بەشی سێیەم و کۆتایی
بەرفراوانبوونی بیرۆکەی گەشەسەندنی سیاسی
بە سەرهەڵدانی ڕژێمە سەربازگەراکان (military) و ئەنجامدانی کودەتا لە زۆرێک لە وڵاتانی لە دۆخی گەشەسەندندا، بیرمەندانی گەشەسەندن وەک هانتینگتۆن(Huntington, 2006)، بە چاوپۆشین لە جۆری حکوومەت و سیستەمی سیاسی، زەروورەتی حکوومەتی بەدامەزراوەییکراوی سەقامگیر دەخەنە ڕوو. هانتینگتۆن لە یەکەم لاپەڕەی پەرتووکی "نەزمی سیاسی لە کۆمەڵگهکانی لە دۆخی گۆڕاندا" دەڵێت:
''گرنگترین جیاوازیی سیاسی لە نێوان وڵاتاندا، بریتی نییە لە جیاوازی لە جۆری حکوومەتەکەیان، بەڵکوو بریتییە لە چۆنێتیی حکوومەتکردنیان. جیاوازی لە نێوان دیموکراسی و دیکتاتۆرییەت، کەمترە لە جیاوازی لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە جۆری سیاسەتی حکوومەتەکەیان کۆدەنگی، هاوبەشی، مەشروعییەت، ڕێکخراوەیی، کارایی و سەقامگیری لەخۆ دەگرێت و ئەو وڵاتانەی کە سیاسەتی حکوومەتەکەیان ئەم خەسڵەتانە لەخۆ ناگرن. بەگشتی، دەوڵەتە کۆمۆنیستە تۆتالیتارییەکان و دەوڵەتانی لیبراڵی ڕۆژاوایی، هەردووکیان سەر بە وڵاتانی خاوەن سیستەمی سیاسیی کاران، تا سیستەمی سیاسیی ناکارا''.
پێش هانتینگتۆن، ئەپتر (Apter, 1965) ئاماژەی بەوە کردبوو کە مۆدێرنیزاسیۆن لەوانەیە ببێتە هۆی ناسەقامگیری. بە پشتبەستن بەم بیرۆکەیە، هانتینگتۆن، پێش مۆبیلیزەکردن و بەشداریکردن، ئەولەوییەتی بە "بەدامەزراوەییکردن" دا؛ ئەوەیش لە ترسی ئەوەی کە بووژانەوەی ئابووری، کە هۆکارە بۆ مۆبیلیزەکردنی خێرا و بەشداریکردن، دەبێتە هۆی هێنانەدیی ناسەقامگیری لە کۆمەڵگهدا(Wucherpfennig and Deutsch, 2009) . دواتر، لە دەرنجامی ئەم ڕوانگەیەی کە بەشداریی سیاسی لەوانەیە ببێتە هۆی هێنانەدیی ناسەقامگیری و پێکدادانی کۆمەڵایەتی، توێژینەوەکانی گەشەسەندنی سیاسی تیشکیان خستە سەر ئەو قەیران و کێشانەی کە لەوانەیە لە سهروبهندی پرۆسەی گەشەسەندندا بێنە کایەوە.
بە بۆچوونی بایندێر (Binder, 1971)، لە نێوهندی پرۆسەی گەشەسەندنی سیاسیدا، لەوانەیە وڵات ڕووبەڕووی قەیرانهكانی ناسنامه، مەشروعییەت، بەشداری، دابەشکردن و چوونەناوەوە (penetration)، ببێتەوە. ئەگەر بێت و، دەوڵەت بتوانێت سەرکەووتوانە لەم قەیرانانە دەرباز ببێت، ئامانجەکانی گەشەسەندنی سیاسی دەپێکێنرێن. بە بۆچوونی بایندێر، تواناییی دەوڵەت، لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا دەردەکەوێت. ''گەشەسەندنی سیاسی، ئاماژەیە بۆ گۆڕان لە جۆر و شێوازی سیاسەتکردن'' (ل٦٦). ئامانجی گەشەسەندنی سیاسی بریتییە لە ئیدارەدانی ئەم قەیرانانە و دامەزراندنی حکوومەتێکی بەدامەزراوەییکراو کە خزمەتی تاک و کۆمەڵگه بکات.
کۆلمەن (Coleman, 1971) بە کۆکردنەوەی بیرۆکەکانی ئەڵمۆند و ڤێربا (Almond and Verba, 1963)، پای و ڤێربا (Pye and Verba, 1965) و نای (Nye, 1967)، وای بۆ دەچێت کە گەشەسەندنی سیاسی بریتییە لە تواناییی سیستەمی سیاسی لە بەدامەزراوەییکردنی فۆرمێکی نوێ لە تەماسوکی ڕێکخراوەیی (organizational integration)، نەهێشتنی ناکۆکییەکانی ناو کۆمەڵگه و فۆرمۆلەکردنی شێوازێکی نوێ لە بەشداریکردن و یەکسانی لە دابەشکردنی سەرچاوەکاندا. سەرنجام، ئەگەر سیستەمی سیاسیی بتوانێت ئەم داواکارییانەی سەرەوە دابین بکات، دەتوانێت بەسەر گرفتی ناسنامهی نەتەوەیی و مەشروعییەتی دەسەڵاتدا زاڵ بێت. بە بۆچوونی ڤێربا(Verba, 1971) ، تواناییی حکوومەت، وەک تواناییی (ability) ڕێکخراوە حکوومییەکان لە بڕیاردەکردن و جێبەجێکردنیان هەڵدەسنگێندرێت. زیاد لەمەیش، پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن، لێکجیاکردنەوە لە نێوان دامەزراوە سیاسییەکان و دامەزراوە ئابوورییەکان دروست دەکات. ئەم لێکجیاکردنەیش، دەسەڵاتداران لە چالاکیی ئابووری دوور دەخاتەوە و، دەبێتە هۆی سنووردارکردنی دەسەڵاتی فەرمانڕەواکان (Glaeser et al, 2004).
زۆربەی بیرمەندان، تیشک دەخەنە سەر ڕۆڵی دامەزراوەکان. لەگەڵ ئەمەیشدا، هەندێک لە توێژینەوەکان (لێکۆڵینەوەکان) ئاماژە بە ڕۆڵی نوخبە، تەبایی و ناتەبایی و کاریگەرییان لەسەر گەشەسەندنی سیاسی، وەک ڕەگەزی سەرەکی لە سەقامگیری و تواناییی حکوومەت دەدەن. ئەم توێژەرانە (لێکۆڵەرانی بواری نوخبەگەرایی)، تیشک دەخەنە سەر سیستەمی بیرۆکراسیی کارامە و ڕۆڵی لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا، ئەویش بە هاوکاریی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان. لە پاڵ نوخبە و دامەزراوەکان، توێژینەوەکانی تر جەخت دەکەنە سەر گرنگیی پشتگیریی جەماوەری لە دیاریکردنی ئاستی تواناییی حکوومەت. بەم شێوەیەیش، تواناییی حکوومەت لە پیادەکردنی بەرنامەکانی و وەڵامدانەوەی داواکارییە گشتییەکان، دەبێتە هۆی هینانەدیی سەقامگیری لە وڵاتدا(Nelson, 1984; Crone, 1988) . هەروەک ڤێبر (Weber, 1968) ئاماژەی بۆ دەدات، سیستەمی بیرۆکراتیکی کارا، پەیوەستە بە سیستەمی سیاسیی عەقڵانی. بەم شێوەیەیش، پشتگیریی هاووڵاتیان دەستەبەر دەکرێت. هەر بۆیەیش، لە سیستەمی تاکحزبی، یان ستەمکاردا، سەختە ئاستی پشتگیریی جەماوەی بخەمڵێنرێت. جۆنز و ئۆلکن (Jones and Olken, 2005)، لێکۆڵینەوەیان لەسەر ڕۆڵی گرنگی سەرکردەی وڵاتانی لە دۆخی گەشەسەندندا کردووە لە بووژانەوە، یان نەبووژانەوەی ئابووری و لە سیاسەتداڕشتندا. هەروەها گلەیزێر و هاوڕێکانی (Glaeser et al, 2004:271)، لەو بڕوایەدان کە "بە بەراورد لەگەڵ ڕۆڵی دامەزراوەکان، بۆ بووژانەوەیە، سەرمایەی مرۆیی گرنگترە." واتە بۆ گەشەسەندنی سیاسی، هەبوونی سەرمایەی مرۆیی وەک ڕاددەی خوێندەواری، ڕێژەی گەنج و پیری ناو کۆمەڵگە، هەبوونی شارەزا گرنگترە لە هەبوونی دامەزراوەکان، ئەگەر ئەم سەرمایەیە نەبێت، دامەزراوەکان کارا نابن و نابنە هۆی بەدیهێنانی گەشەسەندنی سیاسی.
دواتر، سەرەڕای ڕۆڵی دامەزراوەکان و نوخبە، پاوڵ و ئەڵمۆند (Almond and Powell, 1966) کهلتووری سێکیولاریان بۆ پرۆسەی گەشەسەندنی سیاسی زیاد کرد و، لەو بڕوایەدا بوون کە گەشەسەندنی سیاسی، پەرچەکرداری سیستەمی سیاسییە بۆ ئەو گۆڕانانەی کە لە ژینگەی دەرەوە و ناوەوەی سیستەم ڕوو دەدەن، بەتایبەتیش گۆڕانەکانی پەیوەست بە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە، بەشداریی سیاسی، دووبارە دابەشکردنەوەی سامانی نەتەوەیی. پێودانگەکانی ئەم پرۆسەیەیش بریتین لە لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکان، ئۆتۆنۆمیی سیستەمە لاوەکییەکان (subsystem) و بەسێکیولارکردنی کهلتوور((reiterated in Huntington, 1971:300. (واتە هانتینگتۆنیش هەمان بڕوای هەیە و لە گوتاری ساڵی ١٩٧١ لاپەرە ٣٠٠ ئەم قسەیەی کردووە) لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکان ئاماژەیە بە دابەشکردنی کارکردەکان لە نێوان یەکە لاوەکییەکاندا(subunits) . ئەم لێکجیاکارییەیش، دەبێتە هۆی هێنانەدیی ئۆتۆنۆمیی سیستەمە لاوەکییەکان و ئاڵۆزیی ڕێکخراەکان (Rueschemeyer, 1977; Dewar and Hage, 1978). دەرەنجامی گرنگ لەم هاوکێشەیەدا بریتییە لەوەی کە لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتدا، قەوارە نەژادی-نەتەوەیییەکانی تر نابنە قوربانی. بەم جۆرەیش پاوڵ و ئەڵمۆند پرسەکانی تایبەت بە کهلتووری سیاسییان هێنایە ناو باسەکانی تایبەت بە گەشەسەندنی سیاسی و، جەختیان لە ڕۆڵی گرنگی کهلتوور لە پێشکەوتن و دواکەوتندا کردەوە.
بە بۆچوونی ئەڵمۆند و پاوڵ (Almond and Powell, 1966)، چاڤێز (Chaves, 1994) و ڤێروێژ و هاوڕێکانی (Verweij et al, 1997)، چەمکی بەسێکیولارکردن ئاماژەیە بە کەمکردنەوەی دەستێوەردانی ئایین لە ژیانی تاکەکان و چالاکییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا. بەپێی بۆچوونی جابر و داوود (Jabar and Dawod (2006:281: "بەسێکیولارکردن و بنیاتنانی دەوڵەت-نەتەوە، وەک دوو پێکهاتەی لێکجیانەکراو و پێکەوەگرێدراون کە جەخت لەسەر وەفاداریی نوێ و دامەزراوەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی نوێ دەکەنەوە، کە لە سەڕووی گشت وەفادارییەکانی تر و ئەنجومەنە سیاسییەکانی ترەوە دێت."
گشت ئەم مشتومڕ و جەدەلانەی سەرەوە لەبارەی گەشەسەندنی سیاسی، ئەوە دەخەنە ڕوو کە تیۆریی گەشەسەندن چەقبەستوو (static) نییە و، بیرۆکەی نوێ لەبارەی دامەزراوەکان، نوخبە، سیستەمی بیرۆکراتیک، پشتگیریی جەماوەری و بەسێکیولارکردن دەخاتە ڕوو. زیاد لەمەیش، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠کان بۆ ١٩٩٠ەکاندا، ڕووداوگەلێک و پێودانگەلێک کاریگەرییان خستە سەر ڕەوڕەوەی توێژینەوەکانی تایبەت بە گەشەسەندنی سیاسی. مۆدێرنیزاسیۆنی خێرا و لەڕاددەبەدەری بەکارهێنان(exploitation) ی سەرچاوە سروشتییەکان، بووە هۆی سەرهەڵدانی ترس لە لەناوچوونی ئەم سەرچاوانە بەبێ چارەسەرکردنی گرفتی نایەکسانیی ئابووری، هەژاری، کێشەکانی تەندروستی و دابینکردنی پەناگە. بە درێژاییی ساڵانی نێوان ١٩٨٠کان و ١٩٩٠ەکان، چەمکی نوێی گەشەسەندنی بەردەوام سەری هەڵدا، تا لە پاڵ چەمکە بەرایییەکانی گەشەسەندن، ئەولەوییەت بەم ڕەهەندانەی سەرەوە لە گەشەسەندن و پاراستنی ژینگە و مرۆڤ، بدات.
چەندین ڕاپۆرتی جۆراوجۆر وەک: (Report of the United Nations Conference on the Human Environment, 1972)) یا خود ڕاپۆرتی (The World Conservation Strategy, Living Resources Conservation for Sustainable Development, 1980)، هەروەها ڕاپۆرتی (Report of the World Commission on Environment and Development: Our Common Future (1987 کە بە کۆمیسیۆنی برانتلەند (Brundtland Commission) ناسراوە و یەکەم ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە جەختی لەسەر لایەنی مرۆیی و ژینگەیی و ئابووری و پێکەوەگرێدانیان لە گەشەسەندندا کرد، کە ئاماژەیەک بوو بۆ گرنگیی حکوومەتی بەرپرسیار لە هێنانەدیی گەشەسەندندا. توێژینەوەکانی گەشەسەندنی بەردەوام(sustainable development) ، بەم دەرەنجامە گەیشتن کە بۆ هێنانەدیی گەشەسەندن، پێویستە ڕەهەندەکانی گەشەی ئابووری، لەخۆگرتنی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگە لەخۆ بگرێت و گشتیان بە ڕەهەندی سیاسەتی بەرپرسیارانەوه گر بدرێن(SDSN, 2015:4) . بەم جۆرەیش لێکۆڵینەوەکانی گەشەسەندنی سیاسی، سنوورەکانی بەرفراوانتر کران تا جەخت لەسەر پاراستنی ژینگە و پاراستنی مافی نەوەکانی داهاتوو بدات.
لە کۆتاییی جەنگی سارد، چەمکی حوکمڕانیی باش بۆ ئاماژەدان بە قەیرانەکانی ساڵی ١٩٨٩ لە وڵاتانی خوارووی ئەفریقا لە لایەن بانکی جیهانییەوە بەکار هات. دواتر ئەم چەمکە لە لایەن نووسەرانەوە وەک ئامرازێک بۆ بەدیموکراسیکردن ئاماژەی پێ درا. پێنوێنهكانی حوکمڕانی لە جیهاندا (Worldwide Governance Indicators,)، شەش ڕەهەندەکەی حوکمڕانیی باش کە لە دهرهنجامی توێژینەوە لەسەر ٢١٥ سیستەمی ئابووریی وڵاتان لە نێوان ساڵانی ١٩٩٦ تا ٢٠١٣ دامەزراوە، بریتین لە (Weiss, 2000; Santiso, 2001; Doornbos, 2010; WGI, 2013):
١. هەبوونی دەنگ و لێپێچینەوە (voice and accountability)
٢. سەقامگیریی سیاسی و نەبوونی توندوتێژی (political stability and absence of violence)
٣. کاراییی حکوومەت (government effectiveness)
٤. ئاستی ڕێکخستن و ئیدارەدان (regulatory quality)
٥. ڕۆڵی یاسا (rule of law)
٦. کۆنترۆڵکردنی گەندەڵی (control of corruption).
لە ناوهڕاستی ساڵانی ١٩٧٠کاندا، هەندێ وڵات بەرەو سیستەمی دیموکراسی هەنگاویان نا، کە هانتینگتۆن (Huntington, 1991) ئەم شەپۆلەی چوون بەرەو دیموکراسی، بە "شەپۆلی سیێەمی دیموکراسی" ناو دەبات. سەرهەڵدانی ئەم بیرۆکەیە، هاوکات بوو لهگهڵ ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و چاپبوونی پەرتووکی فۆکۆیاما بە ناوی "کۆتاییی مێژوو و دوایین مرۆڤ" لە ساڵی ١٩٩٢دا، هەروەها برەوسەندنی پێوەری گەشەی مرۆیی (Human Development Index) لە ساڵانی ١٩٩٠ وەک پێودانگێکی تر لە پێوانی گەشەسەندندا؛ کە بۆ هەڵسەنگاندنی تواناییی حکوومەت، جەخت لە سەر پێوەری ئۆمێد بە ژیان لە لایەن تاکەکانەوە، پەروەردە و خوێندەواری و داهاتی تاکەکەسی دەکاتەوە. گشت ئەم ڕووداوانە کاریگەریی لەسەر ڕوانگەی کۆمەڵێک توێژەری بواری گەشەسەندن نواند و، بووە هۆی هاتنەدیی ئاراستەی تیشکخستنە سەر دیموکراسی. بۆ نموونە، ئاسمۆغلو و ڕۆبینسن (Acemoglu and Robinson,2006)، هەر دوو چەمکی بەدیموکراتیزەکردن و گەشەسەندنی سیاسی بە هاوواتای یەکتر بەکار دێنن.
گشت ئەم گۆڕان و ڕووداوانە، بوونە هۆی ئەوەی کە توێژەران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەو دەرنجامە بگەن کە گەشەسەندن خۆی لە خۆدا ئامانج نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ هێنانەدیی ئامانجگەلێک و، چەقی ئەم ئامانجانەیش بریتییە لە مرۆڤ (Kingsbury, 2007:16; UNDP, 1990). واتە، پێویستە گەشەسەندن لە خزمەت هێنانەدیی ئامانجەکانی مرۆڤدا بێت.
بەڵام، واقع جیاوازە لە لایەنی ئەخلاقیی بیرۆکەی گەشەسەندن. هەروەک مێژوو نیشان دەدات، زۆر جار بیرۆکەی گەشەسەندن، بە گرێدانی بە ئایدیۆلۆژییەکهوه، دەرەنجامی نەرێنیی لێ کەوتۆتەوە. بۆ نموونە، بانکی جیهانی و دامەزراوەکانی سەر بەم بانکە، لە ڕێگەی پارەدارکردنی پرۆگرامەکانی گەشەسەندن، یارمەتیی دارایی و ئابووریی وڵاتانی هەژار و لاواز دەدات، ئەویش بەپێی ئەو مەرجانەی کە خودی بانکی جیهانی دای ناوە، بەتایبەتیش مەرجهكانی وەک بەتایبەتکردن و بەلیبراڵکردنی کەرتی ئابووری (Bradshaw and Huang, 1991; Hills, 1994). ئەم مەرجانە، دەکرێت لە بری یارمەتیدانی وڵاتانی هەژار، ئەم وڵاتانە زۆرتر ڕووبەڕووی قەرز و دواکەتوویی بکاتەوە.
وێلزێل و هاوڕێکانی (Welzel et al, 2003:341-342) و ئینگێلهارت و وێلزێل (Inglehart and Welzel, 2000)، بگۆڕەکانی گەشەسەندنی سیاسی بە سێ ڕەوڕەوەی (trajectory)گەشەسەندن گرێ دەدەن و، بە "تیۆریی گەشەسەندنی مرۆیی" ناوی دەبەن: یەکەم، ڕەوڕەوەی کۆمەڵایەتی-ئابوورییە کە داهێنانی تەکنۆلۆژی، بووژانەوە لە بەرهەمهێنان، باشترکردنی دۆخی تەندروستیی تاک و ئۆمێد بە ژیان، زیادبوونی داهات، بەرزبوونەوەی ئاستی پەروەردە، دەستگەیشتن بە زانیاری و گەشەی ڕاددەی ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی (واتە گوزار لە کۆمەڵگەی سادەی وەک گوند و پەیوەندییە سادەکانی وەک خزمایەتی بۆ کۆمەڵگەی ئاڵۆزی وەک شار و پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی ناو شار) لەخۆ دەگرێت. دووەم، ڕەوڕەوەی گۆڕینی بەهاکانە، کە بەرفراوانبوونی سنووری بازاڕ، بازرگانی و مۆبیلیزەکردنی کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت. سێیەم ڕەوڕەوە، بریتییە لە وەرچەرخانی دامەزراوەکان بەرەو دامەزراوە دیموکراسییهكان. بە بۆچوونی وێلزێل و هاوڕێکانی (Welzel et al, 2003)، بۆ گەیشتن بە گەشەسەندنی سیاسی، پێویستە ئەم سێ پێوەرە (criteria) بەدی بهێنرێن. سەرەڕای ئەمەیش، پێویستە پەیوەندییە دەرەکییەکان و ململانێ لە نێوان هێزە سیاسییە جیهانییەکان ڕەچاو بکرێت.
دواتر، توێژینەوەکانی گەشەسەندنی سیاسی بەرفراوانتر بوون، تا کۆمەڵێک ڕەهەندی تری گەشەسەندن لەخۆ بگرن. بەم جۆرەیش، بناغەی تیۆریی گەشەسەندن بەرفراوانتر بوو. ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە کۆکردنەوەی گشت ئەم بۆچوونانە لە چوارچێوەی تەنیا یەک تیۆریدا کارێکی قورس بێت. پایتیرس (Pieterse, 2010:92)ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم ڕەهەندە نوێیانە کە ئەو بە "گەشەسەندنی بەدیل (alternative development) ناوی دەبات، تیۆریی گەشەسەندنی سیاسییان دەوڵەمەندتر کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەم تیۆرییەی دابەش کردووە.
بەکورتی، گرنگە ئەوە بخرێتە ڕوو کە چۆن ڕەگەزە جیاوازەکانی گەشەسەندن، کارلێکەری لەگەڵ یەکتردا دەکەن. ئەو قۆناغە بەسەر چوو، کە توێژەران گریمانەی گشتگیریان دەخستە ڕوو، کێشەی وڵاتانی گەشەنەسەندوویان بۆ تەنیا فاکتەری ئابووری دەگهڕاندەوە و تەرکیزیان لەسەر ئەولەوییەتی بووژانەوەی ئابووری دەکرد. ئەمڕۆکە، گرنگیی ڕۆڵی خەسڵەتە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکان، ناکرێت پشتگوێ بخرێت. هەنووکە لە توێژینەوەکانی گەشەسەندندا، تەرکیز دەکرێتە سەر لایەنی نائابووری، خوێندنەوەی وڵاتان بە جیا و پەیوەندییان لەگەڵ سیستەمی جیهانیدا، توێژینەوە لەسەر جیاوازییە کۆمەڵایەتی، کهلتووری و جێندەرییەکان و ڕوونکردنەوەی بەربەستەکانی گەشەسەندنی سیاسی لە هەر وڵاتێک بە جیا لە وڵاتانی تر (Portes, 1976; Martinussen, 1997). ئەمەیش هەم بە مانای بەرفراوانبوونی بەستێنی توێژینەوەکانی گەشەسەندن دێت، هەمیش بە مانای تیشکخستنە سەر کیشە و گرفتی وڵاتان بە جیا و خۆپاراستن لە گەیشتن بە دەرهنجامی گشتگیرانە.
گریمانە(premise) ی نوێی تیۆرییەکانی گەشەسەندنی سیاسی، بریتییە لە جۆراوجۆری (diversity). هەنووکە، بیرۆکەی "مۆدێرنیتەی فرەڕەهەند" بە شێوهیهكی بەرفراوان لە گەشەسەندندا بەکار دێت و خەسڵەتێکی پراگماتیکیی بە تیۆرییەکانی گەشەسەندنی سیاسی بەخشیوە. دەکرێت ڕەخنە لەوە بگیرێت کە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی دەرەوەی وڵاتێک، بەرپرسیار بن لە گەشەنەسەندنی وڵاتێک. هەر بۆیەیش وەک پەرچەکردارێک تیۆرییەکانی وابەستەیی، سەریان هەڵدا، کە تیشک دەخەنە سەر فاکتەرە دەرەکییەکان، وەک فاکتەری سەرەکی لە هێنانەدیی گەشەنەسەندن. بەم جۆرەیش ئەگەرچی قوتابخانەی وابەستەیی لە دژی بیرۆکەکانی تیۆریی گەشەسەندنی سیاسیدا سەری هەڵدا، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەچاوی بارودۆخی هەرێمی و پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی کرد و، توێژینەوەی لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم پەیوەندییانە لەسەر گەشەسەندنی وڵاتاندا خستە ڕوو. لەگەڵ ئەمەیشدا، توێژینەوەکانی تایبەت بە قوتابخانەی وابەستەیی، هەروەک توێژینەوەکانی مۆدێرنیتە، جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئابووری، تاکە فاکتەرە لە گەشەسەندن و دواکەوتنی وڵاتان؛ ئەگەرچی دواتر ئەم قوتابخانەیە پێداچوونەوەی بە بۆچوونەکانی خۆیدا کرد.