ناسنامەی مێژوویی

خۆناسین هەوێنی سەرەکیی ڕێگای سەربەخۆیی و ڕەوتی نەتەوەسازییە، هەر بۆیەش بووەتە بابەتێکی جێی سەرنج و پڕبایەخ لە جوگرافیای سیاسیدا. بە خوێندنەوەی مێژوو، قۆناغە فەرهەنگییەکانی کۆمەڵێک مرۆڤ [نەتەوە] ڕوون دەبنەوە و ئەمەیش دەبێتە ناسنامەی نەتەوەیی بۆ ئەو نەتەوەیە.

بەواتایەکی دیکە، نەتەوەیەک کە وەکوو یەکێک لە توخمە بنەڕەتییەکانی پێکهێنانی چەمکی "وڵات"، سەرەکیترین بەشی سەرنجی بابەتی جوگرافیای سیاسی ڕادەکێشێت، مانەوە و بەردەوامی و گەشەی خۆی لە ناسینی قۆناغە فەرهەنگی و مەدەنییەکانی ڕابردوویدا دەبینێتەوە و لەوێندەرێ بۆیان دەگەڕێ. دوا بە دوای ناسینی ئەو قۆناغانەیش، ئامانجەکانی دیاری دەکات و هەنگاویان بۆ هەڵدەگرێ و، دەور و ڕۆڵی داهاتووی خۆی بەپێی بەستێن و زەمینە مێژوویییەکان دەگێڕێ.

ئەم پرۆسەیە ئێستا و لە ژیانی ئەم سەردەمەی مرۆڤدا بایەخێکی زۆری هەیە، چونکە شۆڕشی بەربڵاو و گشتگیری تێکنۆلۆژیای زانیاریگەیاندن، ڕێگای بۆ زاڵبوونی ڕەوتی "بەجیهانیبوون"ی ئابووری و بازاری ئازاد خۆش کردووە و، ئەم ڕەوتە گەییشتووەتە ئاستێک کە بووەتە هۆی ئەوەی بیری کۆتاییهاتنی جوگرافی و مێژوو لە هزری هەندێ کەسدا چەکەرەی کردووە.

لەلایەکی تریشەوە هەوڵ و تەقەللای وڵات و نەتەوە جۆربەجۆرەکانی دنیا، بە تایبەت نەتەوەڕۆژهەڵاتییەکان لە بواری بووژاندنەوەی مێژوو و تەنانەت مێژووچێکردندا دەبینین کە ئاشکرایە لەو ڕێگایەوە بەتەمای سەلماندنی ڕەسەنایەتیی خۆیانن و پێگەیەک لەمێژوودا دیاری دەکەن، کە تایبەت بەوان بووە یان تێ دەکۆشن بە موڵکی خۆیانی لە قەڵەم بدەن و، بەردەوام پێشینەیان لە سەنگ و سووژن دەدەن تا بەڵکوو بەهەڵکڕاندنی بابەتێک، دەسمایەیەک بۆ شانازیپێوەکردن وەدەس بخەن، بەمەش گەلێک ئیمتیاز وەردەگرن و بەدەکارهێنانی ئامرازەکانی پڕوپاگەندە خۆیان دەخەنە پێش چاو و ناو زەینی جیهانەوە، تا لەکاتی پێویستدا، وەک بەڵگەیەک بینوێنن و یارییەکی سیاسی پێ ببەنەوە. وریایی و هۆشیاریی نیشتمانی لە ڕێگای ئاگاداریی تۆکمە و تەواو لەسەر مێژوو، دەبێتە هۆکارێکی بنەڕەتی بۆ مانابەخشین بە چەمکی نەتەوە و شوناس.

کورد خاوەنی جوگرافیایەکی دیاریکراوە کە تەنانەت دوژمن و نەیارەکانیشی ناتوانن نکوڵی لێ بکەن. ئەو جوگرافیایەش پێشینە و مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و زیاتر لە خۆمان لە زاری بێگانانەوە باسی کراوە و گومانیش لەوەدا نییە کە مێژوونووس و لێکۆڵەری بیانی زۆر بەتەنگ لایەنە سیاسی و نیشتمانییەکانی ئێمەوە ناچن و جاری واش هەبووە بەشێوەیەکی زیرەکانە دژ بە ئێمە و بە قازانجی دوژمنانمان قەڵەمیان تاو داوە. ئەمەش ڕەنگە لەبەر کەمتەرخەمی یان گەشەنەکردوویی فەرهەنگی خۆمان بێت.

ناسینی لایەن و وردەکارییەکانی مێژوو بۆ جێگیرکردنی شوناسی نەتەوەیەک بایەخی زۆری هەیە و ناکرێ ڕێگە بدرێت بەلاڕێدا ببرێ و تەنیا بەویستی ئەکتەرە سیاسییەکان بنووسرێت و بخوێندرێتەوە. ئەمڕۆکە شوناس و شوناسخوازی زۆرترین کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە، لەبەر ئەوەشە کە لێکۆڵینەوە لەسەر شوناسە سەربەخۆکان بووەتە بابەتێکی ئاکادیمیک و شارەزایانیش بڕوایان وایە، ئەم لێکۆڵینەوەیە بەبێ ناسینی پێشینە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو سەر ناگرێت و دەبێ ڕووداو و هۆکارەکانی گەییشتنی نەتەوە بەم قۆناغە یەک بەیەک بناسرێنەوە و لێکدانەوەیان بۆ بکرێ.

سەبارەت بە گرینگایەتیی لێکۆڵینەوە مێژوویییەکان یان یەکلاکردنی مێژوویی و بایەخی دۆزینەوەی ڕاستی، تازە دەشێ بگوترێت: پێویستە چاخەکانی بەرێ بنووسرێنەوە تا وەڵامی پرسیارە هەنووکەیییەکان بە سانایی بدرێتەوە... هەر بەرەیەک بیهەوێ لە دیاریکردنی ڕێگای ئەمڕۆ و داهاتوودا تووشی خلیسکان نەبێت، دەبێ پشت بە میراتی پێشینان و دەسکەوتەکانی خۆی ببەستێ و، لە چوارچێوەی زانستی ئەمڕۆییدا سەنگ و سووکی بکات. لەبەر ئەمە دەتوانین بێژین پەیجۆیی مێژوویی، گەڕان و بەدواداچوونێکی بێ بڕانەوە و بەردەوامە و ڕازیبوون بەوەی تا ئێستا نووسراوە [بەتایبەت کە خۆمان نەماننووسیوە] جگە لە کەمتەرخەمی، هیچی تر نییە.

خوێندنەوەی مێژوویی دیاردەکانی وەک جوگرافیای سیاسیی هاوبەش، زمانی هاوبەش، ئایینی هاوبەش، بیرەوەریی سیاسیی هاوبەش و بەشێکی زۆری ڕوانگە کۆمەڵایەتییە هاوبەشەکان و هەندێک داب و نەریت و هونەر و وێژەی هاوبەش، ڕەوتی بەنەتەوەبوون لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا خێراتر دەکات، هەڵبەت بە مەرجێک کە خوێندنەوەکە مەبەستی نیشتمانی هەبێ  و بەدوور لە باڵ باڵێن بێت.

بەپێی ئەو ڕاستییەی کە شوناسی نەتەوەیی هەر گەلێک، لەدایکبووی جوگرافیای ئەو نەتەوەیە و، دەبێ لە ڕێگای لێکدانەوە و یەکلاکردنی ڕەوتی مێژوویی، قۆناغە فەرهەنگی و شارستانییەکانی ئەو جوگرافییەوە ڕوون بکرێتەوە، پێویستە بەردەوام بەدواداچوونی بۆ بکرێت و لە پاش ڕوونبوونەوەی چۆنیەتیی پێکهاتنی شوناسی فەرهەنگی_سیاسی لە درێژەی زەماندا، بخرێتە سەر خەرمانی بیرەوەریی مێژووییی نەتەوە.

مێژوو بە شێوازێکی تایبەتی دەورێکی هەستیاری لەسەر ناسنامەی نیشتمانیدا هەیە. بنج و بناوانی شوناسی هەموو نەتەوەیەک لە مێژووەکەیدایە و، ئەم ناسنامە مێژوویییە وەک دارێکە کە هەموو لق و پۆپە کەلتوورییەکانی نەتەوە لەودارەدا یەک دەگرنەوە.

مێژوو بە بیرمان دێنێتەوە کە سەربوردەیەکی هاوبەشمان هەبووە و سەرەڕای هەزاران کێشەی ناوبەرمان، چارەنووسیشمان هەروەک ڕابردوومان هاوبەش دەبێ و ئاگاداربوون و گرینگیدان بەو هاوبەشییە بەردی بناغەی یەکگرتووییمانە. زۆرێک لە گەلانی ئەم دنیایە بە مێژووی دەسکرد، خۆیان پێ گەیاندووە و لە هیچی نەبوو بوونەتە شت، ئەوان نەک مێژوویان بە ئارەزووی خۆیان چێ کردووە و پێشینەی درەوشاوی گەلانی بەستەزمانیشان بەناوی خۆیانەوە تۆمار کردووە، بەڵکوو هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، سیاسەتێکی وایان دەکار هێناوە، پەڵەوپیسیی تایبەت بەخۆیان کە بەشێک بووە لە سرووشتیان، لە مێشک و زەیناندا بسڕدرێتەوە و ئاسەواری نەمێنێ، یان زیرەکانە ئەو پەڵانەیان لە دەفتەری مێژووی گەلانی دیکەدا نووسیوەتەوە و بە واتایەکی کوردانە "دەستی پیسی خۆیان بەخەڵکی دیکە سڕیوەتەوە."

سیاسەتی داگیرکارانی کوردستان لە هەر پارچەیەکی ئەم وڵاتە کەرت کراوە بە جۆرێکی تایبەت و جیاواز بووە و، هەر داگیرکەرێک بە شێوازێک هەوڵی دژایەتی و تێدابردنی داوە. بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموویان لە دوژمنکاری لەگەڵ کورد، لە بابەتی مێژوویی و، چەواشەکردنیدایە. هەندێکیان [ئەوانەی کە بەڵگە و هۆکاریان نییە بۆ تێکەڵاویی ڕەگەزی و مێژوویی لەگەڵ کورد]، بەتەواوەتی حاشا لە مێژوو و شارستانییەت و ژیارەکەی دەکەن و بە کەیفی خۆیان سەرلەنوێ مێژووی بۆ دەنووسنەوە...

بۆ وێنە "مەسعوودی"، مێژوونووسی گەڕیدەی عەرەب، کورد بە بەرەی دێو و جن لەقەڵەم دەدات و هەر ئەو و زۆری دیکەیش لە بەرەی باب و باپیری عەرەبی دەزانن و دەڵێن: بە هۆکاری جۆربەجۆر کەوتوونەتە وڵاتی دیکە و لەگەڵ عەجەمان تێکەڵ بوونە. هەندێکی تریان [ئەوانەی کە جەردەی ڕاستەقینەی مێژووی کوردن و بەبێ ئەو سەرمایەی کە لێیان دزیوین، دەسمایەیان پێ نامێنێت] لە ڕۆچنەیەکی دیکەوە وەژوور دەکەون و بە ئامۆزا و هاوڕیشە و خزمی نزیکی هەژمار دەکەن تا بە سانایی شیلەی بکێشن و بەم فێڵەش لە ڕواڵەتدا بە خاوەن ماڵی لەقەڵەم دەدەن ... ئەم بەخانەخوێ زانینەش لە ڕاستیدا بکوژی هەستە نەتەوایەتییەکەیە و، داگیرکار بەمراز دەگەیەنێت و، وەک دەڵێن: "بەدەستێک دوو چۆلەکان دەگرێت."

کار و هەرمانی ئێمە لە بەرانبەر ئەم چەواشەکارییانەدا چی بووە و، ڕۆشبیر و زانا و مێژووزانمان چییان کردووە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و تێگەیاندنی ڕاستییەکان لە تاکی کورد؟ دەیان و بگرە سەدان داستان و حەکایەتی تاڵ و شیرین لە گەنجینەی پێشینانمان ماونەتەوە، کە دەکرێ ببنە هێما و بەدیهێنەری بەهێزترین هەستی نیشتمانی و لە ڕۆژژمێرماندا تۆمار بکرێن و ساڵانە ڕۆژی تایبەتییان بۆ دیاری بکرێت، تا بەیەکەوەمان ببەستنەوە و ببنە خوڵقێنەری جوانترین حەماسەی نەتەوەیی.

سەربوردەی هاوبەش، ئەگەر پڕ بێت لە قارەمانینواندن بۆ بەرەنگاری لە وڵات و، بەتایبەت ئەگەر تراژیکیش بێت، بەهێزترین هۆکاری یەکگرتوویی و تەبایی نەتەوەیە، جا مادام وایە، بۆچی لە هەندێک ڕۆشنبیر و وێژەوان بترازێ، کەسمان شارەزای شاکاری مەم و زینی خانی نین، کە جگە لە عیشق و ئەویندارییەکەی، تژی لە هەستی نیشتمانی و نەتەوەیییە؟ مەم و زین ئەگەر لە چیرۆکە نەتەوەیییەکانی گەلانی دی بەرزتر نەبێ، کەمتر نییە.

ئەگەر ئازایەتی و شێرانەوەستان لەبەرانبەر دوژمن و داگیرکاران مایەی شانازی و سەرفرازییە، بۆچی چیرۆکی لێوانلێو لە قارەمانی، ئازایەتی و تراژیدیای قەڵای دمدم زاربەزار نەگەڕێ و نەبێتە سەرچاوەی جۆش و خرۆشی هەستی نیشتمانی؟ تێکەڵبوونی هەر تاکێک لەگەڵ ئەم داستان و چیرۆکەنەتەوەیییانە، مایەی خۆناسینیەتی و ڕێشاندەرە بۆ ڕۆییشتن بەرەو هەواری پێگەیشتن، جگە لەوانەیش پڕکەرەوەی بۆشایییەکانی زەینی مێژوویییە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples