نووسەر: لیڕۆن لیبمان (Liron Libman)
ماڵپەڕ: (Lawfare)
لە 25ی حوزەیراندا، ئێران هێرشی کردە سەر کەشتییەکی بازرگانی کە بە ئاوەکانی عوماندا (Oman) لە گەرووی هورمز (Strait of Hormuz) تێ دەپەڕی. هێرشەکە دوای ئەوە هات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتبوونە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن (Memorandum of Understanding – MoU) کە وا بڕیار بوو کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.
لە وتارێکی پێشوومدا، پێشبینیم کردبوو کە مەرجە ناڕوونەکانی MoU دەربارەی هورمز بە شێوەیەکی حەتمی دەبنە مایەی سەرهەڵدانی قەیرانی دواتر. ڕاستییهكهی، هێرشەکەی ئێران کاردانەوەی سەربازیی ئەمریکای لێ کەوتەوە و ململانێکەی سەرلەنوێ هەڵگیرساندەوە، کە هەرچەندە بەچڕییەکی کەمتر لە جاران بوو، بەڵام بۆ دەوڵەتانی کەنداو و ئوردن پەرەی سەند. ئەمریکا گەمارۆ دەریایییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێرانی دەست پێ کردەوە کە پاش واژۆکردنی MoU هەڵی گرتبوو؛ هاوکات پلانەکانیشی بۆ توندکردنەوەی گوشاری ئابووری لەسەر ئێران ڕاگەیاند.
هاوکات، ئەو 60 ڕۆژەی کە MoU بۆ ئەمریکا و ئێرانی دیاری کردبوو تا بگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر پرسی ئەتۆمی و بابەتەکانی تر، تێ پەڕی. لە 8ی تەممووزدا، سەرۆک ترەمپ ڕای گەیاند کە “MoU کۆتایی هاتووە.”
ئێران بەردەوامه لە دروستكردنی ئاستهنگ بۆ هاتوچۆ بە گەرووی هورمزدا و، نیازی هەیە “کرێی خزمەتگوزاری” لەو کەشتییانە وەربگرێت کە بە گەرووەکەدا تێ دەپەڕن وەک سەرچاوەیەکی داهاتی نیشتمانی. ئەم وتارە لەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن دەوڵەتان دەتوانن ئامرازەکانی یاسای نێودەوڵەتی (International Law) بەکار بهێنن بۆ گوشارخستنە سەر ئێران تا ڕێگری لە هاتوچۆی ئازاد بە گەرووی هورمزدا ڕابگرێت؛ بەو جۆرەی لە یاسای نێودەوڵەتیدا گەرەنتی کراوە.
دۆخی ئێستای گهرووی هورمز چۆنه؟
گێڕانەوەی دژبەیەک دەربارەی دۆخی گەرووی هورمز هەن کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، كه پێش جەنگ، یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی سروشتیی شلی (Liquefied Natural Gas – LNG) جیهانی پێدا تێ دەپەڕی. لە لایەکەوە، سوپای ئەمریکا بانگهشهی ئەوە دەکات کە مینەکانی پاک کردووەتەوە، ڕێڕەوێکی پارێزراوی دامەزراندووە و، قەبارەیەکی بەرچاو لە نەوتی بە گەرووەکەدا گواستووەتەوە. لە لایەکی ترەوە، ڕۆیتەرز (Reuters) مەزەندە دەکات کە تەنیا دوو لەسەر سێی قەبارەی نەوتی پێش جەنگ دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوە و، ئەم بڕەیش پشت بە پاراستنی سەربازی، تێپەڕبوونی تاریک dark crossings)/ واتە کاتێک کەشتییەکان ئامێرەکانی گواستنەوەی سیستەمی ناسینەوەیان دەکوژێننەوە)، کاتە دیاریکراوەکان و، بەردەوامیی کەوتنەبەر هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (drone) دەبەستێت.
دوو پێشهاتی ئەم دوایییە، لەوانەیە ئاماژە بن بۆ وەڵامدانەوەیەک بەرامبەر بە لەدەستدانی بەشێک لە دەسەڵاتی ئێران بەسەر هاتوچۆی نێو هورمزدا: یەکەمیان، هێرشی میلیشیا عێراقییەکان- کە ئێران پشتیوانی لە هەندێکیان دەکات- بۆ سەر هێڵی بۆڕیی ڕۆژهەڵات-ڕۆژاوای سعوودیا کە بە دەوری گەرووەکەدا دەسووڕێتەوە؛ دووەمیشیان، سەرکەوتنی حووسییەکان (Houthis)، بریکاری ئێران لە یەمەن، لە دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکانی نزیک گەرووی بابولمەندەب (Bab al-Mandab Strait)، کە خاڵێكی تەنگەبەری(choke point) چاوهڕوانكراوی دیكهیه بۆ هەناردەکردنی نەوت لە کەنداوەوە بۆ ئەورووپا.
ڕوونە کە ژمارەی وردی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بە هورمزدا تێ دەپەڕن هەرچەندێک بێت، دۆخەکە سەقامگیر نییە و کێشەکەیش هێشتا چارەسەر نەکراوە.
ئاییندەی هاتوچۆ بەنێو گەرووی هورمزدا
تەنیا بەشی زیندووی MoU، دیالۆگی نێوان ئێران و عومانە دەربارەی “بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییە دەریایییەکان لە گەرووی هورمز له داهاتوودا.” سەرباری ئەمەیش، لێدوانە فەرمییەکان و ڕاپۆرتە میدیایییەکان هەڵوێستی جیاوازی دەوڵەتانی کەناراوی گەرووەکە دەردەخەن سەبارەت بەوەی یاسای نێودەوڵەتی ڕێگە بە چی دەدات.
وەزارەتی دەرەوەی عومان جەخت دەکاتەوە کە: “بەردەوام دەبێت لە هاوکاریی شەفاف و بێلایەنانەی لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بۆ گێڕانەوەی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا، بە پابەندبوونی تەواو بە یاسای نێودەوڵەتی. عومان بەتەواوی پابەندی ئەرکەکانی خۆیەتی وەک دەوڵەتێکی ئەندام لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا (United Nations Convention on the Law of the Sea – UNCLOS) و، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگرن و پێوەی پابەند بن.”
هەروەک لە وتاری پێشوومدا ڕوونم کردەوە، UNCLOS بەسەر گەرووە نێودەوڵەتییەکانی وەک هورمزدا لە چوارچێوەی ڕژێمی [یاسایی]ی تێپەڕبوونی ترانزێتدا (transit passage) پەیڕەو دەکرێت، کە مافێکی بەرفراوانی کەشتیوانی و فڕینی ئاسمانییە و دەوڵەتانی هاوسنووری گەرووەکە ناتوانن هەڵی پەسێرن، تەنانەت لەبەر هۆکاری ئەمنییش بێت. هاوکات UNCLOS باج و سەرانەی تێپەڕبوون (tolls) قەدەغە دەکات. وەرگرتنی کرێ تەنیا بۆ ئەو خزمەتگوزارییە دیاریکراوانە ڕێگەپێدراوە کە پێشکەش بە کەشتییەکە دەکرێن.
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئێران هەوڵ دەدات لەنێوان %5 بۆ %7ی نرخی بار لەو کەشتییانە وەربگرێت کە بە گەرووەکەدا کەشتیوانی دەکەن، هاوکات دەیەوێت توانای پێشگرتن بە هەر هاتوچۆیەک بۆ ناو کەنداوی فارسیشی (Persian Gulf) هەبێت کە ئاراستەی ڕێڕەوێک لە ئاوە هەرێمییەکانی ئێراندا دەکرێت. سەپاندنی مەرجی “مۆڵەتی ڕێگەپێدان” (clearance) بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان، نەک تەنیا لەگەڵ گەرەنتیی تێپەڕبـــــــــوونی ترانـــــــزێت لەUNCLOS دا دژبــــەیـــــــەکــە، بەڵکــــــوو لەگەڵ “تێـــــــپەڕبوونی بێـــــزیان”یــــــــــــــــــــــــــــشدا (innocent passage) ناکۆکە کە ئێران بانگهشه دەکات لە گەرووەکەدا پەیڕەو دەکرێت. تێپەڕبوونی بێزیان ڕژێمێکە بۆ کەشتیوانی لە دەریای هەرێمیدا (territorial sea)، کە ڕێگە بە تێپەڕبوونی بەردەوام و خێرا دەدات.
هەرچەندە دەوڵەتی کەناراو دەسەڵاتی زیاتری هەیە بۆ ڕێکخستنی تێپەڕبوونی بێزیان، بەڵام قەدەغەیە مەرجگەلێک بەسەر کەشتییە بیانییەکاندا بسەپێنێت کە لە کردەوەدا ببنە هۆی ڕەتکردنەوە یان پەکخستنی مافی تـــــــــێپەڕبوونی بێــــــــــزیان. تەنــــانەت پێـــــــش پەســــــــەندکردنی UNCLOS، یاســـــــــای نێـــــودەوڵەتیی نـــــــــەریتی (Customary International Law) ، هەموو دەوڵەتەکانی لە سەپاندنی سەرانە بۆ تێپەڕبوون بە گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا قەدەغە کردبوو؛ وەک لە وتاری پێشوومدا ڕوونم کردەوە. چەندان ڕێکخراوی پێشەنگی کەشتیوانی لەم دوایییەدا لە نامەیەکی کراوەی هاوبەشدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس (António Guterres)، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئارسینیۆ دۆمینگێز (Arsenio Dominguez)، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی (International Maritime Organization – IMO)، ئەم بابەتەیان دووپات کردەوە. لە نامەکەدا هاتووە کە: “سەپاندنی باجی زۆرەملێ بۆ ترانزێت، یان کرێی خزمەتگوزاری کە بێجگە لە ناوەکەی لە هەموو ڕوویەکەوە سەرانەیە، بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا لادانێکی گەورەیە لە نەریتی چەسپاوی نێودەوڵەتی. سەرباری لێکەوتە دارایییە ڕاستەوخۆکانی بۆ سەر بازرگانیی جیهانی، پێشینەیەک دەخوڵقێنێت کە دەکرێت چوارچێوە یاسایییە ناسراوە نێودەوڵەتییەکە لەبار ببات کە حوکمی ئەو گەرووانە دەکات کە بۆ کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و تێپەڕبوونی ترانزێت بەکار دەهێنرێن. کاتێک پێشینەیەکی لەو شێوەیە دابمەزرێت، بەرپەرچدانەوەی ڕێکاری هاوشێوە لە شوێنەکانی تردا زۆر دژوارتر دەبێت؛ ئەمەیش دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی بۆ کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و بازرگانیی جیهانی دروست دەکات.”
ئایا ئێران دەتوانێت بەرپەرچی ئەو بۆچوونە بداتەوە کە پێی وایە ئەو “کرێی خزمەتگوزارییە”ی بەتەمایە کۆی بکاتەوە، “سەرانەیەکە لە هەموو ڕوویەکەوە جگە لە ناوەکەی” و نایاسایییە؟ لەوانەیە ئێران هەوڵ بدات داواکارییە دارایییەکانی لەسەر ماددەی 43ی UNCLOS دابمەزرێنێت، کە دەڵێت: “دەوڵەتانی بەکارهێنەر و دەوڵەتانی هاوسنووری گەروو، دەبێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنەوە هاوکاری بکەن لە: (ئهلف) دامەزراندن و پاراستنی ئامرازە پێویستەکانی کەشتیوانی و سەلامەتی یان هەر چاکسازییەکی تر لە گەروودا بۆ هاوکاریکردنی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و؛ (با) بۆ پێشگرتن، کەمکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی پیسبوون لە کەشتییەکانەوە.”
لۆژیکی ئەم ماددەیە ئەوەیە کە نابێت دەوڵەتانی کەناراو بەتەنیا تێچووی دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی پارێزراو و دۆستی ژینگە لە گەروویەکدا لەئەستۆ بگرن کە کەشتییەکانی چەندان دەوڵەتی تر بەکاری دەهێنن. سەرباری ئەمەیش، وشە سەرەکییەکان لێرەدا “هاوکاری” و “ڕێککەوتن”ن. باشترین نموونە بۆ ئەوەی چۆن ئەمە جێبەجێ بکرێت، ڕێکخستنی نێو گەرووەکانی مالاکا (Straits of Malacca) و سەنگافوورەیە.
سندووقی هاوکارییەکانی کەشتیوانی (Aids to Navigation Fund – ANF)، ئامرازە بنەڕەتییەکانی کەشتیوانی پارەدار دەکات، کە وەک بەشێک لە میکانیزمی هاوکاری (Cooperative Mechanism) بە پشتیوانیی IMO دامەزراوە. سندووقەکە پشت بە بەخشینی ئارەزوومەندانەی دەوڵەتانی بەکارهێنەری وەک ژاپۆن، کۆریای باشوور، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان (ئیمارات) و، لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر دەبەستێت. بەڵام ئەم سندووقە سەرانەیەک نییە کە بەسەر کەشتییە تێپەڕبووەکاندا وەک مەرجێک بۆ تێپەڕبوون بسەپێنرێت. بەخشینە دارایییەکان بۆ ANF تەنیا بۆ ئامرازەکانی کەشتیوانی بەکار دەهێنرێن و، سەرچاوەیەکی گشتیی داهات نین بۆ دەوڵەتانی کەناراو. مۆدێلی مالاکا ئەگەر هەر شتێک دەربخات، ئەوە دەردەخات کە هاوکاریی ماددەی 43 پشتیوانی لە شتێک دەکات کە زۆر جیاوازە لەوەی ئێران وێنای دەکات. ماددەی 43 بڕگەیەکە بۆ دابەشکردنی بارگرانی، نەک ماددەیەک کە دەسەڵات بداتە ئێران بۆ سەپاندنی زۆرەملێیانەی پارەدان بەسەر کەشتییەکاندا.
ئەگەر ئێران هەوڵی سەپاندنی سەرانەی لەو شێوەیە بدات بۆ تێپەڕبوون، کەرتی کەشتیوانی، خۆی لەنێوان دوو بەرداشدا (between Scylla and Charybdis) دەبینێتەوە: لە لایەکەوە، داواکارییەکانی ئێران بۆ سەرانەسەندن کە بە هەڕەشەی کرداری بە هێرشکردن بە تەقەی ڕاستەقینە بۆ سەر کەشتییە مەدەنییەکان پاڵپشتی دەکرێت؛ لە لایەکی تریشەوە، سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر پێدەرانی ئەو پارەیە و بێبەشبوونیان لە بیمەی دەریایی لە ئەگەری پارەدانەکەدا.
ئەگەر کێشەکانی پەیوەست بە پلانە بانگهشهکراوەکانی ئێران بۆ گەرووەکە بەس نەبن، بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی ئێران ئەوەی ڕوون کردەوە کە سەرباری هەر ڕێکخستنێک کە لەگەڵ عوماندا لەسەر بەڕێوەبردنی گەرووەکە بێتە ئاراوە، گەرووی هورمز بەداخراوی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی داواکارییەکانی ئێران لە ئەمریکا جێبەجێ دەکرێن، لەوانەیش: ئازادکردنی دارایییە سڕکراوەکانی ئێران و کۆتاییهێنان بە ململانێ ناوچەیییەکانی تر.
دهتوانرێت چی بکرێت؟
با وای دابنێین کە گەرووی هورمز لە بنەڕەتدا بەداخراوی دەمێنێتەوە، یان لەوانەیە بە مەرجی داواکارییە نایاسایییەکانی ئێران بۆ سەرانەی “خزمەتگوزاری” بکرێتەوە. دەتوانرێت چی بکرێت بۆ ئهمه؟
سەرەتا، بژاردەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ کردنەوەی گەرووەکە یان ناچارکردنی ئێران بە ڕاگرتنی دەستوەردان لە هاتوچۆی ئازاد، کەمتر سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت، نەک مەرج بێت لەبەر هۆکاری یاسایی، بەڵکوو بەهۆی ڕەچاوکردنی لایەنە کردارییەکانەوە.
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان نەک تەنیا بەپێی یاساکانی ململانێی چەکداری نایاسایین، بەڵکوو دەکرێت بگەنە ئاستی “هێرشی چەکداری” (armed attack) دژی دەوڵەتانی ئاڵای کەشتییەکان بەپێی واتای ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN Charter)، ئەگەر “قەبارە و کاریگەرییەکان”ی هێرشەکە زۆر جددی بن.
هێرشی چەکداری، مافی دەوڵەتی قوربانی بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە چــــــوارچێوەی بەرگـــریكردن لە خۆ (self-defense) دەخاتە کار. سەرباری ئەمەیش، دەوڵەتی قوربانی دەتوانێت بەپێی چەمکی بەرگریكردنی بهكۆمهڵ لە خۆ (collective self-defense) کە لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چەسپێنراوە، یارمەتی لە دەوڵەتانی تر وەربگرێت. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەی 2817 (2026)دا، دانی نا بە “مافی دەوڵەتانی ئەندام، بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، لە بەرگریکردن لە کەشتییەکانیان بەرامبەر بە هێرش و ئیستفزاز (دنهدان)ەکان، لەوانەیش ئەوانەی ماف و ئازادییەکانی کەشتیوانی لەبار دەبەن.”
لە ڕوانگەیەکی واقعییەوە، شانسی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کەمە. بە تەکنەلۆژیای ئەمڕۆوە، ئێران پێویستی بە هێزێکی دەریاییی بەهێز نییە بۆ داخستنی ڕێڕەوێکی ئاویی تا ڕاددەیەک تەسک. تا ئەو کاتەی ئێران بتوانێت جاروبار بە درۆنی خۆکوژیی تەقینەوەیی یان بەلەمە تیژڕەوە بێسەرنشینە بچووکەکان لەو تانکەرە نەوتییانە بدات کە هەوڵی تێپەڕبوون بە گەرووەکەدا دەدەن، کەشتیوانیی بازرگانی سڵ دەکاتەوە و دەوەستێت. باڵادەستیی دەریاییی ئەمریکا ناتوانێت بۆ هەمیشە دەستەبەری هاتوچۆی ئازاد بکات.
سەرباری ئەمەیش، بژاردەی تر لە یاسای نێودەوڵەتیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کردەوەی نایاسایی ههن کە لەوانەیە لەم دۆخەدا کاریگەرتر بن.
ئەگەرێکیان جووڵەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە. لە بڕیارنامەی 2817دا، ئەنجومەنەکە سەرکۆنەی ئێرانی کرد بۆ دروستكردنی ئاستەنگ لهبهردهم تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا و، دواتر جەختی کردەوە کە “هەر هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی یاساییی ترانزێت یان ئازادیی کەشتیوانی لەم ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییانەدا، هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.” ئەم بڕیارەی ئەنجومەن، مەرجـــــــێکی پێشوەخـــــتەیە بۆ پەیڕەوکردنی دەســــەڵاتەکان بەپێی بەشی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان(Chapter VII of the UN Charter) . ئەم دەسەڵاتانە ڕێکاری ناتوندوتیژ لەخۆ دەگرن، وەک سزای ئابووری و گەمارۆدان (embargoes).
خاڵی بەهێزی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هێزی پابەندکەریدایە بەسەر هەموو دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا. لایەنی لاوازیش پێویستیی بەدەستهێنانی زۆرینەیە لەنێو ئەنجومەن و، دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە ئەندامێکی هەمیشەیی، لەوانەیش چین (China) و ڕووسیا (Russia) لەم کەیسەدا مافی ڤیتۆی خۆی بۆ ڕێگری لە بڕیارەکە بەکار ناهێنێت.
بەپێچەوانەوە، ڕێکارەکانی تر پێویستییان بە کۆدەنگیی نێودەوڵەتی نییە. ڕێگریی ئێران لە تێپەڕبوون بە گەرووەکەدا پێشێلکردنی پابەندییەکی نێودەوڵەتییە کە بەرامبەر بە هەمووانە (erga omnes)، چونکە هەموو دەوڵەتان مافی هاتوچۆی ئازادیان هەیە. هەر دەوڵەتێک کە بەم پێشێلکارییە زیانی بەرکەوتبێت، مافی ئەوەی هەیە ڕێکاری بەرپەرچدانەوە (countermeasures) دژی ئێران بگرێتە بەر. ڕێکارەکانی بەرپەرچدانەوە- وەک لە ڕەشنووسی ماددەکان دەربارەی بەرپرسیارێتیی دەوڵەتان بهرامبهر کردەوەی ناڕەوای نێودەوڵەتیدا (Draft Articles on the Responsibility of States for Internationally Wrongful Acts) ڕوون کراوەتەوە- بریتین لەوەی دەوڵەتی زیانلێکەوتوو بە شێوەیەکی کاتی پابەندییەکی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە دەوڵەتی بەرپرسیار (کە لەم کەیسەدا ئێرانە) جێبەجێ نەکات. ئامانجی ڕێکارەکانی بەرپەرچدانەوە تۆڵەسەندنەوە یان سزادان نییە، بەڵکوو هاندانی دەوڵەتی سەرپێچیکارە بۆ ئەوەی پابەندی ئەرکەکانی ببێت.
لەبەر ئەم هۆکارە، دەبێت سەرەتا دەوڵەتی زیانلێکەوتوو داوا لە دەوڵەتی پێشێلکار بکات پابەندییەکانی جێبەجێ بکات و ئاگاداریشی بکاتەوە لە بڕیاری گرتنەبەری ڕێکاری بەرپەرچدانەوە ئەگەر دۆخەکە راست نەکرێتەوە. سەرباری ئەمەیش، ئەگەر پێشێلکارییەکە کۆتایی هات، دەبێت ڕێکارەکانی بەرپەرچدانەوەیش ڕابگیرێن. هەندێک لە ڕێکارەکانی بەرپەرچدانەوە قەدەغەن، وەک هەڕەشەکردن یان بەکارهێنانی هێز، یان هەڵپەساردنی ئەو پابەندییە مرۆیییانەی تۆڵەسەندنەوە قەدەغە دەکەن. هاوکات دەبێت ڕێکارەکانی بەرپەرچدانەوە لەگەڵ ئەو زیانەی کە کەوتووەتەوە، هاوسەنگ بن.
دەوڵەتێک کە هێرش کرابێتە سەر کەشتییەکانی، یان ڕێگری لە تێپەڕبوونی ترانزێتی لێ کرابێت، یان ناچار بە پێدانی باجی نایاسایی کرابێت، بێ گومان وەک دەوڵەتێکی زیانلێکەوتوو هەژمار دەکرێت. دەوڵەتێکیش کە بتوانێت زیانی ئابووریی بەرجەستە و جیاواز بەهۆی ڕێگری و كاری تێكدهرانهی ئێرانهوه لە هورمزدا بسەلمێنێت، جگە لە کاریگەرییە گشتییەکانی بازاڕ کە هەموو دەوڵەتان تووشی دەبن، لەوانەیە بەپێی شیکاریی ماددەی 42ی ماددەکانی کۆمیسیۆنی یاسای نێودەوڵەتی (International Law Commission – ILC) سەبارەت بە بەرپرسیارێتیی دەوڵەتان، وەک لایەنێکی “بەتایبەتی زیانلێکەوتوو” (specially affected) هەژمار بکرێت. دەوڵەتانی تر دەتوانن بەرپرسیارێتیی ئێران لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیدا بخەنە ڕوو، بەڵام مافی ئەوان لە گرتنەبەری ڕێکاری بەرپەرچدانەوەدا جێی مشتومڕی زیاترە.
ڕێکارێکی بەرپەرچدانەوەی کاریگەر بەرامبەر بە داخستنی هورمز لەسەر دەستی ئێران، دهكرێت چی بێت؟
بیرۆکەیەک ئەوەیە، بۆ سەرکردایەتیی ئێران ڕوون بکرێتەوە کە ئێران خۆیشی پشت بە ڕژێمی یاساییی هاتوچۆی ئازاد بە گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا دەبەستێت.
گەرووەکانی مالاکا و سەنگافوورە خاڵێكی تەنگەبەری(choke point) یەکلاکەرەوەترن بۆ بازرگانیی دەریاییی جیهانی. پشکی بازرگانیی دەریاییی جیهانی کە بەو گەرووانەدا تێ دەپەڕێت، زیاتر لە دوو هێندەی پشکی گەرووی هورمزە، کە بە گوێرەی پێداچوونەوەیەکی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (United Nations Conference on Trade and Development – UNCTAD) لە ساڵی 2023دا بە ڕیزبەندی %23.7 و %11.1 بووە. ئەوەی بۆ مەبەستی گرتنەبەری ڕێکارێکی بەرپەرچدانەوەی کاریگەر دژی ئێران گرنگترە، ئەوەیە کە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین- کە لە ساڵی 2025دا زیاتر لە %80ی نەوتی گواستراوەی ئێرانی کڕیوە- بەنێو گەرووەکانی مالاکا و سەنگافوورەدا تێ دەپەڕێت.
ڕوونترین شێوازی ڕێکاری بەرپەرچدانەوەی پەیوەست بە گەرووەکان، دەکرێت ئاراستەی ئەو کەشتییانە بکرێت کە ئاڵای ئێرانیان هەڵکردووە، لە ڕێگەی هەڵپەساردنی کاتیی هاتوچۆی ئازادیان بەنێو گەرووەکانی مالاکا و سەنگافوورەدا، یان سەپاندنی سەرانەیەکی هاوتا، تا ئەو کاتەی ئێران ڕێگری لە تێپەڕبوونی یاسایی بە گەرووی هورمزدا ڕادەگرێت.
هەرسێ دەوڵەتی کەناراوی گەرووی مالاکا- واته مالیزیا، ئهندۆنیزیا و سەنگافوورە- بانگەشەیەکی بەجێیان هەیە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ یان بە شێوەیەکی تایبەت بەهۆی کردەوەکانی ئێرانەوە لە گەرووی هورمزدا زیانیان بەرکەوتبێت؛ ئەمەیش مافی ئەوەیان پێ دەدات ڕێکاری بەرپەرچدانەوە دژی ئێران پەیڕەو بکەن. ئێران لە کاتی تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا لە ئاوەکانی عومان، هێرشی کردە سەر کەشتییەک کە ئاڵای سەنگافوورەی هەڵکردبوو. حەوت کەشتیی پەیوەندیدار بە مالیزیا لە کەنداوی فارسدا گیریان خواردبوو تا ئەو کاتەی ئێران ڕازی بوو “مۆڵەتی ڕێگەپێدان”یان پێ بدات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی هورمزەوە دەربچن. بە هەمان شێوە، ئهندۆنیزیا دوو تانکەری نەوتی هەبوو کە کۆمپانیای وزەی دەوڵەتیی پێرتامینا (Pertamina) بەڕێوەی دەبردن و لە مانگی ئازارەوە لە کەنداوی فارسدا گیریان خواردبوو تا لە مانگی تەممووزدا دەربازیان بوو. بە شێوەیەکی گشتیتر، ئەم سێ دەوڵەتە و دەوڵەتانی تری ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دەکرێت بە شێوەیەکی تایبەت بەهۆی دەستوەردانی ئێرانەوە لە گەرووی هورمزدا زەرەرمەند بن، بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی یەکلاکەرەوەیان بە هاتوچۆی نەوت لە ڕێگەی گەرووەکەوە بە بەراورد بە دەوڵەتانی ناوچەکانی تری جیهان.
مافی یاسایی بۆ گرتنەبەری ڕێکاری بەرپەرچدانەوە بابەتێکە و، ئیرادەی سیاسی بۆ ئەنجامدانی، بابەتێکی ترە. تا ئێستا کاردانەوەی ئەم دەوڵەتانە بەرامبەر بە قەیرانەکە جیاواز بووە: لە کاتێکدا مالیزیا و ئهندۆنیزیا دانوستانیان لەگەڵ ئێراندا کرد بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی ئازادانەی کەشتییەکانیان بە هورمزدا، وەزیری دەرەوەی سەنگافوورە ڕای گەیاند کە سەنگافوورە وەک بابەتێکی پرەنسیپی و یاسای نێودەوڵەتی، لەسەر تێپەڕبوونی پارێزراو یان پێدانی پارە بۆ تێپەڕبوون لە هورمزدا دانوستان لەگەڵ ئێران ناکات و پێداگری لەسەر مافی تێپەڕبوونی ترانزێت لە گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا دەکاتەوە، کە بەسەر گەرووەکانی مالاکا و سەنگافوورەیشدا پەیڕەو دەبێت.
