ناسنامەی نەتەوەیی (بەشی دووەم)

پیشەکی:

لە ئێستادا بابەتی ناسنامە و ئەو پرسانەی پەیوەندییان پێوە هەیە، لە هەموو ئاستەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی لە بچووکترینیان، واتا خێزان، تاکوو گەورەترینیان واتا کومەڵگه‌ی نێودەوڵەتی یان جیهانی باس دەکرێت. کاتێک لە چوارچێوەی وەڵاتێکدا چەندین ناسنامە (شوناس)ی جیاواز دەژین و هەر کامیان گرنگی بە ناسنامەی تایبەتی خۆیان دەدەن و بە ئاراستەی دوورکەوتنەوە لە ناسنامەکانی تر دەجووڵێنەوە، ئەوکات لەو کومەڵگه‌یە دەوڵەتێکی سەقامگیر و گشتگیر دروست نابێت و دەوڵەت هەموو کاتێک ڕووبەڕووی ململانێ دەبێتەوە. کومەڵگه‌یەک کە لە چەندین یەکەی ناسنامه‌ی جۆراوجۆر و دژبەیەک پێک دێت، بڕیاری نوخبە سیاسییەکانی، هەموو کاتێک بۆ ڕازیکردنی ئەو ناسنامه‌یه‌ دەگەڕێتەوە کە پەیوەندیی پێوە هەیە.

لە بارودۆخێکی لەم شێوەیە هەموو، یان زۆرینەوەی بڕیارەکان لە بچووک تاکوو گەورە حاڵەتی سیاسی بەخۆ دەگرن، هەروەها جێبەجێکردنی بڕیارەکانیش ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت. لە کومەڵگه‌یەک کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییه‌وه‌ تووشی لێکپچڕان بووە، هەر گرووپێک بەها و ناسنامەی تایبەت بە خۆیان پێ باشتر و پەسەندترە لە بەها و بەرژەوەندیی نەتەوەیی؛ هەوڵی حکوومەتیش بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردن و یەکدەست و هاوڕاکردنیان، بێئەنجام دەبێت و، لە زۆربەی حاڵەتەکان بە ئاراستەی توندوتیژی، جیابوونەوە و دابەشبوون دەڕوات. ئەگەر بمانەوێت وڵاتێک وەکوو نموونە بۆ دێڕەکانی سەرەوە بێنین، عێراق یەکێک لە باشترین نموونەکانە. 

چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی

ناسنامەی نەتەوەیی National Identity)) لەسەر یەک بنەمای سەرەکی دروست بووە، ئەویش جیاوازیی نێوان نەتەوەکانە. ناسنامەی نەتەوەیی بریتییە لە: کۆی تایبەتمەندی و بەها هاوبەشەکانی نەتەوەیەکی سەربەخۆ کە تاکەکانی ئەم نەتەوەیه‌ هەست و زانیاری و هۆشیارییان لەسەر ئەو بنەمایانە هەیە و بە هۆی ئەم بنەمایانە بەرامبەر یەکتر هەست بە وابەستەیی دەکەن. ناسنامەی نەتەوەیی دەبێتە هۆی جیاوازیی نێوان نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی دیکە. خاکی هاوبەش، ئایینی هاوبەش، زمانی هاوبەش، مێژووی سیاسیی هاوبەش، داب و نەریت و ئەدەب و هونەری هاوبەش، چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی پێک دێنن. لەبەر ئەوەی ناسنامەی نەتەوەییی هەر نەتەوەیەک، پێش هەموو شتێک پەیوەندیی بە شوێن و ژینگەی جوگرافیی ئەو نەتەوەوه‌ هەیە، کەواته‌ دەتوانین بڵێین ناسنامەی نەتەوەیی چەمکێکی جوگرافییە.

چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی، لەدایکبووی سەردەمی نوێیە کە سەرەتا لە ئەوروپا سەری هەڵدا و پاشان لە کۆتایییەکانی سەدەی نوزدەیەم ڕووی لە ڕۆژهەڵات و ناوچەکانی دیکە کرد؛ کەواته‌ ناسنامه‌ی نەتەوەیی، بەرهەمی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەوروپایە. هاتنەکایەی یەکە سیاسییە نوێیەکان، واتا دەوڵەتی نەتەوەیی، بووە هۆی دروستبوونی مانایەکی نوێ لە ناسنامه‌ی کۆمەڵایەتی، کە ئەویش ناسنامه‌ی نەتەوەیی بوو. لەم سەردەمە، بنەمای سەرەکیی ناسنامه، هۆشیاری بوو کە گۆڕانکاریی قووڵی لەسەر مانای ناسنامه دروست کرد. کەواته‌ چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی، چەمکێکی تا ڕاددەیەک نوێیە و بووەتە جێگرەوەی چەمکی هۆشیاریی نەتەوەیی، کە ئەم چەمکە زۆرتر لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم بەکار دەهات.

بە وتەیەکی دیکە، خستنەڕووی چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی، بە شێوەیەکی جددی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دروستبوونی سیستەمی نێودەوڵەتی لە ڕووی سیاسییەوە لە دوو سەدەی ڕابردوو؛ ئەو کاتەی دەوڵەتان بۆ بەدیهێنانی یەکێتی و یەکگرتووییی ناوخۆیی و نەهێشتنی قەیرانە ناوخۆیییەکان ڕوویان لە نەتەوەسازی کرد و، لە چوارچێوەی تیۆریی هاوسەنگیی هێزەکاندا بەپێویستیان زانی کە دەوڵەتانی ڕکابەر و دوژمنیان لاواز بکەن، ئەویش لە ڕێگه‌ی هاندانی ئەو نەتەوانەی کە لە چوارچێوەی وڵاتەکەیان دەژیان.

ڕەهەندەکانی ناسنامەی نەتەوەیی:

ناسنامەی نەتەوەیی، پێنج ڕەهەندی هەیە کە بریتین لە: ١- ڕەهەندی دەروونی ٢- ڕەهەندی که‌لتووری ٣- ڕەهەندی نیشتمانی ٤- ڕەهەندی مێژوویی ٥- ڕەهەندی سیاسی.

  • رەهەندی دەروونی: ئەم ڕەهەندە لەمە سەرچاوە دەگرێت کە تاکەکانی ناو گرووپ، یان نەتەوەیەک هۆشیارییان لەسەر ئەوە هەیە کە بوونی ئەوان لەناو گرووپەکە، بە هۆی کۆمەڵێک بەهای هاوبەشه‌وه‌یه‌. هەستێکی لەم شێوەیە، بۆی هەیە تا ماوەیه‌کی زۆر بەشاراوەیی بمێنێتەوە بەڵام لەناکاو بە هۆی هۆکارێکه‌وه‌، وەکوو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم نەتەوەیه‌ لەگەڵ دوژمنێکی ناوخۆیی یان دەرەکی کە بووەتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر خەڵک، بەده‌ربکەوێت.
  • ڕەهەندی که‌لتووری: كه‌لتوور بە یەکێک لە گرنگترین و دەوڵەمەندترین سەرچاوەکانی ناسنامەی نەتەوەیی ئەژمار دەکرێت. که‌لتوور، کەلەپووری کۆمەڵایەتیی کومەڵگه‌یه‌کە کە هەم بەرهەمی ماددی و هەم بەرهەمی هزری و ڕۆحی لەخۆ دەگرێت. گرنگترین بنەماکانی که‌لتووریی ناسنامەی نەتەوەیی بریتییە لە: بەهاکان، ئایین، زمان، بیروباوەڕ، داب و نەریت و هتد.
  • ڕەهەندی مێژوویی، واتا لە ڕووی کات و وەختەوە نەتەوەیەک، دەبێت چەند بۆ ڕابردوو بگەڕێتەوە هەتا بتوانێت ڕیشە و ڕەچەڵەکی خۆی دیاری بکات، کە هیچ ڕێسا و یاسایەک لەم بابەتەدا بوونی نییە. بۆ نموونە نەتەوەکانی بریتانیا و فەڕەنسا ڕیشەی خۆیان بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێننەوە بەڵام ڕیشەی نەتەوەکانی چین، ئێران، یۆنان و ژاپۆن بۆ سەردەمی کۆن دەگەڕێتەوە. بەپێچەوانەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئوسترالیا و کەنەدا مێژوویەکى دوو سەد تا سێ سەد ساڵەیان هەیە. پێشینەی مێژووییی نەتەوەیەک، وەکوو سەرچاوەی ڕاستی و دروستی، بۆ نەتەوەیەک و که‌لتوورەکەی ئەژمار دەکرێت و پەیوەندیی نێوان تاکەکان، لەگەڵ سنووری ژیانی باوباپیرانیان دروست دەکات.
  • ڕەهەندی نیشتمانی: بە هۆی ئەم ڕەهەندەوه‌، نەتەوەکان دەتوانن لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بەشوێن ڕیشە و ڕەچەڵەکی خۆیاندا بگەڕێن.
  • ڕەهەندی سیاسی: ئەم ڕەهەندە لە پەیوەندیی نێوان ناسنامەی نەتەوەیی لەگەڵ حکوومەتی نەتەوەییی مۆدێرن سەرچاوە دەگرێت. بە شێوەیەکی گشتی ڕۆڵی حکوومەت لە دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەیی بریتییە لە:
  • یەکەم: دروستکردن و بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی یەکدەست لەو نەتەوەیه‌، کە لە چوارچێوەی سنوورەکانی حکوومەتدا پێکەوە دەژین.
  • دووەم: حکوومەت ده‌ست ده‌كات بە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک سیمبول لە نێوان تاکەکانی کومەڵگه‌دا.
  • حکوومەت مافی زۆرتر بۆ هاووڵاتیانی دابین دەکات؛ بەم شێوەیە هەستی وەفاداریی هاووڵاتیان بەرامبەر حکوومەت و نیشتمان زیاد دەکات.
  • دروستکردنی دوژمنێکی هاوبەشی ڕاستەقینە، یان وەهمی.

چەند دێڕیک لەسەر ئیسلام و ناسنامەی نەتەوەیی:

قورئانی پیرۆز لە چەند ئایەتێک جەخت لەسەر نەتەوە و زمانی جیا دەکاتەوە، بۆ نموونە خودای گەورە لە سوورەتی "الروم" ئایەتى ٢٢ دەفه‌رموێ: "لە نیشانەکان و بەڵگەکانی خودا... جیاوازیی زمان و ڕەنگتانە." واتا دەنگی هیچ کەس لە کەسی تر ناکات؛ سەرەڕای سەدان جۆر زمان کە جۆری قسەکردن و داڕشتنی هەر گەلێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە؛ بێجگە لە هەزاران لەهجە (دیالێكت) کە لەو زمانە سەرەکییانە دەبێتەوە.

هەروەها لە سوورەتی "الحجرات" ئایەتی ١٣ فەرموویەتی: "ئەی خەڵکینە ئێمە ئێوەمان لە نێر و مێیەک خوڵقاندووە و، کردوومانن بە چەند گەل و تیرەیەک بۆ ئەوەی یەکدی بناسن؛ بەڕێزترینیشتان لای خوا خۆپارێزترینتانە. بێ گومان خوا زانا و شارەزایە." لە ڕستەی "وجعلناکم شعوبا و قبائل"، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە مرۆڤایەتی بەپێی ویستی خوای گەورە و باڵادەست، کراوە بە چەند تیرە و نەتەوەیەک. کەواته دەتوانین بڵێین پەروەردگار هەر لە دەمی ڕاگەیاندنی ئەو ڕاستییە  کە مرۆڤەکانی دابەش کردوون بۆ چەند نەتەوە و تیرەیەک، ئەوەیشی ڕاگەیاندووە کە پێویستە هەر کام لەو نەتەوانە خاوەنی نیشتمان و زمان و ئەدەب و کەلەپوور و خەسڵەتە نەتەوایەتییەکانی دیکەی خۆی بێت. بۆ نموونە گەلی کورد پێویستە لە نیشتمانی خۆیدا نیشتەجێ بێت و بە زمانی خۆی بدوێ و پارێزگاری لە هەموو ئەو خەسڵەتە نەتەوەیییانەی دیکەی بکات کە بەشدارن لە پێکهێنانی نەتەوەیەکدا و، کەسایەتیی سەربەخۆی پێ دەبەخشێت.

گرنگیی پرسی ناسنامەی نەتەوەیی:

سەرەکیترین بنەمای جوگرافیی ناسنامەی نەتەوەیی، نیشتمانە. پەیوەندییەکی دوولایەنە لە نێوان شوێنی نیشتەجێبوون و خەڵک هەیە. بەم مانایە نە تەنیا خەڵک هەست بەوە دەکەن کە خاوەن بەشێک لە زەوین (واتا نیشتمان)، بەڵکوو ئەمەیش دەزانن کە ئەوانیش وابەستە و سەر بەو نیشتمانەن. بۆ نموونە ناولێنانی بەشێک لە گۆی زەوی بە ناوی کوردستان، عەرەبستان، بەلووچستان، لۆڕێستان و...، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت کە زۆرینەی خەڵکی ئەم بەشانە، لە کورد، عەرەب، بەلووچ و لۆڕ پێک دێن و ئەوان ئەم بەشە جوگرافییە کە ناوی نەتەوەکەیانی لەسەرە بە نیشتمانی خۆیان دەزانن. لە لایەکی دیکەوە ناولێناتی بەشێک لە گۆی زەوی (بۆ نموونە کوردستان)، وابەستە و گرێدراوە بەو نەتەوەیە کە لەسەری دەژین؛ کەواته پەیوەندییەکی دوولایەنە لە نێوان خاک و خەڵکدا هەیە.

 گرنگیدان بە پرسی ناسنامەی نەتەوەیی لە جیهانی ئێستادا، بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی کە هێشتا لە ڕووی گەشەی ئابووری و سیاسییه‌وه‌ بە ئاستێکی شیاو و بەرچاو نەگەیشتوون، گرنگیی زۆری هەیە؛ لەبەر ئەوەی پڕۆسەی گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی، پێویستی بە یەکێتیی نەتەوەیی هەیە تاکوو بەرەو ئامانجە نەتەوەیییەکان هەنگاو بنرێت؛ گەیشتن بەم یەکێتی و یەکبوونە، پەیوەندییەکی نزیکی به‌ پرسی ناسنامەی نەتەوەیییه‌وه‌ هەیە.

ڕاستییه‌كه‌ی، یەکێتیی نەتەوەیی کاتێک دروست دەبێت کە لەسەر ئەساسی بنەما و بنچینە هاوبەشەکان پتەو بکرێت. بە وتەیەکی دیکە، ناکرێت لە ڕێگەی جەختکردنەوە لەسەر پرسە ناکۆک و جیاوازەکان و پێداگری لەسەر ئەو بنەمایانەی کە بۆ هەموو چین و توێژەکانی ناو نیشتمانێک هاوبەش نین، یەکێتیی نەتەوەیی دەستەبەر بکرێت. یەکێتیی نەتەوەیی کاتێک بەدەست دێت کە بنچینە و چوارچێوەی یەکگرتنی نەتەوەیی لەسەر بنەما سەرەکی و هاوبەشەکانی ناسنامەی نەتەوەیی قایم و پتەو بکرێت، یاخود بنیات بنرێت.

کەواته‌ دەتوانین بڵێین ناسنامەی نەتەوەیی، ڕابەر و ڕێنیشاندەری گەیشتن بە یەکێتیی نەتەوەیی دەبێت، ئەویش لە ڕێگەی ڕێکكەوتن لەسەر بەرژەوەندیى نەتەوەیی لە پڕۆسەی گەشەپێدانی ئابووری. هەروەها پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان پرسی ناسنامەی نەتەوەیی و وەدیهێنانی پەرەسەندنی سیاسی و بەشداریی سیاسیی هەموو چینەکانی کومەڵگه لە پڕۆسەی سیاسی هەیە، چونکە ناسنامەی نەتەوەیی، دەرخەر و نیشاندەری بنەما و بناغە هاوبەشەکانی خەڵکێکە کە لە چوارچێوەی سنوورێکی جوگرافیدا بە ناوی دەوڵەت دەژین. کاتێک کە بنەما پێکهێنەرەکانی ناسنامەی نەتەوەییی کومەڵگه‌یەک دیاری کرا، دەتوانرێت لەسەر ئەم بنەمایە چوارچێوەیەک لە بەرنامەی پەرەپێدانی سیاسی، جێگیر و تۆکمە بکرێت، کە دەرخەر و نیشاندەری بەشداریی هەموو خەڵک لە کاروباری وڵاتدا بێت. کەواته ناکرێت بەبێ ئاوڕدانەوە لە پرسی گرنگی ناسنامەی نەتەوەیی، هەوڵ بۆ گەیشتن بە یەکێتیی نەتەوەیی، گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی بدرێت.

 

  •  

لە وتاری پێشتر بەکورتی باسی بنەماکانی ناسنامەی نەتەوەیی کرا؛ ئەوەی کە لێرەدا دەمەوێت زیادی بکەم، ئەمەیە کە کام لەم بنەمایانە لە ڕووی ڕیزبەندییەوە گرنگترن؟ لەسەر ئەم ئەساسە، دەکرێت بنەماکانی ناسنامەی نەتەوەیی بکەینە دوو بەش. ئەم دوو بەشە بە شێوەیه‌کی بەردەوام پەیوەندییان پێکەوە هەیە و لە ئەگەری نەبوونی یەکێک لەم دوو بەشە، ناسنامەی نەتەوەیی دروست نابێت.

هۆکاری سەرەکیی پۆڵێنکاریی بنەماکانی ناسنامەی نەتەوەیی بۆ دوو بەش، ڕێژەی کاریگەریی ئەم بنەمایانەیە لەسەر دروستبوونی ناسنامەی نەتەوەیی. خاڵی گرنگ ئەمەیە کە بنەماکانی بەشی یەکەم لە هەموو نەتەوەکان وەکوو بنەمای سەرەکی و بنەڕەتیی ناسنامەی نەتەوەیی ئەژمار دەکرێن و، هەتاکوو ئەم بنەمایانە نەبن، قسە و باس لەسەر بنەماکانی دیکە هیچ مانا و واتایه‌کی نابێت.

لە بەشی یەکەم، بنەماکانی نیشتمان و مێژووی هاوبەش دێن. نەبوونی هەر کام لەم دوو بنەمایە دەبێتە هۆی دروستنەبوونی ناسنامەی نەتەوەیی. لە ڕاستیدا بیرکردنەوە لە بنەماکانی دیکەی ناسنامەی نەتەوەیی بەبێ ئەم دوو بنەما سەرەکییە، شتێکی مەحاڵە. بێجگە لە دوو بنەمای نیشتمان و مێژووی هاوبەش، بنەماکانی دیکەی ناسنامەی نەتەوەیی لە بەشی دووەم پۆڵێنکاری دەکرێن. کەواته زمان، که‌لتوور، ئایین، داب و نەریت، حکوومەت، نەژاد و هتد کە لە لایەن هەندێک لە پسپۆڕان وەکوو بنەمای سەرەکی ناسراون، لە هەندێک لە نەتەوەکان بە بنەمای سەرەکی و لە هەندێکی دیکەیش وەکوو بنەمای لاوەکی ئەژمار دەکرێن.

جیاوازیی نێوان بنەماکانی بەشی دووەمی ناسنامەی نەتەوەیی لەگەڵ بەشی یەکەم، تەنیا بۆ ڕیزبەندی و گرنگیی ئەم بنەمایانە ناگەڕێتەوە بەڵکوو بۆ ئەوەی ناسنامەی نەتەوەیی دروست بێت، دەبێت بنەماکان لە هەر دوو بەش بەشدار بن؛ بەم جیاوازییەوه‌ کە بوونی هەموو بنەماکانی بەشی یەکەم بۆ دروستبوونی ناسنامەی نەتەوەیی پێویستە، بەڵام لە هەر کومەڵگه و نەتەوەیەک تەنیا بوونی بەشێک لە بنەماکانی بەشی دووەم بۆ دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەیی بەس نییە. بۆ نموونە لەو وڵاتانەی کە لە ڕووی ئایینەوە جۆرێک لە هاوچەشنیی تێدایە، واتا هەموو تاکەکانی ئەو کومەڵگه‌یه‌ پەیڕەوی لەو ئایینە دەکەن، ئەم ئایینە دەتوانێت وەکوو یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ناسنامەی نەتەوەییی ئەو کومەڵگه‌یە ئەژمار بکرێت، چونکە دەبێتە هۆی پەیوەندیی نێوان تاکەکانی ئەو کومەڵگه‌یە. بەڵام لە کومەڵگه‌یەک کە لە ڕووی ئایینییه‌وه‌ هاوچەشن نییە و چەند ئایینى جۆراوجۆر لە نێوان ئەندامانی ئەو کومەڵگه‌یه‌ ڕەواجی هەیە، جەختکردنەوە لەسەر ئایین وەکوو یەکێک لە بنەماکانی ناسنامەی نەتەوەیی، جگە لەوەی کە دەرەنجامێکی ئەرێنیی نابێت بەڵکوو یەکگرتوویی و یەکپارچەییی کومەڵگه‌کەیش دەخاتە مەترسییەوە. بەڵام هەر لەم کومەڵگه‌یە، بیرکردنەوە لە دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەیی بەبێ بنەماکانی بەشی یەکەم، واتا نیشتمان و مێژووی هاوبەش، شتێکی مەحاڵە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples