پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران
جووڵەیەکی دیپلۆماسیی خێرا و دەستکەوتێکی باش
لە ڕۆژى 7ی کانوونى دووەمى ئەمساڵ، شەڕ لەنێوان هەسەدە و سوپاى عەرەبیی سووریا ڕووی دا؛ یەکەم جار لە گهڕهكی شێخ مهقسوود و ئەشرەفیەی حهلهب دەستی پێ کرد، دواتر بەرەو ڕۆژهەڵاتى فورات و تا ناوچە کوردییەکان سەری کێشا. شەڕەکە 23 ڕۆژى خایاند، نزیکەى 200 هەزار ئاوارەى لێ کەوتەوە و سەدان کوژراویش لە هەردوو لا. پێش شەڕەکە هەسەدە 27.8%ی خاکی سووریا و 13 بلۆکی نەوتى لەژێر هەژمووندا بوو، لە 7 هێزیش پێک هاتبوو: لیواى سەلاجیقەى تورکمان، هێزەکانى سەنادید (الصنادید) کە سەر بە هۆزى شەمەڕ بوون، هێزی سریانى و ئاشوورییەکان، کەتیبەکانى خۆرى باکوور کە سەر بە میلیشیاى سوپاى ئازادی سووریا بوو، بەرەى شۆڕشگێڕانی ڕەقە کە سەر بە عەرەبەکانى پارێزگاى ڕەقە بوون، یەکینەکانى پاراستنى گەل و یەکینەکانى پاراستنى ژن کە کورد بوون، ئیسرائیلیش تا ئێستا 1%ى خاکی سووریاى کۆنترۆڵ کردووە؛ کەواتە حکوومەتى ناوەندیى نوێی سووریاى عەرەبی، پێش شەڕەکە، تەنیا 71.2% لە کۆی ڕووبەرى دەوڵەتى لەژێر هەژمووندا بوو. بەڵام ئێستا هاوکێشەکە گۆڕاوە؛ هەژموونى دەسەڵاتى عەرەبی ناوەندى بەسەر زیاتر لە 98%ی ڕووبەرى خاکی سووریادایە. لە ڕووى هێزیشەوە: هەسەدە پێش شەڕ خاوەنى زیاتر لە 100 هەزار چەکدار بوو؛ لەو ژمارەیە تەنیا 40% کورد بوون. واتە ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەى کە خستبووە سەر ئەستۆى خۆى، بۆ کورد نەبوو، بەڵکوو بۆ نەتەوەکاتى تر بوو؛ لەسەرووى هەموویشیانەوە هۆزە عەرەبییەکانى ڕۆژهەڵاتى فورات. بەڵام بەداخەوە دواى 13 ساڵ لە هاوپەیمانى، پشتیان لێ کرد و لێی هەڵگەڕانەوە و چوونە پاڵ ئەو هێزەى کە بۆ ماوەى 12 ساڵ لە دژیان، لە شەڕدا بوون!
حکوومەتى ناوەندى بەهاوکاریى هۆزە عەرەبییەکانى عەگیدات و بەکارە و شەعیتات لە ڕۆژهەڵاتى فورات و، هاوکاریى سەربازی و دیپلۆماسیی هەر یەک لە دەوڵەتى تورکیا، سعوودیا، قەتەر و چراى سەوزى ئەمریکا کە ئاماژەى ڕاستەوخۆ بوو بۆ پشتکردنە هەسەدە، هێرش بۆ سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هەسەدە دەستى پێ کرد. هەر بۆیە تۆم باراک بەڕاشکاوى وتى: ڕۆڵی هەسەدە وەک هێزى سەرەکی لە جەنگى دژ بە داعش تەواو بووە و، ئێستا حکوومەتى نوێی سووریا ئەو بەرپرسیارێتییە دەگرێتە ئەستۆ.
گەر جووڵەیەکی دیپلۆماسیی خێراى سەرۆک بارزانى و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێم نەبووایە، کارەساتێکی گەورە بەسەر کوردى ڕۆژاوادا دەهات؛ لەسەر چەند ئاستێک جووڵەى بەپەلە کرا: دیپلۆماسی، وەستانى شەڕ، گوشارهێنان بۆ دەرکردنى چەندان مەڕسوومی کۆمارى سەبارەت بە مافەکانى کورد لەلایەن سووریا، بەرخۆدانە نەتەوەیییەکانى کورد لە هەر چوار پارچە و تەواوى دەوڵەتانى دونیا بۆ پاڵپشتیى ڕۆژاوا، هێنانەناوەوەى پشتیوانیى دەوڵەتانى ئەوروپیی کاریگەر لەسەر ئاستى ئەوروپا و ئەمریکا و کەنداو، کۆکردنەوەى کۆمەک و پشتیوانیى مرۆیی، ئەکتیڤبوونى میدیا لە ناوەندەکانى بڕیاردروستکردنى نێودەوڵەتى لە ئەوروپا و ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، سەردانى خێراى سەرۆک بارزانى بۆ ئەوروپا و ڤاتیکان، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان لەگەڵ چەندان سەرۆکى پەیوەندیدار، بهتایبەت سەرۆک بارزانى لەگەڵ ئەلشەرع، هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ ئەمریکا و هەسەدە و حکوومەتى سووریا و…، تا کار گەیشتە ئەوەى: شەڕ ڕابگیرێ و ئیحتیوا بدرێ، ڕێکكەوتن لە 30ی کانوونى دووەمى ئەمساڵ بکرێ، چەندان هەنگاوى کارگێڕی و یاسایی بۆ چارەسەرى پرسی کورد لە سووریا بنرێ.
کەواتە ئەگەر ئەو بەرەنجامە ئەرێنییەى لێ نەکەوتایەتەوە: پرسی کورد لە ڕۆژاوا دووچارى نەمان دەبووهوە؛ لەوانەبوو جهنگی نەتەوەیی بکەوێتەوە. ئەودەمیش بەرەو هەرێمی کوردستان دەپەڕییەوە. هەر لەو بارەیەوە دەکرێ بپرسین: ئایا ڕوودانى شەڕەکە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو بوو؟ وەڵامەکە “بەڵێ”یە، چونکە هاوکێشە سیاسی و ئابوورییەکانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى فورات و حکوومەتى نوێی سووریا و پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕۆڵی تورکیا دژ بە هەر قەوارەیەکی کورد و بەرژەوەندیى دەوڵەتانى کەنداویش لە سووریا، هۆکار بوون، بەڵام جووڵە دیپلۆماسییەکەى سەرۆک بارزانى و نەهێشتن بۆ گەورەنەبوونى هاوکێشەکە، گەرچی تەواوى ڕێکكەوتنەکە بەخواستى کوردى ڕۆژاوا نەبوو، بەڵام هەنگاوێکی ڕژد و دەستکەوتێکی باش بوون بۆ ڕۆژاوا، چونکە پێچەوانەى ئەوە بۆ کورد بەگشتى کارەساتبار دەبوو.
ئایا ئەو هێرشانەى سوپاى سووریا بۆ سەر کوردی ڕۆژاوا، چۆن کاریگەریى سیاسی و ئاسایشیی لەسەر هەرێمی کوردستان لێ دەکەوتەوە؟
بابەتە جەوهەرییەکە ئەوەیە: هەر دەبووایە هەرێم هەڵوێستى هەبووایە و ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیى بگێڕایە لەو بارەیەوە؟ بۆ وەڵامى ئەو پرسیارە، وا باشە لە ڕوانگەى تیۆری وابەستەییی ئاسایشی هەرێمییەوە (Regional Security Complex Theory) شی بکەینەوە، کە لەلایەن باری بۆزان (Barry Buzan) و ئۆل ویڤر (Ole Weaver)هوه لە قوتابخانەى کۆپنهاگن Copenhagen) (School چوارچێوەى هزریی بۆ دانراوە. لە ڕوانگەى ئەو تیۆرەوە زۆر بەڕوونى ئەوەى کەوتەوە تا ڕاددەیەکی زۆر وەسف و دیاری دەکرێ، بەڵام ئێمە لێرە باس لە تیۆرەکە ناکەین، هەندێ ڕووداوەکانى سووریا لە ڕوانگەى تیۆرەکەوە شی دەکەینەوە.
هەرێمی کوردستان لەنێوەندى سیستهمێکی ئاسایشی ئاڵۆز و نالەباردایە. ئەو یەکێکە لە فاکتەرە ئاسایشییە سەرەکییەکان، بەڵام تا ئێستا یەکلاکەرەوە نییە و بێدەوڵەتە. هەر گۆڕانکارییەک لە سیستهمى ئاسایشی هەرێمی ڕوو بدا، کاریگەریى ئەرێنی یان نەرێنیى دەکەوێتە سەر. ئاسایش و بەرژەوەندییەکان و ستراتیژییەتى دەوڵەتانى ناوچەکە بەیەکدییەوە وابەستەن؛ ئاسایش سنوورەکانى وڵاتانى ناوچەکە دەبڕێ، هەر هەڕەشەیەک بۆ دەوڵەتانى ناوچەکە بێتە ئاراوە، هەرێمیش لێی بێبەش نابێ. گەرچی هەرێمی کوردستان لەو نێوەندەدا هەرێمێکی دەستوورییە و سەر بە عێراقە، بەڵام یەکەیەکی فەرمانڕەوایییە لەنێو سیستهمێکی فیدراڵی لە عێراق. هەندێ دەسەڵاتى تایبەت بە خۆى هەن؛ ئاسایش، پەیوەندیی دەرەکیی سیاسی و ئابووریى کاریگەر.
هەر گۆڕانکارییەک لە هاوکێشەى هێز لە دەوروبەرى ڕوو بدا، کاریگەریى بۆ سەر ئەمیش دەبێ. هەندێ جاریش پشتێنەى پارێزەرى ئەو سیستهمە ئاسایشییە (Security Breach)ی کە هەیەتی، لەلایەن دەوڵەتانى دراوسێوە شکێنراوە، چونکە سەروەرییهكهی تەواو نییە و، تەواوکەرى سەروەریى دەوڵەتى عێراقە؛ ئەویش لە ڕێگەى دەستێوەردانى دەرەکی، ئاژاوهنانەوە، ململانێی پرۆکسی لەلایەن یەکێک لە هێزە کوردییەکان دژ بە ئەوى دی، ئەجێنداى هاوبەشی چوار دەوڵەتەکەى کوردستان دژ بە پرس و دەستکەوتەکانى کورد، بێباکیی ئەمریکا و هتد. کەواتە هەرێمی کوردستان بیهوێ و نهیهوێ، هەر گۆڕانکارییەک لە ناوچەکە بکەوێتەوە، کاریگەریى لەسەر ئەم دەبێ؛ ههر شتێك كه پەیوەندیی بە کوردەوە هەبێ.
ئەوەى کە هەرێم لە ستراتیژییەتى نوێیدا لە ڕووداوەکانى ڕۆژاواى کوردستان پیادەى کرد، سەرکەوتوو بوو. ستراتیژییەتى ئاسایشیی خۆپارێزی (preventive security strategy)ی هەبوو، کە توانیی لە هاوکێشەکە تێوە نەگلێ. ئەوەیش تورکیا و عێراقە لێی سوودمەند دەبوون. بەڵام هاوکێشەى شەڕەکەى سووریا تا هەنووکە بۆ هەرێم و کوردانى ڕۆژاوا دەستکەوتە؛ ئەمەیش دەرفەتێک بوو بۆ کورد کە فاکتەرێکی کاریگەر بێ، نەک شوێنکەوتە و تەکتیک لە ڕووداوەکاندا و، دەستکەوتێکیشی بۆ خۆى لێ بکەوێتەوە.
ڕووداوەکانى سووریا بۆ سەر هەسەدە لە ڕووی سیاسی و ئاسایشی و ئابوورییەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان زۆر کاریگەر دەبوون ئەگەر بەریان پێ نەگیرایە؛ لە ڕووی ئاسایشەوە دووچارى سێگۆشەیەکی مەترسیدار دەبووهوە: ناسەقامگیریی سنوورەکانى، سەرهەڵدانەوەى داعش، سەرلەنوێ هاتنەناوەوەى پەکەکە بۆ ناو هاوکێشەکە بەمەبەستى پشتیوانییان بۆ هەسەدە لە ڕووی چەکدارییەوە، ئەوەیش تورکیاى پەلکێشی ناو هاوکێشەکە دەکرد و “پرۆسەى ئاشتیى تورکیا”یشی دووچارى هەرەس دەکرد؛ هەمووان دەگەڕانەوە بۆ خاڵی دەستپێکی ململانێ و شەڕ و پێکدادان- ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە گوتارى سیاسی و یەکڕیزیی کورد لە هەرێمی کوردستان بەرانبەر پرسەکە دووچارى داڕووخان دەکرد و تێچووى پاراستنى ئاسایشیشی لەسەر حکوومەتى هەرێمی کوردستان چەند قات دەکردەوە.
خۆ ئەگەر هەرێمی کوردستان بڕیارى ناردنى هێزی پێشمەرگەى بدایە بۆ ڕۆژاواى کوردستان، ئەوە بە هەوڵێکی زۆر دژوار لە ڕووی ستراتیژییەوە ئەژمار دەکرا و لە ئاکامیشدا قەوارەى هەرێم دووچارى نەمان دەبووهوە؛ ئەوە تورکیا و عێراق و سووریا و ئێرانى یەکهەڵوێست دەکردن و ئەمریکاش پشتیوانیی هەرێمی نەدەکرد؛ بەرەنجامەکەیشی لاوازبوونى هەڵوێستى هەرێم بوو لە دانوستان و جووڵە دیپلۆماسییەکانى و، قەوارەى هەرێمیش دووچارى لەباربردن دەبووهوە.
بەڵام هەرێمى کوردستان توانیى لە لایەک بە ئەرکی نەتەوەییی خۆى هەستێت (کۆمەکی ڕۆژاواى کرد بە هەموو تواناکانییەوە، جووڵەى دیپلۆماسی بۆ سەرخستنى پرسی کورد لە ڕۆژاوا، یەکڕیزیی کورد و پشتیوانیکردن، بەرخۆدانی کورد لە هەموو دونیا) و، لە پلانی تێوەگلاندنیشی خۆى قوتار کرد؛ بەڵکوو لەوەیش زیاتر، بووە مەرجەع بۆ چارەسەر و دیپلۆماسییەتى گرفتەکەى سووریا و هەندێ هاوکێشەى عێراق و زیاتر پتەوبوونى پێگەکەى. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە قۆناغێک لاى دەوڵەتانى ناوچەکە و ئەوروپا و ئەمریکا و کەنداو چووە پێش؛ بەوەى کە هەرێمی کوردستان دەکرێ وەک فاکتەرێکی ئەکتیڤى سەقامگیر بۆ چارەسەرى هاوکێشەکانى ناوچەکە پشتی پێ ببەسترێ. لێدوانى تایبەتیش لەلایەن ئەمریکا و سووریا و ئەوروپا و دەوڵەتانى ناوچەکەوە بۆ سەرۆک بارزانی گەیشتوون.
لە ڕووى سیاسییەوە: هەڵوێستەکە زۆر بۆ هەرێمی کوردستان نالەبار و دژوار بوو؛ لە لایەک کوردانى ڕۆژاوا بەو بارودۆخەدا تێپەڕ دەبوون، لە لایەکیش هاوکێشەى “بوون بە لایەن” لە شەڕی دژ بە هەسەدە زۆر هەستیار و مەترسیدار بوو. تورکیا یەکێک بوو لەو هەستیارانە، کە هیچ قەوارەیەکی کوردیی لە سووریا وەک شێوەى هەرێمی کوردستانی لا پەسەند نییە و لەو بارەیشەوە کۆمەکى تەواوى حکوومەتى نوێی سووریا دەکات. بۆ ئەو مەبەستەیش گوشارى تەواوى بۆ سەر هەرێمى کوردستان دەکرد کە هەسەدە بە پێشنیارى تورکیا ڕازی بکات.
ئەمریکاش تا ڕاددەیەکی زۆر هەر لە بەرەى تورکیا و سووریا بوو؛ لێدوانەکانى “تۆم باراک” گەواهیدەرى ئەو ڕاستییەن. پارسەنگی نەرێنیی هاوکێشەکەیش بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەشكایەوە: هەڵوێستى لە دانوستانەکاندا لەگەڵ عێراق و لایەنەکانى ترى نێودەوڵەتیى لاواز دەکرد، ژمارەى زۆرى ئاوارەکانى کوردستانی ڕۆژاوا تەنیا دەهاتنە هەرێم (ئەمەیش ئەرکی هەرێمی لە ڕووی ئاسایش و خزمەتگوزاری و تێچوونەوە قورستر دەکرد)، پرۆسەى ئاشتیى لە تورکیا بەرەو نەمان دەبرد.
بەڵام بەپێچەوانەوە ئێستا بۆ پرسی کورد لە ڕۆژاوا بە هەوڵی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، توانرا چەندان مەڕسوومی کۆمارى بۆ مافەکانى کورد دەربكرێت و، شەڕ ڕاگیرا و، تا دێ پەیوەندییەکان ئاسایی دەبنەوە و ناوچە کوردییەکانیش لەلایەن کورد خۆیانەوە بەڕێوە دەبردرێن و، پارێزگاى حەسەکەش بە پارێزگایەکى کوردی ناسێنرا و، پارێزگارێکی کوردیشی لەلایەن خۆیانەوه بۆ پێشنیار کرا و، فەرمانى دەستبەکاربوونیشی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ دەرچوو و، چەندان پۆستى تریش بۆ کورد لەناو حکوومەتى سووریا دیاری کرا.
بەڵام ئەمە کۆتاییی ڕێگە نییە و، دەبێ خەبات بۆ ئەوە بکرێ ئەو مەڕسووم و مافانە لە دەستووری داهاتووى سووریادا تۆمار بکرێن و، بکرێنە شایستەیەکی دەستووری. لە لایەکی تریشەوە ئەو هەنگاوە زیاتر پێگەى دەستووریی هەرێمی کوردستانی لە دیفاکتۆى سیاسیی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا پتەوتر کرد و، بووە بنەمایەکیش بۆ پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا؛ بەوەى کە کورد بەدواى مافە بنەڕەتییەکانى خۆیەتى و فاکتەرێکی کاریگەر و ڕاستەقینەى سەقامگیریى چوار دەوڵەتەکەیە و بە هەمان شێوەیش بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
ئەگەر شەڕی دژ بە هەسەدە لە سووریا لەو ئاستەدا نەوەستایە، کاریگەرییەکى نەرێنیی لەسەر جووڵەى ئابوورى و وەبەرهێنان دەنایەوە؛ بازرگانى لەنێوان هەرێم و تورکیا گرفتى ڕاستەقینەى تێ دەکەوت (چونکە بزوێنەرى هاوکێشەکە خودی تورکیایە لە سووریا لە دژى هەسەدە)، مەرزەکان ئاستەنگیان بۆ دروست دەبوو، لە ڕووی داهاتەوە هەرێم دووچارى قەیران دەهات، پڕۆژەکانى وزە و هێڵەکانى گواستنەوە بەو شێوەیەى ئێستایان نەدەمان، لایەنى ئاسایشی ئابوورى تێک دەچوو، هەستیارى و ترس لاى وەبەرهێنان زیاتر دەبوو، ئەوکات قەبارەى وەبەرهێنانى بیانی لە هەرێم بەرەو داکشان دەچوو. بەڵام هاوسەنگیی هەڵوێستى هەرێمی کوردستان ئەو مەترسییەى ڕەواندەوە؛ جارێکی دی بووەوە بە ڕایەڵەیەکى ئەرێنی و خاڵی بەیەکگەیشتنى لایەنەکانى قەیرانەکە: تورکیا، سووریا، عێراق، هەسەدە، ئەمریکا.
هەر بۆیە ئاکامەکەى ئەوە بوو کە هەرێمی کوردستان لە لایەک بەرپرسیارێتیی نەتەوەییی خۆى بەجێ گەیاند و دەستکەوتە بنەڕەتییەکانى بۆ کوردانى ڕۆژاوا بەدی هێنا؛ ئەوەى کە توانرا لەم قۆناغەدا بهێنرێتە دی، پرسی کورد لە بێبەرەنجامى لەم قۆناغەدا نزیک دەبۆوە و لەلایەکی تریش دووچارى جینۆساید دەبۆوە، هەر بۆیە بە هەوڵە نەتەوەیییە دڵسۆزەکان لە لەناوچوون ڕزگار کرا و، هەرێمیش بکەرێکی سەربەخۆى خاوەن هەژموون و سەرەوەرى نییە و لەنێو جەرگەى سیستهمێکی ئاسایشی هاوبەش بە چەند دەوڵەتێک کە تەبا نین لەگەڵ کورد، دەورە دراوە. هەموویان بەهەستیارى و ترسەوە دەڕواننە پرسی کورد و نەک هەر بەرژوەندیى هاوبەش، بەڵکوو وابەستەیییەکی جوگرافییش لەنێونیاندا هەیە. بۆ گهرەنتیکردنى ئەو بەرژەوەندی و ئاسایشە هاوبەشییە، هاوپەیمانێتی و ڕێکكەوتن لە نێوانیاندا هەیە.
کەواتە هەرێم بەبێ گەڕانەوە و مامەڵە لەگەڵ ئەو ژینگە هەرێمییەى کە تێیدا دەژى، ناتوانێ جووڵە بکات و ئامانجەکانى بێنێتە دی. هەر بۆیە هاوسەنگى و بەرچاوگرتنى بەرژەوەندیى هاوبەش لە سیاسەتکردن و تۆڕەکانى پەیوەندیدا کارێکی گەلێک پێویستە؛ ئەوەیش پێویستى بە عەقڵییەتێکی دانا و هاوسەنگ و زیتەڵ هەیە.
لەسەر ئاستى هاوکێشەى پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش مەترسییەکە هەستیار و مەترسیدار بوو، چونکە لەدەستدانی ڕۆژاوا، واتە: خلبوونەوەى کێرڤی پرسی کورد بەرەو داکشان و، بوێریی زیاتری بەرانبەر بە کورد لەلایەن تورکیا و سووریا و عێراق دەهێنایە کایەوە، کاریگەریى نەرێنیی زۆرى بۆ سەر قەوارەى شەرعیی هەرێم و پێگەى ناوچەیی و نێودەوڵەتیى هەرێمی کوردستان دەبوو لە ڕووى سیاسی و ئابوورییەوە؛ لەوەیش زیاتر پێگەى لاواز دەبوو لە بەرانبەر بەغدا سەبارەت بە دانوستان لەسەر شایستە دەستوورییەکانى. بەڵام پێچەوانەکەیشی هەر دروستە. چارەسەرى گرفتى پرسی کورد بەو شێوەیەى ئێستاى سووریا، ئەگەر مەڕسوومەکان لە دەستووری سووریاى ئاییندەدا بچەسپێن، دەبێتە دەسپێکێکی ئەرێنی بۆ تورکیا و ئێران، تا چارەسەرى پرسی کورد بە لانى کەمەوە لەسەر بنەماى مافە مەدەنییەکانى بکەن؛ بەڵام تا ئێستایش هەوڵەکانى سەرنەگرتنى ڕێکكەوتننامەکەى نێوان هەسەدە و دیمەشق هەر لە ئارادایە و، پێویستە کوردى ڕۆژاوا بە هەموو لایەنەکانییەوە پلان و ئەجێنداى تایبەتیان بۆ سەرخستنى هەبێت.
کەواتە لەو بارەیەوە و لەو قۆناغەدا چی لەسەر هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیى کورد پێویستە؟
- مانەوەى وەک مەرجەع و نێوبژیكارێكی هاوسەنگى کوردی بەهێز.
- جێبەجێکردنى ڕێکكەوتننامەى نێوان هەسەدە و دیمەشق و هەوڵدان بۆ چەسپاندنى مەڕسوومە کۆمارییەکانى سەبارەت بە ماف و پرسی کورد لە سووریا لە دەستوورى داهاتووى سووریا.
- بەرگرتن له دانەڕووخانى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا، بەرچاوگرتنى بەرژەوەندییەکانى و مانەوەى لەگەڵیدا لەسەر ئاستى پەیوەندیى بەهێز، چونکە تێکچوونى پەیوەندی لەگەڵ تورکیا لەم قۆناغەدا ئاسەوارێکى دژوارى بۆ کورد دەبێ، لهبهر ئهوهی خۆى دەوڵەتێکی بەهێزى ناوچەکەیە و پەیوەندییشی لەگەڵ دۆناڵد ترهمپ لە ترۆپكدایە.
- هێشتنەوەى یەکڕیزیی کورد لەسەر ئاستى هەر چوار پارچەکە و دۆزینەوەى میکانیزمی تایبەت لەو بارەیەوە بۆ بەردەوامیدان.
- خوێندنەوەى هاوکێشەى سیاسی و هێزى نێوان دەوڵەتانى ناوچەکە، بهتایبەت ئەو دەوڵەتانەى کە پرسی کوردیان هەیە. ئەوەى کە لە ئارادایە لە بەرژەوەندیی کوردە و، دەبێ ئەو دەرفەت و ژینگەیە بقۆزرێتەوە و وەبەرهێنانى سیاسیی تێدا بکرێ. لەوەیش زیاتر لەم ئارتیکڵەدا قابیلی گوتن نییە.
- پێویستە سەرکردایەتیى کورد گوتارێکی هاوسەنگ و تەبا لەگەڵ یەکدی بنیات بنێت.
- پێکهێنانى حکوومەتى نوێ و ڕێکكەوتن لەگەڵ بەغدا، لەسەر بنەماى دەستوورى فیدراڵی و شایستەکانى.
- هەوڵدان بۆ تێوەنەگلان لە هاوکێشە زبرەکانى عێراق و ناوچەکە، بهتایبەت ئەوانەى سوودى کوردیان تێدا نییە.
ئەدی پێوەرەکانى کاریگەریى نەرێنی لەسەر هەرێم لە چ کاتێکدا ڕوویان دهدا؟
- ئەگەر هات و شەڕەکە ڕانەگیرایە و پریشکەکانى بەرەو سنوورەکانى هەرێمی کوردستان بهاتایە.
- ئەگەر گەلی کوردی سووریا دووچارى جینۆساید بهاتایە و لەسەر ئاستێکی مەترسیدار و هاتنى ئاوارەیەکی زۆرى کوردی ڕۆژاوا بۆ هەرێم؛ ئەوکات هەرێم دەبوو هەڵوێستێکی نەتەوەییی بنواندایە.
- تێوەگلاندنى حکوومەتى هەرێم و بوون بە لایەنى شەڕەکە لەگەڵ سوپاى عەرەبی سووریا؛ ئەوکات هەرێم لەنێوان تورکیا و عێراق و سووریا و ئەمریکادا هەڵوێستێکی دژوار و نالەبارى دەبوو، کە لە بەرژەوەندیى هەرێم نەدەبوو.
- هاتنەناوەوەى دەوڵەتانى دراوسێی هەرێم بۆ شەڕەکە، بهتایبەت لەبەرانبەر کورد.
- دروستبوونى هاوپەیمانیی چوارقۆڵیی ئێران و تورکیا و سووریا و عێراق دژ بە کورد؛ ئەویش كاتێك دەبوو کە چراى سەوزى ئەمریکایان بۆ هەڵبکرێ.
- پشتیوانینەکردنى دەوڵەتانى ئەوروپا بۆ پرسی کورد؛ بەڵام پێچەوانەکەى دەرچوو، بهتایبەت فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و، ڤاتیکان.
- ئەگەر هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکى تەندروستى لەگەڵ تورکیا و سووریا نەبووایە؛ بەڵام لە گهرمهى شەڕەکەدا ئەوە پێچەوانە بووهوه: هەرێم توانیى ڕۆڵی تایبەتى خۆى ببینێ، کە جێی ڕەزامەندیى ئەمریکا و دەوڵەتانى ئەوروپا و سووریا و تورکیا و ناوچەکە بوو.
- ئەگەر سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم هیچ جووڵەیەکی دیپلۆماسى و نەتەوەیییان نەکردایە؛ بەڵام ئەو جووڵەیە زۆر بەبەهێزى و حەکیمانە کرا و، بەرەنجامى زۆر ئەرێنییشی لێ کەوتەوە.
دەکرێ لێرهوه بپرسین: ئایا ئەم هێرشانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر هاوسەنگیی هێز لە نێوان کورد و سوننە و شیعە لە عێراقدا دەبێت؟
ئەو سیناریۆیەى کە لە سووریا ڕووی دا، ناکرێ بە هەمان شێوە لە عێراق بەرانبەر بە کورد دووبارە بکرێتەوە. ئەو دوو وڵاتە لە ڕووی دیموگرافیا و پێکهاتە و جوگرافیا و مەزهەبی و هاوکێشەى هێزەوە هاوشێوە نین. لەوەیش گرنگتر ئەوەیە کە کورد لە عێراق فاکتەرى مانەوەى هاوسەنگیی هێزە لە چوارچێوەى دەستوورێکی فیدراڵیدا و، وڵات بەرەو سەقامگیری دەبات.
سەبارەت بە شیعەکان، ئەوەى کە لە سووریا ڕووی دا لە بەرژەوەندیى خۆیان نەبینییەوە. ئەوان هەسەدەیان وەک فاکتەرى هاوسەنگیی ناوخۆى سووریا و گوشار بۆ سەر تورکیا دەویست؛ لە لایەکی تریشەوە هەسەدە کە پێشتر لە 27.8%ی خاکی سووریاى لەژێردەست بوو، فاکتەرێک بوو بۆ بەرگرتن لە قەڵەمڕەوى دەسەڵاتی سوننەمەزهەب بەرەو سنوورەکانى عێراق، بهتایبەت دەسەڵاتى ئێستاى سووریا کە لەگەڵ مەزهەبی شیعە تا بڵێی ناتەبایە.
لەسەر ئاستى عێراقیش لاوازیى کورد کاریگەریى نەرێنیی دەبێ بۆ سەر قەڵەمڕەویان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؛ بەڵام ئەمە نیشانەى ئەوە نییە کە گوشارەکانیان بۆ سەر هەرێم کەم بکەنەوە. بهڵام ئهوهی گرنگه بیڵێین ئهوهیه كه لاوازیى هەرێم، واتە بەهێزبوونى تورکیا و سوننە لەبەرانبەر ڕەوتى شیعە لە عێراقدا، چونکە ئەو بۆشایییەى کە لە لاوازیى هەرێم دروست دەبێ، هەرگیز شیعە ناتوانێ پڕی بکاتەوە، بەڵکوو لە سوودى سوننە دەکەوێتەوە.
سوننەکان لە سووریا مەبەستیانە بەهۆى گوشارە زۆرەکانى تورکیاوە، هیچ مافێکی سیاسی بە کورد نەدەن؛ لە هەمان کاتیشدا نایانەوێ کورد بچێتە بەرەى عەلەوى و درووزەکانى سووریاوە. ئەو ڕێکكەوتنەى کە ئێستا هەیە، بەلایانەوە گونجاوە ئەگەر تورکیا تێکی نەدات.
لەسەر ئاستى عێراقیش سوننەکان بارودۆخەکان دەقۆزنەوە، تا لەسەر هەندێ هەڵوێستى لاوازى کورد پێگەکانیان بەهێز بکەنەوە، چونکە ئەوان لە عێراق وا حاڵی بوون بەهێزیی پێگەى کورد لەسەر حیسابی سوننەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا لاوازبوونى کورد و هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیى ئەواندا نییە، چونکە گوشارى شیعە بۆ سەریان زیاد دەبێ و هاوسەنگیى هێزیش لە بەرژەوەندیى شیعە دەکەوێتەوە.
کەواتە کورد دەبێ هەڵوێست و پەیوەندیی ستراتیژیى خۆى بە هاوسەنگى لەگەڵ لایەنەکاندا بهێڵێتەوە. ئەوەى کە لە سووریاش بەدی هاتووە، دەبێ بیپارێزرێ، چونکە لەدەستچوون یان لاوازبوونى کورد لە سووریا، کاریگەریى نەرێنی لەسەر پرسی کورد و هەرێم دادەنێ.
کەواتە لە ڕوانگەى ئەو ڕووداو و پێشهاتانەوە، پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا چیی لێ بەسەر دێت؟
گەرچی ڕووداوەکان لە سووریا ڕوویان داوە، بەڵام پارسەنگەکەى لە تەواوى پرسی کورددا دەردەچێ. وابەستەییی پرسی کورد و جوگرافیا و هەر چوار دەوڵەتى تورکیا و سووریا و عێراق و ئێران و بەرژەوەندییەکانیان بەیەک دەبەستێتەوە. دەسەڵاتدارانى بەغدا بەردەوام هەستیارییان بە پرسی کورد هەبووە و، تا ئێستایش نەگەیشتوونەتە چارەسەر، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە چارەسەرێک نییە کە تایبەتمەندیى نەتەوەییی بۆ کورد تێدا بەرجەستە ببێت.
ئەگەرچی لە دەستووریشدا دانی پێدا نرابێ، ئەگەر هەرێمى کوردستان لە هاوکێشەى شەڕەکە تێوە بگلابایه، ئەوا هەڵوێستى بەغدا زۆر توند دەبوو و، بەهاوکاریى هەرسێ دەوڵەتەکەى تر، ئەگەرى دەستێوەردان لە هەرێم هەبوو. بەڵام ئەوە ڕووی نەدا. ڕێکكەوتننامەیەک هاتە ئاراوە کە بەرژەوەندیى هەرسێ لایەنى سووریا و تورکیا و هەسەدەى تێدا بوو، لەلایەن دەوڵەتانى ئەوروپا و ئەمریکاشەوە پشتیوانیی لێ کرا، هەرێمی کوردستانیش بە پێگەیەکی باشتر و بەهێزترەوە لەم قۆناغەدا لە هاوکێشەکە هاتە دەرەوە؛ تەنانەت بووە مەرجەع بۆ پرسی کورد لە سووریا و تورکیا و هاوکێشە سیاسییەکانى عێراق لەگەڵ ئەمریکا.
بەڵام ئەوە ناگەیەنێ کە هەرێم بەرانبەر بەغدا خەمسارد بێ، بەڵکوو دەبێ بگاتە ڕێکكەوتن و شایستە دەستوورییەکانى، چونکە ئەو چوارچێوەیەى کە ئەمریکا مامەڵەى لەگەڵ هەرێم پێ دەکات لە عێراق، بوونى هەرێمێکى بەهێزى کوردییە لە چوارچێوەى عێراقێکی یەکپارچەدا. کەواتە باشترین پێوەر بۆ پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا، دەستوور و فیدراڵییەتە. نابێ هەرێم دەرفەت بدات ئەو بابەتە بەردەوام بێت و لەناو بازنەیەکی بەتاڵدا بیخولێننەوە.
کەواتە تا هەنووکە، هێرشەکانى سوپاى عەرەبیی سووریا بۆ سەر هەسەدە، بەهۆى ئەو پێوەرانەى کە لەسەرەوە باسمان کردن، کاریگەریى نەرێنییان لەسەر پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا جێ نەهێشتووە. ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە سەرەڕاى ئەوەى هەرێم بەرپرسیارێتیى نەتەوەییی خۆى گرته ئهستۆ، بەڵام لە جووڵەى سیاسی و دیپلۆماسیدا هاوسەنگ بوو؛ بە شێوەیەک کە هیچ ئیحراجییەکى بۆ بەغدا لەبەردەم دەوڵەتانى دراوسێ نەدا بەدەستەوە.
پێ دەچێ پەندەکانى هاوکێشەى قەیرانەکە ئەمانە بن، کە سەرکردایەتیى کورد دەبێ بەهەندیان وهربگرێ و پلانی نەتەوەییی بۆیان هەبێ: یەکڕیزی و یەکگوتارى، هێزێکی نەتەوەییی کاریگەرن. گەلی کورد گەر مەرجەعێک شک بەرێ، زۆر دەستکەوتى گرنگ بەدی دێنێ. هەر بۆیە بابەتى پلاتفۆرم و پەیمانی نەتەوەییی هاوبەش، دووانەیەکی پێویستى قۆناغەکەن. سەرۆک بارزانى گوتەنى: ئەگەر خۆت هەبووى، کەست هەیە؛ ئەگەر خۆت نەبووى، بێکەسی.
ئهم خاڵانه زۆر گرنگن بۆ كورد بهگشتی: پشتبەستن بە تواناکانى خۆمان بنەڕەتى کارى نەتەوەیین، پشتیوانیی دەرەکی گهرنتییان نییە و زۆر جاریش بێباکن، دەبێ پلانى تایبەتى بۆ بەرەوپێشبردنى دەستکەوتەکانى سووریا هەبێ (بهتایبەت یەکڕیزی و یەکئەجێنداییى کوردى ڕۆژاوا)، پەیوەندییەکان دەبێ بەهاوسەنگى بەردەوامییان پێ بدرێ، کابینەى نوێی حکوومەتى هەرێم پێک بهێنرێ، ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەماى فیدراڵییەت و دەستوور بکرێ، بایەخێکی نەتەوەیی بە وەزارەتى پێشمەرگە بدرێ، چوارچێوەیەکى نەتەوەیی بۆ گوتارى میدیایی دابنرێ، پلانی تایبەت بۆ ئامادەییی میدیاى کوردی لە ناوەندەکانى بڕیاردروستکردنى دونیادا هەبێ؛ بهتایبەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، یەکێتیى ئەوروپا و هتد.








