هاوکات لەگەڵ ئەوەی لێدانەکانی ئێران ئەو تۆڕەیان تێک شکاندووە کە پاڵپشتیی لە ئامادەییی ئەمریکا لە کەنداو دەکرد، هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەکشێنەوە. تورکیا، ئێران و ئیسرائیل قۆناغی داهاتوو دادەڕێژن؛ جەنگەکەیش ئەوەی دەرخستووە کە ئاستی توانست و کەرەستەی ئەم سێ دەوڵەتە بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە تا چەند نایەکسانە.
ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق بەفەرمی لە ڕۆژی چوارشەممە، 30ی سێپتهمبەردا کۆتایی دێت. بەرپرسانی عێراقی، ڕۆژی دووشەممە ڕایان گەیاند کە دوایین کارمەندانی جەنگی و لۆجستیی ئەمریکا، دوو ڕۆژ پێش وادەی دیاریکراو خاکی عێراقیان جێ هێشتووە؛ هەرچەندە پێنتاگۆن (Pentagon) ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و، بەرپرسانی ئەمریکاش ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزێکی بچووك بە ژمارەیەکی ڕانەگەیەنراو دەمێنێتەوە بۆ هاوکاریکردنی بەغدا لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە مانگی نیساندا کشانەوەی خۆیان لە سووریا تەواو کرد؛ بە جۆرێک کە بنکەی قەسرەک (Qasrak)ی دوایین پێگەی خۆیان لە حەسەکە (Hasakah) ڕادەستی سوپای سووریا کرد و لە ڕێگەی ئوردنەوە کشانەوە تاکوو لە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق بەدوور بن. بەم شێوەیە، جێگیرکردنی بەرفراوانی هێزەکانی ئەمریکا لە هەردوو وڵاتدا، کە لە ساڵی 2014ەوە لەگەڵ دەستپێکردنی جهنگی دژی دەوڵەتی ئیسلامی بەردەوام بوو، کۆتایی هات. بەغدا ڕۆژی 1ی ئۆکتۆبەری بە ڕۆژی “ڕزگاربوونی عێراق لە هەر ئامادەیییەکی سەربازیی بیانی” ناو بردووە.
پاشخان: ئەم کشانەوەیە لە کاتێکدا دێت کە تەواوی تۆڕەکەی دیکەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تووشی زیانێک بووە کە پێشتر هەرگیز بەخۆیەوە نەدیوە. لەو کاتـــــــــــــەوەی ویلایەتە یەکــــــــــــگرتووەکان و ئیسرائیل لە 28ی شــــــــــــــوباتدا دەستیـــــــــان بە هێـــــــــرشــــــــــــــکردنە ســـــــــــەر ئێـــــــران کرد، بەپــــــــێی ڕاپــــــــــۆرتی پشـــــکنــــــــــــــــەری گشتــــیی پێـــــنتاگـــــــــــۆن (Pentagon Inspector General)، مووشەک و درۆنەکانی ئێران سەدان باڵەخانە و پێکهاتەیان لە بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات، عەرەبستانی سعوودی، عێراق، عومان و ئوردن وێران کردووە یان زیانیان پێ گەیاندوون. ئێران سەرنجی خستە سەر ئەو سیستهمە هەستیارانەی کە وا دەکەن بنکەکان توانای بینین و بەرگریکردن لە خۆیانیان هەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، ڕاداری سیستەمی بەرگریی مووشەکیی تاد (THAAD)ی لە بنکەی ئاسمانیی موەفەق سەڵتی (Muwaffaq Salti) لە ئوردن تێک شکاند کە زیاتر لە 800 کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە، زیانی بە تاکە ڕاداری هۆشداریی پێشوەختەی جۆری (AN/FPS-132) لە ناوچەکە گەیاند کە لە قەتەر بوو، هەروەها هێرشی کردە سەر پێگەکانی ڕادار و پەیوەندییەکان لە لانی کەم حەوت دەوڵەتدا، شان بە شانی پێگەکانی پاتریۆت (Patriot) و تاد، وێستگەکانی پەیوەندیی مانگی دەستکرد، فڕۆکەیەکی هۆشداریپێدهر (ئاگاداركهرهوه)ی ئاسمانیی (E-3) و فڕۆکەکانی تانکەری گهیاندنی سووتهمهنی.
زیانەکان هاوکات، بوونە هۆی لەدەستدانی توانای کارکردنی هەندێک لە بنکەکان. لە یەکەم ڕۆژی جەنگەکەدا مووشەک بەر بنکەی چالاکیی پشتیوانیی دەریایی لە بەحرێن (Naval Support Activity Bahrain) کەوت کە بارەگای فەرماندەییی کەشتیگەلی پێنجەمی ویلایەتە یەکگرتووەکانە؛ بەم هۆیەوە ئەرکی دابینکردنەوەی کەلوپەلی دەریایی گوێزرایەوە بۆ دیێگۆ گارسیا (Diego Garcia) لە زەریای هیندی؛ ئەمەیش ماوەی خولی گەیاندنی پێداویستییەکانی بۆ 14 تا 18 ڕۆژ درێژ کردەوە. ئەدمیڕاڵ داڕڵ کادڵ (Daryl Caudle)، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنە دەریایییەکان، لە 31ی ئابدا بە دەریاوانەکانی ڕاگەیاند کە هێزی دەریایی “بە هیچ جۆرێک لە ماوەیەکی نزیکدا ناگەڕێتەوە بۆ ئەوێ.”
هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، بەرگریکردن لە تۆڕەکە و لە ئیسرائیل، کۆگهی ئەو مووشەکە ڕێگریکهرانەی بەتاڵ کردووەتەوە کە پارێزگاری لە تۆڕەکە دەکەن. بەپێی خەمڵاندنە سەربەخۆکان، لە کۆتاییی مانگی تەممووزدا ژمارەی مووشەکەکانی پاتریۆتی ئەمریکا بۆ نزیکەی 800 دابەزیوە، لە کاتێکدا پێش جەنگ نزیکەی 2,330 بووە؛ هاوکات مووشەکەکانی تاد لە 452 دانەوە بۆ نزیکەی 250 دابەزیون. نووسینگەی بوودجەی کۆنگرێس (Congressional Budget Office – CBO) لەم مانگەدا خەمڵاندوویەتی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە حوزەیرانی 2025ەوە لەنێوان نیوە تا دوو لەسەر سێی سەرجەم کۆگهکانی مووشەکی پاتریۆت، تاد، ئێس ئێم-3 (SM-3) و ئێس ئێم-6 (SM-6)ی بەکار هێناوە؛ پڕکردنەوەی دووبارەی ئەم کۆگانەیش ڕەنگە لانی کەم پێنج ساڵی پێ بچێت. کشانەوە لە عێراق تۆڕەکە زیاتر لەوەی هەیە لاواز دەکات؛ بە جۆرێک سیستهمەکانی پاتریۆت و سیستەمی دژەمووشەکی سی-ڕام (C-RAM) لە هەولێر لا دەبات کە ئەرکی دۆزینەوە و ڕێگریکردنیان لەسەر ئەو ڕێڕەوانە پێک دەهێنا کە مووشەک و درۆنەکانی ئێران بەرەو ئوردن و ئیسرائیل دەهاوێژرێن.
ئەم دۆخە ئالۆزە لە ساڵی 1945ەوە وێنەی نەبووە. بنکەکانی ئەمریکا لە جەنگەکانی کۆریا و ڤێتنامدا ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە، بەڵام هێرشەکان تەنیا لە نێوخۆی ئەو وڵاتەدا بوون کە جەنگەکەی تێدا بەڕێوە دەچوو و، هێڵەکانی پشتەوە کە پاڵپشتیی جەنگەکەیان دەکرد، بەبێ زیان مانەوە. لە کۆریادا، لەگەڵ جووڵانی هێڵی پێشەوەی بەرەکانی جەنگ، فڕۆکەخانەکانی وەک کیمپۆ (Kimpo) و سوون (Suwon) دەستیان بەسەردا گیرا یان چۆڵ کران، هێزی ئاسمانیی ئەمریکاش کشایەوە بۆ ژاپۆن، کە هەرگیز هێرشی نەکرایە سەر. لە ڤێتنامدا، هێزە کۆمۆنیستەکان نزیکەی 500 جار هێرشیان کردە سەر بنکە ئاسمانییەکان و لە ماوەی دە ساڵدا 1,578 فڕۆکەیان تێک شکاند یان زیانیان پێ گەیاندن. بەپێی توێژینەوەیەکی مێژوویی کە بە فەرمانی هێزی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادە کراوە، ئەو هێرشانە لە کەمتر لە %2ی ڕۆژانی ئۆپەراسیۆندا ئەنجام درابوون و توانای ئەوەیان نەبوو گەشتە جەنگییەکان تێک بدەن؛ لە کاتێکدا بە دەگمەن دەست بۆ ئەو بنکانەی تایلەند و گوام بردرا کە بەشێکی زۆری باری جەنگە ئاسمانییەکەیان لەئەستۆ گرتبوو.
لە جەنگی ئێراندا، هێڵی پشتەوە کراوەتە ئامانج. ئێران بەتەواوی لە تۆڕی ناوچەییی ئەمریکای داوە لە سەرتاسەری هەشت دەوڵەتی میوانداردا، بە هەستەوەرەکان، هێڵەکانی پەیوەندیی فەرماندەیی، سووتەمەنی و کەرەستە لۆجستییەکانەوە؛ هاوکات واشنتۆنی ناچار کردووە ئەو کۆگه نیشتمانییانەی مووشەکی ڕێگریکهر بەکار بهێنێت کە بۆ بەرەکانی تر پێویستیی پێیانە. نزیکترین وێنە بۆ ئەم دۆخە، هێرشەکەی ژاپۆنە لە کانوونی یەکەمی 1941دا لە سەرانسەری زەریای هێمندا کە خاکی ئەمریکای کردە ئامانج. بنکەکانی کەنداو سەر بە دەوڵەتە سەربەخۆکانن و بەپێی ڕێککەوتن میواندارییان دەکەن؛ هەر هێرشێکیش لەم بنکانە، حکوومەتێکی میوانداری بەرەو نێو جەنگەکە ڕاکێشاوە.
سەرباری ئەمەیش، ئەم کشانەوەیە لە دوایین کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق ناچێت. کشانەوەکەی کانوونی یەکەمی 2011 بە هەمان شێوە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێک ئەنجام درا و، چەند سەد سەربازێکی ئەمریکی لە چوارچێوەی باڵیۆزخانەدا مانەوە. لەو کاتەدا پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەتەواوی پارێزراو بوو: بنکەکانی کەنداو هەرگیز بەر هێرش نەکەوتبوون، کۆگهکانی مووشەکی ڕێگریکهر پڕ بوون و، واشنتۆن بژاردەی گەڕانەوەی لەدەستدا هێشتبووەوە کە لە ساڵی 2014دا بەکاری هێنا. لەبەرامبەردا، کشانەوەی ئێستا هاوکاتە لەگەڵ زیانپێگەیشتنی تەواوی تۆڕەکەی ئەمریکا، کەمبوونەوەی ئەو چەکانەی پارێزگاریی لێ دەکەن و، ستراتیژییەکی بەرگری کە بە هاوبەشە ناوچەیییەکان دەڵێت خۆیان بەرپرسیارێتیی سەرەکیی ئاسایشی خۆیان لەئەستۆ بگرن. ئەم پێشهاتانە پێکەوە، گۆڕانکارییەک لە پێگەی ئەمریکادا پێک دەهێنن کە لە مێژووی نزیکدا وێنەی نەبووە.
ئەم ستراتیژییە پێش جەنگەکە داڕێژراوە. “ستراتیژیی بەرگریی نیشتمانی” (National Defense Strategy) کە لە مانگی کانوونی دووەمدا بڵاو کرایەوە، داوای لە هاوبەشە ناوچەیییەکان کرد “بەرپرسیارێتیی سەرەکی لەئەستۆ بگرن بۆ بەرپەرچدانەوە و بەرگریکردن لەبەرامبەر ئێران و گرووپە بریکارەکانیدا.” ئیدارەی ئەمریکاش لەو کاتەوە ئەم بنەمایەی پەیڕەو کردووە. لەم مانگەدا، کاتێک شازادەی جێنشینی سعوودیا، محەمەد بن سەلمان، داوای کرد ئەمریکا لە حووسییەکان (جووڵانەوە یەمەنییە هاوپەیمانەکەی ئێران کە لە ئێستادا هێرش دەکاتە سەر شانشینەکە) بدات، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ داواکارییەکەی ڕەت کردەوە و لەجیاتی ئەوە، پێشکەشکردنی زانیاریی هەواڵگری و داتای دەستنیشانکردنی ئامانجەکانی خستە ڕوو.
شرۆڤە: هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی جەنگدا، دەستنیشانکردنی لێکەوتە تەواوەکانی ئەم پێشهاتانە کارێکی دژوارە. جەنگ کۆتایی نەهاتووە و، ڕەنگە واشنتۆن پێش ئەوەی دان بە دەرەنجامەکاندا بنێت، پەنا بۆ خولێکی کۆتایی لە پەرەپێدانی گرژییەکان ببات، لەنێویاندا قبووڵکردنی مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئەگەر ئێران بەسەلامەتی لەم قەیرانە دەرباز بێت. بەڵام دوورە ئەم خولە بتوانێت ئەوەی لەدەست چووە، بیگەڕێنێتەوە. وەک دەستەبەرییەکی ناوچەیی، مۆدێلی ئەمنیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بنەڕەتدا گەیشتۆته كۆتایی و گەڕانەوەی بۆ شێوازە کۆنەکەی، زۆر نادڵنیایە. گۆڤاری “زە ئیکۆنۆمیست” (The Economist) هەفتەی ڕابردوو گەیشتە هەڵسەنگاندنێکی هاوشێوە و، باسی لەوە کرد کە دەیان ساڵ لە هەژموونی ئەمریکا بەسەر ناوچەکەدا لە لێواری کۆتاییهاتندایە.
واشنتۆن هاوکات ناتوانێت بەسادەیی ئەو پێگانە بنیات بنێتەوە کە پێشتر هەیبوون. نۆژەنکردنەوەی بنکەی بەحرێن، ئەلعوبەید (Al Udeid) لە قەتەر، یان عەلی ئەلسالم (Ali al-Salem) لە کوێت بە شێوازی پێش جەنگ، بە مانای دروستکردنەوەی ئەو ئامانجانەیە کە ئێران سەلماندی دەتوانێت لێیان بدات. بڵاوەپێکردنی هێزەکان بەسەر بنکەی بچووکتردا ئەو شوێنانە چەندهێندە دەکات کە پێویستیان بە ڕادار، سیستەمی دژەدرۆن و مووشەکی ڕێگریکهر هەیە، کە دەگمەنترین کەرەستەن لە کۆگهکانی ئەمریکادا، لە کاتێکدا ئێران دەتوانێت دەستنیشانی بکات لە کامەیان بدات. کۆگه بێسەربازەکان، گەنجینەکانی سووتەمەنی و ڕادارە جێگیرەکان وەک ئامانج دەمێننەوە و، جێگیرکردنی سەربازانیش لە هۆتێلەکاندا کەمترین شت دەشارێتەوە؛ چونکە جێگیرکردنی هێزی ئەمریکی جووڵەی ئۆتۆمبێل، هاتوچۆی لۆجستی و ڕێوشوێنی ئەمنی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت کە چاودێرە خۆجێیییەکان هەستی پێ دەکەن. پاشەکشەکردن بۆ دیێگۆ گارسیا یان ئەورووپا، لەبەرامبەر پاراستن لە مەترسی، باجی دروستبوونی دووری دەدات؛ وەک چۆن کەشتیگەلی پێنجەم ئەمەی بۆ دەرکەوت. لە هەمان کاتدا دەوڵەتانی میوانداری کەنداو، تێ گەیشتوون کە ئامادەییی ئەمریکا دەتوانێت هێرش ڕابکێشێت، نەک تەنیا ڕێگریی لێ بکات.
ئەگەر گهرەنتیی ئەمریکا بەرەو کۆتایی بڕوات، پرسیارەکە ئەوەیە، کێ قۆناغی دواتر دادەڕێژێت؟ “زە ئیکۆنۆمیست” پێشبینی دەکات سێ هێزی ناعەرەبی، سیمای ناوچەکە لە قۆناغی پاش ئەمریکادا بنەخشێنن: تورکیا، ئێران و ئیسرائیل. ئەم خوێندنەوەیە تا ڕاددەیەکی زۆر دروستە، بەڵام توانستی ئەم سێ هێزە یەکسان نییە. جەنگ سەرکەوتنی بەخشی بە توانای بەردەوامبوون لە بەرهەمهێنان، قەرەبووکردنەوە و تەقاندنی چەکەکان لە دوای تەواوبوونی کۆگه سەرەتایییەکان و، سەلماندی کە چۆنایەتی بەبێ چەندایەتی کار ناکات و بەس نییە. بەپێی ئەم پێوەرەیش، ئەم سێ هێزە جیاوازییەکی ڕیشەیییان لەگەڵ یەکتردا هەیە.
ئیسرائیل لە ئاستی تەکنەلۆژیدا پێشکەوتووترینی ئەم سێ دەوڵەتەیە و لە ناوچەکەدا هێزی پێشەنگە لە لێدان و هەواڵگریدا و، واشنتۆنیش بە ”هاوپەیمانی نموونەیی” وەسفی دەکات. بەڵام سنووردارێتییەکانی بنەڕەتین: ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 10.2 ملیۆن کەسە، نزیکەی هیچ قووڵایییەکی ستراتیژیی نییە و، خاوەنی سوپایەکە کە بۆ ئۆپەراسیۆنە درێژخایەنەکان پشت بە کۆکردنەوەی هێزی یەدەگ دەبەستێت. لە کاتی جەنگەکەدا، بەپێی داتاکانی پێنتاگۆن کە لە مانگی ئایاردا ڕاگەیەنران، ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاتر لە 200 مووشەکی تاد و زیاتر لە 100 مووشەکی ڕێگریکهری ئێس ئێم-3 و ئێس ئێم-6ی بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل هاوێشت، لە کاتێکدا ئیسرائیل کەمتر لە 100 مووشەکی ئارۆو (Arrow) و نزیکەی 90 مووشەکی ڕێگریکهری (David’s Sling)ی هاوێشت. یاسای ئەمریکا باڵادەستیی سەربازیی چۆنایەتیی ئیسرائیل (qualitative military edge) وەک ئامرازێکی باڵا پێناسە دەکات کە دەبێت “بە بڕی پێویست لەبەردەستدا بێت”؛ ئەم بڕەیش لە هێڵەکانی بەرهەمهێنانی ئەمریکاوە دەستەبەر دەبێت کە تا دەوروبەری ساڵی 2030 ناگەنە ئاستی بەرهەمهێنانی فراوانکراوی خۆیان. ڕەنگە واشنتۆن ئەولەوییەت بداتە ئیسرائیل، بەڵام ئەولەوییەتپێدان بەتەنیا مووشەکی زیاتر ناخاتە سەر هێڵی بەرهەمهێنان. ئیسرائیل هاوکات دەستڕاگەیشتنێکی سیاسیی زۆر کەمی بۆ کەنداو هەیە، لە کاتێکدا عەرەبستانی سعوودی، قەتەر، کوێت و عومان هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵیدا نییە. ئیسرائیل لە توانای لێدانی سەرتاسەری ناوچەکە بەردەوام دەبێت، بەڵام توانستی بۆ داڕشتنی نەزمی ناوچەیی، بەستراوەتەوە بە قووڵایییەکی ئەمریکی کە بەرەو کاڵبوونەوە و پووکانەوە دەچێت.
ئێران ڕووەکەی تری هەمان هاوکێشە پیشان دەدات. چەکەکانی ئێران لە ئاستی تەکنەلۆژیدا نزمترن، سەرباری ئەمەیش لەژێر قورسترین بۆردووماندا کە تا ئێستا دەوڵەتێکی ناوچەکە ڕووبەڕووی بووبێتەوە، بەردەوام بوو لە هاوێشتنی درۆن و مووشەکەکانی، چونکە ئێران قەبارەی گەورە لەگەڵ قووڵایییەکی کارادا کۆ دەکاتەوە: ڕووبەری نزیکەی 1.65 ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە، نزیکەی 90 ملیۆن دانیشتوو، بەرهەمهێنان و کۆگهکردنی مووشەک لە قووڵاییی چیاکاندا، سەکۆی هاوێژەری بڵاوەپێکراو و، پیشەسازییەک کە دەتوانێت خۆی ببووژێنێتەوە. ئەم جوگرافیایە دەستپێکردنی داگیرکاریی زەمینییش ئەستەم دەکات؛ بەمەیش نەیارەکانی ناچار دەکات پشت بە هێزی ئاسمانی و گەمارۆدان ببەستن، کە ئەم دوو ئامرازەیش قووڵاییی جوگرافی، زۆرترین کاریگەرییان لێ دەستێنێتەوە. سنووردارێتیی ئێران لەوەدایە کە وڵاتانی دراوسێی لە دژی ڕێک دەخرێن؛ کەواتە کاریگەرییەکەی لە ڕێگەی زۆرەملێ و ئەو سازانەوە دەبێت کە بەسەریاندا دەیسەپێنێت. پێشنیازەکەی مانگی ئایاری سعوودیا بۆ چوارچێوەیەکی ناوچەییی پەلامارنەدان لەگەڵ ئێران، نیشانەیەکی سەرەتاییی ئەم سازانەیە.
تورکیا ئەو تایبەتمەندییانە پێکەوە کۆ دەکاتەوە کە دوو دەوڵەتەکەی تر نییانە: ژمارەی دانیشتووان، قووڵایی و پیشەسازیی پشتبەخۆبەستوو کە ئیسرائیل لێیان بێبەشە، لەگەڵ پێشکەوتووییی تەکنەلۆژی و دەستگەیشتن بە پایتەختەکانی کەنداو کە ئێران ناتوانێت دەستی پێیان بگات. تورکیا 86 ملیۆن دانیشتووی ههیه و پیشەسازییەکی بەرگری کە بەشداریی بەرهەمی نێوخۆییی لە نزیکەی %24 لە ساڵی 2002وە بۆ نزیکەی %80 بەرز بووەتەوە، لەگەڵ هەناردەیەک کە ساڵانە لە 248 ملیۆن دۆلارەوە بۆ نزیکەی 10 ملیار دۆلار گەشەی کردووە. لە ناوەڕاستی ساڵانی 2010وە، خاوەندارێتیی زنجیرەی تەواوەتیی لە هەستەوەرەوە تا لێدان بەدەست هێناوە، لەوانە درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)، جەنگی ئەلیکترۆنی، تەقەمەنیی وردپێک و هەواڵگری و، بەبێ پێویستبوون بە مۆڵەتی هیچ حکوومەتێکی تر، ئەم زنجیرەیەی بەپێی جەنگەکانی خۆی داڕشتۆتەوە.
ڕوونترین بەڵگەیش ململانێی تورکیایە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK). بۆ ماوەی سێ دەیە، پەکەکە چیاکانی باکووری عێراقی وەک پەناگەیەک بەکار هێنا کە هێزەکانی تورکیا دەیانتوانی هێرشی بکەنە سەر، بەڵام نەیاندەتوانی بیپارێزن و بەدەستی خۆیانەوە بیهێڵنەوە؛ ئەو دەستکەوتانەیش کە لەدوای ساڵی 2007ەوە بە پاڵپشتیی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بەدەست هاتن، کاتی بوون. کاتێک تورکیا لە ناوەڕاستی دەیەی 2010وە درۆنی سەربازی، تەقەمەنی و تۆڕی هەواڵگریی خۆی خستە گەڕ، جەنگەکەی لە خاکی خۆی دوور خستەوە، پێگەی هەمیشەییی بە ڕەزامەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP) لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دروست کرد و، پەکەکەی بە درێژاییی پشتێنە شاخاوییەکان بەرەو گارە (Gara) پاشەکشە پێ کرد. پەکەکە لە ساڵی 2025دا هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند و، یاسای گەڕاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی تورکیا لە مانگی ئابدا تەنیا پاش پشتڕاستکردنەوەی چەکداماڵینی پەکەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ زنجیرەیەکی لەیەکبەستراو کە دەری دەخات هاوسەنگیی هێز تا چەند گۆڕاوە.
هەمان ئەم سیستهمە، دەرەنجامەکانی لە ناوچەکانی دیکەیش گۆڕی. تێکشکاندنی هێرشەکەی خەلیفە حەفتەر (Khalifa Haftar) بۆ سەر تەرابلووس لە ساڵی 2020، کە فەرماندەی ڕۆژهەڵاتی لیبیا بوو و لەلایەن ئیمارات، میسر و گرووپی ڤاگنەری ڕووسی پاڵپشتی دەکرا؛ سەرکەوتنی ئازەربایجان بەسەر ئەرمیـــــــــــنیا لە هەمان ساڵدا و؛ هەڵــــــــــــــــوەشانـــــــــدنــــــــــــــــەوەی پێکـــــــــهاتـــــــــــەی خـــــــــــــۆبــــــــــــــەڕێوەبـــــــــــــــــــــــــــــــــــەریی هێـــــــــــزەکانی ســـــــــــــــــــــــــووریای دیــــــــــموکـــــــــــرات (Syrian Democratic Forces – SDF) لەمساڵدا کە کورد پێشەنگایەتیی دەکرد و ئەنقەرە بۆ ماوەی دە ساڵ دژایەتیی دەکرد. لە کەنداویش- کە ئیسرائیل كهم دهستی پێڕا دهگات- تورکیا لە کاتی گەمارۆکەی ساڵی 2017دا بە سەرکردایەتیی سعوودیا، بنکەکەی خۆی لە قەتەر بەهێز کرد و ئێستا فەرماندەیییەکی هاوبەشی هێزەکان لەوێ بەڕێوە دەبات. خاوەنی ئەنجومەنێکی ستراتیژییە لەگەڵ ئیمارات و، لە 7ی ئابدا “ڕێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە” (Mecca Joint Defence Agreement)ی لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی و پاکستان واژۆ کرد، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هێرشکردنە سەر هەر ئەندامێک، وەک هێرش بۆ سەر هەمووان هەژمار دەکرێت. هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر شانشینەکە لەم مانگەدا، سەرۆکئەرکانی هەرسێ دەوڵەتەکە بۆ تاوتوێکردنی هاوکاری بۆ ڕیاز کۆ بوونەوە. واشنتۆن لە سەردەمی ئیدارەی بایدنەوە خۆی لەگەڵ هەڵکشانی تورکیادا گونجاندووە؛ لە پێشوازییە گەرمەکەی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆک ڕەجەب تەییب ئەردۆغان (Recep Tayyip Erdogan) لە ساڵی 2023وە تا ڕەزامەندیی کۆنگرێس لەمساڵدا بۆ فرۆشتنی بزوێنەری ئەمریکی بۆ فڕۆکەی جەنگیی تورکیی (KAAN).
هیچ کام لەمانە بە مانای ئەوە نین کە تورکیا دەتوانێت جێگەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بگرێتەوە. ناتوانێت هاوشێوەی سیستهمەکانی هۆشداریی ئەمریکا کە لە بۆشاییی ئاسماندان، گرووپەکانی فڕۆکەهەڵگر یان لۆجستیی جیهانی بەرهەم بهێنێتەوە؛ سیستەمی بەرگریی مووشەکیی بالیستیکی، لەچاو ئیسرائیلدا کەمتر پێ گەیشتووە و، ئەگەری کەمە وەک بەڵێندەرێکی لاوەکیی ناوچەییی واشنتۆن هەڵسوکەوت بکات. ئەوەی تورکیا پێشکەشی کەنداوی دەکات، بریتییە لە هاوبەشێک کە ئەوەی دەیهێنێتە گۆڕەپانەوە خۆی بەرهەمی دەهێنێت، سەلماندوویەتی کە ئامادەیە هێز بنێرێت و، حاڵی حازریش لە نیمچەدوورگەی عەرەبیدا ئامادەییی هەیە. ئەم تایبەتمەندییە دەیکاتە ئەو هێزەی لە باشترین پێگەدایە بۆ نەخشاندنی ئەو نەزمەی دوای هەژموونی ئەمریکا دێت.
دەرەنجامی چاوەڕوانکراو بریتییە لە نەزمێکی فرەڕەهەند و قەرەباڵغتر: ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک هێزێکی دوورەدەست (offshore) لە پێگەیەکی زۆر بچووکترەوە زانیاریی هەواڵگری، لێدانی دوورمەودا و هێزی پاڵپشتی دابین دەکات؛ تورکیا وەک کاریگەرترین هێزی سەربازی و پیشەسازیی ناوچەکە کە بەستراوەتەوە بە قەتەر، عەرەبستانی سعوودی، پاکستان و ئیمارات؛ ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی خاوەن لێدان و هەواڵگری بە دەستڕاگەیشتنێکی سنووردارەوە بۆ ناو کەنداو؛ ئێران وەک ئەو هێزە زۆرەملێیە کە دراوسێکانی دەبێت هەم بەرپەرچی بدەنەوە و هەم سازانی لەگەڵدا بکەن و؛ دەوڵەتانی کەنداویش ستراتیژیی خۆپارێزی و بێلایەنی (hedging) لەنێوانیاندا پەیڕەو دەکەن. شێوازی ئەو نەزمە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە. بەردەوام ئەوەی ئێستا ڕوونە ئەوەیە کە لەمەودوا لە تەواوی ناوچەکەدا، هەر بڕیارێکی جێگیرکردنی بنکە، کڕینی چەک و بەستنی هاوپەیمانێتی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە دەدرێت کە تەواوی تۆڕەکەی ئەمریکا بەگشتی پێکرا و بەرگریکردن لێی بەبێ بەتاڵکردنەوەی ئەو کۆگهیانەی پاڵپشتییان دەکرد، نەدەکرا.
تێبینی: بۆچوون و شرۆڤەکانی ناو ئەم وتارە تەنیا گوزارشت لە ڕوانگەی نووسەران و ماڵپەڕەکەیان دەکەن و، مەرج نییە ڕەنگدانەوەی دید یان سیاسەتی خانەی هزریی کوردستان بن.
سەرچاوە:
https://thenationalcontext.com/as-us-troops-leave-iraq-uss-security-model-is-unravelling/









زیاد کردنی کۆمێنت