۆییی ناوەندە دەسەڵاتدارەکان دەبێتەوە و، ئەمەیش ڕێگە بۆ وەرچەرخانی سیستەم یاخود شۆڕشی بەرفراوانی جەماوەری فەراهەم دەکات یاخود لە گەشبینانەترین سیناریۆدا بە دەستوەردانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، دەسەڵاتێکی کاتی لە ئێران دروست دەبێت بە مەبەستی گواستنەوەی سیستەمی سیاسی.
بۆ کورد لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووخانی ئێران “شمشێرێکی دوودەم”ه. لە لایەکەوە، دروستبوونی بۆشاییی دەسەڵات لە تاران گەورەترین “دەرفەتی مێژوویی” بۆ کورد دەڕەخسێنێت تاوەکوو بۆ یەکەم جار لە مێژوودا ناوچەیەکی کوردیی جێگیر لەژێر دەسەڵاتی کورد دروست بکەن، کە ئەمەیش خەونی نەتەوەییی کورد بووە بۆ بوون بە ئەکتەرێکی خاوەن سەروەری و ژێرخانی ئابووری-وزە لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا. لە لایەکی دیکەیشەوە، هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێکی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئێرانی-فارس (رەزا پەهلەوی) کە پاڵپشتیی ئیسرائیل و ئەمریکا و تەنانەت دانپێدانانی وڵاتانی ئەوروپی و هەرێمایەتیی هەبێت، دهبێته هۆی ئهوهی کە دۆخەکە لە ڕابردووش بۆ کورد ناڕوونتر و ئاڵۆزتر و قورستر بێت. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، هەڕەشەی تریش بەپێی کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییەکە لە ئارادایە، بۆ نموونە؛ ڕووخانی ئێران دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی و ئانارشییەک لە ناوچەکە و ناوخۆی ئێراندا کە تێیدا تورکیا، بە پاساوی “ئاسایشی نەتەوەیی” و ڕێگریکردن لە دروستبوونی دەسەڵاتی کوردی، هێرشێکی پێشوەختە بکاتە ناو قووڵاییی خاکی هەرێمی کوردستان و پاشان ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بۆیە داهاتووی کورد لەم پارچەیەدا، جگە لە پێگەی نەتەوەکانی دیکە لەناوخۆی ئێران، بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندی و پشتگیریی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و پەیوەندییە هەرێمایەتییەکاندا لە لایەکی دیکەوە.
جەمسەربەندییە جیۆسیاسییەکان؛ ستراتیژیی تورکیا، ئیسرائیل و کەنداو
هەڵکەوتەی جوگرافیی تورکیا، بەردی بناغەی سەرەتاییی هەژموونی ستراتیژییەکەیەتی. ئەم وڵاتە لە خاڵی بەیەکگەیشتنی کیشوەرەکانی ئەوروپا و ئاسیا و لە دراوسێیەتیی دەریای ڕەش، دەریای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵکەوتووە. کۆنترۆڵکردنی گەرووەکانی بۆسفۆر و داردانێل، تورکیای کردووەتە دەرگهوانی دەریای ڕەش و ڕێڕەوەکانی بازرگانی و وزە بەرەو ئەوروپا. ئەم پێگەیە ڕێگە بە ئەنقەرە دەدات کە بە شێوەیەکی هاوکات کاریگەری لەسەر پێشهاتەکانی ئۆکراینا، قەوقاز، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دابنێت.
تورکیا لە دراوسێیەتیی ناوچە قەیراناوییەکانی وەک جەنگی ئۆکراینا، پێکدادانی ئەرمینیا و ئازەربایجان، شەڕی ناوخۆی سووریا و توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلدایە. ئەم جوگرافیایە نەک تەنیا ئاڵنگارییەکی ئەمنییە، بەڵکوو سەرمایەیەکی دیپلۆماسیی بێوێنەیشە کە تورکیای کردووەتە شوێنی کۆبوونەوە و نێوەندگیری بۆ لایەنە دژبەرەکان. تورکیا لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە وەک “ئەندازیارێکی جیۆپۆلیتیک” دەردەکەوێت.
ستراتیژیی ئەنقەرە لە جهنگی ڕاستەوخۆ”وە، گۆڕاوە بۆ “تێکدانی پڕۆژەی کورد لە ڕێگەی دەوڵەتە ناوەندییەکانەوە”. تورکیا بە پاڵپشتیی توند لە حکوومەتە نوێیەکەی دیمەشق (حکوومەتی ئەحمەد ئەلشەرع)، توانیی لە ساڵی ٢٠٢٦دا هەسەدە ناچار بە تەسلیمبوون بکات بەبێ ئەوەی هێزی سەربازی جووڵە پێ بکات و لە دژی کورد دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە سووریا بکات. ئێستا باشتر دەردەکەوێت کە “دەسپێشخەریی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤”ی دەوڵەت باخچەلی، تەنیا مانۆڕێکی سیاسی بوو بۆ کۆنترۆڵ و بێدەنگکردنی کوردانی باکوور و ڕێگریکردن لەوەی ئیسرائیل لەم نەزمە نوێیەدا بتوانێت کارتی کورد دژی تورکیا بەکار بهێنێت. تورکیا دەیەوێت کورد تەنیا وەک “کەمینەیەکی کهلتووری” لەناو دەوڵەتەکاندا بمێننەوە نەک وەک “کیانێکی دانپێدانراوی سیاسی” کە بتوانێت هاوکێشەی جیۆسیاسی و وزە لە ناوچەکەدا بگۆڕێت و تورکیا ڕووبەڕووی مەترسیی ئاسایشی ببێتەوە و ئەو گرنگییەی بۆ ئەمریکا و ئەوروپا لەدەست بدات.
بۆیە ڕاستییهكهی، تورکیا بەتوندی دەست بەو ناوهنده جیۆستراتیژی و جیۆسیاسییەی خۆی دەگرێت و هەر بۆیەیشە بەتوندی دژی ڕووخانی ئێرانە؛ بەڵام ئێرانێکی لاواز و گەمارۆدراو و پەڕاوێزخراوی دەوێت کە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ناوچەکە نییە و، بەپێچەوانەیشەوە پێویستیی بە ڕۆڵی سیاسی و جوگرافی و ئابووریی تورکیا هەیە بۆ دەربازبووبن لە گەمارۆ و ئابڵووقەکان. جگە لەوەیش، تورکیا دەیەوێت کارت و فاکتەری کورد لەدەست ئێران دەربهێنێت کە لە ڕابردوودا ئێران لە دژی تورکیا لە ناوچەکەدا بەکاری هێناوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت چوارچێوەی ستراتیژیی ئاسایشیی ئەمریکا، سەرەڕای بانگەشە لیبراڵییەکانی، لەسەر بنەمای”ڕیالیزم” دانراوە. بەم پێیە، هەرگیز ئەکتەرێکی نادەوڵەتی و لاوەکیی بێسەروەری (وەک کیان یاخود یەکەیەکی سیاسیی کوردی) ناتوانێت کێبڕکێ لەگەڵ دەوڵەتێکی خاوەن دامەزراوە و مێژووی وەک تورکیا بکات، بەتایبەت كه ئەو دەوڵەتە لەنێو تۆڕی هاوپەیمانێتییەکانی ئەمریکادا بێت. ئەمریکا دەکرێت ئیرادەی هەبێت بۆ پاراستنی کورد، بەڵام توانای ئەوەی نییە “جوگرافیا بگۆڕێت”. چونکە بۆ ئەمریکا پێگە و هەڵکەوتەی تورکیا دەکەوێتە سەر هەردوو هێڵی پێکگەیشتن و لە هەمان کاتیشدا تێکشکانی جیۆپۆلیتیکی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا؛ تورکیا دەرگهوانەی دەریای ڕەش و پردی گەیشتنە بە ئۆراسیا.
لە سەردەمی کێبڕکێی زلهێزەکان (Great Power Competition) لەگەڵ ڕووسیا و چین، ئەمریکا نایەوێت ڕێگە بدات ” ئەکتەرێکی نادەوڵەتی”، کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ناتۆ بەرەو باوەشی ڕووسیا یان ئێران پاڵ پێوە بنێت. لێرەوەیە کە بەپێی لۆژیکی دۆناڵد ترەمپ و ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەییی ئیدارەی ترەمپ، کە بەرژەوەندی، ئەولەوییەت، هەڕەشە و مەترسییە ئاسایشییەکانی ئەمریکا دەستنیشان دەکات، قوربانیدان بە بریکارەکان یاخود ئەکتەرە نادەوڵەتەکان، دەبێتە پێویستییەکی حەتمی بۆ ڕزگارکردنی سیستەمەکە لە هەژموونی چین و ڕووسیا و نەیارە هەرێمایەتییەکانی ئەمریکا وەکوو ئێران.
ئیسرائیل بۆ پاراستنی ئاسایشی وجوودی (Existential Security) بههۆی پێگهی جیۆسیاسیی ئهو وڵاتهوه، وا دەکات كۆمهڵێك ڕێوشوێنی پێویست بگیرێته بهر، وهك: پاراستنی ههژموونی سهربازیی ناوچهییی ئیسڕائیل له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا له ڕێگهی چهكی پێشكهوتووهوه، جێبهجێكردنی ستراتیژیی توانای بهرگری و سیاسهتی وهستاندن (containment) و باڵادهستی یاخود دهستپێشخهری و وهستاندنی، ڕێگهلێگرتنی ڕهها (Absolute Deterrence)، له ڕێگهی ئهولهوییهتی چهند ستراتیژییهكی سهربازی وهكوو: Effective Use of Fire، Offensive Posture، Preemptive Defense و Preventive Defense. بۆیه ئهولهوییهتی سهرهكیی ستراتیژیی بهرگریی ئیسڕائیل، ڕێگهگرتنه له دهستكهوتنی چهكی ئهتۆمی لهلایهن نهیارهكانییهوه بۆ شكاندنی ئهو ههژموونه سهربازییه له ناوچهكهدا و تێكدانی هاوسهنگیی هێز له زیانی ئیسڕائیل؛ كه مهبهستیش ههوڵهكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه له بواری مووشەکی و بهدهستهێنانی توانای بهرههمهێنانی تهكنهلۆژی و چهكی ئهتۆمی.
لەم چوارچێوەیەدا، ئیسرائیل لە دوای جەنگی غەززەوە، کوردی وەک “هاوپەیمانی پەڕاوێزی” بینیوە. بەڵام ستراتیژیی ئیسرائیل بەرامبەر بە کورد لە ساڵی ٢٠٢٦دا تووشی “ئیفلیجیی ستراتیژی” بووە؛ بەم واتایە کە هەرچەندە ئیسرائیل خوازیاری مانەوەی هەسەدە بوو وەک بەربەستێک لەبەردەم هەژموونی ئیسلامی توندڕەو و تورکیا، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونی بە بەرەی لوبنان و غەززە و ئێران و یەمەن، ناتوانێت بەڕاستەوخۆ دەستوەردانی سەربازی بۆ پاراستنی هەسەدە بکات کاتێک سوپای سووریا هێرشی کرد.
لەپاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و گۆڕانکاری لە هاوکێشەکانی جیۆسیاسی یاخود لێکەوتەکانی ئەو نەزمە نوێیە، وای کردووە کە جێگەی هەڕەشە و دوژمن و دۆستەکان بگۆڕدرێت، بۆیە لە ئێستادا ستراتیژیی دوورمەودای ئیسرائیل ئەوەیە کە؛ هاوپەیمانیی نوێ لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو (تەنانەت ئەگەر سیستەمی سیاسی لە ئێران بگۆڕێت، ئێرانیش دێتە ناو ئەو بەرەیەوە) دروست بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی “بەرەی پشێوی” (تورکیا-قەتەر-سووریا-سعوودیا) کە جێگەی “بەرەی بەرگریی” ئێرانی گرتووەتەوە.
لەم نێوەندەدا، قەتەر، بووەتە گەورەترین سەرچاوەی داراییی ئەو بەرە و پرۆژەیە کە ئیسرائیل دژایەتیی دەکات؛ بۆ نموونە حکوومەتی نوێی دیمەشق، دەیەوێت کوردەکان بەتەواوی لەناو دەوڵەتدا بتوێنەوە تاوەکوو ڕێگه بۆ “هێڵی گازی قەتەر-تورکیا-ئەوروپا” و، هەروەها “پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان” لە نێوان کەنداو-عێراق-تورکیا-ئەوروپا دەستەبەر بکات و، لە لایەکی دیکەیشەوە نفووزی خۆی لە جیهانی ئیسلامی لە ڕێگەی ئایدیۆلۆژیای ئیخوانیزم و سەرمایە-وەبەرهێنانی وڵاتانی عەرەبی مسۆگەر بکات.
جگە لەمانەیش، ستراتیژیی ئاسایشی و سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ بۆ پێسپاردنی ئەرکەکان لە ناوچەکە و تەکیزخستنە سەر چین، وای کردووە کە ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان جگە لەوەی کە بۆشایییەکە پڕ بکەنەوە، هەوڵ بدەن کە لە دەرەوەی کۆمەڵە ئاسایشییەکەی ناوچەکە ئەکتەری دیکە بۆ پاراستنی خۆیان و دابینکردنی چەتری ئەتۆمی دەستەبەر بکەن. بۆ نموونە؛ ئێستا دوو بەرەی “سعوودیا-تورکیا-پاکستان” لەبەرامبەر بەرەی “هندستان-ئیمارات- ئیسرائیل” دروست بووە. لە ئەنجامدا تورکیا و پاکستان لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٥ پەیمانێکی گەورەی هاوکاریی بەرگرییان واژۆ کرد و، لەو کاتەوە تورکیا ڕێککەوتنەکانی بە خۆجێییکردنی بەرگری لەگەڵ سعوودیا خێراتر کردووە. ڕێککەوتنی ئەم دوایییەی نێوان پیشەسازییە سەربازییەکانی سعوودیا (SAMI) و کۆمپانیای بەرهەمهێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ی تورکیا (BAYKAR) نیشانەی یەکگرتنی سەربازیی قووڵترە. قووڵاییی ستراتیژی و توانای ئەتۆمیی پاکستان، سەرچاوە دارایییە بەرفراوانەکانی سعوودیا و، گەشەسەندنی پیشەسازییە سەربازییەکانی تورکیا، کە لە جهنگدا تاقی کراونەتەوە، خاڵی تەواوکەر و بەهێزی ئەوم جەمسەربەندییەیە.
ڕاستییهكهی، ئەم جەمسەربەندییە “ئەتۆمییە”، کە تێیدا تورکیا لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ پاکستان و سعوودیا دەبێتە خاوەنی چەترێکی پارێزەری ستراتیژی، مەترسییەکی وجوودی بۆ سەر ئاسایشی کورد دروست دەکات؛ چونکە لە سیستەمێکی وا جەمسەربەنددا، تێچووی هەر پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی بۆ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان (وەک کورد) بەرامبەر بە دەوڵەتانی خاوەن چەتری ئەتۆمی، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و ئەمەیش دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی زیاتری دۆزی کورد لە ئەجێندای زلهێزەکاندا.
ئەم گۆڕانکارییە لەدوای ئۆپەراسیۆنی حەماس دێت لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و وەڵامی ئیسرائیل کە هاوکێشەی ناوچەکەی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش گۆڕیوە. ئیمارات و تەلئەبیب نفووزی خۆیان لە دەوڵەتە شکستخواردووەکان یان پارچەپارچەکراوەکاندا چەسپاندووە- لە لیبیا و سوودان تا میسر و سۆماڵ. ستراتیژیی ئەوان ئەمەیە: بەکارهێنانی لاوازیی دەوڵەت بۆ فراوانکردنی کاریگەری و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل. بەپێچەوانەوە سعوودیا و تورکیا لە دەوری دۆکترینێکی جیاواز یەکگرتوو بوون: دۆکترینێک کە پشتیوانی لە دەوڵەتە بەهێز و مەرکەزییەکان دەکات کە توانای بەرەنگاربوونەوەی تەلئەبیب و هاوبەشەکانی کەنداویان هەیە.
تەنانەت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی بلۆکی سعوودیا-پاکستان-تورکیا، محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، گەشتێکی خێرای بۆ هیندستان ئەنجام دا. لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەردوو وڵات پەیمانێکی بەرگریی فراوانیان واژۆ کرد، نەک تەنیا سەربازی، بەڵکوو لە بواری گازی سروشتیی شل، بازرگانی، بۆشاییی ئاسمان و وزەی ئەتۆمی. ئەم هاوکێشەیەیش وا دەکات کە گۆڕانکاریی قووڵ لە کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییەکە ڕوو بدات.
کۆبەند
لە کاتێکدا جیهان سەرقاڵی جەنگی غەززە و بارگرژییەکانی ئیسرائیل- ئێران و یەمەن و لوبنان تەنانەت عێراق بوو، ئەکتەرە ناوچەیییەکان وەک تورکیا، سعوودیا و قەتەر خەریکی دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسی و پێگەی هەرێمایەتی و تەنانەت ڕۆڵی سووریایەکی نوێ بوون لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکاندا، کە دەرەنجامە مەترسیدارەکەی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا بە هێرشی سوپای نوێی سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هەوڵدان بۆ کۆتاییهاتنی پڕۆژەی “ڕۆژاوا” بەرجەستە بووەوە.
هەروەها گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ئەمریکا، ڕەنگدانەوەی ستراتیژییەکی بنەڕەتییە لە تێڕوانینی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چەمکی “ئاسایشی هەرێمایەتی”، کە تێیدا دەوڵەت-هەرچەندە لاواز و شکستخواردوو بێت- جێگەی متمانەتر و پەسەندترە لە قەوارەیەکی نادەوڵەتی تەنانەت ئەگەر دیموکراسی و هاوبەشیش بێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو قەوارەیە لەلایەن وەبەرهێنەر و سەرمایەدارە هەرێماتییەکان و، هەروەها هاوبەشە سەربازییەکانی وەک تورکیا وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش ببینرێن. چونکە ئەمریکا دەیەوێت بە نەزمێکی نوێ، هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت و لە دوورەوە بە پێسپاردنی ئەرکەکان بە ئەکتەرە دەوڵەمەند و بەهێزەکان بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و، لەم ڕێگەیشەوە ڕووسیا و چین کۆنترۆڵ بکات و نەیارەکانی وەکوو ئێران بگۆڕدرێن بۆ ڕژێمێکی نزیک لە ئەمریکا یاخود وەکوو ڕژێمێکی لاواز و گەمارۆدراو و ناکاریگەر لە ناوچەکەدا هەبێت. بۆ ئەم مەبەستەیش عێراق لە پێشینەی سیاسەتی ئەمریکا و، هەروەها تورکیا و وڵاتانی عەرەبی دەبێت بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی جیۆساسیی ناوچەکە.
لەم نێوەندەیشدا ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە کە پێگە، ڕۆڵ و هەڵکەوتی کورد لە لقەکانی کۆمەڵە ئاسایشییەکەی ناوچەکەدا، وای کردووە بەژەوەندییەکانیان پێکناکۆک بێت و لە لایەکی دیکەیشەوە، لەم قۆناغەدا لاوازبوونی بەرەی بەرخۆدان لە قازانجی ئیسرائیل و ئەمریکا و تەنانەت تورکیا و وڵاتانی کەنداوە و، “بەرەی پشێوی” وەبەرهێنان لەسەر ئەوە دەکەن کە ئێرانێکی لاواز لە ناوخۆی سنوورەکانیدا بمێنێتەوە.
بۆ ئەم مەبەستەیش، ئەمریکا و ئیسرائیل لەپاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، دەیانەوێت ناوچەی خۆڵەمێشی (Gray Zone) لە ناوچەکەدا نەمێنێت و، لەم بهینەیشدا تورکیا و سعوودیا و قەتەر کەڵک لەم دەرفەتە وەردەگرن. هەر ئەمەیش وای کردووە یاخود لێکەوتەی ئەو ستراتیژییە بریتی بێت لە بەهێزکردنەوەی ناوەندی دەوڵەتان و سەپاندنەوەی سەروەریی دەوڵەتان، تەنانەت گهر ئەم دەوڵەتە سەرۆک و سوپایەکەی وەکوو ئەحمەد شەرع، تیرۆریستێکی پێشووتریش بێت.
ئەوەی لە ئەفغانستانیش کرا هەر لەم چوارچێوەیەدا خوێندەنەوەی بۆ دەکرێت؛ بەم واتایە کە چەند ئەکتەرێکی وەکوو چین و ڕووسیا و تەنانەت ئێران لە ڕێگەی تاڵیبانەوە هەوڵی دژایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکایان دەدا و ئەمریکا بۆ خۆدەربازکردن، هەموو ناوچەکەی دایە دەست ئەو هێزەی کە لە ڕێگەیەوە ئەو ململانێیە بەڕێوە دەچوو و، لە سووریاش هەمان ستراتیژیی پەیڕەو کردووە. تەنانەت لە لوبنان و یەمەن و عێراقیش دەیەوێت ئەمە ئەنجام بدات.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەکتەری نادەوڵەتی بۆ لاوازکردنی دەوڵەت و، هەروەها بەڕێوەبردنی ململانێکان بکەری سەرەکییە لە ناوچە خۆڵەمێشییەکان و، هەر بۆیە ئەو گوشارە لەسەر کورد لە ڕۆژاوای کوردستان دروست بوو. جگە لەوەیش، نابێت لەبیر بکەین کە شکستی بەجیهانیبوون و پاشەکشەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و سەرهەڵدانی قەیرانە ئابووری و دارایییەکان لە ئاستی جیهان، هۆکارێکی دیکەن بۆ گوشارخستنە سەر ئەکتەرە نادەوڵەتەکان کە نوێنەرایەتیی ناسنامەیەکی نادەوڵەتی دەکەن و تەنیا بریکار نین.
بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
- Abrams, E., Barkey, H. J., Cook, S. A. and Ewers, E. (2026) ‘What Iran’s protests mean for countries in the Middle East’,Council on Foreign Relations (CFR), 13 January.
- AFP in L’Orient Today (2026)‘Damascus and Kurdish forces announce agreement, welcomed by Washington and Paris’, 30 January.
- Alakel, M., & Arab, A. N. A. (2025). The Changing Power and Security Dynamics in the Middle East. İmgelem(16), 203-240.
- Amanat, A. (2017)Iran: A Modern History. New Haven: Yale University Press.
- Atlantic Council (2026) Eight questions (and expert answers) on the SDF’s withdrawal from Syria’s Aleppo,Stratfor, 13 January.
- Babak Kamiar & Una Hajdari (2024)Iran’s Revolutionary Guard control the economy – here’s why the currency suffers. euronews: Published on 09/01/2026
- Bambridge, J. (2026) ‘Damascus consolidates control over Syria’,MEED Business Review, 19 January.
- Buzan, B. and Wæver, O. (2003)Regions and Powers: The Structure of International Security. Cambridge: Cambridge University Press.
- Cancian, M. (2026) ‘The 2026 National Defense Strategy by the Numbers: Radical Changes, Moderate Changes, and Some Continuity’,Center for Strategic and International Studies (CSIS), 23 January.
- Chatham House (2025)The shape-shifting Axis of Resistance: How Iran and its networks adapt to external pressures.
- Critical Threats Project (CTP-ISW) (2026) ‘Iran Update: January 13, 2026’,Institute for the Study of War, 13 January.
- Doran, M. (2026) ‘The Ayatollah’s regime is crumbling: Scenarios for 2026’,Hudson Institute, 9 January.
- Elizabeth Dent & Ross, D. (2025) ‘Closing the Regulatory Gap in Trump’s Middle East Strategy’,Washington Institute for Near East Policy, 16 December.
- Gavin Blackburn (2026)‘Kurdish-led SDF and Syrian government reach new agreement to stabilise ceasefire’, Euronews : 30 January.
- Hassan, K. (2025) ‘Kurdish Peace Process Makes Slow Gains, With Regional Ramifications’,Stimson Center, 17 December.
- Henri J. Barkey. (2026) The Fall of Rojava; After defeat, Kurdish aspirations for autonomy remain. Foreign policy: JANUARY 28, 2026.
- International Crisis Group (2025) ‘Restoring Security in Post-Assad Syria: Lessons from the Coast and Suweida’,Middle East Report N°253, 26 November.
- International Crisis Group (2026)An Opportunity for Calm in North-eastern Syria. 30 JANUARY 2026.
- Jeffrey, J. (2026) ‘Kurdish Collapse in Northeast Syria? Key Things to Watch’,Washington Institute for Near East Policy, 21 January.
- Jordanian Politics & Society Magazine (2025) ‘Syria: A New Era?Journal of Politics and Society, Issue 3, July.
- Karakoç, J. (2021). Revisiting multilateralism in the Middle East between securitization and desecuritization of the Kurds.British Journal of Middle Eastern Studies, 48(5), 960–978.
- Lister, C. (2024)Syria’s Changing Battlefield and Regional Realignments. Washington, D.C.: Middle East Institute.
- Luca Nevola (2025)The Axis of Resistance and the regional ramifications of Israel’s war on Gaza. ACLED : 12 December 2024.
- Mafakheri, R. (2025)‘What drives the securitization of the Kurdish–Kurdistan question, and how does it shape the Middle Eastern security subcomplex?’, Contemporary Review of the Middle East, 12(3), pp. 303–326.
- Mammadov, Ali (2025), How Turkey’s Strategic Ambiguity Became an Advantage in a Multipolar Word , atlanticcouncil.org.
- Mearsheimer, J. (2001)The tragedy of great power politics. New York: W.W. Norton.
- Michael Beckley (2025)‘The Age of American UnilateralismHow a Rogue Superpower Will Remake the Global Order’. Foreign Affairs. April 16.
- Natali, D. (2024)The Kurdish Quasi-State: Development and Dependency in Post-Gulf War Iraq. Syracuse: Syracuse University Press.
- Ochilkhonov, Abdulazizkhon. (2025). The Kurdish Factor in the Foreign Policies of Turkey and Iran. Pubmedia Social Sciences and Humanities, 3(2), 8.
- RAND Corporation (2025) ‘After the Assad Regime’s Fall, Will Syrian Refugees Return?’,RAND Corporation, 4 February.
- reuters ,By Mahmoud Hasano and Jaidaa Taha (2026)‘Syria government, Kurdish forces agree sweeping integration to end clashes’, 19 January.
- Rustamova, S. (2026)‘Iran protests reveal weakened regime but collapse not guaranteed’, Euronews, 26 January.
- Saeed, Seevan. (2025). The crises in the Middle East: reshaping the region’s geopolitical landscape and altering the global order.Asian Rev. Political Econ. 4, 1 .
- Salih, M. A. (2025) ‘Redeployment or Withdrawal: Evaluating U.S. Troop Drawdown in Iraq’,Gulf International Forum, 27 October.
- The Guardian (2026)‘Syrian government and Kurdish forces reach deal on permanent truce’, 30 January.
- Times of Israel (2026) ‘Iraq announces full withdrawal of US-led coalition from non-Kurdish regions’,The Times of Israel, 18 January.
- Yahya, M. (2025) ‘The Fatal Flaw of the New Middle East: Gaza, Syria, and the Region’s Next Crisis’,Foreign Affairs.








