ڕیفراندۆمی نیشتمانی، پێویستییەکی سیاسی و یاسایییە

دەستپێک

گەل و نەتەوەکان، دەبێ سەروەرییان هەبێت؛ دەبێ خۆیان خاوەن بڕیاری سیاسی، ئابووری، یاسایی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و که‌لتووریی خۆیان بن. پرینسیپی ئازادی و سەرخۆبوونی گەلان مێژوویەکی کۆنی هەیە. لە دووتوێی یاسای نێونەتەوەییدا، لە ڕێکكەوتننامەی وێستفالیادا (١٦٤٨)، دوای جه‌نگی سی ساڵە، بۆ یەکەم جار لە ڕه‌وتی ئازادیی گەلان، یان هاوسەروەریی دەوڵەتان، بناغەی یەکەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دامه‌زرا.

لە سەدەی ڕابردو و هەزارەی سێیەم، بەها هاوبەشەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی جەخت دەکەن، جاڕنامە و پەیماننامە و بڕیاری نێودەوڵەتی و هەرێمی و کۆنگرە و کۆنفرانس تۆمار دەکەن و، رێسا و پرینسیپی هاومانا دادەڕێژن و دەقنووس دەکەن، تا زیهنییەتی یەکسانی نێوان گەلان و دەوڵەتان و تاکەکان بە یاسای بەرفەرمان و چەسپاو و پەیگیر بکەن و، بەرەوپێشی ببەن، کە زامنی ئاشتیی نێوان گەلان و دەوڵەتان و هێنانەدی ئاسایش و تەنایی بەکۆمەڵ و فراژووبوونی بەهای کۆمەڵی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی.

گەلی کوردستان و مافی چارەنووس

ئاشتی و تەناییی نێوان دەوڵەتان، بەستراوەتەوە بەسەروەریی گەلان و دەوڵەتان لە هێنانەدیی مافی چارەنووس و سەربەخۆییی زاتیدا. لەسەرەتای سەدەی بیستدا پەیامی ئازادیی دەوڵەتان بۆ گەلانی ژێردەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی نەمسا و مەجەڕ و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، ئازادیی گەلان و هێنانەدیی سەربەخۆیییان بوو.

ئەگەر سەرنج بدەینە چواردە خاڵە سەرەکییەکەی سەرۆکی ئەمریکی، ودرو ولسن، لە ساڵی ١٩١٨، کە بۆ ئاشتیی جیهانی خستییە ڕوو، پێشوازیی نێودەوڵەتیی لێ کرا و، بە نییەتپاکی بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان قبووڵ کرا. لە خاڵی (١٢) جەخت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دەکاته‌وه‌ کە دەبێ نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی، گەرەنتیی ژیانیان بدرێتێ و دەرفەتی سەربەخۆیییان پێ بدرێت.

کوردستان لە هێنانەدیی مافی چارەنووس بەهرەمەند نەبووە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش به‌هێزیی گەل و نەتەوەکان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بە فاکتەرێکی سەرەکیی دیموکراسی بۆ پیادەکردنی مافی چارەنووس دەزانێ.

گەلی کوردستان ڕیفراندۆمی فەرمی و گشتگیر و دامەزراوەییی ئەنجام نەداوە. ئێستا، کە لە باشووری کوردستان دەرفەتێک، نییەتێک، خواستێک هەیە، کار و ئەرکی نیشتمانی ئەوەیە کە ئەم ئەرکە بە شێوەیەکی بەرپرسانە ئەنجام بدرێت و، ڕوویەکی گەشی دیموکراسی و خواستی میللی بۆ جیهان بخرێتە ڕوو.

مانای ڕیفراندۆم

دیموکراسییەتی ڕاستەوخۆ ئەوەیە کە، گەل خۆی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و بەڕێوەبردن و دادپەروەری پیادە دەکات. بە هۆی ئەوەی گەل لە ئێستادا ناتوانێ ئەم کارانە بکات، سیستەمی نوێنەرایەتی داهێنرا؛ گەل نوێنەرەکانی هەڵدەبژێرێ تا لە جیاتی ئەو دەسەڵاتی بۆ پیادە بکات، کە ناو نرا دیموکراسییەتی ناڕاستەوخۆ.

بە هۆی ئەوەی نوێنەرانی گەل لە نموونە باڵاکانی دیموکراسییەت و خواستی گەل زۆر دوور دەکەوتنەوە، سیستەمی نوێنەرایەتیی ناڕاستەوخۆ پێش کەوت و، جارێکی تر گەل گەڕایەوە و هاتەوە ناو گۆڕەپانی کاری سیاسیی ڕاستەوخۆ و، گەل ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی ڕاستەقینەی وەرگرت و بەشداریی ڕاستەوخۆی کارای لە دەسەڵاتدا کرد و، ناو نرا دیموکراسییەتی نیمچە-ڕاستەوخۆ؛ کە دەبێ گەل لە کاروبارە بایەخدارە گرنگ و چارەنووسسازەکاندا ڕاستەوخۆ بڕیار بدات و دەنگی خۆی بدات.

ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی نیشتمانی

لە سیستەمی پەرلەمانیدا دەسەڵاتەکانی یاسادانان و ڕاپەڕاندن، پانتایییەکی هاوبەشیان بۆ کارکردن هەیە. هەر دوو دەسەڵات، دەبێ هاریکاری و هەماهەنگی و یەکسانی و هاوسەنگییان هەبێت بۆ ئەوەی کاروباری دەوڵەت  بە دیموکراسییانە و کارایی و ڕێکوپێک ئەنجام بدرێت و، هەروەها پرسی نوێنەرایەتیی گەل بەباشی پیادە بکرێت. لە بنەڕەتدا، هەر دوو دەسەڵات نوێنەرایەتیی گەل دەکەن و ڕەوایەتییان هەیە؛ هەر یەکەیان: سەرۆکی نیشتمان (سەرۆکی دەوڵەت یان کیانێکی سیاسی)، پەرلەمان و حکوومەت، دەتوانن پرسێک بخەنە ڕوو بۆ ڕیفراندۆم.

ڕیفراندۆمی نیشتمانی بە هەماهەنگیی هەر دوو دەسەڵات ئەنجام دەدرێ: پەرلەمان یاسا دەردەکات و دەخرێتە واری جێبەجێکردن، سەرۆکی نیشتمان، یان حکوومەت لە پەرلەمان گوتارێک پێشکەش دەکات و ڕای گشتی لەم ڕووەوە ئاگادار دەکاتەوە. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە سەرۆکی نیشتمان، یان حکوومەت نەتوانن بڕیار لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بدەن؛ بەتایبەت لە غیابی پەرلەمان لەبەر هەر هۆیەک، یان بە هۆی جیاوازیی بڕیاره‌وه‌.

بۆ نموونە لە ئانوساتی گفتوگۆی پەرلەمان لەسەر گۆڕینی سیستەمی حوکم لە تورکیا، بیناڵی یڵدرم ڕای گەیاند کە ئەگەر پەرلەمان لەسەر گۆڕینی سیستەم و هەمواری دەستوور ڕەزامەندیش نەبێ، ئەوا حکوومەت دەستوور دەخاتە ڕیفراندۆم. کەواتە دەبێ بابەتی ڕیفراندۆم بابەتێکی سەرەکی بێت و، حکوومەت، یان پەرلەمان دەتوانن بڕیار بدەن و پرسێک بخرێتە ڕوو بۆ ڕیفراندۆم.

بە شێوەیەکی گشتی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی هەر دوو دەسەڵات گرنگ و پێویستە، تا هیچ یەکێکیان تاکڕەوی نەکات. بەڵام ڕیفراندۆمی گەلی (شەعبیReferendum Populaire)، هەروەک ریفراندۆمی دەستووری و شێوەکانی تری، دەکرێ لە لایەن پەرلەمان ئامادە بکرێ و بخرێتە ڕیفراندۆمەوە، یان لە لایەن دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنەوە ئامادە بکرێ و بخرێتە ڕوو بۆ بڕیار و ڕای گەل. لەم چوارچێوەیەیشدا گەل بە "بەڵێ" یان بە "نەخێر" بڕیار دەدات. هەمیشە دەستەیەکی سەربەخۆ (وەک کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان) لایەنی بەرپرس و میکانیزمی سەرەکیی جێبەجێکارە بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی و دەرکردنی سیستەم و ڕێنماییی پێویست لەم بارەوە.

لە باشووری کوردستاندا بارودۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە ڕووی سیاسی و دیبلۆماسییەوە گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. پەرلەمان، سەرۆکایەتیی هەرێم، حکوومەت، یان بەهەماهەنگی، دەتوانن ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی نیشتمانی دەستنیشان بکەن و، خەڵکی کوردستان بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی فەرمی بۆ سەرخۆبوونی باشووری کوردستان، دەنگ بە بەڵێ یان بە نەخێر بدات.

پرسی ڕیفراندۆمی نیشتمانی لە باشووری کوردستاندا

بارودۆخی سیاسی، یان ڕاستر بگوترێت پەیوەندیی نێوان حزبە سیاسییەکان لەناو پەرلەماندا لە دۆخێکی نائاساییدایە. ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی نیشتمانی، دەبێت وەک باڵاترین ئەرکی مێژوویی - نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ڕەخسانی دەرفەتی هەڵکەوتووی ئاڵتوونی بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان، گرنگە کە وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، دەبێ کار و گوفتار و گوتار بەرەو ئەوە بێت کە هەرچی باشتر و بەیەکدەنگی و کۆدەنگی ئەنجام بدرێت، نەک  بیانوو و پاساوی یاسایی و سیاسیی بۆ بدۆزرێتەوە.

کوردستان بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دەبێتە خاوەن ڕەقەمێک کە دۆست و نەیار دەزانێ و دەبیستێ کە کوردستان بەدوای سەروەریی تەواودا دەگەڕێت. ئەرکێکی مێژووییی هەر دوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) و کۆی حزب و کۆمەڵ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕۆشنبیر و هاونیشتمانیانە، کە دەبێ یەکگرتووییی نیشتمانی بپارێزن.

سوودەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە سیستەمی سیاسیدا

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دەتوانێ هۆکارێکی سەرەکی و گرنگ بێت بۆ دووبارە جۆشدانەوەی کار و ئەرکی نیشتمانی و، کردنی هاونیشتمانی بە سەنتەری بڕیار. دەکرێ ئەم ئامانجە لە بەئەنجامگەیاندنی ڕیفراندۆمدا، لەم خاڵانه‌ی خوارەوەدا ڕوون بکرێتەوە:

١- کاتێ بابەتێک بۆ ڕیفراندۆم دەخرێتە ڕوو، دەنگدەر بەرژەوەندیی گشتی دەبینێ و، ئەوە لەبیر دەکات کە لایەنگیریی بۆ حزبێکی دیاریکراو هەیە. بە مانایەکی تر، تاک لە باری ڕیفراندۆمدا ویژدان و بیر و هۆشی ڕابەرایەتیی دەکات و، بەگوێرەی ئارەزوو و ئاوەزی حزبە سیاسییەکان ناکات.

٢- سیستەمی ڕیفراندۆم و خودی ڕاپرسی بۆ پرسە سەرەکییەکان و لەوانەیش بۆ مافی چارەنووس، دەبێتە هۆی سووککردنی ململانێی حزبی. هەروەکوو پسپۆڕی دەستوور و سیاسەت، دایسی  Dicy، دەڵێ: "بە هۆی بوونی سیستەمی ڕیفراندۆم، حکوومەتی سویسرا حکوومەتێکی حزبی نییە، چونکە گەل دەسەڵاتی سەرەکیی بەسەر چارەنووسی خۆی دەبێ."

هەر بۆیە پەرەپێدانی سیستەمی ڕیفراندۆم بەگشتی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێژموون و بوونی ئەم حزب، یان ئەوی تر بەسەر دەسەڵات و کاروباری فەرمانڕەوایی، دەبێتە بابەتێکی لاوەکی. ئەمەیش دەبێتە هۆی چەسپاندنی گیانی میانڕەوی لە دەروونی حزبە سیاسییەکاندا.

٣- ڕیفراندۆم خۆی لە خۆیدا ئامرازێکە لە ئامرازەکانی سەقامگیریی سیاسی. گەل بە هۆی پیادەکردنی سیستەمی ڕیفراندۆمەوە بەگشتی، زۆر جار بێباک دەبێت لەوەی کە خەڵکێک بچێتە ناو پەرلەمان؛ وێڕای ڕەزامەندنەبوونی لەسەر هەندێ هەڵسوکەوتیان، یان پڕۆژەی کارییان.

٤- ڕیفراندۆم دەبێتە هۆی ڕێگەگرتن لە ستەمکاریی پەرلەمان. یەکێ لە گەورەترین خراپییەکانی سیستەمی پەرلەمانی لە فەڕەنسا، ئەو قۆرخکاری و زیادڕۆیییە بوو کە پەرلەمان ئەنجامی دەدا و، دەیویست دەسەڵاتی ڕەها لای ئەوان بێت. نابێت هیچ دامەزراوەیەکی دەستووری، دەسەڵاتی ڕەهای هەبێت. ئەو دامەزراوە و دەسەڵاتە، پەرلەمان، یان پادشا، یان سەرۆککۆمار بێت، بە هۆی ڕیفراندۆمەوە ڕێگە لە کەڵکەڵەی پەرلەمانەکان بۆ بوونی دەسەڵاتی ڕەها، دەگیرێت.

٥- سیستەمی ڕیفراندۆم دەرفەت دەدات کە لە ڕێگه‌یه‌وه‌ سوود لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و لێهاتووی گەل وەربگیرێت کە لە دەرەوەی پەرلەمانن. چونکە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا زۆر لە پسپۆڕ و مامۆستای زانکۆ و توێژەر، نایانەوێت بچنە ناو جه‌نگی هەڵبژاردن و، شکۆی خۆیان بەلاوە گرنگە! بە هۆی ئەوەی زۆر جار چەکی نادروست لە هەڵبژاردنەکان بەکار دێت. بەڵام لە ڕیفراندۆمدا بەپێچەوانەوە، ڕووی خەڵک بۆ کەسانی لێهاتوو و دیاری ناو کۆمەڵگە وەردەچەرخێت، نەک سیاسییەکان.

٦- ڕیفراندۆم ئاشتی و ئارامی لە کۆمەڵگەدا بەدی دێنێ، چونکە بە زۆرینەیەکی ناو پەرلەمان (ژمارەیەکی دیاریکراو) بڕیار نادرێت، بەڵکوو گەل سەروەریی خۆی پیادە دەکات.

٧- لە ڕیفراندۆمدا، خواستی گەل بەرجەستە دەبێت و، بەرژەوەندیی گشتی دێتە دی. لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا چارەنووسی مێژووی خاک و گەل دیاری دەکرێت. هەر بۆیە گەلانی ئازاد و دیموکراسی، پرسە هەستیار و سەرەکییەکانیان لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە یەکلا دەکەنەوە.

پاڵپشتە یاسایییەکانی ڕیفراندۆمی نیشتمانی لە باشووری کوردستاندا

باشووری کوردستان لە ئاستی نێونەتەوەیی و ناوخۆدا، دەزانێ و هۆشیارە کە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، یاسایی و ڕەوایە؛ بەکورتی، خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:

١- باشووری کوردستان پاڵپشتیی یاساییی هەیە. یەکەمیان: ئەگەر پشت بە ڕێساکانی ئایین ببەستین، ئایینی ئیسلام ئایینی گەل و نەتەوەکانی ئەو دەوڵەتانەیە کە کوردستانیان بەسەر دابەش کراوە. لەم ئایینەدا گەلان و تاکەکان لە ڕووی دەقی ڕوون و چەسپاو و نەگۆڕه‌وه‌ یەکسانن؛ دەوڵەتی عێراق وەک لە دەستووردا هاتووە لە جیهانی ئیسلامدایە و، دەقەکانی ئەم ئایینە کۆمەڵە پرینسیپ و بەهایەکی یونیڤێرساڵی ئایینی پەیگیرن، ماناو دەلالەتی نەگۆڕیان هەیە و، عێراق لە چوارچێوەی کۆنگرەی جیهانی ئیسلامی و کۆمەڵی عەرەبی وەک رێکخراوێک کە عێراق بەگوێرەی دەستوور ئەندامی دامەزرێنەریێتی، دەبێ ئەو رێساو پرینسیپانەی ئیسلام کۆیان بکاتەوە،  وەک لە ماددەی ٢ی دەستووری عێراقیشدا هاتووە: دەبێ پەیگیری بە دەقە چەسپاو و نەگۆڕەکانی ئیسلامه‌وه‌ بکرێت.

کەواتە، دەوڵەتانی هەرێمی و دەوڵەتی عێراق، ئەرکی بەرپرسیارێتی ئایینیان هەیە، کە بە هۆی کۆنگرەی ئیسلامی و کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی و چەندین جاڕنامەی هەرێمی جەخت لە پەیگیری بە دەقەکانی ئایینی ئیسلام کراوەتەوە، پابەندبوون ئەرکە.

٢- یاسای نێودەوڵەتی: لە یاسای نێودەوڵەتیی کلاسیکی و هاوچەرخدا، سەروەری و یەکسانیی نێوان دەوڵەتان بەهایەکی یاساییی چەسپاوی هەیە. لە یاسای نێودەوڵەتیی هاوچەرخدا، مافی چارەنووسی گەلان بووه‌تە ڕێسایەکی بەرفەرمان و پەیگیر. نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات کە گەل و نەتەوەکان تا ٢٠٢٠، بگەنە مافی چارەنووس و بە ئازادیی خۆیان بگەن و، لەژێر دەسەڵاتی بێگانە ڕزگار بن و، عێراقیش وەک ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەک ئەوەی ڕاستاندنی لەسەر ئەو ڕێکكەوتننامانە کردووە کە دەبێ نەتەوەکان دەرفەتی ئازادی و پیادەکردنی مافی چارەنووسیان پێ بدرێت، دەبێ پابەندی ئەو ڕێکكەوتننامانە بێ.

٣- دەستووری عێراق: دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، بە ڕیفراندۆم لەدایک بووە و ، پێکهاتنی نێوان پێکهاتەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فیدڕاڵی ئارەزوومەندانە بووە، عێراق یەکێتییەکی فیدراڵی ئارەزوومەندانەیە. هەمیشە بە ڕیفراندۆم ماف و دەرفەت هەیە کە جارێکی تر بڕیار لەسەر بەردەوامی، یان نەبوونی بەردەوامیی ئەم یەکێتییە بدرێت و، لایەنەکان سەربەخۆییان هەبێت.

٤- گەلی کوردستان: گەلی کوردستان سوبێکتێکی یاساییی نێودەوڵەتییە و، نەتەوەیەکی سەربەخۆیە و، گەلی کوردستان بە گشتی کەسایەتیی خۆی لە یاسای نێودەوڵەتیدا هەیە و، هەموو ئەو مافانەی هەیە کە گەلێکی تر هەیەتی. لە باشووری کوردستان ئامادەیی و یاسا و دامەزراوە هەیە، کە دەتوانن ئەم مافە مومارەسە بکەن و بەسەرکەوتوویی ئەنجامی بدەن و،  هیچ بۆشایییەکی یاساییمان نییەو، هیچ رازینەبوونێکی سیاسی پاڵپشتی یاسایی نابێت لە ناوخۆی عێراق یان لە دەرەوە.

ئەنجام

لە ڕیفراندۆمدا ڕای گشتی دێتە دی و، گەل سەروەریی خۆی پیادە دەکات. پرسێکی گشتیی جێگای بایەخ و بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانی وەک مافی چارەنووس، بە یاسای نێودەوڵەتی و بە ئەزموونی وڵاتان، خۆی لە لووتکەی دیموکراسی و حەقداریی گەل و یاساییبووندا دەبینێتەوە، گەل و نەتەوەکان ئازادن لە وەرگرتن و مومارەسەکردنی سەروەری. پڕۆژەیەک، باسێک، ڕایەک، بابەتێک، بۆ دەنگی گەل بە بەڵێ، یان نەخێر دەخرێتە ڕوو. تەنیا پڕۆژەیەکە کە تاک بۆ بەرژەوەندی و ویژدانی ئێستا و ئاییندە، هەڵوەستەی لەسەر دەکات.

بڕیاری سیاسیی ئەمڕۆ، بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی نیشتمانی لە باشووری کوردستاندا، گونجاو و یاسایی و دەستوورییە. ئەنجامدانی، ڕۆحێکی نوێی بوون و کەینوونەی کوردستانی دەخوڵقێنێ. خودی دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، دەتوانێ هەموو سیستەم و ڕێنماییی پێویست بۆ ئەم پرسە ئەنجام بدات.

 

سەرچاوەکان:

١- دكتور محمد عبدالمعز نصر، في النظريات والنظم السياسية، دار النهضة العربية، 1973.

2- الدكتور عبدالفتاح حسن، مباديء النظام الدستوري في الكويت، دار النهضة العربية، 1968.

3- د. ماجد ڕاغب الحلو، الإستفتاء الشعبي بين الأنظمة الوضعية والشريعة الإسلامية، مكتبة المنارالإسلامية، ط 1،١٩٨.

4- أوليفه دوماهيل، الديمقراطية (أنظمتها – تاريخها ومتطلباتها)، ترجمة علي باشا، 1998.                                                                                                                                                                                                       

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples