کرێی ماندووبوونی پارێزەر لە نێوان یاسا و ئیتیکدا

کرێی ماندووبوونی پارێزەر لە نێوان یاسا و ئیتیکدا

 

سیروان حەمەشەریف/ پارێزەر و ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتی

دەسپێک

پیشەی پارێزەر و پزیشک بەدەر لەوەی کارێکی مرۆڤانەیە، لە هەمان کاتیشدا ئەو کەسەی کاری بۆ دەکەن واتە خاوەنکار لە بارودۆخێکی ناهەمواری کۆمەڵایەتی و جەستەییی لاوازدان و ناچارن بە مەرجەکانیان ڕازی بن، لەبەرئەوە پێویستە لە نێوان بەرژەوەندیی خۆیان و سوودی بریگرتە و خواستی گشتیدا هێڵێکی ناوەند بگرن؛ خۆیان سەربەرزانە ژیان بکەن و لە هەوڵی بەردەستکردنی دادگەرییشدا بن. هەمووو ئەمانە بە یاسا ڕێک خراون بەڵام هەمیشە ڕەوشت (ئیتیک) لە سەرووی یاساکانەوەیە و زۆر جاران ڕێک دەکەوێت کارێک هاوتەریبی یاسا کارپێکراوەکانە، بەڵام لەگەڵ ئیتیکی گشتی و تاکیشدا پێک نایەتەوە. هەوڵ دەدەین ئەم بابەتە ڕوون بکەینەوە.

ناوەڕۆک

لە دێرزەمانەوە گرنگی و بایەخی پارێزەر دەرکەوتووە و تاکەکانی کۆمەڵگه‌ پەنایان پێ بردووە؛ هەرچەندە لەژێر ناوی "پارێزەر"یشدا نەبووبێت. لە چاخە کۆنەکاندا بەدیهێنانی داد لە ڕێگه‌ی جەنگەوە بووە. شەڕکەری سەرکەوتوو خۆی خاوەن ماف بووە و شکستخواردوویش دۆڕاوی جەستەیی و ویژدان و ناخی کۆمەڵگه‌ بووە. پاش شەڕی لاشە و جەستە، ئایدیای پارێزەرایەتی بە شێوازی نافەرمی و ڕێکنەخراو لە کۆمەڵگه‌دا سەری هەڵدا. لە یاسای یۆناندا لایەنەکانی دژبەیەک پەنایان دەبردە بەر کەسانی زمانپاراو و ڕەوانبێژ بۆ ئەوەی لە بەردەم دادگه‌کاندا پارێزگارییان لێ بکەن. لەم سۆنگەیەوە خاوەنی باشترین شێوازی دەربڕین، داواکەی دادگه‌ی دەبردەوە. دواتر لە دۆڵی ڕافیدەین یاسای نووسراو هاتە ژیانی تاک و کۆمەڵگه‌وە و سۆمەرییەکان و بابلییەکان و یاسای بەناوبانگی حامورابی لە دیارترین ئەو یاسا نووسراوانەن کە مرۆڤایەتی شانازیی پێوە دەکات – دیارە هەڵەیە بە پێوەری ئەم سەردەمە بیانپێوین بەڵکوو بۆ کاتی نووسینیان گرنگ بوون.

کەسە مەزنەکانیش هەمیشە پێویستیان بە پارێزەر هەبووە و دەبێت و، وەک باس دەکرێ کاری پارێزەرایەتی بەئاشکرا و ڕوونی، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پەیامبەر مووسا (س). هەرچەندە لە لایەن خوداوە بەڵێنی پشتیوانیی پێ درا بوو، بەڵام داوا دەکات هارونی برای لەگەڵ بێت؛ چونکە هارون زمانی پاراوە و خەڵک بە هۆی ئەوەوە باوەڕی پێ دەهێنن. بۆیە ئەگەر مرۆڤ پاڵپشتیی گەورە و مەزنیشی هەبێت، دیسان پێویستی بە کەسانی زمانپاراو و بەئەزموون هەیە پارێزگارییان لێ بکات و، تا ڕۆژگاری ئەمڕۆیش ڕەوانبێژی و زمانپاراوی بەشێکە لە کاری پارێزەر و پێی ناسراوە.

پەیماننامە و یاسا نیودەوڵەتییەکان و خودی دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە نوێنەرایەتیی حکوومەتێکی جیهانی دەکات، لە بەشێکی بڕگە و بەندەکانیاندا مافی پارێزگاریی داوە بە تاکەکان، وەک لە ماددەی (١٠)ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە: "هەمووو کەسێک مافی یەکسانی تەواوی هەیە و، دەبێ داواکانی لە بەردەم دادوەرێکی سەربەخۆ و پاکدا بە شێوازی ئاشکرا و دادگەری ببینرێت و، ئەرک و مافەکانی دیار بێت لە هەر تۆمەتێکی سزایی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە و، هەمووو تۆمەتبارێک مافی دیاریکردن و پارێزگاریلێکردنی هەیە."

مافەکانی پارێزەر

بابەتی ئێمە باسکردنی ماف و ئەرکی پارێزەرە و وەرگرتنی پاداشتی ماندووبوونەکەی لە کارەکەیدا؛ ئەمەیش لە زۆربەی یاسا کارپێکراوەکانی وڵاتاندا دیاری کراوە و، تەنانەت بەشێک لەو مافانە تایبەت بە پیشەی پارێزەرە و، نەدراوە بە پیشەکانی تر. لە ماددەی (٢٢)ی یاسای پارێزەرایەتیی عێراقی، ژمارە (١٧٣ی ساڵی ١٩٦٥) و گۆڕانکارییەکانی و، ماددەی (١٩) لە یاسای ژمارە (١٧)ی ساڵی ١٩٩٩ی هەرێمی کوردستانی – عێراق و گۆڕانکارییەکانیدا هاتووە کە پیشەی پارێزەرایەتی، تەنیا ئەوانە دەتوانن بیکەن کە پارێزەرن؛ بەدەر لە چەند ڕیزپەڕێکی کەم نەبێت و، ئەوەیش بە یاسا ڕێک خراوە.

هەروەها مافی پۆشینی بەرگی پارێزەرایەتی، کە خۆی لە ڕۆبێکی ڕەشدا دەبینێتەوە کە هێڵێکی سەوزی تیایە، واتە ڕێگه‌پێداراوە بەرگری لە بریکاردارەکەی بکات و، جیای دەکاتەوە لە دانیشتووانی تری هۆڵی دادگه‌ییکردن. هەمان ڕۆب، داواکاری گشتی و دادوەریش دەبێ لە ساتی دادگه‌ییکردندا بیپۆشن: یەکەمیان هێڵێکی سوور واتای سنوورنەبەزاندن و داکۆکیکردن دێت لە مافی گشتی و، دووەمیش ڕەنگی سپی، واتای پاکی و سەربەخۆیی دێت لە بڕیارەکانیدا.

چیرۆکی ئەم ڕۆبە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱۷۹۱؛ کاتێ دادوەرێک لەبەر پەنجەرەی ماڵەکەی دانیشتبوو و، بە بەرچاوییەوە دوو کەس شەڕیان کرد و یەکیان ئەوی تری بریندار کرد و ڕای کرد. کەسێ بریندارەکەی گەیاندە نەخۆشخانە و لەوێ مرد. پۆلیس کابرای بێتاوانیان گرت و برایە دادگه‌ی هەمان دادوەر. لەبەر ئەوەی یاسای فەڕەنسا تەنیا کاری لەسەر بەڵگە و شایەت دەکرد، بۆیە دادوەر سەرباری بێتاوانی، فەرمانی سەربڕینی بە گیوتین (مقصلە) بۆ دەرکرد! لەبەر ئەوەی ئازاری ویژدان دەرد و زامێکی سەختە و بە دانپێدانان نەبێ ساڕێز نابێ، ناچار دادوەر دانی بە تاوانەکەیدا نا کە بێتاوانێکی لەناو بردووە! بەڵام ڕای گشتی لێی خۆش نەبوو و سەرزەنشتێکی زۆر کرا. چیرۆکەکەی بەردەوام بوو؛ تا ڕۆژێک دادوەر بینیی پارێزەرێک بە ڕۆبێکی ڕەشەوە کە پێشتر نەبوو، پارێزگاریی لە تۆمەتبارێک دەکرد. پێی سەیر بوو! هۆکارەکەی لێ پرسی. ئەویش گوتی: "بۆ ئەوەی بیرت بخەمەوە تۆ پیاوێکی بێویژدانیت و بێتاوانێکت کوشت!" لەو ساتەوە ڕۆبەڕه‌ش، بوو بە بەرگی فەرمی لە فەڕەنسا و دواتریش لە جیهاندا.

مافی ڕێزلێگرتن و کارئاسانی بۆ کردن، دراوە بە پارێزەر لە لایەن تێکرای فەرمانگە و لایەنی پەیوەندیدارەوە، تەنانەت بەر لە بەدەستهێنانی بریکارنامەیش لە لایەن کاردارەکەیەوە (م٢٠ ب ٣ لە یاسای پارێزەرایەتیی هەرێم). تەنانەت مافی ئەوەی پێ دراوە پشکنین بۆ جانتا دەستییەکەی نەکرێت و لە لایەن فەرمانگەکانی سەر بەحکوومەتەوە هەمووو ڕێزێکی شایستەی لێ بگیرێت؛ وەک لە نووسراوی ژمارە (٢٣٧ ی ٢٨/١/٢٠٠٤)ی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە. داڕێژەرانی یاسا باش دەزانن ئەگەر بەرژەوەندیی کەسی و تایبەتی لە کارەکاندا نەبوایە، ئەوا مرۆڤایەتی هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆیەوە نەدەبینی و، ئەم بەرژەوەندییەیش نابێ بە تەنیا خۆی لە مافە مەعنەوییەکاندا ببیێتەوە بەڵکوو دەبێ مافی دارایی و پاداشتی ماندووبوونی پارێزەر دابین بکات.

وەک لە ماددەی (٢٧)ی یاسای پارێزەرایەتیی هەرێمی کوردستان و ماددەی (٥٥)ی یاسای پارێزەرایەتیی عێراقیدا هاتووە، کە کرێی ماندووبوونی پارێزەرایەتی، پابەندییەکە لە ئەستۆی بریکاردار لە بەرامبەر ماندووبوونی بریکار (پارێزەر)ەکەی کە دەیکێشێت بۆی و؛ بڕی ئەم داهاتەیش بە یاسا دیاری کراوە. بریکار (پارێزەر) دەتوانێ گرێبەستێک لە نێوان خۆی و بریکاردەر (خاوەن کار)ەکەی بکات لەسەر چۆنێتی و چەندێتیی ئەو بڕەپارەیه‌ یاخود دارایییە؛ بە مەرجێک ئەو بڕەی پارێزەر وەری دەگرێت ڕێژەکەی ٢٠% زیاتر نەبێت لە نرخی خودی بابەتی داوای خاوەنکارەکەی، دیارە لە سکاڵا سزایییەکاندا جیاوازە.

تەنانەت لە ماددەی (٣٠)ی یاسای پارێزەرایەتیی هەرێمی کوردستان و ماددەی (٥٨)ی یاسای پارێزەرایەتیی عێراقیدا هاتووە: "لە کاتی تەواونەکردنی داواکە بە هۆکاری ڕێککەوتنی بریکاردار لەگەڵ هاودژەکەی، پارێزەر مافی وەرگرتنی تێکڕای کرێی ماندووبوونەکەی هەیە؛ تەنیا لە کاتێکدا ناتوانێت، ئەگەر نووسراوی گرێبەستی نێوان پارێزەر و خاوەن کارەکە پێچەوانەی ئەمە بسەلمێنێت." ماددەی (٣٢)ی یاسای پارێزەرایەتیی هەرێمی کوردستان، مافی زیاتری بۆ پارێزەر دابین کردووە؛ بەوەی ئەگەر بریکاردار پارێزەرەکەی لە کارەکەی دوور خستەوە، واتە دوای دەستبەکاربوونی، بەبێ هۆکارێکی یاسایی و ڕێگه‌پێدراو بریکارنامەکەی پووچەڵ کردەوە، ئەوا پابەندە بەوەی هەمووو کرێی کارەکەی پێ بدات؛ تەنانەت بەتەنیا تۆمارکردنی داوا یاخود سەردانی هەر فەرمانگەیەکیش بێت بە ناوی کاردارەکەیەوە، ئەوا دەبێت نرخی هاوشێوەی پێ بدات.

لە ماددەی (٣٦)ی یاسای پارێزەرایەتیی هەرێمدا هاتووە: "بۆ ئەو تۆمەتبارانەی توانای دارایییان باش نییە و ناتوانن پارێزەر بگرن، دەبێ دادگه خۆی پارێزەرێکیان بۆ دابین بکات لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، کەتن، تاوانەکان و نەوجەوانان و، دادگه لە خەزێنەی هەرێم بڕی (٦٠ - ١٢٠) هەزار دیناری چاپی عێراقی بۆ پارێزەرەکە دابین دەکات." هەرچەندە لە بەشێک لە دادگه‌کاندا ئەم بڕەپارەیە هێندە دوا دەکەوێت، پارێزەرەکان ماندوو دەبن بەدەستییەوە و دەگاتە چەند ساڵێک بەداخەوە!

مافی پارێزەر بە شێوازێک دابین کراوە کە گرێبەستی نێوان بریکار و بریکاردەرەکەی، هەمان هێزی بڕیاری دادگه‌ی هەیە و ڕاستەوخۆ دەتوانێت لە بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردن مافەکەی لە خاوەنکار بسەنێت و پێویستی بە گەڕانەوە بۆ دادگه نییە؛ بە مەرجێک لە سەندیكای پارێزەران پشتڕاست کرابێتەوە و، بڕی (٥٠٠٠) پێنج هەزار دینار بدات بە خەزێنەی هەرێم وەک ڕەسمی دارایی (م ٣٩، یاسای پارێزەرایەتیی هەرێم).

ئەوەی باسمان کردووە بەشێکی مافی پارێزەرە لە دۆسییەکاندا بەڵام  (ب ١ لەم ١٦٦) ی یاسای دادگەرییە شارستانییەکان و (ب ١ لە م ٣٥)ی یاسای پارێزەرایەتیی هەرێمی کوردستان ڕوونی کردوەتەوە، کە دادوەر لە کاتی دەرکردنی بڕیاردا کرێی ماندووبوونی پارێزەرایەتی دەخاتە ئەستۆی لایەنی دۆڕاوی دۆسییەکە و، دەبێت دادوەر بڕێکی دیاریکراو لە نەختینە بە بڕگەیەک بۆ پارێزەری بەرامبەری دەستنیشان بکات.

یاسا یان ئیتیک؟

دیارە هەموو ئەم بڕگانە هێزی یاسایییان هەیە و لە بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردن، بۆ پارێزەری ناوبراو دەستەبەر دەکرێت؛ تەنانەت مافی لەپێشینەیشی هەیە و بەر لەوەی بریکاردارەکەی قەرز یاخود بڕی دیاریکراوی خۆی وەربگرێت، جەنابی پارێزەر لەپێشترە بۆ وەرگرتن. بەڵام هەمیشە ئیتیک (ئەخلاق) لە سەرووی یاسای کارپێکراوەوەیە ئاگەر یاسای نووسراو یاخود یاسای ئایینە ئاسمانییەکان بێت، چونکە یەکەم لە ناخی کەسەکاندایە بەڵام دووەم "بکەومەکە"ی دەرەوەی خۆیەتی کە خۆی لە پاداشت و سزادا دەبینێتەوە.

نێڵسن ماندێڵڵا، پارێزەری دیار و ناسراو لە جیهاندا، کە بە ئەزموونی جوانی لێبووردەیی و کاری بەردەوامی، سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی و ئەفریقای باشوور ڕاکێشا و دەوڵەتەکان خۆشحاڵ دەبوون ئەگەر میداڵیایەکیان پێ ببەخشیبایە، لە کتێبەکەیدا "ڕێگه‌ دوورەکەم بۆ ئازادی" دەڵێت: "ئەگەر کێشەی وڵاتان و خەڵکانێک ئەوە بێت کە کار بە یاسا ناکرێت، ئەوا کێشەی ئێمە ئەوە بوو کە یاسا جێبەجێ بکرێ! چونکە یاساکان سپیپێستەکان نووسیبوویان و لە دژی بەرژەوەندیی زۆرینەی ڕەشپێستەکان نووسرابوو؛ بۆیە دەبوو سەرەتا کار بکەین بۆ گۆڕینی یاساکان. بە هەموو پێوەرەکان پارێزەر مافی خۆیەتی لە بەرانبەر ماندووبوونی لە کارەکەیدا، بڕەپارە، یان هەر جۆرە سوودێکی ڕێگەپێدراو وەربگرێت بەڵام خودی کێشەکە لەوەدایە ئەگەر دوو جار و لە هەر دوو لایەنی داواکە لە هەمان داوادا کرێ وەربگرێ!

ڕوونمان کرده‌وە پارێزەر سەرەتا لەگەڵ کاردارەکەی ڕێككەوتنی نەنووسراو یاخود گرێبەستی نووسراویان هەیە و مافی خۆی لێ وەردەگرێت، بەڵام کاتێک دۆسیەکە دەباتەوە، بە بڕیاری دادگه دیسان بڕەپارەیەک لە دژەکەی وەردەگرێت؛ لە کاتێکدا کاری لە دژی کردووە و بڕیارەکەیش جێبەجێ دەکرێت. بەشێکی كه‌م له‌ پارێزەكان ئەم بڕەپارەیە وەرناگرن و، بەشێکیش دەیبەستنەوە بە مامەڵەی لایەنی بەرانبەر لەگەڵیاندا؛ ئەگەر زەحمەتی دابن ئەوا جێبەجێی دەکەن و پێچەوانەکەیشی ڕاستە. ئێمەش دەزانین کاتێ دوو لایەن داوای یاسایییان هەبێت، هەر یەک لە هەوڵی سەرکەوتنی خۆیدایە و، بۆیە ئاسایییە ئەگەر لە بازنەی یاسا و ڕێساکاندا زەحمەتی پارێزەری بەرامبەری بدات کە لە هەوڵی دۆڕاندنی ئەمدایە.

چی بکرێت؟

ئەگەر ئەخلاق بەسەر یاسادا زاڵ بێت، ئەوا نابێ پارێزەر ئەو بڕەپارەیەی دووەم وەربگرێت؛ تەنانەت بەپێی بەند و بڕگەی یاسای پارێزەرایەتییش دیسان نابێ وەری بگرێت؛ لەبەر ئەوەی دادوەر لە پارێزەری ناوبراو ناپرسێت ئایا کرێی ماندووبوونی کارەکەی وەرگرتووە یان نا؟ بۆ ئەوەی یاساکان بتوانن دادگەری فەراهەم بکەن دەبێت:

  • ئەگەر پارێزەر پێشتر مافی خۆی لە بریکاردارەکەی وەرگرتبوو، دەبێ بیگێڕێتەوە بۆی؛ ئەوجا دەتوانێ بڕی دیاریکراو لە لایەنی دۆڕاو وەربگرێت.
  • یاخود دەبێ بڕی دیاریکراو کە دادگه بۆ بریکاردارەکەی دیاری دەکات وەربگرێت؛ لەبەر ئەوەی مافی ئەم نییە و پێشتر وەری گرتووە.
  • بە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان پارێزەر بن یاخود هەر کارێکی تر بکەن، هەموویان پابەندی ڕەوشت و ویژدان نابن؛ یاخود ئەوەی لای کەسانێک ناڕەوشتە، لای خەڵکی دی کارێکی شیاو و دروستە. دەبێ بکەومەکە هەبێت و دادوەرەکان لە کاتی دەرکردن و نووسینی بڕیارەکاندا لە پارێزەر بپرسن: ئایا مافی خۆی وەرگرتووە؟ ئەگەر وابێ، دەکرێ دادگه بریار بدا بە گێڕانەوەی بڕی دیاریکراو بۆ لایەنی سەرکەوتوو، نەک پارێزەرەکەی.

کۆتایی

ئەو نەتەوە و وڵاتانەی گەیشتن بە ترۆپکی سەرکەوتن و خۆشگوزەرانییان، یەک لە هۆکارە سەرەکییەکان سەروەریی یاسا بوو. گەر بمانەوێت یاسا سەروەر بێت، دەبێت دادگا لە خودی خۆیەوە دەست پێ بکات هەڵسوڕاوانی ناودادگاکان گورزی دادوەرییان پێبکەوێت، لەبەر ئەوەی فەلسەفەی یاسا و دادگه‌کانیش ئەوەیە کەسێک ستەمی لێ نەکرێت و کەسێکی تریش مافی خەڵک نەخوات. بەڵام بەپێی بڕگە و بەندەکانی یاساکانی هەرێم و عێراقیش، بەشێک لە پارێزەرەکان سوودێکیان دەست دەکەوێت کە مافی خۆیان نییە. بۆ ئەوەی ئەو مافە بۆ خاوەنەکەی بگەڕێتەوە، دەبێ هەنگاوی دروست بگیرێتە بەر و، ئەگەر پێویستی کرد خودی یاساکانیشی بۆ بگۆڕدرێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples