دانپێدانانی نێودەوڵەتی و ئاییندەی کوردستان

دەروازە: بە وردبوونەوەیەکی سەرپێیی لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی و مێژووەکەی، بۆمان دەردەکەوێت دەوڵەت وەک چۆن لە ڕووی چۆنێتییەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بە هەمان شێوە لە بواری چەندێتییشەوە بەردەوام لە گۆڕان و زیادبووندایە. هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ پرسێکی گرنگ و چارەنووسساز سەبارەت بە ئاییندەی خۆی، كه‌ لە هەمان کاتدا یەک لە بنەما گرنگەکانی یاسای نێودەوڵەتییە، ئەویش "ڕیفراندۆم" و دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆیەتی لە بازنەی "دەوڵەت"دا؛ بۆ ئەمەیش دانپێدانان (الاعتراف- Recognition) دوا قۆناغە کە پێی دەگات.

دانپێدانان (الاعتراف): بۆ ئەوەی دەوڵەتێک ئەرک و مافەکانی خۆی لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا بگرێته‌ ئه‌ستۆ و جێبه‌جێ بكات، دەبێ وڵاتانی ئەندام بڕوای خۆیانی پێ ببەخشن و دانی پێدا بنێن کە ئەویش وەک ئەمان دەوڵەتە و، شەخسێکە لە یاسای نێودەوڵەتی. دانپێدانان ڕێکارێکی سەربەخۆیە و پەیوەندیی بە خاک و خەڵک و دەسەڵاتەوە نییە، چونکە ئەوانە سێ پێکهاتەی بنەڕەتین بۆ دروستبوونی دەوڵەت، بەڵام دانپێدانان لایەنی مەعنەوییە بۆ دەوڵەت.

پەیمانگه‌ی یاسای نێودەوڵەتی لە برۆکسل لە ٢٦/٤/١٩٣٦ پێناسەی دانپێدانانی کردووە بۆ دەوڵەتی نوێ: "دانپێدانان کارێکی سەربەخۆی دەوڵەتێک یاخود چەند دەوڵەتێکە بۆ بوونی کۆمەڵێ خەڵک لە هەرێمێکی دیاریکراودا و دەسەڵاتێکی ڕێکخراوی خۆیان بەڕێوەیان دەبات؛ سەربەخۆن لە هەر دەوڵەتێکی تر و توانای ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی یاسای نێودەوڵەتییان هەیە و، دەوڵەتانی تر ئارەزوو دەکەن وەک ئەندامێک لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی دانی پێدا بنێن.

سروشتی دانپێدانان (طبیعة الاعتراف - Nature of recognition)

پاش ئەوەی بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی، پێناسەکەیمان زانی، دەبێ سروشتەکەی بزانین. یاساناسان بیروڕایان جیاوازە سەبارەت بە سروشتی دانپێدانان: بەشێک پێیان وایە دانپێدانان پرۆسەی دروستکردنی دەوڵەتە و، ئەوانی دی دەڵێن نەخێر، تەنیا دەرخستنی واقعی دەوڵەتە.

آ- تیۆریی دانپێدانانی دروستکەر (الاعتراف المنشیء - theory Constitutive): بە بڕوای ئەم یاساناسانە، دەوڵەت نابێتە کەسێک لە کەسەکانی یاسای نێودەوڵەتی تاوەکوو دانپێدانان دەستەبەر نەکات؛ واتە ئەوە خودی دانپێدانانەکەیە دەوڵەت دروست دەکات نەک سێ پێکهێنەرە بنەڕەتییەکە (خەڵک و خاک و دەسەڵات). کەواتە بە نەبوونی دانپێدانان، بەرپرسیارێتیی یاسایی بۆ دروست نابێت و، تەنیا وەک قەوارەیەکی سادە فەرمانڕەوایی دەکات نەک وەک دەوڵەت.

ئەم تیۆرییانە لە سێ خاڵی سەرەکیدا ڕەخنەی لێ دەگیرێت:

١- لە ڕۆڵ و ویستی وڵاتان بۆ دروستکردنی دەوڵەت زیادەڕۆیی دەکات، چونکە بەبێ ویستی ئەوان ناتوانرێت دەوڵەتی نوێ پێک بهێنرێت و، ئەمەیش زیادەڕۆیییە لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا.

٢- پێچەوانەیە لەگەڵ ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و مێژووییی پەیوەندیدار بە دروستبوونی دەوڵەتەوە، چونکە دروستبوونی دەوڵەت پەیوەندیدارە بە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژووییی خۆیەوە نەک دەوڵەتانی تر.

٣- پێچەوانەیە لەگەڵ ڕەفتاری نێودەوڵەتی (التعامل الدولی)، لەبەر ئەوەی ئەگەر دانپێدانان دروستکەری دەوڵەت بێت، ئەوا بەر لە دانپێدانان هیچ بەرپرسیارێتی ناکەوێتە سەر شانی لە یاسای نێودەوڵەتیدا و، بەرپرس نییە لە هیچ کام لە ڕەفتاری نایاساییی تاکەکانی بەرامبەر دەوڵەتانی تر، ناتوانێ خاوەندارێتیی میراتی و سەرچاوەکانی خۆی بکات، پارێزبەندیی یاساییی نابێ، نێردە دیپلۆماسی و پەیماننامەی نابێ و کەشتییە جەنگییەکانی لە ڕیزی چەتەی دەریا (قراصنة) دەژمێردرێن، بەڵام ڕەفتاری نێودەوڵەتی پێجەوانەی ئەمە دەسەلمێنێت.

ب- تیۆریی دانپێدانانی دەرخەر (الاعتراف الکاشف – Declaratory theory): لایەنگرانی ئەم تیۆریایە دەڵێن دانپێدانان دەوڵەت دروست ناکات، تەنیا دەری دەخات و دەیناسێنێ، چونکە دەوڵەتەکە خۆی لەسەر زەوی بوونی هەیە و دانپێدانەنان هەڵی ناوەشێنێتەوە، بگرە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی دانی پێدا نەناوە پەک دەخات. ئەمەیش دەرفەتێکی یاساییی باشە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان، چونکە دانپێدانەنان تایبەتمەندیی یاساییی لێ وەرناگرێتەوە.

جۆرەکانی دانپێدانان (انواع الاعتراف - Tips of Recognition)

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە شێوازێکە کە پێویستیی بە چەند جۆرێک لە دانپێدانان هەیە و، بەگوێرەی کات و شوێن دەگۆڕێن و، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێكی دی جیاوازە.

یەکەم: دانپێدانانی واقعی (de facto) و دانپێدانانی یاسایی (de jur):

آ- دانپێدانانی واقعی: لە کاتی دروستبوونی دەوڵەتێکی نوێدا دەوڵەتەکان دڵنیا نین لەوەی ئایا تا چەند توانای مانەوە و خۆڕاگرتنی هەیە و، دەتوانێ وەک وڵاتێکی سەربەخۆ درێژە بە کەسایەتیی خۆی وەک شەخسێکی مەعنەوی بدا؛ لەبەر ئەمەیشە زۆرێک لە دەوڵەتەکان خۆیان دەپارێزن لەوەی بە شێوەیەکی یاسایی دانی پێ دابنێن و، لە هەمان کاتیش نایانەوێت خۆیان لە ئەمری واقع لا بدەن؛ بۆیە پەنا دەبەنە بەر دانپێدانانی واقعی (de fact).

ئەم جۆرە لە دانپێدانان کاتییە و، دواتر دەگۆڕێت، یان بۆ دانپێدانانی یاسایی یاخود بۆ پەشیمانبوونەوە و گەڕانەوە لە هەڵوێستەکەی. ئەم جۆرە لە دانپێدانان هەل و دەرفەتێک بە دەوڵەتە نوێیەکە دەدات بۆ ئەوەی بەئارامی، بگات بە ئاواتەکانی و، دەرفەتێکیشە بۆ دەوڵەتی خاوەن بڕیار کە لە دەرکردنی دانپێدانانی خۆیدا پەلە نەکات، بەتایبەت کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەوڵەتی دایک دروست نەکات کە دەوڵەتە نوێیەکەی لێ جیا بۆتەوە؛ بە نموونە وەک ئەوەی هەرێمی کوردستان دەوڵەتی خۆی ڕاگەیاند وڵاتێک خێرا بڕیار نادات بە دانپێدانانی یاسایی بەرامبەری، لەبەر ڕاگرتنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق، تەنیا وەک ئەمری واقع قبووڵی دەکات و دواتر دەگۆڕێ بۆ یاسایی. لەم جۆرەدا دەوڵەت دەتوانێ پەیماننامەی نێودەوڵەتیی کاتی و گۆڕینەوەی نێردەی دیپلۆماسی و کونسوڵخانە بکات لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دانی پێ داناوە.

ب- دانپێدانانی یاسایی (de jure): ئەمیان بەپێچەوانەی جۆری یەکەم دوای کاتی تاقیکردنەوە و ئەزموونی دەوڵەتە نوێیەکە دێت و، وڵاتی خاوەن بڕیار بە شێوەیەکی تەواوی دان بە دەوڵەتی نوێدا دەنێت و پەیوەندیی دیپلۆماسی و ئاسایی لە نێوانیان وەک دوو وڵاتی هاوشانی یەک دەست پێ دەکات. کەنەدا لە ٢٤/١٢/١٩٤٨ بەواقعی دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا ناوەو، لە ١٧/٥/١٩٤٩ بە شێوەیەکی یاسایی دانی پێ دانا. جیاوازی نێوان واقیعی و یاسایی بریتییە لە جۆرێک لە نەرمی و دڵراگرتن (مرونة) ی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی بۆ خۆئامادەکردن و لە کاتی گونجاودا.

دوەم: دانپێدانانی بێدەنگ (الاعتراف الضمنی - Implied recognition) و دانپێدانانی ئاشکرا (الاعتراف الصریح - Expresses recognition):

آ- دانپێدانانی بێدەنگ: دانپێدانان بە بێدەنگ ئەژمار دەکرێ، کاتێ دەوڵەتی کۆن پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی نوێدا دەبەستێ لە شێوه‌ی یاداشتی دیپلۆماسی یاخود بەشداریپێکردنی دەوڵەتی نوێ لە کۆنگرەیەکی دووقۆڵی یاخود چەندقۆڵی. بەو پێیەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی جیوپۆلیتیکەوە دراوسێی ئێران و تورکیایە و لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا دراوسێیەکی باش بووە بۆیان و مایەی ئارامی و ئاسایش بوە بۆ ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ بەشێک لە وڵاتان بە شێوازی دانپێدانانی بێدەنگ ڕەفتاری یاسایی و سیاسیی لەگەڵ بکەن و بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی نۆرماڵ و چاوەڕوانکراوە.

ب- دانپێدانانی ئاشکرا: ئەو جۆرە دانپێدانانەیە کە دەوڵەتی کۆن ڕاستەوخۆ و بەئاشکرا لە شێوازی بڵاوکراوەی فەرمی ڕای دەگەیەنێ، وەک ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر عەرەبستانی سعوودی لە ١٩٣١ و، بەرامبەر یەکێتیی سۆڤیەت لە ١٩٣٣ و، میسر بەرامبەر هند و پاکستان لە ١٩٤٧ کردی. ئەوەندەی پەیوەندیی به‌ ئاییندەی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا، بەدوور نابینرێ وڵاتێک یاخود چەند وڵاتێک ئەم شێوازەی دانپێدانانە پیادە بکەن.

سێیەم: دانپێدانانی بە تاک (الانفرادی- Individual) و دانپێدانی بەکۆمەڵ (الاعتراف الجماعی-Collective):

آ- دانپێدانانی بەتاک: ئەو جۆرە دانپێدانانەیە کە دەوڵەتی کۆن بە شێوازی بێدەنگ یاخود بەئاشکرا ڕای دەگەیەنێ و، دان بە دەوڵەتە نوێیەکەدا دەنێت؛ زۆربەی کات ئەم جۆرە بەرامبەر بە دەوڵەتی نوێ پیادە دەکرێ.

ب- دانپێدانانی بەکۆمەڵ: ئەمیان چەند دەوڵەتێک بەیەکەوە لە شێوەی پەیماننامەیەکی بەکۆمەڵ و بەشداربوو ڕای دەگەیەنن، وەک ئەوەی دان نرا بە وڵاتانی بەڵكان: ڕۆمانیا و سربیا و مۆنتیگرۆ و... لە پەیماننامەی بەرلین لە ١٣/٧/١٨٧٨، یاخود لە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیدا دەردەچێ وەک ئەوەی لە کۆنگرەی لەندەن کرا لە ١٨٣١، تیایدا دان بە دەوڵەتی بەلجیکا نرا.

چوارەم: دانپێدانانی مەرجدار (مشروط - Conditional recognition): ئەم جۆرە لە دانپێدانانە لە یاسای نێودەوڵەتیدا هەیە و نۆرماڵە، بەڵام دەکرێ مەبەستێکی ڕامیاری لەپشتەوە بێ و دەوڵەتی کۆن دان بە دەوڵەتی نوێدا دەنێت بەکردن یان نەکردنی کارێک. وەک ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر یەکێتیی سۆڤیەت کردی، کە نابێ کارێک بکات زیان بە ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا بگەیەنێ و، دەبێ بڕێک لە داواکارییە دارایییە کەڵەکەبووەکان لەسەری یەکلا بکاتەوە. ئەوەی خاڵی گرنگ و پڕبایەخە، ئەگەر دەوڵەتی نوێ ناوەڕۆکی مەرجەکەی جێبه‌جێ نه‌كرد، ئەوا دانپێدانان هەڵناوەشێ و دەوڵەتە نوێیەکە خاسییەتی خۆی لەدەست نادات و، بەردەوام دەبێت وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری.

لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٤٥ تەنیا ٥٠ (په‌نجا) دەوڵەتی سەربەخۆ هەبوون و، ئێستا ٢٠٥ (دوو سەد و پێنج) دەوڵەت لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا هەن و، زۆربەیشیان بەو قۆناغانەدا تێ پەڕیون کە باسمان کردن و، ئێستا دەوڵەتن و خاوەن کەسایەتین لە یاسای نێودەوڵەتیدا. پاش توێژینەوە لە سروشت و جۆرەکانی دانپێدانان، ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی شێوەیەکی وەستاو و نەگۆڕی نییە و هەمیشە لە زیادکردندایە و، خودی پرۆسەی دانپێدانان بە شێوەیەک نەرمی (مرونة) و ئامادەیی هەیە بۆ پێشوازی لە دەوڵەتی نوێ لە یاسای نێودەوڵەتیدا.

دەرەنجام: لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی بریتانیادا هاتووە کە کوردەکان زیاد لە دە هەزار ساڵە نیشتەجێی خاکی خۆیانن، بەڵام تا ئێستایش لەناو کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا خاوەنی دەوڵەتی خۆمان نین. دیارە هۆکاری خودی و بابەتی هەیە کە لێرەدا جێگه‌ی باسیان نابێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان خاوەن هەر سێ پێکهاتەی بنەڕەتی – خەڵک، خاک، دەسەڵاته‌ و لە لایەنی ڕامیارییەوە زەمینەسازیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی هەیە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ و، لە مێژوودا ڕێ نەکەوتووە بەر لە ڕاگەیاندن، دان بە دەوڵەتێکدا بنرێ کە هێشتا خۆی ڕانەگەیاندووە بەڵکوو کوردستان دەبێ خۆی بۆ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی ئاشکرا بکات و، ئەوجا بە پێوەری یاسای نێودەوڵەتی دەرفەتی ئەوە هەیە دەوڵەتە کۆنەکان دانی پێ دابنێن؛ سا بە شێوەی بێدەنگ یاخود ئاشکرا و، دەکرێ بە تاک و یاخود شێوازەکانی تریش بێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples