پێنووس

 لە عێراقەوە تا پاکستان؛ ئایا هێرشەکانی ئێران دەتوانێت دراوسێ بێلایەنەکان دژی تاران یەکبخات؟

 

وەرگێڕان و ئامادەکردن: پێنووس

بۆ ماوەیەکی درێژ وا دەبینرا کە جەنگ بە ئامانجی گۆڕینی ڕژێم لە ئێران، دەبێتە هۆی کاردانەوەی توندی میلیشیا هاوپەیمانەکانی تاران لە ناوچەکەدا و پشتیوانییە بەرفراوانەکەی ئەوان بۆ کۆماری ئیسلامی، تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕەنگە ناوچەکانی تری جیهانیش نقوومی پشێوی دەکات. ئەم گریمانەیە ئەوەندە بەهێز بوو کە تەنانەت هێزە بریکارەکانیش (پڕۆکسییەکان) باوەڕیان پێ کردبوو. بەڵام ئەوەی لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەکەدا بینرا، زۆر جیاواز بوو لەو ئەنجامانەی کە پێشبینی دەکران.

یەکێک لە ئامانجەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە جەنگ لەگەڵ ئێران، لاوازکردنی تۆڕی میلیشیاکانی ژێر سێبەری تاران بوو. سەرەڕای ئەوەش، وا دەردەکەوێت کە لە کۆتاییدا کردەوەکانی خودی تاران دژی دراوسێکانی، کاری لاوازکردنی ئەم تۆڕەی بۆ واشنتۆن و تەلئەبیب ئاسانتر کردووە و لە عێراقەوە تا پاکستانی ناچار بە کاردانەوە کردووە.

عێراق؛ ئۆپەراسیۆنی پەرشوبڵاوی «بەرەی خۆراگری» و یەکگرتوویی کوردەکان

حکومەتی عێراق هەرچەندە لەم جەنگەدا بێلایەنیی خۆی ڕاگەیاندووە، بەڵام لە دوو هەفتەی ڕابردوودا دەیان هێرش لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە دژی بنکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم وڵاتەدا ئەنجام دراون، لەوانەش لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

چەند تەقینەوەیەکیش لە شاری هەولێر کە شوێنی یەکێک لە بنکەکانی ئەمریکایە تۆمار کراوە؛ سەرەڕای ئەوەش، بەرپرسانی هەرێم دەڵێن زۆربەی هێرشە موشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر ئەم ناوچەیە، ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە ئەنجام دراون و زۆربەی ئەو هێرشانەی کە بانگەشە دەکرێت میلیشیاکان کردوویانە، زیانێکی ئەوتۆیان لێ نەکەوتووەتەوە. لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت هیچ بەڵگەیەک بۆ ڕوودانی ئەو هێرشانە نابینرێت کە میلیشیاکان بانگەشەی بۆ دەکەن.

هێرشی میلیشیاکان بەردەوامە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکان، توندییەکەیان کەمتر بووە لەوەی چاوەڕوان دەکرا.

ئێران بۆ چەندین دەیە ملیارەها دۆلاری بۆ ئامادەکردنی جەنگاوەرە بریکارەکانی لە عێراق خەرج کردووە بۆ ئەوەی لە ساتەوەختی وەک دۆخی ئەمڕۆدا بەکاریان بهێنێت؛ بەڵام لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی ووجوودی بووەتەوە، زۆرێک لەم گروپە میلیشیایانە بە شێوەیەکی جدی نەچوونەتە ناو جەنگەکەوە و هیچ تەیارکردنێکی بەرفراوان لە نێوان ئەم هێزانەدا وەک یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی ”بەرەی بەرگری”ی ئێران (لە غەززە، لوبنان و سوریاوە تا یەمەن و عێراق) نەبینراوە.

ڕۆیتەرز دوای گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵێک لە میلیشیاکان، هەروەها بەرپرسانی عێراقی و ڕۆژئاوایی، تەنانەت پیاوانی ئایینی شیعەی عێراق، هۆکاری ئۆپەراسیۆنە پەرشوبڵاوەکانی میلیشیاکانی لە چەند بابەتێکدا کورت کردووەتەوە: هێرشە قورسەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی گروپە میلیشیاکانی تری ناوچەکە کە بووەتە هۆی لاوازبوونیان، لەدەستدانی سوریا وەک هێڵی گەیاندنی پێداویستی بۆ ئەم گروپانە، و سەرقاڵبوونی فەرماندە سەرەکییەکانی گروپە میلیشیاکان بە چالاکییە سیاسی و ئابورییەکانی عێراقەوە لەبری ئامادەبوون لە هێڵەکانی ململانێ و جەنگدا.

بە گوتەی ئەوان، تۆڕی بریکارەکانی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتەدا، بەهۆی تیرۆری ئامانجداری ئەو سەرکردانەی کە جێگرتنەوەیان قورسە، هەروەها لەدەستدانی بنکە ئارامەکان بۆ مەشق و ڕاهێنان و گواستنەوەی چەک، و گۆڕانی فەرماندە عێراقییەکان بۆ سیاسی و بازرگانی دەوڵەمەند، لە کردەوەدا لەناو چووە.

ئەوەی تریش، هەرچەندە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، حزبوڵای لوبنان هەوڵی دابوو گروپە جیاوازەکان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا هەماهەنگ بکات، بەڵام هێرشە قورسەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم گروپە و کوژرانی حەسەن نەسروڵا-ش بووە هۆی لاوازبوونی زیاتری هێزە میلیشیاکانی ژێر سێبەری ئێران و گورزێکی توندی لە تەواوی ”بەرەی خۆڕاگری” وەشاند. پاشان بە ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا کە «کلیلێکی هەماهەنگی بەرەی خۆڕاگری» بوو، باڵە لایەنگرەکانی ئێران لە ناوچەکەدا زیاتر لە هەر کاتێک پەرشوبڵاو بوون.

کۆی ئەم هۆکارانە بووە هۆی ئەوەی هێرشە پەرشوبڵاوەکانی میلیشیاکان لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، لە کردەوەدا لە زیانی کۆماری ئیسلامی بشکێتەوە.

دوای مردنی عەلی خامنەیی، هەرچەندە هەزاران کەس لە لایەنگرە عێراقییەکانی ئەو (لەوانەش جەنگاوەرە خانەنشینکراوەکانی گروپە میلیشیاکان) لە بەغدا بە دروشمی «نەمان بۆ ئەمریکا» و بە هیوای هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، بەرەو دەروازەکانی ناوچەی سەوز هێرشیان برد، بەڵام تەنانەت نەشیانتوانی بگەنە ئەو پردەی دەچێتەوە سەر ناوچەی سەوز و لەلایەن پۆلیسی عێراقەوە لێیان درا. تەنانەت هیچ کام لە فەرماندە ناسراوەکانی میلیشیا بریکارەکانی ئێرانیش لەو کۆبوونەوەیەدا نەبینران.

ئەم دۆخەدا، هەڵسوکەوتی توندتری حکومەتی عێراقی بەرامبەر بە میلیشیاکان لێکەوتەوە. لە کاتی دەستپێکردنی ئەم جەنگەوە، پێگەکانی میلیشیاکانی وەک کەتائیبی حزبوڵا، کەتائیبی سەیدولشوهەدا و عەسائیبی ئەهلولحەق، چەندین جار کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان.

هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش هەفتەی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی سەر بە میلیشیاکانی «کەتائیبی حزبوڵا» لە باشوری بەغدا و دەیان ئەندامیان دەستگیر کردن؛ واتە ئەو گروپەی کە بەرپرسانی ئەمریکی تۆمەتباریان کردبوون بە تەقاندنی موشەک بۆ سەر بنکەکانی هێزە ئەمریکییەکان و دامەزراوەکانی تری عێراق.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقیش ڕایگەیاند کە هەوڵێک بۆ تەقاندنی موشەک لە ناوچەیەک لە پارێزگای بەسڕە پوچەڵکراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر سەکۆیەکی جوڵاوی هاویشتن گرتووە کە دوو موشەکی ئامادەی تەقاندنی هەڵگرتبوو. هەروەها لەوەی کە دەردەکەوێت دژە هێرشێکی نهێنی بێت، بنکەکانی میلیشیاکان لە باشوری بەغدا و لە نزیک شارەکانی ناسریە و بەسڕە، کرانە ئامانجی «درۆنی خۆتەقێنی» بچوک کە ڕاپۆرتەکان دەڵێن ١٥ چەکداری کوشتووە کە زۆربەیان سەر بە کەتائیبی حزبوڵا بوون.

عێراق جگە لە گروپە میلیشیاکان، کرایە ئامانجی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناو خاکی ئێرانیشەوە.

بەشێک لەم هێرشانە، بەهۆی نیگەرانیی ئێران بوو لە بوونی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکە بە بەرەیەکی نوێ دژی حکومەت، هەر بۆیەش زۆرێک لە گروپە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی نیشتەجێ لە عێراق کرانە ئامانج. هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر بنکەکان و بەرژەوەندییەکانی تری ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق بووە هۆی ئەوەی بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامەی گاردیەن، شەپۆلێکی توندی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی دەیان پێگەی سەربازی، خاڵی سنووری و بنکەی پۆلیس لە درێژایی سنووری ئێران لەگەڵ عێراق ئەنجام بدرێت.

لەو ماوەیەدا ئەمریکا لەگەڵ هێزە کوردییەکانی نیشتەجێ لە عێراقیشدا گفتوگۆی کرد کە پێ دەچێت بە ئامانجی کردنەوەی بەرەیەک بێت بە یارمەتی ئەوان لە باکوری ڕۆژئاوای ئێران دژی کۆماری ئیسلامی. تەنانەت ڕاپۆرتگەڵێک بڵاوکرانەوە کە باس لەوە دەکەن ئەمریکا ئامادەیە لە ئەگەری بەزاندنی سنوورەکانی باکوری عێراق لەلایەن جەنگاوەرە کوردەکانەوە، پشتیوانی ئاسمانییان پێشکەش بکات. خەلیل نادری، لە بەرپرسانی پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) بە گاردیەنی ڕاگەیاندووە کە دوای پەیوەندی بەرپرسانی ئەمریکا لەگەڵ سەرکردەکانی گروپە دژبەرە کوردەکان، هەندێک لە هێزەکانیان بۆ ناوچەکانی نزیک سنووری ئێران لە پارێزگای سلێمانی گواستراونەتەوە و لە ئامادەباشیدان.

سەرەڕای ئەوەش دۆناڵد ترەمپ بە ڕاشکاوی بەکارهێنانی هێزە کوردییەکانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێراندا ڕەتکردەوە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراقیش هەر جۆرە پلانێکیان بۆ ناردنی جەنگاوەر یان بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆن دژی حکومەتی ئێران ڕەتکردەوە.

بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، ڕەنگە تەواوی ناوچەکە بۆ هەبوونی کاردانەوەیەکی بەهێزتر یەکبخات.

گاردیەن لە زاری وتەبێژێکی سوپای ئیسرائیلەوە دەنووسێت کە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل «بە توندی لە ڕۆژئاوای ئێراندا لە چالاکیدایە تا تواناکانی ئێران لەوێ لاواز بکات و ئازادی ئۆپەراسیۆن لەو ناوچەیەدا بگونجێنێت».

ڕۆیتەرزیش لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە نووسیویەتی کە ئیسرائیل چاوەڕوان ناکات کوردەکان بتوانن حکومەتی ناوەندی بڕووخێنن، بەڵام پشتیوانیکردنی ئەوان دەتوانێت کۆنترۆڵی ئێران بەسەر ناوچە ناوخۆییەکانیدا لەناو ببات و هێز و سەرنجی سوپای پاسداران پەرت بکات.

گاردیەن هەروەها لە زاری بەرپرسانی پێشووی هەواڵگری و بەرگری ئیسرائیلەوە دەنووسێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئۆپەراسیۆنی نهێنی لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای ئێران و ناوچەکانی تریش، دوای جەنگە ١٢ ڕۆژەکە زیاد کردووە. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی هەمان ستراتیژی کۆنی ئەمریکادایە کە لەسەر تێکەڵکردنی تیمە بچوکەکانی پسپۆڕانی سەربازی کە دەتوانن هێرشە ئاسمانییەکان ئاڕاستە بکەن، لەپاڵ هێزە زەمینییە ئامادەکراوە ناوخۆییەکاندا بنیات نراوە.

بەڵام هێشتا کێشەیەک هەیە؛ ئەمریکا لە دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین جار جەنگاوەرە کوردەکانی وەک هێزی یارمەتیدەر بەکار هێناوە، بۆ نموونە لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و لە شەڕی دژی داعش لە عێراق و سوریا لە ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٩؛ بۆیە ئێستا سەرکردە کوردەکان نیگەرانن لەوەی هاوشێوەی گروپە کوردییەکانی باکوری سوریا (کە دوای ماوەیەکی درێژ لە خزمەتکردن بە هێزەکانی ئەمریکا ناچار بوون خاکی خۆیان ڕادەست بکەن) لە کۆتاییدا بە تەنیا جێبهێڵدرێن.

یەکێک لە سەرچاوە کوردە ئێرانییەکان بە ڕۆیتەرز دەڵێت کە سەرکردەکانیان داوای گەرەنتییان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە؛ ئامانجی ئەوان دروستکردنی ناوچەیەکی نیمچە سەربەخۆیە لە ئێرانی فیدراڵدا، هاوشێوەی مۆدێلی عێراق.

ئەزموونی سەبری تورکیا؛ موشەکە ئێرانییەکان لە ئاسمانی وڵاتێکی ئەندامی ناتۆدا

تورکیا تا ئێستا بە هۆی سیستەمی بەرگریی موشەکیی ناتۆ، لەو موشەکانەی لەلایەن ئێرانەوە هاوێژراون پارێزراو بووە. یەکەمجار لە ٤ی مارس و پاشان لە ٩ی مارس بوو کە هەواڵی تێکشکاندنی موشەکە بالیستییە ئێرانییەکان لە ئاسمانی تورکیادا بڵاوکرایەوە. ئەم موشەکانە دوای تێپەڕبوون لە ئاسمانی عێراق و سوریا، بەرەو ئاسمانی تورکیا لە جوڵەدا بوون کە لەلایەن سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی و موشەکی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست تێکشکێنران. گومان دەکرێت ئەم موشەکانە بەرەو بنکەیەک لە قوبرسی یۆنانی هاوێژرابن کە لە ڕێڕەوی خۆیان لایانداوە. هەردوو ڕووداوەکە، هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە بەڵام پارچەی موشەکەکان لە خاکی تورکیادا کەوتنە خوارەوە.

تورکیا میوانداری هێزە ئەمریکییەکان دەکات لە بنکەی ئاسمانی «ئینجێرلیک» لە پارێزگای باشوری ئەدەنە، بەڵام تا ئێستا ڕێگەی نەداوە لەو بنکەیە یان ئاسمانی وڵاتەکەی لە جەنگ دژی ئێران بەکاربهێنرێت. لە دوای ئەم ڕووداوانە، ناتۆ «هێرشە سەرکێشانەکانی ئێران بۆ سەرتاسەری ناوچەکە»ی سەرکۆنە کرد و جەختی لەسەر پابەندیی خۆی بە پرەنسیپی بەرگری بەکۆمەڵ کردەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە کونسوڵخانەی خۆی لە ئەدەنە داخست و داوای لە هەموو هاووڵاتیانی کرد بەهۆکاری ئەمنی ناوچەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا جێبهێڵن. مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لەگەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکەکەی قسەی کرد و پشتیوانی تەواوی واشنتۆنی ڕاگەیاند.

ئەنکەرە لە دوو کاتی جیاوازدا باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد تا ناڕەزایەتی فەرمی و نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بەم ڕووداوانە دەرببڕێت؛ سەرەڕای ئەوەش ئێران هەر جۆرە دەستوەردانێک لە هاویشتنی ئەم موشەکانە ڕەتدەکاتەوە و بە «تۆمەت» ناویان دەبات.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند کە «مافی وەڵامدانەوە بۆ هەر جۆرە ڕەفتارێکی دوژمنکارانە» بۆ خۆی دەپارێزێت و وتی: «تەواوی ڕێکارە پێویست و بڕیارلێدراوەکان دژی هەر جۆرە هەڕەشەیەک کە ڕووبەڕووی خاک و ئاسمانی وڵاتەکەمان بێتەوە، دەگیرێتەبەر».

هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش بە پێکهێنانی کۆبوونەوەی نائاسایی کابینەکەی، بە فەرمی هۆشداری دایە تاران. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش وتی: «ئێمە وڵاتێک نین کە بە ئاسانی هان بدرێین. ئێمە بە دۆستە ئێرانییەکانمان وتووە ئەوەی موشەکێک ڕێگەی خۆی ون بکات شتێکە؛ بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئاگادار بن… ».

شرۆڤەکارەکان باس لەم دوو ڕووداوە دەکەن ئەویش لە ماوەیەکی کەمتر لە هەفتەیەکدا، کە وەک تاقیکردنەوەیەک بێت بۆ هەڵسەنگاندنی پشوودرێژیی ئەنکەرە و ئەو مەترسییەی کە ڕەنگە هەڵمەتە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل دژی ئێران بۆ سەر خاکی ناتۆش پەل بکێشێت.

ئەنکەرە تا ئێستا خۆی لە پەنابردن بۆ ماددەی ٤ی ناتۆ پاراستووە؛ ماددەیەک کە دەڵێت هەر کاتێک تەواویەتی خاک، سەربەخۆیی سیاسی یان ئاسایشی هاوپەیمانانی ناتۆ هەڕەشەی لێ بکرێت، ئەوان پێکەوە ڕاوێژ دەکەن. بەکارهێنانی ئەم ماددەیە، هەنگاوێکە بۆ جوڵە بەرەو کاراکردنی ماددەی ٥ کە ئەندامەکان پابەند دەکات بە بەرگریکردن لەو وڵاتە.

ڕەوانەکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-١٦ی تورکیا بۆ باکوری قوبرس

ڕێکارە ئەمنییەکان لە درێژایی سنووری تورکیا لەگەڵ ئێران توندتر کراونەتەوە و وەکوو نیشانەیەک بۆ نیگەرانییە پەرەسەندووەکانی تورکیا بەرامبەر بە گرژییەکان، ئەم وڵاتە شەش فڕۆکەی جەنگی F-16ی وەک بەشێک لە «شێوازی قۆناغ بە قۆناغ بۆ زیادکردنی ئاسایش» بۆ کۆماری قوبرسی باکور ڕەوانە کردووە.

یەکێک لە هۆکارەکانی توندکردنی ئەم ڕێکارانە، ڕەنگە ڕێگریکردن بێت لە ئۆپەراسیۆنی سیخوڕیی ئێران لە خاکی تورکیادا کە تا ئێستا چەندین جار ئاشکرا بووە. لە سەرەتای ئەمساڵدا و پێش دەستپێکردنی ئەم جەنگە، لە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بە شێوەیەکی هاوکات لە پێنج پارێزگادا بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە ئەنجام درا کە گومانی سیخوڕیکردنیان بۆ تاران لێ دەکرا. بەرپرسانی ئەم وڵاتە ٦ کەسیان دەستگیر کرد کە گومانی سیخوڕیکردنیان بۆ سوپای پاسداران لێ دەکرا لە ڕێگەی چاودێریکردنی دامەزراوە سەربازییەکان و شوێنە ستراتیژییەکانی تری وڵاتەکە. گومانلێکراوەکان بە شێوەیەکی تایبەت لە دەوروبەری بنکەی ئاسمانی «ئینجێرلیک» کە میوانداری هێزە ئەمریکییەکان دەکات، ئەرکی ناسینەوە و چاودێریکردنیان ئەنجام دەدا و چاودێری پلانی ناردنی درۆنەکانیان لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ بەکارهێنان لە وڵاتانی تر دەکرد.

هاوکاریی ئیسرائیل و ئازەربایجان؛ گرژییەکانی ئێران لە قەوقازدا

کۆماری ئازەربایجان لە ٥ی مارس ئێرانی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی درۆنی «تیرۆریستی» بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی و هۆشداریی دا لەبارەی پەرەسەندنی جەنگی ئێران بۆ دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان، ئێران ٤ درۆنی بەرەو ئەم وڵاتە هاوێشتبوو کە بە گشتی سێ درۆنیان بەر ژێرخانە مەدەنییەکان کەوتبوون و درۆنی چوارەم تێکشکێندرابوو. درۆنێک بەر باڵەخانەی تێرمیناڵی تاکە فڕۆکەخانەی نەخجەڤان کەوتبوو و درۆنی دووەم لە نزیک قوتابخانەیەک لە گوندێکی تەنیشتی نیشتبووەوە و بە گشتی ٤ برینداری لێکەوتبووەوە.

هەرچەندە ئێران جارێکی تر وەک ڕووداوەکەی تورکیا، بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی ئەم هێرشانەی ڕەتکردەوە. بەڵام لە کاردانەوە بەم هێرشانە ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان فەرمانی بە سوپا دا تا «ڕێکارە کاردانەوەییەکان ئامادە و جێبەجێ بکەن». ئازەربایجان هەروەها هاتوچۆی بارهەڵگرەکانی لە سنووری نزیکەی ٧٠٠ کیلۆمەتریی خۆی لەگەڵ ئێران ڕاگرت.

”عەلیێڤ” لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەیدا وتی کە «بەرپرسانی ئێرانی دەبێت ڕوونکردنەوە بە لایەنی ئازەربایجانی بدەن، داوای لێبوردن بکەن و ئەو کەسانەی ئەم کارە تیرۆریستییەیان ئەنجام داوە، دەبێت لە ڕووی سزاییەوە بە بەرپرسیار بناسرێن». وەزارەتی بەرگریش وتی خەریکی ئامادەکردنی «وەڵامی پێویست»ە بۆ پاراستنی «تەواویەتی خاک و سەروەری وڵات، دەستەبەرکردنی ئاسایشی مەدەنییەکان و ژێرخانە مەدەنییەکان».

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هێرشی درۆنی ئێرانی بۆ سەر کۆماری ئازەربایجان سەرکۆنە کرد و پشتیوانی خۆی بۆ ئەم وڵاتە دەربڕی و وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیا داوای ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی کرد کە «وڵاتانی سێیەم لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج و مەترسی پەرەسەندنی جەنگ زیاد دەکەن». لەسەر بنەمای ڕێککەوتنامەکانی بەرگری دوولایەنە لە نێوان هەردوو وڵات، تورکیا پابەند بووە کە لە ئەگەری دەستدرێژی چەکداری بۆ سەر ئازەربایجان، یارمەتی ئەم وڵاتە بدات لەوانەش لە ڕێگەی سەربازییەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە وڵاتی دەوڵەمەند بە نەوتی ئازەربایجان پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا هەیە و دۆناڵد ترەمپ ساڵی ڕابردوو میوانداری عەلیێڤ و بەرپرسانی تری باڵای ناوچەکەی کرد لە کۆشکی سپی بۆ کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ ئەرمینیا. عەلیێڤ هەروەها مانگی ڕابردوو لە کۆڕبەندی جیهانیی ئابوری لەگەڵ ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆک کۆماری ئیسرائیل کۆبووەوە و دواتر میوانداری گیدئۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلی کرد.

پەیوەندی نزیکی ئازەربایجان لەگەڵ ئیسرائیل، ئەم وڵاتەی کردووەتە ئامانجێکی گونجاو بۆ ئێران.

هێرشی زیاتر بۆ سەر ئازەربایجان دەتوانێت ئاسایشی گەشتە ئاسمانییە جیهانییەکان بخاتە مەترسییەوە. ئاسمانی ئازەربایجان لە ئێستادا «ڕێڕەوێکی سەرەکی»یە بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا کە هەوڵ دەدەن لە ئاسمانی ڕوسیا دوور بکەونەوە و بەهۆی داخرانی ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زیاتر لە هەر کاتێک پەنایان بۆ ئەم ڕێڕەوە بردووە. هەروەها ئێران ژمارەیەکی زۆر دانیشتووی ئازەری هەیە و تاران باکۆی تۆمەتبار کردووە بەوەی ڕێگەی داوە بە هەواڵگری ئیسرائیل تا لەوێوە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات. بەو پێیە، کۆماری ئیسلامی کە نیگەرانە لە ئەگەری بەکارهێنانی گروپە نەتەوەییە دژبەرەکان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلەوە بۆ ناسەقامگیرکردنی ئێران لە کاتی هێرشدا، بۆیە خۆی دەستی کردووە بە ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دراوسێ.

ماریۆ بیکارسکی، شیکەرەوەی باڵای ئاسیای ناوەڕاست لە پەیمانگای وێریسک مەیپڵکرافت (Verisk Maplecroft) دەنووسێت هەرچەندە ڕوون نییە ئایا درۆنەکان «بە ئەنقەست نێردراون یان نا، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی یەکێک لە ناوچە پێکراوەکان فڕۆکەخانەیەکی ناوچەیی بووە، ئەگەری زۆرە ئازەربایجان بە ئەنقەست کرابێتە ئامانج».

ئازەربایجان هەروەها هەفتەی ڕابردوو هەواڵی پوچەڵکردنەوەی پیلانە تیرۆریستییەکانی پەیوەست بە ئێرانی لە چوار شوێنی سەرەکیدا ڕاگەیاند و رایگەیاند کە ئەنجامدەرانی ئەم پیلانە بەتەمای هێرشکردنە سەر هێڵی بۆری باکۆ-تبلیسی-جیهان، باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئازەربایجان، یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵگەی ئایینی جووە میزراوییەکانی ئەم وڵاتە و کەنیسەی ئەشکەنازی بوون.

جێگەی ئاماژەیە کە هێڵی بۆری باکۆ-تبلیسی-جیهان، نەوتی خاو دەگوازێتەوە کە نزیکەی ٣٠ تا ٤٠ لەسەدی هاوردەی نەوتی ئیسرائیل پێکدەهێنێت.

خزمەتگوزاری ئاسایشی دەوڵەتی ئازەربایجان ڕایگەیاند کە کۆی ئەم ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییانە، «لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو» و گروپێک لە بریکارە ناوخۆییەکانیش بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی چاودێریکردن، دابینکردنی چەک و ماددەی تەقەمەنی، هەروەها دەستەبەرکردنی گواستنەوە بەکرێ گیرابوون.

هەروەها لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیش ڕایانگەیاندبوو کە ئەو شانە چەکدارییانەی سەر بە بریکارەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان تێکشکاندووە کە خەریکی ئامادەکردنی هێرش بوون لە خاکی ئەواندا.

ئەگەری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی پاکستان و عەرەبستان بەرامبەر بە هێرشەکانی ئێران

پاکستان لە کاتی ئەم جەنگەدا هەوڵی داوە ڕێگری بکات لەوەی خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانی ململانێ. سەرەڕای ئەوەش، بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر عەرەبستان ڕەنگە ئیسلام ئاباد بۆ ناو ئەم ململانێیە ڕابکێشێت.

لە سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٢٥ دا پاکستان و عەرەبستانی سعودی ڕێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشی ستراتیژییان (SMDA) واژۆ کرد کە دەڵێت هەر هێرشێک بۆ سەر لایەک، وەک هێرش بۆ سەر لایەکەی تریش ئەژمار دەکرێت.

ئەم هەفتەیە عاسم مونیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاکستان لەگەڵ خالید بن سەلمان ئالی سعود، وەزیری بەرگری عەرەبستانی سعودی کۆبووەوە و لە بەیاننامەیەکدا کە لە کۆتایی ئەم دیدارەدا بڵاوکرایەوە، هاتووە کە ئەوان باسیان لە ڕێکارە پێویستەکان کردووە بۆ ڕاگرتنی موشەک و درۆنە ئێرانییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی بەرگریی هاوبەشی ستراتیژیدا.

لەراستیدا، پاکستان ناتوانێت لە بەرامبەر گوشارە سەربازییەکانی عەرەبستانی سعودیدا بێدەنگ بێت چونکە پەیوەندی لەگەڵ ڕیاز لە ڕووی ئابوری، سیاسی و بەرگرییەوە خاوەن گرنگییەکی ستراتیژییە. بەرژەوەندییەکانی پاکستان لە کەنداوی فارسیش هێندەی هاوکارییە بەرگرییەکانی هەردوو وڵات گرنگن. بۆ نموونە؛ زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی پاکستانی لە وڵاتانی کەنداوی فارس بە تایبەت وەک کرێکاری کۆچبەر، دەژین و کار دەکەن. ئەو پارانەی لەلایەن ئەم کۆچبەرانەوە ڕەوانە دەکرێنەوە، شادەمارێکی ئابوری گرنگ و بەرچاوە بۆ پاکستان.

ئاماژەکردنی بەیاننامەکە بۆ ئەم پەیمانە ئەوە نیشان دەدات کە ڕاوێژەکان لە ئاستی ئەمنیدا بەردەوامن و هەرچەندە مەرج نییە بە مانای چوونە ناوەوەی ڕاستەوخۆی پاکستان بێت بۆ ناو ئەم ململانێیە، بەڵام ئەوە نیشان دەدات کە ڕێککەوتنە بەرگرییەکانی هەردوو وڵات، بۆ هەماهەنگی و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، کارا کراون.

لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان ئاشکرای کرد کە دەستبەجێ دوای دەستپێکردنی هێرشە تۆڵەسێنەرەوەکانی ئێران، وەبیر تارانی هێناوەتەوە کە سەرنجی لای ئەو پەیمانە بێت کە لە نێوان ڕیاز و ئیسلام ئاباددا هەیە.

ئێران لەگەڵ هەڕەشەیەکی تریش لە سنوورە ڕۆژهەڵاتییەکانی خۆی ڕووبەڕووە

بە دەستپێکردنی جەنگی ئەم دواییە، میلیشیا بەلوچەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە بنکە شاخاوییەکانی خۆیان لە پاکستانەوە بەرەو ناوخۆی ئێران کەوتنە ڕێ. جەیشولعەدل، چالاکترین گروپی جوداخواز و نەتەوەیی بەلوچ، هەواڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێی لە باڵە چەکدارەکان داوە کە هەوڵ دەدات بۆ «بەهێزکردنی کاریگەریی خەبات» دژی «ستەمکاری» ڕژێمی ئێران. ئەم هاوپەیمانییە هەفتەی ڕابردوو بەرپرسیارێتی تیرۆرکردنی فەرماندەی بنکەیەکی پۆلیسی لە شاری زاهیدان گرتە ئەستۆ و بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوای لە کارمەندە سەربازییەکان کرد تا خۆیان ڕادەستی هاوشارییەکانیان بکەن بۆ ئەوەی لەم قۆناغە هەستیارەدا زیانیان پێنەگات

سەرچاوە:

https://parsi.euronews.com/2026/03/10/from-iraq-to-pakistan-can-irans-attacks-unite-neutral-neighbors-against-tehran

image_pdfimage_print