بیرۆکراسی و بەدامەزراوەییکردن لە هەرێمی کوردستان

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

خستنەڕووی بابەت

پرسی بەدامەزراوەییکردن و کاراییی سیستەمی بیرۆکراسی لەسەر سێ ئاستی دەسەڵات، خەڵک و ناوەندە زانستییه‌كان، گرنگیی پێ دەدرێت. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هەنگاوەکانی بەدامەزراوەییکردن لە هەرێمی کوردستاندا، بریتییە لەوەی کە ستراکتۆرە سیاسی-ئابوورییەکان و بەرنامەکانی چاکسازی لە دامەزراوەکاندا یەکتر ناگرنەوە. هەم ستراکتۆرەکان زۆر ناوەندگەران و هەمیش بەرنامەکانی چاکسازی، سەرلەنوێ ناوەندگەرایی بەهێز دەکەنەوە. بۆیە هەموارکردنەوەی ستراکتۆرە سیاسی-ئابووری-یاسایییەکان هەنگاوی سەرەکییە. ئەم ستراکتۆرە ناوەندگەرا بەهێزە، ڕێگرە لە بەشداریکردنی ناوچەیی لە پرۆسەی دەوڵەتداریدا. ئەوەی کە لە گشت پلانەکانی حکوومەت و بۆ کاراکردنی دامەزراەکان دەبینرێت، خۆدەربازکردنه‌ لەم دۆخە نەخوازراوە، بەڵام ئەم هەنگاوانە زیان بە سیستەمی بیرۆکراسی و بەدامەزراوییبوون دەگەیه‌نێت.

ئامانج لەم توێژینەوەیە تێگەیشتنی ئاستی بەدامەزراوەییکردن و بیرۆکراسییە لە هەرێمی کوردستاندا. بەدامەزراوەییکردن و بیرۆکراسی دوو چەمکی پێکەوەگرێدراون کە هەر یەکێکیان کاریگەری لەسەر ئەوەی تر دروست دەکات. ناتوانین بڵیین لە هەرێمی کوردستاندا سیستەمی بیرۆکراسی و بەدامەزراوەییکردن بوونی نەبووە یاخود نییە؛ چونکە مادام یاسا و ڕێسا و دامەزراوە هەن کەواتە بیرۆکراسی و بەدامەزراوەییبوونیش بوونیان هەیە. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، كه‌ ئاستی کارایی و بەدامەزراوەییبوونی ڕاستەقینەی ئەم دامەزراوانە لە چ ئاستێکدایە؟

بەپێچەوانەی کۆمەڵێک بۆچوون کە جەخت لەسەر گۆڕانکاریی "هەنگاو بە هەنگاو" دەکات، ئەم ڕاپۆرتە جەخت لە گۆڕانکاریی ''پێویست'' دەکات؛ بەو مانایەی کە کۆمەڵێک دامەزراوە پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی هەیە؛ کۆمەڵێکی تر گۆڕانکاریی هەنگاو بە هەنگاو. دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بەپێی تیۆرییەکانی سیاسەتی گشتی، هیچ حکوومەتێک بۆی ناکرێت و نایشتوانێ گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە گشت ڕێسا و یاساکان ئەنجام بدات؛ بە هۆکارەکانی وەک: ڕەچاوکردنی واقعی کۆمەڵگه‌، تێچوونی ماددی و مەعنەوی و کاتبەربوونی ئەنجامدانی هەر جۆرە گۆڕانکارییەک.

گریمانەی توێژینەوە

لە ماوەی حوکمڕانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی بەنرخ لە دامەزراندنی دامەزراوەکان و دامودەزگه‌ حکوومی و ناحکوومییەکاندا ئەنجام دراوە. کۆمەڵێک کێشە لە خوێندنەوەی بەدامەزراوەییکردن لە هەرێمی کوردستان هەیە؛ بۆ نموونە زۆرتر تیشک دەخرێتە سەر دامەزراوە حکوومییەکان و، دامەزراوەکانی وەک خێزان و ڕێکخراوە ناحکوومی و بازرگانییەکان کەمتر بایەخی پێ دەدرێت. یاخود نیاز لە دروستکردنی دامەزراوە چییە؟ ئایا ئەو کەسانە لە دامەزراوەکاندا کار دەکەن دەزانن نیاز، ئەرک و ئامانجەکانی دامەزراوەکان چییە؟ گریمانەی ئەم توێژینەوەیه‌ لە دوو لق پێک دێت و بریتین لە ١. لە هەرێمی کوردستاندا وەک پێویست مەعریفە لە هۆکاری بوونی دامەزراوە بوونی نییە، ٢. هەر بۆیەیش هەر یاسایەک کە دەردەچێت، کەمتر بایەخی پێ دەدرێت و دواتر پشتگوێ دەخرێت. یاسا و ڕێساکان بزوێنەری دامەزراوەکانن.

میتۆد و ئامرازەکانی توێژینەوە

خستنەڕووی بۆچوونی بیرمەندانی بواری بەدامەزراوەییکردن و سیستەمی بیرۆکراسی، گفتوگۆی نیمچەفەرمی لەگەڵ شارەزایانی ئەم بوارە و گەڕان لەناو ئەدەبیاتی تایبەت بەم بابەتە، میتۆد و ئامرازەکانی ئەم توێژینەوە پێک دێنن. کەواتە توێژینەوەکە، توێژینەوەیەکی چۆنایەتییە.

لایەنی تیۆری

سیستەمی بیرۆکراسی و بەدامەزراوەییکردن بابەتێکە، لە سەرەتاکانی سەدەی  بیستەم زانایانی بواری کۆمەڵناسی و ئابووریی بەخۆوە سەرقاڵ کرد. ماکس ڤێبه‌ر ناوێکی دیاری ئەم گۆڕەپانەیە. بە بڕوای ڤێبه‌ر سیستەمی بیرۆکراسی باشترین ڕێگەیه‌ بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکانی مرۆڤ و ڕاگرتنی نەزم و سەقامگیری. لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە کۆمەڵگه‌ بە عەقڵانی دەکرێت (Lutzker, 1982). لە خوێندنەوەی سیستەمی بیرۆکراسی و بەدامەزراوەییکردندا، گرنگە چەمکی ڕێکخراوەکان (Organizations) و دامەزراوەکان (Institutions) لێک جیا بکەینەوە. بە بۆچوونی نۆرس (North, 1993) و نایت (Knight, 1992) دامەزراوەکان ڕێسای یاریکردن و، ڕێکخراوەکان گەمەکاری یارییەکەن. دامەزراوەکان خەسڵەت و ستراکتۆری فەرمی و نافەرمیی کۆمەڵگه و حکوومەت لەخۆ دەگرن و دەرخەری جۆری خەسڵەتەکانی حکوومەت و کۆمەڵگه‌ن (Peters, 1999). هەر بۆیەیش پێویستە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەبێ گوێدانە وەرچەرخانە سیاسییه‌كان و گۆڕینی فەرمانبەران،  لە ئەرک و کارکردیان بەردەام بن (Kingsbury, 2007). لە خوێندنەوەی ئەدای دامەزراوەکانی وڵاتانی جیهانی سیێەم، ڕۆکسبۆرۆ (Roxborough, 1979) دەڵێت كه‌، پێویستە تیشک بخرێتە سەر ئەوەی چ چینێکی کۆمەڵایەتی کۆنتڕۆڵی دامەزراوەکان و میکانیزمەکانی بڕیارداڕشتنیان کردووە. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان دامەزراوە و که‌لتووری ئەو کەسانەی کە دامەزراوەکان بەڕێوە دەبەن لە ئارادایە. ئەم پەیوەندییە کار لە ئەدای دامەزراوەکان دەکات. بە واتایەکی تر، ئەدای دامەزراوەکان تەحەکوم بە کارایی و ناکاراییی دامەزراوەکان و بەدامەزراوەییبوونی سیستەمی بیرۆکراسیی وڵات دەکات. ئەم بۆچوونەیش لە لایەن "هانتینگتۆن"ەوە ڕەنگی داوەتەوە. هانتینگتۆن (Huntington, 2006:1) لە یەکەم لاپەڕەی كتێبی "نەزمی سیاسی لە کۆمەڵگه‌کانی لە دۆخی گۆڕاندا" دەڵێت: "گرنگترین جیاوازیی سیاسی لە نێوان وڵاتاندا، بریتی نییە لە جیاوازی لە جۆری حکوومەتەکەیان، بەڵکوو بریتییە لە چۆنێتیی حکوومەتکردنیان. جیاوازی لە نێوان دیموکراسی و دیکتاتۆرییەت، کەمترە لە جیاوازی لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە جۆری سیاسەتی حکوومەتەکەیان کۆدەنگی، هاوبەشی، شه‌رعییەت، ڕێکخراوەیی، کارایی و سەقامگیری لەخۆ دەگرێت و ئەو وڵاتانەی کە سیاسەتی حکوومەتەکەیان ئەم خەسڵەتانە لەخۆ ناگرن. بەگشتی، دەوڵەتە کۆمۆنیستە تۆتالیتارییەکان و دەوڵەتانی لیبراڵی ڕۆژاوایی، هەردووکیان سەر بە وڵاتانی خاوەن سیستەمی سیاسیی کاران تا سیستەمی سیاسیی ناکارا."

ئەوەی لێرەدا هانتینگتۆن جەختی لەسەر دەکاته‌وه‌، کاراییی دامەزراوەکانە بۆ هێنانەدیی سەقامگیریی سیاسی. هەر بۆیەیش بۆ هانتینگتۆن (Huntington, 1965:386 and 393) گەشەسەندنی سیاسی واتە "بەدامەزراوەییکردنی ڕێکخراوە سیاسییەکان و ڕێکارەکان". ئەم پێناسەیەیش تارماوییە، چونکە بەدامەزراوەییکردن دەتوانێت ببێتە هۆی دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراسی یان نادیموکراسی. لەگەڵ ئەمەیشدا گەشەسەندنی سیاسی، پێویستی بە ئیرادەی سیاسی هەیە وەک پێشمەرجێک.

لە ڕوانگەی "پارسۆنز"ەوە (Parsons, 1990:326) ڕێزگرتن لە دامەزراوەکان لەو دەسەڵاتە ئەخلاقییەدا هەڵدەقووڵێت کە بەسەر تاکەکاندا پراکتیزە دەکرێت. بۆ پارسۆنز دامەزراوەکان کۆمەڵێک نۆرم لەخۆ دەگرن کە کارلێکەرییان هەیە. زیاد لەمەیش، پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن، جیاوازی لە نێوان دامەزراوە سیاسییەکان و دامەزراوە ئابوورییەکان دروست دەکات. ئەم لێکجیاکردنەیش، دەسەڵاتداران لە چالاکیی ئابووری دوور دەخاتەوە و دەبێتە هۆی سنووردارکردنی دەسەڵاتی فەرمانڕەواکان (Glaeser et al, 2004).

زۆڕبەی بیرمەندانی سەرەوە، تیشک دەخەنە سەر ڕۆڵی دامەزراوەکان. لەگەڵ ئەمەیشدا، هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بە ڕۆڵی نوخبە، تەبایی و ناتەبایی وەک ڕەگەزی سەرەکی لە سەقامگیری و تواناییی حکوومەت دەدەن. هەر بۆیەیش ئاڵمۆند  و پاوڵ Almond and Powell, 1969:10)) لەو بڕوایەدان کە لە گشت کۆمەڵگه‌کاندا ڕۆڵی دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت لە لایەن گرووپە نافەرمییەکان، ئاراستە سیاسییەکان، پەیوەندییە فرەڕەهەندەکانی نێوان تاکەکەسەکان دادەڕێژرێت و سنووری بۆ دادەنرێت. ئەم توێژەرانە، تیشک دەخەنە سەر سیستەمی بیرۆکراسیی کارامە و ڕۆڵەکەی لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا، ئەویش بە هاوکاریی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان. لە پاڵ نوخبە و دامەزراوەکان، توێژینەوەکانی تر جەخت دەکەنە سەر گرنگیی پشتگیریی جەماوەری لە دیارکردنی ئاستی تواناییی حکوومەت. بەم شێوەیەیش، تواناییی حکوومەت لە پیادەکردنی بەرنامەکان و وەڵامدانەوەی داواکارییە گشتییەکان، دەبێتە هۆی هێنانەدیی سەقامگیری لە وڵاتدا (Nelson, 1984; Crone, 1988). هەروەک ڤێبه‌ر (Weber, 1968) ئاماژەی بۆ دەدات، سیستەمی بیرۆکراتیکی کارا، پەیوەستە بە سیستەمی سیاسیی عەقڵانی.

بەپێی ئەم بۆچوونانە بەدامەزراوەییکردن پرۆسەیەکی بە پلەی یەکەم سیاسییە کە لایەنەکانی یاسایی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و که‌لتووری لەخۆ دەگرێت و هاوکات پرۆسەیەکی درێژخایەنیشە. که‌لتووری سیاسیی نوخبەی دەسەڵاتدار و که‌لتووری کۆمەڵایەتی و بەها و نۆرمەکانی کۆمەڵگه و تواناییی حکوومەت لە جێبەجێکردنی یاساکان، تەحەکوم بە ڕەوتی بەدامەزراوەییکردنی دامەزراوەکان و کاراییی سیستەمی بیرۆکراسی لە وڵاتدا دەکەن. دوای خستنەڕووی ئەم کورتەیە لەسەر سیستەمی بیرۆکراسی و چەمکی دامەزراوە، لە خوارەوە تیشک دەخەینە سەر سیستەمی کارگێڕی و پرۆسەی بەدامەزراوه‌ییكردن لە هەرێمی کوردستاندا.

یەکەم: سیستەمی کارگێڕی (بیرۆکراسی) لە هەرێمی کوردستاندا

ئەوەی کە لە سیستەمی ئیداریی هەرێم بوونی هەیە، ناوەندگەرایییەکی بەهێزە. ئەمەیش کۆمەڵێک هۆکاری سەرەکیی هەیە؛ بۆ نموونە میراتی ڕژێمی بەعس لە ئیدارەدان کە ناوندگەرایییەکی زۆر بەهێز بوو؛ چونکە حزبی بەعس، حزبێکی سەربازی-دەسەڵاتخواز بوو و ڕێگەی به‌ هەبوونی ئۆپۆزیسیۆن نەدەدا و ئۆپۆزیسیۆنی بە دوژمن هەژمار دەکرد، بۆیە مەیلی ناوەندگەراییی هەبوو (ئەمە و جیا لە هۆکارە که‌لتووری و دەروونییه‌كانی سەرکردەکانی ئەم حزبە). دووەم، ستراکتۆری مارکسیستی-لێنینیی حزبە سیاسییەکانی هەرێم، کە ستراکتۆری ناوەندگەران. دوای ٢٧ ساڵ مومارەسەکردنی دەسەڵات، هێشتا حزب لە هەرێمی کوردستان هەمان ستراکتۆری سەردەمی جەنگی ساردی پێوە دیارە و ئەم ستراکتۆرە و کارکردەکانی، بۆ ناو دامودەزگه‌کانی حکوومەت گوازراوەتەوە (Khalil, 2016). سێیەم: هۆکاری تری ناوەندگەرایی بۆ ململانیی بەردەوام لە نێوان ئەم حزبانەدا دەگەڕێتەوە. ئەم ململانێیە وای کرودوە کە هەر حزبێک هەوڵ بدات زۆرترین ژمارەی کادیرەکانی خۆی لە دامەزراوە حکوومییەکاندا دابمەزرێنێت. ئەم نموونەیە لە یۆنانیش هەیە و بووە هۆکاری سەرەکیی قەیرانی داراییی ئەم وڵاتە. واتە هەر حزبێک کاتێک دەهاتە سەرکار، هەوڵی دەدا زۆرترین ژمارەی لایەنگرانی خۆی دابمەزرێنێت. بە واتایەکی تر بێمتمانەیی لە نێوان حزبە سیاسییەکاندا بنیاتی دامەزراوەکانی لەرزۆک کرد (Huntington, 1965).

لە هەرێمی کوردستان گشت ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە چۆن لە ناوخۆی حزبدا بڕیارەکان لە ئۆرگانەکانی هەرە خواره‌وە بۆ گەیشتن به‌ بەرزترین ئاستی دەسەڵات پێویستی بە دەربازبوون لە بێژینگی گشت ئۆرگانەکانی نێوان بنکە و سەرکردایەتی هەیە و، بڕیاریش لە ئۆرگانە هەرە سەرووەکان دەردەچێت، بە هەمان شێوە لەسەر سیستەمی کارگێڕیی هەرێمی کوردستان ڕەنگی داوەتەوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە لەسەر ئاستی هەرێم پێویستە دوو ڕێگەچارە (یاخود زۆرتر) بگیرێتە بەر:

یەکەم: سەرلەنوێ داڕشتنەوەی یەکە ئیدارییەکانی هەرێم و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ ئەم یەکە ئیدارییانە. واتە دەکرێت پارێزگه‌کانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی بۆ چەندین پارێزگه‌ی بچووکتر دابەش بکرێت. ئەگەر بە هۆی دەستووری عێراقەوە، سەخت بێت پارێزگه‌ی نوێ دروست بکرێت، دەتوانین بەپێی یاسا یان بڕیارێک دەسەڵات بە یەکە ئیدارییە نوێیەکان ببەخشین. بۆ نموونە دەکرێت لە پارێزگه‌ی هەولێر پاریزگه‌ یان ئیدارەی سۆران زیاد بکرێت و ناوچەکانی حاجی عومەران، چۆمان، بارزان، مێرگەسۆر، ڕەواندز و خەلیفان سەر بەم پاریزگه-ئیدارەیە بن.

دووەم: شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ وەزارەتەکان یاخود فەرمانگەکانی خوارتر لە وەزارەت. کاراکردنی سیستەمی بیرۆکراسی لە پێناو پتەوکردنی بەدامەزراوەییبوونی دامەزراوەکان، پێویستی بە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ یەکە ئیدارییەکانی خوارەوە و لە هەمان کاتدا سەربەخۆییی ئەم یەکە ئیدارییانە هەیە. بۆ نموونە، بۆ دامەزراندنی مامۆمۆستایەک لە پێنجوێن یان زاخۆ یان چەمچەماڵ، پێویست بە واژووی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران یاخود وەزیری پەیوەندیدار ناکات. ئەمە جیا لە واژووی گشت ئەو فەرمانگانه‌ی کە لە نێوان قوتابخانە و ئەنجومەنی وەزیراندا هەیە. دەکرێت خودی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەر پاریزگه یان ئیدارەیەک ئەم کارە ئەنجام بدات. ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان دەتوانن سیاسەتی گشتی دابڕێژن.

لەوانەیە ئەم هەنگاوە بە سادە هەژمار بکرێت، بەڵام ئەم نموونەیە دەکرێت باشتر بەرچاوڕوونیمان بداتێ: بۆ دامەزراندن لە بەشێک لە کۆلێژێک پێویست بەم واژووانەی خووارەوە دەکات: واژووی سەرۆک بەش-سەرۆک کۆلێژ-سەرۆک زانکۆ- وەزیری خوێندنی باڵا-سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران-وەزیری دارایی-وەزارتی خوێندنی باڵا-سەرۆکایەتیی زانکۆ-خۆیەتی-کۆلێژ-خۆیەتی؛ ئەمەو سەرەڕای بەشی هاوردەکردن و هەناردەکردنی هەر یەک لەم فەرمانگەیانە و بەشی هەرە گرنگی کارەکە واتە "واستە". ئەم پرۆسەیە جیا لە ماندووبوونی هزری و جەستەیی (کە دووبارە تێچوونەکەی لەسەر کەرتی تەندروستی دەکەوێتەوە)، بریتییە لە بەفیڕۆدانی کات، کاغەز، قورسبوون و ناکارابوونی سیستەمی ئیداری و تەنانەت پیسبوونی ژینگەیش بە هۆی پێویستی بە ئامرازی گواستنەوە بۆ بەدواداچوونی کارەکان. جیا لە ژمارەی لەڕاددەبەدەریی فەرمانبەر و پێویستی بە هەبوونی بینا و ئامرازی سارد و گەرمکردنەوە، کە گشتیان تێچوونی دەوێت و دواجار بارگرانی لەسەر بوودجەی نەتەوەیی دروست دەکەن و بە زیانی خودی هاووڵاتیان دەشکێتەوە. دەکرێت پرۆسەی دامەزراندنی فەرمانبەرەکانی زانکۆی سلێمانی یان دهۆک یان هەولێر لە چوارچێوەی هەمان زانکۆدا ئەنجام بدرێت بەبێ پێویستبوون بە وەزارەتەکان و ئەنجومەنی وەزیران. چونکە هەر زانکۆیەک بوودجەی تایبەت بە خۆی هەیە. هەمان نموونە بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرێکی کەرتی تەندروستییش دەشێت. واتە فەرمانبەرەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئیدارەکە-وەزارەتەکە کارەکانی ئەنجام بدات.

دووەم: پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن لە هەرێمی کوردستاندا

پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن پرۆسەیەکی درێژخایەنە، بەڵام هاوکات پێویستە ڕەچاوی چۆنێتیی دامەزراندنی ئەم دامەزراوانە بکرێت تا سیستەمێکی بیرۆکراسیی کارا بەرهەم بهێنرێت. ناوەندگەراییی بەهێز، دەتوانێت بەدامەزراوەییکردن بێنێتە کایەوە بەڵام هاوکات لە کاراییی دامەزراوەکانیش کەم بکاتەوە و ئاستی تێچووەکان بەرز بکات. بە بۆچوونی دکتۆر چواس حەسەن، بەدامەزراوەییکردن دوو لایەنی هەیە: یەکەم، دامەزراندنی خودی دامەزراوە، دووەم، سەروەریی یاسا. هەرێمی کوردستان دامەزراوەی زۆرە و بوارێکی کەم هەیە کە دامەزراوە، لێژنە یاخود ڕێکخراوێکی بۆ دروست نەکرابێت و یاسای بۆ دانەڕێژرابێت و ڕووماڵی ژیانی ڕۆژانەی نەکردبێت. هەروەها لە ڕووی سەروەریی یاساوە ناتوانین بڵیین یاسا نییە و جێبەجێ نەکراوە، بەڵام گیروگرفت هەیە. کۆمەڵێک یاسا هەن کە جێبەجێکردنی پێویستی بە پارەدارکردن، دامەزراندنی دامەزراوەی نوێ و شارەزا هەیە. کۆمەڵێک یاسای تر لەگەڵ که‌لتووری کۆمەڵایەتی  و ململانێی سیاسیدا تووشی پێکدادان دەبن.

لێرەدا پرسیارێک سەر هەڵدەدات کە بۆچی یاسا وەک پێویست سەروەر نییە؟ ١. دەکرێ خودی یاساکە لە ڕووماڵکردنی دیارە و کێشەکاندا کێماسیی هەبێت. ٢. زۆر جاریش یاساکە هەیە بەڵام لایەنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی نییە. ٣. هەندێ جار یاسا لەگەڵ بەهای کۆمەڵایەتیدا یەک ناگرێت؛ بۆ نموونە، یاسای توندوتیژی دژی ئافرەت، ئەم یاسایە دامەزراوەی بەهێزی نییە بۆ جێبەجێکردنی؛ هاوکات خودی کۆمەڵگه‌یش هاوکار نییە لە جێبەجێکردنی یاساکە و زۆر جار کۆمەڵگه بە هۆی کۆمەڵێک بەهای ئایینی، که‌لتووری و خێڵایەتی لە دژی یاساکە دەوەستێتەوە. لە لایەکی ترەوە، دەکرێ یاساکە پەیوەندیی بە بەهای کۆمەڵایەتییەوە نەبێت، بەڵام لە جێبەجێکردنیدا کەموکوڕیی هەبێت. بۆ نموونە، یاسای سەرپێچیی هاتوچۆ؛ ئەگەر فەرمانبەری نووسینی سەرپێچی، خزم بێ، لەوانەیە چاوپۆشی لە سەرپێچکردنەکە بکات. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە ئەگەرچی فەرمانگەی هاتوچۆ وەک دامەزراوەیەک بوونی هەیە بەڵام یاسا وەک پێویست تێیدا سەروەر نییە؛ بۆیە بەدامەزراوەییبوونی ئەم دامەزراوەیە لاواز دەبێت. ٤. هۆکاری سیاسی؛ واتە ململانێی سیاسی و حزبایەتی. زۆر جار لەبەر وەفاداریی سیاسی یاخود دەستکەوتی سیاسی، چاوپۆشی لە جێبەجێکردنی یاسا دەکرێت. واتە چاوپۆشیکردن لە یاسا وەک "بەرتیلی سیاسی" بەکار دەهێنرێت.

زیاد لەم خاڵانەی سەرەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی لاوازیی بەدامەزراوەییکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، بۆ تەنگەژەی ئابووری دەگەڕێتەوە کە بووەتە هۆکاری ئەوەی خودی حکوومەت یاسا پێشێل بکات و دامەزراوەکانی لاواز بکات. بۆ نموونە، حکوومەت ناتوانێ پارەی کارەبا بەڕێکوپێکی وەربگرێت، چونکە ناتوانێ بەڕێکوپێکی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابین بکات. بۆیەیش ناچارە چاوپۆشی لە وەرگرتنی پارەی کارەبا بکات. کەواتە خودی حکوومەت یاسا پێشێڵ دەکات. یاخود یاسا هەیە بۆ سزادانی فەرمانبەران ئەگەر بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەوامی نەکرد، کەچی خۆپێشاندانی مامۆستایان چەندین مانگی خایاند و حکوومەت نەیتوانی سزای مامۆستاکان بدات.

کەواتە حکوومەت نەیتوانیوە وەک پێویست لە جێبەجێکردنی یاسا سەرکەوتوو بێت وەک هەنگاوی سەرەکی بۆ بەدامەزراوەییکردن و کاراکردنی سیستەمی بیرۆکراسی لە هەرێمی کوردستاندا؛ بەڵام توانیویەتی لانی کەمی سەروەری و جێبەجێکردنی یاسا بپارێزێت؛ بۆ نموونە، خەڵک لە ترافیکلایته‌کان دەوەستێت، لە پێبژاردن دەترسێت، باجی خانووبەرە دەدات و چەندین نموونەی تر. 

بە بڕوای عەبدولحەکیم خسرۆ ئەگەر لە ڕووی چەمکی زانستی سیاسەتەوە بڕوانینە ئەم بابەتە، لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا دامەزراوەکان فەرمانڕەوایی دەکەن بەڵام لە وڵاتانی دواکەوتوودا نوخبە. سیستەمی بیرۆکراسی و دامەزراوەکانی ئەم سیستەمە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە ساڵانی ١٩٢٠ لە لایەن بریتانیاوە داڕێژراوە، کەواتە سیستەمێکی پێشکەوتووە. هەروەها وەک بیرۆکراسییەت، هەرێم کەڵێنی یاسایی و دامەزراوەییی ئەوتۆی نییە؛ گشت دامەزراوەکان ستراکتۆرێکی تۆکمەیان هەیە و یاسایەکی بۆ داڕێژراوە. بەڵام کاتێک کە هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای ئەم دامەزراوانە دەکەین، دەرەنجامەکان بە شێوەیەکی تر دەبن. یەکێک لە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنیش ڕەزامەندیی ئەو کەسانەیە کە سەردانی دامەزراوەکان دەکەن (زبائن). ئەگەر سەردانکەر لە ئەدای دامەزراوەیەک ڕازی نەبوو، دامەزراوەکە گلەیی لە سەرەوەی خۆی دەکات؛ واتە گلەیی لە نوخبە دەکات. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە یاسا و ڕێساکانی کاراییی دامەزراوەیی بەدروستی پەیڕەو ناکرێن.

بە بۆچوونی دکتۆر لەیلا ئەمیر، سەرەڕای ئەوەی کە دامەزراوە لە دوو بەش پێک دێن کە بریتین لە ستراکتۆر و کارکرد، بەڵام دوو جۆرە بەهایش تەحەکوم بە کاری دامەزراوەیی دەکەن: ئەو بەهایانەی کە یاسایان بۆ دەردەچێت، تا لە ڕێگەیەوە دامەزراوە کارەکانی بەڕێوە ببات؛ هەروەها ئەو بەهایانەی کە که‌لتووری کۆمەڵایەتی-سیاسی لەسەری دامەزراوە. ئەوەی کە لە کوردستان دەبینرێت، زۆر جار بەهای که‌لتووری کۆمەڵایەتی-سیاسی لەگەڵ بەهای یاساییدا لە پێکداداندان. بۆ نموونە کەرت و دامەزراوەی کەم هەن کە لە کوردستاندا دەستێوەردانی سیاسیی تێدا ئەنجام نەدرێت. ئەم دەستێوەردانە سیستەمی بیرۆکراسی ئیفلیج دەکات و ڕێگر دەبێت لە بەدامەزراوەییکردنی کاری دامەزراوەکان.

سەرەڕای ئەمەیش کێشەیەکی تر هەیە. ڕاستە کە ستراکتۆری دامەزراوەکانی هەرێم سترکتۆری پتەون، بەڵام زۆر جار ئەم ستراکتۆرە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی هاوچەرخ نییە. واتە ناتوانێت وەڵامی گۆڕانکاری و داواکارییەکانی هاووڵاتیان بداتەوە. لێرەیشدا خەلەل لە کاری دامەزراەکان دروست دەبێت. گۆڕانی دامەزراوەکانیش لە ڕێگەی نوخبە و یاساوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام زۆر جار خودی نوخبەی سیاسییش نایەوێت ئەم کارە بکات چونکە لە بەرژەوەندیی سیاسیی ئەودا نییە، یاخود ڕووبەڕووی ڕێگری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.

کێشەیەکی تر کە بەدامەزراوەییبوونی لە هەرێمی کوردستاندا لاواز کردووە، بریتییە لەوەی کە زۆرێک لەو کەسانەی لەناو دامەزراوەکاندا کار دەکەن پێناسەی ئەرکی خۆیان نازانن. پێویست ناکات لە گشت دامەزراوەکاندا دەرچووی ئەو بوارە دابمەزرێت و کاری خۆی بکات، بەڵام دەبێ بزانێت ئەرکی فەرمانبەر و مافی هاووڵاتی چییە و لە ڕەگەزە سەرەتایییەکانی سیستەمی کارگێڕی شارەزا بێت.

بە بڕوای دکتۆر زوبێر ڕەسووڵ، لە ماوەی ڕابردوودا، بەتایبەتیش لە دوای سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆن، کۆمەڵێک هەوڵ هەبوونە بۆ بەدامەزراوەییکردنی دامەزراوەکان و کاراکردنی سیسته‌می کارگێڕی؛ بۆ نموونە هەوڵەکانی یەکخستنی وەزارەتی پێشمەرگە؛ بەڵام لە واقعی پراکتیکیدا دەرنجامێکی ئەتۆیان نەبووە. یەکێک لە هۆکارەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا حزب بەسەر دامەزراوەکاندا زاڵە. ڕاستە کە حزب حکوومەت دروست دەکات، بەڵام هیچ کاتێک حزب نابێت بە دامەزراوەیەکی حکوومی. حزب لە هەرێمی کوردستان چۆن لەناو ئۆرگانەکانی ناوخۆ ڕەفتار دەکات، بە هەمان شێوەیش لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومی ڕەفتار دەکات. بۆ نموونە، تا ئێستایش لە بری ئەوەی کە پەرلەمان مینبەرێک بێت بۆ گشت خەڵک، وەک مینبەرێک بۆ حزبەکان بەکار دێت. لووتکەی ململانێی نێوان حزبەکان، بووە هۆی داخستنی پەرلەمان؛ لە ڕاستیدا ئەمەیش لە دەرنجامی نادامەزراوەییبوونی ئەم دامەزراوەیە بوو.

لە لایه‌کی ترەوە، لە کوردستان بەپێی واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ڕۆڵی كه‌سه‌كان (اشخاص) لە ڕۆڵی دامەزراوەکان گرینگترە و بەرزترە. لە ڕاستیدا هێزی دامەزراوەکان لە کاتی قەیراندا دەردەکەوێت، لووتکەی قەیرانی دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستاندا لە جه‌نگی دژی داعش و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر وەدەرکەوت. هەر بۆیەیش دەبینین کە لە دوای ئەم ڕووداوانە گوشارێکی دەرەکی بۆ بەدامەزراوەییکردنی دامەزراوەکانی هەرێم لە ئارادایە. بۆ نموونە لە یارمەتیی تەرخانکراو بۆ هێزی پێشمەرگە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە، یەکێک لە پێشمەرجەکانی دانی ئەم یارمەتییە، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە.

بە بڕوای دکتۆر زوبێر ڕەسووڵ، هەرێمی کوردستان تا ئێستا لە پرۆسەی بەدامەزراوەییکردندا سەرکەوتوو نەبووە. لە قەیرانەکاندا دەرکەوت کە دامەزراوەکانی هەرێم لاوازن و بەرگەی قەیرانی گەورەتر ناگرن. هەر بۆیەیش کۆمەڵێک نوخبەی ناو حزبە سیاسییەکان بەو دەرەنجامە گەیشتوون، کە کاتی بەهێزکردنی دامەزراوەکانە. هەروەها باشترە ئۆپۆزیسیۆنیش لە بری تەرکیزخستنە سەر دابەشکردنی پۆستەکان، تیشک بخاتە سەر پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن. چونکە تا بەدامەزراوەییکردنی دامەزراوەکان لە ئارادا نەبێت، وەرگرتنی پۆستەکان گەرەنتییان نابێت؛ ڕووداوکانی پەرلەمان لە چوار ساڵی ڕابردوو دەرخەری ئەم ڕاستییەن. بۆ ئەوەی کە بتوانین دامەزراوەکانی هەرێم بەدامەزراوەیی و کاراتر بکەین، پێویستە سەره‌تا ئاسایش و سەقامگیری، بوونی هەبێت و دواتر باس لە ڕۆڵی سەروەریی یاسا بکەین. دواتر قۆناغی بەدامەزراوەییکردن دەست پێ دەکات و لەم ڕوانگەیەوە دەچینه‌ ناو بابەتی بەدامەزراوەییکردنی دیموکراتیک. ئەمەیش لەبەر یەک هۆکار، ناکرێ بە ناوی دیموکراسییەوە دامەزراوەکان پەک بخرێن چونکه‌ بابەتی وەک ئازادی و یەکسانی و مافی مرۆڤ بابەتی قووڵ و فرەڕەهەندن. زیاد لەمەیش، حکوومەت دەتوانێ داوا لە ناوەندەکانی Think Tank و ناوەندەکانی توێژینەوە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بکات کە پرۆژەکانیان بۆ چۆنێتیی بەدامەزراوەییکردنی دامەزراوەکانی هەرێم بخەنە ڕوو. لەم ڕێگەیەوە دەتوانن پشتگیریی جەماوەرییش بۆ ئەم پرۆسەیە دەستەبەر بکەن.

سەرەڕای گشت ئەم خاڵانەی کە لە سەرەوە باس کران، پێویستە تیشک بخرێتە سەر فاکتەرێکی تر کە کاریگەریی زۆری لەسەر پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن هەیە کە بریتییە لە بوونی "وه‌لاء" بۆ دامەزراوەکە (Huntington, 1945)؛ واتە فەرمانبەرێک تا چەند پابەندی ئەو پرەنسیپانەیە کە دامەزراوەیه‌ک لەسەری دامەزراوە، بە جۆرێک کە هیچ هۆکارێکی تر ڕێگر نەبێت لە پابەندبوون و وه‌لاء بۆ پرەنیسپەکان. واتە بۆ نموونە کاتێک کە فەرمانبەرێک ئەرکەکانی ڕادەپەڕینێت، هۆکارەکانی وەک خزمخزمێنێ، دەستێوەردانی حزبی، قەیرانی دارایی و بابەتەکانی تر کاریگەریی لەسەر ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان نەبێت. ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستانیشدا دەبینرێت ئەوەیە، کە گشت ئەم بابەتە نەرێنییانە بوونیان هەیە کە ئەمەیش کاریگەریی لەسەر وه‌لاء بۆ پرەنسیپەکان دروست دەکات. کەواتە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی - سیاسی، بەربەستێکە بۆ دروستبوونی وه‌لائی تەواو بۆ دامەزراوەکە و لەوێیشدا بۆ بەدامەزراوەییبوونی دامەزراوەکە.

ساموێل هانتینگتۆن باس لەوە دەکات کە ئێمە زۆر جار لەبیرمان دەچێت کە خودی دامەزروە حکوومییەکان بەرژەوەندیی تایبەت بە خۆیان هەیە و ناکرێ تەنیا ڕەچاوی بەرژەوەندیی گشتی بکات. بۆ نموونە دەپرسێت، بەرژەوەندیی دادگه‌ی باڵا یاخود بەرژەوەندیی ئەنجومەنی نوێنەران چییە؟ (Huntington, 1945). ئەمە پرسێکە کە لە چوار ساڵی قەیرانی داراییی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی لە هەندێ دامەزراوەدا لەبیر چووه‌تەوە. بۆ نموونە ئەگەر وەزارەتی کارەبا، یان وەزارەتی ئاو وه‌رگرین، ئەم دوو وەزارەتە نەیانتوانی وەک پێویست پارەی مەسرەفکردنی ئاو و کارەبا لە بەشداربووانی وەرگرن و ئەم پارەیە بکەن بە داهات و بە لانی کەمەوە بەسەر فەرمانبەرەکانی خۆیاندا دابەش بکەن یاخود لە ڕێگەی ئەم پارەوە گەشە بە دامەزروەکانی خۆیان بدەن کە وەرگرتی ئەم پارەیە مافی بەڵگەنەویستی ئەم دوو وەزارەتەیە. ئەم دوو وەزارەتە بە بیانووی نەبوون یاخود پاشه‌کەوتی مووچە، چاوپۆشییان لە وەرگرتنی پارەی مەسرفکردنی ئاو و کارەبا كرد. بە واتایەکی تر ئەم دوو دامەزراوەیە لەبیریان چوو کە سەرەڕای بەرژەوەندیی گشتی، بەرژەوەندیی تایبەت و کۆنکریتیی خۆیان هەیە.

بە بۆچوونی دکتۆر حیسامەدین عەلی گلی، پێویستە سەرەتا پێناسەی بەدامەزراوه‌ییکردن وەرگرین کە بە چ مانایەک دێت. بەدامەزراوەییکردن واتە دامودەزگه‌کان بەپێی کۆمەڵێک ڕێسا و ڕێکار کارەکانیان ڕابپەڕێنن و ئەم ڕێسا و ڕێکارانەیش پەیوەندییان بە بەڕێوەربەرانی کارەکەوه‌ نەبێت. واتە جیاکاریی تەواو لە نێوان دامەزراوە و کەسەکاندا هەبێت. ئەگەر ئەمە پێناسەی بەدامەزراوەییکردن بێت، حکوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی بەجێگەیاندنی ئەم پێناسەیەی داوە. دەکرێت ئەم هەوڵەیش بە هۆی ئەو داواکارییانەوە بێت کە لە دەرەوەی حکوومەت ئاراستەی حکوومەت دەکرێت. ئەم پرۆسەیە لەسەر ئاستی جیهانی، پرۆسەیەکی دوورودرێژە و، ئەستەمە بە ئامرازی ئاشتیخوازانە جێبەجێ بکرێت. بۆ نموونە بەدامەزراوەییکردن پێویستی بە ئامرازی سەپاندنی یاسا هەیە. ئەم سەپاندنەیش بەردەوامی بە دامەزراوەکە و جێبەجێکردنی یاساکە دەدات و دەبێت بە نۆرمێک لە ڕاپەراندنی کاری دامەزراوەکاندا.

ئەگەر ئێمە بڵێین، بۆچی هەرێم بەرەو بەدامەزراوەییکردن هەنگاو نانێت؟ ئەگەرچی ئەمە پرسیارێکی ڕەهایە بەڵام دەتوانین وەڵامی ئەم پرسیارەیش بدەینەوە، بەوەی کە هەرێمی ئەزموونێکی ئەوتۆی لە کاری دامەزراوە و بەدامەزراوەییکردندا نییە. ئەزموونی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ١٩٩٢ دەست پێ دەکات. ئەوی کە پێش ئەم سەردەمە هەبوو، تەنیا حوکمی ئۆتۆنۆمی بوو کە ئەنجومەنی دادوەری و ئەنجومەنی شۆڕش لە ڕێگەی ئەنجومەنی یاسادانان و جێبەجێکردنەوە ئەم هەرێمەی بەڕێوە دەبرد. لە سەردەمی ئۆتۆنۆمیدا، خودی دامەزراوەکان سەربەخۆ نەبوون بەڵکوو درێژکراوەی دامەزراوەکانی بەغدا بوون. کەواتە ئێمە کەڵەکەبوونی ئەزموونی بەدامەزراوەییکردنمان نەبووە.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن خێراییی زۆرتری بەخۆوە بینی، ئەویش هەم بە هۆی یەکگرتنەوەی هەر دوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی، هەمیش لەمە گرنگتر بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بوودجە و داهاتی هەرێمی کوردستان بوو کە بە قەدەر بوودجەی هەر دوو وڵاتی سووریا و ئوردن بوو. لە حاڵی حازردا، کورد لە نێوه‌ندی پرۆسەی بەدامەزراوەییکردندایە، کە ئەمەیش کاتی دەوێت. لەوانەیە ئیشکالییەت لە جێبەجێکردنی ڕیسا و ڕێکارەکاندا بێت نەک لە خودی ڕێسا و ڕێکارەکاندا. بە واتایەکی تر ئێمە کێشەی ئیندیماجی دامەزراوەکانمان هەیە. ئەم کێشەیەیش لە خودی نوخبەی حوکمڕانەوە سەر هەڵدەدات. واتە،  نوخبەی حوکمڕان وەکوو پێویست مونسەجم و یه‌كپارچه‌ نین، ئەمەیش ڕەنگدانەوەی لەسەر ئیندیماجی دامەزراوەکانی دروست کردوە و پرۆسەی بەدامەزراوەییکردنی دوا خستووە.

بە بۆچوونی دکتۆر عومەر نوره‌دینی، هەرێمی کوردستان خاوەن دامەزراەیە بەڵام بەدامەزراوەییکردن هەنگاوی پێویستی نەبڕیوە. بۆ خوێندنەوەی هۆکارەکانی لاوازیی بەدامەزراوەییبوونی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، سێ هۆکاری سەرەکی هەن:

١، قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتی سەربەخۆ نییە.

٢، هەرێمی کوردستان خاوەن دەستوور نییە. کەواتە بنیاتنانی دامەزراوەکان و بەدامەزراوەییکردن لە غیابی نەبوونی سەروەری و دەستووردا ڕووبەڕووی گرفتی جددی دەبێتەوە.

٣، لە هەرێمی کوردستان مۆدێلی پەیوەندی لە نێوان حزبی سیاسی و دامەزراوەکانی حوکمڕانیدا جیاوازە. لە وڵاتانی ئەوروپا، بۆ نموونە، مێژووی بەدامەزراوەییبوون هەیە، واتە پێداویستییەکانی حوکمڕانی بوونیان هەبووە و دواتر حزبی سیاسی سەری هەڵداوە. لە هەرێمی کوردستان بەپێچەوانەوە، سەرەتا حزبی سیاسی کە حزبێکی شۆڕشگێڕ بوو سەری هەڵدا و خۆی وەک دەوڵەت نمایش کرد و دواتر دامەزراوەکانی حوکمڕانی لە ناخی حزبە سیاسییەکاندا لەدایک بوون. تا ئێستایش حزبە سیاسییەکانی هەرێم لەو بڕوایەدان کە لە قۆناغی نیشتمانیی ڕزگاریدان و بەم جۆرەیش گرفت  بۆ دامەزراوەکان و پرۆسەی بەدامەزراوەییبوون دروست دەکەن. هەر بۆیەیش دەتوانین بڵێین کە دامەزراوەکان بەهێز نابن، ئەگەر پرۆسەی حوکمڕانی لە چوارچێوەی کیانێکی سەقامگیری خاوەن سەرەوەری بوونی نەبێت.

بە بڕوای کوردنەژاد، لە هەرێمی کوردستاندا، چەندین خاڵ هەن کە لەمپەر لە هەمبەر پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن دروست دەکەن. ڕکابەرێتیی نەرێنی لە نێوان حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا پرۆسەی بەدامەزراوەییکردنی دامودەزگه‌کانی هەرێمی کوردستانی لاواز کردووە و دەستێوەردانی دەرەکیی زیاد کردووە؛ ئەمەیش وای کردووە لە مەیدانی سیاسیدا خۆمان خاوەنی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان نەبین؛ واتە لە هەرێمی کوردستاندا تەنیا هێزەکانی کوردستان دەسەڵاتیان نییە بەڵکوو هێزە دەرەکییەکانیش خاوەن دەسەڵاتن. ڕکابەرێتیی نەرێنی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ناسەقامگیری دروست بێت و هیچ کەس لە داهاتوو دڵنیا نەبێت؛ بۆیەیش کەمن ئەو کەسانه‌ی کە ڕازی بن سامان و دەسەڵاتی خۆیان بخەنە ژێر چاودێریی یاسایییەوە. چونکە ئەولەوییەتی یەکەمی بەدامەزراوەییکردن بریتییە لە کۆکردنەوەی سامان و دەسەڵات لەژێر چەتری یاسادا؛ ئەمەیش ناکرێت تا ئەو کاتەی کە نوخبە و خاوەن سەرمایە دڵنیا نەبن کە سەقامگیریی کوردستان و قەواری جیۆسیاسیی کوردستان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەردەوام دەبێت.

بە بڕوای هێمن نامق، لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵەکانی بەدامەزراوەییکردنی دامەزراوەکان سەرکەتوو نەبوو. سێ تەحەددای سەرکی لە بەردەم ئەم پرۆسەیەدا هەیە. تەحەددیی سەرەکی لە لایەن حزبە سیاسییەکانی هەرێمەوە دێت؛ لە هەرێمی کوردستان چونکە حزب لە پێش بوونی دامودەزگه‌کان سەری هەڵداوە، کەواتە خۆی بە خاوەن ئەم دامودەزگه‌یانە دەزانێت. بۆ نموونە، حزب خۆی بە خاوەن پەرلەمان هەژمار دەکات و مەکتەب سیاسیی حزب لە سەرووی پەرلەمان دێت. تا ئەو کاتەی نەوه‌ی شاخ و نەوەی جه‌نگ جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێت، کێشە بۆ پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن دێتە کایەوە. دووەم تەحەددی، تەحەددیی مێژوویی یاخود ئەو چارەنووسە خرابەیە کە لە ساڵی ١٩٦٤وە بەرۆکی ئەم هەرێمەی گرتووە و هەرێمی بۆ سەر دوو زۆن دابەش کردووە و ئەم دابەشکارییەیش تا ئێستا بەردەوامە و لە هەر یەک لە زۆنەکان کۆمەڵێک نوخبەی سیاسی، باڵادەستن. بۆ نموونە، سەرەڕای خەرجکردنی پارەیەکی زۆر بۆ یەکخستنەوەی ١٢ لیوای هێزی پێشمەرگە، کەچی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، هەشت لیوا بە شەو و ڕۆژێک بە هۆی فەرمانێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، لێک هەڵوەشانەوە و سەنگەرەکانیان چۆڵ کرد. تەحەددیی سێێەم بریتییە لەوەی کە ئێمە دەوڵەت نین و کاریگەرین بەو ڕووداوانەی کە لە بەغدا ڕوو دەدەن. مادەم ئێمە خاوەن سەرەوەریی تەواوی خۆمان نین، سەختە پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن لە دەرەوەی چوارچێوەی سەروەریدا ئەنجام بدرێت.

بەگشتی ڕووداوەکانی ئەم دوایییە دەریان خست، کە دامەزراوەکان زۆر لاوازن و بوونی پارە ئەم لاوازییەی پەردەپۆش کردبوو. لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕووی فعلییەوە تا ئێستا یەک دامەزراوە بوونی نییە کە بتوانێت حوکمی سەرتاسەریی هەرێمی کوردستان بکات.   

بەکورتی دەتوانین بڵێین کە لە هەرێمی کوردستاندا دامەزراوەکان بوونیان هەیە بەڵام کارا نین و لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕووداو دەریان خست کە تا هەنووکە لە هەرێمی کوردستاندا دامەزراوەکان ڕۆڵی کارا نابینن. کۆمەڵێک لەم ڕووداوانە بریتین لە: چەند-بەرەبوونی جه‌نگ لە دژی داعش، داواکردنی حزبە سیاسییەکان بۆ مامەڵەکردنی حکوومەتی بەغدا بە ڕاستەخۆ لەگەڵ پاریزگه‌کان، داواکردنی هاتنی بوودجەی وەزارەتەکان لە بەغدا بە جودا، ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، داخستنی پەرلەمان، درێژخایەنبوونی خۆپێشاندانی مامۆستاکان و بڕینی مووچە بەبێ هەبوونی پشتیوانیی یاسایی.

دەرەنجامگیری

بەپێی ئەدەبیاتی بەدامەزراوەییکردن کە هاوکات بووە لەگەڵ تویژینەوەکانی تایبەت بە گەشەسەندنی سیاسی، ئەنجامدانی پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن پڕۆسەیەکی کات-بڕە. لە هەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک کێشەی سیاسی، ئابووری، یاسایی، که‌لتووری و دەروونی هەن کە لەمپەر لە هەمبەر بەدامەزراوییبوونی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکەن، ئەمەو سەرەڕای دەستێوەردانی دەرەکی. بەڵام کڕۆکی کێشەکە، کێشەیەکی ناوخۆیییە. دەکرێ لە ڕێگەی داڕشتنی دەستوورێکی ڕوون، کەمکردنەوەی ڕووتینیاتی کارگێڕی، داڕشتنی ڕێساکانی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان، جا حکوومی بن یان ناحکوومی، نەهێشتنی دەستێوه‌ردانی سیاسی لە کاروباری بیرۆکراسیدا و، پەروەردەکردنی فەرمانبەر لە چۆنێتیی ڕاپەراندنی ئەرکەکانی، پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن لە هەرێمی کوردستاندا خێرا بکەین.  هاوکات لەگەڵ ئەمە، پێویستە شێوازی سزا و پاداشت لە جێبەجێکردنی کارەکان پەیڕەو بکرێت. بە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ یەکە ئیدارییەکان و چاودێریکردنی ئەم یەکانە، لە ڕاددەی واستەکاری و دیاردەکانی خزمخزمێنێیش کەم دەبێتەوە چونکە کارەکان بەئاسانی جێبەجێ دەکرێن؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی کارابوونی سیستەمی بیرۆکراسی و پتەوکردنی بناغەی دامەزراوەکان.

سەرچاوەکان

Almond, G, A., Powell, G, B. (1969) ‘The Political System’, in Blondel, J. (ed.) Comparative Government. United Kingdom. pp, 10-14.

Crone, D, K. (1988) ‘State, Social Elites, and Government Capacity in Southeast Asia’, World Politics, 40(2), pp. 252-268.

Glaeser, E, L., La Porta, R., Lopez-De-Silanes, F., Shleifer, A. (2004) ‘Do Institutions Cause Growth?’, Journal of Economic Growth, 9(3), pp. 271-303.

Huntington, S, P. (1965) ‘Political Development and Political Decay’, World Politics, 17(3), pp. 386-430.

Huntington, S, P. (2006) Political Order in Changing Societies, 2nd edn. New Haven and London: Yale University Press.

Khalil, H. M. (2016) The Obstacles to Political Development in the Kurdistan Region, 1992-2014, unpublished PhD. University of Bangor.

Kingsbury, D. (2007) Political Development. United Kingdom: Routledge.

Knight, J. (1992) Institutions and Social Conflict. UK: Cambridge University Press.

Lutzker, M, A. (1982) ‘Max Weber and the Analysis of Modern Bureaucratic Organization: Notes Toward a Theory of Appraisal’, American Archivist, 45(2) 1982, PP 119-130.

Nelson, J, N. (1984) ‘The Political Economy of Stabilization: Commitment, Capacity, and Public Response’, World Development, 12(10), pp. 983-1006.

North, D. (1993) 'Institutions and Credible Commitment', Journal of Institutional and Theoretical Economics (JITE), 149(1), pp. 11-23.

Parsons, T. (1990) 'Prolegomena to a Theory of Social Institutions', American Sociological, 55(3), pp. 319-333.

Peters, B, G. (1999) Institutional Theory in Political Science: The New Institutionalism. London: Pinter.

Roxborough, I. (1979) Theories of Underdevelopment. London: Macmillan Press.

Weber, M. (1968) Basic Concept in Sociology. Translated by Secher, H, P. London: Lowe and Brydone.

ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان (٢٠١٣) 'لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەسەر سیستەمی کارگێڕیی حکوومەتی هەرێمی کوردستا'ن، بڕوانە file:///C:/Users/Hiwa/Downloads/6387eed5-cab1-4867-9787-04317c09422d%20(1).pdf

چواس حەسەن، دکتۆرا لە یاسای دەستووری، مامۆستا لە کۆلێژی سیاسەت، زانکۆی سەڵاحەددین. ڕێکەوتی گفتوگۆ، ١٨/٨/٢٠١٨.

حیسامەدین گلی، دکتۆرا لە زانستی سیاسەت، مامۆستا لە کۆلێژی سیاسەت، زانکۆی سەڵاحەددین. ڕێکەوتی گفتوگۆ، ٢٦/٨/٢٠١٨.

حوسێن کوردنەژاد، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی توێژینەوەی ئابووری لە ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدانی کوردستان، ماستەر لە جوگرافیای ئابووری، ماستەر لە گەشەپێدانی دیموکراسی. ڕێکەوتی گفتوگۆ ٣١/٨/٢٠١٨.

زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستی سیاسی، توێژەر لە سەنتەری میری و مامۆستا لە کۆلێژی سیاسەت، زانکۆی سەڵاحەددین. ڕێکەوتی گفتوگۆ، ٢١/٨/٢٠١٨.

عومەر نورەدینی، دکتۆرا لە زانستی سیاسەت، ئەندامی خولی سێیه‌می پەرلەمانی کوردستان. ڕێکەوتی گفتوگۆ، ٢٩/٨/٢٠١٨.

عەبدولحەکیم خەسرۆ جوزەل، دکتۆرا لە زانستی سیاسی، مامۆستا لە کۆلێژی سیاسەت، زانکۆی سەڵاحەددین. ڕێکەوتی گفتوگۆ، ٢٣/٨/٢٠١٨.

لەیلا ئەمیر. دکتۆرا لە کۆمەڵناسی، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان. ڕێکەوتی گفتوگۆ ٢٤/٨/٢٠١٨.

هێمن نامق جەمیل، دکتۆرا لە زانستی سیاسەت، مامۆستا لە زانکۆی سۆران، بەشی سیاسەت. ڕێکەوتی گفتوگۆ ٣٠/٨/٢٠١٨.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples