ڕەوشی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان

دەسپێک

کاتێک باس لە کۆمەڵگه‌ی مەدەنی دەکەین لە هەرێمی کوردستان، دەبێت ڕەچاوی دوو خاڵی گرنگ بکەین. یەکەم: مێژووی نزیکی ئەو ناوچەیەی، ئەمڕۆ بە هەرێمی کوردستان ناسراوە. دووەم: شوێنی جوگرافیی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێک لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا.

مێژووی ئەم هەرێمە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا، مێژوویەکە پڕ لە توندوتیژییە. مێژوویەک کە هاوشانە بە ڕاگواستنی زۆرەملێی دانیشتووان، جێگوڕکێی دانیشتووانە کوردەکان و بەعەرەبکردن، ئەنفال و کیمیاباران، کە هەموو ئەو کردە و سیاسەتانە، دەچنە خانەی جینۆسایدەوە. ئەم سیاسەتانەی ڕژێمی بەعس، زۆرتر لە ماوەی نێوان ١٩٧٥ و ١٩٩٠ دا ئەنجام دران. دوای جه‌نگی دووەمی کەنداو لە ١٩٩٠ و دواتریش ڕاپەڕینی کوردستانییەکان لە ئاداری ١٩٩١، کە لەو ساڵە بەدواوە ئیتر کورد ئیدارەیەکی ناوچەییی پێک هێنا و تا ئەمڕۆ بەردەوامە، وێڕای مەترسیی دووبارەی بەعس بۆ سەر کوردستان تا ٢٠٠٣، هەرێمی کوردستان لەژێر چەند گوشارێکی دیکەیشدا بوو، لەوانەیش: ئابڵۆقەی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق، هەروەها ئابڵۆقەی حکوومەتی ناوەندیی عێراقیش لەسەر هەرێم، هەژاری و کەمیی خزمەتگوزاری بەتایبەتی کێشەی کارەبا و سووتەمەنی، جه‌نگی ناوخۆییی نێوان حیزبە کوردستانییەکان. لە ئەنجامی ئەو جه‌نگه‌ ناوخۆیییەدا، هەرێم دابەشی سەر دوو زۆنی زەرد (قەڵەمڕەوی پدک)  و سەوز (قەڵەمڕەوی ینک)دا بوو، کە هێشتا ئاسەواری ئەو پارچەبوونە بەسەر کۆمەڵگه و ئیدارەوە ماوە.

هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بۆیە ناتوانین باسی هەرێم بکەین بەبێ ئاماژەکردن و لەبەرچاوگرتنی مێژووی عێراق و بارودۆخی هەنووکەییی ئەو دەوڵەتە. عێراق دەوڵەتێکە لەسەر توندوتیژی دامەزراوە. کوردەکان و عێراق بە دەیان ساڵ شەڕیان بووە. جه‌نگی یەکەمی کەنداو هەشت ساڵی خایەند. دوو ساڵ دوای وەستانی جه‌نگی عێراق و ئێران، عێراق، کوێتی داگیر کرد، کە جه‌نگی دووەمی کەنداوی لێ کەوتەوە. ١٤ ساڵیش دوای جه‌نگی دووەمی کەنداو، جه‌نگی سێیەمی کەنداو لە نێوان عێراق و هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەڵگیرسا.

لە باسکردنی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، دەبێت پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئەو هەرێمە لەبەرچاو بگرین. لە ماوەی نێوان ١٩٧٥-١٩٩٠، کوردستانی باشور ڕووبەڕووی جۆرێک لە له‌بەریەکهەڵوەشانەوە هات. بەو پێیەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی لە ئەنجامی جێگوڕکێی گەورەی دانیشتووان وەک ئاکامێکی خاپوورکردنی ٤٥٠٠ گوند و نزیکەی ٤٠ ناحیە و ڕاگواستنی ئەو لادێنشینانە بۆ ئوردووگه‌ زۆرەملێکان یان کۆچیان بۆ شارە گەورەکان.  لە ئەنجامدا قەبارەی شارەکان بە جۆرێک گەورە بوو، کە دەتوانین بڵێین دانیشتووانیان لە ماوەی دەیەیەکدا لە سەدا سەد تاکوو سەدا سێ سەد زیادیان کرد. بەشێکی دیکەی ئەم لادێنشینانە ئاوارەی تورکیا و ئێران بوون. تەنیا لە دوو ساڵی ١٩٧٤ و ١٩٧٥، بە هۆی ڕێکكەوتنی ئەلجەزاییر لە نێوان سەددام و شای ئێران و هەرەسهێنانی شۆڕشی کورد، زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس بۆ ئێران کۆچیان کرد.

لە هەرێمی کوردستان سەرمایەدار و بازرگانی بەرچاو، بوونیان نەبوو. سەرمایەدار و بازرگانە کوردەکان زیاتر کوردانی فەیلی بوون کە زیاتر لە بەغدا نیشتەجێ بوون و شیعەمەزهەب بوون، کە لە سەرەتای دەیەی ١٩٨٠ هەموو سامانەکانیان دستی بەسەردا گیرا و ئەوانیش ئاوارەی ئێران کران. سەبارەت بە پیاوە ئایینییەکان، بەشێکیان بێدەنگ کرابوون و بەشە زۆرەکەیش لەسەر ئاوازی ڕژێم سەمایان دەکرد. لە نیوەی دووەمی هەشتاکان، لەسەر هەموو مەلایەک پێویست کرا، لە خوتبەی هه‌ینیدا لە بەرامبەر مسوڵمانە نوێژکەرەکاندا، ناوی سەددام لەگەڵ یارانی پێغەمبەر بهێنێت و داوا لە خوا دەکرا بیپارێزێت و ئاگاداری بێت. ئەگەر لێرە و لەوێش مەلایەک ملی بە داخوازییەکانی بەعس نەدابا، ئەوا هەڵوێستێکی شەخسی بوو، نەک هەڵوێستێک کە ڕێکخراو بێت و لە شێوەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنیدا بێت. نابێت ئەوە لەیاد بکەین کە دامەزراوەی ئایینی، تا ڕادەیەکی زۆر، بە حەز و ئارەزووی ڕژێم مامەڵەی دەکرد.

خێڵەکان لە کوردستان، لە ئەنجامی پرۆسەیەکی چەکدارکردن، لە ژمارەیەکی زۆر فەوجی بچووکدا کۆ کرانەوە. ئەم پرۆسەیە، زیاتر دوای ئەوە هات کە بەعس هەستی کرد کوردەکان ئامادە نین لە جەنگی یەکەمی کەنداو لە دژی ئێران شەڕ بکەن؛ بۆ ئەوەی بەرەکانی جه‌نگ لەگەڵ پێشمەرگە لە باکوور پڕ بکاتەوە و بۆ ئەوەی کوردەکان ناچار نەبن بچنە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە، ئەوانی بەم شێوەیە چەکدار کرد. موستەشار کە ئامری فەوجەکە بوو، بەزۆری، تاکە سەرۆکی خێڵ، یان یەکێک بوو لە سەرۆکخێڵەکان، چەکدارەکان لە شێوەی هێزێکی نانیزامیدا بوون. ئەم جۆرە لە هێزی چەکدار، یەکێکە لە دواکەوتووترین و نانیزامیترین هێزەکان، کە بێ گومان بە زیانی مەدەنیەت دەشکێتەوە. ئەم موستەشارانە، کە بۆ خۆیان لە دەرەبەگەکان بوون و، دواتریش بە هۆی ئەم پیشەیانەوە پارەیەکی زۆریان دەست دەکەوت، سەرباری پارێزگاریکردن لە پێگە و دەسەڵاتیان لە خێڵدا، وای لێ هات بەتەواوی گوێڕایەڵی فەرمانەکانی حکوومەت بن و خێڵ نەبێتە هێزێکی کۆمەڵایەتی؛ واتە خێڵەکان نەک هێزێکی کۆمەڵایەتی نەبوون کە بکەونە بەرەی کۆمەڵگه‌ی مەدەنییەوە، بەڵکو ببوونە ئامرازێک لە دەستی بەعسدا.

 

کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە عێراق

زۆر لەو سەرچاوانەی باسی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە عێراق دەکەن، وا پیشان دەدەن کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست، زەمینە خۆش ببوو بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە عێراق. ئەویش بە هۆی دروستبوون و فۆرمالیزەبوونی هەندێک لەو دامەزراوانە، یان هێزە کۆمەڵایەتییانەی کە بە هێزەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی دەناسرێن. لێرەدا، ڕەنگە گەڕانەوە بۆ توێژینەوەکەی سامی زۆبێدە "سەرهەڵدان و ڕووخانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە عێراق"، بەسوود بێت. زۆبێدە باسی دروستبوونی دەوڵەتی مودێرن دەکات لە عێراق ١٩٢٠. ئەم دەوڵەتە، بووە هۆی سەرهەڵدانی ڕۆژنامە، حیزبە سیاسییەکان، دامەزراوەکانی فێرکردن، پیشە ئازادەکان، کەرتەکانی کارە تازەکان، ئێنتێلیجێنسیای پسپۆر.

زۆبێدە دەگاتە ئەو ڕایەی کەوا هاتنی بەعس بۆ دەسەڵات لە شەستەکانی هەمان سەدە، بووە هۆی باڵادەستی و هەژموونی دەوڵەت بەسەر کۆمەڵگه‌ی مەدەنیدا. سەرکوتکردن، لەناوبردنی جیاوازییەکان، یاخود بەرهەڵستکارییە سیاسییه‌كان، هاوکات لەگەڵ ئاوێتەکردنی دامەزراوە و یەکێتییە کۆمەڵایەتییەکان لە دەوڵەتدا. هەروەها تیرە و خێڵگەراییی بە شێوەیەکی ڕوون گەڕاندەوە.

فالح عەبدولجەبار، پێی وایە یەکەمین سەرەداوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە سایەی چاکسازییەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە کۆتاییی سەدەی ١٩ دەرکەوتن، لە سەردەمی ئینتیدابی بەریتانی و فەرمانڕەوایی پاشایەتیشدا (١٩١٧-١٩٥٨) بەردەوام بوون. ئەم چاکسازییانە لە دەوری سیاسەت و ئابووریدا چەقیان بەستبوو و کاریگەریی بەرچاویان لەسەر مۆدێرنەبوونی دەوڵەت و ئابووری و کۆمەڵگه هەبوو. بەڵام سەبارەت بە گەشەنەکردنی ئەو پرۆسەیە دەڵێت، بە هاتنی سێ ڕژێمی میلیتار لە دوای یەک، لە ماوەی نێوان ١٩٥٨-١٩٦٨، دواتریش هاتنی ڕژێمی بەعس ١٩٦٨-٢٠٠٣، دیموکراسیی دەستوری لەناو چوو. ئەو مەیلە گەشەسەندنی و سۆسیالیستییانەی کە دروست بوون و دەوڵەتیان وەک هێزی سەرەکیی مودێرنیزم دەبینی، کۆمەڵگه‌ی مەدەنییان بەرەو پوکانەوە برد و لەبەریەک هەڵوەشاندەوە، لە ڕووی سیاسیشەوە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی نەهێشت. پەرلەمان نەما، سیستەمی دادوەری، سەربەخۆییی خۆی لەدەست دا. دادگه‌ عەسکەرییەکان سەریان هەڵدا. لە ڕووی ئابوورییەوە، دەوڵەت بەوە نەوەستا کە خۆی خاوەندارە، بەڵکوو بەتوندی لە بەرژەوەندیی چینە ئەریستۆکراتەکان و خاوەن سەرمایەکانیدا بوو. لە ڕێگه‌ی چاکسازییە کشتوکاڵییەکانەوە، چینە ئەریستۆکراتەکانی لاواز کردن. هەروەها بە هۆی خۆماڵیکردنی بەشێکی زۆری سەرمایە گەورە تایبەتییەکان و، دواتریش خوماڵیکردنی نەوته‌وه‌، پشکی  حکوومەت زۆر زیادی کرد. زیادبوونی هەناردەی نەوت لە دەیەی حەفتاکانی سەدەی بیست، باڵادەستیی دەوڵەتی زۆر زیاتر کرد.

 

کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ڕاپەڕینی ١٩٩١، لە باکووری عێراق دروست بوو. دوای ئەوەی لە ١٩٩٢، بەعس هەموو دامودەزگه‌ ئیدارییەکانی لە هەرێم کشاندەوە، هەرێمی کوردستان وەک دیفاکتۆ لەم ساڵەدا دروست بوو. لە ١٩ی ئایاری هەمان ساڵ، هەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو، کە  حکوومەتێکی ئیئتیلافی لێ بەرهەم هات.

وێڕای ئەوەی هەرێمی کوردستانی ئێستا، هەر لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردوو بەشێک بووە لە عێراق، ناتوانین بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بەوە بکەین کەوا کۆمەڵگه‌ی مەدەنی، یان دامەزراوەکانی، لەو ناوچەیەی ئەمڕۆ بە هەرێمی کوردستان ناو دەبردرێت، بوونی هەبووە. ڕەنگە یەکەم هۆکار بۆ ئەوە، پشتگوێخستنی ئەو ناوچانە بێت لە لایەن  حکوومەتەکانی عێراق بەگشتی. هەروەها، بوونی ڕێژەیەکی زۆر بەرزی نەخوێندەواری و کەمیی دامەزراوە پەروەردەیی و ڕۆشنبیرییەکان، ڕێژەی بەرزی لادێنشینان و بچووکی و سادەییی شارەکان، هەروەها بوونی پەشێوی و شەڕ لە نێوان کوردەکان و  حکوومەتەکانی عێراقدا. بۆیە بە هەموو پێوەرەکان، یەکەمین ئاماژەکانی دەرکەوتنی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، دەگەڕێنەوە بۆ دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١.

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک دامەزراوە و ڕێکخراو لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتن، کە دەکرێ بە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لەقەڵەم بدرێن، وێڕای دەرکەوتنی کەناڵی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆر و، جۆرێک لە پلورالیزمی سیاسی و بەشداریی سیاسیی هاووڵاتیان. بەڵام دوو دەیە ماوەیەکی یەکجار کەمە بۆ چەکەرەکردنی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە سەرزەمینێک کە پوتانسیێلی دروستبوونی ئەو کۆمەڵگه‌یەی تێدا نەبوو.

ڕاستییه‌كه‌ی، کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە کۆمەڵگه‌ی مەدەنی درەنگ کەوت، هێندەی لەوەدایە کە لەم دوو دەیەیەدا ئەم هەرێمە بە بارودوخێکی زۆر سەختدا تێ پەڕیوە، کە زەمینەی سەرهەڵدانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنیی درەنگتر خست. چونکە بونیادنانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی، وابەستەیە بە بونیادی سیاسی، کۆمەڵایەتی و که‌لتووری (الصالحي، ٢٠٠٢: ١٢٩). سەرهەڵدانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیش دوو دەیەی ویست، بەڵام جیاوازیی ئەو دوو کۆمەڵگه‌یانە لە دوو خاڵی سەرەکیدایە: یەکەم، دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لەگەڵ نەمانی ڕژێمە سۆسیالیستییەکان، کەم تا زۆر سەقامگیرییان بەخۆوە بینی و، بە ڕادەیەکی زۆر، توانییان قۆناغەکە تێ پەڕێنن؛ دووەم، ژینگەی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بەتایبەتی هاوسنوورییان لەگەڵ وڵاتە دیموکراسییەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا کاریگەرییەکی زۆری هەبوو. دەکرێ خاڵی سێیەمیش زیاد بکەین، ئەویش ئەوەیە کە لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات تا ڕادەیەک هەندێک لە دامەزراوەكانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی، سەریان هەڵدابوو.

دوای ١٩٩١، هەلومەرجی سەرهەڵدانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی ناڵەبار بوو، چونکە سەقامگیریی سیاسی نەبوو. هەروەها ئەگەری بونیادنانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لە نائامادەیی، یان لاوازیی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەکاندا، بوونی نییە. وێڕای هۆکاری پاشکۆیەتیی ئابووری، سەربازی، پیشەسازی و که‌لتووری بۆ وڵاتانی دیکە.

 

هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیریی سیاسی

دیارە، دەشێ هۆکاری سەقامگیریی سیاسی، ناوخۆیی یان دەرەکی یان هەردووکی بێت. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، پێم وایە هۆکارەکە هەم دەرەکی و هەمیش ناوخۆیییە.

1-فاکتەری دەرەکی

هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ڕاپەڕینێکی جەماوەری، ڕاستەوخۆ لە دوای جه‌نگی دووەمی کەنداو دروست بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئەنجامی ئەو جه‌نگه‌وه‌ سەددام نەڕووخا، مەترسیی سەددام و ڕژێمەکەی تا ٢٠٠٣ وەک تارماییەک باڵی بەسەر هەرێمدا کێشابوو. ڕژێمی بەعس لە ١٩٩٢، دامەزراوە ئیدارییەکانی لە هەرێمی کوردستان کێشایه‌وە. لە ئەنجامی ئەمەدا، هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی ئیداری هات، کە توانیی زوو بەسەریدا زاڵ بێت و ئەو بۆشایییە پڕ بکاتەوە. بەڵام بە بڕینی سووتەمەنی و دواتریش ئابڵووقەیەکی ئابووریی توند، وێڕای ئابڵووقەی ئابووری، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر عێراقدا سەپاندبووی، هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی برسێتی و نەبوونیی بێوێنەدا تێ پەڕی، بەتایبەتی تاکو ١٩٩٦. هەروەها ئەو ناوچە و شارۆچکانەی دەکەوتنە سەر سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای بەعس، ماوەماوە توپباران دەکران و هەڕەشەیان لەسەر بوو، جگە لەو ترسە گەورەیەی کە باڵی بەسەر هەموو دانیشتووانی هەرێمدا کێشابوو، کە لە دڵەڕاوکێی بەردەوامی گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی بەعس بۆ هەرێمی کوردستان دەژیان. واتە، عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، هەم سەرچاوەی ترسێکی گەورە و هەمیش برسێتییەکی زۆر بوو.

پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ دراوسێکانی، پەیوەندییەکی تەندروست نەبوو، چونکە هەرسێ وڵات خوازیاری لەناوچوونی ئەو هەرێمە بوون. بۆیە ماوەماوە سستی و گرژی دەکەوتە نێوان پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ یەکێک یان زیاتر لەو دراوسێیانەی. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێران و تورکیا لە دژی حزبە کوردییەکانی وڵاتەکانیان بۆ ناو هەرێمی کوردستان، چەندە لە دژی ئەو حزبانە بوون، هێندەیش ئاگادارکردنەوەی هەرێمی کوردستان بوون.

سەبارەت بە عێراقی دوای سەددام، دیسان ڕەوشەکە خراپ بوو. مالیکی لە ٢٠٠٦، ویستی هێڕش بکاتە سەر قەزای خانەقین. لە ٢٠١٢ بە هەمان شێوە هەردوو لا هێزەکانیان خستە حاڵەتی ئامادەباشی و، لە ٢٠١٣ هێزەکانی دیجلە ویستیان پێشڕەوی بکەن بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدان. هەردوو لا (حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم)، تۆپ و تانکیان بەرامبەر یەکتر دانان، جێبەجێنەکردنی مادەی ١٤٠ دەستور، دژایەتی بەغدا بۆ گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، نەدانی بودجەی هێزەکانی پێشمەرگە، بڕینی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم. هەموو ئەمانە گوزارشت لە بوونی ئەگەرێکی بەهێزی ڕووبەڕووبوونەوەی بەغدا و هەولێر دەکەن.

هێڕشی داعشیش بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ئابی ٢٠١٤، کە مەترسیی لەسەر پایتەخت دروست کرد و سنوورێکی فرەوانی داگیر کرد، یەکێک بوو لە هەڕەشە گەورەکان لەسەر مانەوەی هەرێم لە لایەک و، لە لایەکی دیکەیشەوە هەرێمی تووشی جه‌نگێكی قورس کرد، وێڕای ئەو بارگرانییەی کە بە هاتنی لێشاوی ئاوارەکان دروست بوو. هەموو ئەو وێنەیەی کێشام، بۆ ئەوە بوو بە خوێنەر بڵێم لە ڕەوشێکی ناسەقامگیری سیاسیی ئاوادا، زۆر قورسە کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت. خەمی ئاسایش، مانەوە و پێشەوەچوونی ئەزموونی هەرێم و باشترکردنی باری ئابووری، خەمی یەکەمی دامەزراوە حکوومییه‌كان و هاووڵاتیانە، نەک گەشەدان بە هزری لێبووردەیی و فرەیی و ماف و ئازادییەکان.

1-فاکتەری ناوخۆ

ناسەقامگیریی سیاسی، تەنیا لە وڵاتانی دەوروبەرەوە نەبوو، بەڵکوو بە درێژاییی دوو دەیەی ڕابردوو، لە ناوخۆیشدا ناسەقامگیریی سیاسی، باڵی بەسەر هەرێمی کوردستاندا کێشابوو. لە ١٩٩٣ جه‌نگێكی توند لە نێوان ینک و بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵگیرسا.

ساڵێک دوای ئەو جه‌نگه‌‌‌، جه‌نگ لە نێوان هەردوو حزبی سەرەکی و هاوبەشی  حکوومەتدا، پدک و ینک هەڵگیرسا. تا دواجار ئەمریکا توانیی لە ١٩٩٨ میانگیریی نێوانیان بکات و، لە واشنتون گەییشتنە ڕێکكەوتن.

     ئاکامەکانی ئەو جه‌نگه‌ تەنیا لە کوشتن، گرتن، ئاوارەکردن، بەتاڵانبردنی ماڵ و موڵکی یەکتردا کورت ناکرێنەوە، بەڵکوو هەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی بێهیوایییەکی زۆر کردەوە؛ هەستی نیشتیمانپەروەریی لاواز کرد، ڕق و کینە زیاد بوون، بێمتمانەیی سەری هەڵدایه‌وە، ڕەفتاری توندوتیژ ژیایه‌وە، مافەکانی مرۆڤ پێشێڵ کران، ئازادیی ڕادەربڕین تا دەهات پانتایییەکەی بەرتەسکتر ده‌بووەوە و، کاری خۆبەخش و دروستبوونی ڕێکخراوی سەربەخۆ بەرەو نەمان چوون. ئەو ڕێکخراو و سەندیکایانەیش کە پێش جه‌نگ دروست ببوون، دابەشی دوو بوون: بەسەر دوو زۆنی سەوز و زەرد. ئابڵووقەی ئابووریی توند و، جه‌نگی قورسی کورد دژە کورد، بە هەزاران خێزان و لاوی ئەو وڵاتەی ناچار کرد سەر هەڵگرن بۆ هەندەران. هەستی ناوچەگەرێتی و وەلائە نەریتییەکان، زیندوو بوونەوە. ئەو سەرۆکجاشانەی کە خەریک بوو بەتەواوی پێگەیان لەدەست بدەن، بە کۆکردنەوەی جاشە کۆنەکانیان و خۆدانەپاڵ یەکێک لەو دوو حیزبە، توانییان بەردەوامی بە پێگەی خۆیان بدەن.

گەورەترین لێدان، بەر سەرهەڵدانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی کەوت. بە پلەی یەکەم، حیزبەکان خوڵقێنەری ئەو ناسەقامگیرییە بوون، چونکە ئەوان ئەکتەری سەرەکی و باڵادەست بوون لە هەرێم. حیزبی کوردستانی ڕۆڵێکی نێگەتیڤی بینیوە لە بەمەدەنیکردندا.

 

حیزبی کوردی، لە نێوان دامەزراوەی مەدەنی و لاوازکردنی کۆمەڵگه‌ی مەدەنیدا

بە لەبەرچاوگرتنی واقعی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵ و ئەرکی حزبەکان لە هەرێم، ناکرێ حیزب بە دامەزراوەیەکی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لەقەڵەم بدەین. بەڵکو بە پێچەوانەوە حیزب لە هەرێمی کوردستان، تەگەرەیەک بووە لەسەر ڕێگای دروستبوونی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی.

گەورەترین حیزب و کۆنترین حیزبی هەرێمی کوردستان، پارتیی دیموکراتی کوردستانە. پدکە، کە زیاتر لە ٦٠ ساڵە بەردەوامە لە چالاکی، بە مەبەستی ڕزگاریی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیییەکانی کورد دامەزراوە. ئەمە سەبارەت بە حیزبەکانی دیکەی کوردستانیش (ینک، سۆسیالیست، پارتی گەل، زەحمەتکێشان و...) ڕاستە، کە لە نیوەی دووەمی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەدواوە هاتنە مەیدان. واتە ڕزگاریی نیشتمان لە دەست داگیرکەران، نەک کێشەی چینایەتی، یان ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی، یان چاکسازیی کۆمەڵایەتی و که‌لتووری. ئەم حیزبە لە سەرەتای دروستبوونییەوە تاکو ئەمڕۆ، خاوەن هێزی پێشمەرگە و چەکی تایبەت بە خۆیە. ینک بە هەمان شێوەی پدک، خاوەن هێزێکی گەورەی پێشمەرگە و چەکی قورسە. ئەدەبیاتی هەموو حیزبەکانی کوردستان، زۆرتر باسی ڕزگاریی نەتەوەیی و بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسینە بۆ هەرێم. هەریەک لە پدک و ینک، خاوەنی کۆمەڵێک دامەزراوەن کە حکوومەت خاوەنیان نییە. وەک هێزی پێشمەرگەی ئەو دوو حیزبە، لە ڕووی ژمارەوە زیاترە لە هێزی پێشمەرگەی حکوومەت. کۆمپانیای بازرگانیی گەورە، کە بە ڕێژەیەکی زۆر، قۆرخی بازاڕیان کردووە و، دامەزراوەی ڕاگەیاندنی گەورە.

لەبەر ئەوەی تاکو ئێستایش هەرێمی کوردستان کێشەی مافە نەتەوەیییەکانی هەیە، هێشتا کێشەی خاک و کێشەی سەرچاوە سروشتییەکان و کێشەی چارەنووسی هەیە. بەهاکانی حیزبە کوردستانییەکان، بەهای شۆڕشگێڕین و، زۆر کات باس لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕیش دەکرێت.

سەندیکا و کۆمەڵەکان

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵێکی زۆر لە سەندیکا و کۆمەڵە و یەکێتی دروست بوون، بەڵام کوردستانی نەبوون، بەڵکوو سەر بە یەکێک لە دوو زۆنی زەرد و سەوز بوون. ئەم حاڵەتە تاکوو بەستنی ڕێکكەوتنی ستراتیژی لە ٢٠٠٧ لە نێوان پدک و ینک، بەردەوام بوو. دوای ئەو ڕێکكەوتنە، بەشێک لە سەندیکا و کۆمەڵەکان یەکیان گرتەوە و سکرتاریەتێکی نوێیان پێک هێنا. بەڵام پرۆسەی یەکگرتنەوە، زۆر جار تەگەرەی تێ دەکەوت و زۆر جاریش لە ڕووکەشێک زیاتر نەبوو، چونکە لە یەکگرتنەوەی ئەو کۆمەڵە و سەندیکایانەیشدا، ڕەچاوی دوو حیزبە سەرەکییەکە دەکرا.

کێشەیەکی دیکەی گەورەی ئەو کۆمەڵە و سەندیکایانە، ئەوەیە کە داهاتێکی تایبەت بە خۆیان نییە و پشت بەو هاوکارییە دەبەستن کە حکوومەت پێیان دەدات. ئەو هاوکارییەیش بڕە پارەیەکی کەمە لە لایەک و، لە لایەکی دیکەیشەوە یاسایەک نییە ئەو بڕە پارەیە ڕێک بخات، بەڵکوو بڕی پارەکە بەپێی حەزی کاربەدەستە حکوومییەکانە، نەک کار و چالاکی، یان پێداویستیی کۆمەڵە و سەندیکاکان. بۆ ماوەیەکیش، تاکە سەرچاوەی دارایییان لە ڕێگەی حزبەکانەوە بوو.

ڕاستییه‌كه‌ی، نەبوونی سەربەخۆییی دارایی ڕێگرێکی گەورەیە لە بەردەم کارکردنی ئەم کۆمەڵە و سەندیکایانە. وێڕای ئەوەی کە هەست ناکرێ ئەو کۆمەڵە و سەندیکایانە، هیچ ڕوئیایەکیان بۆ کاری خۆیان هەبێت و هێشتا نەیانتوانیوە وەک دامەزراوەی پێویست و کاریگەر لە ئاستی هەرێمدا دەرکەون. ئەندامەکان، وەکو کاری خۆبەخش تەماشای سەندیکا و ڕێکخراوەکان ناکەن، بەڵکوو زۆر کەم ئاگاداری ئەو چالاکییە کەمانەن کە ئەو کۆمەڵە و سەندیکایانە ئەنجامیان دەدەن. زۆربەی ئەندامەکان، حەز ناکەن هیچ ئەرکێکی خۆبەخشیان پێ بسپێردرێت.

رێکخراوە ناحکومییەکان

لە دوو دەیەی ڕابردوودا، دەکرێ بڵێین بە هەزاران ڕێکخراوی جۆراوجۆر لە هەرێم دروست بوون. ئەم ڕێکخراوانە، کار و چالاکییان جیاواز بوو. بۆ داکۆکی لە یاسا، دیموکراسییه‌ت، مافەکانی ژن، مافەکانی منداڵ، ئازادیی ڕاگەیاندن، مافەکانی مرۆڤ، هاوکاری، گەشەپێدان، پێگەیاندن و وشیارکردنەوە، ڕاهێنان و مەشق. بەڵام ئەو ڕێکخراوانەی توانیویانە چالاک بن، ژمارەیان زۆر کەم بووە. هەروەها تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەو ڕێکخراوانە ئەوەیە کە تەمەنیان کورتە.

ڕێکخراوەکان لەبەر کۆمەڵێک هۆکار نەیانتوانیوە ڕۆڵی خۆیان ببینن و درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن. زیاتریش دوو هۆکاری سەرەکی هەیە. یەکەم، کاری خۆبەخش نەیتوانیوە ببێتە بەشێک لە که‌لتوور، زۆر کەمن ئەوانەی حەوسەلەی کاری خۆبەخشیان هەیە. کاری خۆبەخش، هێشتا نەبووه‌تە نەریت، بەڵکوو ئەگەر جار بە جار ببینین، بۆ بارێکی لەناکاوە؛ زۆریش کورتخایەنە.

دووەم، ئامانج لە دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوانە، زیاتر بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی ماددی یان مەعنەوییە. هەروەها زۆر جار لایەنێکی سیاسی لە پشت دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوانەوەیە.  ڕێکخراوەکانی کوردستانیش چونکە بەپێی یاسایەکی ڕوون، کە ئیمتیازات و مافەکانی دیار بێت، دانامەزرێن. هەروەها گەشەدان بەو ڕێکخراوانە، لە ئەولەویەتی حکوومەت نییە؛ بودجەیەکی زۆر کەمیان بۆ تەرخان دەکرێت.

ئێستا زیاتر لە ١٦٠٠ ڕێکخراو، ناوی خۆیان تۆمار کردووە و، بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەکانیان، فەند لە  حکوومەت وەردەگرن. ئەوەی کە ئەم ڕێکخراوانە هەم ژمارەیان زۆرە، هەمیش لە بوارە جیایاکاندا کار دەکەن، دیاردەیەکی زۆر نوێ و پێشکەوتووە لە هەرێمی کوردستان؛ بە چاوخشاندن بەو بوارانەی ئەو ڕێکخراوانە تیایاندا کار دەکەن، هەروەها ژمارەی ڕێکخراوە تایبەتمەندەکان بە هەر یەکێک لەو بوارانە، هیوابەخشە، بە لای کەمەوە لە ڕووی چەندایەتییەوە، کە بێ گومان بە بەردەوامبوون و تێپەڕینی کات، کوالێتیی کار و چالاکییەکانیشیان دچێتە سەرەوە.

یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی کە جێگەی گەشبینییە، ئەوەیە کە لەنێو ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستاندا، ئەوانەی تایبەتن بە کاری خێری و هاوکاری، ژمارەیان کەمە، بەڵکوو ئەوانە ژمارەیان زۆرە کە زیاتر کاری بەرگری دەکەن(Advocacy) ، هەروەها ئەوانەیش کە بە مەبەستی هۆشیارکردنەوە و بایەخدان بە ژینگە و مافەکان دامەزراون. بەگشتی کێشەیەکی گەورەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ئەوەیە کە بەپێی خواستی حیزبە سیاسییەکان هەڵسوکەوتیان کردووە و، نه‌یانتوانیوە بەدەر لە ویستی حیزب و ئەو ئاراستەیەی دیاری دەکات، هەنگاوێک بنێن.

ڕاگەیاندن

ڕاگەیاندنی کوردی لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، بازدانێکی گەورەی بەخۆوە بینی. بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا، ژمارەیەکی زۆر بڵاوکراوەی کوردی بڵاو بوونەوە، ڕادیوی زۆر و دواتریش کەناڵی تەلەڤزیۆنیی زۆر. هەروەها بە سەدان گوڤار، هەفتەنامە و ڕۆژنامە دەردەچن، وێرای دەیان ڕادیۆ و ماڵپەڕێکی یەکجار زۆری ئینتەرنێت.

بەشێکی زۆری ئەو کەناڵ و ڕادیۆ و ڕۆژنامانە حزبین، هەروەها زۆرتر بایەخ بە هەواڵ و سیاسەت دەدەن. بڵاوکراوە ئەهلییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو، دوای ٢٠٠٤ گەشەیان سەند و ژمارەیان ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیادبووندا بوو، هەروەها کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانیش، ئەوانەی ئەهلین، زیاتر دوای ٢٠٠٧ سەریان هەڵدا؛ سەرەتا ناوخۆیییەکان، دواتر ئاسمانییەکان.

دەکرێ بگوترێ ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێم، بە شێوەیەکی زۆر بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئاستێکی باشدایە. بە درێژاییی ئەو دوو دەیەیە، ئازادیی ڕادەڕبڕین، ڕۆژانە پانتایییەکەی فرەوانتر دەبێت. میدیای کوردی، کەمتر توانیویەتی لە بواری ڕەخنەی کۆمەڵایەتیدا کار بکات، بەڵکوو زیاتر لە هەوڵی بەدەستهێنانی هەواڵدایە و، بۆ پەیداکردنی خوێنەر و بینەریش، زۆر جار بە بنەما ئیتیکییەکانی کاری میدیایییەوە پابەند نییە.

پوختە

لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی جددی بەرەو کۆمەڵگه‌ی مەدەنی هەڵدەهێنرێن، بەڵام کوسپ و تەگەرەکانیش کەم نین. دەکرێ کوسپ و تەگەرەکان لە چەند خاڵێکدا کورتیان بکەینەوە:

-ناسەقامگیریی سیاسی لە عێراق: عێراق بەگشتی لە ڕەوشێکی ناسەقامگیری تونددایە، بەوەی هەرێمیش بەشێکە لەو وڵاتە، کەم تا زۆر باڵی بەسەر هەرێمیشدا کێشاوە. جه‌نگی داعش و هەڕەشەی جه‌نگی ناوخۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان و  حکوومەتی ناوەندی لە دوو هەڕەشە گەورەکانن لەسەر سەقامگیریی سیاسی لە هەرێم، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە ده‌ستێوه‌ردانی ئێران و تورکیا لە هەرێم، ناسەقامگیرییەکەی زیاتر کردووە.

  • لاوازیی فاکتەری ئابووری: ئابووریی هەرێمی کوردستان لاوازە، بەوەی زیاتر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و بەتەواوی کۆمەڵگه‌یەکی بەکاربەرە و کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی لەوپەڕی لاوازیدان. کەرتی تایبەت نەیتوانیوە وەکو پێویست گەشە بسەنێت و، سەرمایەگوزاری، زیاتر لە کەرتی عەقاریدایە.

  • خاڵێکی دیکە کە وابەستەیە بە خاڵی سەرەوە، ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان، مووچەخۆری حکوومەتن. ئەمە جگە لەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر سلبییە، لە ڕووی گەشەسەندنی کۆمەڵگه‌ی مەدەنییشەوە سلبییە؛ چونکە چینی ناوەڕاست، کە دەبێت داینەمووی پێشکەوتن بێت، بەتوندی وابەستەیە بە حکوومەت و، هەمیشە لەژێر هەڕەشەی گوشارەکانی حکوومەتدایە.

-بەدامەزراوەیینەبوون: لە هەرێمی کوردستان، هێشتا دامەزراوەکان سەرپێ نەکەوتوون، وڵات نەبووه‌تە وڵاتێکی دامەزراوەیی، کاروبارەکان بە شێوەی دیکە و بەبێ بوونی سیستەمێکی پێشکەوتوو بەڕێوە دەچن.

  • دادگه‌کان متمانەیان لاوازە. جگە لەوەی زۆرجار هەست دەکرێ پولیس و دامەزراوەکانی دیکە، کە لە پەیوەندیدان بە دادگه‌کانەوە، وەک پێویست کارەکانیان ڕاناپەڕێنن.

  • ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی لاوازن. ڕێکخراوەکان لە ڕووی ژمارەوە کەمن، هەروەها ژمارەی ئەندامەکانی هەر ڕێکخراوێکیش بچووکە. بودجەی پێویستیان نییە، بودجەکەیان لە لایەن  حکوومەتەوەیە. چالاکییەکانیان کەمن، ئەندامەکان کەمتر ئامادەییی کاری خۆبەخشیان تێدایە. فرەجۆر نین و، زیاتر لە شارە گەورەکانن.
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples