پێنووس

سووریای ئومەوی و عێراقی شیعی؛ ململانێی مێژوو لە ئاوێنەی جیۆپۆلیتیكی نوێدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

دەسپێک

کەوتنی ڕژێمی ئەسەد لە کۆتاییی ٢٠٢٤دا، تەنیا گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی نەبوو، بەڵکوو وەک وەرچەرخانێکی جیۆپۆلیتیکی و “چرکەساتێکی جومگەیی” هەژمار دەکرێت کە تەواوی هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەی هەژاند. ئەم ڕووداوە مێژوویییە، لێکەوتە و شەپۆلەکانی بەخێرایی پەلیان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی سووریا هاوێشت و کاریگەریی ڕاستەوخۆ و قووڵی لەسەر پێگەی شیعە لە عێراق و ئێراندا دروست کرد.

ئەم شرۆڤەیە تیشک دەخاتە سەر سەرەتای قۆناغی هەڵوەشانەوەی ئەو “جەمسەرگیرییە مەزهەبییە سنووربڕەی” کە لەدوای ٢٠١١وە نەخشەی سیاسیی ناوچەکەی کێشابوو؛ هەروەها هەڵوەستە لەسەر ئەو قەیرانە جەوهەری بونیادییە دەکات کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی سووریاوە، لە ساڵی ڕابردوودا بەرۆکی “ماڵی شیعی”ی لە عێراقدا گرتووە.

سووریای پاش ئەسەد: وەرچەرخانی جیۆپۆلیتیكی و هەڵوەشانەوەی میحوەرە كۆنەكان

هەرچەندە دەسەڵاتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی “ئەحمەد شەرع” هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گوتاری “ئۆپەراسیۆنی ئازادکردن”ەوە شەرعییەت بۆ خۆی کۆ بکاتەوە، بەڵام واقعی ساڵێکی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە، ئاماژە بە پاشکۆیەکی سیاسی دەکەن. سووریای دوای ئەسەد، کە ئێستا لە هەژموونی ئێران و ڕووسیا چۆتە دەرێ، کەوتووەتە ژێر ڕکێفی سێگۆشەی (واشنتۆن، ئەنقەرە و وڵاتانی کەنداو) و پاشکۆی پێداویستییە ئەمنییەکانی ئیسرائیلە[1]. لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ڕۆڵی لە دانانی شەرع و ئاشکراکردنی مەرجە توندەکانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ دەسەڵاتەكەی شەرع لەلایەن “هاکان فیدان”ەوە[2]، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە سووریای نوێ بەشێکە لە ئەجێندایەکی نێودەوڵەتی کە ئامانجی گۆشەگیرکردنی میحوەری ئێرانی و قووڵکردنەوەی قەیرانی لایەنە شیعییەکانە لەناوچەکەدا.

ئەم پێشهاتە سیاسییانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە “سووریای نوێ” بەشێکە لە پڕۆژەیەکی فرەڕەهەندی نێودەوڵەتی کە ئامانجی گۆشەگیرکردنی میحوەری ئێرانییە. پاڵپشتییە دەرەکییەکانی سووریای نوێ تەنیا لە چوارچێوەی لێدواندا نەماونەتەوە، بەڵکوو وەرچەرخاونه‌ بۆ کۆمەڵێک هەنگاوی کردەیی کە قەیرانی لایەنە شیعییەکان و نەیارەکانی تری دیمەشق قووڵتر دەکەنەوە، لەوانە: هەڵگرتنی گەمارۆ مێژوویییەکانی ئەمریکا، بەڵێنی ملیارەها دۆلاری وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا بۆ ئاوەدانکردنەوە و، بەئەندامبوونی سووریا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش-ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر سەرکردەکانی ئێستای دیمەشق وەک “تیرۆریست” ناسێنرابوون-، هەروەها چڕبوونەوەی سەردانە دیپلۆماسییەکانی واشنتۆن، ئەنقەرە و ڕیاز، واژۆکردنی گرێبەستە ستراتیژییەکان و، هەماهەنگی بۆ کشانەوەی سوپای ئەمریکا و ڕادەستکردنی بنکەکان بە هێزە نوێیەکانی سووریا (کە بەشێکیان لە گرووپە جیهادییەکانی پێشوو پێک دێن)؛ هه‌موو ئه‌مانه‌ ئاماژەن بۆ داڕشتنەوەی تەواوەتیی نەخشەی هێز لەناوچەکەدا.

ئەم پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە بەرفراوانە بۆ سووریا، لە ڕاستیدا باجەکەی دابڕانی یەکجاریی دیمەشقە لە بلۆکی (ئێران – ڕووسیا)؛ ئەو میحوەرەی کە پێشتر هێزە شیعییەکانی عێراق وەک بناغەیەک بۆ پڕۆژەی حوکمڕانیی خۆیان لەناوچەکەدا سەیریان دەکرد. دوای پازدە ساڵ لە بەکارهێنانی دروشمی “پاراستنی مەزارگەکان” بۆ پاساودانی هەژموونی میلیشیاکان، ئێستا پێگەی ئێران لە سووریا بەرەو پووکانەوەی تەواوەتی دەچێت. گرووپە چەکدارە عێراقییەکان نەک هەر قوربانییەکی زۆریان داوە (کە دەگوترێت لە سێ هەزار کوژراو تێپەڕی کردووە)، بەڵکوو هەموو دەستکەوتە سیاسی و سەربازییەکانیشیان لەدەست داوە. ئەم گۆڕانکارییە بووەتە هۆی دروستبوونی دژایەتییەکی توند؛ بە جۆرێک دیمەشق وەک دوژمنێکی سەرسەخت مامەڵە لەگەڵ بەرەی ئێرانی دەکات. ئەمەیش ڕەنگدانەوەی ئەو ململانێ ئایدیۆلۆژییە قووڵەیە کە لەنێوان سەلەفیزمی سوننیی دەسەڵاتدار و شیعەی چەكدار و عەقیدەییدا هەیە.

سووریای نوێ لە ئاوێنەی “سوفیانی”دا؛ تێكەڵبوونی گێڕانەوە كەلەپوورییەكان و دڵەڕاوكێی سیاسی

لەنێو گێڕانەوە ئایینییەکان و دەقە کەلەپوورییە متمانەپێکراوەکانی شیعەدا، زۆر باس لە بزووتنەوەیەک دەکرێت بە ناوی “سوفیانی” کە وڵاتی شام کۆنترۆڵ دەکات و یەکی دەخاتەوە. بەپێی ئەم گێڕانەوانە، ئەم بزووتنەوەیە، کە کەسایەتییەک سەرۆکایەتیی دەکات، پاش شەڕی “تورک” دەچێتە نێو خاکی عێراقیشەوە و لەناوچەکانی حیجاز و فەڵەستین لەگەڵ لەشکری شیعە بە ڕێبەرایەتیی “ئیمامی دوازدەیەم” تووشی پێکدادانی سەربازیی گەورە دەبن[3]؛ ئەگەرچی لەناوەندی شیعیدا مشتومڕێکی زۆر و جیاوازیی بیروڕا هەیە لەسەر وادەی جێبەجێبوون و گونجاندنی ئەم گێڕانەوانە بەسەر ڕووداوەکانی ئێستای سووریادا، چونكە دەقە شیعییەكان باس لە شتێكی جیاوازاتر دەکەن: سەركردەی ئەم بزووتنەوەیە لە نەوەی “بەنی ئومەیە”یە و لە نزیك دیمەشق یان دەرعای باشووری سووریاوە دەردەكەوێت، تەمەنی دەسەڵاتەکەیشی  تەنیا ١٥ مانگ دەخایەنێت و پێش سەردەمی دەركەوتنی “مەهدی”یە[4].

هەندێك لە لێكدانەوەی ناوەندە ئایینییەكان پێیان وایە نیشانەکانی “سوفیانی” لە کەسایەتیی “ئەحمەد شەرع”دا بەدی ناکرێن، چونکە ئەو کارەکتەرە گریمانکراوەی ناو دەقەکان بە “کوشتن و بڕین” لە دیمەشق دەست پێ دەکات و شەڕی تورك دەكات ئەوجا شیعە؛ لە کاتێکدا گۆڕانکارییەکەی ئێستا بەو شێوەیە نەبووە[5]. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، لەنێو “بیری سیاسیی شیعی”دا، وێنای پێکدادان لەگەڵ سوننەگەراییی شام وەک بابەتێکی حەتمی و بێ ئەملاوئەولا دەبینرێت. زۆر جار لە ئێستادا گرووپە تەکفیرییەکانی سوننە لە سووریا بە “سوفیانی” ناوزەد دەکرێن، چونکە بڕوایان بە جەنگ و لەناوبردنی هەموو ئەوانە هەیە کە لەگەڵیاندا جیاوازن، کە لە سەرووی هەموویانەوە “شیعە” وەک نەیاری یەکەم دادەنێن[6].

لە لایەکی ترەوە، هەندێک کەسایەتیی نزیک لەناوەندەکانی بڕیار و سەركردە شیعەكانی عێراق باس لەوە دەكەن کە “نیوەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە” لە عێراق وا بڕوا دەکەن کە ئەحمەد شەرع هەمان کارەکتەری سوفیانییە([7])؛  ئەمەیش وا دەکات وەک دوژمن و نەیارێکی سەرسەختی مەزهەبی سەیری بکەن و وا تێ بگەن کە بەریەککەوتنی سەربازی و سیاسی لەگەڵیدا  تەنیا مەسەلەی کاتە و، هەمیشە لێی بەگومانن.

سووریای ئومەوی بەرامبەر عێراقی شیعی: ململانێی ڕابردوو لە ئاوێنەی ئێستادا

سووریا كە زیاتر لە پێنج دەیەی پێشوو مۆڵگەی حوکمڕانیی “عەلەوییەکان”ی هاوپەیمانی ئێران و شیعە بوون، بە درێژاییی مێژوو وەک یەکێک لە گرنگترین مەڵبەندە سوننییەکان ناسراوە. جگە لە میراتی دەوڵەمەندی ئومەوییەکان، شوێنەوار و ئارامگه‌ی کەسایەتییە ناودارەکانی وەک (سەڵاحەددینی ئەیوبی، ئیبن تەیمیە) و، میراتی (زەنکی، ئەیوبی، مەمالیک و عوسمانییەکان)ی تێدا کۆ بووەتەوە. گەورەترین گۆڕەپانی پایتەخت و گەورەترین مزگەوتی مێژوویی و شوێنەواریی ئەو وڵاتە هەر بە ناوی ئومەوییەکانەوەیە (الجامع الأموي).

ئەو ڕۆژەی ڕژێمی ئەسەد هەرەسی هێنا و ئەحمەد شەرع چووە ناو دیمەشق، یەکەم وتاری خۆی لە مزگەوتی ئومەوییەکان پێشکەش کرد (کە وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک لە ساڵانی ٧٠٧-٧١٥ز بنیاتی ناوە). ئێستا بۆ هەموو بۆنە نیشتمانی و ئایینییەکان، ئەو مزگەوتە ڕووگەی سەرەکیی دەسەڵاتە نەک کۆشک و گۆڕەپانە گشتییەكان[8]؛ لە ئێستایشدا لە ئەدەبیاتی سیاسی و گوتاری فەرمیی ڕژێمی نوێی سووریادا، ئاڕاستەیەکی ڕوون و بەرچاو بەرەو شانازیکردن بە میراتی ئومەوی و سەروەرییە  مێژوویییەکانی شام بەدی دەکرێت كە لە ساڵی ٦٦١ی زایینیدا، دیمەشقیان كردە پایتەختی دەسەڵاتێکی مەزنی ئومەوی بە ڕێبەرایەتیی “موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان”.

ئەم دەسەڵاتە سوننییە توانیی بۆ ماوەی نزیکەی سەدەیەک ئیمپراتۆرییەتێک بەڕێوە ببات کە سنوورەکانی لە ئیسپانیاوە تا سنوورەكانی ئێستای وڵاتی چین درێژ دەبووەوە؛ ئەمەیش بەرفراوانترین و گەورەترین پانتاییی جوگرافییە کە لە تەواوی مێژووی ئیسلامیدا تۆمار کرابێت[9]. لەم میراتە دەوڵەمەندە ئومەوییە، ئێستا لە دیمەشقدا “مزگەوتی گەورەی ئومەوی” وەک گەورەترین هێما ماوەتەوە، کە بووەتە سەنتەری چالاكییە ئایینییەکان و جێی سەرنجی سیاسیی ڕژێمی نوێ؛ ڕژێمێک کە تانوپۆکەی لەسەر بنەمای شوناسی “سوننی” و  “شامی” چنراوە.  ئەمەیش بۆ جیهانبینیی عێراقی شیعی، بووەتە سەرچاوەی نیگەرانی و دردۆنگییەکی قووڵ.

گوتاری سیاسیی نوێی دەسەڵاتدارانی دیمەشق، نایشارنەوە کە سووریا گەڕاوەتەوە بۆ ئامێزی مێژووییی ئومەویی خۆی؛ نیشانەکانی ئەم وەرچەرخانەیش لە ڕەفتارەکانی سەرۆکی دەسەڵاتی نوێ،  “ئەحمەد شەرع”دا ڕەنگی داوەتەوە، لەوانەیش: كردنی نوێژی جەماعەت لە مزگەوتی ئومەوی، گرنگیدانی تایبەت بە گۆڕی “موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان” و داگرتنی ئاڵا و دروشمە شیعییەکان لە مەزاری “سەییدە زەینەب”، هاوکات لەگەڵ ئەمانەیشدا ستایش و پەسنی بنەماڵەی ئومەوی لە میدیا سێبەرەکاندا زەق و بەرچاوە[10]. هەندێك لە سروودە جیهادییە بڵاوەكان لە سووریا بەئاشكرا پەسنی شوناسی ئومەوی و ستایشی ئیسلامەتیی عەرەبی دەكەن، لەگەڵ هێرشکردنە سەر “پاشکۆیەتیی ئێرانی مەجووسی”[11]. هەروەها لایەنگرانی ئەحمەد شەرع نازناوی “مانگەکەی بەنی ئومەیە”یان بەسەردا بڕیوە[12].

 هەرچەندە لە گوتاری باودا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە “ئومەویبوون” لای ئەوان زیاتر وەک که‌لتوور و قوتابخانەیەکی ژیاریی کراوەیە بەرەو دەرەوە، نەک  تەنیا عەقیدەیەکی ئایینیی داخراو[13]، هەروەها ئەحمەد شەرع چەند جارێك پێداگریی لە وەلانانی ناكۆكییە مێژوویییەكان كردووە[14]، بەڵام هەندێک لە سەنتەرە توێژینەوە شیعییەکان باس لەوە دەکەن کە پڕۆژەی “سووریای نوێ” لە ڕاستیدا درێژکراوەی هەمان پڕۆژەی “داعش”ە، کە ئامانجیان بوو عێراق و سووریا لەناو قەوارەیەکی سوننیی گەورەدا بتوێننەوە و دیمەشق بکەنە پایتەختەکەی، تا هاوسەنگیی هێز بەرامبەر دەسەڵاتی شیعی لە عێراق ڕابگرن[15].

ئەم پاشخانە سوننی-ئومەوییەی سووریای نوێ، لە دیدگه‌ی  مێژوویییەوە بە واتای ئەگەری بەریەککەوتنی توند لەگەڵ شیعەی عێراق دێت؛ چونکە سووریای مێژوویی و عێراقی مێژوویی هەمیشە لە ڕکابەرییەکی سەختدا بوون، وەک: موعاویە بەرامبەر ئیمام عەلی، ئومەوییەکان بەرامبەر عەباسییەکان و، تەنانەت بەعسی عێراق بەرامبەر بەعسی سووریا.  تەنیا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، شیعەکان لەگەڵ دیمەشقدا کرانەوە و پەیوەندییەکانیان گەرم بووەوە؛ پاشان لە ساڵی ٢٠١١دا بۆ بەرگریکردن لە ڕژێمی ئەسەد، بیست گرووپی چەكداری شیعی ڕوویان لە سووریا کرد كە تێكەڵەیەك بوون لە عێراقی، پاكستانی، ئەفغان (ئه‌فغانی هه‌ڵه‌یه‌؛ پاره‌ی ئه‌فغانستانه‌ مامۆستا گیان!-“ئه‌فغانستانی”یش ده‌بێت) و لوبنانی[16]. لەو ماوەیەی کە گرووپە شیعییەکان لە سووریادا باڵادەست بوون، باسکردن و گەورەکردنی میراتی ئومەوییەکان ڕووی لە كزی كرد، بەڵام لەگەڵ کەوتنی ئەسەددا، جارێکی تر سووریا و دەسەڵاتدارانی نوێ گەڕانەوە بۆ ژیاندنەوەی یاد و یادەوەرییە  مێژوویییە ئومەوییەكان[17].

ئەم گۆڕانکارییانە و كرانەوە بەڕووی میراتی ئومەویدا لە کاتێکدایە کە لە “کۆیادەوەریی شیعی”دا، بنەماڵەی ئومەوی وەک جەلاد و بکوژی زیاتر لە ٧٠ کەسی ئالوبەیت و “ئیمام حوسێن” لە کەربەلا سه‌یر ده‌كرێن و، و بە بەرپرسیار دەزانرێن لە کەنیزەککردنی ژنانی بنەماڵەی پێغەمبەر. بەر لەوەیش، بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە خیانەتیان لە “ئیمام حەسەن” کردووە و ژەهرخواردیان کردووە[18]. جگە لەوەیش، دیمەشق لە ئەدەبیاتی شیعیدا هەمیشە وەک “پایتەختی حوکمڕانیی ستەمکاران” ناوزەد کراوە، چونکە خاکی کۆمەڵێک لێکەوتەی پڕ لە ئازارە، وەک: بردنی سەری بڕدراوی ئیمام حوسێن لەسەر ڕم بۆ ئەو شارە و زیندانیکردنی نەوەکانی ئالوبەیت[19].

بەهۆی ئەم پاشخانە خوێناوییە، لە دوای ساڵی ٢٠١١وە کۆمەڵێک ڕووداوی تۆڵەئامێز لەلایەن بەرەی شیعییەوە لە سووریا ڕوویان دا، لەوانەیش: گردبوونەوەی شیعەکان لە مزگەوتی ئومەوی و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی شیوەن و گریان، هێرشکردنە سەر گۆڕی موعاویە بە پێڵاو، ڕووخاندنی مزگەوتی ئومەوی لە حەلەب و، هەڵدانەوەی گۆڕی خەلیفەی ناوداری ئومەوی، “عومەری کوڕی عەبدولعەزیز” لە نزیک ئیدلب (٢٠٢٠)، کە ناڕەزایییەکی زۆری لە ئاستی ناوخۆ و وڵاتانی عەرەبیدا لێ کەوتەوە[20].

دەرەنجامە تاڵەکانی شکست؛ سووریای نوێ و تاقیکردنەوەی شیعە لە عێراق

سەرهەڵدانی ڕژێمی نوێی سووریا، کە هەڵگری ناوەڕۆکێکی سوننییە و لەژێر چەترێکی پاڵپشتیی دەرەکیی دژەشیعیدا سەقامگیر بووە، درز و دابەشبوونی قووڵی لەناوخۆی ماڵی شیعەی عێراقدا دروست کردووە. پاش شکستی میحوەرە شیعییەکە و هەرەسی ڕژێمی ئەسەد، ئایدیۆلۆژیای “مقاوەمە” (بەرگری) کەوتە ژێر پرسیارێکی جەوهەرییەوە و ئەو گوتارە سیاسییەی کە ساڵانێک لەژێر ناوی “پاراستنی حەرەمە پیرۆزەکان”دا کۆکەرەوەی گرووپەکان بوو، تووشی پاشەکشەیەکی گەورە بوو. لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، کارەکتەرە دەوڵەتییەکانی وەک “محەمەد شیاع سوودانی” ئاڕاستەیەکی پراگماتییانەیان گرتە بەر و، بەڕووی ڕژێمە نوێیەکەی دیمەشقدا کرانەوە، هەروەها “موقتەدا سەدر”یش سەرەتا بە ئەرێنی كارلێكی لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سووریادا كرد. ئەمەیش مشتومڕێکی توندی لەنێوان باڵە حکوومەتی و باڵە چەکدارە نافەرمییەکانی شیعەدا لێ کەوتەوە.

جگە لەوەیش، پرسیارێکی شاراوە و بەژان لەناو جەستەی کۆمەڵگەی شیعیدا سەری هەڵداوە: “بایەخ و ئەنجامی ئەو هەموو قوربانییە مرۆیی و دارایییە زۆرەی شیعە لە سووریادا چوو، لە کاتێکدا دەرەنجامەکەی بەم شکستی و پاشەکشە گەورەیە کۆتایی هات؟” هاوکات، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە سووریا پاشەکشەیان کردووە و گەڕاونەتەوە عێراق، ئێستا بەدوای پێگەیەکی نوێدا دەگەڕێن؛ بوونی ئەم بڕە زۆرە لە چەک و تەقەمەنی لەدەستی ئەواندا، بارگرانییەکی ئەمنی و سیاسیی گەورەی بۆ دەوڵەتی عێراق دروست کردووە و چارەنووسیان بووەتە مەتەڵێکی ئاڵۆز.

ڕاستییه‌كه‌ی، لە پاش گۆڕانكارییەكانی سووریا ناوەندی شیعە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە بۆ یەکلاکردنەوەی شوناسی خۆی: “ئایا شیعەی عێراق پێکهاتەیەکی مەزهەبیی سنووربڕە، یان پێکهاتەیەکی نیشتمانییە لە چوارچێوەی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی عێراقدا؟” ئەم ململانێیە لەنێوان “مەزهەبگەراییی ناوچەیی” و “نیشتمانپەروەریی عێراقی”دا گەیشتووەتە لووتکە. ئەگەر جاران ئەم گرووپانە شەرعییەتی خۆیان لە جەنگی سووریاوە وەردەگرت، ئێستا کە سنوورەکان بەڕوویاندا داخراون، مەترسیی ئەوە هەیە ئەو چەک و هێزەی لە دەرەوە بەکار دەهات، لە ناوخۆدا ببێتە بەشێک لە ململانێ و کێشمەکێشی سیاسی؛ بەتایبەت لە غیابی دیدێکی ستراتیژیی نیشتمانی و دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز کە بتوانێت ئەم هێزانە ڕێک بخاتەوە.

گەمارۆیەکی نوێی جیۆپۆلیتیكی؛ شیعەی عێراق لەناو بازنەی جەمسەرە سوننییەكاندا

یەکێک لە ئاڵنگارییە هەرە گەورەکان بۆ شیعەی عێراق، ئەو پەیوەندی و پاڵپشتییە بێوێنەیەی تورکیا و جیهانی سوننییە بۆ ڕژێمە نوێیەکەی سووریا. ئەم دۆخە نەخشەیەکی جیۆسیاسیی نوێی لە ناوچەکەدا هێناوەتە کایەوە، کە تێیدا شیعەی عێراق خۆی لەناو بازنەیەکی سوننیی گەمارۆدراودا دەبینێتەوە: لە باکوورەوە تورکیایەک کە سوپا و بنکە سەربازییەکانی بە قووڵاییی خاکی عێراقدا بڵاو بوونەتەوە؛ لە ڕۆژاواوە سووریایەکی نوێ و، لە باشوورەوە وڵاتانی کەنداو. ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە ئێران وەک پشتیوانی سەرەکی، لەژێر قورسترین گوشار و گەمارۆدایە.

لە سیناریۆیەکی دوورمەودادا، هەر جۆرە هەماهەنگییەک لەنێوان تورکیا و سووریا لە ئاستی دۆسیەی عێراقدا، دەتوانێت گرفتێکی کوشندە بۆ پێگەی شیعە دروست بکات. هەروەها، وڵاتانی کەنداو کە بەردەوام جەخت لەسەر “گێڕانەوەی هاوسەنگی” لە عێراقدا دەکەنەوە، مەترسییەکی ناڕاستەوخۆن بۆ سەر ئەو دەستکەوتە سیاسییانەی کە شیعە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەدەستی هێناون. ئەم وڵاتانەی كەنداو ئەگەرچی ڕەنگە وەک تورکیا و سووریای سەردەمی “ئەحمەد شەرع” لە ڕووی سەربازییەوە توندوتیژ نەبن، بەڵام خاوەنی “نەرمەهێزێکی” یەکجار گەورەن لە بوارەکانی دیپلۆماسی، دارایی و میدیادا، کە دەتوانن كاریگەری لەسەر نەخشەی سیاسیی عێراق دروست بكەن.

شیعەی عێراق لەبەردەم دووڕییاندا؛ سیناریۆكانی خۆگونجاندن و ململانێ

بەپێی ئەو پێدراوانەی ئاماژەیان پێ کرا، شیعەی عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووبەڕووی ئەم ئاڵنگاری و سیناریۆیانە دەبێتەوە:
_ گۆڕان لە هێزێکی مەزهەبیی سنووربڕەوە بۆ پێکهاتەیەکی نیشتمانیی ناوخۆیی؛ کە ئەمە تاکە ڕێگەی مانەوەیە لەژێر سایەی دەوڵەتدا.

_ چوونەناو میحوەر و بەرەی ئێرانی بە شێوەیەکی تەواوەتی؛ کە مەترسیی گەورەی لێ دەکەوێتەوە و ئەگەری هەیە شیعەی عێراق ڕووبەڕووی هەمان ئەو چارەنووسە ببێتەوە کە حووسییەکان لە یەمەن و حزبوڵڵا لە لوبنان پێیدا تێپەڕ دەبن.

_ مامەڵەکردن لەگەڵ دەوروبەرێک کە چیتر دەرفەتی پەلهاوێشتنی تێدا نەماوە؛ بەتایبەت لەگەڵ گەشەکردنی ڕژێمێکی سوننیی خاوەن شوناسی ئومەوی لە سووریا کە بە عەقیدە دژی هەژموونی شیعەیە.

_ تاقیكردنەوەی  توانای شیعە لە تێپەڕاندنی دابەشبوونە ستوونی و ئاسۆیییەکانی ناوخۆی خۆی، بۆ ئەوەی بتوانێت وەک یەکەیەکی یەکگرتوو مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە نێودەوڵەتییەکاندا بکات.

_  مامەڵەکردن لەگەڵ جەمسەرە جیاوازەکانی سوننە؛ ئەگەرچی لە لایەك ئەم دابەشبوونە سوننییە بە سوودی شیعەی عێراقە، بەڵام هەروایش کارێکی ئاسان نییە؛ لە لایەک میحوەری (تورکیا-قەتەر) کە پشتیوانی هێزە ئیسلامییە چەکدارەکانن و نیگەرانیی قووڵی شیعەن، لە لایەکی تر میحوەری (سعوودیا-میسر-ئوردن) و میحوەری (ئیمارات) کە پەیوەندیی ستراتیژییان لەگەڵ هێزە جیهانییەکان و تەنانەت ئیسرائیلیشدا هەیە، خوێندنەوە و مامەڵەی وردیان پێویستە.
_  ئەگەری دروستبوونی ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەنێوان “عێراقی شیعی” بە پاڵپشتیی ئێران بەرامبەر “سووریای ئومەوی” بە پاڵپشتیی بەرە سوننییەکان؛  ئەمەیش لێكەوتە و ئەنجامی جۆراوجۆری دەبێت و وەكوو یەكێك لە ئەگەرە سیاسییەكان هەر دەمێنێته‌وه‌.

_ پێشهاتە نوێیەکانی سووریا و دروستبوونی “چواردەورە سوننییەکە”، ئەگەری پەنابردنی ناچاریی شیعە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پێکهاتەی کورد و هەرێمی کوردستان زیاد دەکات. ئەم وەرچەرخانە وەک ئامرازێک دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە دەرەکییەکان و دروستکردنی بەرەیەکی ناوخۆییی هاوسەنگ. ئەم سیناریۆیە وا دەخوازێت کە ناوەندی بڕیاری شیعی پەنا بۆ “شلکردنی” ئەو ڕێوشوێنە توند و گوشارە سیاسی، یاسایی و ئابوورییانە بەرێت کە لەدوای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧وە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان پەیڕەو کراون؛ بە جۆرێک کە لە جیاتی ململانێی ناوخۆیی، کار بۆ جۆرێک لە “تەباییی سیاسی” بکرێت.

[1]  https://2h.ae/bCzxk

[2]  https://2h.ae/wooaW

[3]  https://2h.ae/pUQbS

[4]  https://2h.ae/DipiE

[5]  https://2h.ae/ZxxeI

[6]  https://2h.ae/xbmNw

[7]  https://2h.ae/ymkYl

[8]  https://2h.ae/hZzNc

[9]  https://2h.ae/zQEHE

[10]  https://2h.ae/hxCIp

[11]  https://2h.ae/ufBll

[12]  https://2h.ae/kiLue

[13]  https://2h.ae/CJteC

[14] https://2h.ae/Jpmjn

[15]  https://2h.ae/hxCIp

[16]  https://2h.ae/jeUix

[17]  https://2h.ae/CrDUl

[18]  https://2h.ae/wvPrS

[19]  https://2h.ae/UaMjB

[20]  https://2h.ae/kiLue

image_pdfimage_print