لە بەشی ڕابردوو، باس لە بۆچوونەکانی لێرنێر لەسەر مۆدێرنیتە کرا. لەم بەشە و بەشەکانی داهاتوودا، بۆ باشتر ئاشنابوون لەسەر بۆچوونەکانی لێرنێر سەبارەت بە مۆدێرنیتە و پیادەکردنی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، تیشک دەخەینە سەر ئەو شەش وڵاتانەی کە لێرنێر توێژینەوەی تێدا ئەنجام دا.
تورکیا: لە ڕابردووە بەرەو داهاتوو
لێرنێر دوو بەشی پەرتووکی بۆ تورکیا تەرخان کردووە: بەشێک سەبارەت بە ڕابردوو و ئەوی تر سەبارەت بە داهاتوو. بە کۆکردنەوەی ناونیشانی هەر دوو بەشەکە، ئەو بەم جۆرە ئاماژە بە تورکیا دەدات "تورکیا لە ڕابردووە بەرەو داهاتوو". بە بڕوای ئەو، تورکیا هێشتا نەبووە بە کۆمەڵگهیەکی مۆدێرن، هاوکات کۆمەڵگهیەکی تەقلیدییش نییە؛ واتە لە دۆخی گوزار بەرەو مۆدێرنیتەدایە. تورکیا کۆمەڵگهیەکە کە هەنۆکە لە بری "سوڵتان"، "سەرۆک" حوکمی دەکات، قوتابیان لە بری ئەزبەرکردنی قورئان فێرە خوێندن و نووسین دەبن، لە بری شەڵوار، پانتۆڵ لەبەر دەکرێت و ئافرەتان بە تەنوورە و بێ لەچکە دەردەکەون، لە بری یاسا قورئانییەکان، یاسای سێکیولار حوکم دەکات و، وێستگەی ڕادیۆ لە سەرتاسەری وڵاتدا دروست کراوە و تەنانەت سوپای مۆدێرنی تورکیا، لە کۆریا خەریکی جەنگە.
یەکەم هەنگاو لە مۆدێرنیزاسیۆنی تورکیا، لە ڕێگەی ئامرازەکانی پەیوەندییەوە (communication) دەستی پێ کرد، وەک: ڕێگهوبان، ڕادیۆ، تەلهڤزیۆن و ئۆتۆمۆبێل. بڵاوبوونەوەی ئامرازەکانی پەیوەندیکردنیش پێویستیی بە بوونی خوێندەواری هەبوو. خوێندەوارییش کەسایەتییەکی بزۆک دروست دەکات کە لە نێوهندیدا تاک ڕاستەخۆ بە ناوەندی دەرکردنی بڕیار و دەسەڵاتی سیاسییەوە (لە ڕێگەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنەوە) گرێ دەدرێت. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ٩٠٪ی کۆمەڵگهی تورکیا لە تاکی نەخوێندەوار پێک دەهات. بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە، ئاتاتورک لە گوندەکاندا، "خانووی خەڵک"ی (Halk-evleri) بنیات نا.
ئەم خانووە لە لایەن نوێنەرێکی حزبەوە بەڕێوە دەبردرا. چونکە خەڵک نەخوێندەوار بوو، ئاتاتورک لە هەر خانووێک ڕادیۆیەکی دانا و، گوندنشینان بە کۆبوونەوەی لە خانووی خەڵک، هەم ئاگایان لە جیهانی دەرەوە دەبوو، هەمیش ئاگاداری بۆچوون و بەرنامەکانی حزب دەبوون. بەم شێوەیەیش نەک لە ڕێگهی کەسی دووەم و سێیەمەوە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ڕادیۆوە خەڵک گوێبیسی هەواڵەکان دەبوو. واتە سەرچاوە کۆنەکانی هەواڵ کە زۆرتر خودی خەڵکی گوند بوون و خەڵک لە ڕێگەی شەفەهییەوە (زمان) هەواڵەکانی دەبیست و هەواڵەکان زۆرتر سەبارەت بە ڕووداوە ناوخۆیییەکان بوون، لەبەین چوون. بەم شێوەیە خەڵک ڕاستەوخۆ ئاگای لە جیهانی دەرەوە دەبوو و هێدی هێدی هێزی کەسایەتییە تەقلیدییەکانی وەک موختار و ڕیشسپی و سەرچاوە تەقلیدییەکانی هەواڵ وەک پیاوی ئایینی، بازرگان و موختار، لەناو دەچوون. بەم شێوەیەیش لە تورکیا پرۆسەی مۆدێرنیتە دەوڵەت-تەوەر (state-way) بوو. لەگەڵ گشت ئەم هەوڵانەیش، تا سەرەتای ساڵی ١٩٥٠ نزیکەی ٨٠٪ی کۆمەڵگهی تورکی، هاوشێوەی سەرەتای ساڵانی دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی تورکیا دەژیان. بەپێی توێژینەوەکان، شارنشینی، کە لە ڕوانگەی لێرنێرەوە یەکەم فاکتەری مۆدیرنیزاسۆن بوو، تەنیا ڕۆژاوای تورکیای گرتبووەوه؛ بزۆکیی جوگرافیی زۆر کەم بوو. بەپێی ئاماری ساڵی ١٩٤٥، لە کۆی گشتیی ١٦.٢ میلیۆن تورک، تەنیا ١.٧ میلیۆن لە پارێزگهی جیاواز لەدایک ببوون و گەورە ببوون؛ ئەوانی تر، تەنانەت لە پارێزگهی خۆیان نەچووبوونە دەرەوە.
لێرنێر دەڵێت، بە هۆی ئەم ئامرازانەوە کۆمەڵگهی تورکیا بۆ سێ بەش دابەش بووە: مودێرن، لە دۆخی گوزار و تەقلیدی. بەشی تەقلیدی، کەمترین بەشداریی سیاسیی هەیە و زۆرترین ڕێژەی دانیشتووان پێک دێنن. بە بڕوای لێرنێر، بەپێچەوانەی میسر کە کێشەی زۆری ژمارەی دانیشتووانی نیشتەجێی لە شارەکانی هەبوو، تورکیا ئەم کێشەیەی نەبوو. هەر بۆیەیش حکوومەتی میسری ئەو کات، کێشەی ئەوەی هەبوو کە چۆن دانیشتووانی شار کۆنترۆڵ بکات، بەڵام لە تورکیا ئاتاتورک لە بری ئەوەی پەرە بە شارنشینی بدات، هەوڵی دا بەها تەقلیدییەکان کە لە گوندەکاندا مۆڵ درابوون پەلکێش (جذب)ی ناو پرۆسەی مۆدێرنیتە بکات. هەر بۆیەیش ئەو، خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بۆ گوندەکان دابین کرد، تا لەم ڕێگەیەوە لە بری شارنشینی و خەرجییەکانی شار، پەرە بە گوند و بەها مودێرنەکان لەناوی خودی گوندنشیناندا بدات. بۆیەیش دەبینین کە جیا لە ئاو و کارەبا و ڕێگەوبان، خزمەتگوزاریی بانکییش بۆ جوتیاران دادەمەزرێنێت: بانکی کشتوکاڵی بنیات دەنێت و، لە پاڵ ئەمەیش خزمەتگوزارییەکانی خوێندن و پەروەردە بۆ گوندنشینان فەراهەم دەکات. هەروەها بەپێچەوانەی میسرەوە، کە خۆی گیرۆدەی جهنگی سارد کردبوو، تورکیا خۆی لەم کێشەیە هەڵنەقوڕتاند. بەم پێیەیش، گوشارەکانی سەر حکوومەتی تورکیا بۆ هانگاونان بەرهو مۆدێرنیتە، بە بەراورد لەگەڵ میسر، کەمتر بوون.
لە تورکیا پرۆسەی شارنشینی، بەگوێرەی پێداویستییەکانی شار گەشەی سەند. ئەو کەسانەی کە بۆ شارەکان کۆچیان دەکرد دەیانتوانی کاری نوێ بدۆزنەوە و نەبنە بارگرانی بهسەر شارهوه، یاخود بەپێچەوانەوە نەبنە هۆی چۆڵکردنی گوندەکان. هەر بۆیەیش بە دابەزینی ڕێژەی ٥٪ی دەستی کار لە کەرتی کشتوکاڵدا (کشتوکاڵ، دارستان و بەخێوکردنی ماسی) بە هەمان ڕێژە لە شارەکاندا، کەرتی پیشەسازی، بازرگانی و کارگێڕیی گشتی پەرەی سەند. هاوکات ئەم ئاڵوگۆڕییە لە تورکیا، بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی داهاتی تاکەکەسی، واتە بووژانەوەی ئابووری. لە پاڵ گشت ئەمانەدا، خودی حکوومەتی تورکیا ئامرازی پەیوەندیکردن، واتە "ڕادیۆ"ی لە نێوان گوندنشیناندا دابەش کرد. لێرنێر، لەگەڵ ئەودا نەبوو کە حکوومەت ڕادیۆ لەناو خەڵکدا دابەش بکات، چونکە بەم جۆرە حکوومەت تەنیا باسی لە پلان و ئایدیۆلۆژیی خۆی دەکرد. بۆیەش دەبینین کاتێک کە هەندێ ڕۆژنامە ڕەخنە لە پلانەکانی حکوومەت دەگرن، سەرنووسەر و ڕۆژنامەوانان ڕووبەڕووی دادگه و زیندان دەبنەوە.
بەپوختی، فراوانبوونی میدیا، لە پاڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری، بووە هۆی هێنانەدیی چوارچێوەی بەرهەمهێنان-بەکارهێنان (production-consumption) لە کۆمەڵگهی تورکیادا کە بەردی بناغەی پرۆسەی مۆدێرنیتەی لەم وڵاتەدا داڕشت. دواجار گشت ئەم گۆڕانکارییانە، دەبنە هۆی گۆڕینی ڕەفتاری تەقلیدیی کۆمەڵگهی تورکیا. لەگەڵ ئەمەیشدا، ئەم پرۆسەیە، پرۆسەیەکی ئاسان نییە، چونکە تا هەنۆکەیش چینی تەقلیدیی کۆمەڵگه کەمترین سوود لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن وەردەگرن و کەمترین پەیوەندییشیان لەگەڵ جیهانی دەرەوەی کۆمەڵی خۆیان (گوند، یان خێڵ) هەیە. بەڵام بە هۆی پرۆسەی مۆدێرنیتە کە لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە دەستی پێ کردووە و بە هۆی گۆڕینی دامەزراوەکان لە دامەزراوەی ئایینی-عوسمانی بۆ دامەزراوەی سێکیولار-تورکی، لە ڕێژەی چینی تەقلیدیی کۆمەڵگه کەم دەبێتەوە و لە ڕێژەی چینی لە دۆخی گوزاردا (کە لەو سەردەمەدا ٣٠٪ی دانیشتووانی تورکیای پێک دههێنا) بەرەو مۆدێرنیتە زیاد دەبێت. سەرەڕای ئەمەیش، تا هەنۆکە خودی ئەم چینە، بەهاگەلی وەهایان بنیات نەناوە کە ببنە شوێنگرەوەی بەهای کۆن، بۆیەیش لە دۆخێکی دەروونیی ناسراو بە دەمدەمیبوون (ambivalent)دا دەژین. ئەم خەسڵەتەیش وا دەکات کە تاک لە هەمبەر بەها نوێیەکاندا لە دۆخێکی بێبڕیاری، نادڵنیایی و دوودڵی (self-contradictory)دا بژیت. گشت ئەمانەیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەوتی مۆدێرنیتە دروست دەکەن.
لوبنان:
لێرنێر بۆ لوبنان نازناوی دوو جیهان لە پانتایییەکی بچووکدا (Lebanon: Two world in small compass) بەکار دێنێت. لە کاتی ئەنجامدانی توێژینەوەکە، لوبنان بە مودێرنترین وڵاتی ئەو ناوچەیە هەژمار دەکرا و، لە دوای ئەو تورکیا دەهات. لەو سەردەمەدا، لوبنان لە ڕووی کشتوکاڵ و بەپیشەسازییبوون و سەربازییەوە پێشکەتوو نەبووە، بەڵام ڕێژەیەکی بەرزی شارنشینی، خوێندەواری و بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی هەبووە.
بە بۆچوونی لێرنێر، لە ڕووی مێژوویییەوە، لوبنان وڵاتێک بووە کە ئالۆگۆڕی بازرگانی و کارگێڕی و کۆچکردنی لەگەڵ جیهانی دەرەوە هەبووە. مەسیحییەکانی لوبنان لەگەڵ جیهانی مەسیحییەتی ئەوروپیدا لە پەیوەندیدا بوون. ئەم ئاڵوگۆڕە ئایینی، ئابووری و کهلتوورییە، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەبی، گۆڕانکاریی بەسەر سیماکانی ژیانی لادێنشینی لە لوبناندا هێنا. بە بڕوای لێرنێر، کۆمەڵێک فاکتەر لوبنانی هان دا کە بەرەو مۆدێرنیتە هەنگاو بنێت:
یەکەم: فاکتەری بەڕۆژاواییکردن
بە درێژاییی مێژوو، لوبنان مەڵەبندی بازرگانی (entrepot) و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکان بووە؛ ئەمەیش، بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری لەم وڵاتەدا. بوونی زانکۆی بیانی، فرۆکەخانە و گرێدانی کۆنفڕانسی جیهانی لەم وڵاتە، کۆمەڵگهی لوبنانی بەرەو کۆمەڵگهیەکی کراوە هان دا. بۆ لێرنێر، خاڵی سەرەکیی مۆدێرنیزاسیۆن لە لوبنان بۆ ڕەشەکوژیی مەسیحییەکان بەدەست دەروزەکان (دەروزەکان گروپێکی ئەتنیکین کە لە لوبنان دەژین) لە ساڵی ١٨٦٠دا دەگەڕێتەوە. دوای ئەم کارەساتە، زلهێزە ئەوروپییەکان ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمییان بۆ مەسیحییەکان دروست کرد و دامودەزگهی سیاسی-کارگێڕییان دامەزراند. ئەمەیش بووە هۆی پێشکەوتنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لوبنان؛ بە شێوەیەک کە لوبنان وەپێش گشت هەرێمەکانی تری ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتورییهتی عوسمانی کەوت. بە بڕوای لێرنێر، مەسیحییەت و بەڕۆژاواییبوون پێکەوە لە لوبنان گەشەی سەند. تەنانەت یەکەم ڕۆژنامەی عەرەبی لە سەدەی هەڤدەیەم، لەسەر دەستی کەسێکی مارۆنی کە لە ڕۆم خوێندبووی، دەرکرا. هەروەها، یەکەمین قوتابخانە لە ساڵی ١٧٨٩ لە لایەن کەسێکی مارۆنی کە لە ئیتاڵیا خوێندبووی، دامەزرا. زیاد لەمەیش، بە هۆی داخراوەییی سیستەمی میللەت (millet system) (سیستەمی میللەت واتە سیستەمێک کە بە هۆیەوە گشت موسڵمانەکان لە هەر نەتەوەیەک بن بە یەک میللەت واتە میللەتی موسڵمان هەژمار دەکران) لە ئیمپراتورییهتی عوسمانیدا، مۆدێرنگەرایی لە لایەن مەسیحییەکانەوە، خێراتر بوو لە موسڵمانەکان، چونکە مەسیحییەکانی لوبنان کەناڵەکانی ڕۆشنگەرییان لەبەردەست بوو، واتە: قوتابخانە، ڕۆژنامە و پەیوەندیی دەرەکی و، بەم جۆرەیش توانییان بەرەو گۆڕانی کۆمەڵایەتی هەنگاو بنێن. ئەم کەناڵانەیش لە لایەن موژدەبەخشە ئەمریکی و ئەوروپییەکانەوە پارەدار دەکران. هاوتەریب، ئیمپراتورییهتی عوسمانی دەستی بە مۆدیرنکردنی بواری سەربازی کردبوو. بەڵام ئەم دوو جۆرە مۆدێرنیتەیە، دوو ئامانجی جیاوازیان هەبوو، تا وای لێ هات لە لوبنان مەسیحییەکان، کە ٣٠٪ی کۆی گشت دانیشتووانی لوبنان بوون، بەڵام ٧٠٪ی خوێندەوارانی پێک دههێنا.
لە کاتێکدا کە لە لوبنان مەسیحییەت، ڕۆشنگەریی بۆ ناو ئەم وڵاتە هێنا، مۆدێرنیزاسیۆنی سیاسیی لوبنان میراتی فەڕەنسایە. بریتانیا و ئەمریکییەکانیش لە بواری بازرگانی و پەروەردە (خوێندەوارکردنی مەسیحییەکان) چالاکییان دەگێڕا. فەڕەنسیەکان یاسای نوێیان داڕشت و نەزمی کۆمەڵایەتییان بەرقەرار کرد. هەروەها فەڕەنسییەکان، ڕێگهوبان، بەندهر و کارگەی چیمەنتۆ و ئاوریشەمیان دروست کرد. گشت ئەم هۆکارانەیش، بوونە هۆی هاتنەکایەوەی بزۆکی (mobility)ی تاکی لوبنانی و کۆچکردن لە گوندەکان بەرەو شارەکان و بەرهو جیهانی دەرەوە. کەواتە، پەیوەندی (communication)ی لوبنانییەکان، بەتایبەتیش مەسیحییەکانی ئەم وڵاتە، یەکێک لە هۆکارەکانی مۆدێرنیتەی ئەم وڵاتە بووە.
فاکتەری دووەم: میدیا و دۆخی کۆمەڵایەتی (media and status)
لێرنێر لێرهدا باس لە ڕۆڵی گوێگرتن لە ڕادیۆ دەکات، کە چۆن تاکەکان هان دەدات کە بەدوای ڕووداوەکان بکەون و هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر کهلتوور و ڕووداوەکانی جیهانی دەرەوە بدهن؛ بەتایبەتیش ئەو کەسانەی کە زمانی تری بیانیی وەک فەڕەنسی و ئینگلیزی دەزانن. بەپێی ئەو توێژینەوەیهی کە لێرنێر سەبارەت بە لوبنان ئەنجامی داوە، دەردەکەوێت کە ئەو کەسانی گوێ لە ڕادیۆ دەگرن، هاوکات هەوڵ دەدن دەستیان بە میدیای تر، وەک ڕۆژنامە و گۆڤار، بگات. بە بڕوای لێرنێر، ئەوانەی کە گوێ لە میدیای بیانی (ڕۆژاوا) دەگرن، بوونە بە هەڵگری بەهای ڕۆژاوایی و، هاودڵی (Empathy) لە هەمبەر بەهاکانی ڕۆژاوا لە خۆیان نیشان دەدەن کە بەهایەکی مۆدێرنە و، دژی ڕۆژاوا ناوەستنەوە؛ تەنانەت ئەوان گوێ لە مۆسیقای ڕۆژاوایش دەگرن.
فاکتەری سێیەم: هەڵگرانی بۆچوونی نوێ لە ناوچە گوندنشینەکانی لوبنان
بە هۆی سەرچاوی نوێی زانیاری و بۆچوونی نوێ، ژیانی لادێنشینی لە لوبنان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لێرەدا لێرنێر باس لەوە دەکات کە چۆن هاتنی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بۆ ناو گوند، بووە هۆی سەرچاوەیەکی نوێی زانیاری و، پەیوەندیی نێوان ئەندامانی گوند گۆڕانی بەسەردا هات. واتە چیتر کەسێکی وەک موختار، یان گەورەی گوند، سەرچاوەی زانیارییەکان نەبوون. هەروەها کۆچی نەوەی نوێ لە گوندەوە بەرەو شار و وەرگرتنی بەهاکانی شارنشینی و خوێندەواری کە دەبنە هۆی بەرزبوونەیوەی ئاستی داهاتی تاکەکەس، ئەم نەوە نوێیەی وەک ڕێبەرانی تازە سەرهەڵداو و داهێنەری بۆچوونی نوێ لە گوندەکاندا نیشان دەدات. هاوکات ئەم نەوە نوێیە هەم بەها تەقلیدییەکانی گوند پشتگوێ دەخەن و، هەمیش بەهای نوێی مۆدێرن بۆ ناو گوندەکان دەگوازنەوە. ئەم ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ چوونەناوەوەی حزبی سیاسی بۆ ناو گوندەکان. ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە سیاسەتمەدار و یاساناسان، شوێنی دەستڕۆیشتووه کۆنەکانی گوند (موختار و ڕدێنسپی) بگرنەوە و، دەبنە سەرچاوەی نوێی زانیاری. هاوکات گوندیش دەچێتە چوارچێوەی پرۆسەی بەشداریی سیاسییەوە.
فاکتەری پێنجەم: ئافرەت و میدیا
لێرنێر باس لەوە دەکات کە چۆن ئافرەت لە کۆمەڵگهی تەقلیدیدا بە "شەرەفی خێزان" هەژمار دەکرێت و، لە دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتیدا کەمتر لە پیاو بەشدارە و لە دۆخێکی پەراوێزدا دەژیت. لێرنێر، ئاماژە بە نموونەکانی وەک باڵاپۆشی و نیقاب و جیاوازیی ڕەگەزی لە نێوان ژن و پیاو و کهلتووری خۆبەگەورەزانینی پیاو (male vanity culture) لە کۆمەڵگهی ڕۆژهەڵاتی ناڤین (کۆمەڵگهی زۆرینەی موسڵماننشین) دەکات. تەنانەت سیستەمی پەروەردەیش لەسەر ئەم بەها دواکەتووانە دامەزراوە. لێرنێر تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن بیروباوڕی ئایینی لە لایەن خودی ڕەگەزی مێیینەوه قبووڵ کراوە کە ئەو ڕەگەزێکی خوارووترە لە پیاو. لێرنێر، لە توێژینەوەکەیدا چاوپێکەوتن لە نێوان ئافرەتی خوێندەوار و نەخوێندەوار ئەنجام دەدات. ئەو، ئافرەتی خوێندەوار بە مۆدیرن ناو دەبات. بەپێی ئەنجامی توێژینەوەکە، ئافرەتە خوێندەوارەکان زووتر بەهای جیهانی مۆدێرن (ئەمریکا) و پێگەی مۆدێرنی ئافرەت قبووڵ دەکەن، لە کاتێکدا کە ئافرەتە نەخوێندەوارەکان ئەم پێگە و بەهایانە ڕەت دەکەنەوە.
بە بڕوای لێرنێر، چوونە ناو پرۆسەی مۆدیرنیتە لە لایەن ئافرەتی لوبنانییەوە، بە هۆی بەهاکانی لوبنان، یان بزاڤە فێمینیستەکانەوە نەبووە، بەڵکوو بە هۆی دەستگەیشتن بە ئامرازەکانی پەیوەندیی ڕۆژاواوە (western communications) بووە. بەڵام ڕادیۆ و تەلهڤزیۆن و بینینی فیلمی ئەوروپی، ئەم ئافرەتانەی هان دا کە چۆن بەدوای بەهای مۆدێرندا بکەون. بە بڕوای لێرنێر، دۆخی ئافرەت لە لوبنان، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەب زۆر باشترە و، بە لانی کەمەوە ئافرەت وەک بارگرانییەک وێنا ناکرێت، بەڵکوو بە خاتوونی ماڵ (mistress of the house) هەژمار دەکرێت و، لە ساڵی ١٩٥٣دا توانییان بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا بکەن.
ئافرەتە مەسیحییەکانی لوبنان لە ڕێگەی دوو قوتابخانەوە، کە لە لایەن موژدەبەخشەکانەوە بنیات نرابوون، فێری خوێندەواری کران. لە ساڵانی ١٨٣٠دا، دوو قوتابخانەی تایبەت بە کچان لە لایەن ئەم موژدەبەخشانەوە کرانەوە. لە ساڵانی ١٨٦٠دا، قوتابخانەی ئەمریکی بۆ کچان دامەزرا. لە ساڵانی نێوان ١٩٢١-٢٣ زانکۆی ئەمریکی دەرگهی بە ڕووی قوتابییە کچەکاندا کردەوە. گشت ئەم گۆڕانکارییانە، بوونە هۆی سەرهەڵدانی "پرسی ئافرەت" لە لوبناندا.
لە کۆتاییدا، سەبارەت بە لوبنان لێرنێر بەم دەرنجامە دەگات کە گشت ئەو فاکتەرانەی کە لە سەرەوە باسمان کردن هێندە بەهێز نین کە بتوانن سەقامگیری و دیموکراسی لە لوبنان جێگیر بکەن. بە بڕوای لێرنێر، سیستەمی سیاسیی لوبنان و سەرکردەکانی، لە نێوان دووڕییانی کهلتووری عەرەبی-ئیسلامی و کهلتووری مەسیحی-مۆدێرندا دەژین کە ناتوانن واز لە هیچ یەک لەم دوو کهلتوورە بهێنن. لە دەرنجامدا، لوبنان بووە بە کۆمەڵگهیەک کە هەندێ خەسڵەتی سیاسیی ڕۆژاواییی لەخۆ گرتووە. سیستەمی ئابووری بەئەوروپی کراوە، بەبێ ئەوەی هیچ کۆنترۆڵێکی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەم سیستەمە بوونی هەبێت. ئەمەو سەرەڕای کێشەی مەسیحی-موسڵمان و، ههروهها پۆستە سیاسی و کارگێڕییەکان لەم وڵاتەدا بەپێی پێوەری ئایین و ئایینزا دابەش کراون؛ ئەگەرچی سەندیکا و ڕێکخراو و حزبە سیاسییەکان هەوڵ دەدەن ئەم لێکدابڕانە تائیفییە لەناو ببەن. سەرەنجام لیرنێر ئاماژە بەوە دەکات کە "هیچ کۆمەڵگهیەکی مۆدێرن ناتوانێ کارکردی کارای (سیستەمێکی لێهاتووی هەبێت) هەبێت بەبێ هەبوونی سیستەمێکی مۆدێرنی پەیوەندیی گشتی (public communication)؛ ئەمەیش گرنگیی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە هێنانەدیی کۆمەڵگهیەکی مۆدێرن دەخاتە ڕوو" (P, 213).