پێشەکی :
گشتگیربوونی دیموکراسی و هەڵبژاردن، یەکێکە لە گرنگترین تايبەتمەندییەکانی سەدەی بیستهم هەتاکوو ئێستا. زانیارییەکان نیشان دەدەن، چهنده پڕۆسەی دیموکراسی لە کۆمەڵگهیەک زۆرتر گەشەی کردبێت، هێندهیش سیستەمی سیاسی، کارامەییی زۆرتری دەبێت. لە نیشانەکانی دیموکراسی، سازگاربوونیەتی لەگەڵ ئایین و بۆچوونە جیاوازەکان لە کۆمەڵگه جۆراوجۆرەکان. لەبەر ئەمە، لە وڵاتەکان چەند جۆر دیموکراسی سەریان هەڵداوە کە لە هەموویاندا ڕەوایی و پەسەندکردنی سیستەمی سیاسی، دەگەڕێتەوە بۆ ویستی خەڵک لە ڕێگەی هەڵبژاردن و سندووقی دەنگدان.
ئاشکرایە کە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە یەکێک لە بنەماکانی دیموکراسییە؛ لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرانی کابینە، پەیوەندییان بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق هەیە کە هەر چوار ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت. ئەم هەڵبژاردنانە گرنگییەکی زۆریان هەیە.
چەمکی هەڵبژاردن:
هەڵبژاردن (Election) پڕۆسەیهکی بڕیاردانی فەرمییە کە بەشێک لە خەڵک لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانهوه کەسێک، یان چەند کەسێک بۆ ماوەیهکی دیاریکراو هەڵدەبژێرن، بە مەبەستی بەڕێوبردنی کاروباری گشتیی خۆیان. هەروەها دەتوانین بڵێین: هەڵبژاردن زنجیرە کارێکی لێکدانەبڕاو و بەردەوامە، کە لە سنوورێکی جوگرافیی دیاریکراو و لە کاتێکی دەستنیشانکراو و سنوورداردا بە بەشداریی زۆرینەی خەڵک ئەنجام دەدرێت و دەبێتە هۆی هەڵبژاردنی کەس یان کەسانێک. جێبەجێکردن و ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە، "بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن"ی پێ دەڵێن.
هەڵبژاردن یەکێک لە پێوەرەکانی گەشەسەندنی سیاسی و ڕاڤەکار و ڕوونکەرەوەی ڕۆڵی خەڵک لە حکوومەتدایە. یاساکانی هەڵبژاردن، جێبەجێکردنیان و ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن، نیشاندەری پەیوەندیی حکوومەت و خەڵک و بارودۆخی کۆمەڵایەتییانە. لە کۆمەڵگهی فرەچەشنی ئێستادا، هەڵبژاردن تاکە ڕێگهیە بۆ بەدەستهێنانی ڕەوایی و ڕاستبوونی سیستەمی سیاسی؛ بەڵام هەموو کاتێک بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە مانای دیموکراسیبوونی ئەو حکوومەتە نییە. ئەو کاتە هەڵبژاردن سیمایهکی دیموکراسیی دەبێت، کە لە چوارچێوەی ئازادییەکی تەواو، پاڵێوراوانی جۆراوجۆر و هەڵقووڵاو لە خەڵک و لەسەر بنەمای یاسا بەڕێوە بچێت. کەواته هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراسییانە، دەبێت ئەم تایبەتمەندییانەی تێدا بێت: سەروەریی خەڵک، ڕەنگدانەوەی ئیرادە و ویستی زۆرینە، ڕەچاوکردنی مافی کەمینەکان، ئازادیی هەڵبژاردن، یەکسانیی هەموو هاوڵاتییان و بەشداریکردنی هەمووان. هەڵبژاردن پێوەرێکە بۆ ناسینی ڕوانگە، تێگەییشتن، تەنگژە و گیروگرفتەکانی کۆمەڵگه. لەبەر ئەمە، چۆنێتیی دابەشبوونی دەنگەکان لە شوێنە جیاوازەکان، نیشانەی جیاوازیی بیروبۆچوونەکانە.
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە عێراق:
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، پێویستە لە دوو قۆناغ باس بکرێن: یەکەم: لەسەرەتا تا ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس. دووەم: لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس. پێش ئەوەی باسی ئەم دوو قۆناغە بکەم، دەمەوێت ئەم ڕوونکردنەوەیه بدەم کە ئەم دوو قۆناغە بە شێوەیەکی گشتی باس دەکرێت، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هەموو وردەکارییەکان بدرێت، بەڵکوو تەنیا مەبەست ئەوەیە خوێنەر بە شێوەیەکی گشتی هەندێک زانیاریی لەسەر قۆناغەکان هەبێت.
قۆناغی یەکەم: لەسەرەتا تا ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس:
پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ١٩٢٥ و لەسەردەمی پاشایەتی بونیاد نراوە، کە بە شێوەی مهرجدار (مشروط) چاودێریی حکوومەتی دەکرد. ئەم پڕۆسەیە تا ساڵی ١٩٥٨ کە سیستەمی پاشایەتی لەسەر دەستی "عەبدولکەریم قاسم" ڕووخا، بەردەوام بوو. لەم ماوەیە، نزیکەی دە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوە چوو کە هەموو کاتێک کاریگەری و نفووزی پاشا و کەسە نزیکەکانی لە هەڵبژاردن دیار بوو. هەرچەندە بە کۆدەتای ١٩٥٨ لایەنە سەربازییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، بەڵام پەرلەمان تا ڕاددەیهک لەسەر ئیشوکارەکانی بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٩٦٣ حزبی بەعس توانیی، لە ڕێگهی کودەتا دەسەڵات بگرێتە دەست. لە ساڵی ١٩٧٠ و لە سەردەمی دەسەڵاتداریی حزبی بەعس، یاسایەک پەسەند کرا کە بەپێی ئەم یاسایە، دەبووایە وڵات بە شێوەی کۆماری بەڕێوە بچێت؛ بەڵام ئەم یاسایە تا ساڵی ١٩٨٠ و دەسەڵاتی سەددام حسێن جێبەجێ نەکرا. لە پاش ئەم مێژووه، سەددام جارێکی دیکە پەرلەمانی بووژاندەوە؛ هەرچەندە چوونەژوورەوەی نوێنەران بۆ پەرلەمان لەژێر چاودێریی تەواوی دەوڵەت و حزبی بەعس بوو.
لە ساڵی ١٩٨٩ تا ساڵی ٢٠٠٣ کە ڕژێمی بەعس بە هێرشی ئەمریکا لەناو چوو، چەندین هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوە چوو کە هیچ کام لەم هەڵبژاردنانە شەفاف و ڕوون نەبووە و بەبێ چاودێریی نێودەوڵەتی بووە. ئەوەی کە ئاشکرایە ئەمەیە، کە ئەو هەڵبژردنانەی لە پێش سیستەمی فیدراڵی بەڕێوە چوونە، بە شێوەی تەشریفاتی و ڕواڵەتی بوونە؛ بە شێوەیەک کە دەرەنجامی ئەم هەڵبژاردنانە پێش ئەنجامدانیان دیار بووە. لەم سەردەمە، زەبروزەنگی سیاسی و ئازار و چەوساندنەوەی خەڵک، قەدەغەکردنی چالاکیی سیاسی و دروستکردنی حزبە سیاسییەکان و سەرکوتکردن و لەناوبردنی نەیاران بە هەموو شێوەیەک، لەو هۆکارانە بوون کە حزبی دەسەڵاتدار بتوانێت، لە هەڵبژاردنێکی تەشریفاتیدا زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بێنێت و درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات.
قۆناغی دووەم: سەردەمی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس:
لە ساڵی ٢٠٠٣ کە دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس بە هێرشی ئەمریکا لەناو چوو، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی عێراقدا شیعه و کورد ئەم دەرفەتەیان بۆ ڕەخسا كه بچنه نێو پێکهاتەی نوێی دەسەڵاتهوه و، سوننەکان پەراوێز بخەن. لەم قۆناغە بە هۆی لەناوچوونی ڕژێمی بەعس و هاتنەکایەی کەشێکی ئازاد، حزب و ڕەوتە سیاسییە جۆراوجۆرەکان کە لە سەردەمی بەعس بۆیان نەبوو چالاکی بکەن و لە ناوخو و دەرەوە سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی خۆیان بوون، ئەم دەرفەتەیان بۆ ڕەخسا کە بێنە ناو گۆڕەپانی سیاسی. لە گرنگترینی ئەم حزب و ڕەوتانە، دەتوانین ئاماژە بە حزبە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان و حزبە شیعییەکان لە باشووری عێراق بکەین. تایبەتمەندیی گرنگی ئەم سەردەمە، بەشداریی حزب و ڕەوتە جۆراوجۆرەکان لە گۆڕەپانی هەڵبژاردنەکانە وەکوو لایەنی قەومی، مەزهەبی، سێکیۆلار، لیبراڵ و پان-عەرەبی.
عێراقی پاش سەددام حسێن، چەندین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە ساڵانی ٢٠٠٥ ، ٢٠١٠ و ٢٠١٤ بەخۆیەوە بینیوە. لە هەموو ئەم هەڵبژاردنانەدا ڕەوت و حزبە جۆراوجۆرەکان بەشدارییان کردووە. لێرەدا ئاماژەیەک بۆ ئەم سێ خولە دەکەین.
خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق:
لە ١٥/١٢/ ٢٠٠٥ هەڵبژاردن بۆ پێكهێنانی یەکەمین پەرلەمانی هەمیشەییی عێراق بەڕێوە چوو. لەم هەڵبژاردنە نزیکەی ١٢ ملیون و ٤٠٠ هەزار کەس بەشدارییان کرد کە دەکاتە (٧٩،٦%)ی دەنگدەران. هەڵبژاردنی ئەم خولە بە شێوەی لیستی داخراو، واتا هەڵبژاردنی لیست لە جیاتی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی پاڵێوراوان بوو. دەرەنجامی هەڵبژاردن، سەرکەوتنی "الائتلاف العراقی الموحد" و "هاوپەیمانیی لایەنە کوردستانییەکان" وەکوو براوەی یەکەم و دووەم بوو. بەم شێوەیە یەکەمین پەرلەمانی هەڵبژێردراوی عێراق پێك هێنرا.
ئەم پەرلەمانە لە ساڵی ٢٠٠٦ بە سەرۆکایەتیی مەحموود مەشهەدانی، لە کەسایەتییە سوننەکان، دەستی بە کار کرد و ماوەکەی ٤ ساڵ دیاری کرا. هەروەها ئەندامانی پەرلەمان، ئیبراهیم جەعفەری، کەسایەتییهكی سیاسیی شیعەیان وەکوو یەکەم سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراوی عێراق هەڵبژارد. ئەوەی ڕاستی بێت ئەمەیە، کە لە دوای هەڵبژاردن سەرەڕای ڕازیبوونی لایەنە سەرەکییەکانی عێراق، واتا کورد، عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە، بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە هەر سێ لایەن، چوار مانگی خایاند تا کەشێکی لەبار بۆ دیاریکردن و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران بڕەخسێت.
خولى دووەمى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق:
بەپێى بەرنامەی کۆمیسیۆنى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە (7/3/2010) هەڵبژاردن بۆ دروستکردنی دووەمین پەرلەمانی هەڵبژێردراوی عێراق بەڕێوە چوو. لەم هەڵبژاردنەدا 6292 کاندید لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق هەوڵی چوونە ناو پەرلەمانیان دەدا، کە 1813 کەسیان ئافرەت بوون. هەروەها 485 کەس بە هۆی ئینتیمایان بۆ حزبی بەعس، لە هەڵبژاردنەکان دوور خرانەوە. لە کۆی ژمارەی دانیشتووانی عراق کە ٣٢،٢٧٤٥٢٨ کەس بوون، 19 ملیۆن و 800 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.
بەپێى یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانى عێراق کە لە کۆتاییى ساڵى (2009 ) پەسەند کرا، ژمارەی کوورسییەکانى پەرلەمان لە (275) کورسى بۆ (325) کورسی زیاد کرا و، بۆ هەر (100 ) هەزار دەنگدەر یەک کورسیى پەرلەمانى دیاری کرا. لە کۆی کورسییەکانى پەرلەمان (310) کورسى بۆ پارێزگهکان و (15) کورسییش بۆ کەمینەکان و یەدەگ تەرخان کرا. بە وتەیەکى دیکە، لە (15) کورسییەکە (8) کورسى بۆ کەمینە ئایینییەکان و، (7) کورسییەکەی دیکەیش بەم شێوەیە لەناو لیستە براوەکان دابەش کرا: هاوپەیمانیى نەتەوەییی عێراق (2) کورسى، لیستى ئهلعێراقییه (2) کورسى، هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا (2) کورسى و، هاوپەیمانیى کوردستان (1) کورسى.
خولى سێیەمى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق:
هەڵبژاردنى ئەم خولە لە (30/4/2014 ) بەڕێوە چوو. کۆی ژمارەی کورسییەکانى پەرلەمان لەم خولە، بە (328) کورسى دیاری کرا کە بەراورد بە هەڵبژاردنى ساڵى (2010 )، سێ کورسیى بۆ زیاد کرا. ئەم (3) کورسییە، بۆ کەمینە قەومی و مەزهەبییەکان تەرخان کرا. بەپێى یاسای هەڵبژاردنەکان، (5) کورسى بۆ کەمینە مەسیحییەکان و (320) کورسییەکەی دیکەیش بەسەر پارێزگهکان دابەش کران. هەروەها بڕیار درا کە لە کۆی (328) کورسییەکە (25%) بۆ ئافرەتان بێت.
لەم هەڵبژاردنە (9031) کاندید بۆ بەدەستهێنانى (328) کورسیى پەرلەمان، لەگەڵ یەکتر کێبڕکێیان دەکرد؛ کەواتە بەتێکڕا هەر (28) کاندید لەسەر (1) کورسى، پێکەوە کێبرکێیان دەکرد. کۆی کاندیدەکان لە چوارچێوەی (39) هاوپەیمانى لە (107) گرووپ و کەسایەتى سیاسى پێک دەهاتن.
شیکردنەوەیەک بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق:
دەربارەی ئەو هەڵبژاردنانە کە پێش ساڵی ٢٠٠٣ و بەتایبەت لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی کراون، دەتوانین بڵێین هەر بەناو هەڵبژاردن بوونە و دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان هەر پێش ئەنجامدانیان ئاشکرا بووە؛ واته لەبەر نادیموکراسیبوونی سیستەمی سیاسی، هەموو کاتێک حزبی دەسەڵاتدار براوەی یەکەم و کۆتاییی هەڵبژاردنەکان بووە. بەڵام پڕۆسەی هەڵبژاردن لە دوای ٢٠٠٣، پڕۆسەیەکی دیموکراتیک بووە کە هەموو حزب و ڕەوتە سیاسییەکان دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن. عێراق لە ١٨ پارێزگه پێک دێت کە شیعەکان لە ٩ پارێزگه، سوننەکان لە ٣ پارێزگه و کوردەکان لە ٣ پارێزگه زۆرینە پێک دێنن. بە ئاوڕدانەوە لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆمان دەردەکەوێت، کە هەموو حزب و ڕەوتە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنەکان تەنیا لە ناوچە و هەرێمی جوگرافیی تایبەت بە قەومییەت و مەزهەبی خۆیان توانیویانە دەنگ بێنن و، لە دەرەوەی بازنەی مەزهەبی و قەومیی خۆیان لە لایەن قەومییەت و مەزهەبەکانی دیکە هیچ پێشوازییەکیان لێ نەکراوە؛ کەواته نەیانتوانیوە هیچ دەنگێک، یان دەنگی پێویست بەدەست بێنن. لەبەر ئەمە، دەگەینە ئەم دەرەنجامە کە حزب و ڕەوتە سیاسییەکان لە عێراق نە تەنیا نەیانتوانیوە لە ئاستی عێراق لایەنێکی نەتەوەیی و گشتگیر بەدەست بێنن، بەڵکوو لە ئاستی لۆکاڵیش ڕووبەڕووی حزب و ڕەوتە جۆراوجۆرەکان وەکوو مەزهەبی، قەومی، سێکیۆلار، ناسیونالیست و لیبراڵ دەبینەوە کە لە کۆتاییدا ئەم لایەنە لۆکاڵییانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ئاستی لۆکاڵی، ناچارن کە لەگەڵ یەکتر هاوپەیمانی پێک بێنن تا بتوانن لە ڕێگەی بەشداری لە ئاستی باڵای نەتەوەیی، دەستکەوتێکی خۆجێ و لۆکاڵیان هەبێت.
دەکرێت ئەم ئیدیعایە بکەین، کە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حزبە شیعەکان عەرەبی شیعەن. ئەم ئەگەرە ڕاستە، کە لەوانەیە هەندێک کەسی غەیرەعەرەب پەیوەندیی بەم حزبانەوه بکەن و لە هەڵبژاردن دەنگیشیان پێ بدەن بەڵام ئەم کارە پەیوەندبی بە هەستی نیشتمانی و عێراقیبوونهوه نییە، بەڵکوو لەبەر ئەمەیە کە ئەم کەسانەیش شیعەمەزهەبن. کەواته پاڵنەری ئەوان بۆ بەئەندامبوون و دەنگدان بەم حزب و ڕەوتانە، فاکتەری مەزهەبە نەوەک هەستکردن بە ناسنامەی نیشتمانیی هاوبەش. ئەم بابەتە بۆ دوو لایەنی سەرەکیی دیکەیش، واتا کورد و عەرەبی سوننە ڕاستە. زۆر زەحمەتە، یان دەتوانین بڵێین ئەستەمە، عەرەبی شیعە و سوننە بتوانن لەناو جوگرافیای هەرێمی کوردستان یەک کورسی بەدەست بێنن، لەبەر ئەوەی ئەوان لەوێ هیچ پێگە و لایەنگرێکی ئەوتۆیان نییە. هەروەها کوردەکانیش ناتوانن لە ناوچە عەرەبەکانی شیعە و سوننە کورسییەک بەدەست بێنن. ئەم داستانە لە ناوچە عەرەبە سوننە و شیعەکان، بۆ لایەنی بەرامبەریان بە هەمان شێوەیە کە لە سەرەوە باسمان کرد. ئەم جۆرە لە لایەنگری و دەنگدان بۆ حزب و ڕەوتەکان لە عێراق، بۆ دروستنەبوونی ناسنامەیەکی نیشتمانی لەم وڵاتە دەگەڕێتەوە و، ئەو ناسنامانەی لە عێراق بوونیان هەیە لە چوارچێوەی قەومی و مەزهەبی ماونەتەوە و نەیانتوانیوە دوای نزیک لە سەد ساڵ سنووری لۆکاڵی و جوگرافیی خۆیان تێ پەڕێنن. زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێم هەتاکوو ئێستایش ئەم ناسنامە قەومی و مەزهەبییانە لە باشترین دۆخدا بە چاوی بێگانە یەکتر دەخوێننەوە و، ئەگەر دۆخەکە هەندێک بشێوێت وەکوو دوژمن سەیری یەکتر دەکەن.
کەواته دابەشبوونی عێراقیش بەسەر سێ هەرێمی هەڵبژاردن، واتا کوردستان، عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە، بۆ دروستنەبوونی ناسنامەی نیشتمانی لە عێراق دەگەڕێتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی دروستنەبوونی ئەم ناسنامەیە ڕۆڵی وڵاتانی زلهێز لە دروستکردنی جوگرافیایەکی دەستکرد و سەپێندراو بە ناوی عێراق بوو. ئەم وڵاتانە و بەتایبەت بریتانیا هیچ ڕاوێژ و ڕاپرسییەکیان لە خەڵکی ناوچە جیاوازەکان نەکرد، بۆ ئەوەی بزانن کە بۆچوونی ئەوان لەسەر دروستکردنی وڵاتێکی نوێ بە ناوی عێراق چییە؟ لەبەر ئەمە هەر لە سەرەتای دروستکردنی عێراق و بەتایبەت لە دوای سەپاندنی دەسەڵاتی کەمینەی سوننە بەسەر زۆرینەی شیعە و کورد، دەنگی ناڕازی لە زۆربەی بەشەکانی عێراق دژی حکوومەتی ناوەندی بەرز بوویەوە و، لە کۆتاییدا بووە هۆی ناسەقامگیریی سیاسی و جەنگی قەومی و مەزهەبیی لایەنە ناڕازییەکان لەگەڵ حکوومەتە ناوەندییەکان. دەرەنجامی ئەم پڕۆسەیە، گرنگیدان بوو بە ناسنامەی قەومی و مەزهەبی لەناو کورد و شیعە و دروستنەبوونی ناسنامەی نیشتمانی لە عێراق. تەنانەت لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەم کێشەیە، واتا قەیرانی ناسنامەی نیشتمانی، هەر بەردەوام دەبێت؛ تەنیا گۆڕانکاری کە ڕوو دەدات ئەمەیە، کە ئەم جارە عەرەبی شیعە ڕۆڵی عەرەبی سوننە دەگێڕن.