ن: “ئالان چاندەلییهر” (Alain Chandelier)
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس
تەنیا ئەوە وێنا بکەن کە دوای دەیان ساڵ گەمارۆ، ئابووریی ئێران لەناکاو بە ئابووریی جیهانییەوە گرێ بدرێتەوە، بۆ نموونە: بانکەکان بە تۆڕی سویفت (SWIFT) گرێ بدرێن، هەناردەکردنی نەوت بەبێ بەربەست ئەنجام بدرێت، سەرمایەی بیانی بێتە ناوەوە و بازرگانیی ئێران بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاساییی خۆی. ئەم ڕووداوە تەنیا چارەنووسی ئابووریی ئێران ناگۆڕێت؛ بەڵکوو تەواوی تەلارسازی و ئەندازیاریی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژێراوژوور دەکات. هەر بۆیە دەتوانرێت بە ئێران بگوترێت “دێوە خەوتووەکە”؛ وڵاتێک بە دانیشتووانێکی نزیکەی ٨٦ ملیۆنی، سەرچاوەگەلی زەبەلاحی وزە و پێگەیەکی جوگرافیی نایاب کە بەهۆی گەمارۆکانەوە، زۆر کەمتر لە توانای ڕاستەقینەی خۆی بازرگانی دەکات.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەم ڕاپۆرتە هەوڵ دەدات بە پشتبەستن بە مۆدێلە متمانەپێکراوەکانی ئابووریی نێودەوڵەتی و داتاکا بازرگانی و ئابوورییەکانی ناوچەکە، ئەوە نیشان بدات کە گرێدرانەوەی دووبارەی ئێران بە ئابووریی جیهانی، لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا کێ دەکاتە براوە و کێ دەکاتە دۆڕاو؛ مۆدێلێکی ئاوێتە کە تێیدا “کێشکردنی بازرگانی” ((Gravity of trade، ئەو ماتەوزەیە مەزەندە دەکات کە لەدەستچوونە و، هەروەها لە ڕووی “پێکهاتەکانی وزە و لۆجستی” شیکاری ورد بۆ لێکەوتە لاوەکییەکانی(Spillover effects) لەسەر دراوسێکانی ئێران دەکات. ئەنجامەکانی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای “سیناریۆ”ن و بە مانای پێشبینیکردنی ڕەهای ڕێڕەوی داهاتووی ئابووریی ناوچەکە نین.
چوارچێوەی گشتیی مۆدێلەکە
ئەم ڕاپۆرتە لە چوارچێوەیەکی ئاوێتە (Hybrid Framework) کەڵک وەردەگرێت کە سێ ئاستی شیکاری لەخۆ دەگرێت:
١-مۆدێلی کێشکردنی بازرگانی (Gravity Model of Trade)
٢-مۆدێلی شۆکە نرخییەکان و هاوسەنگیی بەشەکی (Partial Equilibrium)
٣- تیۆریی گەمەی هاریکارانە لە وزە و لۆجستیی ناوچەییدا.
تێبینی: دەرەنجامی (output) هەر ئاستێک وەک داتای هاتوو (input) بۆ ئاستەکەی دواتر بەکار هاتووە.
یەکەم: شۆکی یەک ساڵە
لە ساڵی یەکەمدا، مۆدێلە شیکارییەکەمان لە وێنەیەکی جێگیر تێ دەپەڕێت و دەچێتە فازی جووڵە و داینامیکییەوە. لە ڕابردوودا گەمارۆکان لە ڕاستیدا وەک “بەربەستێکی دەستکرد” کاریان کردووە کە تێچووی بازرگانییان زۆر بەرز کردووەتەوە و ڕەوتی سروشتیی بازرگانیی ئێرانیان وەک سپرینگێک پەستیوەتەوە و بردوویانەتە ژێر ئاستی ڕاستەقینەی خۆی؛ ئێستا بە لابردنی ئەم بەربەستە، ئەم وزە پەستێنراوە ئامادەی ئازادبوونە:
بازدانی بازرگانیی دەرەکی
بەپێی هاوکۆلکەی سەرکوتکردنی بازرگانی (٠.٦)، لابردنی گەمارۆکان بەو مانایەیە کە توانای بازرگانیی نەوتیی ئێران (هەناردە و هاوردە) لە ١٠٠ ملیار دۆلاری ئێستاوە، پوتەنسیەڵێکی گەشەی تا ئاستی ١٨٢ ملیار دۆلار لە خۆیدا پاشەکەوت کردووە. پەیوەستبوون بە سیستەمی بانکیی جیهانی لە ڕێگەی سویفتەوە، تێچووی گواستنەوەی پارە بۆ ئێران کە پێشتر لە نێوان ١٠ تا ١٥ لەسەد بوو (بەهۆی دەڵاڵیی نووسینگەکان و تۆڕە ژێرزەمینییەکان)، بۆ خوار ١ لەسەد دادەبەزێنێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ڕاکێشانی خواستی هاوردەکردن لە ئێران (١.٣) و گەشەی داهاتی ڕاستەقینە کە بەهۆی دابەزینی هەڵاوسانی دراوەوە دروست دەبێت، ئێمە دەتوانین لە ساڵی یەکەمدا “تەقینەوەیەکی هاوردەکردن” ببین. ئەم خواسته بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر نۆژەنکردنەوەی هێڵەکانی بەرهەمهێنان، کاڵا سەرمایەیییەکانی تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی پیشەسازییەکان و کاڵا بەکاربراوە درێژخایەنەکان (ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی ناوماڵ) چڕ دەبێتەوە کە ڕێژەی گەشەی هاوردەکردن دەگەیەنێتە ٣٢.٥ لەسەد.
دوبەی کە پێشتر وەک “کۆگهی نێوەندگیر” و ناوەندی دەربازکردنی گەمارۆکان بۆ ئێران ڕۆڵی دەبینی، ڕووبەڕووی نەمانی داهاتی دەستهەق و دەڵالی و کرێی نێوەندگیرییەکان دەبێت. بەڵام ئەم دابەزینە بە گۆڕینی ئیمارات بۆ ناوەندی سەرەکیی بەڕێوەبردنی وەبەرهێنانی بیانی (FDI) بۆ بازاڕی ئێران قەرەبوو دەبێتەوە. چونکە لە ئابووریی نێودەوڵەتیدا، کاتێک بازاڕێکی گەورە (وەک ئێران) دوای ساڵانێک گۆشەگیری دەکرێتەوە، وەبەرهێنەرانی ڕۆژاوایی و خاوەنکارانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەستبەجێ نایەنە ناو “خاک”ی ئەو وڵاتەوە؛ بەڵکوو پێویستیان بە “پەناگە یان ناوەندێکی ئارام” (Safe Haven Hub) هەیە لە نزیکی ئەو وڵاتە و لە ئۆفیسە ناوچەیییەکانی خۆیاندا. بۆیە ئیمارات (بەتایبەت دوبەی) لە فازی یەکەمدا دەتوانێت لە “نێوەندگیری کاڵا”ییەوە بگۆڕێت بۆ “بنکەی بەڕێوەبردنی سەرمایە”.
شۆکی خستنەڕووی نەوت
خستنەڕووی کتوپڕی نەوتی ئێران بۆ بازاڕی جیهانی، هاوسەنگیی خستنەڕووی ناوچەکە دادەڕێژێتەوە. چونکە بە خستنەبازاڕی ١.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا و بە لەبەرچاوگرتنی نەرمیی نرخیی خواست (٠.١٥)، ئەگەر ئەندامانی دیکەی ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی خۆیان کەم نەکەنەوە (سیناریۆی جەنگی پشکی بازاڕ)، نرخی نەوت دەکرێت تا ١٠ لەسەد دابەزێت. ئەم دابەزینی نرخە، جێگۆڕکێ بە ڕەوتێکی داراییی گەورە لە ناوچەکەدا دەکات:
- سعوودیا و کوێت: بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانەوە، ڕکابەرە ناوچەیییەکانی ئێران ڕووبەڕووی دابەزینی داهاتی دراو (عوملە) دەبنەوە. بەپێی مەزەندەی مۆدێلەکە، بە دابەزینی ١٠ لەسەدیی نرخی نەوت، سعوودیا و کوێت تووشی دابەزینی داهات (بە کۆی نزیکەی ١٥ تا ٢٠ ملیار دۆلار لە ساڵی یەکەمدا) دەبنەوە.
- قەتەر و کۆتاییهێنان بە قۆرخکاری:قەتەر لە ساڵی یەکەمدا ڕووبەڕووی “کاریگەریی دەروونی”ی گەڕانەوەی ئێران بۆ کێڵگەی پارسی باشوور دەبێتەوە. ئامادەبوونی کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ڕۆژاوایییەکان لە دیوی ئێرانەوە، کاریگەری دەکاتە سەر هێزی دانوستانی قەتەر لە گرێبەستە نوێیەکانی گازی سروشتیی شل (LNG) و، بەم پێیەیش نرخە دەستبەجێ و کاتییەکان (Spot prices) ڕووبەڕووی گوشاری دابەزین دەکاتەوە.
- تورکیا و پاکستان:وەک دوو هاوردەکاری گەورەی وزە، لەم دابەزینی نرخە سوود وەردەگرن و تەرازووی بازرگانییان باشتر دەبێت. ئەمەیش یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ کەمکردنەوەی گوشاری هەڵاوسان لەم دوو وڵاتەدا.
براوە سەرەتایییەکان و ڕێکخستنەوە-داڕشتنەوەی لۆجستی
- تورکیا (کاریگەریی سنوور و مەودا):لە ساڵی یەکەمدا، تورکیا براوەیە؛ بەهۆی بوونی سنووری وشکانیی هاوبەش و کەمترین مەودای جوگرافی، تورکیا دەبێتە دابینکەری سەرەکیی کاڵا کۆتایییەکان بۆ ئێران. کۆمپانیا تورکییەکان کە سەکۆی دابەشکردنی ئامادەیان هەیە، یەکەمین سوودمەندانی ئەو پارە ئازادکراوەی ئێران دەبن. هەروەها لێشاوی گەشتیارانی ئێرانی کە پێشتر کێشەی دراویان هەبوو و هێشتایش بۆ سەفەری ئەوروپا کێشەی ڤیزەیان هەیە، بەرەو ئیستانبووڵ و ئەنتاڵیا دەڕۆن. بەڵام هاوکات، گەشتیارە کهلتوورییە ئەوروپی و ئەمریکییەکان دەست دەکەن بە حیجزکردنی گەشتەکانی ئێران. پێشبینی دەکرێت لە ساڵی یەکەمدا، ٥ تا ٧ لەسەد لە پشکی بازاڕی گەشتیاریی کهلتووریی تورکیا بەرەو ئیسفەهان و شیراز مەیلیان بگۆڕدرێت. هێڵە ئاسمانییە ناوخۆیییەکانی ئێران بەهۆی داڕمانی گواستنەوەیان (لەکارکەوتنی نزیکەی ٤٥٪ی فڕۆکەکان)، توانای وەڵامدانەوەی ئەو خواسته کتوپڕەیان نابێت. لە ئەنجامدا، ئەم کۆمپانیا تورکییانە بە زیادکردنی ژمارەی گەشتەکانی ڕۆژانە، بەشێک لەم بازاڕە تینووە دەخەنە ژێر دەستی خۆیان. بەڵام تورکیا بەشێک لە پشکی بازاڕی گەشتیاریی تەندروستیی خۆی لە وڵاتانی دراوسێ (عێراق و قەفقاز) لەدەست دەدات بەهۆی نرخە کێبڕکێکارەکان و دەستڕاگەیشتنی ئاسانتری ئێرانەوە.
- عێراق (سەقامگیریی دینار):ئازادکردنی قەرزە بلۆککراوەکانی ئێران، بۆ عێراق وەک “کڕینی ئازادیی ئابووری” وایە. بانکی ناوەندیی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم پارە بلۆککراوە، ناچارە پارەی زیاتر چاپ بکات یان لە یەدەگی دراوی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ بەکار بهێنێت. عێراق بە ئازادکردنی ئەم پارەیە لەژێر سێبەری قورسی گوشارە دارایییەکان و قەیرانەکانی وزە دەردەچێت. ڕەوتی کارەبا و گاز سەقامگیر دەبێت و زیانی پچڕانی کارەبا نامێنێت. بە لابردنی گەمارۆکان، پاکتاوکردنی حیساباتەکان لە ڕێگەی سیستەمی بانکیی فەرمییەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم بابەتە گوشاری خواست لەسەر بازاڕی ئازادی دراو لە عێراق لا دەبات. مەزەندە دەکرێت کە ئەم سەقامگیرییە دراوییە، بەهای کڕینی دینار بەهێز بکات و، هەروەها بەهۆی دابەزینی تێچووە زیادەکانی گەمارۆ لەسەر بازرگانی لەگەڵ ئێران، نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان ٥ تا ٨ لەسەد دابەزێت.
- پاکستان (چارەسەری بنبەستی وزە):بۆ پاکستان، ساڵی یەکەم تەنیا بازرگانیی کاڵا نییە، بەڵکوو “جێگیرکردنی ژێرخان”ە. لابردنی گەمارۆکان ڕێگە بە ئیسلامئاباد دەدات تا پڕۆژەی هێڵی بۆڕیی گازی ئێران-پاکستان (IP) بەبێ ترس لە سزای نێودەوڵەتی تەواو بکات. بەپێی حیساباتی پاشکۆی تەکنیکی، دەستڕاگەیشتن بە گازی هەرزانی ئێران، دەتوانێت تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبای پیشەسازی لە پاکستان ٢٠ لەسەد کەم بکاتەوە و بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)ی پاکستان هەر لەو ١٢ مانگی یەکەمدا نزیکەی ١.٤٤٪ بەرز بکاتەوە.
- ئیمارات (نەمانی کرێی دارایی):بەپێچەوانەی تێڕوانینی گشتی، ئیمارات لە ساڵی یەکەمدا لەگەڵ “جووڵەیەکی دژبەیەک” ڕووبەڕووە. لە لایەکەوە قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ئێران زیاد دەکات، بەڵام لە لایەکی ترەوە، ئەو داهاتەی لە ڕێگەی “هەقدەستی دەربازکردنی گەمارۆکان” کە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرا، نامێنێت. کۆمپانیا ئیماراتییەکان ناچار دەبن مۆدێلی کارکردنیان لە “نێوەندگیری”یەوە بگۆڕن بۆ “هاوبەشیی ڕاستەقینە و وەبەرهێنان”. هەروەها، دوبەی لە شوێنێکی بازاڕکردن بۆ ئێرانییەکانەوە، دەبێتە ناوەندێکی (Hub) ترانزێت بۆ گەشتیارە جیهانییەکان کە مەبەستی کۆتایییان ئێرانە. کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئیمارات لە فرۆشتنی بلیتی ڕێڕەوی تاران-دوبەی، بەرزبوونەوەیەکی بێوێنە بەخۆیانەوە دەبینن.
- ئازەربایجان (تەقینەوەی لۆجستی):قەبارەی ترافیکی ڕێگهوبانەکان لە سنوورەکانی باکووری ڕۆژاوای ئێران بەپێی مۆدێلی ڕاکێشان یاخود کێشکردن، ڕووبەڕووی گەشەیەکی ٤٠ لەسەدی دەبێتەوە و ئازەربایجان دەکاتە دەروازە و قوڕگی سەرەکیی بازرگانیی ئێران-ڕووسیا. گەڕانەوەی ئێران بۆ ئابووریی جیهانی، ئازەربایجان لە “بەرهەمهێنەرێکی وزە”وە دەکاتە “شاڕێیەکی ستراتیژیی وزە” لە ئۆراسیا. ئێران دەتوانێت ئەو گازەی لە کێڵگەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی خۆی دەری دەهێنێت، ڕادەستی ئازەربایجان بکات و، ئازەربایجان هاوتای ئەوە لە کێڵگەکانی خۆیەوە هەناردەی ئەوروپای بکات. لە فازی یەکەمدا، پڕۆژەی گرێدانی تۆڕەکانی کارەبای ئێران، ئازەربایجان و ڕووسیا (کە ساڵانێکە ڕاگیراوە)، دەکرێت بخرێتە وای جێبەجێکردنەوە. ئێران و ئازەربایجان لە دەریای خەزەر کێڵگەی هاوبەش یان جێناکۆکیان هەیە (وەک کێڵگەی ئەلبورز/ئالۆڤ) کە بەهۆی گەمارۆکان و مەترسییە سیاسییەکانەوە، هیچ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بوێریی چوونەناویانی نەبوو.
- عومان (هاوبەشی لۆجستی و ناوەندی پشتیوان):عومان لە نێوەندگیرێکی سیاسییەوە دەگۆڕێت بۆ “هاوبەشی لۆجستی لە دەرەوەی هورمز”. ڕاستییهكهی، بە هەڵگرتنی گەمارۆکان، بەندەرەکانی دوقم (Port of Duqm) و سوحار (SOHAR) بەهۆی هەڵکەوتنیان لە دەرەوەی گهرووی هورمز، دەبنە وێستگەی پلە یەک بۆ بەتاڵکردن و بارکردنەوەی (Transshipment) کاڵاکانی ئێران تاوەکوو مەترسی و تێچووی بیمەی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ چوونە ناو کەنداوی فارس-عەرەبی دابەزێنرێت؛ ئەمە شانبەشانی یەکلاییبوونەوەی گرێبەستی هێڵی بۆڕیی گازی ژێردەریا، کە عومان دەکاتە بنکەی سەرەکیی هەناردەکردنەوەی بەرهەمە پترۆکیمیایییەکانی ئێران بۆ بازاڕە تازە گەشەسەندووەکانی هیندستان و ئەفریقا. بەڵام ئێران بە پشتبەستن بە کوالێتیی بەرزی پزیشکی و تێچووی دەرمان کە تەنیا ٢٠ تا ٣٠ لەسەدی نموونە هاوشێوەکانە لە مەسقەت یان دوبەی، دەبێتە جەمسەری ڕاکێشانی نەخۆشە عومانییەکان و، ڕەوتی نەریتیی ناردنی نەخۆش بە ئاراستەی ناوەندە پزیشکییەکانی شیراز و تاران پێچەوانە دەکاتەوە.
بەگشتی، ١٢ مانگی سەرەتای گەڕانەوەی ئێران، “ڕێکخستنەوەی خێرا”یە (Quick Realignment). تورکیا و پاکستان لە ئاستی یەکەم (دابینکردنی کاڵا و وزە)، عێراق و ئازەربایجان لە ئاستی دووەم (ژێرخان و ترانزێت) و قەتەر، ئیمارات، عەرەبستانی سعوودی و عومان لە ئاستی سێیەم (سەرمایە و دیپلۆماسیی ئابووری) کاریگەرییان لەسەر دروست دەبێت. ئەم شۆکە گشتییە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخی “چاوەڕوانی” دەردەهێنێت و دەیخاتە ناو قۆناغێکی کێبڕکێی چڕوپڕەوە.
دووەم: قۆناغی مامناوەند (ئاسۆی ٥ ساڵە): جەنگی ناوەندەکان (Hubs) و زنجیرەی بەها
لەم قۆناغەدا، بەپێی مۆدێلەکانی هاوسەنگیی گشتی، کاریگەرییە لاوەکییەکان یان سەرڕێژبووەکانی (Spillover) وەبەرهێنانەکانی قۆناغی یەکەم دەردەکەون. ئێران توانای ئەوەی هەیە لە “بازاڕێکی بەکاربەر”ەوە بۆ “کارگەیەکی ناوچەیی” دۆخی خۆی بگۆڕێت و لەم قۆناغەدا، کێبڕکێی ناوچەیی لە “بازرگانیی کاڵا”وە بۆ “خاوەندارێتیی زنجیرەی بەها” دەگۆڕێت.
جەنگی پیشەسازی: ئێران بەرامبەر تورکیا
ئەمە گرنگترین ئاڵنگاریی قۆناغی دووەمە. بڕاندە جیهانییەکان (بەتایبەت لە بوارەکانی کەلوپەلی ناوماڵ، ئۆتۆمبێل و پترۆکیمیا) کە لە قۆناغی یەکەمدا لە ڕێگەی ئیماراتەوە (وەک ناوەندی وەبەرهێنانی بیانی (FDI) هاتبوونە ناو بازاڕ، ئێستا دەبێت لە نێوان کارگەکانی نیشتەجێی تورکیا و پوتەنسیەڵەکانی ئێران یەکێکیان هەڵبژێرن.
بە جێگیربوونی نرخی گازی پیشەسازیی ئێران لە سنووری ٤ تا ٥ دۆلار بۆ هەر ملیۆن بی.تی.یو (mmbtu) لە بەرامبەر تورکیادا کە ٧ تا ٨ دۆلارە، ئێران دەست دەگرێت بەسەر باڵادهستی (ئیمتیاز)ی تێچووی بەرهەمهێنان بە بڕی ٤٠ لەسەد لەو پیشەسازییانەی وزەیەکی زۆریان دەوێت. کاڵا بەرهەمهێنراوەکان لە ئێران بەهۆی تێچووی گواستنەوەی سفر بۆ بازاڕی عێراق و ئەفغانستان و تێچووی کەم بۆ ئاسیای ناوەڕاست، دەست دەکەن بە پەراوێزخستنی کاڵا تورکییەکان لەم بازاڕانە. بەم پێیەیش، تورکیا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بژاردەی پڕتێچوو دەبێتەوە کە یەکێکیان بەرهەمهێنانی هاوبەشە لە ناوخۆی ئێران.
جەنگی کۆڕیدۆرەکان: گەشەی کۆڕیدۆری باکوور-باشوور بەرامبەر ڕکابەرە دەریایییەکان
گرێدانی تەواوەتیی هێڵی ئاسنی ڕەشت-ئاستارا، کە یەکێکە لە ئەڵقە سەرەکییەکانی پەیوەستبوونی تۆڕی هێڵی ئاسنی ئێران بە ئەوروپا، ڕووسیا، قەفقاز و ئاسیای ناوەڕاست، توانای ترانزێتی ئێران دەگەیەنێتە سەرووی ١٥ ملیۆن تەن لە ساڵێکدا. ئەمە بەو مانایەیە کاڵای هیندی لە ڕێڕەوی چابەهار-بەندەرعەباس-ئازەربایجانەوە لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ڕۆژدا دەگاتە سەنت پیتەرزبۆرگ لە ڕووسیا. هەروەها بەندەری چابەهار بەفەرمی بەشێکی گەورەی ترانزێتی ئەفغانستان و ئاسیای ناوەڕاست لە گوادر (پاکستان) بۆ خۆی دەستەبەر دەکات. پاکستان بۆ ڕێگریکردن لە پەراوێزکەوتنی بەندەری گوادر بەرامبەر چابەهار، ناچار دەبێت گفتوگۆ بکات بۆ بەستنەوەی ژێرخانی بە تۆڕی هێڵی ئاسنی ئێران. لە لایەکی دیکەیشەوە، دوبەی بە کەمکردنەوەی باجەکانی بەندەری جەبەل عەلی و سعوودیا بە بەهێزکردنی کۆڕیدۆری هیند-ئەوروپا(IMEC)، هەوڵ دەدەن سەرنجڕاکێشیی ڕێڕەوی شەمەندەفەری ئێران پووچەڵ بکەنەوە.
ئێران وەک یاریزانی گازی شل (LNG) و کارەبا
لە ئەگەری خستنەگەڕی یەکەکانی شلکردنەوەی گازی سروشتی، ئێران لە سیناریۆیەکی گەشبینانەدا دەتوانێت دەست بکات بە بەستنی گرێبەستی درێژخایەن لەگەڵ چین و هیندستان و بازاڕە هەڵبژێردراوەکانی ئاسیا. ئەم بابەتە پەراوێزی قازانجی قەتەر لە بازاڕی ئاسیا ٥ تا ٨ لەسەدا کەم دەکاتەوە و ئێران دەکاتە هاوبەشی ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی دوور.
لە لایەکی دیکەیشەوە، تۆڕی کارەبای ئێران کە لە قۆناغی یەکەمدا بە وڵاتانی دراوسێوە گرێ درابوو، لەم فازەدا و دوای چاکسازی و بەهێزکردن دەتوانێت بگاتە دۆخی جێگیر و سەقامگیر. پاشان ئێران ئەو پوتەنسیەڵەی دەبێت کە لە هاویندا ببێتە هەناردەکاری سەرەکیی کارەبا بۆ ئیمارات و سعوودیا و، لە زستاندا لە ڕووسیا و ئازەربایجانەوە کارەبا هاوردە بکات؛ ئازەربایجان دەتوانێت وەک “ڕێکخەر”ی ئەم تۆڕە، مافی ترانزێتی (Wheeling Charge) بەردەوام بەدەست بهێنێت.
سەرهەڵدانی تاران وەک جەمسەری ستارتئاپ (startup)
لە مەودای مامناوەنددا، ڕاکێشانی سەرمایە لە کەرتی تەکنەلۆژیادا (Fintech و Logistics) لە ئێران بازدانێکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت. دوبەی لەم فازەدا دەبێتە ناوەندی دەرچوونی سەرمایە (Exit) و خستنەڕووی سەرەتایی (IPO) بۆ ستارتئاپە گەورەکانی ئێران لە بۆرسە جیهانییەکاندا. هەر چەشنە پاشماوەیەکی کرێی نێوەندگیریی گەمارۆ لە عومان و ئیمارات نامێنێت و جێگەی خۆی دەدات بە گرێبەستی شەفافی خزمەتگوزاری-تەوەر.
بازاڕی کار و سەرمایە
گەڕانەوەی ئێران دەتوانێت ڕەوتی ”کۆچی دهستهبژێرهكان (نوخبهكان)” (Brain drain) پێچەوانە بکاتەوە یان لانی کەم خاوی بکاتەوە. وڵاتانی وەک ئیمارات و قەتەر کە ئێستا میوانداریی پسپۆڕانی ئێرانی دەکەن، ڕووبەڕووی کێشەی ڕۆیشتنی ئەم هێزانە بەرەو بازاڕی تینووی ناوخۆی ئێران دەبنەوە. لە لایەکی ترەوە، ئێران دەتوانێت ببێتە هەناردەکاری “خزمەتگوزاریی ئەندازیاری و بەڵێندەرایەتی” بۆ عێراق و سووریا و بەم پێیەیش شوێنی کۆمپانیا تورکییەکان لە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەدا بگرێتەوە.
هەروەها، گەڕانەوەی بۆرسەیەک بە بەهای بازاڕی دەیان ملیار دۆلاری (کە زۆر لەژێر بەهای ڕاستەقینەی خۆیایەتی) بۆ ناو زنجیرەی جیهانی، بوومەلەرزەیەک لە پۆرتفۆلیۆی (سەبەتەی وەبەرهێنان)ی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتیدا دروست دەکات. بەشێک لە سەرمایەکانی “بازاڕە تازەپێگەیشتووەکان” کە ئێستا لە بۆرسەکانی سعوودیا یان تورکیایە، ڕەنگە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی خێرا لە ساڵانی یەکەمدا، بەرەو بۆرسەی تاران بڕۆن. ئەمە کێبڕکێیەکی ڕاکێشانی نەختینەیی (سیولە) لە بازاڕە دارایییەکانی ناوچەکەدا دروست دەکات.
بایۆ-پۆلیتیک و ژینگە
زیادبوونی چالاکییە پیشەسازییەکان لە ڕۆژاوای ئێران و ڕۆژهەڵاتی تورکیا (پڕۆژەی گاپ) و پێویستی بە دەستەبەرکردنی سەرچاوەکانی ئاو، دەکرێت هاوکاری یان گرژی لەسەر حەوزە ئاوییە هاوبەشەکان (دیجلە و فورات)، بکات بە فاکتەرێکی ئابووریی گرنگ.
هەروەها، پەرەپێدانی پیشەسازییە پترۆکیمیایییەکانی ئێران و سعوودیا و بەکارهێنانی ئامێرەکانی شیرینکردنی ئاو لە ئاستێکی بەرفراواندا، کاریگەریی لەسەر ئیکۆسیستەمی کەنداوی فارس دەبێت کە تێچووە لاوەکییەکانی (Externalities) لە داهاتووی دووردا کاریگەریی لەسەر پیشەسازیی ماسیگری و گەشتیاریی کەناراوەکانی هەموو وڵاتان دەبێت.
مەترسییە پێکهاتەیییەکان
بۆ بەدیهاتنی ئەم پوتەنسیەڵانە، ئێران لەگەڵ کۆمەڵێک ئاڵنگاریی ناوخۆیی و دژەهێرشی دەرەکیدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە دەکرێت تەواوی یارییەکە پێچەوانە بکاتەوە، بۆ نموونە:
١- قەیرانی سەرمایە: ئێران بۆ نوێکردنەوەی پیشەسازییەکانی نەوت و هێڵی ئاسن، پێویستی بە لانی کەم ٢٥٠ ملیار دۆلار سەرمایە هەیە. بەڵام ئەگەر لە ڕاکێشانی ئەم بڕە پارەیەدا شکست بێنێت، دراوسێکانی وەک سعوودیا بە توانای داراییی بەرزترەوە، بازاڕەکان کۆنتڕۆڵ دەکەن.
٢- کاردانەوەی کوالیتیی ڕکابەرە پیشەسازییەکان: تورکیا و سعوودیا ڕەنگە بە پشتبەستن بە “تەکنەلۆژیای نەوەی چوارەم”، کاڵایەک بەرهەم بهێنن کە بەرهەمی هەرزان بەڵام بە تەکنەلۆژیای نزمی ئێران توانای کێبڕکێی لەگەڵیاندا نەبێت (شکستی کوالیتی بەرامبەر بە سوودی نرخ). لێرەدا ئێران توانای کێبڕکێی نامێنێت.
٣- گرژییە جیۆپۆلیتیکەکان: ئەم مۆدێلە لەسەر بنەمای “سەقامگیری”یە. هەر چەشنە گەڕانەوەیەکی گرژی یان نەبوونی هاوکاریی سیاسی، دەکرێت دراوسێکان بەرەو ڕێڕەوە دەورپێچەکان (بۆ تێپەڕاندنی ئێران) پاڵ بنێت.
٤- هەڵاوسانی ناوخۆ: ئەگەر ئێران نەتوانێت هەڵاوسان کۆنتڕۆڵ بکات، سوود و تایبەتمەندیی “هێزی کاری هەرزان” بەخێرایی دەکەوێتە پەراوێزەوە و سەرنجڕاکێشیی بەرهەمهێنان لە ئێران بۆ بڕاندە جیهانییەکان نامێنێت.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر گوشاری پێکهاتەییدا بەرەو جۆرێک لە ئاوێتەبوونی ئابووری هەنگاو دەنێت. ئەگەر ئێران بتوانێت بەسەر مەترسییە پێکهاتەیییەکاندا زاڵ بێت، لە 5 ساڵی داهاتوودا دەکرێت وەک ناوەند یاخود “دڵی بەرهەمهێنان و ترانزێت”ی ناوچەکە جێگیر ببێت، بەڵام بەپێچەوانەوە، واتە بە خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان، تەنیا دەبێتە “ناوەندێکی هەرزان” بۆ بەهێزکردنی ئابووریی دراوسێکانی. براوەی کۆتاییی ئەم کێبڕکێ ناوچەیییە، وڵاتێک دەبێت کە خێراتر زنجیرەی بەهای خۆی بە تەکنەلۆژیا نوێیەکانەوە گرێ بدات.
بەڵام بە گریمانەی زاڵبوونی ئێران بەسەر مەترسییە پێکهاتەیییەکان، ڕاکێشانی ساڵانەی ٥٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی، لابردنی ئاستەنگەکانی FATF و ڕێگریکردن لە ناهاوسەنگیی ناوخۆییی گاز بە ئامانجی بەردەوامیی هەناردەکردن، ئەم سیناریۆیانە لە کێبڕکێی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا لە ماوەی مامناوەنددا چاوەڕوانکراو دەبن:
تورکیا: لە هەناردەکارەوە بۆ هاوبەشی پیشەسازی
تورکیا لە قۆناغی دووەمدا لەگەڵ واقعێکی تاڵ ڕووبەڕوو دەبێتەوە؛ کاڵا بەرهەمهێنراوەکان لە ئێران بەهۆی وزەی هەرزان و دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆی وشکانی، پشکی بڕاندە تورکییەکان لە بازاڕەکانی عێراق، سووریا و ئاسیای ناوەڕاست کەم دەکەنەوە. هەروەها کۆمپانیا گەورە تورکییەکان (وەک هۆڵدینگەکانی کەلوپەلی ناوماڵ و ڕستن و چنین) بۆ مانەوە لە کێبڕکێدا، هێڵەکانی بەرهەمهێنانی خۆیان بۆ ناوچە ئازادەکانی ئێران (وەک ئاراس و ماکۆ) دەگوازنەوە. تورکیا لە “فرۆشیاری بەرهەمی کۆتایی”یەوە دەبێتە “دابینکەری تەکنەلۆژیا و پارچە یەدەگی نێوەندی” بۆ کارگەکانی ناوخۆی ئێران. لە لایەکی دیکەیشەوە، بە نوێبوونەوەی پیشەسازیی ئاسمانیی ئێران، تورکیا ئەو سوودەی کە وەک ناوەندێکی ترانزێتی هەیبوو بۆ گەشتیارە ئێرانییەکان، لەدەست دەدات و کێبڕکێیەکی سەخت بۆ ڕاکێشانی گەشتیارانی ئەوروپی لە نێوان “ئیستانبووڵ-ئەنتاڵیا” و “ئیسفەهان-شیراز” دروست دەبێت.
عێراق: لەدایکبوونی کۆڕیدۆری هێڵی ئاسن و بەردەوامیی پیشەسازی
لە مەودای مامناوەنددا، پەیوەندیی عێراق و ئێران دەکرێت لە بازرگانیی کاڵاوە بەرەو تێکەڵبوونی ژێرخانی بگۆڕێت. پڕۆژەی هێڵی ئاسنی شەلەمچە-بەسڕە کە لە فازی یەکەمدا یەکلایی بووەوە، ئەو پوتەنسیەڵەی هەیە کە لە قۆناغی دووەمدا بەتەواوەتی بەکار بخرێت. لە ئەنجامدا، عێراق لە بری “کۆگهی کاڵا”، دەبێتە ڕێڕەوی ترانزێتی کاڵاکانی ئێران بە ئاراستەی ئوردن و دەریای ناوەڕاست.
بە بەکارهێنانی سەرمایەی عێراقی و وزەی ئێرانی، شارۆچکە پیشەسازییە هاوبەشەکان دەکرێت لە سنوورەکان دروست بن. عێراق بەشێک لە پێداویستییە بیناسازی و خۆراکییەکانی خۆی لەم شارۆچکانە بەرهەم دەهێنێت و وابەستەیی بە هاوردەکردن لە وڵاتانی دووردەست کەم دەبێتەوە.
ئیمارات: دوبەی وەک ناوەندی بۆرسە و دەرچوونی سەرمایە
لە فازی دووەمدا، ئیمارات توانای ئەوەی دەبێت ڕۆڵی خۆی وەک “دڵی داراییی ئێرانی نێودەوڵەتی” جێگیر بکات. ستارتئاپ و کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیای ئێران کە لە قۆناغی یەکەمدا گەشەیان کردووە، بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی جیهانی دەتوانن ناویان لە بۆرسەی دوبەی تۆمار بکرێت. دوبەی دەبێتە مەبەستی سەرەکی بۆ بەنەختینەکردنی وەبەرهێنانەکان. هەروەها بە کەمبوونەوەی پشکی دوبەی لە کاڵا گشتییەکاندا، بەندەری جەبەل عەلی، تەرکیز دەخاتە سەر لۆجستیی زۆر پێشکەوتوو (وەک دەرمان، پارچەی های-تەک و خزمەتگوزاریی زیرەکی بەندەری) بۆ بازاڕی ئێران تاوەکوو بەهای زیادکراوی (Value added) خۆی بپارێزێت.
پاکستان: شکست یان تێکەڵبوون لە چابەهار؟
پاکستان لە قۆناغی دووەمدا بە شێوەیەکی جددی ڕووبەڕووی کێشەی دواکەوتنی بەندەری گوادر بەرامبەر بە چابەهار دەبێتەوە. بەهۆی نەبوونی پەیوەندییەکی هێڵی ئاسنی کارا لە پاکستان، بەندەری چابەهار دەبێتە بژاردەی یەکەمی هیندستان و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست. لە بەرامبەردا، پاکستان بۆ ڕێگریکردن لە پەراوێزکەوتن، ناچار دەبێت گفتوگۆ بکات بۆ بەستنەوەی هێڵی ئاسنی گوادر بە چابەهارەوە تاوەکوو خۆی لە زنجیرەی بەهای “کۆڕیدۆری باکوور-باشوور”دا تێکەڵ بکات. لە لایەکی دیکەیشەوە، بە یەکلاییبوونەوەی هێڵی بۆڕیی گازی سروشتی (IP)، ویلایەتی سیند و پەنجابی پاکستان بەهۆی سووتەمەنیی هەرزان و کەمتێچوو، دەبنە جەمسەری چنین و ڕستن و بەم پێیەیش هەناردەی پاکستان بۆ ئەوروپا گیانێکی نوێ وەبەر دێنێتەوە.
ئازەربایجان: جێگیربوون وەک “پردی ئۆراسیا”
لە مەودای مامناوەنددا، ئازەربایجان ئەم پوتەنسیەڵەی هەیە کە زیاتر گەشە بکات و بەهۆی هەڵکەوتەکەی سەردەمی زێڕینی ترانزێتیی خۆی ئەزموون بکات. چونکە لە ئەگەری کارابوونی تەواوەتیی کۆڕیدۆری هێڵی ئاسن، ئازەربایجان بۆ هەر تەنێک کاڵا کە بە خاکەکەیدا تێپەڕ دەبێت، مافی ترانزێت بە کاش وەردەگرێت. ئەم داهاتە جێگەی بەشێک لە داهاتە نەوتییە کەمبووەکانی باکۆ دەگرێتەوە. هەروەها سوایپی (گۆڕینەوەی) گازی ئێران بۆ ئازەربایجان و دواتر بۆ ئەوروپا ئەگەر ڕوو بدات، باکۆ دەکاتە “دەستەبەری ئاسایشی وزەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا” و قورساییی سیاسیی ئەم وڵاتە لە برۆکسل زۆر بەرز دەکاتەوە.
عومان: ئۆقیانووسگەراییی هاوبەش
لە قۆناغی دووەمدا، عومان و ئێران دەتوانن لە گهرووی هورمز تێ پەڕن و تەرکیز بخەنە سەر زەریای هیند. عومان لە ڕێگەی ئێرانەوە دەتوانێت بگاتە وڵاتە گەمارۆدراوەکان لە وشکانی (ئاسیای ناوەڕاست) و لەم چوارچێوەیەدا بەندەری دوقم دەبێتە ناوەندی دابەشکردنی بەرهەمە کشتوکاڵی و کانزایییەکانی ئاسیای ناوەڕاست بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا. هەروەها ئەو ئەگەرەیش هەیە کە هاوکاریی کەشتیگەلی دەریایی لە نێوان مەسقەت و تاران، ئاسایشی هێڵەکانی کەشتیوانی بەبێ پێویستی بە هێزی دەرەکی دابین بکات و تێچووی بیمەی دەریایی لە دەریای عومان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
قەتەر: کێبڕکێ لە بازاڕە تازەگەشەسەندووەکانی گازی شل (LNG)
لە مەودای مامناوەنددا، قەتەریش بۆ سەرکەوتن لە کێبڕکێی ناوچەییدا ناچار دەبێت ستراتیژیی خۆی لە “بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ”ەوە بگۆڕێت بۆ “قازانج و تەکنەلۆژیا”. بە هاتنی گازی سروشتیی شلی ئێران بۆ بازاڕ، قەتەر بۆ پاراستنی کڕیارەکانی خۆی لە هیندستان و چین، ناچار دەبێت داشکاندن بکات یان وەبەرهێنان لە وێستگە گازییەکانی ئەو وڵاتانەدا بکات تاوەکوو خواست بۆ خۆی مسۆگەر بکات. کێبڕکێی ئێران و قەتەر دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی جیهانیی گاز و، ئەمەیش بە قازانجی بەکارهێنەرە گەورەکانی ئاسیا دەبێت.
عەرەبستانی سعوودی: جەنگی دوو ڕوانگە (Vision)
لە قۆناغی دووەمدا، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سعوودیا گەورەترین ڕکابەری ئێران دەبێت لە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی (FDI). لە ئەنجامدا ئەگەری ئەوەی سعوودیا و ئێران لە بازاڕەکانی چین و هیندستان بچنە ناو ململانێیەکی توندی سەرتاسەرییەوە لەسەر نرخ، بەرز دەبێتەوە. ئێران بە پشتبەستن بە گازی هەرزانتر (٤ تا ٥ دۆلار بەرامبەر نرخە بەرزەکانی وزەی سعوودیا)، وەک هەڕەشەیەک بۆ پەراوێزی قازانجی پترۆکیمیایییەکانی سعوودیا هەژمار دەکرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان کە پێشتر تەنیا بژاردەی گەورەی ناوچەیییان سعوودیا بوو، ئێستا ڕووبەڕووی ئێرانێک دەبنەوە کە هەم کرێکاری هەرزانتر و خوێندەوارتری هەیە و هەم بە ڕێڕەوە ترانزێتییەکانی ئۆراسیا (ڕووسیا و ئاسیای ناوەڕاست)ەوە گرێ دراوە. ئەم بابەتە دەتوانێت بەشێک لە وەبەرهێنانە پێشبینیکراوەکان لە پرۆژەی نێئۆم (NEOM) یان پڕۆژە ژێرخانییەکانی سعوودیا، بە لای پڕۆژەکانی وزە و کانزای ئێراندا ببات. هەر بۆیە سعوودیا بۆ ئەوەی دوا نەکەوێت، ناچار دەبێت وەبەرهێنان لە هێڵە ترانزێتییە جێگرەوەکان (وەک کۆڕیدۆری هیند-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەوروپا) بکات تاوەکوو قورساییی جیۆپۆلیتیکی ئێران لە کۆڕیدۆری “باکوور-باشوور” پووچەڵ بکاتەوە.
کوێت: بنبەستی لۆجستی و دەرفەتی وەبەرهێنان
لە قۆناغی دووەمدا کوێت لەگەڵ هەڕەشەیەکی جددی بۆ پڕۆژە ژێرخانییەکانی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. کوێت ساڵانێکە وەبەرهێنانی لە بەندەری گەورەی موبارەک کردووە تا ببێتە سەنتەری باکووری کەنداوی فارس-عەرەبی. لە لایەکی دیکەوە، بە کارابوونی تەواوی بەندەری فاو (عێراق) بە پشتیوانیی ئێران و بەستنەوەی بە تۆڕی هێڵی ئاسنی ئێرانەوە، بەندەری موبارەک مەترسیی بوون بە “پڕۆژەیەکی مردوو”ی لەسەر دەبێت، چونکە ڕێڕەوی ئێران-عێراق بۆ ترانزێت بە ئاراستەی ئەوروپا زۆر خێراتر و ئابووریترە (کەمتێچووترە). بەم پێیەیش، کوێت لە قۆناغی دووەم و بۆ سەرکەوتن لە کێبڕکێی ناوچەیی، ئەگەری هەیە ناچار ببێت مۆدێلەکەی لە “کێبڕکێ”وە بگۆڕێت بۆ “دابینکردنی دارایی” (Financing). لەم حاڵەتەدا، سندووقی سامانی نیشتمانیی کوێت (KIA)، دەست دەکات بە کڕینی پشکی کۆمپانیا گەورەکانی وزە و لۆجستیک لە ئێران و عێراق تاوەکوو لە گەشەی ئابووریی ناوچەکە پشکی هەبێت و ئاسایشی وزەی خۆی لە درێژخایەندا (بەتایبەت لە بواری گاز) دەستبەر بکات.
سێیەم: دووبارە ڕێکخستنەوە و داڕشتنەوەی جیۆئێکۆنۆمیی ناوچەکە (٢٠٢٦-٢٠٣١)
ئەنجامەکانی مۆدێلە دیزاینکراوەکان ئەوە دەردەخەن کە گەڕانەوەی ئێران بۆ ئابووریی جیهانی، زیاتر لە گۆڕانکارییەکی نیشتمانی، دەکرێت بڵێسەیەک بێت بۆ “دووبارە ڕێکخستنەوەیەکی گەورە” لە پێکهاتەی هێز و بازرگانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە کورتخایەندا، لابردنی گەمارۆکان بە کەمکردنەوەی تێچووی ئاڵوگۆڕ، توانای بازرگانیی نەوتیی ئێران تا ٨٢٪ بەرز دەکاتەوە و وڵاتانی وەک تورکیا و ئیمارات لە “ناوەندی دەڵاڵیی گەمارۆکان”ەوە دەکاتە “هاوبەشی ستراتیژی و ناوەندی وەبەرهێنان”. لە کاتێکدا هاوردەکارانی وزە وەک پاکستان و تورکیا لە دابەزینی نرخ بەهۆی شۆکی خستنەڕووی ئێران سوودمەند دەبن، ڕکابەرە نەوتییە نەریتییەکانی وەک سعوودیا و کوێت، ڕووبەڕووی کێشەی کەمبوونەوەی داهاتە دراوییەکان و پێویستیی گۆڕینی مۆدێلی ئابووری لە ململانێ بۆ “تێکەڵبوونی بنیاتنەر” دەبنەوە.
لە ئاسۆی مەودا مامناوەنددا، کێبڕکێی ناوچەیی بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ئاستی بازرگانیی کاڵاوە بەرەو “جەنگی ناوەندەکان (Hubs) و زنجیرەکانی بەها” کۆچ دەکات؛ شوێنێک کە تێیدا سوودمەندیی ئێران لە وزەی هەرزان و پێگەی نایابی ترانزێتی (کۆڕیدۆری باکوور-باشوور)، دەتوانێت پێگەی پیشەسازیی تورکیا و ناوەندبوونی بەندەرەکانی کەنداوی فارس، ڕووبەڕووی کێبڕکێ و ئاڵنگاری بکاتەوە. سەرباری هەموو ئەمانە، جێگیربوونی ئێران وەک “دڵی بەرهەمهێنانی ناوچەکە” شتێکی مسۆگەر نییە و پەیوەستە بە تێپەڕاندن و زاڵبوون بەسەر مەترسییە پێکهاتەیییەکانی وەک ناهاوسەنگیی ناوخۆییی وزە، ڕاکێشانی سەرمایەی گەورەی بیانی و کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان. دواجار، براوەی ئەم ماراسۆنە ئابوورییە لە ناوچەکەدا، وڵاتێک دەبێت کە خێراتر بتوانێت ژێرخانەکانی خۆی بە تۆڕە دەرەکی و سەروو-نەتەوەیییەکانەوە گرێ بدات و لە مۆدێلە نەریتییەکانی کرێخۆریی وزەوە، بەرەو ئابوورییەک لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیا و خزمەتگوزارییە پێشکەوتووەکان بڕوات.
سەرچاوە:








