زەرەر لە نیوەیش بگەڕێتەوە، قازانجە

گەلانی خواپێداوی دنیا لەگەڵ که‌لتوور و مێژووی خۆیان، نەبان و بێگانە نین، میر و مەزنیان لەبیر ناکەن و ئەگەر بیر و هزریان بەکەڵکی ئەمڕۆ بێت، دەیکەنە بەردی بناغەی ژیانی سەردەمیانە، ئەگەریش گونجاو نەبوو، وەک شیاوی سەردەمی خۆی دەیپارێزن و شانازیی پێوە دەکەن و بە نیشانەی شارستانییەت و پێشکەوتوویی لە قەڵەمی دەدەن. ئەگەر بیری بیرمەندان و هونەری هونەرمەندانیان لە بازاڕی بیر و هونەری ئەم سەردەمەدا ڕمێنی نەبوو، بە سووک و چرووکی نازانن و، دەڵێن هێمای ئاوەزمەندیی مێژووییمانە.

جار جار کە هیچی نەبوو مێژوو بۆ خۆیان ساز دەکەن و بە سڵسڵە و پڵپڵەی خۆکرد دەیڕازێننەوە و، جا وڵات و حکوومەت و سەروەریی پێ چێ دەکەن. لە کۆڕ و کۆمەڵ و کونفرانسی جیهانیشدا، وردەکه‌لتوور و بۆرەفەرهەنگی هەزار ساڵەیان زیندوو دەکەنەوە و، نەک هەر بە پێشکەوتووترین دابی میللەتانی دیکەی ناگۆڕنەوە، بگرە هیچی هیچ کەسیان لە هی خۆیان پێ باشتر نییە. ئەمانە هۆکارن بۆ ئەستێورنەبوونی ئەو گەلانە و گورجوگۆڵیی هەنگاوی پێشکەوتنیان.

ناڵێم ئێمەی کورد بەدەستی ئەنقەس تۆرەی خۆمان فەوتاندووە و لەبیرمان کردووە، بەڵکوو هەلومەرجێکمان بەسەردا سەپاوە و خراوینەتە دۆخێکەوە کە نەمانتوانیوە بەڕێکوپێکی سامانە فەرهەنگییەکەمان بپارێزین. بەڵام، خەمساردی و کەمتەرخەمیی خۆیشمان ڕۆڵێکی زۆری لەم بابەتەدا هەبووە؛ هەر ئەوەیش سەدان و هەزاران لاپەڕەی بێناوونیشانی هیچ لەسەرنەنووسراوی مێژووییی بۆ هێشتووینەتەوە کە ئێستا سەرەدەری لێ دەر ناکەین و، دەبێ بەحەسرەتەوە چاویان لێ بکەین.

جاروبار لە کۆنە سیپارەیەکدا، بەرهەمێکی ئەدەبی، هونەری، یان که‌لتووری و تەنانەت پزیشکیت بەرچاو دەکەوێ کە بە هۆی پوترکان و ڕزانی ساغ نابێتەوە و بۆت ناچێتەوە سەریەک، بەڵام ئەو بڕگەبڕگانەی کە ساغ دەبنەوە، حەکایەتی لێزانی و بیرمەندی و توانای لەڕاددەبەدەری خاوەنی بەرهەمەکەت بۆ دەکەن. ئاخۆ چەندە دەستنووسی بایەخداری لەو چەشنە، ئێستا لە سووچی ماڵاندا و لەبن تەپوتۆزی فەرامۆشیدا، لە گیانەڵڵا و ئاویلکەدان؟ کەچی ئەگەر دەرکەون و لە ناوەندێکی تایبەتیدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، ڕەنگە ببنە مەڵحەمی گەلێک زامی ناسۆری نەتەوەکەمان و سۆمای چاوی توێژەرانمان.

زۆر حەکایەت و بەسەرهات باسی ئەوەمان بۆ دەکەن کە سەردەمێک کەسانێک بەناوی چەرچی و سات و سەوداکەر بە هەموو کوردەواریدا گەڕاون و لە نەداری و بێئەنواییی خەڵکی هەژار کەڵکیان وەرگرتووە و، ئەوەندەی بۆیان لواوە دەستنووس و کتێب و نووسراوی مێژوویییان بە چارەکێک قەند و دەستەیەک خورما و ژەمێک خۆراک لێ ساندوون و، ئیتر ببڕای ببڕ نەبینراونەتەوە؛ جا ئیتر سووتاندوویانن، یان فەرهەنگی خۆیانیان پێ زەنگین کردوون و کتێبخانەکانیان پێ ئاخنیون، خودا دەزانێ! ئێستایش ئێمە دەبێ بۆ گەنجینەی لەدەستچوومان ئاخ هەڵکێشین و گێنگڵ بدەین.

ئێمە زۆر ڕێبەر و سەرکردەی دیار و لێهاتوومان هەبوون کە بەرانبەر داگیرکاران ڕابوون و لەسەر مافە ڕەواکانمان وەدەنگ هاتوون و بەگژ نەیاراندا چوون، بەڵام مەخابن کەسمان چەکی بۆ پاراستنی سامانە که‌لتوورییەکەمان، یان هێنانەوەی فەرهەنگە دزراوەکەمان هەڵنەگرتووە و، وەک خانەخوێیەکی دەستەوەستان چاومان لە تۆزی کاروانی دزان کردووە و متەقمان لێوە نەهاتووە. باسی سەروەری و دەسەڵات و سەرکەوتن و ژێرکەوتن لە درێژەی مێژوودا، بە بەڵگە دەکرێت و، بەبێ ناوونیشان ناسەلمێندرێ.

لە ئێراندا، ئەو کاتەی بڕیار لەسەر چێکردنی نەتەوەیەک بە ناوی "نەتەوەی ئێرانی" دراوە، گەورەترین کۆسپی سەر ڕێگه‌ی ئەندازیارانی ئەو بیرە، مێژوو و ڕەسەنایەتیی گەلێک بووە کە کوردی ناوە. هەر بۆیە، یەکەم هەنگاویان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆسەیە، گواستنەوەی جوگرافیای مێژوو بووە و، بە مەبەستی لەکۆڵکردنەوەی کێشەکە و گەیشتن بە مرازی خۆیان، تا بۆیان لواوە ڕووداوەکانیان لە کوردستان دوور خستوونەوە و بە دانانی مێژوویەکی تازە و دەستکرد و بردنەوەی سەرچاوەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ئێران، واتە ناوچەی خوراسان، ئاواتەکەیان وەدی هێنا و، ئێتر لە سەرچاوە مێژوویییەکاندا لە باتی ناوی کورد و کوردستان، نووسرا ئێرانی و ئێران؛ ئەوەندەیش دووپاتەیان کردەوە کە تەنانەت لێکۆڵەرانی ڕۆژاواییش بەلاڕێدا بران و بڕوایان پێ کردن.

دوای ئەو قۆناغە و، لە کۆتاییی دەسەڵاتداریی قاجارەکان و هاتنەسەرحوکمی ڕەزا شای میرپەنج، هەوڵێکی دیکە دەستی پێ کرد. پانئێرانیستەکان دەیانزانی کورد لە زاوزێی فەرهەنگی و ئەدەبی نەوەستاوە و، سەرەڕای هەوڵەکانی ئەوان بۆ وەجاخکوێرکردنی، کەچی ئەمان هێشتا زیندوون، وەخۆکەوتن و تەتەریان ڕەوانەی وڵاتی کوردان کردن و، ڕایانسپاردن تا لە نووسراو، شیعر، کتێب، تەنانەت مۆسیقا و مێلۆدیش دەس نەپارێزن و، بە هەنبانەی پڕەوە بێنەوە. وەکوو جەردە بەشار و دێدا وەربوون، خورجین و تێڕیان ئاخنین، بردیان و لە بەردەم پیاوانی دانامەی خۆین ڕۆیان کردن، ئەوانیش دانیشتن تاڵانییان پاک و پیس کرد، هەرچی بەکەڵکیان هات بە زمانی خۆیان گێڕایانەوە، هەرچیش بێسوود بوو، یان فڕێ درا، یان لە سووچێک دانرا تا لە وەختی خۆیدا پیاوەتیی پێ بکرێ.

میلۆدیی کوردی بە نۆتی مۆسیقایی نووسرانەوە و، بە ناوی میوزیکی دەوڵەمەندی ئێرانی تۆمار کران، بەشی جۆربەجۆر لەو ماڵە تاڵانییە هەڵێنجران و بە ناوی فەرهەنگی ڕەسەنی ئێرانی دەرخوارد درا. ئێستایش کتێبخانەی مەرعەشی نەجەفی لە شاری قوم و، ئه‌رشیڤی "مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران" پڕن لە نووسراو و شیعری ئەو کوردانەی کە لەبەر کەمتەرخەمیمان هێشتا خۆمان ناومان نەبیستوون و نایانناسین.

لەم دوایییانەدا چەند دیوانی کوردی چاپ کراون، کە سەرچاوەی هەندێکیان ئەو دەستنووسانە بوون کە لە کتێبخانە و ئه‌رشیڤەکانی ئێراندا دۆزراونەتەوە؛ بۆ وێنە دیوانی سالمی ساحیبقەران، یەک لە سەرچاوەکانی دەستنووسێکە کە لە مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران بووە. "دیوان، دیوانی سالمە، بۆ ئەحمەد موختار بەگی جاف نووسراوەتەوە، بۆ دەبێ لە مەجلیسی ئێرانێ بێ؟!

زۆر شتمان فەوتاوە و ئاسەواری نەماوە، واتە دوای ئەوەی بەتاڵان چووە، نەوەک ڕۆژێ لە ڕۆژان بە هۆکارێک بگەڕێتەوە لامان، سووتێندراوە و ئێستا لە دەریای عەدەمدایە. هەندێکیشمان لە بەندێکدایە، هێنانەوەی کاری حەزرەتی فیلە. بەڵام بەدڵنیایییەوە ئێستایش زۆر شت ماوە کە لە سووچی ماڵان و لە کون و کەڵێنی فەرامۆشیدان و، ئەگەر فریایان نەکەوین، بەیەكجاری دەستمان لەبنی هەمانەکەوە دەردەچێ.

بەڵگە و دەستنووسە کۆنەکان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و، بەسەر چەند دەستەیەکدا دابەش دەکرێن. هەندێکیان بایەخی فەرهەنگی و ئەدەبییان هەیە، هەندێکیش ڕوونکەرەوەی مێژووی کۆمەڵایەتین. بۆ وێنە، لە قەباڵەیەکی کڕین، یان فرۆشتنی موڵکێکدا، زۆر بابەتی وەک دابە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستی دەسەڵاتی میریی ناوچەی سەوداکە، چۆنییەتیی خاوەندارییەتی و... ڕوون دەبنەوە و، لەسەر بنەمای ئەوانە لانی کەم بەشێکی مێژوومان ئاشکرا دەبێت.

دامەزراندنی بنکەیەک بۆ گەڕان بە دوای ئەو بەڵگە و دیکۆمێنتانەی کە پێوەندییان بە ئێمەی کوردەوە هەیە، جا لە ناوخۆ، یان دەرەوەی وڵاتدان، زۆر پێویستە. وەک پێشینان دەڵێن: "زەرەر لە نیوەیش بگەڕێتەوە، هەر قازانجە."

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples