قۆناغەکانی بووژانەوەی ئابووری: واڵت وایتمەن ڕۆستۆ

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

ڕۆستۆ بە پلەی یەکەم ئابوورناس بوو، دواتر شارەزای سیاسی. ئەو، لەژێر کاریگەریی زانستی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەمریکی بوو. ڕۆستۆ بە هۆی كتێبی "قۆناغەکانی بووژانەوەی ئابووری: مانیفێستێکی ناکۆمۆنیستی" (The Stages of Economic Growth: A Non-Communist Manifesto) کە لە ساڵی ١٩٦٠دا بڵاو بووەوە ناوبانگی دەرکرد. پیش ئەم كتێبە ڕۆستۆ بابەتێکی زانستیی بە ناوی "قۆناغەکانی بووژانەوەی ئابووری" (the stages of economic growth) لە ساڵی ١٩٥٩دا بڵاو کردبوو و بیرۆکە سەرەکییەکانی لەم بابەتەدا خستبووه‌ ڕوو. ڕۆستۆ جەختی لە قۆناغبەندی لە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆندا دەکرده‌وه‌ و لەو بڕوایەدا بوو، بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگە ببێت بە کۆمەڵگەی مۆدێرن، پێویستە لە پێنج قۆناغی گەشەسەندن بە ماوەی زەمەنیی جیاواز دەرباز بێت.

قۆناغەکانی بووژانەوەی ئابووری

قۆناغی یەکەم: کۆمەڵگەی تەقلیدی

ڕۆستۆ کۆمەڵگەکانی ئەم قۆناغە بە کۆمەڵگەی پێش سەردەمی نیوتۆن هەژمار دەکات. واتە ئەو سەردەمەی کە مرۆڤ زانیاریی ئەوتۆی سەبارەت بە ژینگەیی دەوروبەری خۆی نەبووە و لەو بڕوایەدا نەبووە کە دەتوانێت دەستکاریی ئەم ژینگەیە بکات، یاخود ژینگەی دەوروبەری مرۆڤ لە ڕێگەی کۆمەڵێک یاسای لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤ، بەڕێوە دەبردرێن. کۆمەڵگەکانی پێش سەردەمی نیۆتۆن بریتین لە: کۆمەڵگەی چین، ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست، دەریای ناوەڕاست و ئەوروپای سەدەكانی ناوه‌ڕاست. لەم کۆمەڵگەیانەدا مرۆڤ هەندێ پێشکەوتنی لە بواری ئابووریدا بەخۆوە بینیوە. بۆ نموونە، لە کەرتی کشتوکاڵدا بە هۆی پێشکەوتنی سیستەمی ئاودێرییه‌وه‌ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زۆرتر بوونە. بەڵام تەکنه‌لۆژی و زانست لە شێوازەکانی بەرهەمهێناندا بوونی نەبووە یاخود بەباشی بەکار نەهاتوون. هەر بۆیەیش بەگشتی بەرهەمهێنان لە ئاستی تاکەکەسیدا سنووردار بووە. ئەم کۆمەڵگەیانە زۆرتر پشت بە ئابووریی کشتوکاڵ و بازرگانی دەبەستن و توانای داهێنانیان نییە. لەم قۆناغەدا، هەندێ خەسڵەتی وەک هەڵبەز و دابەزین لە ژمارەی دانیشتووان، داهاتی کەم و بچووکی قەبارەی کارگەکان دەبینرێت. نەبوونی تەکنه‌لۆژی، چەتری کۆکەرەوەی ئەم کۆمەڵگەیانەیە. هەر بۆیەیش توانا و قەبارەی بەرهەمهێنان بە هۆی نەبوونی زانست و تەکنه‌لۆژیی پێشکەوتووه‌وه‌ سنووردارە. کەواتە گشتیان هاوبەشن لە خەسڵەتی سنووردارێتیی بەرهەمهێنان. بەم هۆیەیشەوە نزیکەی ٧٥٪ی هێزی کار لە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراکدا کار دەکەن و زۆرترین ڕێژەی داهاتیش لە کەرتی نابەرهەمهێنەردا خەرج دەکرێت، وەک: بۆنە ئایینییەکان، هاوسەرگیری و سەرەخۆشییەکان، جەنگ، ناکۆکی لەگەڵ درواسێکان لە پێناو وەرگرتنی پارچەیەک زەوی بۆ کشتوکاڵ لە خاوەن زەوییەکانەوە.

بەها کۆمەڵایەتییەکان داخراون و ستراکتۆری کۆمەڵگە، ستراکتۆرێکی هیرارکی (ستوونی)یه‌ و بزاڤی کۆمەڵایەتی (social mobility) بە شێوازی ئاسۆیی، بەرتەسکە یان بوونی نییە. خێزان و خێڵ ڕۆڵی سەرەکی لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیدا دەبینن. بڕواهەبوون بە قەزاوقەدەر (تەقدیرگەرایی/fatalism) لە ئاستێکی بەرزدایە؛ هەر بۆیەیش لە ڕوانگەی کۆمەڵگەدا، ئەوەی بۆ نەوەی ڕابردوو ڕووی داوە، لەوانەیە بۆ چەندین نەوەی داهاتوویش ڕوو بدات. لەگەڵ ئەمەیشدا، هەوڵدان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و دوورکەوتنەوە لە نەهامەتییەکان، بوونی هەبووە. دەسەڵاتی سیاسی لە دەستی خاوەن زەوییەکاندایە. واتە دەسەڵاتی هەرێمەکان بەهێزە و دەسەڵاتی ناوەندیش لاوازە یان بوونی نییە. لەم قۆناغەدا کۆمەڵگە بڕوای بە چارەنووس و قەزاوقەدەر (fatalistic) هەیە.

قۆناغی دووەم: پێشمەرجەکانی هەستان

بە بڕوای ڕۆستۆ ئەم قۆناغە لە ئەوروپای ڕۆژاوا بە هۆی دوو فاکتەرەوە هاتە ئاراوە:

١. لەسەرەخۆ کامڵبوونی زانستی مۆدێرن و گرتنەبەری ئاراستەی زانستی.

٢. فاکتەری یەکەم، هاوکات بوو لەگەڵ دۆزینەوەی جوگرافیای نوێ کە بووە هۆی نۆژەنکردنەوەی ئابووری و پیشەسازیی ئەوروپا. ئەمەیش بووە هۆی بەرفراونبوونی بازاڕەکان لەناو ئەوروپا و لە دەره‌وەی ئەوروپا.

بەرفراوانبوونی بازاڕەکان نەك تەنیا بووە هۆی پەرەسەندنی بازرگانی، بەڵکوو بووە هۆی هێنانەدیی پسپۆرێتی لە بەرهەمهێناندا (specialization of production) و بەرفراوانبوونی وابەستەییی نێو-هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و گەورەبوونی قەبارەی دامەزراوە دارایییەکان و هاتنەدیی کارکردی نوێی بەرهەمهێنان. بە بڕوای ڕۆستۆ، بریتانیا یەکەم وڵاتە کە چووەتە ناو ئەم قۆناغەوه‌. بۆ گەیشتن بەم قۆناغەیش کۆمەڵێک گۆڕانکاریی ڕیشەیی پێویستن:

یەکەم، دامەزراندنی سیستەمی گواستنەوەی خێرا، تا هەم لە ڕووی ئابوورییەوە بازاڕەکان پێکەوە گرێ بدات و کەرەستە خاوەکان بەئاسانی دەربهێنرێن و، هەمیش لە ڕووی سیاسییەوە دەسەڵاتی ناوەند بە گشت كون و قوژبنێکی وڵات بگات.

دووەم، شۆڕشی تەکنه‌لۆژی، تا هەم گۆڕانکاری بەسەر کەرتی کشتوکاڵدا بهێنێت و هەمیش شارنشینی بەرفراوان بکات.

سێیەم، بەرفراوانکردنی تۆڕەکانی هاوردەکردنی دارایی، ئەویش لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی کارامە و بەبازاڕکردنی کاڵاکان. بە واتایەکی تر، بەرفراوانکردنی تۆڕی ئاڵۆگۆڕی دراو.

سەرەڕای ئەوەی کە لەم قۆناغەدا ڕێژەی ٥٪ داهاتی نەتەوەیی لە کەرتی سەرمایەگوزاریدا تەرخان دەکرێت. ئەم فاکتەرانە پێشمەرجی بەپیشەسازیبوونن. لەگەڵ ئەمەیشدا، پێویستە کۆمەڵگە تەقلیدییەکان قبووڵی کۆمەڵێک بەهای نوێ بکەن، وەک: قبووڵکردنی تەکنیکی نوێ لە لایەن کۆمەڵە کشتوکاڵییەکانەوە لە پیناو بەرفراوانبوونی بازاڕە بازرگانییەکان، هاتنەدی و بەئازادانە کارکردنی کارسازە پیشەسازییەکان (industrial entrepreneurs)، بوونی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی کە بتوانێت نەزم و سەقامگیری دابین بکات و مەیلی بۆ مۆدێرنیزاسیۆن هەبێت و بتوانێت سەرمایە کەڵەکە بکات تا لە بواری تەکنیکی نوێی کشتوکاڵی و پیشەسازیدا سەرمایەگوزاری بکات.

لە قۆناغی دووه‌مدا ڕۆستۆ ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ گەیشتن بەم قۆناغە کۆمەڵگەکانی دواکەوتوو پێویستیان بە فاکتەری دەرەکییە. واتە ئەگەرچی ئەم قۆناغە لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا بە هۆی هێز و تواناییی ناوخۆیی برەوی سەند، بەڵام کۆمەڵگەی دواکەتوو تەنیا بە پشتبەستن بە سەرچاوە مرۆڤی، سروشتی و ماددییەکانی خۆی، ناتوانێت بەم قۆناغە بگات. لەم قۆناغەدا ڕۆستۆ باس لە سەرمایەگوزاری دەکات کە پێشمەرجێکی زۆر گرنگە. ڕۆستۆ دەڵێت کە چوونی هێزە دەرەکییە بەپیشەسازیبووەکان بۆ ناو کۆمەڵگەکانی تەقلیدی بۆ ئەوەی کە یارمەتییان بدەن پێش بکەون و ببن بە کۆمەڵگەی مۆدێرن، لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی هەیە. لە لایەنی ئەرێنییەوە کۆمەڵگە پێشکەتووەکان دەتوانن قەناعەت بە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان بهێنن کە دەستێوەردانی ئەوان دەبێتە هۆی هێنانەدیی ژیانێکی تەمەندرێژتر و ساخلەمتر بۆ خۆی و منداڵەکانیان، هێنانەدیی شێوازی نوێی بەکاربردن، دەستەبەرکردنی ئامرازی نوێی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی. لە لایەنی نەرێنییەوە، بە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە زۆر جار وڵاتە پێشکەوتووەکان پشت بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەبەستن، کە ئەمەیش دەبێتە ئەگەری سەرهەڵدانی هەستی نەتەوایەتی. بنیاتنانی نەتەوە (nation building)یش، هەم دەبێتە کارئاسانی بۆ نوێبوونەوە و هەمیش دەبێتە بەربەست؛ کە ئەویش بەستراوەتەوە بە جۆری بیرکردنەوەی نوخبەی سیاسی و پەیوەندییان لەگەڵ گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم کۆمەڵگەیانەدا.

قۆناغێ سێیەم: قۆناغی هەستان

ڕۆستۆ دەڵێت لەم قۆناغەدا ژمارەی مەڵبەندەکانی کارساز و ژمارەی شارەزایان زیاد دەکات. کارگەکانی مۆدێرنی پیشەسازی بەرفراوان دەبن. لە ئابووریدا تەکنیک و سەرچاوەی نوێ بەکار دەهێنرێن کە لە قۆناغەکانی پێشتردا بەکار نەهاتوون. تەکنیکی نوێ هەم لە کەرتی پیشەسازی و هەمیش لە کەرتی کشتوکاڵدا بەکار دەهێنرێت و کشتوکاڵ دەبێت بە کەرتێکی بازرگانی. لەم قۆناغەدا پێویستە سەرمایە بەدامەزراوەیی بکرێت. مەرجە لەم قۆناغەدا جووتیاران ئامرازی نوێی کشتوکاڵی بەکار بهێنن، تا کۆمەڵگە بتوانێت بەرەو مۆدێرنیتە هەنگاو بنێت. هاوکات پێویستە کۆمەڵگە بۆ دەربازبوون لە بەها و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی تەقلیدی، ئامادەییی هەبێت. بە واتایەکی تر، هەم لە ڕووی ئابووری و هەمیش لە ڕووی کۆمەڵایەتی-سیاسییەوە، دەبێ کۆمەڵگە ئامادەییی دەربازبوون بۆ قۆناغی نوێ و لەباوەشگرتنی بەها و دامەزراوەی نوێی هەبێت. لەم قۆناغەدا ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێ لە نێوان چینی نوێی مودێرنخواز و چینی کۆنی پارێزگار دێتە ئاراوە. دەبێ لەم قۆناغەدا ١٠٪ داهاتی نەتەوەیی، یان زۆرتر، بە شێوەیەکی بەردەوام بۆ کەرتی سەرمایەگوزاری تەرخان بکرێت. بەم شێوەیەیش بۆ ماوەی دوو دەیە ستراکتۆری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی کۆمەڵگە بەتەواوەتی گۆڕانی بەسەردا دێت و بناغەکانی بووژانەوە ڕەگ دادەکوتن.

قۆناغی چوارەم: قۆناغی پێگەیشتن

ئەم قۆناغه‌ بریتییە لە قۆناغێک کە تێیدا، زنجیرەیەکی بەرفراوان، ئاڵۆز و جۆراوجۆری تەکنه‌لۆژیی مودێرن لە گشت کەرتەکانی ئابووریدا پیادە دەکرێت و شێوازە سادە و کۆنەکانی بەرهەمهێنان لەناو دەچن. لەم قۆناغەدا ئەگەر گشت کاڵاکانیش بەرهەم نەهێنرێن، بەڵام ئەگەر ئابووری، بڕیاری بەرهەمهێنانی کاڵایەک بدات، دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت؛ چونکە کەرەستە خاوەکان زۆر و جۆراوجۆرن و پێشکەوتنی بازاڕەکان و سیستەمی گواستنەوە وای کردووە کە ئابووری، دەستی بە گشت سەرچاوە و کەرستەیەک بگات. لەم قۆناغەدا ڕێژەی ١٠٪-٢٠٪ی داهاتی نەتەوەیی بەبەردەوامی لە کەرتی بەرهەمهێناندا سەرمایەگوزاری دەکرێت. هاوکات ژمارەی دانیشتووانیش بە هۆی بووژانەوەی ئابوورییەوە بەرز دەبێت. لەم قۆناغەدا، ئابووری ڕێگه‌ی بەرەو بازاڕی نێودەوڵەتیدا دەکاتەوە. ئەو کاڵایانەی پێشتر هاوردە دەکران، لەناو وڵاتدا بەرهەم دێن و داواکاری بۆ هاوردەی کاڵای تر بەرز دبێتەوە و هاوکات هەناردەکردنیش دەبووژێتەوە. لەم قۆناغەدا کەرتە جۆراوجۆرەکانی ئابووری بە هۆی پرۆسەی بەپیشەسازیبوون، لێکجیا دەکرێنەوە (differentiation) و تایبەتگەرایی دێتە کایەوە.

هاوکات، کەرتە تازە سەرهەڵداوەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنه‌لۆژییه‌وە دەبنە کەرتی پێشەنگ و، شوێنی کەرتە کۆنەکان دەگرنەوە. بە بڕوای ڕۆستو، دوای شەست ساڵ لە دەستپێکردنی قۆناغی هەستانەوە، یاخود چل ساڵ دوای کۆتاییهاتنی ئەم قۆناغە، قۆناغی پێگەیشتن بە کامڵبوون دەگات. ئەگەرچی خەسڵەتی سەرەکیی ئەم قۆناغە، بەرهەمهێنانی زۆری کاڵا بەکاربەرەکانە (consumption goods) و تەکنه‌لۆژی و زانستی مۆدێرن لەم کەرتەدا ڕۆڵی سەره‌کی دەگێڕن، بەڵام وڵاتەکان لە ڕووی بڕیاردان لەوەی کە کام کەرت زووتر و زۆرتر گەشە بکات، لێک جیاوازن. واتە، لەوانەیه‌ کۆمەڵگە لە قۆناغی هەستانەوە زۆرترین سەرمایەگوزاری بۆ کەرتی سەربازی تەرخان بکات؛ وڵاتێکی دیكه‌ بۆ کەرتی گواستنەوە و یەکێکی تر بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان. گرنگە لەم قۆناغەدا ئاستی داهاتی تاکەکەسی و توانای تاکەکەس لە بەکارهێنانی کاڵا جۆراوجۆرەکان، بەرز ببنەوە.

قۆناغی پێنجەم: بەکاربردنی بەرفراوان

لەم قۆناغەدا بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و بووژانەوەی ئابووری وای کردووە، کە نەك تەنیا ژمارەی دانیشتووانی شار بە ڕاددەیەکی زیاد بەرز بێتەوە، بەڵکوو هێزی کاری شارەزا کە لە نووسینگەکان (offices) و کەرتەکانی خزمەتگوزاریدا کار دەکەن بەرز ببێتەوە. هەروەها تاکەکان ئەوەندە داهاتیان هەیە کە بتوانن پۆشاک و پەناگە و خۆراک بۆ خۆیان دابین بکەن. لەم قۆناغەدا، چەمکەکانی ئاسایشی تاکی و نەتەوەیی و دەوڵەتی خۆشگوزەران سەر هەڵدەدات. ئەگەر بێت و کۆمەڵگە تەکنه‌لۆژیی مۆدێرنی هەبێت، ئابووری بە سێ ئاراستەدا گەشە دەکات:

یەکەم: زیادکردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ هێزی کار.

دووەم: دابینکردن و بەرفراوانکردنی تۆڕی بەکاربردن بۆ تاکەکان و دابینکردنی خانوو و خزمەتگوزاری و کاڵا بۆ خێزانەکان و جەماوەر.

سێیەم: بەهێزکردنی تواناکانی نەتەوە لەسەر ئاستی جیهانی.

مەرج نییە لە دەستنیشانکردنی هەر یەک لەم قۆناغانەیشدا کۆمەڵگەکان بە یەک شێوە بن. بۆ نموونە، لە دوای ساڵی ١٩٢٠ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک زلهێزێکی تازە سەرهەڵدراو کە دەستی بە بووژانەوەی ئابووری کردبوو، لە ئاراستەی دووەمەوە دەستی پێ کرد. لە کاتێکدا کە بریتانیا و ئەوروپای ڕۆژاوا زۆرتر گرنگییان بە دەستەبەرکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دا. لە هەمان کاتدا، ئەڵمانیا زۆرتر تەرکیزی لە ئاراستەی سێیەم کرد و پەرەی بە هێزی سەربازی دا، تا وەک نەتەوەیەکی بەهێز خۆی نمایش بکات.

رۆستۆ، ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێ گرفت لە بەردەم کۆمەڵگە دواکەتووەکاندا هەن بۆ ئەوەی کە ئەم پێنج قۆناغە دەرباز بکەن و ببن بە کۆمەڵگەی پێشکەوتوو. دوو گرفتی سەره‌کی بریتین لە جەنگی سارد کە وڵاتانی دواکەتووی بەسەر دوو جەمسەردا دابەش کردووە، هەروەها زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی مردن (کە ئەمەیش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ باشتربوونی سیستەمی تەندروستیی ئەم وڵاتانە) و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و هەژاری. بەڵام هاوکات دوو هۆکاری تر هەن کە لە بەرژەوەندیی وڵاتە دواکەتووەکاندایە:

یەکەم، ئەم وڵاتانە دەتوانن تەکنه‌لۆژیی ڕۆژاوایی بەکار بهێنن کە دەتوانێت ڕەوتی پێشکەوتنی ئەم کۆمەڵگەیانە خێراتر بکات.

دووەم، بوونی هاوکاریی تەکنه‌لۆژی و یارمەتیی دەرەکی، کە ئەویش خێرایی بە پێشکەوتنی ئەم کۆمەڵگەیانە دەبەخشێت.

 

سەرچاوە:

Rostow, W, W. )1959(‘The Stage of Economic Growth’, The Economic History Review, 12(1), pp. 1-16.

Rostow, W, W. (1960) The Stages of Economic Growth: A Non-Communist Manifesto, 3rd (edn. [1991]), Cambridge University Press.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples