مێژوو، یەکێکە لەو زانستانەی کە زۆر بەبەربڵاوی کاری لەسەر دەکرێت. وەک بەشێکی زانستی لە زۆربەی زانکۆکان بوونی هەیە. مێژوو بۆ خەڵکانێک، پەندوەرگرتنە لە ڕابردوو، بۆ خەڵکانێکی دیکە پێشبینیی داهاتووە لەژێر ڕۆشناییی ڕووداوەکانی ڕابردوو. بۆ خەڵکانێکیش، ڕەنگە توخمێکی گرنگی ناسنامە بێت.
لە سەدەی بیستدا، گۆڕانکاریی گەورە بەسەر زانستی مێژوودا هات. قوتابخانەی مێژوویی نوێ (وەکو ئاناڵ) سەریان هەڵدا. سەرچاوە مێژوویییەکان و میتۆدۆلۆژییهکەی، پێشکەوتنی زۆریان بەخۆیەوە بینی. سەرهەڵدان و پەڕەسەندنی قوتابخانەی مێژووییی ئەناڵ لە فەڕەنسا، ڕێگەخۆشکەربوو بۆ سەرهەڵدانی مێژووی زارەکی، کە ئەمڕۆ لە دەیان زانکۆی جیهانیی ئاستبەرزدا، سەنتەر و بەشی تایبەت بە مێژووی زارەکی کراونەتەوە.
مێژووی زارەکی، یەکێکە لە لقە گرنگەکانی مێژوو. ئەگەرچی دەگوترێ کۆنترین و نوێترین جۆری مێژووە، بەڵام تا نیوەی دووەمی سەدەی بیست، کارێکی ئەوتۆی لەبارەوە نەکرابوو. هەردوو مێژوونووس "تیسیدۆس" و "هێرودۆتس"، لە نووسینی مێژوودا پەنایان بۆ ئەم ڕێبازە بردووە. یەکەمین مێژوونووس کە بە شێوەیەکی بەرفرەوان سوودی لە مێژووی زارەکی وەرگرت توسیدۆس بوو، ئەویش لە پێشەکیی کتێبی "مێژووی پلۆپۆنزی"دا کە لەبارەی ڕووداوێکەوە، تاکە جیاوازەکان بە شێوەی جۆراوجۆر ئەو ڕووداوە دەگێڕنەوە. گرنگترین کتێبەکانی مێژووی ئیسلام وەکو مێژووی تەبەری و ئیبن ئەسیر، بە پشتبەستن بە مێژووی زارەکی نووسراون. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنەکانی زانست و جیابوونەوەی زانستەکان لە فەلسەفە و سەربەخۆبوونیان، کە هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی پۆزیتیڤیزم و زاڵبوونی ئەو میتۆدۆلۆژییە و بەپارادایمبوونی، هیچ بوارێکی بۆ سەرهەڵدانی مێژووی زارەکی نەهێشتەوە. چونکە پۆزیتیڤیزم یەکێک لە بنەماکانی بابەتیبوونە، کە جەخت لە بەلاوەنانی خود و ئەزموونە خودییەکان دەکاتەوە.
دواجار لە ئەمریکا لە چلەکانی سەدەی بیست، بەدەستنیشانکراویش لە زانکۆی کۆلۆمبیا، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگ "ئاڵن ناڤیس"، ناوەندی مێژووی زارەکیی لە ١٩٤٨ لەو زانکۆیە دامەزراند. ئاڵن ناڤیس، توانیی مێژووی زارەکی وەک لقێکی مێژوو بچەسپێنێت، دوای ئەوەی کە توانیی بڕوا بە خێزانێکی دەوڵەمەند بکات تا ملیۆنێک و نێو دۆلار بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخان بکات. لە هەردوو دەیەی ١٩٦٠ و ١٩٧٠، مێژووی زارەکی بایەخێکی زۆری وەرگرت و لەو کات بەدواوە هیچ میتۆدێکی توێژینەوە وەک مێژووی زارەکی لە لایەن مێژوونووسانەوە بەبەرفرەوانی سوودی لێ وەرنەگیراوە.
جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بە ڕۆڵی زانکۆ ئەمریکییەکان لە گەشەدان بە مێژووی زارەکی بکەین. ڕاستییهكهی، ئەوە زانکۆ ئەمریکییەکان بوون یەکەمین ناوەندەکانی مێژووی زارەکییان دامەزراند. لە سەرتاسەری ئەمریکا، دەستیان بە کۆکردنەوەی مێژووی زارەکی کرد (لە ١٩٤٠ و ١٩٥٠ زانکۆکانی کۆلۆمبیا، تێکزاس، کالیفۆرنیا و بێرکلی، پرۆژەی تایبەت بە مێژووی زارەکییان دەست پێ کردن) و دوای چەند دەیەیەک، ئینجا ئەم ناوەند و سەنتەرانە لە زانکۆکانی دیکە لە دەرەوەی ئەمریکا کرانەوە، بە جۆرێک کە لە زۆر وڵاتی ئەوروپی و وڵاتانی دیکەیش سەنتەر و ناوەندی لەو شێوەیە کراونەتەوە و هەوڵی شێلگیر بۆ کۆکردنەوەی مێژووی زارەکی ههن. هەروەک چۆن سەرهەڵدانی مێژووی زارەکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو، گەشەسەندن و باوبوونیشی هەر لەوێ بوو. تەنانەت تاکو ئەمڕۆیش زۆرترین بایەخدان بە مێژووی زارەکی، لە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانی ئەو وڵاتەیە. کە ڕەنگدانەوەکەیشی بەڕوونی لە هۆلیۆد و ئەدەبیاتی ئەو وڵاتەدا دیارە.
ئەوەی ڕۆڵی گەورەی لە گەشەسەندنی مێژووی زارەکیدا بینی، سەرهەڵدانی ڕیکۆردەر بوو. ڕیکۆردەر لە سەرەتادا و، دواتریش سەرهەڵدانی زۆر ئامێری دیکە بۆ ڕیکۆردکردن و تۆمارکردنی دەنگ و، دواتریش وێنە، ئەو ئەگەرەی ڕەخساند کە بە سەدان و هەزاران چاوپێکەوتنی دوورودرێژ ئەنجام بدرێن و پارێزگارییان لێ بکرێت. هەر بۆیەیشە، توانرا چەندین ئەرشیفخانە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەیان وڵاتی دیکە، بۆ ئەرشیفکردنی مێژووی زارەکی و ئەنجامدانی سەدان توێژینەوە لەو بوارەوە، دابمەزرێن.
ئەمڕۆ، زۆرتر لە هەر کاتێکی دیکە بایەخ بە مێژووی زارەکی دەدرێت. لە وڵاتانی پێشکەوتوو کە زانست بایەخی زیاترە، هەوڵی زۆرتر دەدرێن و زانکۆ گەورەكان مێژووی زارەکی کۆ دەکەنەوە و دەیپارێزن. لە وڵاتانی تازەگەشەسەندوودا، کەمتر بایەخ بە مێژووی زارەکی دەدرێت. لە ناوچەی ئێمە، ئێرانییەکان لە زانکۆی ئەسفەهان هەوڵێکی بچووکیان داوە؛ بەڵام مێژووی زارەکی لە ئێران هێشتا ئەو بایەخەی وەرنەگرتووە، کە زانکۆکان هەوڵ بۆ دامەزراندنی سەنتەر و ئەرشیفخانەی تایبەت و پێشکەوتوو بدەن. لە ئێران، زۆرتر چەند ناوەندێک لە دەرەوەی زانکۆکان ئەو کارە دەکەن. زیاتریش کار لەسەر نووسینەوەی مێژووی زارەکیی جهنگی ئێران و عێراق کراوە. لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان کتێب لەو بوارەوە چاپ كراون.
فەلەستینییەکان هەندێک کاریان لەو بوارەدا کردووە. ئەوانیش چ لە زانکۆکان یاخود لە ناوەندی تایبەت بە نووسینەوە و دیکۆمێنتکردنی مێژووی زارەکی، هەندێک هەوڵیان داوە كه مێژووی کۆچ و ئاوارەبوونیان، مێژووی وێرانکردنی گوندەکانیان و یادەوەریی فەلەستینییە پەنابەرەکان بنووسنەوە. هەروەها جگە لە فەلەستین و ئێران، جووەکان بایەخێکی زۆریان بە مێژووی زارەکیی خۆیان داوە، تەنانەت پرۆژەیان هەیە مێژووی جووە کوردەکان لە هەرێمی کوردستانیش بنووسنەوە. چهند هەوڵێك لە لایەن جەزائیرییەکان و پاکستانییەکانیشهوه بۆ نووسینەوەی مێژووی زارەکیی خۆیان دەبینرێن.
کورد و مێژووی زارەکی
سەرەتا دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە کورد، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان و لە زانکۆ جیاوازەکان کارێکی زۆریان لەسەر مێژوو بەگشتی و، مێژووی کورد و کوردستان بەتایبەتی، کردووە. لە هەرێمی کوردستان چەندین بەشی مێژوو (لە زانکۆکان) هەن، هەر لە زاخۆوە تا دەگات بە خانەقین، کە وانەی مێژوو (کۆن، ئیسلامی و هاوچەرخ) دەڵێنەوە و لە ڕێگەی تێز و توێژینەوەوە مێژوو دەنووسنەوە. لەو بوارەیشەوە زۆر کادیریان پێ گەیاندووە. بەڵام بەداخەوە، ئەوەی کە بایەخی پێ نادەن مێژووی زارەکییە. ڕاستییهكهی، هیچ هەوڵێکی جددی، نە لە لایەن زانکۆکان و نە لە لایەن هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی زانستییەوە، بۆ نووسینەوەی مێژووی زارەکی لە کوردستان نابینرێت. کاتی خۆیەتی، زیاد لە بەشێکی مێژوو لە زانکۆکانی کوردستان خۆیان بۆ ئەو کارە تەرخان بکەن. چونکە لە لایەک، لە دەرەوەی زانکۆ بوار بۆ درستبوونی ناوەندی لەو جۆرە لە ئێستادا ئیمکانی نییە و، لە لایەکی دیکەیشهوه لانەی سەرهەڵدانی ئەو جۆرە مێژوویە زانکۆکانن نەک دامەزراوەی دیکە. چونکە زانکۆکان، بەو توانا ماددی و مرۆیی و ئەکادیمییەوە، دەتوانن بە باشترین شێوە ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنن نەک کۆمەڵە و سەنتەری دیکە.
ڕاستە لە زۆربەی توێژینەوەکانی مێژووی نوێ و هاوچەرخدا، ههندێ هەوڵ دەبینین کە مێژوونووسان پەنا بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردەکان یان ئەو کەسایەتییانە دەبەن کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕووداوە مێژوویییەکاندا بەشدار بوون، یاخود شایەدی ئەو ڕووداوانە بوونە؛ بەڵام ئەوەی کە مێژووی زارەکی داوای دەکات و، پێویستیی ئەو جۆرە مێژوویەیە، لەو چاوپێکەوتنانەدا کورت ناکرێتەوە و ئەوان تەنیا وەک سەرچاوەیەکی بەدەستهێنانی زانیاری و پڕکردنەوەی هەندێک کەڵێن لە زانیارییەکانیاندا پەنای بۆ دەبەن. مێژووی زارەکی، چاوپێکەوتن، وەک سەرەکیترین سەرچاوەی نووسینەوەی مێژوو چاو لێ دەکات نەک یەکێک لە سەرچاوەکان.
لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەوە بەو مانایە نایەت کە لە هەرێمی کوردستان، هیچ کار لەسەر مێژووی زارەکی نەکراوە. من وای دەبینم هەندێک کاری لابەلا و هەندێک هەوڵ لەو بوارەوە دراون، تهنانهت ئەگەر ئەو نووسەر و کەسایەتییانەیش بەو مەبەستە و بەو ناوە، دەستیان پێ نەکردبێت. کتێبی "شایەتحاڵەکانی ئەنفال"، کە "عارف قوربانی" نووسیویەتی یەکێکە لەو هەوڵانە. هەروەها، بە دەیان یادەوەری و یاداشت لە لایەن سەرکردە و پێشمەرگەکانەوە نووسراون کە هەموویان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەڕژێنە ئەو جووگەیەوە.
پێویستیی مێژووی زارەکی بۆ کورد
مێژووی زارەکی، وەک زانست، بۆ گشت کۆمەڵگهیەک گرنگە؛ بەڵام مێژوو بۆ کورد تەنیا پەیوەست نییە بە لایەنی زانستییەوە، بەڵکوو کورد لەوە زیاتر چاوەڕوانیی لە مێژوو هەیە. کورد مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ مێژووی خۆی دەکات. لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێگەی مێژوویهوه، بوونی خۆی بسەلمێنێت و بە جیهان بڵێت کە منیش بکەرێکی مێژووییم و خاوەنی مێژوویەکم لە جۆگرافیایەکی گەورەدا. گەڕانەوەی بەردەوامیش بۆ دەوڵەتی ماد، هەوڵێکە بەو ئاراستەیە.
لە سەدەی بیست، کورد زیاتر بایەخیان بە نووسینەوەی مێژوو و دانانی فەرهەنگی زمان داوە، بە جۆرێک کە کۆمەڵێک هەوڵی تاکەکەسی لەو بوارەوە دەبینین. لە دوای ڕاپەڕین، بەشەکانی مێژوو لە زانکۆکانی کوردستان زۆرترین توێژینەوەی مێژوویییان ئەنجام داوە. زۆرترین هەوڵەکانیش بە ئاراستەی نووسینی مێژووی سیاسیی کورد بوون. تەنانەت ئەو قوتابیانەیش کە لە دەرەوە دەرفەتی خوێندنیان هەبوو، هەوڵیان نەدا مێژووی ئەو وڵاتانە بنووسنەوە، بەڵکوو لە زانکۆكانی بریتانیا، ئەڵمانیا، ڕووسیا، ئوسترالیا، ئەندەنووسیا و...، هەر خەریکی دووبارەنووسینەوەی مێژووی شۆڕشەکانی شێخ سەعید، شێخ مەحموود و شێخ عەبدولسەلام بوون. هەڵبەت نووسینی مێژووی کورد پێویستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ئێمە پێویستیمان بە شارەزابوون لە مێژووی گەل و نەتەوەکانی دیکە هەیە.
ئەوەی تێبینی دەکرێت، بەشێکی زۆری مێژووی ئێمە بە نەنووسراوی ماوەتەوە، بەتایبەتیش لەبەر ئەوەی ئێمە لە نووسینی مێژوودا هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە کەرەستەی پێویستمان بۆ نووسینی توێژینەوەیەک لە دیکۆمێنت و سەرچاوەی دەستی یەکەم و دووەم، دەست دەکەوێت. هەڵبەت مەبەستی ئێمە لە سەرچاوەیش، سەرچاوەی نووسراوە. بۆیە ئێمە کە مێژوو دەنووسینەوە، هەموو هەوڵی ئێمە لە گەڕان بەدوای دیکۆمێنت و سەرچاوەی دەستی یەکەمدایە. ئەمەیش وامان لێ دەکات کۆمەڵێک بابەت کە بۆ مێژووی ئێمە پێویستن، لەبەر نەبوونی سەرچاوەی نووسراوی پێویست، بەلایانەوە بنێین. هیچ توێژینەوەیەکی مێژووییمان نەبینی لەبارەی ئاوارەبوونی بارزانییەکان بۆ کۆماری مەهاباد، یان چوونی بارزانی و هاوڕێکانی بۆ یەکێتیی سوڤیەت، یاخود شەڕەکانی براکوژی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، یان کۆچی کورد بۆ هەندەران و...هتد. هۆکاری سەرەکیش، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە مێژوونووسانی ئێمە یان لە بایەخی مێژووی زارەکی تێ ناگەن یاخود شارەزایییان لە نووسینەوەی مێژووی زارەکیدا نییە، یانیش لە هەمووی خراپتر بڕوایان بەو میتۆدە نییە؛ کە هۆکارەکە هەر کامیان بێت، کەموکوڕییەکی یهکجار گەورەیە بۆ مێژوونووسی لە هەرێمی کوردستان.
کوردستان، ئەمڕۆ لە قۆناغی وەرچەرخاندایە. وەرچەرخانێک کە تەواوی بوارەکانی گرتووهتەوە: کۆمەڵایەتی، کهلتووری، سیاسی، ئابووری و...هتد. مۆدێرنیتە دەمیکە لە دەرگای ئێمەی داوە. شارەکانمان، لادێکانمان و تەنانەت مرۆڤەکانیش ئەوانەی جاران نین. بەڵام لەبەر ئەوەی لە قۆناغی وەرچەرخانداین و ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەو گٶڕانکارییانەدا تێ نەپهڕیون، زۆر بەئاسانی دەتوانین شاری کوردیی پێشوو، بە هەموو وردەکارییەکانییەوە، لە میعماری (بیناسازی)، کۆڵان، بازاڕ، پیشە و دامەزراوەکانییەوە تۆماری بکەین، مێژووی خاپوورکردنی گوندەکان و دروستکردنی ئوردوگه زۆرەملێکان لە زمانی شایەتحاڵەکانەوە بنووسینەوە. دەتوانین وردەکارییەکانی زیندانەکانی بەعس و ڕاوەدوونانەکانیان بگێڕینەوە. دەتوانین قارمانێتیی پیشمەرگەکان لە شەڕەکاندا و ماندووێتیی خێزانەکانیان و، چۆنیەتیی گوزەرانی هەژارانەی ئاوارەکان، بکەین بە مێژوو. دەکرێ ورد و درشتی ئەو کۆمەڵگهیه، لە ڕێگەی مێژووی زارەکییەوە تۆمار بکەین. بەڵام ئەگەر لەم دە ساڵەدا دەستی پێ نەکەین، زیانێکی هێندە زۆرمان پێ دەگات کە زەحمەتە قەرەبوو بکرێتەوە. هەرگیز چیدی ناتوانین سەردەمی مەلیکایەتیی شێخ مەحموود، یان شۆڕشی یەکەمی بارزان یاخود کۆچی بارزانییەکان بۆ ڕووسیا، لە میانەی مێژووی زارەکییەوە بنووسینەوە، چونکە ئەوانەی ئەو سەردەمەیان بینیبوو، یان لە ژیاندا نەماون یان ئەگەر لە ژیانیشدا بن، زەحمەتە ئەو یادەوەرییانە بگێڕنەوە و لەبیریان مابێت. بۆیە، کاتی خۆیەتی زیاد لە زانکۆیەک لە کوردستان بۆ دامەزراندنی سەنتەری تایبەت بە مێژووی زارەکی هەنگاو بنێت و، بەشەکانی مێژوویش لە زانکۆ جیاوازەکان، دەست بە تۆمارکردنی مێژووی زارەکی بکەن و توێژینەوەکانیان بەو میتۆدە بنووسنەوە.