گەشەسەندنی سیاسی بەشی دووەم

بۆچوون و ڕەخنەکان

هەروەک لە بەشی یەکەمدا باس کرا، توێژینەوەکانی مۆدێرنیتە، بە پلەی یەکەم جەختیان لەسەر لایەنی ئابووریی مۆدێرنیزاسیۆن دەکرد  (بەرە بەرە ئەم فاکتەرانە بەرفراوان کران)؛ وەک فاکتەری سەرەکی لە بەمۆدێرنکردنی کۆمەڵگه‌کاندا. بۆ نموونە، لێرنێر (Lerner, 1958:60)، ئاماژە بە دەرنجامەکانی مۆدێرنیتە دەدات کە بریتین لە: شارنشینی، خوێندەواری، بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و بەشداریی سیاسی و ئابووری. گشت ئەم فاکتەرانەیش بە بووژانەوەی ئابووری و باشتربوونی دۆخی ئابووریی تاکەکانی کۆمەڵگه‌وە بەندن. لە ڕوانگەی لێرنێرەوە، سەرەنجامی بووژانەوەی ئابووری، دروستکردنی مرۆڤی بزۆکە (mobile man). ئەم بزۆکییەیش لە سێ ئاستی بزۆکیی جەستەیی، بزۆکیی جوگرافی و بزۆکیی هزری خۆی نمایش دەکات. بۆ لیپست (Lipset, 1959:75)، دەرەنجامەکانی مۆدێرنیتە بریتی بوون لە بەرزبوونەوەی ئاستی سامان، بەپیشەسازیبوون، شارنشینی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێندەواری.

توێژینەوە سەرەتایییەکانی بواری گەشەسەندنی سیاسی لە سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠، پەرەی بەم بیرۆکانە دا و، جەختیان لەوە کردەوە کە لە گەشەسەندنی سیاسیدا، سەرەڕای ئابووری، که‌لتوور و سیاسەتیش بەشدارن. بۆ نموونە، کاترایت  (Cutright, 1963:255)، گەشەسەندنی سیاسی، بە توانای دامەزراوەکانەوە (institutional capacity) گرێ دەدات. بە بۆچوونی ئەو، وڵاتی گەشەسەندوو، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتی کەمتر گەشەسەندوو، خاوەن دامەزراوەگەلی نەتەوەییی ئالۆزتر و پسپۆرترە. لە ڕوانگەی کاترایتەوە، ئاستی گەشەسەندنی سیاسی، دەکرێ لە ڕه‌وتی بەراوردکردنی ڕاددەی گەشەسەندنی دامەزراوە سیاسییەکانی نەتەوەکان بپێورێت. بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا، پێویستە ئاگادار بین کە باس لە چ جۆرە دامەزراوەیەک و چ شێوازێک لە بەدامەزراوەییبوون دەکرێت؟ ئایا بەدامەزراوییبوونەکە بە شێوازی دیموکراسییانە یاخود نادیموکراسییانە ڕوو دەدات؟ چونکە جۆری دامەزراوەکان و شێوازی بەدامەزراوه‌ییکردن کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی سیاسی و جۆری سیستەمی سیاسی لە درێژخایەندا دەبێت. هەر بۆیەیش، ئەڵمۆند و ڤێربا (Almond and Verba, 1963)، پای (Pye, 1965) و، هەنتینگتۆن (Huntington, 2006)، گشتیان ئاماژەیان بە گرنگیی بەشداریکردن لە گەشەسەندنی سیاسی و کاریگەرییەکانی لەسەر هێنانەدیی سەقامگیری و ناسەقامگیری و ڕۆڵی سەقامگیری لە کاراییی حکوومەت و دەستەبەرکردنی مەشروعییەتی سیاسی داوە. کەواتە لە نێوان جۆری دامەزراوە و شێوازی بەدامەزراوەییکردن و سەقامگیریی سیاسیدا پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە ئارادایە. یەکێتیی سۆڤیەت و کۆریای باکوور، هەروەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆریای باشوور، خاوەن دامەزراوە و شێوازی بەدامەزراوەییکردنن، بەڵام دوو جۆرە سیستەمی جیاوازیان دەستەبەر کرد.

لە لایەکی ترەوە، بە هۆی ئەم پێکەوەگرێدراوییەی نێوان گەشەسەندنی سیاسی و فاکتەر و دەرنجامەکانی گەشەسەندن، کۆمەڵێک نووسەر بەو دەرنجامە گەیشتن کە گەشەسەندنی سیاسی، پرس و کێشەیەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە. باشترین ڕێباز کە ئەم ئاڵۆزییە نیشان دەدات، توێژینەوەیەکی پێکنام (Packenham)ە. پێکنام(Packenham, 1964:109-117)، پێنج ڕێباز (approach) بۆ خوێندنەوەی گەشەسەندنی سیاسی دەخاتە ڕوو:

یەکەم: ڕێبازی یاسایی-فەرمی (legal-formal approach) کە جەخت لەسەر دەستوور، یاساکان، هەڵبژاردنەکان و لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەکات. ئەم ڕێبازە، ڕێبازێکی نۆرماتیڤە و، مەرج نییە ڕەنگدەرەوەی واقعی کۆمەڵگه‌ و ئەو ڕووداوانە بێت کە لە ئەرزی واقعدا ڕوو دەدەن. ئەم ڕێبازە، تەنیا جەخت لەسەر لایەنی یاسایی و دەستووریی پرۆسەی گەشەسەندنی سیاسی دەکاتەوە. بە دیوێکی تردا، بوونی دیموکراسی، پێشمەرجی گەشەسەندنی سیاسییە. ڕاستە گەشەسەندنی سیاسی لە بەستێنێکی کراوەدا دێتە دی، بەڵام یەکێک لە ئامانجەکانی خودی گەشەسەندنی سیاسی، هێنانەدیی دیموکراسییە. سەرەڕای ئەمەیش، گەلێک وڵات هەن کە خاوەن ڕێسای دیموکراسی و هەڵبژاردنن بەڵام نەیانتوانیوە گەشەسەندنی سیاسی دەستەبەر بکەن.

دووەم: ڕێبازی ئابووری، کە تیشک دەخاتە سەر توانای حکوومەت، گەشەی ئابووری و هێنانەدیی داواکارییەکانی کۆمەڵگه‌. ئەم ڕێبازە وەک دەروازەیەک بۆ گەیشتن بە دیموکراسی، لە نێوان ئەو بیرمەندانەی مۆدێرنیتە باو بوو کە گرنگییان بە بووژانەوەی ئابووری دەدا. بەڵام پێویستە ڕەچاو بکەین کە ناتوانرێت پێوەرگەلی وەک بەرزیی داهاتی تاکەکەسی، بەوردی بپێورێت. زیاد لەمەیش، زۆرێک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان، تا هەنووکەیش خاوەن سیستەمی نادیموکراتیکن. چین خاوەن ئاستێکی بەرزی داهاتی تاکەکەسی و بووژانەوەیەکی خێرای ئابوورییە، بەڵام نەیتوانیوە ببێتە خاوەن دامەزراوەی دیموکراسی و، پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵاتیش بوونی نییە. یاخود زۆربەی وڵاتانی عەرەبیی بەرهەمهێنەری نەوت، توانیویانە ئاستێکی بەرزی داهاتی تاکەکەسی تۆمار بکەن، بەڵام بە وڵاتی گەشەسەندوو هەژمار ناکرێن. هەر بۆیه‌یش، لە بری ئەم بۆچوونە "جەکمەن" (Jackman, 1973)، ئاماژە بە گەشەسەندنی سیاسیی دیموکراتیک دەدات و، ئەم گەشەسەندنە بە پێشڤەچوونی ئابووری و دامەزراندنی دیموکراسییانەی دامەزراوە سیاسییەکان گرێ دەدات.  لەم بۆچوونەدا گەشەسەندنی سیاسی و سیستەمی دیموکراسی، پێکەوە گرێ دەدرێن، بەڵام هیچ کامیان نابنە پێشمەرج بۆ هێنانەدیی ئەوی تر، بەڵکوو هەردووکیان تەواوکەری یەکترن و بەهاوتەریبی کار دەکەن.

سێیەم: سێیەم ڕێباز، ڕێبازی کارگێڕییە، کە جەخت سەر توانای بیرۆکراتیکی دامەزروەکان لە بەدیهێنانی نەزم و سەقامگیری دەکات. ئەم ڕێبازە تیشک دەخاتە سەر دەرهاوێشتە حکوومییەکان (governmental outputs)، هەروەها لە بری تیشکخستنە سەر خەسڵەتگەلی تەقلیدی، خزمایەتی، کەسایەتی، کاریزما و پێوه‌رگەلی بۆماوە(ascriptive criteria)، جەخت لەسەر بەعەقڵانیبوونی سیستەم دەکات. ئەم ڕوانگەیەیش، زۆرتر بۆچوونێکی تەکنۆکراتە و، لایەنە که‌لتووری و سیاسی و تەنانەت ئابووریی گەشەسەندنی سیاسی ڕەچاو ناکات. ئەڵمانیای سەردەمی نازی، خاوەن سیستەمێکی پیشکەتووی بیرۆکراتیک بوو، تەنانەت خودی نازیزم دەرهاوێشتەی سیستەمی دیموکراسی بوو، بەڵام لە بری هێنانەدیی گەشەسەندنی سیاسی، ئەڵمانیای بەره‌و دامەزراوەگەلی داخراو و دامەزراندنی سیستەمی نادیموکراسی ئاراستە کرد.

چوارەم: ڕێبازی سیستەمی کۆمەڵایەتی، کە تیشک دەخاتە سەر بەشداریی بەرفراوانی گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگه‌ لە پرۆسەی سیاسیدا و، باس لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەکات. بەڵام هەروەک هه‌نتینگتۆن (Huntington, 1984) ئاماژەی بۆ دەکات: "ئەگەر بێت و بەدامەزراوەییکردن ناکامڵ بێت، لەوانەیە بەشداریکردن ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناسەقامگیری." زیاد لەمەیش، مەرج نییە بەشداریی بەرفراوانی جەماوه‌ری، گەشەسەندنی سیاسی گەرەنتی بکات. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەردەمی شۆڕشی ١٩٧٩ و، عێراقی دوای ٢٠٠٣، بینەری بەشدارییەکی بەرفراوانی جەماوه‌ری بوون، بەڵام تا هەنووکەیش نەیانتوانی گەشەسەندنی سیاسی دەستەبەر بکەن. هەروەها، لە سیستەمە کۆمۆنیستییەکانیشدا بەشداریی بەرفراوانی جەماوه‌ری دەبینرێت (مۆبیلیزەکردنی سیاسی)  و، ئاستێکی باڵای بەدامەزراوەییکردنیش بوونی هەبوو؛ بەڵام نەبووە هۆی هێنانەدیی گەشەسەندنی سیاسی بە مانای هاوچەرخ.

پێنجەم: ڕێبازی که‌لتووری سیاسی، کە خوێندنەوەی چەمکە سایکۆلۆژییەکان دەکات. بە بۆچوونی  پێکنام (Packenham)، میکانیزمە سایکۆلۆژییەکان لە دوو ئاست کار دەکەن: ١/ لە ئاستی ڕەفتار و ئەو چاوه‌ڕوانییانه‌ی کە ئەندامانی کۆمەڵگه‌ سەبارەت بە ڕۆڵە سیاسییەکان هەیانە؛ ٢/ لەسەر ئاستی کەسایەتی. واتە، هەم کەسایەتیی تاکی بەشداریکەر و هەمیش کەسایەتیی نوخبەی سیاسیی. لەم ڕێبازەدا ئەولەوییەت بە تاک دەدرێت و، تاک وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ وێنا دەکرێت. بەڵام پێویستە ئاگادار بین کە تاک لەژێر کاریگەریی دەرهاوێشتەکانی ژینگەی کۆمەڵایەتیی خۆیدایە. بە واتایەکی تر، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان جۆری سیستەمی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتی و ڕەفتاری تاکدا هەیە.

سەرەڕای ئەم پێنج ڕێبازە، خودی پێکنام وەک ئاماژەیەک بۆ کاریگەرییەکانی هەڵکەوتەی جوگرافی لەسەر گەشەسەندنی سیاسی، باس لە ڕێبازی جوگرافی دەکات. واتە، هەڵکەوتەی جوگرافیی وڵاتێک و جۆری سیستەمی سیاسی-کۆمەڵایەتیی وڵاتانی دراوسێ و ئاستی پێشکەوتنی ئەم وڵاتانە، کاریگەری لەسەر پرۆسەی گەشەسەندنی سیاسی لە وڵاتێکدا دادەنێن. پێویستە لە پاڵ هەڵکەوتەی جوگرافیایی، ئاماژە بە خەسلەتە فیزیکییەکانی جوگرافیای وڵات بنێن (وەک جۆری تۆپۆگرافی، گەرمی و ساردی). بۆ نموونە مۆنتسکیۆ لە پەڕتووکی ڕوحی یاساکاندا ئاماژە بەوە دەکات، کە وڵاتانی خاوەن ئاو و هەوای گەرم و بیابان، مرۆڤی توندخوو بەرهەم دێنن، سروشتی توندخۆی مرۆڤەکان بە بروای مۆنتسکیۆ کار دەکاتە سەر رادەی کراوەیی و داخراوەیی سیستەمی سیاسی. ئێسکۆبا (Escobar, 1995:9) هاوڕایە لەگەڵ پێکنام و جەخت لەسەر ڕۆڵی جوگرافیا لە گەشەسەندنی سیاسیدا دەکات. بە بڕوای ئەو، "بە درێژاییی چوار سەدە، وێنای جوگرافی (geographical imagination)، مانای گەشەسەندنی داڕشتووە". بەڵام سەرەڕای ئەمەیش، مەرج نییە جوگرافیا بە تەنیا و دوور لە سیستەمی سیاسی، تەحەکوم بە ڕاددەی گەشەسەندنی وڵاتێک بكات. قاسم ئۆغلۆ و ڕۆبینسۆن لە پەرتووکی "بۆچی نەتەوەکان شکست دێنن"، کراوەیی و داخراوەییی سیستەمی سیاسی، بە هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتن و شکستی وڵاتان لە بواری پێشکەوتنی سیاسی و ئابووریدا هەژمار دەکەن.

ئەگەر گشت ئەو ڕێبازانەی کە "پێکنام" ئاماژەی بۆ کردوون، پێکەوە گرێ بدەین، دەبینین کە گەشەسەندنی سیاسی، پرۆسەیەکی فرەڕەهەندە کە هەر سێ ئاستی تاک و کۆمەڵگه‌ و حکوومەت لەخۆ دەگرێت. لە ڕووی پراکتیکییەوە، ئەم شەش ڕێبازە، ناکرێت لێک جیا بکرێنەوە، بەڵام دەکرێت بەرفراوانتر بکرێن تا ڕێبازی پەیوەندییە دەرەکییەکان و کاریگەریی ئەم پەیوەندییە لەسەر گەشەسەندنی سیاسی لەخۆ بگرێت. هاوشێوەی ڕوانگەی کارکردگەرایی (وه‌زیفی-ئه‌رككه‌رایی) لە خوێندنەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتیدا، کێماسی لە یەکێک لە ڕەهەندەکانی سەرەوە، کاریگەریی نەرێنی بەسەر گشت پرۆسەکەدا دەنوێنێت.

توێژەرانی وەک ئەڵمۆند و ڤێربا (Almond and Verba, 1963) و، پای و ڤێربا  (Pye and Verba, 1965)، تیشکیان خستووه‌تە سەر ڕەهەندی نۆرماتیڤی گەشەسەندنی سیاسی، بەڵام هاوکات دان بە فرەڕەهەندی ئەم پرۆسەیەدا دەنێن. ئەم ڕەهەندانەیش بریتین لە سێ ڕەهەند کە بە لایەنی که‌لتوورییەوە گرێ دراون. یەکەم ڕەهەند، بریتییە لە گۆڕان لە خەڵکی ناچالاک(passive population) ، بەرەو هاووڵاتییەکی بەشداریکەر. پێویستە ئەم پرۆسەیەیش ڕەگوڕیشەی لە یەکسانی و پەسەندکردنی یاسا هەمەگیرەکان (universal laws)دا داکوتابێت. بە واتایەکی تر، گشت تاکەکانی کۆمەڵگه‌ بەبێ جیاوازیی بیروباوەڕ و ڕەنگ و ئایین و.... خاوەن مافی یەکسانن.  دووەم ڕەهەند، بریتییە لە گەشەی تواناكانی حکوومەت لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵایەتی و کۆنتڕۆڵکردنی پێکدادانی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی داواکارییە گشتییەکان. واتە لە سەرووی حکوومەته‌وه‌، هیچ ڕێکخراوێکی تری خاوەن دەسەڵات بوونی نییە و، حکوومەت بەرپرسیارە لە دابینکردنی پێداویستییە ماددی و مەعنەوی و ئەمنییەکانی کۆمەڵگه‌. سێیەم ڕەهەند، بریتییە لە لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکان (structural differentiation)، پسپۆرگەرایی لە کارکردەکان و پێکەوەگرێدانی (integration) کۆمەڵایەتی لە سه‌روبه‌ندی بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکاندا. لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکان بەو مانایە دێت کە هیچ دامەزراوەیەک و کەرتێک دەست لە کاروباری دامەزراوە و کەرتەکانی تر وەرنەدات. ئەمەیش بە مانای سەربەخۆییی تەواوی ئەم دامەزراوانە نایه‌ت، بەڵکوو هەماهەنگی لە نێوان ئەم دامەزراوانەدا بوونی هەیە. بەم جۆرەیش ستراکتۆرە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکان، دەبن بە ستراکتۆری پێکەوەگرێدراو و لە هەمان کاتدا لێکجیا. بە زمانێکی سادە، لەم ڕوانگەیەدا یاسای هەمەگیر ئاماژەیە بە یاسای لیبراڵی ڕۆژاوایی و بوونی مافە سیاسی و مرۆیییەکان. واتە، تاکەکان ئەرک و مافیان هەیە و، حکوومەتیش وەک دەسەڵاتێکی مەشروع (ڕه‌وا) لە لایەن هاووڵاتیانەوە دانی پێدا دەنرێت. بەم جۆرەیش، کۆمەڵگه‌ و دەسەڵات دەتوانن چاودێریی یەکتر بکەن و، تاکیش لە چەقی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگه‌دا جێ دەگرێت.

ئۆلسۆن (Olsen, 1968) برەوی بەم بیرۆکەیە دا و، لە بری ڕێباز (approach)، چەمکی ڕەهەند (dimension)ی بەکار هێنا. ئەو، ئەم ڕەهەندانەیشی بەسەر لایەنی بەهاکان (گەشەسەندنی سیاسی) و لایەنی ماددی (مۆدێرنیزاسیۆن) دابەش کرد. بە بڕوای ئۆلسۆن، گەشەسەندنی سیاسی و گەشەی ئابووری-کۆمەڵایەتی، هەردووکیان وەک پرۆسەیەکی فرەڕەهەند هەژمار دەکرێن، کە لە چەندین ڕەهەندی لە ڕووی پراکتیکییەوە پێکەوەگرێدراو و، لە ڕووی شیکردنەوە (تیۆری)یه‌وه‌ لێکجیا پێک دێن. ئۆلسۆن، پێنج ڕەهەند لە گەشەسەندنی سیاسی دەستنیشان دەکات کە دواتر هەر یەک لەم ڕەهەندانە بەسەر چەند ڕەهەندی لاوەکیدا (sub-dimension) دابەش دەکاتەوە. لەم ڕوانگەیەدا، خەسڵەتگەلی سیستەمێکی دیموکراتیک بریتین لە:

١- لێکجیاکردنەوەی کارکردەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسادانان

٢- کۆنترۆڵی پەرلەمان لە لایەن مەدەنییەکانەوە

٣- بوونی سیستەمێکی فرەحزبیی سەقامگیر

٤- دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی حکوومەت

٥- کاریگەریی هاووڵاتیان بەسەر دامەزراوەکانی حکوومەت، لە دووتوێی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادی لە دامەزراندنی ئەنجومەنە کۆمەڵایەتییەکاندا.

بەم جۆرەیش ئۆلسۆن پێکەوەگرێدانێک لە نێوان گەشەسەندنی سیاسی و سیستەمی دیموکراسیدا دروست دەکات و، ئەم دوو چەمکە لە بری یەکتر بەکار دێنێت. بۆ ئۆلسۆن دیموکراسی و گەشەسەندنی سیاسی، یەک واتا دەگەیه‌نێت.

بە جەختکردنەوە لەسەر بەپیشەسازیبوون، ئۆلسۆن، پێنج ڕەهەندی تری کۆمەڵایەتی-ئابووری بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگه‌ی مۆدێرن زیاد دەکات. دووبارە هەر ڕەهەندێک بەسەر پینج ڕەهەندی لاوەکیدا دابەش دەبێتەوە. ئەم ڕەهەندانەیش بریتین لە بەپیشەسازیبوون، شارنشینی، گواستنەوە و گەیاندن (transportation)، پەیوەندییەکان(communication) و پەروەردە. گشت ئەم چەمکانەیش لە بنەڕەتدا چەمکی تایبەت بە بیرمەندانی مۆدێرنیتەن. ئۆلسۆن، بە پشتبەستن بە بۆچوونەکانی پێکنام، لەو بڕوایەدایە کە گشت ڕەهەند و ڕەهەندە لاوەکییەکان پێکەوەگرێدراون و؛ گەشەسەندنی سیاسی نایەتە دی، ئەگەر هەر یەک لەم ڕەهەند و ڕەهەندە لاوەکییانە، لێک جیا بکرێنەوە.

ئەوەی کە لەم ئاراستە نوێیەی ئۆلسۆندا جێی بایەخە، بریتییە لەوەی کە ڕێکارە سیاسییەکان ئەولەوییەتیان هەیە و لە سەڕووی فاکتەرە ئابوورییەکانەوە دێن. ئەم پێداچوونەوەیەیش لە لایەکەوە لە دەره‌نجامی کێماسییەکانی توێژینەوەکانی مۆدێرنیزاسیۆن بوون، کە هەر کامەیان بۆ هێنانەدیی مۆدێرنیتە بە پلەی سەرەکی جەختیان لەسەر ڕەهەندی ئابووری دەکردەوە؛ لە لایەکی ترەوە، لە دەره‌نجامی ئەو ڕووداوانە بوون، کە لەسەر ئەرزی واقعی وڵاتانی لە دۆخی گەشەسەندندا ڕوویان دەدا. ڕووداوگەلێک کە بەرچاوڕوونییان بە توێژەرانی ئەم بوارە بەخشی، کە بە بۆچوون و تیۆرییەکانی خۆیاندا بچنەوە و مەیدانی توێژینەوەکانی مۆدێرنیتە بەرفراوان بکەن.

بە ده‌ربازبوونی کات، بابەتێکی جەدەڵئامیز لە خوێندنەوەکانی گەشەسەندنی سیاسیدا سەری هەڵدا، کە ئەویش بابەتی ڕۆڵی سوپایە لەم پرۆسەیەدا. لە سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠دا، بیرۆکەی پشتگیریکردن لە سوپا وەک دامەزراوەیەکی مۆدێرنیزه‌كراو سەری هەڵدا. هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕوانگەیەیش بۆ ئەو بیرۆکەیە دەگەڕێتەوە، کە "سوپا لە وڵاتانی لە دۆخی گەشەسەندندا لە چینی مامناوەندی تا ڕاددەیەک مۆدێرن، بەعەقڵانیکراو و یه‌كپارچه‌ پێک هاتووە (Bienen, 1971:11). بیرمەندانی وەک پای(Pye, 1961)، ڕەخنە لە بۆچوونی بەدامەزراوەییکردن وەک یەکەم هەنگاو لە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆنی ئەم وڵاتانە دەگرێت، کە گوایە ڕێبازێکی شکستخواردووە و لە دەرەوە و لە لایەن ئەو لایەنانەی کە ئاشنای که‌لتووری خۆجێییی ئەم وڵاتانە نین، هاوردەی وڵاتانی دواکەوتوو کراوە. "پای"، وەک بنیاتنەری نەتەوە و وەک ئامرازی گەشەسەندن دەروانێتە سوپا. ئەم بۆچوونەیش لە نێوان لایەنگرانی ڕۆڵی سوپا لە گەشەسەندنی وڵاتانی دواکەوتوودا، زۆر کەس پشتگیرییان لەم بۆچوونە دەکرد زۆری هەبوو. بۆ نموونە، لۆڤێل و کیم (Lovell and Kim, 1967)، پێناسەی سوپا دەکەن وەک میکانیزمی مۆدێرنیزاسیۆن لە ڕه‌وتی چالاکییەکانی لە بەکۆمەڵایەتیکردنی سیاسی و پەیوەندیی سیاسی (political socialisation and political communication)  لە ناوەوە و دەرەوەی کۆمەڵگه‌دا. بۆ مارۆن و لێڤی (Marion and Levy, 1971)  سوپا بە ئامرازی سەقامگیری و مۆدێرنیزاسیۆن هەژمار دەکرا. یەکێک لە هۆکارەکانی خستنەڕووی سوپا وەک پێشەنگی مۆدیرنیتە، بریتی بوو لەوەی کە لە ڕێگەی سوپاوە دامەزراوە نیشتمانییەکان دابمەزرێن(Bienen, 1971) ، چونکە سوپا گشت ئەندامانی کۆمەڵگه‌ی بەبێ جیاوازی لەخۆ دەگرت.

هەندێ بیرمەند ڕەخنە لەم ڕوانگەیە دەگرن، بۆ نموونە هه‌نتینگتۆن (Huntington, 1965)، لەو بڕوایەدایە کە لەوانەیە سوپا ببێتە هۆی هێنانەدیی مۆدێرنیزاسیۆن، بەڵام سەقامگیری، بەدامەزراوەییبوون و گەشەسەندنی سیاسی بەدی ناهێنێت. ئەو پێشنیار دەکات کە "لە بری پشتبەستن بە سوپا، پێویستە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەو ئاراستەیە کار بکات کە لانی كه‌م، یەک حزبی نا-کۆمۆنیستیی زۆر بەهێز لە وڵاتانی لە دۆخی مۆدێرنیزاسیۆندا دابمەزرینێت."

زۆرێک لە وڵاتانی تازە سەرهەڵداوی سەدەی بیستەم، ماوەیەک لەژێر دەسەڵاتی نوخبەی سوپاسالاردا بوونە، کە لە لایەن وڵاتانی دەرەوە پشتگیری کراون. وڵاتانی وەک عێراق، سووریا، لیبیا و پاکستان و میسر، بوون بە وڵاتی میلیتاریزەکراو. ڕێبازی سوپاگەرا، ڕێگه‌ی بۆ سوپا کردەوە تا دەست لە کاروباری سیاسی وەربدات. ئەم ڕێبازە، مەترسیی پێکدادانی سەربازیی لە نێوان ئەم وڵاتانە و درواسێکانیان بەرز کردەوە؛ بەتایبەتیش لەو کاتانەدا کە ناکۆکییە سیاسییەکان لە نێوان سوپا و لایەنێکی تردا سەر هەڵدەدات. قوتابخانەی گەشەسەندنی سیاسی (هەروەها قوتابخانەی وابەستەیی)، ڕۆڵی نەرێنییانەی جەنگ و دەستێوەردانی سوپایان لە گەشەسەندندا پشتگوێ خست. زۆرێک لەم وڵاتانە، بە درێژاییی چەند نەوە لە جەنگی بەردەوامدا چەقیون و، سیاسەتی بێبەشکردنی ئابووری و سیاسیی گرووپێک، یان نەژادیک، یان کەمینەیەکیان گرتووتە بەر؛ سیاسەتێک کە هانی جەنگی ناوخۆیی دەدات. زانینی ڕەگوڕیشەکانی جەنگ لەناو خودی وڵاتانی دواکەتوو و لە نێوان کۆمەڵگه‌کانی گەشەنەسەندوودا، یارمەتیدەر دەبێت بۆ زانینی هۆکارەکانی گەشەنەسەندن و دواکەوتوویی.

لە بەشی سێیەم (بەشی کۆتایی)ی ئەم بابەتەدا، تیشک دەخەینە سەر دەرنجامەکانی ڕوانگەی سەربازگەرایی و سەرهەڵدانی قەیرانه‌كانی پەیوەست بە گەشەسەندنی سیاسی و چەند بابەتی تر.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples