ساڵی ٢٠٠٩ لە دیمەشق بووم. شەوێکیان لەگەڵ برادەرێک، کە دەمانویست بگەڕێینەوە بۆ هۆتێل، سواری تەکسییەک بووین. شوفێرەکەی پیاوێکی بەتەمەن بوو. دوای قسەکردن، کە زانیی ئێمە لە هەرێمی کوردستانەوە چووین بۆ ئەوێ، بە کرمانجی قسەی کرد ، بەدەم ڕێگەوە زۆر پرسیاری لە بارودۆخی سیاسیی هەرێم کرد. لەوەی دەپرسی کە ئایا ئێمە دەبین بە دەوڵەت. ئەو برادەرەی لەگەڵم بوو پێی گووت کە لە ماوەیەکی کورتخایەندا سوریا دەبێتە دراوسێی دەوڵەتێکی کوردی، پیاوە بەتەمەنەکەیش بە حەسرەتەوە ئاخێکی هەڵکێشا و گوتی: "خۆزی ئەم کورد ژی بۆ خۆ بزمارەکێ ل عەردەکی بچەقینین." واتە ئێمەیش شوێنێکمان هەبێت دەستی پێوە بگرین، کە مەبەستی دەوڵەت بوو.
خۆزگەی ئەو پیاوە، خۆزگەی ملیۆنان کوردە لە هەموو کون و قوژبنێکی ئەم جیهانە. سەد ساڵە دەوڵەت، خەونی کوردهكانە. بە ملیۆنان کەس بە ئۆمێدی ئەو ڕۆژە سەریان نایەوە و نەیانبینی. بە هەزاران گوند لەو پێناوەدا کاوڵ بوون و سەدان هەزار منداڵ بێباوک گەورە بوون. سەدان هەزاریش ئەنفال، بە ملیۆنان ئاوارە بوون و بە ههزارانیش شەهید. ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بارودۆخێکی بابەتی هاتووهتە ئاراوە، کە لە هەر کاتێکی دیکە نزیکترین لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی. دیپلۆماسییەتی کوردی سەرکەوتنی گەورەی بەخۆوە بینیوە؛ لەم دوو ساڵەدا دەیان شاندی دیپلۆماسیی ئاستبەرز، سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە. هەرێم، سوپایەکی بەهێزی هەیە و چەندین وڵات بە شێوەی جیاواز هاوکاریی ئەو سوپایە دەکەن: هەر لە دابینكردنی چهكهوه بگرە تا مەشقپێکردن.
لە وڵاتانی دەوروبەرمان پەشێوی هەیە و هەرگیز ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ئێستا بە دەست قەیران و ململانێی گەورەوە نەی ناڵاندووە. عێراق و سوریا سەروەرییان نەماوە و لە لێواری داڕماندان. هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ کارەکتەرە لە ناوچەکەدا. هەموو ئەو هۆکارانەی سەرەوە و هەروەها ترس لە قۆناغی دوای داعش، پاڵی بە سەرکردایەتیی کوردییەوە ناوە بیر لە جیابوونەوە لە عێراقی عەرەبی بکەنەوە و هەنگاوی پراکتیکی لەو بوارەدا هەڵگرن، بە تایبەتیش کە پێشمەرگە باڵادەستە بەسەر زیاتر لە ٩٠% خاکی کوردستانی باشوور. بۆیە پرسی سەربەخۆیی، ئەمڕۆ ڕۆژەڤی کوردستانە.
ئەم پرسە، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان لە لایەن سیاسی و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانەوە زۆری لەسەر گوتراوە. بەشێکیان لەگەڵیدان و ئەوانەیش کە لە ئێستادا لەگەڵیدا نین، کۆمەڵێک پاساوی جۆراوجۆر دەهێننەوە. بەڵام ئەوەی ئامادەییی نییە، دەنگی خەڵکی ئاسایییە، کە نە سیاسین و نە لە شاشەی تیڤییەکانەوە دەردەچن و نە نووسین و لێدوانیان هەیە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن. دیارە ئەوانەیش زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان پێک دەهێنن و دەبێت ئەوان قسەیان لەو بارەوە هەبێت، چونکە دەوڵەت بۆ هەموو کەسێکە. بۆیە، زانینی ڕای ئەوان لە پڕبایەخترین مەسەلەکانە. هەر بۆیە لە کۆتایییەکانی مانگی تەمووزی ٢٠١٦ لە کارێکی هاوبەشی نێوان "سەنتەری ئاشتی و ئاسایشی مرۆیی لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان" و "ئەنیستیتیوتی ڕاگەیاندن و توێژینەوەی سیاسی" ڕاپرسییەک لە کوردستانی باشوور ئەنجام درا، بە مەبەستی زانینی ئاستی پشتیوانیی هاووڵاتیان لە پرۆژەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کە مەزەندە دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
ئەم ڕاپرسییە چەند تایبەتمەندییەکی هەبوو: کاتی گونجاوی ئەنجامدانی ڕاپرسییەکە، بوونی نموونەیەکی قەبارە گەورە، بوونی تیمێکی سەرپەرشتیاری پسپۆر و ئەنجامدانی لە لایەن دوو ناوەندی متمانەپێکراوەوە. کە لە خوارەوە کەمێک درێژتر قسەی لەسەر دەکەین:
کاتی ئەنجامدانەکەی زۆر گرنگە، چونکە ئێمە لە کۆتایییەکانی شەڕی داعش نزیک دەبینەوە. بەوەیش هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر دووڕیانێک: ئایا دەچێتەوە باوەشی بەغدا و بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم بگرە و بەردەیەی لەگەڵ ئەقڵیەتی شۆڤینیی بەغدا، یاخود پێویستە دەوڵەتی خۆی ڕابگەینێت و بۆ یەکجاری ماڵی خۆی لە عێراقی عەرەبی جیا بکاتەوە؟ لە لایەکی دیکەوە، لە ئێستادا کە دابەشبوونێکی توند لە نێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستاندا هەیە، ئەوە چەندە کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی هاووڵاتیان هەیە بەرامبەر سەربەخۆیی، کە زیاتر وەک پرۆژەیەکی سەرۆکی هەرێم خراوەتە ڕوو و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموویان زیاتر کەمپێنی بۆ دەکات. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا لەبەر ئەوەی وەک پرۆژەی بارزانی دەرکەوتووە، لایەنگرانی حزبەکانی دیکە لەگەڵیدا نابن یاخود بە لای ئەوانەوە پرسێکی چارەنووسسازی مێژوویییە و بەدەرە لە ململانێی حزبی؟ ئەوە ئەو خاڵەیە کە دەبێت وەڵام بدرێتەوە. بۆ وەرگرتنی ئەو وەڵامەیش ئەنجامدانی ڕاپرسییەک کە گوزارشت لە کۆمەڵگای کوردستان بکات لە کارە لە پێشینەکانە.
چۆن بتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین کە ئەم ڕاپرسییە گوزارشت لە کۆمەڵگا دەکات. لێرەدا کۆمەڵێک هۆکار ڕۆڵ دەبینن. لەوانەیش: ئەنجامدانی ڕاپرسییەکە بە پێوەرە زانستییەکان وەکو بابەتیبوون، نموونەی گونجاو لە ڕووی قەبارەوە، جۆری دابەشکردنی پرسیارنامەکان، ڕاهێنانی تیم، بێلایەنی. لێرەدا قەبارەی نموونەکە زۆر گرنگە. قەبارەی نموونەی ئەم ڕاپرسییە، تێکڕا (٦٠٦٥) کەس بوو بۆ هەموو کوردستانی باشوور. (٤٢٠٠) لە هەرێمی کوردستان و (١٨٦٥) لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم. پرسیارەکە ئەوەیە بۆ ئەو قەبارەیە نەک (٤٠٠٠) یان (٨٠٠٠) کەس؟ دیارە لێرەدا پشت بە پێوەرەکانی وەرگرتنی نموونە بەستراوە.
لە وەرگرتنی نموونەدا حیساب بۆ ئاستی متمانە و ڕێژەی هەڵە دەکرێت. ئەوەیش لە لایەن زانایانی ئامارەوە کاری زۆری لەسەر کراوە و دەیان خشتەی جیاواز هەن کە پێت دەڵێن ئەگەر نموونەیەک وەرگری بە ئاستی متمانەی ٩٠%، دەبێت نموونەکەت قەبارەکەی ئەوەندە بێت، ئەگەر بە ئاستی متمانەی ٩٥% یان ٩٩% وەردەگری، پێویست دەکات ئەوەندە بێت، ئەویش بە پشتبەستن بە قەبارەی کۆمەڵگای توێژینەوە. هەروەها لەیەکچوون و بوونی جیاوازیی گەورەیش لە هەر کۆمەڵگایەکدا کاریگەریی لەسەر قەبارەی نموونەکە هەیە. ئێمە ئەو خاڵەیشـمان لەبەرچاو گرتووە کە کۆمەڵگای کوردستانی باشوور بەهۆی دابەشبوونی سیاسیی نێوان حیزبەکان، هەروەها ئەو فرەیییە ئێتنی و ئایینییەی هەیەتی، کۆمەڵگایەکی یەکدەست و چۆنیەک نییە و ناکرێ نموونەیەکی بچووک هەڵبژێرین. ئێمە نموونەیەکمان هەڵبژارد کە ئاستی متمانەی ٩٩% بێت. بۆیە ئەو نموونە گەورەیە وەرگیراوە.
بوونی تیمێک، کە توانای ئەنجامدانی ڕاپرسییەکی زانستی و بابەتییانەی هەبێت، یەکێکی دیکەیە لە پێویستییەکانی سەرکەوتنی هەر ڕاپرسییەک. سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم ڕاپرسییە بەرهەمی هاوبەشییەک بوو لە نێوان دوو دامەزراوە، کە هەردووکیان هەڵگری ناسنامەیەکی زانستین و متمانەپێکراون: یەکێکیان سەنتەرێکی توێژینەوەیە لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان (سەنتەری ئاشتی و ئاسایشی مرۆیی)، ئەوی دووەمیان ئەنیستیتیوتێکی زانستیی پیشەیییە، کە ئەویشیان ئەنیستیتیوتی ڕاگەیاندن و توێژینەوەی سیاسییە و سەرپەرشتیارانی، کەسانی ئەکادیمین. بەدەر لەوە، لەم ڕاپرسییەدا پشت بە کۆمەڵێک کادیری زانستی لە ناو زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ بەسترابوو. سەرپەرشتیارانی ئەم ڕاپرسییە، بەگشتی هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بوون و تەنانەت بەشێک لەوانەیش کە پرسیارنامەکانیان بڵاو دەکردەوە، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس و تەنانەت ماستەریش بوون. سوود لە توانای زانستیی کادیرانی زانکۆکانی دیکەی کوردستانیش (زانکۆی سەلاحەددین، سۆران، کۆیە، کەرکووک و سلێمانی) وەرگیرابوو. تیمەکە، تێمێکی گەورە بوو، کە تێکڕا سەرووی سەد کەس بوو. هەموو تیمەکان ڕاهێنانیان پێ کرابوو لەبارەی پڕکردنەوەی پرسیارنامەکان، مامەڵە لەگەڵ نموونەکە، بێلایەنبوون و ئاراستەنەکردنی خەڵکی.
خاڵێکی دیکەی جیاکەرەوەی ئەو ڕاپرسییە، سەرتاپاگیرییەکەی بوو. ئەویش لە ڕووی جوگرافی و دیمۆگرافییەوە: لە ڕووی جوگرافییەوە سنوورەکەی، هەموو کوردستانی باشوور بوو؛ واتە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم. هیچ ناوچەیەک لەبەر دووری یان سەختیی شوێنەکە یان هیچ هۆکارێکی دیکە پشتگوێ نەخراوە. لە زۆربەی قەزاکانی کوردستان ئەنجام دراوە، ئەگەر لە یەکێک لە قەزاکانیش ئەنجام نەدرابێت، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ژمارەی دانیشتووانی کەم بووە یان قەزایەکی نزیک لەو، نەک تەنیا لە ڕووی جوگرافی، بەڵکو لە ڕووی پێکهاتەی کهلتووریشەوە ههبووە. بۆ نموونە هەردوو قەزای مێرگەسوور و چۆمان نموونەیان لێ وەرنەگیرا. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ قەبارەی بچووکی ئەو دوو قەزایە لە ڕووی دانیشتووانەوە. هۆکارێکی دیکە ئەوە بوو کە قەزای سۆران وەرگیراوە و دانیشتووانی قەزای سۆران بە ڕێژەیەکی بەرز لە خەڵکی پێشووتری هەردوو قەزای چۆمان و مێرگەسوور پێک دێن، کە بە بڕوای ئێمە قەزای سۆران تا ڕادەیەکی زۆر گوزارشت لەو دوو قەزایەیش دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، تەنیا خەڵکی ناو قەزاکان وەرنەگیراون، بەڵکو خەڵکی ناو شارۆچکەکانی بچووکتریش وەرگیراون وەک ناحیەکانی حەریر، سنونێ و بەحرکە. جگە لەوە، ئاوارەی ناو کەمپەکانیش وەرگیراون، کە لە قەزا و ناحیە و لادێکانی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە ئاوارە بوون. لە ڕووی دیمۆگرافییەوە هەوڵ دراوە هەموو پێکهاتە ئێتنی و ئاینییەکان (کورد، عەرەب، کلد و ئاشوور، تورکمان، ئێزدی، شەبەک...) لە کوردستانی باشوور لەخۆی بگرێت. شارۆچکەیەکی وەکو عینکاوە بە پێویست زانرا وەرگیرێت، کە هەمووی مەسیحین و لە ڕووی ئێتنیشەوە لە کورد جیاوازن. بە هەمان شێوە، مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا، شەبەک، تورکمان لە کەرکووک و دۆز نموونەیەکی بەرچاویان لێ وەرگیرا، عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکان لە کەرکووک، هەروەها ئەوانەی لە پارێزگای دیالە ئاوارە بوون.
ئەنجامەکانی ڕاپرسی، بەپێی ناوچە و بەپێی قەزا، جیاواز بوون. لە پارێزگای هەولێر و لە پارێزگای سلێمانی و تەنانەت لە پارێزگای دهۆکیش هەمان ئەنجام دەست نەکەوتن. بۆ نموونە جیاوازییەکی گەورە هەبوو لە نێوان کۆیە و شەقلاوە، هەروەها لە نێوان کەلار و کفری. بەڵام ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگ بوو، دەنگی "بەڵێ" لە هیچ قەزایەکی کوردستانی باشوور کەمتر لە ٥١% نەبوو. خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوە بوو سەرەڕای دابەشبوونی سیاسیی توند لە نێوان حزبە سیاسییەکاندا، زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان سەربەخۆیی بە پرسێکی بەدەر لە ململانێی حزبی تەماشا دەکەن؛ بۆ نموونە لە ناو شاری سلێمانی کە قەڵەمڕەوی سەرەکیی گۆڕانە، دەنگی بەڵێ بۆ بەشداری و سەربەخۆیی لە سەرووی ٦٠% بوو.
خاڵێکی دیکەی گرنگ، ئەنجامەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بوون کە بە ڕێژەیەکی بەرزتر لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بوون، ئەگەر ئەوە بۆ کوردەکان ئاسایی دەرکەوێت و هەروایش چاوەڕوانکراو بێت، ئەوا سەبارەت بە پێکهاتەکانی دیکە چاوەڕوانکراو نەبوو. لێرەدا دەبێت ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبیر نەکەین، کە نەک تەنیا پارێزگاریی لەو خەڵکە کرد لەوەی پارێزراو بن لە دەستی داعش، بەڵکو وەک هێزێکی داگیرکەر و داپلۆسێنەر دەرنەکەوت و توانیویەتی مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ ئەو پێکهاتانە بکات و بەبێ جیاوازی، پارێزگارییان لێ بکات. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە تا ڕادەیەکی زۆر ئەو پێکهاتانە متمانەیان بە بەغدا نەماوە. هەروەها دروستبوونی حەشدی شەعبی و ئەو کارە قێزەوەنانەی ئەو هێزە ئەنجامی دان، کە لە زۆر شوێن کەمتر نەبوون لە کارە دڕندەکانی داعش، هاندەرێکی دیکەی ئەو پێکهاتانە بوو کە گرەنتیی مانەوە و مافەکانیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی کوردستان و ژیان لەگەڵ کورددا ببیننەوە. ئەوە خاڵێکە دەبێت هاندەرمان بێت وەک هەرێم، کە زیاتر کار بکەین بۆ چەسپاندنی مافی ئەو پێکهاتانە لەناو دەستووری داهاتووی کوردستان و مامەڵەکردن لەگەڵیان وەک بەشێک لە گەلی کوردستان، نەک وەکو کەمینە ئێتنی و نەتەوەیییەکان.
ئەم ڕاپرسییە دەری خست، خەڵکی کوردستان بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز لەگەڵ سەربەخۆیین و دەیانەوێ دەوڵەتی تایبەتی خۆیان هەبێت. پێویست دەکات سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان هەندێک هەنگاوی تۆکمە و ئازا هەڵێنێت. لەوانەیش: یەکخستنی ناوماڵی کوردی، کاراکردنەوەی پەرلەمان، چارەسەرکردنی کێشەی یاساییی سەرۆکایەتیی هەرێم، هەوڵدان بۆ باشکردنی بار و گوزەرانی خەڵکی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر. لە ئەگەرێکدا کە نەمانتوانی لەسەر کێشە حزبییەکانیش ڕێک کەوین، دەبێت کار بۆ دواخستنی ئەو کێشانە و هێنانەپێشەوەی بابەتی سەربەخۆیی بکرێت. لەدەستدانی ئەو دەرفەتە، تاوانێکی گەورە دەبێت کە داوەرییەکانی مێژوو بۆ ئێمە زۆر قورس دەبن. بە هیوای کوردستانی سەربەخۆ.