بیرۆکەکانی هێربێرت سپێنسێر لە بواری توێژینەوەکانی کۆمەڵناسی، مۆدێرنیتە و گوازر لە کۆمەڵگهی تەقلیدی بەرەو کۆمەڵگهی مۆدێرن زۆر سوودی لێ وەردەگیرێت. هاوکات ناتوانین بڵێین کە ئایا ئەو، سەر بە قوتابخانەی کامڵبوون بووە یان سەر بە قوتابخانەی کارکردگەرایی-ستراکتۆرییە. سپێنسێر لەسەر بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگه و تاک نووسیویەتی و لە چوارچێوەی هەر دوو قوتابخانەی کامڵبوون و کارکردگەرایی-ستراکتۆرییدا جێ دەگرێتەوە. ئەگەرچی ئەو، زۆرتر لەسەر کامڵبوونی زانستی ئەستێرەناسی، کامڵبوون (گەشە)ی ڕووەک و گیانلەبەران و کامڵبوونی کۆمەڵگه کاری کردووە. ئەمەیش لە پرسیارێکی پارسۆنزدا دەردەکەوێت وەک ئاڵاهەڵگری بواری کارکردگەرایی، کاتێک دەپرسێت "ئێستا، کێ [بەرهەمەکانی] سپێنسێر دەخوێنێتەوە؟" (Fletcher in Spencer, 1972).
سپێنسێر، گرنگیی بە کۆمەڵگهی تەقلیدی و کۆمەڵگهی مۆدێرن داوە. بە بڕوای ئەو، گوزار لە کۆمەڵگهی تەقلیدی و پشتکردن لە بەها تەقلیدییەکان کارێکی ئاسان نابێت و تێچوونی زۆره. هاوکات پێشڤەچوون (progess) بە ڕووداوێکی لەناکاو (accident) هەژمار ناکات، بەڵکوو بە زەرورەتی دەزانێت. بە بڕوای سپێنسێر، کۆمەڵگهکان وەک ئۆرگانیزمی بوونەوەرە زیندووەکانن کە لە شێوازی سادەوە بۆ شێوازی ئاڵۆز دەگۆڕدرێن.
بە بڕوای سپێنسێر، بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگه، پێویستە کۆمەڵگه وەک "گشتێکی یەکگرتوو" وێنا بکرێت؛ قەوارەیەک کە مانادارە و بریتی نییە لە کۆبوونەوەی تاکەکان (Andersen, 2000). سپێنسێر لە پەرتووکی descriptive sociologyدا، کە بە شێوەی کۆمەڵە وتار لە نێوان ساڵانی ١٨٧٣-١٩٣٤ بڵاو بوونەتەوە، باس لەوە دەکات کە ڕاددەی ئاڵۆزیی کۆمەڵگهکان، بەندە بە ڕاددەی گەشەی سیستەمی سیاسییهوه. بۆ ئەم مەبەستەیش ئەو پێنج جۆر کۆمەڵگه لێک جیا دەکاتەوە:
١. کۆمەڵگهی سادە (simple society)؛ کە خاوەن ڕێبەر نین، وەک کۆمەڵگهکانی ڕاوچێتی.
٢. کۆمەڵگهی سادەی خاوەن ڕێبەر؛ کۆمەڵگه کشتوکاڵییەکانی سەرەتایی.
٣. کۆمەڵگهی تێکەڵ (compounded society)، کۆمەڵگه کشتوکاڵییەکانی ئاڵۆز.
٤. کۆمەڵگهی دوو قات تێکەڵ (doubly compounded society).
٥. کۆمەڵگهی سێ قات تێکەڵ (triple compounded society) یاخود "کۆمەڵگهی بەپیشەسازیبوو".
ئاستی پێشکەوتنی گشت ئەم کۆمەڵگهیانە لە ڕووی سیستەمی دابینکردنی پێداویستییەکان، سیستەمی دابەشکردن و سیستەمی ڕێکخستنهوه لێک جیاوازن. لە لایەکی ترەوە، سپێنسێر "تایپۆلۆژی"یەکی تر بۆ دابەشکردنی کۆمەڵگهکان بەکار دێنێت. تایپۆلۆژییەک کە لە سەدەی هەژدەیەمدا زۆر باوە بووە. لەم تایپۆلۆژییەدا، سپێنسێر کۆمەڵگهکان بۆ سەر کۆمەڵگهی پیشەسازی و کۆمەڵگهی میلیتاریدا دابەش دەکات. بە بڕوای ئەو، جەنگ ڕەگەزێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی کۆمەڵگهی گەورە و ئاڵۆز و هێنانەدیی دابەشکردنی کار. لە کۆمەڵگهی میلیتاریدا، سوپایەکی بەهێز، دەسەڵاتێکی ناوەندگەرا و "هیرارکییانە" دامەزراوە. لەم کۆمەڵگهیەدا، چونکە دابەشبوونی کار بە هۆی زۆرلێکردنی سوپاوە بەدی هاتووە، هەر بۆیەیش سوپا دەتوانێت گەرەنتیی بەردەوامبوونی چینی بەرهەمهێنەر بکات. بەپێچەوانەوە، لە کۆمەڵگهی پیشەسازیدا، پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی خۆبەخشانەوە دامەزراون. دەسەڵات زۆرتر نا-ناوەندگەرایە و دابەشبوونی کار زۆرتر پشت بە کارکردی تاکەکان دەبەستێت نەک هێزێکی هیرارکییانە.
هەر بۆیەیش لە گەشە و کامـڵبوونی کۆمەڵگهکاندا، سپێنسێر گرنگییەکی تایبەت بە جەنگ دەدات. بە بڕوای ئەو جەنگ کۆڵەکەی سەرەکیی پێشکەوتن و بەدیهێنانی چینە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەو دەڵێت لە ڕێگەی جەنگەوە سنوورەکانی وڵات بەرفراوان دەبێت و بازرگانی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا دادەمەزرێت. جەنگ دەسەڵاتی ناوەندی، بەهێز دەکات و سامانی نوخبەی سیاسی زیاد دەکات. هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا بە بڕوای سپێنسێر، جەنگ دەبێتە هۆی زیادبوونی داهاتی تاکەکانی کۆمەڵگه و، لە نێوهندی قۆناغی گەشەکردندا تاکەکان لە دژی نایەکسانی و ناوەندگەرایی و نوخبەی سیاسی هەڵدەگەڕێنەوە و، بنەماکانی ناناوەندگەرایی و یەکسانی تەشەنە دەکەن. بۆیە بۆ سپێنسێر، هێز (force) فاکتەری سەرەکیی گۆڕانی کۆمەڵگهکانە. هێز لە لایەن سپێنسێرەوە سەرچاوەی جۆراوجۆری هەیە. خەسڵەتی سەرەکیی کۆمەڵگهی مۆدێرنیش بریتییە لە کۆکردنەوەی کۆی گشتیی ئەم هێزانە و دووبارە هاندان و ڕێکخستنیان بۆ هێنانەدیی کۆمەڵگهی مۆدێرنی پێشکەوتووتر. بە واتایەکی دیكه، لە کۆمەڵگهی مۆدێرندا هێزەکان هاوکات-ئاسا (simultaneously) یەکتر دەگرنەوە. وشەی (simultaneous) لە ئەدەبیاتی سیاسی-کۆمەڵایەتیی سەدەی نۆزدەیەمدا پێگەیەکی تایبەتی هەبوو.
گرنگیی کۆمەڵگهی مۆدێرن و مۆدێرنیتە بۆ سپێنسێر لەوەدا بوو، کە دەبێتە هۆی زیادکردنی ئازادیی تاکەکەسی و هاوکات کەمبوونەوەی دەسەڵاتی فەرمانڕەواکان. هەروەها، بەپێچەوانەی کۆمەڵگهی تەقلیدی کە سیاسەت و سوپا ئەرکی ڕێکخستنی کۆمەڵگهیان لە ئەستۆ بوو، لە کۆمەڵگهی مۆدێرندا چونکە ئابووری ئەم ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت، بۆیە ڕکابەرێتیی ئەرێنی لە ڕهوتی هاوکاریکردن (cooperation)ی یەکتر دێتە کایەوە. هەڵبەت لە کۆمەڵگهی سەربازییشدا هاوکاری هەیە، بەڵام ئەم هاوکارییە هاوکاریکردنێکی زۆردارەکییە (compulsory cooperation)؛ بەڵام لە کۆمەڵگهی مۆدێرنی ئازاددا، ئەم هاوکارییە هاوکارییەکی خۆبەخشانەیە (voluntary cooperation) (Spencer, 1940). هەر بۆیەیش کۆمەڵگهی مۆدێرن کۆمەڵگهیەکی مونعەتفە (نهرمونیانه) و توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕاوەکانی ژینگەی ناوخۆ و دەرەوەیدا هەیە.
بەپێی ئەم ڕوانگەیە، ئەم دوو جۆرە کۆمەڵگهیە دوو جۆرە کەسایەتی بەرهەم دێنن. کۆمەڵگهی میلیتاری، جەخت لەسەر خەسڵەتی وەک تەقوا (خۆپارێزی)، بەهێزبوون، ملکەجی و تۆڵەسەندنەوە (vindictiveness) دەکاتەوە، لە کاتێکدا لە کۆمەڵگهی پیشەسازیدا، برەو بە خەسڵەتی وەک سەربەخۆییی تاک، ڕەتکردنەوەی زۆرلێکردن، کەرامەت، میهرەبانی و متمانەپێكکردن و ڕێزگرتن لە تاک دەدرێت. بەم پێیەیش پێناسەی هەر دوو کۆمەڵگه بۆ فەلسەفەی ئەخلاق جیاواز دەبێت (Andersen, 2000). لێرەوە سپێنسێر، تیشک دەخاتە سەر جۆری کهلتووری تاکی-بهكۆمهڵ لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵگهی مۆدێرندا و، کهلتوور تێکەڵ بە دەروونناسی دەکات و بواری توێژەینەوەیش بەرفراوانتر دەکات.
بۆ سپێنسێر، قۆناغی سەرەکی بۆ بوون بە کۆمەڵگهیەکی ئاڵۆز و بەپیشەسازیبوو، دامەزراندنی دامەزراوە سیاسییە ناوەندگەراکانە (centralized political institutions). بە بڕوای ئەو، بە بەرفروانبوونی قەبارەی کۆمەڵگهکان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، دامەزراوی جیاوازی کۆنترۆڵکردن دێنە ئاراوە و هەر یەک لەم دامەزراوانەیش لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی و بەجێگەیاندنی کارکردەکانی پرۆفێشناڵ دەبن و، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم دامەزراوانە زۆرتر لێک جیا دەبنەوە (differentiated)؛ بۆ نموونە دامەزراوەکانی وەک: سوپا، باج کۆکردنەوە، یاسادانان و....؛ شوبهاندنی کۆمەڵگه بە ئۆرگانیزمی بایۆلۆژی لە لایەن سپێنسێرەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. بە بڕوای ئەو، کۆمەڵگه ستراکتۆرێکی دەستکرد نییە، بەڵکوو دەرنجامی بووژانەوەیەکی سروشتییە. هەر بۆیەیش پرۆسەی کامڵبوون دەبێتە هۆی هێنانەدیی پسپۆرێتی (specialization) لە ستراکتۆر و کارکردەکانی کۆمەڵگهدا. یاسای کامڵبوونیش، هەم بەسەر کۆمەڵگه و هەمیش بەسەر ئۆرگانە بایۆلۆژییەکاندا، وەک یەک جێبەجێ دەکرێت (Taylor, 1992).
بۆ سپێنسێر نەزم (order) لە بەرەوپێشڤەچوونی کۆمەڵگهکان گرنگ بوو. ئەم نەزمە، یارمەتیدەر دەبێت لە هێنانەدیی ئالۆزی لە ستراکتۆر و کارکرد (ئهرك)ی یەکە پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگه. بەڵام سپێنسێر بڕوای بە گۆڕان و پێشڤەچوونی کۆمەڵگهکان بە شێوەی ڕاستەهێڵی و قۆناغ بە قۆناغ نەبوو، بەڵکوو بە بڕوای ئەو، کۆمەڵگهکان بە چەندین شیوازی جیاواز و بەپێی خۆگونجاندن لەگەڵ وەرچەرخانەکانی ژینگەی سروشتی و کۆمەڵایەتی پێش دەکەون (Spencer, 1892).
سپێنسێر لەژێر کاریگەریی بیرمەندانی سەردەمی خۆی بوو، بەتایبەتیش مالتۆس و دارڤین. ئەم هەر دوو بیرمەنده بە شێوازی جیاواز بڕوایان بەوە بوو کە مرۆڤ بۆ مانەوەی خۆی لە ململانێدایە؛ بۆیە باشترینەکان یاخود بەهێزەکان دەمێننەوە. هەر بۆیەیش سپێنسێر، وەهای گریمانە دەکرد کە بە هۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و کەمیی سەرچاوەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان (بیرۆکەی ماڵتۆس)، مرۆڤە لاواز و ناتواناکان لەناو دەچن و مرۆڤە زانا و شارەزاکان دەمێننەوە. لێرەدایە کە سپێنسێر زۆرتر گرنگی بە لایەنی عەقڵی دەدات. سپێنسێر ئەوکات هزری لەوە نەکردۆتەوە کە تەکنۆلۆژی بەسەر بەرەبەستە سروشتییەکانی دابینکردنی خۆراکدا زاڵ بێت و ژمارەی ئەندامانی خێزان کەم ببێتەوە. ئەوەی کە گرنگە بریتییە لەوەی کە سپێنسێر لایەنگری دەوڵەتی لاواز بوو؛ دەوڵەتێک کە دەست لە کاروباری ئایینی، ئابووری و پەروەردەیی وەرنەدات (سیستەمی لیبراڵ)؛ هاوکات لە ڕێگەی پلانی تایبەتەوە پشتگیری لە هەژارەکان بکات (سیستەمی سۆشیال) (Spencer, 1940).
پشتگیریکردن لە هەژارەکان لە پەرتووکی (The Man Versus the State)دا دەگاتە لووتکە. لەم پەرتووکەدا سپێنسێر ڕوون دەکاتەوە کە چۆن حکوومەت و دەسەڵاتی لۆکالی، دەبێ ڕێوشوێنی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستیی هەژاران بگرنە بەر. کەواتە بەپێچەوانەی بۆچوونی باو، سپێنسێر پشتگیریی لە بۆچوونەکانی تایبەت بە مانەوەی بەهێزەکان دەکرد و ئەم بۆچوونانەی بە دروست دەزانی. (واتە بەپێی سروشت، بەهێزەکان بەهۆی ئەو ئامرازە مادی و مەعنەویانەی کە لەبەر دەستیاندایە، دەمێننەوە و دەتوانن فەرمانڕەوایی بەسەر هەژارەکاندا بکەن.) بەڵام هاوکات لەو بڕوایەدا بوو کە دەکرێت ڕێکاری پێویست بۆ پێشگیریکردن لە ڕوودانی ئەم جۆرە دیاردەیە بگیرێتە بەر؛ ئەویش بە دەستێوەردانی سنوورداری دەوڵەت یاخود حکوومەتە لۆکاڵییەکان لە کاتی پێویستدا لە هەندێ بواری ژیانی ئابووری-کۆمەڵایەتیدا، بەتایبەتیش لە ڕێگەی کۆکردنەوەی باج. بە واتایەکی تر، سپێنسێر داوای هێنانەدیی دادپەروەرییشی دەکرد.
سپێنسێر لە بەشی The coming slavery لە پەرتووکی "مرۆڤ لە هەمبەر دەوڵەتدا"، باس لە هەژاری دەکات. بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا سپێنسێر هەژاریی بە حاڵەتێکی سروشتی هەژمار دەکرد و بڕوای بە ململانێی نێوان بەهێزەکان و مانەوەی بەهێزەکان هەبوو یان نا؟ بەڵام ئەگەر خوێندنەوەی وردی ئەم بەشەی پەرتووکی سپێنسێر بکەین، دەبینین کە چۆن سپێنسێر باس لەو یاسایانە دەکات کە بوونەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هەژاری و ڕۆڵی باجدەرەکان (ratepayers) لە زیادکردنی ئەم ڕێژەیە، کە لە دانانی یاساکانی تایبەت بە هەژاری و باجداناندا دەستڕۆیشتوو بوون. هێربێرت سپێنسێر، بۆیەیش وشەی کۆێلایەتیی نوێ (coming slavery) بەکار دێنێت تا نیشان بدات کە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە نێوان ژیانی جووتیارانی فیوداڵ و دابینکردنی بژێوییان لە لایەن فیوداڵەکانەوە، لەگەڵ کڕیکارە تازە سەرهەڵدراوهكانی کارگەکان، بە هۆی کەمیی مووچەیان جیاوازییەکی ئەوتۆی نەکردووە و، بگرە خراپتریش بووە. لەم پەرتووکەدایە کە سپێنسێر، بە خستنەڕووی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەوکاتی بریتانیا، ئاماژە بەوە دەدات کە چۆن ئەو کەسانەی کە دروشمی ئازادی و لیبراڵبوونیان بەرز دەکردەوە، خودی خۆیان لە کاتی گەیشتن بە دەسەڵات ئەم ئازادییانە سنووردار دەکەن. بۆیە ئەو داوای دامەزراندنی دامەزراوەگەلێک دەکات کە گەرەنتیی ئازادییەکان بکات.
نایەکسانی، بڵاوبوونەوەی بیرۆکەی مانەوەی بەهێزەکان و تێکۆشان بۆ مانەوە، بوونە کۆڵەکەی بیرۆکەی هزری سپێنسێر بۆ سەرهەڵدانی دەوڵەت. هەر بۆیەیش سپێنسێر دەڵێت کە ترس لە کەسی بەرامبەر، هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی دەوڵەتە بە مانای ئەوکات؛ وەک چۆن ترس لە مردن هۆکاری پەنابردنە بۆ ئایین. ململانێی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامە، بەتایبەتیش لە سیستەمی میلیتاریدا، بەڵام بە هۆی بەرفراونبوونی ململانێ و بەرفراوانبوونی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و پێویستیی مرۆڤەکان بە یەکتری، بەتایبەتیش لە بواری ئابووریدا، ململانێ بەرەو هاوکاری هەنگاو دەنێت و هاوسەنگی (equilibrium) دێتە کایەوە. بەڵام هاسەنگیی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگهی بەپیشەسازیبوودا دهگاته لووتکە؛ واتە کۆمەڵگهیەک کە هەم دەوڵەتی تێدا دامەزرابێت، هەمیش دابەشبوونی کار سەری هەڵدابێت (Spencer, 1892). بە واتایەکی تر، بۆ سپێنسێر دەوڵەت و دابەشبوونی کار، دەبنە هۆی هێنانەدیی هارمۆنی و یەکدەستبوون (homugenous)ی کۆمەڵگه و لێکجیاکاری (differentiation)ی دامەرزاوەکان. زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و دابەشبوونی کار، لە ڕوانگەی سپێنسێرەوە، دەبێته هۆی هاتنەدیی سیستەمی دابەشکردن (Distributing systems) و بەش و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگه پێکەوە گرێ دەدات.
سەبارەت بە بیرۆکەی سەرهەڵدانی دەوڵەت، دەتوانین بڵێین کە سپێنسێر لە بۆچوونەکانی بیرمەندانی پەیمانی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتیش هۆبز، نزیک دەبێتەوە. واتە، تاکەکان بۆ مانەوەی خۆیان هێز بە دەسەڵاتێکی ناوەندی دەبەخشن؛ دەسەڵاتێک کە پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانی نێوان تاکەکان ڕێک دەخات و ئازادی و یەکسانی بۆ تاکەکان دێنێتە کایەوە (بیرۆکەی جان لۆک). سپێنسێر لە وتاری the dusty of the stateدا دەڵێت: "دەوڵەت بریتییە لە قەوارەیەکی پێکهاتوو لە مرۆڤە خۆبەخشەکان (body of men voluntarily associated)، کە پێویستە بەیەکسانی و وەکوو یەک ئازاد بن."
سەرچاوەکان
Andersen, H. (2000) Herbert Spencer, In Classical and Modern Social Theory, Blackwell Publisher Inc. pp. 34-43.
Spencer, H. (1892) Social Statics, translated by williams and Norgate, London: Williams and Norgate.
Spencer, H. (1940) The Man Versus the State, Indiana: Liberty Classics.
Spencer, H. (1972) The Making of Sociology, Edited by Stanislav Andreski, London Nilson’s University Paperback.
Taylor, M, W. (1992) Men Versaus the State: Herbert Spencer and Late Victorian Individualism, Clarendom Press, Oxford.
|