چارەسەری کێشەی ئاوەکانی کوردستان لە یاسای نێودەوڵەتیدا

دەروازە: لە دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان پرۆسەی ڕیفراندۆمی لە ٢٥/٩/٢٠١٧ بەسەرکەوتوویی بەئەنجام گەیاند، دوور نییە گوشاری وڵاتانی دراوسێ، خۆی لە گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەکاندا بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر هەرێم و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ببینێتەوە. هەوڵ دەدەین لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە وەڵامی ئەوە بدەینەوە ئایا تا چەند دەتوانن ئاڕاستەی سەرچاوە ئاوییەکانمان بگۆڕن و بیگرنەوە؟

ڕووبارەکان لە یاسای نێودەوڵەتیدا، سەرەتای سەرهەڵدانی ژیان و شارستانییەکان لە کەناری ڕووبار و سەرچاوەئاویییەکانەوە بووە، لەبەر ئەم هۆکارەیە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئاوەکان دراوە و کێشەیان لەسەر دروست دەبێت. پاش گەشەسەندنی یاسای نێودەوڵەتی، چارەسەر بۆ کێشەئاویییەکان دۆزراوەتەوە و دەبێ دەوڵەتەکان پابەند بن بەیاساکانەوە.

. ئاوی ڕووبارەکان بۆ دوو جۆر دابەش دەبن:

  • ڕووباری نیشتمانی: ئەو ئاوانەیە کە لە سەرچاوەکەیەوە تا کۆتایی لە سنووری یەک وڵاتدایە، وەک: ڕووباری تایمز لە بریتانیا و سین لە فەڕەنسا. سەرپەرشتی و سەروەریی ئەم جۆرە ئاوانە، دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی و مافی سوودلێوەرگرتنی هەیە بۆ مەبەستی کشتوکاڵی و پیشەسازی و کەشتیوانی.
  • ڕووباری نێودەوڵەتی: ئەو جۆرە ئاوانەیە کە سنووری دوو وڵات، یان زیاتر دەبڕێت و، هەر وڵاتێک سەروەریی هەیە لەسەر بەشی ناوخۆی، بە مەرجێ پابەندی بەرژەوەندیی وڵاتانی خوارووی خۆی بێت، بەتایبەت لە سوودی گشتیی کشتوکاڵ و پیشەسازی و کەشتیوانی، بۆ نموونە: ڕووباری دانوب، ڕاین، نیل و فورات.

قۆناغەکانی تێپەڕبوونی ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە جیهاندا:

قۆناغی یەکەم: سەدەکانی ناوەڕاست: وڵاتەکان سەروەریی تەواویان هەبوو بەسەر ڕووبارەکاندا و لە قۆرخکاری و سەپاندنی باج و ڕەسمی گومرگی بەسەریاندا؛ تەنیا لە کاتێکدا دەرفەتیان بە وڵاتێک دەدا سوود لەو ئاوە وەربگرێت کە ڕێکكەوتنێکی تایبەتیان لەگەڵی هەبووایە.

قۆناغی دووەم: شۆڕشی فەڕەنسا: ئەو شۆڕشەی کە گۆڕانکاریی گەورەی لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیدا کرد، بەتایبەت لە بواری ڕووبار و سەرچاوە ئاوییەکاندا، بەر لە شۆڕشی فەرەنسی لە ساڵی ١٧٨٩ی زایینی، مۆڵەت نەبوو بۆ مەبەستی کەشتیوانی ئاوی ڕووبارەکان بەکار بهێنرێت، بەڵام بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٧٩٢ فەرەنسییەکان بڕیاریان دا، بەلژیکا و هۆڵەندییەکان لە ڕووباری موز و ئالایسکو کەشتیوانی بکەن کە هەردو ڕووباریان پێدا تێپەڕ دەبوو، بەڵام بەتەنها ئەو وڵاتانە، نەک بۆ گشت وڵاتان.

قۆناغی سێیەم: کۆنگرەی ڤیه‌ننا لە ١٨١٥: مافی کەشتیوانی بە  تێکڕای وڵاتان درا، بە مەرجێ باج و خەراجی زۆریان لە لایەن وڵاتی خاوەن ڕووبارەکەوە نەخرێتە سەر.

قۆناغی چوارەم: ڕێکكەوتننامەی بارسێلۆنا لە ٢٠/٤/١٩٢١: کە ٤٢ دەوڵەت تیایدا بەشدار بوون، لەو قۆناغەدا بڕیار درا هەموو وڵاتانی خاوەن ڕووبارە نێودەوڵەتییەکان، نابێ هیچ کێشە و بەربەستێك لە بەردەم هاتوچۆی کەشتیوانیدا دروست بکەن و، پێویستە لەسەریان ده‌ست بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بەندەر و پێداویستییەکان بكه‌ن.

لەگەڵ ئەوەی بەراورد بە ڕابردوو، گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونی دیار و بەرچاو لە یاسای ڕێڕەوە ئاوییەکاندا ڕووی دابوو، بەڵام هیچ یەک لەو ڕێکكەوتن و قۆناغانە نەیانتوانی بەجیهانی و سەرتاسەری ببن، بەهۆی کاریگەریی نەرێنیی جەنگی جیهانیی یەکەمەوە ژمارەی وڵاتە بەشداربووەکان لە ڕێکكەوتننامەی بارسێلۆنا لە ٤٢ وڵاتەوە دابەزی بۆ ٢١ وڵات و نەتوانرا چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشە ئاویییەکان دابنرێت.

بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێكه‌وتی ٢١/٥/١٩٩٧ بە بڕیاری زۆرینەی وڵاتان و دەنگی  "بەڵێ"ی ١٠٤ و دەنگی "نەخێر"ی تەنیا ٣ وڵات و ٢٧ وڵاتی دەنگنەدەر، کە لەناویاندا ئیسڕائیل و ئەسیۆبیا هەبوو، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی "بەکارهێنانی ڕێڕەوی ئاوە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی جگە لە کەشتیوانی"ی پەسەند کرد. دەتوانین ئەم پەیماننامەیه‌ بە یەکێ لە چارەسەره‌كانی کێشەی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان لە یاسای نێودەوڵەتیدا دابنێین و، ئەو ڕێکكەوتنە تایبەتییانەی لە نێوان وڵاتان لەسەر ئاوەکان دەکرا، دەبووایه‌ هاوتەریبی بنەماکانی ئەم پەیماننامەیە بێت.

لە ماددەی ٣٣دا هاتووە: ئەگەر چارەسەری کێشەی ئاوەکان بە دانوستان –نێوان وڵاتانی خاوەن ئاو- سەری نەگرت، دەبێ لیژنەیەک پێک بهێنرێت بۆ دیاریکردنی ڕاستییەکان و نزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان و پەنابردن بۆ ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی (International Arbitration) یاخود ڕێکاری یاسایی بگیرێتە بەر. هەروەها لە بڕگەی ٩ی هەمان ماددەدا هاتووە: وڵاتانی خاوەن واژوو لەم پەیماننامەیەدا، دەتوانن ڕەزامەندی لەسەر دەسەڵاتی دادگه‌ی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری کێشەکان بنوێنن، یاخود لە ڕێگه‌ی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتییەوە دەکرێت.

بەڕوونی ئاماژەی داوە بەوەی تێکڕای وڵاتانی خاوەن ئاو مافی سوودوەرگرتنیان هەیە، بەڵام بە شێوازی "ویژدانی و دروست" و بە مەرجێک زیان بە وڵاتی خوارووی خۆیان نەگەیەنن کە ئاوەکەی پێیدا تێپەڕ دەبێت. پێویستیشە شەش مانگ بەر لەوەی هەر پرۆژەیەک لەسەر ئاوی ڕووبارەکە دروست بکات، وڵاتانی تر لە ناوەڕۆکی پڕۆژەکەی ئاگادار بکاتەوە؛ ئەگەر ئەوانی تر ناڕازی بوون، دەتوانن  لە ڕێگه‌ی وڵاتانی تری ناوبژیوانەوە بگەنە چارەسەری گونجاو.

یاساناسان لە بواری نێودەوڵەتیدا چەند خاڵێکی گرنگیان وەک بنەما دیاری کردووە و دەبێ پێیەوە پابەندی بن. کۆی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و دادگاکانی ناوبژیوانیی تایبەت بە چارەسەری کێشەی ئاوی ڕووبارەکان، ئەمانەن:

  • ئەو بنەمایانەی کە وڵاتانی شەریک، خۆیان لەسەری ڕێک كەوتوون.
  • دادگەری لە دابەشکردنی ئاوەکان و سوودوەرگرتن لێیان.
  • هاریکاریی یەکتری لە پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئاوەکان و سوودلێوەرگرتنیان وەک یەک.
  • لەبەرچاوگرتنی ئەوانەی پێشوو مافیان لە سوودوەرگرتنی ئاوەکاندا هەبووە.
  • نابێت ئاڕاستەی ئاو بگۆڕدرێ و بەربەست لەسەر ڕووبارەکان دروست بکرێ، بەبێ ڕێکكەوتنی پێشوەختی وڵاتانی بەشدار لە ئاوەکە.

کەواتە بەپێی بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی، کوردستان مافی خۆیەتی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا تێكڕای بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سوودوەرگرتن لە ڕووبارەکانی کە بەناویدا تێ دەپەڕێ وەرگرێت و، وەک چۆن وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا بۆیان نییە ڕێڕەوە ئاوییەکان لێی بگرنەوە، ئەمیش دەبێت پابەندی یاسا بێت و لە داهاتوودا زیان بە دەوڵەتی عێراق نەگەیەنێ، چونکە ئاوەکانی بەناو دەوڵەتی داهاتووی کوردستاندا تێ دەپەڕێت.

ئەوەی گرنگە، کاتێک وڵاتێک ده‌ست بە دروستکردنی بەربەست، یان گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەکان ده‌كات، دەبێ ئامادەی گفوگۆ بێت و، ئەگەر ئامادە نەبوو، دەبێ ڕێگه‌ بە وڵاتانی ناوبژیوان بدرێت چارەسەری کێشەکەیان بۆ بکات؛ ئەگەر ئامادەی ئەمەیش نەبوو، دەبێ بەرپرسیارێتیی لەئەستۆگرتنی زیانەکانی وڵاتی خوارووی خۆی بێت.

ئایا کێشەی ئاوەکانی کوردستان تایبەتە بە ڕیفراندۆم؟

وەک سەرەتا ئاماژەمان پێ دا، هەرێمی کوردستان مافێکی ئاسایی و یاساییی خۆی بەرجەستە کردووە کاتێ پرۆسەی ڕیفراندۆمی ئەنجام داوە و، بەپێی یاسا ڕاگەیاندنی دەوڵەتیش مافی کوردستانە، چونکە زۆرینەی دانیشتووانەکەی دەنگی "بەڵێ"یان بۆ سەربەخۆیی داوە. لەگەڵ ئەمەیشدا زۆر دەگوترێت بە هۆی ئەم پرسەوە وڵاتی تورکیا و ئێران فشاری دەخەنە سەر و ئاوەکانی وشک دەکەن، لە ڕاستیدا کێشەی ئاوی عێراق مێژوویەکی دوورتری هەیە لە پرسی هەرێم.

بەر لە جەنگی جیهانیی یەکەم، ئاوەکانی دەوڵەتی عوسمانی تێكڕا ئاوی نیشتمانی بوون و کێشەی نێودەوڵەتییان نەبوو، لەبەر ئەوەی لە سنووری تەنیا یەک وڵاتدا بوون، بەڵام لە دوای ساڵی ١٩١٨ و داڕووخانی خەلافەتی عوسمانی و دابەشبوونی بۆ چەند وڵاتێک، ئاوەکانی، بوون بە ئاوی نێودەوڵەتی و کێشەی دەستبەسەرگرتن و بەکارهێنان لەو ڕێكه‌وتەوە سەری هەڵداوە. ئاوی فورات لە تورکیاوە هەڵدەقووڵێت و بەناو سووریا و عێراقدا تێ دەپەڕێت؛ بە شێوازێک ٤٢٠کم لەناو تورکیایە و  ٦٨٠کم لە سووریا و ١٢٠٠کم لە عێراقە.

ڕێکكەوتنەکانی پەیوەندیدار به‌ ئاوی عێراق:

لە سەدەی ڕابردوودا هەر یەک لە دەوڵەتانی بریتانیا و فەڕەنسا کاتێ ئیستیعماری عێراق و سووریا بوون لە ٢٣/١٢/١٩٢٠ ڕێکكەوتنێکیان واژوو کرد و لە ماددەی ٣دا هاتووە: "ئەگەر فەڕەنسا پرۆژەی لەسەر ئاوەکانی دیجلە و فورات لە وڵاتی سووریا دروست کرد – بۆ ئەوەی زیان بە عێراق نەگەیەنن- دەبێ پێشوەخت لیژنەی بۆ پێک بهێنرێ." لە ماددەی ١٠٩ی ڕێکكەوتننامەی "لۆزان"دا لە ٢٤/٧/١٩٢٣ لە نێوان تورکیا و هاوپەیماناندا هاتووە: "بۆ پارێزگاریكردن له‌ ماف و بەرژەوەندییەکانی هەر یەکێکیان، دەبێ لە نێوان وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەشدا ڕێکكەوتن بکرێ."

بەپێی هەر یەک لە بنەما نێودەوڵەتییەکان و ڕێکكەوتننامە تایبەتییەکانی وڵاتانی سووریا و تورکیا و عێراق، هیچ یەک لە وڵاتانە بۆیان نییە لەسەر ئاوەکانی هاوبەشیان بەربەست و کێشە و زیان بە یەکتری بگەیەنن. هەر یەک لە وڵاتانی عێراق و سووریا پاش بەدەستهێنانی سەربەخۆییی خۆیان لە دوای داڕمانی خەلافەتی عوسمانی، لەسەر ئەو ڕێکكەوتننامانەی پێشوو کە لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان کراوە، ڕەزامەند بوون.

وڵاتانی عێراق و تورکیا لە ٢٩/٣/١٩٤٧ ڕێکكەوتنێکیان سەبارەت بە ئاوەکانی دیجلە و فورات واژوو کرد و، بەپێی ئەم ڕێکكەوتنە هیچ یه‌ك لە دەوڵەتەکان بۆیان نییە زیان بەوانی تر بگەیەنن. لە ڕێكه‌وتی ٧/١١/١٩٥٧ باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا یاداشتێکی ڕادەستی حکوومەتی عێراقی کرد کە تیایدا ڕوونیان کردبووەوە دەیانەوێت لەسەر ڕووباری فورات بەنداو دروست بکەن، بۆ ئەوەی لایەنی عێراقی ڕەزامەندی پیشان بدات.

کاتێک سووریا بڕیاری دروستکردنی بەنداوێکی گەورەی دا لەسەر ڕووباری فورات، عێراق لە ساڵی ١٩٥٧ لە کۆمکاری عەرەبی سکاڵای لە دژی کرد، چونکە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەفتاری كرد. بەتەنیا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٧٦ تاوەکوو ١٩٩٢ وڵاتانی تورکیا و سووریا و عێراق ١٦ جار کۆبوونەوەی تایبەت بە چارەسەری کێشە ئاوییەکانی نێوانیان کردووە بەڵام بێ ئەنجام بووە.

دەرەنجام

کێشەی ئاوی نێوان عێراق و دراوسێکانی، تایبەت نییە بە پرسی ڕیفراندۆم و مێژوویەکی درێژی هەیە؛ هەرچەندە دەکرێ دیسان وەک کارتی گوشار بەرامبەر کوردستان بەکاری بهێنن. بەڵام تێکڕای ئەو ڕێکكەوتنانە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە کە وڵاتانی دراوسێ ناتوانن بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی کوردستان بەربەست و ڕێگری بۆ سەرچاوە ئاوییەکان دروست بکەن. ئەگەر بە شێوازی یەکلایەنە ڕەفتار بکەن و بیانەوێ زیان بە دەوڵەتی داهاتوو بگەیەنن، کوردستان دەتوانێ لە دادگه‌ی نێودەوڵەتی، سکاڵایان لەسەر تۆمار بکات و دەبێ زیانەکان لە ئەستۆ بگرن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples