بڕیارەکەی ترامپ و لێکدانەوەکان

هیوا مەجید خەلیل،  دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

تویتە لەناکاوەکەی ترامپ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، مشتومڕی زۆری لێ کەوتەوە و تەنانەت وەک شۆکێکیش بوو. ترامپ کاتێک هاتە سەرکار، دروشمە سەره‌کییەکەی بریتی بوو لە "پێش هەموو شتێک ئەمریکا، کاڵای ئەمریکی بکڕە و کاڵای ئەمریکی کرێ بکە." لە کاتی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیشی لە سووریا، قسەیەکی تری کرد و گوتی: "ئەمریکا پۆلیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە." دەکرێت ئەم قسەیەی ترامپ بچێتە خانەی ئەو گوتارەی کە هەمیشە دەڵێت بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی تر لە لایەن ئەمریکاوە، دەبێ ئەم وڵاتانە باج و پارەکەی لە ئەستۆ بگرن. لە ڕاستیدا، ئەوەی کە ترامپ دەیکات پێش هەموو شتێک تێکدانی ئەو نەزمە نێودەوڵەتییەیە کە خودی ئەمریکا لە ڕێگەی ڕێکخراوە جیهانییە ئابووری و سیاسییەکان بۆ ماوەی پتر لە سێ دەیە هەوڵی بۆ دەدات؛ واتە ئەو کاتەی کە لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلین و نەمانی یەکێتیی سۆڤیەت نەزمێکی نوێی جیهانی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکای ڕاگەیاند و زۆرتر لە چوارچێوەی ئەدەبیاتی بەجیهانیبووندا ڕەنگی دایەوە و لە چوارچێوەی ئەم نەزم و ئەدەبیاتەدا ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی خۆی دەپاراست.

ئایدیۆلۆژیی ئەم جیهانبینییەیش بریتی بوو لە لیبراڵ دیموکراسی و بازاڕی ئازاد. بەڵام ئەوەی کە ترامپ دەیکات زیاتر لە چوارچێوەی ناسنامه‌ی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمدا دەخولێتەوە، بەتایبەتیش کاتێک کە دەڵێت "سنوورەکان بەهێزتر دەکەم." بەڵام ئەوەیش بەو مانایە نایه‌ت کە ئەمریکا وازی لە بەرژەوەندییەکانی هێنابێت. بەڵام وەها هەست دەکات کە لە ڕێگەی جیهانبینییەکی تر و بە تێچووی کەمتر، دەتوانێت دەسکەوتی زۆرتر دەستەبەر بکات. لە ڕاستیدا دوای هاتنەسەرکاری ترامپ، تا ڕاددەیەکی زۆر ئەم جیهانبینییە سەرکەوتوو بووە.

ئەوەی کە توێژەرانی لە دوای هاتنی ترامپ تووشی کێشە کردووە بریتییە لەوەی کە کەمتر تیۆرییەکان دەتوانن خوێندنەوە بۆ سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەن. بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا خەریکە سەرلەنوێ تیۆریی خوێندنەوەی ڕەفتاری سیاسیی نوخبە و کاریگەریی لەسەر بڕیارداڕشتن و دامەزراوەکانی حکوومەت دێتەوە ناو مەیدانی تیۆرییەکانی شیکردنەوەی سیاسی، کە زۆرتر تیۆرییەکی دەروونناسییە و خوێندنەوەیش بۆ کەسایەتیی بڕیاردەر دەکات.

لەبیرمان نەچێت کە ترامپ تەنیا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا نەداوە بەڵکوو بۆ ئەفغانستانیش هەمان بڕیاری داوە. کەواتە، ئەگەرچی ئەم بڕیارەی ترامپ ناڕەزایەتیی وەزیری بەرگری و دوو دەزگه‌ی گەورەی ئاسایشی ئەمریکای لێ کەوتەوە، بەڵام نایشکرێ وەها هزر بکەینەوە کە بڕیارێکی لەناکاو بووە؛ ئەوەی کە بەرچاو نییە بریتییە لەو کەسانەی کە لە پشتی پەردەوە سیاسەتەکانی ترامپ دادەڕێژن؛ چونکە خودی وەزیری بەرگری و کۆمەڵێک بەرپرسی تری پەیوەست بە سیاسەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا، بڕیار بوو لە مانگی دوو واز لە کارەکانیان بهێنن. کەواتە بڕیارەکە بێ ڕاوێژ نەبووە، بەڵکوو جۆری تویتەکەی ترامپ جێگەی سەرسووڕمان بوو کە ئەمەیش خووی ترامپە بەم جۆرە لەبارەی گشت شتێکەوە تویت دەنووسێ.

مەترسی و لێکەوتەکانی بڕیاری ترامپ بۆ کوردەکان زۆرن کە بریتین لە:

١- ئەردۆغان مانەوەی خۆی بە دژایەتیکردنی کورد دەبینێتەوە و تا ئێستایش لەم کارەدا سەرکەتوو بووە. ئەردۆغان لە لێداوانێکدا گوتی کە چیتر جاوەڕێی جارەسەری پرسی کورد نەبن. وەزیری بەرگریی تورکیایش ئاماژەی بەوە کرد کە کوردەکان لەناو سەنگەرەکانیاندا له‌ خوێن ده‌گه‌وزێنین. سیاسەتە هەڵەکانی "پ.ک.ک"ش باشترین دەرفەتی تا ئێستا بۆ تورکیا ڕەخساندووە. ئەوەی کە مەترسییەکە زۆرتر دەکات بریتییە لەوەی کە ترامپ کەسێکی بۆ وەزیری بەرگری دەستنیشان کردووە بە ناوی "پاتریک شانهان". شانهان کەسێکە، بازرگانیی چەک لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا دەکات و زۆریش لە تورکیا نزیکە. مەترسییەکەی تر بریتییە لە هێرشکردنی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوا کە تا شنگال بەردەوام دەبێت؛ واتە تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. پێکدادانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی پاراستنی ئێزیدخان یەکەمین دەرکەوتەی ئەم مەترسییەن. ترامپ ئاماژەی بەوە کردووە کە لە گفتوگۆیەکی تەله‌فۆنی لەگەڵ ئەردۆغاندا، ئەردۆغان بەڵێنی ڕیشەکێشکردنی داعشی پێ داوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە سەرەتایەکە بۆ تووشکردنی تورکیا بە کێشەی گەورەتر. بنەماڵەی ئالی سعوود ئەو ڕیسوایییە گەورەیەی کەیسی خاشقچی لەبیر ناکەن کە ئەردۆغان هۆکارەکەی بوو. هەروەها جه‌نگ پێویستی بە ئابوورییه‌کی بەهێزە. تورکیا ناتوانێت تا سەر پێداگری لە ڕۆحی دوژمنكاری بکات.

٢. دەکرێ هێزەکانی سووریا یان داعش بە هاوکاریی عەشایه‌ری عەرەبی سوننە هێرش بکەنە سەر هێزەکانی پەیەدە و هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەم شێوەیەیش داعش تا سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بێت و و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێک بدات. بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاریی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە داعش بە شێوەیەکی تر خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە. بەڵام هێزەکانی ڕۆژاوایش کارتێکیان لەبەردەستە، ئەویش بریتییە لە پاشەکشەکردن لەو ناوچانەی سووریا کە بۆ کورد گرنگ نین و بەم جۆرەیش داعش ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ دەکات و کوردیش تەنیا کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە دەکات کە بۆی گرنگن. بەڵام ئایا هێزی هاوپەیمانان ڕێگە دەدات ئەم ناوچانە لە لایەن داعشەوە کۆنترۆڵ بکرێن؟ تێکچوونی بارودۆخی ڕۆژاوا دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێران گوشار بخاتە سەر حکوومەتی عێراق و لە ڕێگەی حکوومەتی عێراقەوە سنووری مانۆڕدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرتەسک بکاته‌وه‌. لە لایەکی تریشەوە، دەرفەت دەرەخسێ کە ئێران پەلەماری هێزە کوردە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات کە لە هەرێم نیشتەجێن.

ئایا ڕۆژاوا بەچۆڵی دەمێنێتەوە؟

دوای تویتەکەی ترامپ، فەڕەنسا وەک سپۆنسەری مێژووییی سووریا هاتە سەرخەت و ڕەخنەیشی ئاراستەی ئەم تویت/بڕیارەی ترامپ كرد و گوتی: "هاوپەیمان، دەبێت جێگەی متمانە بێت." ئەگەر ئەمە قسەی سەرۆکی وڵاتێکی ئاسایی بوایه‌، لەوانەیە لێکەوتەی ئەوتۆی نەبوایه‌، بەڵام قسەی سەرۆکی وڵاتێکە کە ئەندامە لە ناتۆ و ئەندامی هەمیشەییی ئەنجومەنی ئاسایشی گشتییە. ئەگەرچی خودی فەڕەنسایش تووشی کێشەی هێلەکزەردەکان بووەتەوە کە بەدڵنیایییەوە لە کاراییی سیاسەتی دەرەوەی فەڕەنسا کەم دەکاتەوە، بەڵام لاوازی ناکات. هاوکات وڵاتانی عەرەبی، وەک سعوودیا، ئیسڕائیل و ئیماراتیش ئامادەییی سەربازیی خۆیان بۆ پڕکردنەوەی هەر جۆرە بۆشایییەک ڕاگەیاندووە. کەواتە سەختە سووریا بەچۆڵکراوەی بۆ ئێران و تورکیا بمێنێتەوە. سەرەڕای ئەوە، لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا گەورە بەرپرسانی تورکیا و ئەمریکا لەسەر پرسی سووریا کۆ دەبنەوە. تورکیا هەوڵ دەدات کە خۆی وەک زلهێزی ناوچەکە نیشان بدات بەڵام ئەویش هەروەک ئێران لە قەیرانی قووڵی ئابووریدایە. تورکیا خۆی لە سوودان نزیک کردەوە کەچی خۆپێشاندانی سەرتاسەری لە سوودان ڕێک خرا. ئەگەرچی خۆپێشاندانەکە لە دژی تورکیا نەبوو، بەڵام پەیامێک بوو کە وڵاتانی ڕکابەری تورکیا بۆ تورکیایان نارد.

ئایا بەرەکانی جه‌نگ بەرفراوان دەبێت؟

مەرج نییە بەم بڕیارەی ترامپ بەرەکانی جه‌نگ بەرفراوانتر بن؛ دەکرێ دەرگه‌یەک بۆ ڕێککەوتن بکاتەوە، چونکە لە گۆڕەپانەکەدا هەم ژمارەی ئەکتەرە دەوڵەتی و هەمیش ژمارەی ئەکتەری نادەوڵەتی ڕوو لە زیادبووندایە کە گشتیان دەتوانن هاوسەنگیی هێز بپارێزن. بۆیە دەکرێ لەم دۆخەدا ڕێککەوتن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان، ڕێگەچارەیەکی گونجاوتر بێت لە شەڕکردن. هاوکات، دەرفەتێک بێت بوو دووبارە هاتنەوەی ئەمریکا بۆ ناوچەکە بەبەهێزی. کاتێک کە باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا بوو، بڕیاری کشانەوەی ‌هێزەکانی لە عێراق دا و سیاسەتی no boots on the groundی ڕاگەیاند، بەڵام بە هاتنی داعش ناچار بوو پاشەکشە لەم سیاسەتە بكات.

ئەوەی کە ئێستا ڕوو دەدات بە تەختەی شەتڕەنج دەچێت؛ سەربازەکان جووڵەی یەکەم دەکەن و بەپێی داشەکانی سەر تەختەکە، جووڵه‌کان جیاواز و مەیدانی جووڵەکردنیش بەرفراوانتر دەبێت، بەڵام دواجار "شا" تەحەکوم بە مەیدانەکە دەکات. زۆرترین دەنگدانەوەی ئەم بڕیارەی ترامپ لە وڵاتە عەرەبییەکاندا بووە کە لەرزۆکترین وڵاتن؛ کەواتە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکەیش خودی وڵاتانی عەرەبین. کلیلەکەیش بریتییە لە پارە. وڵاتانی عەرەبی ناچارن کە پارەکە بدەن. ترامپیش بازرگانە و بە دوای پارە دەگەڕێت. ئەمریکایش بەتەواوەتی ناکشێتەوە و هێزی ئاسمانییەکەی لە ئاسمانەوە، چاودێریی جووڵەکانی سەر زەوی دەکات.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples