ستاندارد له زماندا، واته شێوه‌یه‌كی نووسینی هاوبه‌ش و به‌كارهێنانی له فێرگه و میدیادا. ئه‌م شیوه هاوبه‌شه‌یش چه‌ندین مه‌به‌ست و ده‌ره‌نجامی هه‌ن كه هه‌ندێكیان بریتین له:
له هه‌ر وڵات یان زمانێكی پڕزاراوه‌دا، به هۆكاری جۆربه‌جۆر و له‌به‌ر هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی (سیاسی، مێژوویی)، زاراوه‌یه‌ك گه‌شه ده‌كات و له دۆخی گونجاو و تایبه‌تدا، ده‌بێته زمانی پێوه‌ر، یان ستانداردی ئه‌و وڵاته. ئه‌گه‌رچی هه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، مه‌رجی گرنگ و سه‌ره‌كین بۆ به‌دیهاتنی زمانی ستاندارد، به‌ڵام جاری وایه به‌بێ ئه‌وانه‌یش له بازنه‌یه‌كی نافه‌رمی و به هه‌وڵێكی ڕۆشنبیرانه و فه‌رهه‌نگی، كه سه‌رچاوه‌كه‌ی له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییدایه، ئه‌وه ڕێك ده‌كه‌وێ و ده‌كرێ، نه‌ته‌وه‌ی بێده‌وڵه‌تیش ببنه خاوه‌نی زمانی ستاندارد.
ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وام باس له‌سه‌ر نه‌بوونی زمانی ستانداردی كوردی ده‌كرێ، به‌ڵام له ڕوانگه‌یه‌كه‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌و ستاندارده‌مان هه‌یه. له به‌شێكی زۆری كوردستان (ڕۆژهه‌ڵات و باشوور) زاراوه‌ی كرمانجیی ناڤین (سۆرانی)، بووه‌ته زاراوه‌ی سه‌ره‌كی و، له‌مێژساڵه ئه‌و پێگه‌یه‌ی بۆ خۆی ته‌رخان كردووه و، ئاخێوه‌رانی زاراوه و بنزاراوه‌كانی دیكه‌یش وه‌كوو پێوه‌ر چاوی لێ ده‌كه‌ن و به‌كاری ده‌هێنن.
ئه‌وه‌ی كه چۆن ئه‌و زاراوه‌یه هه‌ڵبژێردراوه و بووه‌ته زاراوه‌ی سه‌ره‌كی، بابه‌تێكی جیاوازی مێژوویییه و، ده‌بێ سه‌ربه‌خۆ باسی لێوه بكرێت و ئه‌و قۆناغانه لێك بدرێنه‌وه كه پێیدا تێ په‌ڕیوه. به‌ڵام له هه‌ر حاڵ‌دا، ئێستا له ڕوانگه‌ی هه‌مووانه‌وه زمانی فه‌رمیی كوردانه و، بۆ سه‌لماندنی ئه‌م ڕاستییه‌یش ئه‌وه‌نده به‌سه كه ده‌بینین كه‌لهوڕی كرماشان و ئیلام، هه‌ورامیی گونده دووره‌ده‌سته‌كانیش بۆ نووسین و ئاخافتنی فه‌رمی به‌كاری ده‌هێنن و، به‌زمانێكی بێگانه و نامۆیشی نازانن.
هیچ گومان له‌وه‌دا نییه كه هه‌موو كاتێك "لانی كه‌م له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا" له كوردستانی باشوور، ڕووناكبیر و نووسه‌رانی ئه‌م به‌شه، زۆرترین كاریان له‌سه‌ر زمان و فه‌رهه‌نگی زمانیی كردووه و بوونه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌كی جێمتمانه بۆ پارچه‌كه‌ی دیكه، واته كوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتیش. كۆڕی زانیاریی كورد له به‌غدا و به‌رهه‌مه چاپكراوه‌كانی، نموونه‌ی هه‌ره دیار و ئاشكرای ئه‌م بابه‌ته‌ن.
له دوای ڕاپه‌ڕین و ئازادبوونی باشووریش، فراوانیی میدیا و چه‌شنێك له سه‌ربه‌خۆیی له‌م به‌شه‌دا، به‌بێ هیج سێ و دوویه‌ك ئێره‌ی كرده سه‌رچاوه و، كاریگه‌رییه‌كه‌ی تا ڕاده‌یه‌كه، كه گۆڕانكاری له زمان و نووسینی هه‌موو خه‌ڵكانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیشدا به‌دی هێناوه.
سه‌ره‌ڕای گرنگیی حاشاهه‌ڵنه‌گری بابه‌ته‌كه و ئه‌و هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌للایه‌ی كه پێشتر بۆ یه‌كده‌ستكردنی زمانی كوردی دراوه، به‌داخه‌وه ئێستا میدیای كوردی، پشێوی و ئاڵۆزییه‌كی تێدا دروست كردووه، ئه‌گه‌ر بڵێین ڕیسه‌كه‌ی لێ كردووینه‌ته‌وه به خوری، زێده‌ڕۆییمان نه‌كردووه.
زمان سه‌ر به هیچ حزب، لایه‌نێكی سیاسی و فیكرییەوە نییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له كوردستان ئه‌ویش دابه‌ش كراوه و، میدیای هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی، به جۆرێكی تایبه‌تی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات. بڕوا به دیموكراسی و فره‌چه‌شنی، بابه‌تێكی جێی ڕیزه و كه‌س نكۆڵیی لێ ناكات. ئه‌گه‌ر حزبێكی چه‌پ له میدیای خۆیدا باسی ماركسیزم و سۆسیالیزم ده‌كات و، لایه‌نێكی ئیسلامی‌یش خه‌ریكی په‌ره‌پێدانی بیروباوه‌ڕی ئایینییه، مافی خۆیانه و، ده‌سه‌ڵاتیش بۆ پێشێلنه‌كردنی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و پلۆڕالیزم ڕێگه‌یان لێ ناگرێت، ئه‌مه بابه‌تێكی جوان و جێگه‌ی په‌سه‌نده، به‌ڵام به چ زمانێك؟
لانی كه‌م له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه، ده‌بێ سه‌نته‌رێك بۆ لیپرسینه‌وه هه‌بێت و ڕیگه نه‌دات هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك به ئاره‌زووی خۆی گه‌مه به زمان بكات؛ چونكە ئه‌وه‌یان بابه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یییه و پێوه‌ندیی به میلله‌تێكه‌وه هه‌یه. به واتایه‌ك، ده‌بێ دیكتاتۆرییه‌ك له‌مه‌ڕ زمان هه‌بێت و، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، ڕۆڵی له داڕشتنی سیاسه‌تی زماندا هه‌بێ.
له میدیای كوردیدا، به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ی كه سه‌روكار له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانه، زمانی كوردی به‌ڕاستی له په‌له‌قاژه‌دایه و، بیسه‌ر هه‌ست به ده‌سته‌وه‌ستانی و كڵۆڵیی زمانه‌كه‌ی ده‌كات. هۆكاری هه‌ره سه‌ره‌كیش، نه‌بوونی ئه‌و سیاسه‌ته زمانییه و، كه‌مته‌رخه‌میی گشتگیره لە ئاست زمانه‌كه‌ماندا. ئه‌م ده‌قه‌ی خواره‌وه، وه‌رگێڕانی ئاخافتنێكی عه‌ره‌بییه كه له‌گه‌ڵ "تی ڤی"یه‌كی ئه‌م كوردستانه‌دا كراوه و په‌خشیش بۆته‌وه: "ئێمه، ده‌بێ بڵێین سه‌باره‌ت به من، له مووسڵ كوردی دهۆك و كوردی هه‌ولێر به‌شێكن له ناوچه‌كه، هه‌ست ده‌كات یان زیاتر دڵگران ده‌بێت به له ده‌ستدانی ئاسایش له كه‌سێكی دیكه كه له پارێزگاكانی باشووره‌وه بێت، بۆیه ئێمه هیچ هه‌ستیارییه‌كمان نیه-هه‌ستیاریمان له‌گه‌ڵ كه‌س نیه، جگه له‌و لایه‌نه..."
به‌رده‌نگ، چی له‌م بابه‌ته تێ ده‌گات؟ یان ده‌بێ خێرێ ببه‌خشێ و وابزانێ خه‌ونی دیوه، یان ده‌مێكی باش بیری لێ بكاته‌وه تاوه‌كوو مه‌ته‌ڵ، ماناكه‌ی هه‌ڵبدات. ئه‌مه له كاتێكدایه به‌پێی یاسای میدیا له هه‌موو دنیادا، هه‌واڵ یان ڕاپۆرتێكی له‌م چه‌شنه، ده‌بێ به‌ساناترین زمان و ڕه‌وانترین شێوه بگه‌یه‌ندرێته به‌رده‌نگ، تا بۆ تێگه‌یشتنی، پێویستی به هیچ ڕامان و وردبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت نه‌بێ. ئه‌گه‌رچی له نموونه‌ی ئاوادا، ئه‌گه‌ریش تێ نه‌گات لۆمه ناكرێ، چونكه به‌ڕاستی هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه نییه.
ئه‌م نموونه‌یه و سه‌دانی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه، وا ده‌كه‌ن بڵێین، بینەر و بیسه‌ری میدیای كوردی، ده‌بێ به‌پێی تێگه‌یشتنی خۆی هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌كان وه‌ربگرێ و شتێكیان لێ هه‌ڵێنجێنێ. له‌و بابه‌ته‌دا كه به نموونه هێناومه، مه‌به‌ستی ئه‌و كه‌سه ئه‌وه‌یه كه بڵێ: "به‌شێك له دانیشتووانی مووسڵیش كوردن، هه‌ر بۆیه بابه‌تی ئاسایشی ناوچه‌كه ئه‌وه‌نده‌ی بۆ ئه‌وان گرنگه، بۆ خه‌ڵكی باشووری عێراق گرنگ نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه كه ئێمه له كورد دڕدۆنگ و به‌گومان نین."
له هیچ وڵاتێكی ئه‌م دنیایه‌دا، جگه له كوردستان، بێژه‌ر و پێشكه‌شكاری ڕادیۆ و تی ڤی به‌بێ ڕاهێنران، به‌تایبه‌ت له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه، مافی ئه‌وه‌یان نییه بچنه ستۆدیۆ و قسه بۆ خه‌ڵك بكه‌ن. لێره، سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی خولی ڕاهێنان و فێركردنی چۆنیه‌تیی كه‌ڵكوه‌رگرتن له زمان، له ناو خودی میدیایشدا، به‌شێك بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دیاری نە‌كراوه.
هه‌روه‌ك ئاشكرایه، ژماره‌یه‌كی زۆر تی ڤیی كوردی، به توانای په‌خشی ئاسمانی و لۆكاڵ له هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراون كه به‌رده‌وام خه‌ریكی دۆبلاژ و بڵاوكردنه‌وه‌ی درامای بیانین و، به‌شێكی زۆری بینه‌ریان بۆ لای خۆیان ڕاكێشاوه و، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تێكی زمانیی ڕێك‌وپێك له كوردستان هه‌بوایه و ئه‌وانیش ناچار كرابان په‌یڕه‌وی لێ بكه‌ن، بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا كێشه‌ی زمانمان له‌سه‌دا هه‌شتا چاره‌سه‌ر ده‌بوو.
وه‌ڕگێڕ، پێویسته جگه له زانینی زمان، شاره‌زای فه‌رهه‌نگ و كەلتووری ئاخێوه‌رانی هه‌ردوو زمانی "سه‌رچاوه و مه‌به‌ست" بێ، به‌ڵام ئه‌مه له لای وه‌رگێڕی دراماكان به‌دی ناكرێت و، زیاتر هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه له زمانی "مه‌به‌ست"، واته زمانی دایكیی خۆیاندا، كۆڵ و ناشاره‌زان.
له زمانی وه‌رگێڕانی هه‌موو دراما كوردییه‌كاندا، شه‌قڵی زمانی سه‌رچاوه، به‌ڕوونی دیاره و، ده‌قه‌كان وایان لێ نه‌كراوه ڕه‌نگ و بۆی كوردانه به‌خۆوه بگرن. له دراما دۆبلاژكراوه‌كاندا، لاوازیی زمانی كوردی تا ڕاده‌یه‌كه، كه "قوڕ" ده‌بێته "خۆڵی ته‌ڕ"، "ماین" ده‌بێته "ئه‌سپی مێ" و... به‌م جۆره وشه و زاراوه‌ی ئه‌سڵ و ڕه‌سه‌نی كوردی فڕێ ده‌درێن و له‌بیر ده‌كرێن. له داڕشتنی ڕسته‌كانیشدا، به شێوازی زمانی "سه‌رچاوه" بیر ده‌كرێته‌وه و ڕێزمانی كوردی بزر ده‌بێ و، شووكردن، یان ژنهێنانی كوردانه ده‌بێته "ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری"، ئه‌وه‌ی دڵی وه‌ستاوه "تووشی ڕاوه‌ستانی دڵ بووه" و... ! جگه له‌مانه‌یش، ئه‌و شێوازی زمان و قسه‌كردنه‌ی بۆ فیلم و درامایه‌كی مێژوویی، كه باسی سه‌رده‌می بیزانس ده‌كات، هه‌ر هه‌مان شێوازه كه بۆ درامای عاشقانه‌ی 2015 به‌كار دێت.
گه‌لۆ، ئه‌م هه‌موو هه‌ڵه و په‌ڵه‌یه، ته‌نیا له‌به‌ر ناشاره‌زاییی وه‌رگێڕه‌كان له زماندایه؟ بێ گومان نا. ئه‌مه كه‌مته‌رخه‌میی میدیای كوردییه و، بیركردنه‌وه له قازانج و ڕاكێشانی ڕێكلامه. به‌ڵام خه‌تابارتر له میدیایش، ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌یه كه لێیان ناپێچێته‌وه و سه‌رگیری و به‌رگیرییان ناكات. به‌داخه‌وه ئێمه‌ی كورد، كاتێك بووینه خاوه‌نی میدیای سه‌ربه‌خۆ و خۆماڵی، هونه‌ر و ئه‌ده‌ب هیچ بایه‌خێكیان نه‌ما له لامان و، ته‌نیا بوونه‌ته ئامرازێك بۆ بازرگانیكردن.
له كۆتاییدا، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بڕیارێك نه‌دات و، سیاسه‌تی زمان دیاری نه‌كات، هه‌رگیز چاره‌سه‌ر نابێت و، له‌وه ترازاوه کە نووسه‌ر، شاعیر و ڕۆشنبیر ده‌ره‌قه‌تی بێن.