مەلیک فەیسەڵی یەکەم، پاشای عێراق: "خەڵکی عێراق کۆمەڵە مرۆڤێکن کە پێکەوە دەژین، بەڵام هیچ هەستێکی نەتەوایەتی و نیشتمانییان لا دروست نەبووە."
مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: "ئێمە خەریکین باجی بەزۆر لکاندنمان بە عێراقەوە دەدەین."
هۆکارەکانی دروستنەبوونی ناسنامەی نەتەوەیی لە عێراق
پێشەکی:
لە ئێستادا و لە پاش تێپەڕبوونی نزیکەی سەد ساڵ لە دروستکردنی سنوور و جوگرافیایەکی دەستکرد و سەپێندراو بە ناوی عێراق، ئەم وڵاتە هێشتا لە جێگەی سەرەتای ماوەتەوە و نەیتوانیوە ناسنامەیەکی گشتگیر و نەتەوەیی بۆ هەموو خەڵکی عێراق دروست بکات. مێژووی کورتی عێراق، بەرزی و نزمیی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. لەسەرەتای دروستکردنی ئەم وڵاتە لەسەرەتای دەیەی ١٩٢٠ تاکوو ٢٠٠٣، کەمینەی عەرەبی سوننە دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو. سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەی کە لایەنى سوننە و بەتایبەت بەعسی لە چواچێوەی فراوانکردنی ناسیۆنالیزمی پان-عەرەبی بە مەبەستی ڕاکێشانی لایەنی عەرەبی شیعە و دروستکردنی ناسنامەیەکی زۆرینەی عەرەبی ئەنجامیان دا، بەڵام نەیانتوانی لایەنی شیعە لەگەڵ خۆیان هاوڕا بکەن و، لە کۆتاییدا نەیانتوانی ناسنامەیەکی گشتگیر دروست بکەن و، ئەو ناسنامەیهی بانگەشەیان بۆ دەکرد لە بازنەی عەرەبی سوننە تێپەڕی نەکرد. هەر لە بەر ئەمە، حکوومەتی ناوەندی لەناوچەکانی باشوور و بەتایبەت باکوور (کە پێکەوە ٧٥% تا ٨٠%ی دانیشتووانی عێراقیان پێک دەهێنا) کەمترین مەشروعییەت و مەقبووڵییەتیان هەبووە. لە دەرەنجامی ئەمە، ناسنامەی قەومیی کورد و ناسنامەی مەزهەبیی شیعە لە نێوان دانیشتووانی باکوور و باشووری عێراق زۆر دیارتر، پڕڕەنگتر و بەرچاوتر بوو لە چەمکی ناسنامەی نەتەوەییی عێراقی.
لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعسی، بۆ یەکەم جار لە مێژووی عێراق، شیعە و کورد توانییان جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست. لەم کاتە کە جۆرێک لە سیستەمی دیموکراسی لەسەر بنهمای هەڵبژاردنی ئازاد لە عێراق هاتە سەر کار، نوخبەی نوێ هەوڵیان دا کە پێناسەیەکی نوێ و خوێندنهوەیەکی دووبارە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی لە عێراق ئەنجام بدەن، بەڵام ئەم هەوڵەیش لە بەر دوو هۆکار نەگەیشتە ئەنجا : هۆکاری یەکەم: پەسەندنەکردن و دژایەتیکردنی لە لایەن پاشماوەکانی حکوومەتی پێشتر و عەرەبی سوننە. هۆکاری دووەم: گرنگیدان بە ناسنامەی قەومی و مەزهەبی لە لایەن کورد و شیعە لە عێراقی نوێ، لە جیاتی ناسنامەی نەتەوەیی. کەواته دەتوانین بڵێین لە عێراق هەموو کاتێک گرنگیدان بە بەرژەوەندی و ناسنامەی قەومی و مەزهەبی، لە سەرووی بەرژەوەندی و ناسنامەی نەتەوەیی بووە.
هۆکارەکان:
هۆکاری یەکەم: هەڵە و هۆکاری بنەڕەتی: دروستکردنی سنوور و جوگرافیایەکی دەستکرد و سەپێندراو بە ناوی عێراق
وڵاتی عێراق پێش هەموو شتێک لەدایکبووی سیاسەتێکی جیۆپۆلیتیکیی نێودەوڵەتییە. عێراق وەکوو بەشێک لە پڕۆسەی دابەشکردنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، لە ڕێگەی لکاندنی سێ ویلایەتی بەسرە، بەغدا و مووسڵهوه دروست کرا. پڕۆسەی دروستکردنی عێراق دوو قۆناغی سەرەکیی هەبوو. قۆناغی یەکەم: دروستکردنی دەوڵەتێکی عەرەبی لە ویلایەتەکانی بەسرە و بەغدا کە زۆربەی دانیشتووانی عەرەب بوون. قۆناغی دووەم: لکاندنی ویلایەتی مووسڵ (باشووری کوردستان) بەم دەوڵەتە عەرەبییە بوو، کە زۆربەی دانیشتووانی کورد بوون. بەم شێوەیە هێزە داگیرکەرەکانی بریتانیا عێراقیان دروست کرد و سیستەمی پاشایەتییان بۆ دانا، بەبێ ئەوەی گوێ لە ویست و مافی بڕیاردانی چارهنووسی نەتەوەی کورد بگرن. هەروەها بریتانیا لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆی پاشایهکیان لە دەرەوەی عێراق هێنا و لەسەر کورسیی دەسەڵات دایان نا، بەبێ ئاوڕدانەوە لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی فرەنەتەوە و فرهئایینی عێراق.
ئەم دەوڵەتە کە بریتانیا لە عێراق دروستی کرد، هەر لە سەرەتاوه تووشی چەندین کێشە و گیروگرفت بووهوه. گرنگترین کێشە، جیاوازیی نێوان پێکهاتەکانی ئەم سێ ویلایەتە بوو. تایبەتمەندییەکانی هەر کام لەم ویلایەتانە لە ڕووی قەومی، ئایینی و کهلتووری لەگەڵ ئەوانی دیکە جیاواز بوو. زۆرینەی خەڵکی مووسڵ کورد بوون، کە لە هەوڵی دروستکردنی کیان و وڵاتێکی سەربەخۆ بوون؛ لە لایەکی دیکەوە عەرەبەکانیش بەسەر دوو مەزهەبی جیاوازی شیعە و سوننەدا دابەش دەبوون کە پەیوەندییەکی سنوورداریان لەگەڵ یەکتر هەبوو. بە وتەیەکی دیکە دوو کەلێن، عێراقی دەستکردی تووشی زەحمەت و بارگرانیی کردبوو. کەلێنی قەومی ـــ نەژادی و کەلێنی مەزهەبی. کەلێنی یەکەم لە نێوان کورد و عەرەب و، کەلێنی دووەم لە نێوان شیعە و سوننە بوو. نەبوونی مێژووی پێکەوەژیانی هاوبەش، پڕکردنەوەی ئەم کەلێنانەی ئەستەم کردووە.
کاتێک ڕابردووی هاوبەش و پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانە لە نێوان پێکهاتەکانی وڵاتدا نەبێت، ئەوکات زەمینەیەکی لەبار بۆ پێکەوەژیان دروست نابێت و، لەم بارودۆخەدا ناسنامە جۆراوجۆرەکانی ناو وڵات بەرامبەر یەکتر هەست بە وابەستەیی و هاووڵاتیبوون ناکەن و بە چاوی بێگانە سەیری یەکتر دەکەن؛ کەواته هەرگیز ناسنامەیەکی نەتەوەیی لە نێوان ئەم پێکهاتانە دروست نابێت. عێراق لە سەرەتای دروستکردنییەوە هەتاکوو ئێستا، بەبەردەوامی تووشی قەیرانی ناوخۆیی و قەیرانی ناسنامەی نەتەوەیی بووەتەوە و، نەبوونی ناسنامەیەکی نەتەوەیی، یەکێک لە نیگەرانی و کێشە سەرەکییەکانی هەموو حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بووە.
هۆکاری دووەم: شکستخواردن لە پڕۆسەی دەوڵەت ـــ نەتەوەسازی
دەوڵەت ـــ نەتەوەسازی (Nation - Building)، بریتییە لە بەشداریکردنی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان لە پڕۆسەی سیاسیدا. ئەم بەشدارییە دەبێتە هۆی زیادکردنی هەستی وابەستەیی و ئینتیمای گرووپە قەومی و مەزهەبییە جۆراوجۆرەکان بۆ وڵات و، بەم شێوەیە ڕەوایی بە دەسەڵات دەدرێت.
زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە پاش سەردەمی کۆلۆنیالیزم دروست بوون، نەك تەنیا بە شێوەیهکی سروشتی دروست نەبوون، بەڵکوو بە شێوەیهکی دەستکرد و خێرا قۆناغی سەربەخۆیییان تێ پەڕاند. بە وتەیهکی دیکە، ئەو پڕۆسەیە کە کۆمەڵگه ئەوروپییەکان لە ماوەی چەند سەدەیهک بەڕێیان کرد، زۆربەی ئەم وڵاتانە، بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ماوەیهکی کورت و خێرادا تێیان پەڕاند. پێکهاتەی ئەم وڵاتانە چەندین ناسنامە و گرووپی قەومی و مەزهەبیی جۆراوجۆر و دژبەیەک بوون؛ هەر لەبەر ئەمە زۆربەی ئەم وڵاتانە بە شێوەیهکی بەردەوام گرفتار و گیرۆدەی چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانی دروستنەبوونی ناسنامەی نەتەوەیی بوونەوە و، لە کۆتاییدا ئەم قەیرانەیان پێ چارەسەر نەکرا.
دەتوانین عێراق وەکوو یەکێک لە لاوازترین وڵاتەکان لە پڕۆسەی دەوڵەت ـــ نەتەوەسازی ناو بێنین کە گیرۆدەی دووبەرەکی و ململانێی توندی قەومی و مەزهەبی بووەتەوە؛ لە بەر ئەمە، هیچ کات نەیتوانیوە قەیرانی نەتەوەسازی چارەسەر بکات. مێژووی عێراق بەباشی ئەم ڕاستییەمان پێ دەڵێت، کە دروستکردنی ئەم وڵاتە لەبەر بوونی بنەماکانی دەوڵەت ـــ نەتەوە لەم وڵاتە نەبووە بەڵکوو لەبەر بەرژەوەندیی وڵاتانی براوەی پاش جەنگی جیهانیی یەکەم بوو. لە سەردەمی هەرەسهێنانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و دروستکردنی حکوومەت لەژێر سەرپەرشتی و چاودێریی بریتانیا تا ساڵی ٢٠٠٣، پڕۆسەی دەوڵەت- نەتەوەسازی لە عێراق بە شێوەیهکی گشتی لە ڕێگهی زۆر و سەپاندن بووە. لەم قۆناغە کە زیاتر لە هەشتا ساڵی خایاند، کورد و شیعە و کەمینەکانی دیکە کە زياتر له٨٠%ی دانیشتووانی وڵاتیان پێک دەهێنا، بەناچاری لەژێر کۆنتڕۆڵی عەرەبی سوننە بوون کە ١٧%ی دانیشتووانیان پێک دەهێنا. هەر لەم کاتە بەدواوە ئەم مۆدیلە لە دەوڵەت ـــ نەتەوەسازی، بووە هۆی دروستبوون و بەردەوامیی قەیرانی ناسنامەی نەتەوەیی لە عێراق.
دابەشبوونی عێراق بۆ سێ ناوچەی کورد لە باکوور، عەرەبی سوننە لە سەنتەر و عەرەبی شیعە لە باشوور، هەر لە سەرەتای دروستکردنی ئەم وڵاتە وەکوو یەکێک لە بژاردە و جێگرهوه (بهدیل)هکان بۆ داهاتووی عێراق لەبەرچاو گیراوە. کەلێن و پەرتەوازەیی و دوورکەوتنەوەی ناسنامەی قەومی و مەزهەبییەکان لە یەکتر و ئەزموونی شکستخواردووی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئیدارەکردن و بەڕێوەبردنی وڵات، لە سەرەکیترین کێشەکانی پڕۆسەی دەوڵەت ـــ نەتەوەسازی لە عێراق بووە.
لە لایهکی دیکەوە بۆشاییی دەسەڵات لە عێراقی نوێدا، داواکاریی سیاسیی گرووپە قەومی و مەزهەبییەکانی زۆرتر کرد. بۆ ماوەیهکی دوورودرێژ، بوونی کەمینەیهکی سوننە بنەمای دروستبوونی دەسەڵات و سیاسەت لە عێراق بوو. لە پاش ٢٠٠٣ و بۆ یەکەمین جار لایەنی سیاسیی شیعە و کورد بە ئاوڕدانەوە لە تایبەتمەندی و ڕێژەی دانیشتووان و بەپێی قەبارە و پێگەی خۆیان، داوای بەشی شیاوی خۆیان لە دەسەڵاتی سیاسی هەبوو. کەواته دژایەتی و ناکۆکیی نێوان گرووپە جۆراوجۆرەکان بۆ بەدەستهێنانی بەشێکی زۆرتر لە دەسەڵات لە عێراقی نوێدا، یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم پڕۆسەی دەوڵەت ـــ نەتەوەسازی بوو. بە وتەیهکی دیکە، چۆنێتیی دروستکردنی هاوسەنگیی نێوان بەهێزکردنی دەوڵەتی ناوەندی بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی گشتی لە لایهک و بەجێهێنانی ماف و داواکاریی لایەنە سیاسییەکان لە لایهکی دیکەوە، لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم پڕۆسەی دەوڵەت ـــ نەتەوەسازی لە عێراق بووە. لە ڕاستیدا لە ماوەی نزیک سەد ساڵی ڕابردوو، پڕۆسەی دەوڵەت ـــ نەتەوەسازی لە عێراق بێجگە له چەند هەنگاوێکی سەقەت، هەرگیز قۆناغێکی جددیی تێ نەپەڕاندووە.
هۆکاری سێیەم: پرسی قەومی ـــ مەزهەبی
عێراق لە وڵاتانی فرەقەومی و مەزهەبیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بوونی کورد، عەرەب، تورکمان و ئاشووری و دابەشکردنی زۆرینەی دانیشتووان بۆ دوو مەزهەبی شیعە و سوننە (بێجگە لە ئایین و ئایینزاکانی دیکە)، فرەچەشنی و جۆراوجۆرییەکی تایبەتی لەناو سنوورە سیاسییەکانی عێراق دروست کردووە. کەواته دەتوانین بڵێین کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق لە چوارچێوەی قەومی بۆ دوو جۆری "عەرەبی ـــ کوردی" و، لە چوارچێوەی مەزهەبی بۆ دوو جۆری "سوننی ــ شیعی" دابەش دەبن. عێراق وەکوو وڵاتێکی چەند قەومی ـــ مەزهەبی بۆ گەیشتن بە ناسنامەیهکی هاوبەشی عێراقی و پاراستنی یەکپارچەیی و ئارامی، ڕووبەڕووی چەندین کێشە و ململانێ بووەتهوه و دەبێتەوە.
لە ڕاستیدا بوونی عێراقێکی یەکپارچە خەریکە وەکوو ئەفسانەی لێ دێت، لەبەر ئەوەی هەر کام لە پێکهاتە قەومی و مەزهەبییەکانی ئەم وڵاتە، عێراقیان بەو شێوەیە دەوێت کە خۆیان بیری لێ دەکەنەوە. واتا شیعە و سوننە و کورد هەر کامیان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان عێراقیان دەوێت، نە بە شێوەیهک کە لە قازانجی هەموو عێراقییەکان بێت. داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەت لەسەر بناغهی ناسنامەی قەومی و مەزهەبی، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی عێراق لە سەرەتاوە هەتاکو ئێستا بووە و، ئەمەیش بووەتە هۆی نەمانی یەکدەستی و لاوازبوونی یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیری و، پاشتریش سەرهەڵدانی جەنگ لە نێوان پێکهاتە و ناسنامەکانی عێراق.
ڕیشەی قەومگەرایی و مەزهەبگەرایی، دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی لێکدابڕاوی عێراق لە لایەک و، پەیڕەو کردنی سیاسەتی قەومی ـــ مەزهەبیی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە لایەکی دیکەوە. جیاوازیکردن لەناو پێکهاتەکان و کوشتنی شیعە و کورد لە سەردەمی بەعس و دوورخستنەوەیان لە دەسەڵاتی سیاسی، بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی، سەربازی و ئابووری لە لایەن کەمینەی سوننە، بەتایبەت بەعسییەکان و، دواتریش لە لایەن شیعەکان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانیان و دابینکردنی ئاسایشى خۆیان، هەروەها سەرکوتکردنی پێکهاتە و ناسنامەکانی دیکە، لەو فاکتەرە سەرەکییانە بوون کە کەلێنی قەومی و مەزهەبیی عێراقیان زۆرتر، قووڵتر و توندتر کرد.
کەواته نەبوونی بنەماکانی ناسنامەی نەتەوەیی و یەکپارچەیی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە عێراق لە لایەک و، بەرژەوەندیی جیاواز و دژبەیەکی گرووپە جۆراوجۆرەکان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە لایەکی دیکەوە، ئەم وڵاتەی تووشی پێکدادانی قەومی و مەزهەبی کردووەتەوە کە گرنگترینیان پێکدادانی عەرەبی ـــ کوردی و شیعە و سوننەیە. ئەمەیش دروستکردنی ناسنامەیەکی نەتەوەییی ئەستەم کردووە.
هەستی نیگەرانی و نەبوونی متمانە لە نێوان ناسنامەکانی عێراق، بووەتە بەربەستی هاوئاهەنگی، یەکێتی و کاری بەکۆمەڵی پێکهاتەکان لەناو حکوومەتدا. نەبوونی ناسنامەیهکی هاوبەش، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی کە تێگەیشتنێکی هاوبەش لە حکوومەت وەکوو شوێنێکی گشتی بۆ ئەنجامدانی کاری بەکۆمەڵ دروست نەبێت؛ کەواته لەم بارودۆخەدا بەشداریی بەکۆمەڵیش لە چوارچێوەی حکوومەت ڕوو نادات. وتەی کۆتایی ئەمەیە، کە عێراق هەرگیز گوزارشت نەبووە لە حکوومەتێکی نەتەوەیی. ناسنامە جۆراوجۆرەکانی عێراق لە ئەگەری دروستبوونی هەر دەرفەتێک، ناسنامەی تایبەتی و لۆکاڵی خۆیان بەسەر ناسنامەی نەتەوەیی واتا عێراقیبوون فەرز دەکەن و، ناسنامەکەی خۆیان بە باشتر دەزانن.
هۆکاری چوارەم: نەبوونی هۆکار، یان هۆکارەکانی بوون
مەبەست لە هۆکاری بوون (raison d'être) ئەمەیە، کە هەر حکوومەتێک دەبێت بۆ پاراستن و بەردەوامیی خۆی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە کە ئەم یەکە سیاسییە لەبەر چی دەبێت بە سەربەخۆیی و جیا لە یەکە سیاسییەکانی دیکەی جیهان بوونی هەبێت، یاخود بمێنێتەەوە؟ لە گرنگترین هۆکاری بوون بۆ هەر وڵاتێک، دەتوانین ئاماژە بەمانە بکەین: یەکگرتوویی و یەکێتیی نەتەوەیی چ لەسەر بنەمای زمان، ئایین و بەها هاوبەشەکان بێت، یان لەسەر بنەمای ئەزموون و مێژووی هاوبەش بێت. ئەگەر هۆکاری بوون لە وڵاتێک گرنگیی خۆی لەدەست بدات و هۆکارێکی بوونی دیکە دروست نەکرێت تا جێگهی بگرێتەوە، ئەو وڵاتە تووشی کێشە دەبێتەوە و ئەگەری دابەشبوونی زۆرە. حکوومەت لە ڕێگەی هۆکاری بوون، یان ئەندێشەی سیاسی، وەفاداریی هاووڵاتییان بۆ خۆی ڕادەکێشێت و ناسنامەی نەتەوەیی دروست دەکات. هۆکاری بوون و ئەو یەکڕیزی و یەکێتییەی کە سەرچاوەی لێ دەگرێت، ناسنامەی نەتەوەیی بە وڵات دەبەخشێت، کە ئەم ناسنامەیە بۆ مانەوە و بەردەوامیی وڵات کاریگەریی هەیە.
بێ گومان ئەو وڵاتانەی کە هۆکار، یان چەند هۆکارێکیان بۆ درێژەدان بە بوونی خۆیان نەبێت، لەوانەیە دەرفەتێکی کەمیان لە بەردەم بێت بۆ درێژەدان بە ژیانی سیاسییان. چەند وڵاتێک وەکوو چیکوسلۆڤاکیا، یوگۆسلاڤیا و یەکێتیی سۆڤیەت، تا دەیەی نەوەدی زایینی چەند وڵاتێکی ناسراو و سەربەخۆ بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی نەیانتوانی هۆکارێکیان بۆ بوونی خۆیان هەبێت یان دروستی بکەن، هەڵوەشانەوە و، لە ئیستادا بە ناو و ناسنامەی جاران نە لەسەر نەخشە و نە لە ڕاستییشدا بوونیان نییە.
هۆکار، یان هۆکارەکانی بوونی ئەو وڵاتانەی کە لە مێژووی دوورودرێژی خۆیان (لە هەندێک وڵات زیاتر لە پەنجا سەدە) ڕووبەڕووی چەندین گۆڕانکاریی جۆراوجۆر و ناسەقامگیری بوونەتەوە بەڵام لە پاراستنی شارستانییەت و کهلتوور و نیشتمانیان سەرکەوتوو بوون، دەتوانن ڕۆڵێکی ئەرێنییان لە بەردەوامی و مانەوەی وڵاتدا هەبێت. باشترین نموونەیش هۆکاری بوون لە چەند وڵاتێکی وەکوو "ئێران"، "چین" و "میسر"ە.
هۆکاری بوون لەو وڵاتانەی کە بە هۆی خەباتی خەڵک دژی داگیرکەران بە سەربەخۆیی گەیشتن و لە دەرەنجامدا یەکگرتنی سەرتاسەری لەم وڵاتە بە هۆی ڕق و کینەی خەڵک لە داگیرکەران بەدی هاتووە، بەڵام پاش سەربەخۆیی لەبەر ناکۆکیی قەومی، مەزهەبی و زمانیی نێوانیان گرفتاری جەنگی ناوخۆیی بوونەوە، گرنگیی خۆیان وەکوو فاکتەرێک بۆ یەکێتی و یەکگرتن لەدەست دەدەن و ئەگەر لەم وڵاتانە هزرێكی سیاسیی هاوبەش و گشتگیر لە لایەن حکوومەتەوە دروست نەکرێت، ئەوکات ناسەقامگیری ڕوو لە وڵات دەکات و لە کۆتاییدا دابەشبوونی وڵات دوور لە چاوەڕوانی نییە. یەکێک لە باشترین نموونەکان بۆ ئەوەی کە باسمان کرد، وڵاتی عێراقە.
عێراق لە لایهک پاش ئەوەی بە شێوەیهکی دەستکرد لە لایەن بریتانیا دروست کرا، هەوڵ نەدرا کە هزرێكی سیاسیی گشتگیر و هۆکاری بوونی بۆ دروست بکرێت؛ لە لایهکی دیکەوە زۆربەی دەسەڵاتدارانی پێشگیرییان لە دروستبوونی ناسنامەیهکی نەتەوەیی دەکرد و تەنانەت جەختیان لەسەر کەلەپووری عەرەبی دەکردەوە. بۆ ماوەی چەندین ساڵ زۆربەی ناسیۆنالیستە عەرەبەکانی عێراق وا بیریان دەکردەوە کە جوگرافیایەک بە ناوی عێراق لە کۆتاییدا لەناو دەچێت و لەگەڵ یەکەیەکی گەورەتری عەرەبی تێکەڵ دەبێت.
لەبەر ئەوەی عێراق لەسەر بنەما و فاکتەری دەرەکی و سەرخان دروست کراوە، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە تێگەیشتنێکی ڕاست و دروستیان بۆ جۆگرافیای مرۆیی (قەومی ـــ مەزهەبی) نەبووە، نەیانتوانیوە هزرێكی سیاسیی هاوبەش دروست بکەن کە گوزارشت لە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بکات و، بەم شێوەیە هۆکاری بوون کە ببێتە هۆی سەقامگیریی سیاسی، لەم وڵاتەدا دروست بکەن. دەرەنجامی ئەمەیش دروستنەبوونی ناسنامەیهکی نەتەوەیییه بە درێژاییی مێژووی ئەم وڵاتە. پێکهاتەی قەومی و مەزهەبی و مێژووی پڕ لە ناسەقامگیری و جەنگ لە عێراق پێمان دەڵێت، کە ئەم وڵاتە لەسەر بناغهی هیچ هزر و هۆکارێکی بوون بنیات نەنراوە.