هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی
پێشەکی
"واینێر" لە وتارێکدا کە لە ساڵی ١٩٦٥دا بڵاو کرایەوە، دەپرسێت بۆچی هەندێ کۆمەڵگە سەرکەوتوو دەبن لە دروستکرنی کۆمەڵێک ئافرەت و پیاو کە لە توانایاندایە کۆمەڵێک ڕێکخراوی فرەئەرک و پایەدار لە پێناو خزمەتی گشتی دابمەزرینن. "واینێر" وەڵامەکەی لە پێشکەوتن لە دامەزراندنی ڕێکخراو/دامەزراوەکاندا دەدۆزێتەوە. دوای تێپەڕبوونی نزیکەی نیو سەدە بەسەر ئەم پرسیارەی واینێردا، فرانسیس فۆکۆیاما هەر هەمان پرسیار بە شێوازەکی تر دووبارە دەکاتەوە و لە وتارێکدا بە ناونیشانی "دیموکراسی و کوالێتیی دەوڵەت" دەپرسێت، بۆچی هەندێ وڵات دەتوانن پەرە بە تواناکانیان بدەن لە دابینکردنی گەشەسەندن و ڕاددەیەکی بەرز لە خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییەکان و، هەندێکی تریش نوقمی گەندەڵی دەبن؟ بۆ دۆزینەوەی وەڵامی گەندەڵی، پەنجە بۆ نوخبەی سیاسی درێژ دەکات و بێرلێسکۆنی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا بە نموونە دێنێتەوە کە نەك تەنیا کێشەی گەندەڵیی چارەسەر نەکرد، بەڵکوو شێوازێکی مۆدێرنیشی پێ بەخشی و لە ڕێگەی دامەزراندنی ئیمپراتورییەکی ڕاگەیاندنەوە توانی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەست بهێنیت و خۆی لە بەدواداچوونە یاسایییەکان بدزێتەوە.
هەرێمی کوردستان و پرۆسەی حکوومەتداری
پرۆسەی حکوومەتداری هەم لە ڕووی چەمک و هەمیش لە ڕووی میکانیزمی گەیشتن بە ئامانجەکان، بەردەوام لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. ئەمەیش بە مانای سەیالییەتی (Fluidity) چەمکەکە لە لایەک و گرنگیی چەمکەکە لە لایەکی ترەوە دێت. پرۆسەی حکوومەتداری لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەڵام ئەوەی کە جێی تێڕامانە سەرەڕای بەدەستهێنانی ئەزموون لە لایەن خودی نوخبەی دەسەڵاتدار لە لایەک و زیادبوونی ژمارەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر شێواز و جۆرەکانی حکوومەتداری لە جیهاندا لە لایەکی ترەوە، کەچی تا هەنووکەیش (لانی کەم بە دیدی نووسەری ئەم بابەتەوە) حکوومەتداری لە هەرێمی کوردستان زۆرتر گریمانەی چەقبەستوویی بەخۆوە دەبینێت. ئەمەیش لە کاتێکدایە کە لێکوڵێنەوەکان جەخت لەسەر چەمکی حکوومەتی خزمەتگوزار لە چوارچێوەی سیستەمی دیموکراسیدا دەکەنەوە کە تا چ ڕاددەیەک دەتوانێت خزمەتگوزاری بۆ گشت چین و توێژەکان و سەرتاسەری وڵات دابین بکات. خودی دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیش، بەندە بە ڕاددەی کارامەیی (capacity)ی حکوومەتەکەوه.
ئەگەرچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ڕاپەڕین دامەزرا، بەڵام ناکارامەیی یاخود کامڵنەبوونی پرۆسەی حکوومەتداری لەم هەرێمەدا تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ بەڵکوو بۆ تێگەیشتن لەم ناکارامەیییە، پێویستە خوێندنەوەیەکی جددی بۆ قۆناغی پێش ڕاپەڕین و جیهانبینیی حزبە سیاسییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەو قۆناغەدا بکەین (واتە پێش بوونی کوردستانی عێراق بە هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و جوگرافییەوە). کەواتە واقعییەتی کارامەنەبوون، دەرەنجامی کەڵەکەبووی مێژوویییە، کە دەکرێت لە دوو قۆناغى جیاوازدا سەیر بکرێت: یەکەم: قۆناغى پێش ڕاپەڕین؛ دووەم: قۆناغى دوای ڕاپەڕین کە ئەم قۆناغەیش بە سەر چەند قۆناغی تردا دابەش دەبێت.
یەکەم: قۆناغى پێش ڕاپەڕین
گومانی تێدا نییە لەم قۆناغەدا میراتی کهلتووری سیاسیی عێراق و ڕاددەی پێشکەوتنی ئابووری، هەم لەسەر ئاستی عێراق و هەمیش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، کاریگەریی لەسەر پرۆسەی حکوومەتداریی داهاتووی کوردستانی عێراق هەبووە. بەڵام ئەوەی کە لەم بابەتە جەختی لەسەر دەکەمەوە، کارکرد و شێوازی سیاسەتکردنی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە. چونکە حزبە سیاسییەکان کۆڵەکەی سیستەمی دیموکراسی پێک دێنن. هەر بۆیەیش یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی بەرەودواوەچوون لە کایەی سیاسیدا، بۆ جیهانبینیی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە. ئەگەرچی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە جیهانبینیی ئەم حزبە سیاسییانە لەگەڵ بارودۆخی هەرێمی کوردستاندا نەگونجاوە کە "لیوناردۆ بایندەر" ئەم حاڵەتە بە ڕۆمانتیک-ناسیۆنالیست ناو دەبات کە لە هەمبەر حاڵەتی عەقڵانی- کامڵگەرا (Rational-evolutionist) دەوەستێت. بەڵام سەرەڕای گۆڕینی چەمکەکان لە لایەن ئەم حزبانەوە، کەچی هەمان جۆری جیهانبینی بەسەریاندا زاڵە. بۆ نموونە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی "پارتی دیموکراتی کوردستان" و "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" ئایدیۆلۆژیی مارکسیستی-لێنینیستی لە لایەن ئەم حزبانەوە پەیڕەو کرا کە لەگەڵ بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەوکاتی کوردستانی عێراقدا نەدەگونجا. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی کوردستان بریتی بوو لە کۆمەڵگەیەکی پشتبەستوو بە چەمکی ئایینی-خێڵایەتی، کە وای کرد زۆرێک لە خەڵک و بەتایبەتیش گوندنشینان بەگومانەوە سەیری ئەم حزبانەی خاوەن ڕێچکەی مارکسیست-لێنینیستی بکەن. تەنانەت هۆکاری پەیڕەویکردنیش لەم حزبانە، زۆرتر دەگەڕایەوە بۆ هەستی نیشتمانیی هاووڵاتیان و بەشداریکردنی سەرکردە ناوچەیییەکان لەم حزبانەدا، لە بری تێگەیشتنیان لە پرەنسیپەکانی مارکسیستی-لێنینیستی. لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کێشەیەکی تری ئەم ئایدیۆلۆژییە بریتی بوو لەوەی کە کام مودێلی حوکم پەیڕەوی بکرێت: مودێلی سۆڤییەت یاخود مۆدێلی چین؟ مەیلداریی سەرکردایەتیی ئەم حزبە زۆرتر بۆ مۆدێلی چین بوو، بە حوکمی ئەوەی کە گریمانە دەکرا کۆمەڵگەی چین وەک کۆمەڵگەی کوردستان، کۆمەڵگەیەکی جووتیاری-کشتوکاڵییە و ئەگەرەکانی سەرکەوتنی ئەم مۆدێلە لە هەرێمی کوردستان زۆرترە.
یەکێکی دیكه لەو دەرەنجامە نێگەتیڤانەی ئایدیۆلۆژیی مارکسیستی-لێنینیستی، بریتی بوو لە ڕێگەنەدان بە بوونی ڕکابەر لە گۆڕەپانی سیاسیدا؛ چونکە ئەم ئایدیۆلۆژییە، خۆی بە ئیلهامبەخش و پێشڕەوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەزانێت و بوونی ڕکابەر ڕهت دەکاتهوه. دەکرێت ئەم جیهانبینییە و خولیای سەرکردەکانی حزبە سیاسییەکانی ئەوکات لە ڕێبەرایەتیکردنی کۆمەڵگەی کوردستان و خۆ بە خاوەنی شۆڕش زانین، هۆکاری جەنگە یەک لە دوا یەکەکانی ئەم دوو حزبە سیاسییەی هەرێمی کوردستان بن. هەر بۆیەیش سەرسووڕهێنەر نییە تا هەنووکەیش ئەم جۆرە جیهانبینییە لە گوتاری ئەم حزبانەدا دەبینرێت. بۆ نموونە، یەکێک لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی ئەیلوولی ٢٠١٣ی زۆربەی حزبە سیاسییەکان، گەڕانەوە بوو بۆ پێش مێژووی ڕاپەڕین و، دوای هەڵبژاردنیش بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەم ئەو چەمکەی کە لە گوتاری زۆربەی حزبە سیاسییەکان بەدی دەکرێت، بریتییە لە دەربڕینی چەمکی "ئیستحقاق" کە هەر لایەنێک پشت بە چەند شرۆڤەیەک دەبەستێت. هەمان چەمک سەرلەنوێ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ بەکار هێنرانەوە و ئەمە بۆ ماوەی چوار مانگە حکوومەت پێک نەهێنراوە. خاڵی کۆکەرەوەی هەموو حزبەکانیش بریتییە لە چوونەناو دەسەڵات بەبێ گۆێدانە هۆکاری سەرەکی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و مانای دیموکراسی لە پێکهێنانی حکوومەت؛ واتە بوونی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن.
خاڵێکی تری نێگەتیڤی ئەم ئایدیۆلۆژییە بریتی بوو لە گرتنەبەری ڕێچکەی شۆڕشگێڕانەی چەکداری. بەڵام لەم خاڵەدا پێویستە ڕەچاوی جۆری هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی ناوەندییش بکەین کە هۆکارێک بووە بۆ پەنابردنه بەر ئەم ڕێچکەیە. لەگەڵ ئەمەیشدا ئەوەی کە لێرە نامۆیە، تا هەنووکەیش حزبە سەرەکییە حکوومەتدارەکان ئامادە نین واز لەم شێوازەی مومارەسەکردنی کاری حزبایهتی بێنن و دوای بەڕێوەچوونی چەندین هەڵبژاردنی پەرلەمانی و بوونی وەزارەتی پێشمەرگە، کەچی ئۆرگانی ڕێکخستنی چەکداری (پێشمەرگە) تا هەنووکەیش لەناو پەیکەری ڕێکخستنی ئەم حزبانەدا بوونی هەیە. هەموو ئەم فاکتەرانە لە دوای دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمەوە نەک تەنیا لەبەین نەچوون، بەڵکوو بەرگی یاسایییان لەبەر کران و بوون بە ئەمری واقع.
بە هاتنەکایەوەی گرووپە ئیسلامییەکانیش، ئەم گرووپانە ئایدیۆلۆژییەکی ئیسلامییان هاوردە کرد کە لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان هەڵدەقووڵان. ئەم ئایدیۆلۆژییه گشتگیرەیش یان ئێخوانی بوو یاخود دواتر لە لایەن ئیران و وڵاتانی ترەوە پەروەردە کرا. حزبە ئیسلامییەکانیش نەیاندەزانی پەیڕەوی لە چ مۆدێلێک بکەن و ڕۆژ بە ڕۆژ لق و پۆپەکانیان لە زیادبووندا بوون و تەنانەت هەندێکیان کەوتنە داوی تاقمە تیرۆریستەکان و ڕێچکەی جیهادییان گرتە بەر.
لە ڕووی دارایییەوە، سەرچاوی داراییی زۆربەی گرووپ و حزبە سیاسیییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن وڵاتانی دەرەوە دابین دەکرا و تا هەنوکەیش کۆمەڵێک حزبی ئیسلامی، لە دەرەوە یارمەتیی دارایی دەدرێن. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو مووچەی پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەن ئێرانەوە دابین دەکرا و داراییی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە لایەن سووریا و لیبیا و سۆڤییەتی جارانهوه دابین دەکرا. حزبە ئیسلامییەکانیش لەم هاوکێشەیە بەدەر نین. زۆر جار لەژێر پەردەی کۆمەڵە خێرخوازییەکانەوە یارمەتیی ئەم حزبانە دەدرێت. پەیوەستبوونی داراییی ئەم حزبانە بۆ وڵاتانی دەرەوە ئەگەرچی یارمەتیدەر بوو بۆ مانەوەیان، بەڵام هۆکارێک بوو بۆ گوشاری سیاسی لەسەر ئەم حزبانە، کە زۆر جار خودی حزبەکە دەبوو بە قوربانیی سەرەکی.
قۆناغى دوای ڕاپەڕێن
لەم قۆناغەدا چەندین کێشە بەرجەستە دەبن کە هەموویان پێکەوەگرێدراون و هەندێکیان درێژکراوی قۆناغى پێش ڕاپەڕێنن کە دەکرێت لە چەند خاڵهدا باس بکرێن:
١. کێشەی سەرکردایەتی:
لە تەمەنی دامەزراندنی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردەوە، بەدەگمەن نەبێ، سەرکردایەتیی سیاسی و حوکمڕانی گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە. هەر گۆڕانکارییەکیش کە ڕووی دابێت، یان زۆر کاریگەر نەبووە یانیش نەوەی هەمان سەرکردەی پێشوو پۆستەکانیان بەدەست گرتووە کە دەکرێت شیاوی پۆستەکە نەبن؛ یاخود بە هۆی ئەم میراتگرییەوە، ڕۆحی ڕکابەرێتی بۆ گەیشتن بە پۆستە ئیدارییەکان کە لە پێشخستنی سیستەمی بیرۆکراسیدا زۆر گرنگە، لە ئاستێکی لاوازدا بمێنێتەوە. شتێکی ئاسایییە کە لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی حکوومەت، سەرکردەکانی قۆناغێ شۆڕش و ڕاپەڕین کاروباری وڵات بەڕێوە ببەن؛ بەڵام بەردەوامبوونیان دەبێتە هۆی زیادبوونی دەستڕۆیییان لە کارەکانی حکوومەتداری، کە دەشێت دژی بنەماکانی حکوومەتداریی تەندروست بێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پەنایان بۆ هەڵبژاردن برد، بەڵام هەڵبژاردنێکی پڕ لە کەموکوڕی. هەڵبژاردنەکانیش هەم لە ناوخۆی حزبە سیاسییەکان و هەمیش لەسەر ئاستی دامودەزگهکانی حکوومەت، هەر هەمان نوخبەی دەسەڵاتداری بەرهەم هێنایەوە. بۆ ئەم شێوە داهێنانە هەر یەک لە لێنز و ستیڤن (Stepan, Linz,) چەمکی مۆدێلی "موتوربەکراوی ستەمکاری-دیموکراسی (Authoritarian-democratic Hybrid)یان بەکار هێناوە. واتە شێوازێک کە سەرکردەکانیان لەو بڕوایەدان ئەگەر هەندێ گۆڕانکاری لە سیستەمدا ئەنجام نەدەن، شهرعییەت لەدەست دەدەن و گرنگترین گۆڕانکارییش بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنە. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم سەرکردانە لەو بڕوایەدان، کە دەبێت پۆستە سەرەکییەکان لە کۆنتڕۆڵی ئەواندا بێت. لەگەڵ ئەمەیشدا، لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنەکان نە لە کاتی خۆیاندا ئەنجام دراون و نە بە یەک یاسا ئەنجام دراون، بەڵکوو یاساکان بەبەردەوامی گۆڕانیان بەسەردا هاتووە.
٢. هەڵبژاردن و یاساکانی هەڵبژاردن:
هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکاندا ئەنجام دراون، یانیش هەر ئەنجام نەدراون. بۆ نموونە، لە ساڵی ١٩٩١ خولی دووەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم کە بڕیار بوو ئەنجام بدرێت، ئەنجام نەدرا. یاخود لە ساڵی ٢٠٠٥ پەرلەمان سەرۆکی هەرێمی هەڵبژارد، دواتر بە دەنگدانی ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرا؛ دواتریش لە لایەن پەرلەمانەوە ماوەکەی درێژ کرایەوە. یاخود هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کە حکوومەتی لێ دەکەوێتەوە، لە یەک کاتدا ئەنجام نادرێت تا خاڵی دەستپێک و خاڵی کۆتاییی حکوومەت دیار بکرێت؛ ئەمەیش لەسەر دیارکردنی ماوەی دەسەڵاتدارێتی، کاریگەریی نەرێنی دروست دەکات یاخود بەلانی کەمەوە شێوازی حکوومەتداری گەشە ناکات و لە بری بەرەوپێشچوون، بۆ بەرەو دواوە بگەڕێتەوە. ئەم جۆرە یاسانە هەمێشە ڕێگەخوشکەر دەبن لە دەرچوون لەژێر بەرپرسیارێتی، یان هەر جۆرە لێپێچینەوەیەک لە دەسەڵات و، دەکرێت بەرژەوەندییە تاکەکەسی و بەرژەوەندیی حزبایەتی لە سەرووی بەرژەوەندیی نیشتمانی بێت.
بۆ ئەوەی کە ئەم جۆرە حکوومەتدارییە بەردەوام بێت، یاساکان بەبەردەوامی پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە. زۆربەی گۆڕانکارییەکانیش کاتێک ڕوو دەدەن کە هێزی دەسەڵاتدار هەوڵ دەدات لە کاتێکی دیاریکراودا، کە زۆرتر کاتەکانی چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنە، زۆرترین یاسا بە سوودی خۆی دەربکات. ئەم کردارەیش، دەکرێت مەترسیی ئەوەی لێ بکەوێتەوە کە هەر هێزێکی تر کە دەسەڵاتی گرتە دەست، یاساکان بگۆڕێت. ئەمەیش وا دەکات کە سیستەمی سیاسی و یاسایی لە وڵاتدا سەقامگیر نەبێت. بۆ نموونە، فەتحی فەڵەستین لە ساڵی ٢٠١٣ کە زانی ئەگەری ئەوەی هەیە دەسەڵات لەدەست بدات، زۆرترین ژمارەی یاساکانی لە کەمترین ماوەدا دەرکرد و کاتی بەدەسەڵاتگەیشتنی حەماس زۆربەی یاساکان ڕەت کرانەوە. یاخود لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دەستوور، دوای بەهێزبوونی ئۆپۆزیسیۆن نەتوانرا بخرێتە ڕاپرسییەوە. لە هەرێمی کوردستاندا یاساکانی هەڵبژاردنیش گۆڕانیان بەسەردا دێت و دەبێتە هۆی ئەوەی کە دووبارە پۆستە هەستیارەکان لەدەست هەمان نوخبەدا بمێنێتەوە. ئەمەیش بە بڕوای مۆریلۆ و لێڤتسکی (Levitsky , Murillo) کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر چۆنێتیی دابەشکردنی دەسەڵات دادەنێت؛ هەروەک چۆن لە هەرێمی کوردستان باس لە مۆدێلی سەرسووڕهێنەر لە دابەشکردنی پۆستەکانی جێگری سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێت. لە لایەکی تر، ئەم بەردەوام گۆڕینەی یاساکان کاریگەریی خراپ لەسەر کارامەییی دامەزراوکانی حکوومەت دروست دەکات. هەروەها ئەگەر گەشەسەندنی سیاسی وەک هانگتینگتۆن باسی دەکات، بریتی بێت لە بەدامەزراوەییکردنی ڕێکخراو و ڕێکار (Procedures)ه ئیدارییەکان، کە ئەم پرۆسەیەیش هەم پێویستی بە سەقامگیرییە و هەمیش کاریگەری لەسەر سەقامگیری دادەنێت، بەدامەزراوهییکردن و سەقامگیریی سیاسی بە هۆی بەردەوام گۆڕینی یاسا هەستیارەکان لە هەرێمدا لەرزۆک دەبێت، هەندێ جاریش یاساداڕێژ یاساکانی بە تەمومژاوی داڕشتووە کە جێبەجێکردنی گرفتی لێ دەکەوێتەوە. بۆ نموونە، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم ساڵی ٢٠٠٥ ماددەی چواردەیهمدا هاتووه: " لە حاڵەتی دیارنەبوونی سەرۆکی هەرێمدا لەبەر هەر هۆیەک دەبێ، ببێ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە جیاتی ئەو، ئەرک و فەرمانەکان لە ئەستۆ دەگرێ."هەر لە هەمان یاسادا هاتووە: "ماددەی پازدەیهم: ئەگەر پلە و پایەی سەرۆکی هەرێم، لەبەر هەر هۆیەک، چۆڵ بوو، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان-عێراق ئەرک و فەرمانەکانی هەڵدەسووڕێنێ، تا لە ماوەی (٦٠) شەست ڕۆژدا-لە ڕۆژی چۆڵبوونی پلە و پایەکەوە- سەرۆکێکی نۆێ هەڵدەبژێردرێ." هەر دوو بەندەکە زۆر بەڕاشکاوی بەریەککەوتنی دەسەڵاتەکانی تێدایە. لە هەمان کاتدا ئەرکی بەرپرسیارێتی دوای نەمانی سەرۆکی هەرێم، ناخرێتە ئەستۆی جێگرەکەی. ئەم شێوازە لە یاساداڕشتنە، هەردەم ئەگەری بەریەککەوتنی هێزە سیاسییەکانی لێ دەکەوێتەوە یاخود لانی کەم دەتوانێت دامودەزگهکان پەک بخات و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان نەزۆک بکات. ئەمەیش لە ماوەی حوکمداریی کابینەی هەشتەم و خولی چوارەمی پەرلەمان لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم ڕووی دا.
٣. چۆنێتیی پێکهێنانی کابینە
لە یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکدا کە پارتی دیموکراتی کوردستان ٥١٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو، کەچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە خاوەنی ٤٩٪ی دەنگەکان بوو، بوو بە سەرۆکی حکوومەت و کابینەی پێک هێنا!؟ ئەمە لە کاتێکدایە کە دواتر پۆستی سەرۆکی حکوومەت گرنگیی تایبەتی پەیدا کرد. ماوەی دەسەڵاتدارێتیی سەرۆکی حکوومەت لە کابینەی پێنجەمەوە بە ڕێککەوتنی سیاسی دەبێت و، لە کابینەی هەشتەمدا لیستی دووەم و سێیەم داوا دەکەن لە بری سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆک حکوومەت وەربگرن. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ کارانەبوون یاخود کەم کارابوونی پەرلەمان. لە کابینەی یەکەمدا ململانێی نێوان "ینک"، بوو بە هۆی ئەوەی کە کابینەکە کەمتر لە یەک ساڵ بخایەنێت و بەبێ هەڵبژاردن هەر هەمان حزب حکوومەتێکی نوێ پێک بهێنێت؛ کە ئەویش یەک ساڵی نەخایاند. ململانێی ناو "ینک" لە لایەک و ململانێی "پدک" و "ینک" کە میراتی پێش ڕاپەڕین بوو لە لایەکی ترەوە، دووئیدارەییی هێنایه بوون و، کابینەکان یەک لە دوای یەک بەبێ هەڵبژاردن پێک دەهێنران تا کابینەی پێنجەمی بنکەفراوان.
بەگشتی لە ١٩٩٢ تا کۆتاییی کابینەی هەفتەم، ٣ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام دراوە، کەچی (٩) کابینەی حکوومەت پێک هێنراون و لە هەموویاندا هەر هەمان نوخبە دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە. لەگەڵ ئەمەیشدا، بەبەردەوامی ژمارەی وەزارەتەکان زیاد و کەم دەکران، ئەویش نەك لە پێناو پێداویستییەکانی کۆمەڵگە، بەڵکوو بە هۆی مڵملانێی حزبە سیاسییەکان و ڕازینەبوونیان بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن. کە ئەمەیش نەک پڕۆسەی سیاسی پێش ناخات، بەڵکوو بارگرانی لەسەر بوودجە و چۆنێتیی دابەشکردنی داهاتی نەتەوەییش دروست دەکات. بۆ نموونە، کابینەی پێنجەم بەپێچەوانەی کابینەکانی پێشوو، لە ٤٢ وەزیر پێک هات کە کارەکانیان دیار نەبوو و، لە پێناو چ پێداویستییەکی کۆمەڵگە ئەم ژمارە زۆر وەزیرە بوونیان هەیە. دواتر لە کابینەی شەشەمدا ژمارەی وزارەتەکان دەبن بە نۆزدە وەزارەت.
٤. ئیرادەی نوخبەی سیاسی
لە پرۆسەی حکوومەتداریدا زۆرێک لە زانایان باس لە شێوازی دیموکراسییانەی بەدامەزراوەییکردنی دامودەزگهکانی حکوومەتیان کردووە. ئەم پرۆسەیەیش دەبێتە هۆی هێنانەکایەوەی سەقامگیریی سیاسی و شەفافبوونی یاساکان و دواتر دەستاودەستکردنی دەسەڵات (پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان بەدامەزراوییکردن و بەدامەزراوەییکردنی دیموکراسییانە). بەڵام سەرەڕای ئەمەیش، هەندێ زانای تر باس لە لە ئیرادەی نوخبە دەکەن وەک پێشمەرجێک بۆ پرۆسەی بەدامەزراوییکردن و سەقامگیریی سیاسی. بۆ نموونە بێیلیس (Baylis) لەسەر وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و چیک و سلۆڤاکیای لە دوای ساڵی ١٩٨٩، لێکۆڵینەوەی ئەنجام داوە و دەستنیشانی کارلێکی ئیرادەی نوخبەی سیاسی و بەدامەزراوییکردنی پرۆسەی سیاسیی کردووە و، جیاوازیی داناوە لە نێوان گۆڕانکاریی ڕاستهقینه و گۆڕانکاریی ڕووکەشانە. هەروەها لێنگیێل و هیگلی (Higley وLengyel ) لە چەندین توێژینەوەی جیاوازدا، بە ڕەچاکردنی بنەما دیموکراسییەکانی حکوومەتداری، جەختیان لەسەر ئیرادەی نوخبەی سیاسی و کۆدەنگیی نێوانیان لە بەرەوپێشچوونی وڵات کردووەتەوە. ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستاندا لاوازە، ئیرادەی نوخبەی سیاسییە لە دیاریکردنی شێوازی حکوومەتداری. بۆ نموونە، ئەگەرچی کابینەی پێنجەم بە هۆی گوشار و گۆڕانکارییە دەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان واتە گۆڕینی ڕژێمی بەغدا، توانی حکوومەتێکی یەکگرتوو پێک بهێنێت کە هەرێمی کوردستان لە مەترسییەکانی جهنگی ناوخۆ دوور بکاتەوە، بەڵام ئەم ئیرادەیە، نەبوو بە ئیرادەیەکی ڕاستەقینە کە بنەماکانی حکوومەتداری دیار بکات و تا هەنووکەیش هێزی دووئیدارەیی لە دەسەڵاتی حکوومەت بەرفراوانترە. هۆکاری سەرەکییش بریتییە لەوەی کە ئیرادەی نوخبەی سیاسی لە پێکهێنانی کابینەکانی یەکگرتوو، هەڵقووڵاوی ڕەغبەتی نوخبەکە و گوشارە ناوخۆیییەکان نەبوو. بۆ نموونە، لە ڕووی دارایییەوە دوو بانکی ناوەندی هەن؛ یەکێک لە سلێمانی و یەکێک لە هەولێر. دوو ئارمی جیاوازی دەزگهی ئاسایش هەن؛ کڵاوی هێزە چەکدارەکان دوو ڕەنگە؛ سوور هی پدک و سەوز هی ینک. هەر بۆیەیش ئەگەرچی حکوومەتێکی یەکگرتوو پێک هێنرا و جۆرە سەقامگیرییەکی هێنایە ئاراوە، بەڵام سەقامگیرییەکی لەرزۆک کە هەردەم ئەگەرەکانی ڕووخانی لە ئارادایە. چوار مانگ ڕێکنەکەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی هەشتەم و ئێستایش کابینەی نۆیەم، نموونەی بەرجەستەن. بەڵام بە باشتربوونی گوزەرانی خەڵک و زیادبوونی ئاستی هۆشیاری، دەکرێت ئەم قەیرانە دەرباز بکرێت و گوشار و مەترسیی دەرەکی، بگۆڕدرێت بۆ گوشار و خواستی ناوخۆیی.
٥. هێزی پێشمەرگە/سوپای نیشتمانی-نانیشتمانی:
هێزی پێشمەرگە لە ماوەی دامەزراندنیدا دوو ڕۆڵی تەوا لێکجیاوازی گێڕاوە؛ هەم بەرگریکاری نیشتمان بووە، هەمیش بەرگریکاری ئەم حزبە یان ئەوەی تریان. ژمارە پێکدادانی هێزی پێشمەرگەی حزبەکان لەگەڵ یەکتر، کەمتر نییە لە ژمارەی پێکدادانی لەگەڵ دوژمنی نیشتمان، بگرە خوێناویتریش بووە کە ترۆپکەکەی جهنگی ناوخۆ بوو. "بارانی" لە توێژینەوەیەکەدا باس لە ڕۆڵی سوپا دەکات لە شۆڕشەکاندا، کە چۆن کاتێک سوپا بە تاکەکەسی دەکرێت، دەبێتە لەمپەر لە بەردەم شۆڕش لە دژی سیستەمی بەرقەرار. ئەگەرچی بارانی باس لە دەوڵەتە سەربەخۆکان دەکات و نموونەی چەندین وڵات دێنێتەوە وەک سوپای نیکرۆمە لە غهنا و سوپای قەزافی لە لیبیا و گاردی کۆماریی عێراق کە دواتر کەوتە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی "قوسەی" و، مەبەستی سەرهکی لێی پاراستنی نوخبەی دەسەڵاتدار بوو زۆرتر لە پاراستنی دەوڵەت. هەمان بارودۆخ، دەکرێت بۆ هەرێمی کوردستان دووبارە بکرێتەوە کە چۆن هێزی پێشمەرگە/سوپا هەم لەسەر ئاستی حزبە سیاسییەکان و هەمیش لە ناوخۆی حزبە سیاسییەکان دابەش کراوە. لێدوانەکانی مەحموود سەنگاوی، بەرپرسی میحوەری گەرمیان و بێباکبوونی لە دروستکردنی دووئیدارەیی، نموونەی بەرجەستەی ئەم واقعەیە. یاخود لە هەرێمی کوردستان ئەگەرچی سەرۆکی هەرێم فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، کەچی لە ڕووداوەکانی ١٧ی شوبات، هێز بە فەرمانی ئەو نەجووڵا و تەنانەت سەرۆکی حکوومەتی ئەوکاتیش فەرمانی جوڵاندنی هێزی دەرنەکردبوو. نموونەیەکی تر، هەڕەشەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو لە بەردەم پێکهێنانی کابینەی هەشتەم، کە زۆر جار لە بەرپرسانی ئەم حزبە گوێبیستی ئەو وتەیە دەبینەوە کە یەکێتی خاوەن هێزی چەکدارە. یاخود ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی هێزی چەکدار بەبێ فەرمانی سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان.
٦. لاوازیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گوتاری ڕۆشنبیران:
باسی زۆر لەسەر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کراوە، لە گشت باسەکانیشدا تەرکیز لەسەر دوو خاڵی گرنگ هەیە: ١. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک پردی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە و پانتایەکی ئازاد بۆ چالاکیی تاکەکەسی هەژمار دەکرێت. ٢. بۆ دابینکردنی ئەم پانتای ئازادییەیش سەرچاوەی دارایی ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت. گومانی تێدا نییە کە سەرچاوەی داراییی زۆربەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستاندا حزبە سیاسییەکانن، یاخود خودی خۆیان بەشێکن لەم حزبانە. کەواتە پانتای ئازادی بەرتەسک دەبێتەوە. هەر ئەمەیش یارمەتیدەر دەبێت بۆ زۆرتر پەرسەندنی دەستڕۆییی پارتی سیاسی لەناو کۆمەڵگەدا. لە لایەکی ترەوە، گوتاری ڕۆشنبیر، لەسەر هاتنەکایەوەی جۆری کۆمەڵگەی مەدەنی کار دەکات. ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە، بریتی بووە لەوەی کە یان ڕۆشنبیران سەربەخۆ نەبوونە و ئەگەر ئەندامی حزبە سیاسییەکانیش نەبن، بەڵام مەیلیان بۆ ئەم یان ئەو حزبی سیاسی هەیە. هەر بۆیەیش زۆر جار گوتاری ڕۆشنبیری کوردستان لە بری ئەوەی کە ڕەخنەگرتن بێت لە کۆی گشتیی دەسەڵات، ڕەخنەگرتن بووە لە حزبە سیاسییەکان. کەواتە خودی ئەوانیش لە دابەشکردنی کۆمەڵگە ڕۆڵیان بینیوە. زۆر جاریش ڕەخنەکانیان زۆرتر ڕوانگەیەکی خەیاڵی (ئەگەر بەکارهێنانی ئەم چەمکە دروست بێت) پێوە دیار بووە تا چارەسەرەکی ڕاستەقینە. دەرەنجامیش بریتی بووە لە کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی لاواز و وتارێکی ڕۆشنبیریی نایەکگرتوو کە لە هەر دوو حاڵەتدا حزبە سیاسییەکان/دەسەڵات لە دۆخەکە سوودمەند بوونە.
دەرەنجام
ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستاندا، تا ڕاددەیەک لایەنگرییە سیاسییەکان پێشوەختە بڕاوهتەوە، بەڵام خۆ ئەگەر سەرەکیترین فەلەسەفەی هەڵبژاردن بریتی بێت لە دەنگدان بە باشترین بەرنامەی سیاسی کە بتوانێت زۆرترین خزمەتگوزارییە ماددی و مەعنەوییەکان بۆ دەنگدەرەکە دابین بکات، هەر لێرەیشەوە چەمکی کەمینە و زۆرینە بە بوون دێت؛ بەڵام ئەوەی کە لە هەرێمدا بوونی نییە، ئەگەر لەسەر ئاستی کۆمەڵگەیش ئەم پێناسەیە پیادە بکرێت، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی، لایەنەکانی بەشداربوو لە هەڵبژاردن کەمتر بە دەرەنجامەکان پابەند دەبن. بۆ نموونە لە ٢٧ ساڵی تەمەنی حوکمڕانیی هەرێم، تەنیا ٤ ساڵ ئەم مۆدیلە بوونی هەبووە و بە هۆی داواکاری بۆ بەشداربوونی گشت حزبەکان لە دەسەڵاتدا، نەتوانراوە دەسەڵاتی سیاسی بەدامەزراوەیی بکرێت. بۆ نموونە، داواکاری هەیە بۆ زیادکردنی جێگرەکانی سەرۆکوەزیران و لە ئەگەری هاتنەکایەوەی ئەم جۆرە دەسەڵاتە نامۆیە، حزبە سیاسییەکان ئامادەن لە پەرلەماندا یاسای بۆ دەربکەن و شەرعییەتی پێ ببەخشن. هەر لێرەیشەوە دەبینین کە چۆن دامەزراوەکان ناتوانن دەرهاوێشتەی ڕاستەقینەی پرۆسەی هەڵبژاردن و گەشەسەندنی سیاسی بن.
بەکورتی، پرۆسەی حکوومەتداری لە هەرێمی کوردستان تەمەنێکی دوورودرێژی نییە و ناکرێت بڵێین هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەهاتووە، بەڵام پرۆسەیەکە زۆر لەسەرخۆیە و لە هەندێ قۆناغدا ڕووبەڕووی حاڵەتی وەستان بووەتەوە. هۆکارە سەرەکییەکانی کامڵنەبوونی ئەم پرۆسەیه سەرەڕای ئەوەی کە ڕەگ و ڕیشەی مێژووییی هەیە، نەبوونی ئیرادەی سیاسی لە لایەن نوخبەی سیاسییەوە، ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر نەهاتنەکایەوەی ڕێسا و یاسا جێگرەکان و ڕەنگدانەوەی نەرێنییشی هەبووە لەسەر پرۆسەی بەدیموکراسییانە بەدامەزراوەییکردنی سیستەمی حکوومەتداری لە هەرێمی کوردستاندا. پێدەچێت جۆری پێکهێنانی کابینەی نۆیەمیش نەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. لاوازیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ناڕۆشنیی گوتاری ڕۆشنبیرانیش یارمەتیدەری دۆخەکە بووە.
سەرچاوەکان
یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، ٢٠٠٥.
ئەلی سنجاری (٢٠١٤)،...................، هەفتەنامەی سڤیل، ژمارە ٢١٣، ل٢٠-٢٣.
لیوناردو بایندر، ایدئولوژی و توسعه سیاسی، ترجمە: عابد رحیمی، ماهنامە نگین، ١١٧، ١٣٥٣، ٢٧-٣١.
صلاح الخرسان، التيارات السياسية في كردستان العراق، قراءة في ملفات الحركات و الاحزاب الكردية في العراق، ١٩٤٦-٢٠٠١، الطبعة الاولى، ٢٠٠١.
Barany, Z. (2013) ‘Armies and Revolutions’, Journal of Democracy, 24(2), pp, 62-76.
Higley, J., Pakulski, J., Wesolowski, W. (1998) 'Elite Change and Democratic Regimes', in Higley, J., Pakulski, J., Wesolowski, W. (ed.) Postcommunist Elites and Democracy in Eastern Europe. Great Britain: McMillan Press. Pp. 1-33.
Fukuyama, F. (2013) ‘Democracy and the Quality of the State’, Journal of Democracy, 24(4), pp, 5-16.
Higley, J., Lengyel, G. (2000) 'Elite Configurations after State Socialism', in Higley, J., Lengyel, G. (ed.) Elite after State Socialism: Theories and Analysis. United State of America: Rowman and Littlefield Publishers. pp. 1-21.
Huntington, S, P. (1965) ‘political Development and Political Decay’, World Politics, 17(3), pp, 386-430.
Levitsky, S., Murillo, M, V. (2013) ‘Lessons from Latin America: Building Institutions on Weak Foundations’, Journal of Democracy, 24(2), pp, 93-107.
Weiner, W (1965) ‘Political Integration and Political Development, Annals of the American Academy of Political and Social Science, 358, pp. 52-64.
Stepan, A., Linz, J, J. (2013) ‘Democratization Theory and the Arab Spring’, Journal of Democracy, 24(2), pp, 25-30.