ڕیفراندۆم وەک ئامرازی پیادەکردن بۆ مافی چارەنووس

دەستپێک

بۆ ئەوەی گەلێک مافی چارەنووس پیادە بکات، دەبێ داوای ئەم مافە بکات. مافی چارەنووس لە ڕووی داواکردن و پیادەکردنەوە، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەگەل خۆیەوە. بەگوێرەی شیکاری یاسایی بۆ ئازادی و مافی گەلان لە پیادەکردنی ئەم مافە و چۆنێتیی دەستەبەرکردنی، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە قودرەتمەندی (به‌هێزی)ی گەل خۆی؛ واتە دەبێ شیاوی و لێهاتوویی دەستەبەر بکات، تا بتوانێ بە مافی جارەنووس بەهرەمەند بێ. مافی چارەنووس پەیوەست نییە بە ئاستی پێگەیشتووییی گەلێک تا بتوانێ دەکاری بێنێ، بەڵکوو دەکەوێتە سەر سووربوون و لێهاتوویی و کارامەییی ئەو گەلە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و سەربەخۆیی.

هەر گەلێک دەتوانێ بەگوێرەی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی خۆی و کۆی بەرژەوەندییەکانی، چ ئامرازێک هەڵدەبژێرێ، دەتوانێ پیادەی بکات. بۆ ئێستای گەلی کوردستان لە باشووری کوردستان، ئامرازی خەباتی چەکداری قۆناغی خۆی تێ پەڕاندووە و، دەبێ بە ئامرازی ئاشتی کار بۆ هێنانەدیی هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی مافی چارەنووس بکات. ئێمە لەم باسەدا تەنیا تیشک دەخەینە سەر ڕیفراندۆم وەک ئامرازێک بۆ داواکردنی مافی چارەنووسی گەل.

ئامرازە ئاشتەوایییەکان  بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەنووس

سەرەکیترین ئامرازەکانی داواکردن بۆ مافی چارەنووس بریتین لە: خەباتی ڕزگاریخوازی، کۆڕ و کۆمەڵ و گوزارشتکردن بۆ داواکاری بە ئامرازەکانی بڵاوکردنەوە و میدیایی و هتد. ئەمانە ئامرازی داواکردنن بۆ مافی چارەنووس، بەڵام ئامرازەکانی پیادەکردنی مافی چارەنووس بریتین لە ڕیفراندۆم و بڕیاری دەستەی نوێنەرایەتیی خەڵک و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە کاتی سەرکەوتنی بە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی، یان لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی، یان لە ڕێگەی بڕیارێکی نێودەوڵەتی، یان پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی؛ بەڵام دوو دیارترین شێوە وەک ئامراز بۆ مومارەسەکردنی مافی چارەنووس، بریتین لە ڕیفراندۆم یان بڕیاری پەرلەمان. لە ڕووی دیموکراسی و ئەزموونی وڵاتانەوە، ڕیفراندۆمی نیشتمانی و بڕیاری پەرلەمان، دوو سەرەکیترین ئامرازن کە لەگەڵ پیادەکردنی مافی چارەنووس و دەلالەتەکانی ئەم مافە و ئاشتیدا گونجاون. لە خوارەوە بە کورتی دەیانخەینە ڕوو.

جۆری یەکەم:

 ڕیفراندۆم؛ ئامرازێکی پیادەکردنی مافی چارەنووس

بەگشتی دوو جۆری سەرەکیی ئامرازی مومارەسەکردنی مافی چارەنووس هەیە، کە بریتین لە ڕیفراندۆم و بڕیاری پەرلەمان. ڕیفراندۆم وەک سەرەکیترین ئامراز بۆ مومارەسەکردنی مافی چارەنووس کە لەگەڵ دیموکراسییەت کۆک و تەبایە، گوزارشتە لە ئیرادەی گەل و، لە یاسای نێودەوڵەتی و گەلانی شارستانی و دنیای نوێدا شوێنی شایستەی هەیە. دەکرێ سەرەکیترین ئەو چوارچێوەیەی کە باسی ڕیفراندۆم دەیگرێتە خۆ، بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە پوخت بکەینەوە:

  • – وشەی ڕیفراندۆم لە ڕووی دەستوورییەوە بە خستەڕووی بابەتێک دەگوترێ بۆ گەل تا ڕای خۆی بە ڕەزامەندبوون، یان ناڕازیبوون بدات و بە عەرەبی "الإستفتاء" و بە کوردی "گشتپرسی" و بە ئینگلیزی Referendumی پێ دەگوترێ و بە فەڕەنسی وشەی Plebiseite. پلیبیسیت (plebiscite) وشەیەکە تا ئیستا وەرگێڕانێکی وردی نییە؛ ئەگەرچی عەرەبەکان بە ڕیفراندۆمی کەسییان وەرگرتووە، چونکە بابەتەکە پەیوەندیی بە یەک کەسەوە دەبێ، ئەویش لە کاتی وەرگرتنی دەنگ بۆ کەسێک، بە بەراورد بە ڕیفراندۆم کە بۆ وەرگرتنی ڕایە لەسەر بابەتێک.

جۆرەکانی ڕیفراندۆم و شێوەکانی پیادەکردنی، ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە لۆژیکی بنەماکانی دیموکراسییەتی نیمچە-ڕاستەوخۆ کە تیایدا جۆرێک لە هاوکاری لە نێوان هاونیشتمانیان و نوێنەرانیان دروست دەبێ؛ واتە گەل، یان دەبێتەوە تاکه‌ دەسەڵات، یان دەبێتە دەسەڵاتێکی سەرەکی بە تەنیشت دەسەڵاتەکانی ترەوە.

  • – جۆرەکانی دیموکراسییەت

دیموکراسییەت کۆنسێپتێکە لە ڕووی سیاسی، یاسایی، که‌لتووری، کۆمەڵناسی و فەلسەفییەوە پێناسە و ماهییەتی جۆراوجۆری هەیە. تایبەت بە باسەکەمان، ئەم جۆرانە دەگرێتەوە:

یەک: دیموکراسییەتی ڕاستەوخۆ: ئەو دیموکراسیەتەیە لەگەڵ کاروباری دەسەڵاتەکانی یاسادانان و ڕاپەڕاندن و دادوەرەی بۆ خۆی و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پیادە دەکات. واتە حکوومەتێکی ڕاستەوخۆ هەیە کە تیایدا خاوەنی سەروەریی کە گەلە خۆی حوکم دەکات.

دوو: دیموکراسییەتی ناڕاستەوخۆ (دیموکراسییەت، یان سیستەمی نیابی): جۆرێکە لە دیموکراسییەت و تیایدا گەل نوێنەرانی هەڵدەبژێرێ تا بە ناوی ئەوەوە و بە نوێنەرایەتیی ئەو، دەسەڵات مومارەسە بکەن. واتە جیاوازی دەکات لە نێوان خاوەنی دەسەڵات (گەل) و ئەوەی مومارەسەی دەکات (نوێنەران).

سێ: دیموکراسییەتی نیمچە-ڕاستەوخۆ: سیستەمێکی لە نێوان دیموکراسییەتی ڕاستەوخۆ کە تیایدا گەل خۆی دەسەڵات پیادە دەکات و لە نێوان‌ دیموکراسییەتی ناڕاستەوخۆدا گەل نوێنەران (پەرلەمان) هەڵدەبژێرێ و، ئه‌وایش بە ناوی گەل حوکم دەکەن. لە نیمچە-ڕاستەوخۆ پەرلەمان، یان دەستەیەکی نوێنەرایەتی هەیە وەک سیستەمی نیابی، بەڵام گەل هەندێ دەسەڵات لای خۆی دەبێ کە ڕاستەوخۆ پیادەیان دەکات بەگوێرەی ئامرازی دیاریکراو کە لە سیستەمێکەوە بۆ یەکێکی تر، جیاوازن. واتە گەل بە تەنیشت هەر سێ دەسەڵاتە سەرەکییەکە، کۆمەڵە دەسەڵاتی دیاریکراو بۆ خۆی دەهێڵێتەوە. واتە گەل دەبێتە دەسەڵاتی چوارەم و، بایەخ و گرنگی لەسەر حیسابی پەرلەمان زیاد دەبێ.

  • – ڕواڵەتەکانی دیموکراسییەتی ناڕاستەوخۆ

دیموکراسییەتی نیمچە-ڕاستەوخۆ چەند ڕواڵەتێکی هەیە: هەندێکیان سەرەکین، وەک ڕیفراندۆم و ناڕەزایی گەلی "شەعبی" و پێشنیازی گەلی (شەعبی)، هەندێکیان لاوەکین وەک مافی لادانی پەرلەمانتار، یان سەرۆکی وڵات و مافی پێشنیازکردنی یاسا، یان هەڵوەشانەوەی پەرلەمان. بە شێوەیەکی گشتی ڕواڵەتە سەرەکییەکانی ئەم دیموکراسییەتە بریتین لە:

   ١-  ڕیفراندۆمی گەلی (الأستفتاء الشعبي)

ریفراندۆمی گەلی یان ئەوەی هەندێک دەڵێن دەنگدانی گەلی ، خستنەڕووی بابەتێکە بۆ بەردەم گەل (گەلی سیاسی) بۆ هەموو ئەو تاکانەی مەرجی دەنگدانیان تێدایە، تا بە ڕازیبوون، یان ناڕازیبوون دەنگ لەسەر بابەتەکە بدەن بەبێ ئەوەی مافی هەموارکردنیان هەبێ.

ڕیفراندۆم میکانیزمە؛ گەل دەبێتەوە خاوەن شکۆی سەرەکی و، دەرفەت بە هاونیشتمانیان دەدات بڕیار لە هەندێ کاروباری حوکمڕانی بدەن و ڕێگە لەوە بگرن کە نوێنەران دەست بەسەر هەموو دەسەڵاتی سیاسیدا بگرن. دوای ئەوەی بابەتی ڕیفراندۆم ئامادە دەکرێ، جۆرەکەی هەرچییەک بێ، بە هۆی حکوومەت (دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن)، یان پەرلەمان، یان دەستەیەکی هەڵبژێردراوی تایبەت، یان ژمارەیەک لەوانە، ئەوا هاونیشتمانی قسەی خۆی لە ڕیفراندۆمدا بە قبووڵکردنی ئەو بابەتە، یان ڕەتکردنەوەی دەکات. ئەگەر بابەتەکە پەیوەست بوو بە پڕۆژەیەکی یاسایی، پێی دەگوترێ ڕیفراندۆمی یاسایی؛ ئەگەر پەیوەست بوو بە بابەتێکی نایاسایی، پێی دەگوترێ ڕیفراندۆمی سیاسی.

 جۆرەکانی ڕیفراندۆم:

ریفراندۆم چەند شێوازێکی هەیە، لەوانە:

  • - ڕیفراندۆمی گەلیی بابەتی (الأستفتاء الشعبي الموضوعي): ئەو ڕیفراندۆمەیە کە ناوەڕۆکەکەی لەسەر بابەتێکی دیاریکراو دەکرێ. کە پێی دەگوترێ ڕیفراندۆمی گەلی. ڕیفراندۆمی گەلی لە ڕووی بابەتەوە، دابەش دەبێ بۆ چەند جۆرێک، لەوانە:

یەکەم- ڕیفراندۆمی یاساکاری: دوو شێوە دەگرێتەوە: ڕیفراندۆمی دەستووری: ئەگەر بابەتەکە پەیوەست بوو بە دانانی دەستوور، هەروەها پێشی دەگوترێ دەنگدانی دامەزراندن (R.Constinant)، یان هەموارکردنی و، یاساناس هەیە لە ڕیفراندۆمی یاسایی جیای دەکاتەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا هەردووکیان ڕیفراندۆمی یاساکارین، بەڵام پێی دەگوترێ ڕیفراندۆمی دەستووری بە هۆی تایبەتمەندی و جیابوونەوەی لە ڕیفراندۆمی یاسایی.  هەروەها ڕیفراندۆمی یاسایی (R.legislatife): ئەگەر پەیوەست بوو بە پڕۆژەیاسایەک.

١- ڕیفراندۆمی دەستووری: ئەو ڕیفراندۆمەیە کە لەسەر پڕۆژەدەستوورێک دەکرێ کە تایبەتە بە حوکمی دەوڵەت. ڕیفراندۆمی دەستووری، دامەزراندنە، ئەگەر پەیوەست بوو بە دانانی دەستوورێکی نوێ بۆ دەوڵەت و، ڕیفراندۆمی هەموارکردنە، ئەگەر پەیوەندیی بە هەمواری دەستوورییه‌وه‌ هەبوو، بە هۆی گۆڕان لە هەندێ ماددە، یان زیادکردنی، یان لادانی. پڕۆژەی دەستوور بە دوو شێوە دەخریتە ڕوو بۆ ڕیفراندۆمی گەل: یەکەمیان لە ڕێی ئەنجومەنی دامەزرێنەرەوە، دووەمیان لە ڕێی حکوومەتەوە.

ڕێگه‌ی ئەنجومەنی دامەزرێنەر: پڕۆژەدەستوور لە ڕێگەی لیژنەیەکی هەڵبژێردراو دادەنرێت و، ئەرکی دانانی دەستووری لە ئەستۆیە و، دوای ئەوە دەدرێتە گەل بۆ قبووڵکردن، یان ڕەتکردنەوە، وەک: دانانی دەستووری ٢٠٠٥ ی عێراق.

ڕێگه‌ی حکوومەت: حکوومەت دانانی پڕۆژەدەستوور وەئەستۆ دەگرێ و لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی دادەنێ و، ئاڕاستەی پێویستی دەداتێ بەو شێوەیەی بە گونجاوی دەزانێ؛ دواتر دەخرێتە ڕیفراندۆم بۆ "بەڵی" یان "نەخێر"ی گەل. هەموو دەستوورەکانی میسر لە ساڵی ١٩٥٦ەوە تا ساڵی ١٩٧١ بەم شێوەیە دانران، هەروەها دەستووری کۆماری پێنجەمی فەڕەنسا ساڵی ١٩٥٨، لیژنەی حکوومیی فەڕەنسا، سێیەکیان لە لایەن پەرلەمان و ئەوانی تر لە لایەن حکوومەتەوە دانرابوون. هەموویان ژمارەیان ٣٩ کەس بوو. دوای تەواوبوونی، درایە ئەنجومەنی شوورا تا ڕای خۆی لەسەر بدات، ئه‌وجا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەرچوو و، خرایە بەردەم گەل بۆ ڕیفراندۆم.

ڕێگه‌ی ڕیفراندۆمی دەستووری، هەمیشە ئەڵقەیەکی تەواوکار نییە بۆ ئەنجومەنی دامەزرێنەر، چونکە زۆر لە دەستوورەکان لە ڕێگەی لیژنەی حکوومەتەوە، یان فەرمانڕەوایەکەوە دادەنرێن و دواتر دەخرێتە ڕوو بۆ لای گەل بۆ ڕیفراندۆمی گشتی (الأستفتاء العام) و، بەم شێوەیەیش دیموکراسییەت خەوشدار ناکات مادام دواجار متمانەی گەل بە ڕیفراندۆم وەردەگیرێ. دەستوور لە گەلەوە دروست دەبێ، بەڵام دەبێ  دەستەیەک، یان کەسایەتییەک هەبێ (ئەنجومەن، لیژنە، پادشا، یان دیکتاتۆر) پڕۆژەکەی ئامادە کردبێ، ئه‌وجا بخرێتە بەردەم گەل بۆ دەنگدان لەسەری؛ بۆیە ڕیفراندۆمی گشتی بنەڕەتییە و ڕێگه‌یەکی جیاوازە لە دانانی دەستوور. ڕایەکی تر هەیە دەڵێ: لەگەڵ ڕاستبوونی ئەم تێبینییە، بەڵام لیژنە سیفەتی نوێنەرایەتیی نییە لە بری گەل. هەر دوو بۆچوون ڕاستیی خۆیان و پاساوی خۆیان هەیە و، هەردووکیان ڕاستن و، دواجار ئیرادەی گەل بە شێوەیەکی ئازاد هۆکاری سەرخستن و ڕاستی و دروستی و پاکیی ڕیفراندۆمە.

٢- ڕیفراندۆمی یاسایی: ئەو ڕیفراندۆمەیە کە لەسەر یاسایەک دەکرێ و، بابەتەکەی قبووڵکردن، یان ڕەتکردنەوەی یاسایەکە کە دەخرێتە بەردەم گەل بۆ بڕیارلێدانی.

 ڕیفراندۆمی یاساکاری، وەک مومارەسەی سەرەکیی دیموکراسییەتی ڕاستەقینە، کە گەل بڕیار لە باسێکی دیاریکراو دەدات و، وەک پڕۆژەیاسا دەخرێتە ڕوو، چەند شێوەیەکی هەیە کە پاڵپشتە بە چەند پێوەرێک، لەوانە:

  • لە ڕووی بابەتەوە: وەک لەسەرەوە باسمان کرد، دابەش دەبێ بۆ ڕیفراندۆمی دەستووری و یاسایی.
  • لە ڕووی ئەرکی پێویستبوونی ئەنجامدانی: دابەش دەبێ بۆ ڕیفراندۆمی ئیلتیزامبوونی ئەنجامدانی، واتە ناچاری، کە دەستوور دەڵێ دەبێ بەناچاری ئەنجام بدرێ و دەیسەپێنێ و؛ ڕیفراندۆمی ئارەزوومەندانە (ئیختیاری)، واتە نائیلتیزامی لە ئەنجامدانی، دەستوور دەڵی دەکرێ ئەنجام بدرێ، بەڵام نە بە شێوەکی ئیلتیزام، بەڵکوو دەگەڕێتەوە سەر بڕیاری فەرمانڕەوا، یان ژمارەیەک دەنگی گەل کە داوا دەکەن ئەنجام بدرێ.

بە مانایەکی تر، دەبێ ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێ ئەگەر لە دەستووردا هاتبوو، بەڵام دەکرێ ڕیفراندۆم ئیختیاری بێ، واتە دەستپێشخەریی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ هەندێ لە دامودەزگه‌کانی دەوڵەت بێ، بۆ نموونە ڕیفراندۆم لەسەر بنەمای پێشنیازی سەرۆکی وڵات، یان حکوومەت، یان پەرلەمانەوە ڕێک دەخرێ. ڕیفراندۆم ئیجباری دەبێ، واتە دەسەڵاتی دامەزرێنەر، دەسەڵاتی یاسادانان، یان دەسەڵاتی ڕاپەراندن بە حوکمی دەستوور، پابەند دەبن کە پێش دەنگدان بۆ پڕۆژەیەک، بخرێتە ڕیفراندۆمەوە؛ یان ئیختیاری دەبێ، واتە دەستوور دەنووسێ کە هەندێ بابەت بخریتە ڕیفراندۆمەوە ئەگەر حکوومەت، یان ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران داوایان کرد.

دکتۆر محەمەد کامل لیلە دەڵێ: "ڕیفراندۆم واجب دەبێ، بەناچاری دەکرێ ئەگەر دەستوور گوتبووی لەسەر ئەم پرسە دەبێ ڕیفراندۆم بکرێ، بەڵام ئیختیاری دەبێ، واتە لەسەر ئیرادەی خودی پەرلەمان، یان ژمارەیەک لە ئەندامانی، یان ئیرادەی حکوومەت، یان داوای ژمارەیەک لە دەنگدەران دەوەستێ. ئەگەر داوای ڕیفراندۆمیان کرد، ئەوا پرسەکە دەخرێتە ڕوو بۆ ڕیفراندۆم تا گەل بڕیاری خۆی بدات."

  • لە ڕووی هێزی پابەندی: دەبێتە ڕیفراندۆمی پەیگیری ئەگەر پەرلەمان و حکوومەت پێیەوە پابەند بوون. ڕیفراندۆمی ڕاوێژکاری واتە ناپەیگیر بۆ هەر یەکە لە پەرلەمان و حکوومەت.
  • لە ڕووی کاتی ئەنجامدانی: دابەش دەبێ بۆ ڕیفراندۆمی پێشینە ئەگەر پێش دەرکردنی یاسا لە لایەن پەرلەمانەوە خرایە بەردەم گەل بۆ بڕیارلەسەردانی. ڕیفراندۆمی پاشینە، ئەگەر دوای ئەوەی یاسا لە لایەن پەرلەمانەوە دانرا و، خرایە بەردەم گەل بۆ ڕاپرسی، ئەم یاسایە جێبەجێ نابێ تا ڕەزامەندیی گەلی (شەعبی) بۆ وەرنەگیرێ.

دووەم: ڕیفراندۆمی سیاسی: ئەم ڕیفراندۆمە تایبەتە بە بابه‌تێکی سیاسیی گرنگ. ڕیفراندۆمێکی تایبەتە و پەیوەست نییە بە یاسایەکەوە، بەڵکوو ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە داواکردنی دەنگدەر بۆ بڕیاردان لە بڕیارێکی گرنگ کە لەسەر ڕێسایەکی گشتیی ڕووت نەوەستاوە. پێی دەگوترێ پلیبیسیت (Plebiscite)؛ هەروەها هەندێک ڕیفراندۆمی گەلیی کەسیشی (الأستفتاء الشعبي الشخصي) پێ دەڵێن.

بەڵام ئەم جیاوازییە سەبارەت بە ڕیفراندۆمی گشتیی بابەتی و ڕیفراندۆمی سیاسی، ڕەزامەندیی هەموو یاساناسانی لەسەر نییە، بەتایبەت فیدڵ و دوفرجیه و، پێیان وایە ئەم جیاوازییە هیچ پاڵپشتییەکی یاساییی نییە. ڕیفراندۆمی سیاسی چەند شێوەی هەیە کە بەگوێرەی ئەو بابەتەی دەمانەوێت ڕای گەلی لەسەر وەربگرین، یان بڕیاری گەلی لێ بدرێ جیاواز دەبێ، بۆ نموونە:

یەک: هەڵبژاردن لە نێوان سیستەمی پادشایی و کۆماری

ئەم شێوە ڕیفراندۆمە پەیوەندییەکی بەهێزی بە ڕیفراندۆمی دەستوورییه‌وه‌ هەیە، چونکە پەیوەستە بە یەکێ لە ڕوکنە سەرەکییەکانی دەستوور و، کاریگەریی لەسەر ئەحکامەکانی دەبێ. نموونە: ڕیفراندۆمی ساڵی ١٩٢١ لە عێراقدا تایبەت بە هاتنی فەیسەڵ بۆ تەختی پاشایەتی عێراق؛ هەروەها ڕیفراندۆمی ئێران، ساڵی ١٩٧٩ بۆ لابردنی سیستەمی پاشایەتی و هاتنەئارای سیستەمی کۆماری.

دوو: چوونەناو پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی

ڕیفراندۆم دەکرێ، بۆ ڕازیبوونی گەل بۆ چوونەناو پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی، وەک: ڕیفراندۆمی ئەڵمانیا بۆ چوونەناو کۆمەڵەی گەلان، ساڵی ١٩٣٣، ڕیفراندۆمی بریتانیا بۆ هاتنەدەرەوە لە یەکێتیی ئەوروپا، ساڵی ٢٠١٦.

سێ: ڕیفراندۆمی ناوبژیوانی گەلی (الأستفتاء التحكيم الشعبي)

گەل دەبێتە ناوبژیوانی نێوان دەسەڵاتەکان، یان ناوبژیوانی نێوان حکوومەت و ئۆپۆزیسیۆن لە ناکۆکییەک؛ ئەمەیش پێی دەگوترێ ڕیفراندۆمی ناوبژیوانی. لە دیارتری نموونە، دەستووری فایمەری ئەڵمانی ساڵی ١٩١٩یە، کە دەڵی ئەگەر ناکۆکی لە نێوان کەمینە و زۆرینە بوو لە پەرلەمان، یان پەرلەمان و ئەنجومەنی ئیمپراتۆری، یان نێوان سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمان، ماددەی ٧٣ دەڵێ: دوای مانگێک لە ڕەزامەندیی پەرلەمان لەسەر یاسایەک، سەرۆکی وڵات دەتوانێ دەرکردنی یاساکە ڕەت کاتەوە و، بینێرێ بۆ ڕیفراندۆم؛ سەرۆکیش پابەند نییە بە وازهێنان، ئەگەر یاساکە بابەتی ڕیفراندۆمەکەی ڕەت کردەوە.

هەروەها پەرلەمانیش دەتوانێ، بەگوێرەی ماددەی ٤٣ لە دەستوور، داوای ڕیفراندۆم بکات بۆ لابردنی سەرۆک، بەڵام ئەگەر بابەتی ڕیفراندۆم کە لابردنی سەرۆکە ڕەت کرایەوە، ئەوا دەبێ پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە. هەروەها دەستووری ئایسلەندا و دەستووری نەمسا دوای هەمواری ٧ی ١٢ی ساڵی ١٩٢٩ ئەم دەقانەیان تێدایە. هەروەها هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ڕاگەیاندنی هەڵبژاردن پێش ماوەی یاسایی، جۆرێکە لە ڕیفراندۆمی ناوبژیوانی گەلی.

چوار: ڕیفراندۆم بۆ کاری کاڕگێڕی: ئەگەر پەیوەست بوو بە گۆڕینی بارێکی کاڕگێڕیی گشتی، یان خۆجێیی.

پێنج: ڕیفراندۆمی دارایی: ئەگەر پەیوەست بوو بە پڕۆژەیەکی ئابووری کە گۆڕانی ئابووری و داراییی بنەڕەتی لێ بکەوێتەوە، وەک گۆڕینی سیستەمی ئابووری و بابەتەکانی دارایی، کە گۆڕانی جۆری و چەندێتی و چۆنێتیی لێ بکەوێتەوە و، ببیتە هۆی گۆڕینی بنەڕەتی لە سیستەمی دارایی و ئابووریی نیشتمان.

شەش: زیادکردنی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن

بۆ نموونە حکوومەت یاسایەک دەداتە ڕیفراندۆم تا دەسەڵاتە دەستوورییەکانی زیاد بکات، لە کاتی ئاسایی، یان نائاسایی.

حەوت: ڕیفراندۆمی کەسیی تایبەت

زۆر جار ڕیفراندۆم وەک "بەیعەت" بەکار دێ بۆ متمانەدانەوە بە سەرۆکی وڵات، یان ڕیفراندۆمی کەسی (پلیبیسیت- Plebidscite)، مەترسی هەیە کە ڕیفراندۆم بکاتە ئامرازێک بۆ خزمەتی دەسەڵاتێک کە بیەوێ دەسەڵاتەکانی لەسەر حیسابی دەسەڵاتەکانی تر زیاد بکات و، ببێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگیی دەستووری. زۆر جار فەرمانڕەوا دیکتاتۆرەکان پەنا دەبەنە بەر ڕیفراندۆمی کەسی بۆ پێدانی ڕوویەکی گەلی بەسەر دەسەڵاتی ڕەهایاندا. بۆ ئەوەی ڕێگە لەوەی ڕیفراندۆم ببێتە کەسی، بگیرێ، دەبێ ئەم خاڵانە ڕەچاو بکرێن:

  • – بەشداریپێکردنی زیاتر لە بەرپرسێک، نەک چڕکردنەوەی دەسەڵات تەنیا لای سەرۆکی وڵات.
  • – ڕاوێژکردن بە پەرلەمان لە بابەتی ڕیفراندۆمی گەلی؛ چونکە گفتوگۆکانی پەرلەمان دەبێتە هۆی ئەوەی گەل زانیاریی لەسەر بابەتی ڕیفراندۆم هەبێت؛ بۆ ئەمەیش، دەبێ ئازادیی بیروڕا هەبێ.
  • – دەبێ بابەتی ڕیفراندۆم کە دەخرێتە ڕوو، بۆ لای گەل ڕوون و ئاشکرا بێت و هیچ خەوش و کێماسییەکی تێدا نەبێ و، تەنیا بە یەک پرسیار بێ.

هەشت: ڕیفراندۆم بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس

ڕیفراندۆم بۆ مەبەستی بڕیاردانی چارەنووسی گەل، ڕێکارێکی شکڵییە کە لە ڕێگەیەوە ئارەزووی تاکەکانی گەل، لە هەرێمێکی جوگرافیی دیاریکراودا سەبارەت بە دیاریکردنی بارودۆخی خۆی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، تۆمار دەکرێ و ڕوون دەکرێتەوە.

گرنگترین شێوازی ڕیفراندۆمی سیاسییە کە بۆ گەلێک ئەنجام دەدری بۆ سەربەخۆیی، یان مانەوەی لەگەڵ گەل، یان دەوڵەتێکی تردا. بۆ نموونە، وەک: ڕیفراندۆمی نەمسا دوای جەنگی یەکەم سەبارەت بە چوونەپاڵ ئەڵمانیا، ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی جەزائیر ساڵی ١٩٥٨، ڕیفراندۆمی جیبۆتی ساڵی ١٩٧٧ بۆ سەربەخۆیی، کە پیشتر دوو ڕیفراندۆم لە ساڵانی ١٩٥٨ و ساڵی ١٩٦٧ ئەنجام درابوو؛ لە هەردووکیان ویستیان بە ژێردەستەییی فەڕەنسا بمێننەوە. هەروەها ڕیفراندۆمی وێڵز و سکۆتلەندا ساڵی ١٩٧٩ و، دوا ڕیفراندۆمی سکۆتلەندا ساڵی ١٩١٦، کە ویستیان لەژێر دەسەڵاتی بریتانیادا بمێننەوە. هەروەها کانتۆنی کیبیک ساڵی ١٩٨٠ ڕیفراندۆمی کرد و، سەرکەوتوو نەبوو بۆ سەربەخۆیی؛ هەروەها هەر یەکە لە هایتی و کۆسۆڤۆ و باشووری سوودان، بە ڕیفراندۆم سەربەخۆیییان وەرگرت؛ هەر یەکەیان لە ژینگەیەکی جیاوازی نێودەوڵەتیدا.

٣- ناڕەزاییی گەلی (الإعتراض الشعبي)

هەندێ دەستوور، ماف دەده‌نه‌ ژمارەیەک دەنگدەر بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە یاسایەک کە پەرلەمان بڕیاری لێ داوە. ئەم مافە، یاسایەکە کۆتایی پێ ناهێنێ، بەڵکوو جێبەجێکردنی دەوەستێ تا گەل بە ڕیفراندۆم یەکلاییی دەکاتەوە.

٤- پێشنیازی گەلی (الإقتراح الشعبي)

 واتە ژمارەیەک لە دەنگدەران مافی پێشنیازکردنی پڕۆژەیاسایان هەیە بۆ پەرلەمان، کە دەبێ گفتووگۆی بکات و بڕیاری گونجاو بە ڕەزامەندی، یان بە ڕەتکردنەوە وەربگرێ.

ئەم جۆرە، پێچەوانەی هەر دوو جۆرەکەی پێشووە. واتە لە ڕیفراندۆمی گەلی و لە ناڕەزاییی گەلی، پڕۆژەیاسا پێشنیاز کراوە، بەڵام لە پێشنیازی گەلی ئەوا گەل خۆی پڕۆژە پێشکەش دەکات.

5- گۆڕینی حوکمی دادوەری

مافی زۆرینەی دەنگدەرە، ئەگەر ویستیان و پێویستی کرد چاو بە هەندێ حوکمی دادوەریی گرنگدا بگێڕنەوە و هەڵی وەشێننەوە. دەبینین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دادگه‌ مافی چاودێری و پشکنینی ده‌ستووریبوونی یاساکانی هەیە؛ دادگه‌کان ئەو یاسایانە جێبەجێ ناکەن کە پێچەوانەی دەستوورن. بەکارهێنانی ئەم مافە لە لایەن ویلایەتەکانەوە، دەبێتە هۆی ڕێگرتن لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە گەل لە ڕێگەی پێشنیاز و ڕیفراندۆمەوە لە دەرکردنیاندا بەشداریی کردووە. بۆ ئەوەی گەل هەیمەنەی تەواو و وشەی کۆتاییی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هەبێ،  لە دەستووری هەندێ لە ویلایەتەکان هاتووە کە مافی دەنگدەرانە (زۆرینەیان) بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگه‌، کە سەبارەت بە نادەستووریبوونی یاسایەک دەردەچێ. واتە زۆرینەی دەنگدەران دەتوانن بڕیاری ئەوە بدەن کە یاسایەک دەستوورییە، سەرەڕای بوونی حوکمی دادگه‌ بە نادەستووریبوونی ئەو یاسایە.

  • – گەرەنتی و مەرجەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم

بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم گوزارشت لە ڕای ڕاستەقینەی گەل بکات، دەبێ هەندێ مەرجی تێدا بێ، لەوانە:

١- دەبێ دەستەیەکی ناسراوی سەربەخۆ سەرپەرشتیی بکات و، پرسیاری ڕیفراندۆم زیاتر لە بژاردەیەکی تێدا بێ.

٢- دەبێ هەموو ئەوانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە و مەرجی یاسایییان تێدایە، دەرفەتی ئازادانەی دەنگدانیان هەبێ.

٣- دەبێ کەشێکی بێلایەنی و هێمن و سەقامگیر بڕەخسێ و، دوور بێ لە هەر چەشنە گوشار و هەڕەشە و، دەبێ نهێنی بێ.

٤- دەبێ لیژنەیەکی نێودەوڵەتی، یان چاودێری دەرەکی ئامادە بن و، وەک بێلایەن گەواهیدەری پرسەکە بن.

هەرچەندە توێژینەوەی تیۆری لە هەر بابەتێک لە زانستەکانی مرۆڤایەتی، چەند وردبین و گشتگیر بێ، ناکرێ بگەینە دەرەنجامی بابەتێکی تەواو. هەمیشە لە توێژینەوەی لەم جۆرەدا دەڵێین کە ناگاتە تەواوی ڕاستی و بێلایەنی و بێگەردی، هەر بۆیە ئێستا هەوڵ دراوه‌ کە لە ڕێگەی دیتنکاری و ئەزموونەوە ئەم ئەرکە بە سوودوەرگرتن لە پێشکەوتنی تەکنه‌لۆژی، تەواو بێ. لە ڕووی مەیدانییەوە، دەبێ بۆ ئامادەکردنی دیراسەیەک لەسەر ڕیفراندۆمێک، یان توێژینەوەیەک لەسەر ڕاوەرگرتنێک، جەخت لەسەر ئامادەکردنی ڕیفراندۆم و دەرەنجامەکانی و، هەروەها شیکردنەوەی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم بکەینه‌وه‌. بۆ ئامادەکردنی ڕیفراندۆم، دەبێ بزانین خاوەن ڕاکان کێن، خاڵەکانی بابەتەکە چین، چۆن ئەنجام دەدرێ، وەرەقەی ڕیفراندۆمەکە چۆنە.

سەبارەت بە خاڵی دووەم، واتە خاڵەکانی کە دەبنە جێی توێژینەوە لە بابەتەکە، دەبێ بزانین سەبارەت بە: ماهییەتی ڕیفراندۆم، ئامانجی ڕیفراندۆم، سوربوون لەسەر ڕیفراندۆم، ئەنجامی ڕیفراندۆم، هەڵسەنگاندنی ڕیفراندۆم، گشتگیربوونی ڕیفراندۆم، گەرەنتیی دروستیی ئەنجامەکانی، بابەتی ڕیفراندۆم، پێشنیازی ڕیفراندۆم، ئیلتیزام لە ئەنجامدانی، یان ئیختیاری، پێویستیی بوونی ڕیفراندۆم و پابەندبوون بە ئەنجامەکانی، پاک و بێگەردبوونی ڕیفراندۆم و هەر باسێکی تر.

دەرەنجام

کوردستان لە ساڵی ١٩٢٥ لە لایەن لیژنەی تایبەتی کۆمەڵەی گەلان ڕیفراندۆمی بۆ ئەنجام دراوە. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، تەنیا ڕاوەرگرتنێکی ڕاگوزەر بووە و، ئەم ڕاوەرگرتنە وەک لە پرسیارەکە دەردەکەوێ، تەنیا بۆ ئەوە بووە کە "ئایا کوردستانیان، دەیانەوێ لەگەڵ تورکیا بمێننەوە یان بچنە پاڵ عێراق؟"؛ کوردەکان داوایان کردووە کە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ لەژێر ئینتیداب بن و، مافەکانیان دەستەبەر بکرێ. بەشێکی فراوانیش لە ناوچە شاخاوییەکان و لیوای سلێمانی کە لەژێر فەرمانده‌ییی شێخ مه‌حموود بوون بەشدارییان نەکردووە. لە پەراوێزی ئەم باسەدا تایبەت بە ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان، ئەم دەرەنجامانە دەخەینە ڕوو:

- یەکەم جارە لە پارچەیەکی کوردستاندا ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێ. ئەنجامدانی ئەم ڕیفراندۆمە لە کاتێکدایە کە لە نەتەوە یەکگرتووەکانە تا هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ئاگادارن و، ئەمەیش ئەوە دەگەیه‌نێ کە خواستی کوردستان وەک ئیرادەی گەل دەخرێتە ڕوو.

- ڕیفراندۆم بۆ مافی چارەنووس وەک بەشێک لە ڕیفراندۆمی سیاسی، دەکرێ سەرۆکی وڵات، پەرلەمان، یان حکوومەت داوای بکات.

- ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان ئەنجام دەدرێ و، هیچ گرفتێک نییە تایبەت بە دیاریکردنی سنووری جوگرافی، یان کێ بەشداری دەکات، یان پرسیارەکە چییە، یان بە چ ڕێژەیەک سەرکەوتوو دەبێ، یان ئیلزامی دەبێ یان نا، تەنیا گرفتێک کە هەیە جۆرێک لە ناڕێکیی پەیوەندیی سیاسیی حزبەکانە. بێ گومان هەق وایە و ڕاستی وایە، نەبێ، بەڵام لە ئەگەری بوونی جیاوازی، هیج کێشەیەک بۆ سەر ڕەوایەتیی ئەنجامدانی دروست ناکات.

- ڕیفراندۆمی نیشتمانی بۆ مافی چارەنووس لە باشووری کوردستان قۆناغەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی لێک جیا کردۆتەوە؛ ئەمەیش کارێکی دروستی یاسایی و، وردبینییەکی گرنگی دیپلۆماسی و سیاسییە.

- ڕیفراندۆمی نیشتمانیی باشووری کوردستان لە هەموو سنوورە جوگرافی و مێژویییەکەی کوردستانی عێراق دەکرێ؛ ئەمەیش لە ڕووی دەستووری و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ پیگەی یاسایی و رەوایی هەیە، هەروەها بەها و مانای یاسایی، مێژوویی و جوگرافیی خۆی هەیە و، هیچ گرفتێکی یاساییی نییە.

- ڕیفراندۆمی نیشتمانیی باشووری کوردستان بەگوێرەی دەقەکانی دەستووری عێراق و ڕیساکانی یاسای گشتیی نێودەوڵەتی و یاسا بەرکارەکانی کوردستانی عێراق، پاڵپشتی سەرەکیی هەیە.

 

سەرچاوەکان:

- الحاكم عبدالرحمان سليمان الزيباري، الوضع القانوني لإقليم كوردستان العراق، مؤسسة موكرياني للطباعة والنشر، ط1، 2002.

- موريس دوفرجيه، المرسسات السياسية والقانون الدستوري والأنظمة السياسية الكبرى، ترجمة د. جورج سعد، مجد المؤسسة الجامعية للدراسات والنشر والتوزيع، ط1، 1992.

-  عزالدين علي الخيرو، المقاومة الفلسطينية وحق تقرير المصير، مطبعة اللواء، بغداد، 1971.

- د.ماجد ڕاغب الحلوا، الأستفتاء الشعبي والشريعة الإسلامية، الدار الجامعية للطباعة والنشر،2005.

- ثروت بدوي، النظم السياسية، دار نهضة العربية، القاهرة، 2005.

- د. نعمان أحمد الخطيب، الوسيط في النظم السياسية والقانون الدستوري، دار الثقافية للنشر والتوزيع، عمان، ط7، 2001.

-  د. عبدالحميد متولي، القانون الدستوري والأنظمة السياسية، منشاة المعارف بالأسكندرية، 1993.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples