نووسەر: گۆردن جی. چانگ (Gordon G. Chang)
ماڵپەڕ: زە هیڵ (The Hill)
سکـــــــــۆت بێسێــــــــنت (Scott Bessent)، وەزیـــــــــــری گەنجــــــــینەی ویلایەتە یەکگـــرتووەکان (U.S. Treasury Secretary)، لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە بەرنامەی ”ڕۆب شمیت تۆنایت” (Rob Schmitt Tonight)ی کەناڵی نیوزماکس (Newsmax)دا ڕای گەیاند: ”سەبارەت بە چین، لە دۆسیەی ئێراندا خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ ئەو وڵاتە، زۆر زیاترە له خاڵی ناكۆكیمان.” ناوبراو ئاماژەی بەوەیش کرد: ”هەردوو لامان هاوڕاین لەسەر ئەوەی، نابێت ئێران دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی. ”
ئیدارەی ترەمپ (Trump administration) پێویستیی بە وانەیەکی مێژووە: ئێران تەنیا لەبەر ئەوە خاوەنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمییە، چونکە چین، چ بەڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ، هەموو ئەو کەرەستانەی پێ داوە کە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پێویست بوون.
چین سەرەتا تەکنەلۆژیای چەکی ئەتۆمیی بۆ پاکستان نارد؛ پاکستانیش لەبەرامبەردا وەک بریکاری چین کاری کرد و تەکنەلۆژیا ئەتۆمییەکەی بە سەرانسەری کیشوەری ئاسیادا بڵاو کردەوە، لەنێویاندا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆریای باکوور. عەبدولقەدیر خان (Abdul Qadeer Khan)، کە بە ”باوکی بۆمبی پاکستانی” دەناسرێت، دانی بەوەدا نا کە کەرەستە و تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی بە ئێران و چەندان لایەنی دیکەیش فرۆشتووە. ئێران هەر لە ڕێگەی “خان”ەوە یەکەمین سەنتەرفیوژەکانی (Centrifuges) دەست کەوت؛ ئەم ئامێرانه خێراتر گازی یۆرانیۆم بۆ ئایزۆتۆپە جیاوازەکان لێک جیا دەکەنەوە و خاوێنیی ئەم ماددە کارایە تا ئاستی بەکارهێنانی سەربازی بەرز دەکەنەوە.
هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکەی خان لە دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا، گورزێکی گەورە بوو لە ئامانجەکانی چین. دواتر پەکین دوو نەخشەی جێگرەوەی خستە گەڕ: یەکەمیان، ڕێگەی بە هاووڵاتیانی کۆریای باکوور دا بچنە ئێران؛ لەوێش سەدانیان لە نزیکەی 10 دامەزراوەی چەکی ئەتۆمی و مووشەکیدا دەستبەکار بوون. بەپێی وتەی هێنری سۆکۆلسکی (Henry Sokolski) لە سەنتەری پەروەردەی سیاسەتی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەک (NPEC)، ژمارەی زانایان، پسپۆڕان و تەکنیککاران ئەوەندە زۆر بوو، دەستیان بەسەر هاوینەهەوارێکی تەواوی کەنار دەریای ئێراندا گرتبوو.
هاوکات کۆریای باکوور کەرەستەی ناوکی بۆمبی (Bomb Cores) بە ئێران دەفرۆشت، کە لەوانەیە تەنانەت یــۆرانــــــــیۆمی پلـــــــــــــــــــــــــــــــــە-سەربــــــــازییش (Weapons-Grade Uranium) بــــــــووبێــــــــــت. ڕۆژنــــامەی تێلەگـــــــــــــــراف (The Telegraph) بڵاوی کردەوە کە لە ساڵی 2002دا، بەرمیلێکی یۆرانیۆمی کۆریای باکوور قڵیشابوو و قیڕی گۆڕەپانی فڕۆکەخانە نوێیەکەی تارانی پیس کردبوو.
لە تشرینی یەکەمی 2012دا، ئێران دەستی کرد بە ناردن و جێگیرکردنی کارمەندانی خۆی لە بنکەیەکی سەربازیی کۆریای باکوور، لە ناوچەیەکی شاخاویی نزیک سنووری چین. ئەم ئێرانییانە، کە سەر بە وەزارەتی بەرگری و کۆمپانیا وابەستەکانی بوون، بەپێی زانیارییەکان لەسەر هەردوو بەرنامەی مووشەکی و چەکی ئەتۆمی کاریان دەکرد.
داهاتی فرۆشتنی چەکی پیۆنگیانگ یەکجار زۆر بوو. لە ساڵی 2011دا، لاری نیکش (Larry Niksch) لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS)، داهاتی ساڵانەی کۆریای باکووری لەم بازرگانییەدا بە ”1.5 ملیار بۆ 2.0 ملیار دۆلار” خەمڵاند. بەشێکی بەرچاو لەم سەرمایەیە پەیوەندیی بە هەوڵەکانی تارانەوە هەبوو بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
ئێران لەبەرامبەر ئەو پارەیەدا کەرەستە و دەستکەوتی زۆری کڕی. بە ئەگەرێکی نزیک لە دڵنیایییەوە، موحسین فەخریزادە (Mohsen Fakhrizadeh)- کە بە زانای سەرەکیی ئەتۆمیی تاران دادەنرا- لە شوباتی 2011دا لە ناوچەی پونگی-ری (Punggye-ri) لە کۆریای باکوور بووە تا لە نزیکەوە بینەری سێیەمین تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی پیۆنگیانگ بێت. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەیش دەکەن کە تەکنیککارانی ئێرانی لە دوو تەقینەوەکەی پێشوویشدا هەر لەو شوێنە ئامادە بوون.
پەیوەندیی چین بەم بازرگانییەی نێوان کۆریای باکوور و ئێران چی بوو؟ پەکین هاوکاریی پیۆنگیانگی کرد لە دروستکردنی بۆمبەکەیدا و دەسەڵاتەکەی کیم-یشی بەتوندی لەژێر ڕکێفی خۆیدا هێشتبووەوە، بەتایبەت کاتێک مۆسکۆ لەدوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت چیتر توانای نەمابوو هاوکاریی داراییی کۆریای باکوور بکات. هەر بۆیە چاوەڕوانکراو بوو کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، کەسایەتییە نهێنییەکەی وەک فەخریزادە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی چینەوە گەشتی بۆ کۆریای باکوور کردبێت تا چاودێریی سێیەمین تاقیکردنەوەی ئەو وڵاتە بکات؛ هەروەها ئێرانییەکان بەدڵنیایییەوە خاکی چینیان وەک وێستگەی گواستنەوە بۆ بینینی دوو تەقینەوەکەی دیکەیش بەکار هێناوە.
دووەم نەخشەی جێگرەوەی چین لە قۆناغی دوای خاندا، گرتنەئەستۆی ڕاستەوخۆی ڕۆڵی پاکستان بوو. هاوکات لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکەی خان، پەکین لەپاڵ ڕێگە ناڕاستەوخۆکانی پاکستان و کۆریای باکووردا، ناردنی ڕاستەوخۆی کەرەستە و ئامێرەکانی بۆ تاران چڕتر کردەوە. بەڵگەکان دەری دەخەن چین لانی کەم لە کۆتاییی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە کەرەستەی ئەتۆمیی بۆ ئێران قاچاخ کردووە.
بۆ نموونە، لە تشرینی دووەمی 2003دا، پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) پەنجەیان بۆ چین ڕاکێشا وەک یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی ئەو کەرەستانەی لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێراندا بەکار دەهاتن. بە وتەی مایکڵ لیدین (Michael Ledeen)، پسپۆڕی کاروباری ئێران، لە پایزی 2003دا شارەزایانی ئەتۆمیی چین بەچڕی و بێوچان لەنێو ئێراندا سەرقاڵی کارکردن بوون.
ئەنجومەنی نیشتمانیی بەرگریی ئێران (NCRI)- ئەو گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەی لە ساڵی 2002دا دامەزراوەی بەرهەمهێنانی ئاوی قورسی لە ئەراک و وێستگەی ژێرزەمینیی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە نەتەنز ئاشکرا کرد- لە ئەیلوولی 2005دا تۆمەتی ئەوەی دایە پاڵ چین کە لە ساڵی 2003وە بەنهێنی سەنتەرفیوژ بە ئێران دەفرۆشێت.
گرووپەکە ئاماژەی بەوەیش کرد کە چینییەکان لە ساڵی 2004دا ژێربەژێر بێریلیۆم (Beryllium)یان بۆ ئێران ڕەوانە کردووە؛ کە کانزایەکە لە دەستپێکەرە نیوترۆنییەکاندا (Neutron Initiators) بۆ تەقاندنەوەی کڵاوەی ئەتۆمی بەکار دێت. بەهۆی سروشتی شاراوەی ئەم مامەڵانەوە، زۆر دوورە لە ڕاستییەوە ئێران ئەم کانزایەی بۆ مەبەستی ئاشتییانە دەست خستبێت. ئەم زانیارییە تەواو یەک دەگرێتەوە لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتانەی ئەو سەردەمە کە باسیان لە هەوڵە نهێنییەکانی ئێران دەکرد بۆ کڕینی بێریلیۆم.
لە تەممووزی 2007دا، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ (Wall Street Journal) ئاشکرای کرد کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناڕەزایەتیی فەرمیی ئاراستەی پەکین کردووە، بەهۆی ئەوەی کۆمپانیا چینییەکان بە پێشێلکردنی دوو بڕیاری یەکەمی ئەنجومەنی ئاسایش (UNSC) لەسەر ئێران، کەلوپەلێکیان هەناردەی تاران کردووە کە دەکرێت لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا یارمەتیدەر بێت.
لە ئازاری 2011دا، پۆلیسی مالیزیا لە بەندەری کلانگ (Port Klang) دەستی بەسەر دوو کۆنتێنەردا گرت لەنێو کەشتییەکدا کە لە چینەوە بەرەو ئێران بهڕێوه بوو. دەسەڵاتداران گومانیان کرد ئەو کەرەستانەی لەژێر ناوی ”کەلوپەلی بەکارهاتوو لە تێکەڵکردنی شلە یان کۆگهکردن بۆ پیشەسازیی دەرمانسازی، کیمیایی یان خۆراک” بار کرابوون، لە بنەڕەتدا پارچەی کڵاوەی ئەتۆمی بوون.
بەرپرسانی وڵاتانی ئاسیا بەردەوام دەستیان بەسەر باری کەرەستە و پێداویستییەکاندا دەگرت کە کۆمپانیا حکوومییەکانی چین بە ئێرانییەکانیان دەفرۆشت. ناوی چەندان دامەزراوەی چینی لە گواستنەوەی پۆڵای مارەیجینگ (Maraging Steel)، موگناتیسی بازنەیی، زمانە و پێوەرەکانی بۆشایی (Vacuum Gauges) تێوە گلاوە؛ ئهو كهرهستانهی کە ئاشکرایە هەموویان لە هەوڵەکانی ئێراندا بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بەکار دەهاتن.
وەزیر بێسێنت! ئەوە چینە ئێرانی بەم شێوەیە مەترسیدار کردووە.
تێبینی: بۆچوون و شرۆڤەکانی ناو ئەم وتارە تەنیا گوزارشت لە ڕوانگەی نووسەران و ماڵپەڕەکەیان دەکەن و، مەرج نییە ڕەنگدانەوەی دید یان سیاسەتی خانەی هزریی کوردستان بن.
دەربارەی نووسەر
گۆردن جی. چانگ (Gordon G. Chang) نووسەری کتێبەکانی:
١- ”پلانی سوور: پڕۆژەی چین بۆ لەناوبردنی ئەمریکا” ‘(Plan Red: China’s Project to Destroy America)
٢- ”داڕمانی چاوەڕوانکراوی چین” (The Coming Collapse of China).









زیاد کردنی کۆمێنت