وەک وەزیری دەرەوە جەختی لێ کردەوە، بابەتەکە بریتی نییە لە لایەنگری لە جەنگەکەدا و، لە ڕاستیدا ڕێکارە بەرپەرچدانەوە پێشنیازکراوە ڕاستەوخۆ و هاوسەنگەکان دژی ئێران، ناتوانرێت وەک کردەوەیەکی جەنگی یان دوژمنکارانە (belligerent act) هەژمار بکرێن. دەکرێت داهاتی سەپاندنی سەرانەیەکی لەو شێوەیە بەسەر کەشتییە ئێرانییەکاندا وەک ڕێکارێکی بەرپەرچدانەوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خاوەن کەشتییانە تەرخان بکرێت کە ناچار کرابوون بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا پارە بدەنە ئێران. بەو هیوایەی سەرکردایەتیی ئێران تێ بگات کە داخستنی هورمز شمشێرێکی دوودەمە و، کۆتایی بەم ڕەفتارە بهێنێت.
هەروەها، ئەو ڕێکارە بەرپەرچدانەوانەی کەشتییە ئێرانییەکان دەکەنە ئامانج، لەوانەیە بێکاریگەر بن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی درێژخایەنی ئێران لە دەربازبوون لە سزاکانی نێودەوڵەتی و شێواندنی سەرچاوەی هەناردەکانی. بەهۆی سزاکانی پێشووی ئەمریکاوە، نەوتی هەناردەکراوی ئێران بۆ چین بە شێوەیەکی باو وەک نەوتی مالیزیا و ئهندۆنیزیا ناوزەد دەکرا و، لەوانەیش بوو بارە ئێرانییەکان بە کەشتیی هەڵگری ئاڵای دەوڵەتی سێیەم بگوازرێنەوە. گرتنەبەری ڕێکار دژی ئەو بارانە ئاستەنگی یاساییی زیاتر دروست دەکات، چونکە ناتوانن دەستوەردان لە مافەکانی تێپەڕبوونی ترانزێتی دەوڵەتی خاوەن ئاڵادا بکەن. ئەنجامدانی ئەوەی ئێران دەیکات (داخستنی هەموو هاتوچۆیەک لە گەروویەکدا یان بەنیازبوون بۆ سەپاندنی باج بەسەر هەموو کەشتییەکدا)، زۆر ئاسانترە لە پەیڕەوکردنی سیستهمێکی کاریگەر بۆ دەستنیشانکردن و سەپاندنی باج تەنیا بەسەر بارە ئێرانییەکاندا، بێ ئەوەی مافی کەشتییەکانی دەوڵەتانی تر پێشێل بکرێت.
جێگرهوهیهكی چاوهڕوانكراو، بریتییە لە گرتنەبەری ڕێکار لە بەندەرەکاندا کە باری ئێرانی بکاتە ئامانج، وەک دەستبەسەرداگرتن یان سەپاندنی سەرانە، لەبری دەستوەردان لە خودی تێپەڕبوونی ترانزێت.
هاوکات لێرەیشدا کێشەیەکی کرداریی تر هەیە بەهۆی تاکتیکی خۆدزینەوە لە بەندەرەکان لە ڕێگەی گواستنەوەی نەوتی ئێران لە کەشتییەوە بۆ کەشتی (ship-to-ship – STS) لە دەرەوەی ئاوە هەرێمییەکاندا. ئەم گواستنەوانە زۆر جار کەشتییەکانی “کەشتیگەلی سێبەر” (shadow fleet) لەخۆ دەگرن، کە تۆمارەکانیان دەشارنەوە و سیستەمی ناسینەوەی شوێنەکانیان دەکوژێننەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم گواستنەوانە لە نزیک مالیزیا و لە ناوچەی ئابووریی تایبەتی (Exclusive Economic Zone – EEZ) ئەو وڵاتەدا کە هاوسنوورە لەگەڵ ئاوەکانی ئهندۆنیزیادا، ڕوو دەدەن. دەسەڵاتدارانی مالیزیا هۆکاری سنوورداریی جێبەجێکردنی یاسا لەلایەن خۆیانەوە بە “بۆشایی لە دەسەڵاتی دادوەریدا” لێک دەدەنەوە، هاوکات لەگەڵ نەبوونی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی نێودەوڵەتی و نەبوونی بوودجە بۆ جێبەجێکردنی یاسا لە دەریاکاندا. وەزارەتی دەرەوەی ئهندۆنیزیاش ڕای گەیاند کە “ئهندۆنیزیا ڕێگە نادات خاکەکەی یان ناوچە دەریایییەکانی، بۆ چالاکیی نایاسایی بەکار بهێنرێن.”
هەرچەندە کۆسپی یاسایی لەبەردەم جێبەجێکردندا هەن، بەڵام تێپەڕاندنیان مەحاڵ نییە. گواستنەوەی کەشتی بۆ کەشتی (STS) لە بنەڕەتدا لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە نایاسایی نییە، بەڵام پرۆسەکە مەترسیی سەلامەتی و پیسبوونی ژینگەی بەدواوەیە؛ ئەمەیش شەفافییەت و پەیڕەوکردنی ڕێکاری دیاریکراو لە ئاست دەوڵەتانی کەناراودا دەخوازێت. لەم چوارچێوەیەدا، بڕیارنامەیەکی ساڵی 2023ی ڕێکخراوی IMO ڕاسپاردە دەکات کە دەوڵەتانی کەناراو چاودێریی ئەم گواستنەوانە بکەن؛ نەک تەنیا لە ئاوە هەرێمییەکانیاندا، بەڵکوو لە ناوچەی ئابووریی تایبەتیشیاندا (EEZ). هاوکات بڕیارنامەکە هانی ئەم دەوڵەتانە دەدات لە ئەگەری پێشێلکردنی ڕێساکانی سەلامەتی و پاراستنی ژینگە لە پیسبوون، دەستبەجێ ڕێکار بگرنە بەر. کەواتە، بڕیاری مالیزیا و ئهندۆنیزیا بۆ هاوکاری لە پێشگرتن بە گواستنەوەی نەوتی ئێران لە ئاوەکانیاندا، بەپێی یاسای دەریاییی نێودەوڵەتی، تەواو ڕێگەپێدراوە؛ تەنانەت پێویست ناکات ئەم هەنگاوە وەک “ڕێکاری بەرپەرچدانەوە” لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی دەوڵەتدا پۆلێن بکرێت، بەڵکوو ئەوەی پێویستە تەنیا ئیرادەی سیاسی و پێداچوونەوەیە بە ئەولەوییەتەکاندا. بەڵام، جێی جەختکردنەوەیە کە ڕێکارەکانی بەرپەرچدانەوە تەنیا لە هەمان کایەی کردەوە ناڕەواکەدا قەتیس نابن. ئەگەر لەبەر هۆکاری سیاسی یان کەموکوڕی لە کاریگەریدا، ڕێکارەکانی بەرپەرچدانەوەی پەیوەست بە گەروو یان ڕێکارە دەریایییە گشتییەکان گونجاو نەبوون، دەکرێت ڕێکاری بەرپەرچدانەوە لە کایەکانی تردا لەبەرچاو بگیرێت، بۆ نموونە: لە فڕۆکەوانیی مەدەنی یان پەیوەندیی مانگە دەستکردەکاندا.
هەڵوێستی ناڕوونی چین
خوێنەرێکی وردبین لەوانەیە بە مافی خۆی بزانێت بپرسێت: ئەی هەڵوێستی چین چییە؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چین زیاتر لە %80ی نەوتی ئێران هاوردە دەکات، ئایا باشترین کارتی گوشاری نییە بۆ قایلکردنی ئێران بە ڕاگرتنی داخستنی هورمز و دەستبەرداربوون لە پلانەکانی بۆ کۆکردنەوەی سەرانەی تێپەڕبوون؟ بۆچی دهبێت هەوڵ بدرێت ڕێگه لە نەوتی ئێران له ڕێڕهوی گواستنهوهدا بگیرێت، لە کاتێکدا سەپاندنی سزا لە شوێنی مەبەستدا لەوانەیە سادەتر و کاریگەرتر بێت؟ هەڵوێستی چین سەبارەت بەم پرسە چییە؟
چین جاروبار زاراوەی تێپەڕبوونی ترانزێتی بەکار هێناوە کاتێک لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی کەشتیوانیی خۆیدا بووبێت. بۆ نموونە، کاتێک دەربارەی ناڕەزایەتییەکی ژاپۆن پرسیاری لێ کرا کە بانگهشهی دەکرد کەشتییەکی جەنگیی چین چووەتە نێو ئاوە هەرێمییەکانی ژاپۆنەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وەڵامی دایەوە کە “بەپێی ماددە پەیوەندیدارەکانی UNCLOS، دەکرێت گەرووی تۆکارا (Tokara Strait) بۆ کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بەکار بهێنرێت و، بە کەشتیوانیکردن بە نێو گەرووەکەدا، کەشتییە چینییەکە مافی خۆی لە تێپەڕبوونی ترانزێتدا پەیڕەو دەکرد، کە بەتەواوی یاسایی و ڕەوایە.”
لە چوارچێوەی گەرووی هورمزدا، وا دەردەکەوێت لێدوانەکانی چین پشتیوانی لە ئازادیی کەشتیوانی دەکات. کاتێک لە مانگی نیساندا پرسیار لە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین كرا دەربارەی هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە پلانی ئێران بۆ وەرگرتنی کرێی کەشتیوانی لە هەر کەشتییەک کە بە گەرووی هورمزدا تێ دەپەڕێت، لە وەڵامدا گوتی گەرووەکە “ڕێڕەوێکی بازرگانیی نێودەوڵەتیی گرنگە بۆ کەلوپەل و وزە” و، پێداگریی کرد لەسەر ئەوەی کە “دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی بێبەربەست، لە خزمەتی بەرژەوەندیی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە.”
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی تردا پاش مانگێک، کاتێک ئاماژەی بە هێرشێک کرد لە نزیک دەروازەی گەرووی هورمز بۆ سەر تانکەرێکی نەوتی پاڵاوتراو کە خاوەندارێتییەکەی بۆ چین دەگەڕایەوە و دەستەیەکی چینی لەژێر ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵدا (Marshall Islands)بەڕێوەیان دەبرد، هەمان وتەبێژ گوتی گەرووی هورمز “گەروویەکە بۆ کەشتیوانیی نێودەوڵەتی” و، پاش دەربڕینی نیگەرانی دەربارەی ئەو کەشتی و دەستە کەشتیوانانەی لە گەرووەکەدا گیریان خواردووە، دووپاتی کردەوە کە “لە بەرژەوەندیی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە هاتوچۆی بێبەربەست بەنێو گەرووەکەدا لە زووترین کاتدا دەست پێ بکاتەوە.”
ڕاپۆرتێکی فەرمیی چین سەبارەت بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان وەزیرانی دەرەوەی چین و ئێران، لە زاری وەزیری دەرەوەی چینەوە بڵاوی کردەوە کە هاوشانی مافەکانی ئێران، “دەبێت ئازادی و سەلامەتیی کەشتیوانی لە گەرووە کراوە نێودەوڵەتییەکەدا گەرەنتی بکرێت.”
سەرباری ئەمەیش، چین ڤیتۆی دژی بڕیارنامەی 2817ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکار نەهێنا، کە دانی نا بە “تێپەڕبوونی یاساییی ترانزێت یان ئازادیی کەشتیوانی” بە گەرووی هورمزدا و، بڕیاری دا کە هەوڵدان بۆ دروستكردنی ئاستەنگ لهبهردهم ئەم مافە، “هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی پێک دەهێنێت.”
بەپێچەوانەوە، چین شان بە شانی ڕووسیا، ڤیتۆی دژی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی دواتر بەکار هێنا کە بەحرێن لەگەڵ چەند دەوڵەتێکی تری عەرەبیدا پێشکەشیان کردبوو. ئەم ڕەشنووسە پێشنیازی زیادکردنی بڕگەیەکی بۆ بڕیارنامەی پێشوو دەکرد کە بەتوندی هانی دەوڵەتانی پەیوەندیداری دەدا، ڕێکاری بەرگریكارانە بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی و ئاسایشی کەشتیوانی بەنێو گەرووی هورمزدا هەماهەنگ بکەن، لەوانەیش پاسەوانیکردنی کەشتییە بازرگانییەکان. چین هۆکاری دەنگی خۆی بەوە ڕوون کردەوە کە “چارەسەری بنەڕەتی بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی پارێزراوی کەشتییەکان بەنێو گەرووی هورمزدا، بەدیهێنانی ڕاگرتنی شەڕ و دوژمنكارییەکانە” و ڕەخنەی لە ڕەشنووسەکە گرت کە “ڕەگە بنەڕەتییەکانی ئەم ململانێیە”ی پشتگوێ خستووە، کە بە بڕوای چین بریتین لە “کردەوە سەربازییە نایاسایییەکان کە ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ئەنجامیان داون.” چین نیگەرانیی ئەوەیشی خستە ڕوو کە ڕێگەدان بە بەکارهێنانی پاسەوانی چەکدار، لەوانەیە بەهەڵە لێک بدرێتەوە و خراپ بەکار بهێنرێت؛ هاوکات ئاماژەی بەو وانانە کرد کە پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش لە کەیسی لیبیاوە وەریان بگرێت.
لە کاتێکدا دەکرێت لە نیگەرانیی کۆتایی دەربارەی هێزی سەربازی وەک بەشێک لە هەڵوێستێکی نەگۆڕی چین تێ بگەین، بەڵام ئەو گرێدانەی حکوومەتی چین لەنێوان بوونی دوژمنکاری، ڕەواییی جەنگ دژی ئێران و، داخستنی گەرووی هورمز لەسەر دەستی ئێران ئەنجامی دەدات، سەختترە وەک پێگەیەکی یاساییی بەجێ قبووڵ بکرێت. ئامانجی بنەڕەتیی یاسای بێلایەنی (law of neutrality) بریتییە لە سنووردارکردنی کردەوەی لایەنە شەڕکەرەکان کە دەکرێت زیان بە کەشتیوانیی بێلایەن بگەیەنێت. وەک پێشتریش ئاماژەی پێ کرا، ناتوانرێت مافی تێپەڕبوونی ترانزێت لەبەر هۆکاری ئەمنی هەڵپەسێردرێت. تەنانەت ئەگەر جەنگەکە ناڕەواش بووبێت، ئەمە ماف ناداتە ئێران کە یاسای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە دەوڵەتانی بێلایەن پێشێل بکات لە ڕێگەی ڕێگریکردن لە مافیان لە تێپەڕبوونی ترانزێت بە هورمزدا.
دۆخەکە هەرچۆنێک بێت، وا دەردەکەوێت چین ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ پاراستنی هاتوچۆی ئازاد بە گەرووی هورمزدا، لە لێدوانی ڕووکەشانە زیاتر ناڕوات. ئەمەیش گرنگیی دۆزینەوەی ڕێکاری تری بەرپەرچدانەوە بۆ هاندانی ئێران لەپێناو ڕاگرتنی خنکاندنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە یەکلاکەرەوەیە، بەو جۆرەی لە سەرەوە پێشنیاز کرا، زیاتر دەکات.
لە ڕۆژگارێکدا کە باشترین سەردەم نییە بۆ یاسای نێودەوڵەتی، بەکارهێنانی کاریگەرانەی ئامرازە ناتوندوتیژەکان بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی نەک بە دەستی زلهێزەکان، بەڵکوو بە دەستپێشخەریی دەوڵەتانی “ئاسایی”ی باشووری جیهان (Global South) کە بەهۆی پێشێلکردنی ئەم پڕسەنسیپەوە لەسەر دەستی ئێران زیانیان بەرکەوتووە، دەتوانێت هێمایەکی ئومێدبەخش بێت. نەکرانەوەی گەرووی هورمز بە زەبری هێز، هەرگیز بەو مانایە نییە کە جیهان مل بۆ سەرانەسەندنەکانی ئێران کەچ بکات.
تێبینی:
بۆچوون و شرۆڤەکانی ناو ئەم وتارە تەنیا گوزارشت لە ڕوانگەی نووسەر دەکەن و، مەرج نییە ڕەنگدانەوەی دید یان سیاسەتی ماڵپەڕ بن.









زیاد کردنی کۆمێنت