پوختە
توێژەران، یان لە نێوهندی دابەشکردنی دووانەییی کۆمەڵگهكان بەسەر تەقلیدی و مۆدێرن، کۆمەڵ و کۆمەڵگه (اجتماع و جامعە (community and society))، میکانیک و ئۆرگانیک، گەشەسەندوو و گهشەنەسەندوودا، باس لە پێشکەوتنی کۆمەڵگهکان دەکەن؛ یا خود لە ڕوانگەی کامڵبوونەوە باس لە چۆنێتیی گۆڕان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگهکان دەکەن. گشت کۆمەڵگهکان گەشە دەکەن، بەڵام ئاستی گەشەسەندن جیاوازە. هاوکات کۆمەڵگهکان بەرەو دواوەیش دەچن و لە ڕەوتی گەشەسەندن دەوەستن. گەشەسەندنی سیاسی، یەکێکه لەو زانستانەی کە تیشک دەخاتە سەر چۆنێتیی بەرەوپێشچوونی سیستەمی سیاسیی کۆمەڵگهکان و کاریگەریی ئەم سیستەمە لەسەر کەرتەکانی تری کۆمەڵگه. ئەم نووسینە لە زنجیرە وتارێکدا باس لە گەشەسەندنی سیاسی دەکات و، هەوڵ دەدات واتای ئەم چەمک و پرۆسەیە شی بکاتەوە.
واتای چەمکی گەشەسەندنی سیاسی
کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم، بووە هۆی سەرهەڵدانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک زلهێزێک و لەدایکبوونی دوو ئایدیۆلۆژیی ڕکابەر، واتە کۆمۆنیزم و کاپیتالیزم و، دامەزراندنی دەوڵەته نوێیهكان لە ناخی پرۆسەی نەهێشتنی کۆلۆنیالیزمدا. ئەم ڕووداوانە هاندەرێک بوون بۆ توێژینەوە لەسەر چۆنێتیی چوونەناو پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن لە وڵاتانی دوا کەتوو و تازە سەرهەڵداودا (Tipps, 1973; Berger, 2003). ئەم هەلومەرجە و بەتایبەتیش ترس لە کۆمۆنیزم، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای هان دا کە لە نێوهندی سیاسەتی مۆدێرنیزاسیۆندا چاودێریی وڵاتە تازە سەرهەڵداوەکان و وڵاتانی جیهانی سێیەم بکات. ناوندە ئهکادیمییەکانی ئەمریکا لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و سەرەتای دەیەی ١٩٥٠، تیشیکیان خستە سەر ئابووریی وڵاتانی دواکەتوو وەک بەربەستی سەرەکی لە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆندا. لەم توێژینەوانەدا، بووژانەوەی ئابووری کە دەبووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی داهاتی تاکەکەسی و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری، بە ڕێگەچارەی سەرەکیی دەربازبوون لە دواکەتوویی و دەستەبەرکردنی سیستەمی دیموکراسی لە قەڵەم درا.
هەر بۆیەیش هاریکارییە دارایییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرەو ئەم وڵاتانە سەرڕێژ کرا. لە سەرەتای دەیەی ١٩٦٠، هێدی هێدی دەرکەوت کە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگهی مۆدێرن، ئابووری تەنیا کێشەی سەرەکی نییە و بووژانەوەی ئابووریش بەس نییە. هەر بۆیەیش جیا لە لایەنی ئابووری و ماددی، توێژەران جەختیان کردە سەر بابەتەکانی تری تایبەت بە مۆدێرنیزاسیۆن و بەتایبەتیش لایەنی سیاسی-کهلتووری و، لهوهوپاش زۆرتر چەمکی گەشەسەندنی سیاسییان بەکار هێنا. بەڵام هەروەک توێژینەوەکانی مۆدێرنیتە، نموونەی باڵای (ideal type) توێژینەوەکانی گەشەسەندن، وڵاتانی ڕۆژاوا بوو.
چەمکی گەشەسەندن لە کۆتاییی سەدەی هەژدەیەمدا بە سەرهەڵدانی کاپیتالیزم برەوی سەند و، لە بری چەمکی وەک بەرەوپێشچوون (progress)، کامڵبوون (evolution) و بووژانەوە (growth)، کە لە زانستە سروشتییەکاندا چەمکی باو بوون، بەکار هات (Larrain, 1989). چەمکی گەشەسەندن، بۆ ئاماژەدان بە جووڵە، یان بووژانەوەیەکی فرەڕەهەند بە درێژاییی کات بەکار دێت و، دۆخی ئەم ڕەهەندەیش ڕووبەڕووی گۆڕان دەبێتەوە (Willner, 1964:471).
هەروەک ئاماژەی پێ درا، تیۆرییەکانی گەشەسەندن بە پشتبەستن بە تیۆرییەکانی مۆدێرنیتە هاتنە کایەوە؛ لە هەمان کاتدا وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ کێماسییەکانی ئەم تیۆرییانە. هەر دوو تیۆریی گەشەسەندن و مۆدێرنیتە لە ڕووی چەمکاندن و لە ڕووی خەسڵەتەوە، کۆمەڵێک یەکچوونیان هەیە. بۆ نموونە، هەر دوو سوود لە چەمکی وەک نۆرمە تەقلیدییەکان وەردەگرن، یاخود چەمکی قۆناغی گوزار بەکار دێنن و جیاکاری دەکەن لە نێوان کۆمەڵگهی مۆدێرن، گەشەسەندوو، گەشەنەسەندوو و لە دۆخی گەشەسەندندا. هەروەها، هەر دوو تیۆری، کۆمەڵێک ئامانج و بهرنامەی پراکتیکی بۆ گەیشتن بە مۆدێرنیتە و گەشەسەندن دەخەنە ڕوو. ئامانجی سەرەکیی هەر دوو تیۆریش، گەیشتنە بە کۆمەڵگهی مۆدێرنی لیبراڵ دیموکراتی ڕۆژاوایی، بەتایبەتیش مۆدێلی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە ڕووی ئابوورییەوە، گەشەسەندن واتە بووژانەوەی توانا ئابوورییەکان. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ئاماژەدانە بە یەکسانی لە دابەشکردنی داهات و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان. لە ڕووی کهلتوورییەوە، گەشەسەندن واتە بنیاتنانی ناسنامهی نەتەوەیی Portes, 1976:56)). بەم پێیەیش، لە ڕوانگەیەکی بەرفراواندا، گەشەسەندن واتە دابینکردنی ژیانێکی خۆش بۆ گشت خەڵک یاخود باشترکردن و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکی و سەرەتایییەکانی ژیان وەک ئاوی خاوێن، پەناگە، خۆراک، ئاوەڕۆ، تەندروستی و پەروەردە. کەواتە گەشەسەندن، لە پرۆسەكانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کهلتوورییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە توانای تاک لە چۆنێتیی هەڵسووڕاندنی ژیانیدا بەرز دەکاتەوە (Peet and Hartwick, 2009; So, 1990). لەم بۆچوونانەی سەرەوەدا، دەبینین کە چەمکی گەشەسەندن چەمکێکی بەرفراوانە و گشت کایەکانی ژیان لە ئاستی کۆمەڵگه و تاک لەخۆ دەگرێت و، دوایین ئامانجیشی بریتییە لە خزمەتکردن بە مرۆڤ. بەڵام دابینکردنی گشت پێداویستییەکانی مرۆڤ، پێویستیی بە سیاسەت (policy)یهكی فرەڕەهەند و کارا هەیە. بۆیە دەبێ ئاگادار بین بۆ ئەوەی گەشەسەندنی سیاسی بێتە کایەوە، پێویستە جۆری حکوومەت (polity)، ڕێکارگەلێک بگرێتە بەر کە ڕێگە بە دەسەڵاتی سیاسی بدات کۆمەڵێک یاسا دابڕێژێت.
مەبەستی سەرەکیش لە داڕشتنی ئەم کۆمەڵە یاسایە، بریتییە لە سەقامگیرکردنی کۆمەڵگه و دیاریکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی تاک و ڕێکخراو و دامەزراوەکان. بە واتایەکی تر، مەبەست لە داڕشتنی یاسا، بریتییە لە بەدامەزراوەییکردنی کردارە سیاسی-ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، تا ببن بە کرداری عەقڵانی و دوور لە کاریگەریی ئەکتەری سیاسی. هەر بۆیەیش بۆ هانتینگتۆن (Huntington, 1965:386 and 393) گەشەسەندنی سیاسی، واتە: ''بەدامەزراوەییکردنی ڕێکخراوە سیاسییەکان و ڕێکارەکان.'' سەرەڕای ئەمەیش ئەم پێناسەیەیش تارماوییە، چونکە بەدامەزراوەییکردن دەتوانێت ببێتە هۆی هێنانەدیی سیستەمێکی دیموکراسی، یان نادیموکراسی. یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو باشترین نموونەیە کە خاوەن بەدامەزراوەییکردنێکی بەرفراوانی ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بوو و، ڕێکارە سیاسییەکانیش بە شێوەیەکی ئەستۆنی و توند پێناسە کرابوون. بەڵام ئەم جۆرە بەدامەزراوەییکردنە، نەبووە هۆی دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسیی کراوە و دیموکرات. لەگەڵ ئەمەیشدا، ئاشکرایە کە گەشەسەندنی سیاسی، پێویستیی بە ئیرادەی سیاسیی هەیە؛ ئەویش وەک پێشمەرجێک بۆ بەدامەزراوەییکردنی خودی سیاسەت و کایەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتی.
نای (Nye 1967) لەو بڕوایەدایە کە تەنیا یەک پێناسە بۆ گەشەسەندنی سیاسی، ناتوانێت گشت ڕەهەندەکانی ئەم پرۆسەیە لەخۆ بگرێت؛ بەتایبەتیش ئەگەر بێت و گەشەسەندن وەک پرۆسەیەکی داینامیک و بەردەوام وێنا بکەین، چونکە ئەم پرۆسەیە مامەڵە لەگەڵ گشت کەرتەکانی کۆمەڵگه و لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی دەکات. داینامیکییەتی ئەم پرۆسەیە هۆکارێکە کە بازنە و پێناسەی ئەم پرۆسەیە بەردەوام لە بەرزی و نزمیدا بێت و بیروڕای جیاواز و فرەجۆر لەخۆ بگرێت. بە هۆی ئەم فرەڕەهەندییەوە، لۆسیان پای (Lucian Pye, 1965:5-11)، لە توێژینەوەیەکدا بە ناونیشانی چەمکی گەشەسەندنی سیاسی (The Concept of Political Development)تیشک دەخاتە سەر ١٠ ڕەهەندی جۆراوجۆر بەڵام لە هەمان کاتدا پێکەوهگرێدراوی ئەم پرۆسەیە. ئەم ١٠ ڕەهەندەیش بەم واتایانەی خوارەوە دێن:
١. وەک پێشمەرجی سیاسی بۆ گەشەسەندنی ئابووری
٢. وەک سیاسەتێکی تایبەت (typical) بە کۆمەڵگه بەپیشەسازیبووەکان
٣. وەک مۆدێرنیزاسیۆنی سیاسی
٤. وەک کردەکانی تایبەت بە دەوڵەت-نەتەوە
٥. وەک گەشەسەندنی کارگێڕی و یاسایی
٦. وەک مۆبیلیزەی جەماوەری و بەشداریکردن
٧. وەک بنیاتنانی دیموکراسی
٨. بە مانای سەقامگیری و گۆڕانی نەزمدار
٩. بە مانای مۆبیلیزەکردن و هێز
١٠. وەک لایەنێک لە پرۆسەی فرەڕەهەندی گۆڕانی کۆمەڵایەتی.
ئەگەر سەیری ئەم دە واتایەی بکەین کە "پای" بۆ پێناسەکردنی گەشەسەندنی سیاسی خستوونییەتە ڕوو، دەردەکەوێت کە بەپێچەوانەی توێژینەوەکانی مۆدێرنیتە، بەستێنی لێکۆڵینەوەکانی گەشەسەندنی سیاسی زۆر بەرین دەبێت و، خاوەن پسپۆریی جیاواز (ئابووریناس، کۆمەڵناس، مێژووناس، دەروونناس، زانای سیاسی و...) کار لەسەر ئەم چەمکە دەکەن. لە لایەکی ترەوە کارکردەکانی گەشەسەندنی سیاسی و ئامانجەکانیشی زۆر بەرفراوانتر دەبن. ئەوەی کە گرنگە، هەروەک لە خاڵی یەکەمدا دەردەکەوێت، بەپێچەوانەی تیۆرییەکانی مۆدێرنیتە، کە ئابووریی بە پێشمەرجی گەشەسەندنی سیاسی هەژمار دەکرد، لە تیۆرییەکانی گەشەسەندندا، سیاسەت بە پێشمەرجی گەشەی ئابووری وێنا دەکرێت. سەرەڕای ئەمەیش، دەکرێت هەندێ جار ئامانجی پرۆسەی گەشەسەندنی سیاسی، دەستەبەرکردنی سیستەمی سیاسیی دیموکراسی نەبێت. بۆ نموونە لە خاڵی نۆیەمدا، کە پای گەشەسەندنی سیاسی بە مانای "مۆبیلیزەکردن و هیز" بەکار دێنێت. ئەم مۆبیلیزەکردنە، دەکرێت لە سیستەمەکانی کۆمۆنیستی، فاشیزم و نازیزمیشدا بوونیان هەبیت و، مۆبیلیزەکردنەکە (ئابووری یان کۆمەڵایەتی) زۆر بەهێزتریش بێت لە مۆبیلیزەکردن لە سیستەمێکی دیموکراسیدا. بەڵام پێویستە ئاگادار بین، کە یەکێک لە ئامانجەکانی گەشەسەندنی سیاسیی بریتییە لە گەیشتن بە سیستەمی دیموکراسیی سیاسی و ئازادیی بازاڕ. ئەوەی کە گرنگە، دەبینین کە لە خاڵی چوارەمدا لۆسیان پای لەو بڕوایەدایە کە گەشەسەندنی سیاسی، تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەدا دێتە کایەوە. لێرەیشەوە، پەیوەندییەکە دەبێتە پەیوەندییەکی داینامیک. واتە هەم دەوڵەت-نەتەوە سیاسەتی گەشەسەندنی سیاسی دەگرێتە بەر و، هەمیش پرۆسەی گەشەسەندنی سیاسی دەبێتە هۆی بونیاتنانی دەوڵەت-نەتەوە. ئەمەیش بەو هۆیەوە کە سیاسەت لە سنوورێکی دیاریکراودا پەیڕەو دەکرێت. واتە لە ڕووی تیۆرییەوە خودی گەل سیاسەتەکانی تایبەت بە کۆمەڵگهکەی خۆی دادەڕێژێت. هەر بۆیەیش لە توێژینەوەکانی دواتری تایبەت بە گەشەسەندنی سیاسی، یەکێک لە ئەرکەکانی ئەم پرۆسەیە دەبێتە بنیاتنانی دەوڵەت-نەتەوە.
بە پشتبەستن بەم مانا جیاوازانەی گەشەسەندن، نای (Nye) (1967:418-419) درێژە بە بۆچوونەکانی دەدات و ئاماژە بە سەختیی پێناسەکردنی ئەم چەمکە دەدات: ''چونکە ئەم چەمکە بارگاوییە بە ناوڕۆکێکی هەڵسەنگاندنکارانە." واتە توێژەر دۆخێک دەستنیشان دەکات و هەوڵی هەڵسەنگاندنی ئەم دۆخە بە بەراورد لەگەڵ دۆخێکی تر دەدات. دۆخی دووەم، دەکرێت لە زۆر ڕووەوە لەگەڵ دۆخی دەستنیشانکراو جیاواز بێت. ئەم بارگاویبوونەیش لە جیاوازیی ڕوانگەی لێکۆڵەران هەڵدەقووڵێت کە لە چ ڕوانگەیەک و لە چ سەردەمێکەوە هەڵسەنگاندنی ئەم چەمکە دەکەن. بە واتایەکی تر، بۆ نموونە لە خوێندنەوەی گەشەسەندنی سیاسیدا، کۆمەڵناسێک زۆرتر تیشک دەخاتە سەر کهلتوور و ڕۆڵی کهلتووری کۆمەڵایەتی لە بەدیهێنانی گەشەسەندندا، بەڵام زانایەکی سیاسی زۆرتر جەخت لەسەر دامەزراوەکان دەکات و، یاساناسێک هەڵسەنگاندنی جۆری یاساکان دەکات و ئابووریناسێک باس لە بووژانەوەی ئابووری دەکات.
نای (Nye)، گەشەسەندنی سیاسی یاخود (پووکانەوەی سیاسی) بەم جۆرە پێناسە دەکات: "وژانەوە (یاخود پووکانەوە)ی پرۆسە و تواناییی ستراکتۆرە حکوومییەکانی کۆمەڵگه لە بەردەوامیدان بە مەشروعییەتی خۆیان." (واتە دامەزراوە حکوومییەکان و سیستەمی سیاسی تا چ ئاستێک دەتوانێت لە ڕێگەی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان مەشروعییەت دەستەبەر بکات، ئەگەر نا تووشی پووکانەوە یا خود داڕمان دەبێت). لەم پێناسەیهدا نای یەکسەر تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندی سیاسیی گەشەسەندن و بە ئەولەوییەتی سەرەکی لە گەشەسەندندا هەژمار دەکات و، کاراییی دامەزراوەکانی حکوومەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتی و سیمبۆلیکەکان (کە دەبنە هۆی دەستەبەرکردنی مەشروعییەتی سیاسی)، بە پێشمەرجی گەیشتن بە گەشەسەندنی سیاسی دادهنێت. ئەگەر حکوومەت نەتوانێت داواکارییەکانی خەڵک دابین بکات، ستراکتۆرەکانی حکوومەت، مەشروعییەتی خۆیان لەدەست دەدەن و تووشی پووکانەوە دەبن. نای، لەم پێناسەیەدا ناڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ سیستەمی سیاسیی دیموکرات دەدات، چونکە مەشروعییەتدان بە حکوومەت، یان لە ئەنجامی بڕوابوون بە ئایدیۆلۆژییەک دێتە کایەوە کە درێژخایەن نییە، یان لە ئەنجامی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسییەوە دێتە کایەوە. بەڵام نای باس لەوە ناکات کە چۆن خودی سیستەمی سیاسیی دیموکراسی، دێته بوون. بە واتایەکی تر، ئایا سیستەمی سیاسیی دیموکراسی پێشمەرجی گەشەسەندنی سیاسییە، یاخود گەشەسەندنی سیاسی دەبێتە هۆی هێنانەدیی دیموکراسیی سیاسی. هەڵبەت ئەم دیبەیتە تا هەنووکەیش لە ئەدبیاتی گەشەسەندنی سیاسیدا بەردەوامە کە: ئایا گەشەسەندنی سیاسی دەبێتە هۆی هێنانەدیی سیستەمی دیموکراسی، یاخود دیموکراسی، ڕێگە خۆشکەری پرۆسەی گەشەسەندنی سیاسییە؟
وینهام (Winham, 1970:810)، جەخت لەسەر ئەم پەیوەندییەی نێوان دیموکراسی و گەشەسەندنی سیاسی دەکات. بە بۆچونی ئەو، گەشەسەندنی سیاسی واتە "گەشەسەندنی پرۆسە و دامەزراوە سیاسییە دیموکراتیکەکان". لەم ڕوانگەیەیشدا مەرجی پێشکەوتنی ئابووری و گەشەسەندنی سیاسی، بنیاتنانی دامەزراوەی دیموکراتیکە. بەم جۆرەیش وێنهام، هەم بۆچوونی خۆی لە بۆچوونی تیۆریستەکانی مۆدێرنیتە جیا دەکاتەوە، هەمیش خۆی لە دامەزراوە نادیموکراتیکەکان دوور دەکاتەوە؛ واتە لە دامەزراوەکانی خاوەن دیدی کۆمۆنیستی. بە واتایەکی تر، ئەگەر تەنانەت بەدامەزراوییبوونیش کە خاڵی جەوهەری لە گەشەسەندنی سیاسیدا پێک دێنێت، بێتە کایەوە، نابێتە هۆی هێنانەدیی گەشەسەندنی سیاسی، چونکە گەشەسەندنی سیاسی، پێویستیی بە دامەزراوەی کراوە و کهلتووری سیاسیی کراوە هەیە کە بڕوای بە ڕێساکانی گەمەی سیاسی ههبێت. واتە ئەو کهلتوورهی کە گابریێل ئەڵموند و ڤێربا بە کهلتووری سیاسیی مەدەنی ناوزەدی دەکەن. ئەم جۆرە کهلتوور و دامەزراوەیە لە سیستەمە داخراوەکاندا بوونی نییە.
کۆڵمەن (Coleman, 1971:74) لە ڕوانگەیەکی کارکردگەرایانەوە پێناسەی گەشەسەندنی سیاسی دەکات. لەم ڕوانگەیەدا گەشەسەندنی سیاسی بریتییە لە "کارلێکەریی بەردەوام لە نێوان پرۆسەی لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکان، زەروورەتی بوونی یەکسانی، توانای سیستەمی سیاسی لە تێکهەڵکێشان (integrative)، وەڵامدانەوەی داوکارییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ دەرهاوێشتە نوێیەکان". بە تیشکخستنەسەر لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکان، توێژینەوەکانی تایبەت بە گەشەسەندنی سیاسی، هەنگاوێک بەرەو پێشەوە چوون. ئەم دیدگهیەیش بە جۆرێکی تر جەختکردنەوەیە لەسەر سیستەمی دیموکراسی؛ بەو مانایەی کە ناکرێت دامەزراوە ئابووری و سیاسییەکان تێکەڵ بە یەکتر بکرێن و، هەر کام لەم دامەزراوانە ئەرک و کارکرد و ئامانجی تایبەت بە خۆیان هەیە. بە دیوێکی تردا، بۆ دوورکەوتنهوه لە هەر سیستەمێکی نادیموکراسی و داخراو، ناکرێت نوخبەی سیاسی دەست بەسەر دامەزراوە ئابوورییەکاندا بگرێت، یاخود بەپێچەوانەوە. تیشکخستنەسەر یەکسانیش لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگه، کۆمەڵگه لە نۆرمە بۆماوەکان (ascriptive) دوور دەخاتەوە و نۆرمگەلی بەدهستهاتوو (achievement) دەبێتە بنەمای دەستگەیشتن بە پۆست و ئەرکەکان.
بەم چەشنە، پێناسەی گەشەسەندنی سیاسی بەرفراوانتر بوو و، کۆمەڵیک ڕەهەندی تری لەخۆ گرت. پرزوۆرسكی و هاوڕێیانی Przeworski et al, 2000:1)) پێناسەی گەشەسەندنی سیاسی دەکەن وەک: "پرۆسەیەکی فرەلایەنی وەرچەرخانی ستراکتۆری، نەك تەنیا ستراکتۆری ئابووری کە تەنیا بەرزبوونەوەی ئاستی داهات، بەرهەمهێنان، بەکاربردن، وهبهرهێنان، پەروەردە و ئومێد بە ژیان و دامەزراندن لەخۆ دەگرێت، بەڵکوو گشت ئەو شتانە لەخۆ دەگرێت کە ژیانێکی خۆشتر بەرهەم دێنن." بەم جۆرەیش گشت کاروباری کۆمەڵگه و کەرتە کۆمەڵایەتییەکان دەچنە خانەی گەشەسەندنی سیاسییەوە. بە واتایەکی تر، پێشکەوتنی کەرتی تەندروستی یاخود پەروەردە، یان باشتربوونی ئاستی خۆراک و خواردنی تاکەکەس و گەرەنتیکردنی ئازادیی تاکەکەسی، دەچنە خانەی گەشەسەندنی سیاسییەوە؛ چونکە گشت ئەم کەرتانە پێویستییان بە داڕشتنی بەرنامە و سیاسەتی تۆکمە هەیە. هەر کاتێکیش کە دەسەڵاتی سیاسی (حکوومەت)، نەیتوانی ئەم داوکارییانە دابین بکات، هەروەک "نای" ئاماژەی پێ دەدات، حکوومەت مەشروعییەت لەدەست دەدات و حکوومەتێکی تر شوێنی دەگرێتەوە. لەم بۆچوونانەیشدا دەردەکەوێت کە کاراییی دامەزراوە سیاسییەکان و پرۆسەی گەشەسەندنی سیاسی، پێکەوەگرێدراون.
ئەگەر گشت ئەم ڕەهەندانەی گەشەسەندنی سیاسی کە لە سەرەوە خرانە ڕوو، کۆ بکرێنەوە، بەو مانایە دێت کە گەشەسەدنی سیاسی، هەر دوو لایەنی گۆڕانی میکرۆ و گۆڕانی ماکرۆ لەخۆ دەگرێت. لەسەر ئاستی میکرۆ، ئەم چەمکە لەگەڵ تاکەکان مامەڵە دەکات (توانایی و بەشداریی تاک)؛ لەسەر ئاستی ماکرۆ، لەگەڵ دامەزراوە جۆراۆجۆرەکانی کۆمەڵگه و ڕاددەی مۆدێرنبوونیان مامەڵە دەکات (Chilton, 2005). کەواتە، بۆ تێگەیشتن لە چەمکی گەشەسەندنی سیاسی، سەختە کە تەنیا پشت بە یەک پێناسە ببەستین کە تەنیا یەک لایەنی ئەم پرۆسەیەی لەخۆ گرتبێت. چونکە گشت کایەکانی کۆمەڵگه پێکەوەگرێدراون و هەر کایەیەک کاریگەری لەسەر کایەی تر دروست دەکات. پای (Pye, 1963:16) دەڵێت: "ناکرێت بۆ پێواندنی ڕاددەی گەشەسەندنی سیاسی، تەنیا یەک پێوەر بەکار بهێنرێت." گەشەسەندنی سایسی، چەندین ڕەهەند و لایەنی جۆراوجۆری کۆمەڵگه لەخۆ دەگرێت. گەشەسەندن پرۆسەیەکی داینامیکە کە دووبارە خۆی بەرهەم دێنێتەوە (reproduces) تا بتوانێت خۆی لەگەڵ تەحەددی (بهرهنگاری)یە تازە سەرهەڵدراوەکان کە لە دەرەنجامی گۆڕانی خەسڵەتگەلێکی کۆمەڵایەتییەوە هاتوونەتە کایەوە و ڕووبەڕووی ئەم پرۆسەیە دەبنەوە، بگونجێت. بە واتایەکی تر، دیاردەی نوێ و وەرچەرخانە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکان کاریگەری لەسەر پرۆسەی گەشەسەندنی سیاسی دروست دەکەن و، خودی گەشەسەندنی سیاسیش دیاردەی نوێ و وەرچەخانی نوێ دێنێتە کایەوە. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە ڕەوتی گەشەسەندنی سیاسی، لە کۆمەڵگهیەکەوە بۆ کۆمەڵگهیەکی تر و لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر جیاوازە.
|