چەند پێشنیارێک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان  

 

هیوا مەجید خەلیل،  دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

خەڵک هەم ئۆمێدی لەسەر حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان هه‌ڵچنیوە و هەمیش ترسی لەم حکوومەتە هەیە؛ واتە ئومێد لە چاکسازی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و ترس لە بەردەوامێتیی گەندەڵی و ناکۆکییەکان. باشترە سەرۆکی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان چەند ڕێکارێک بگرێتە بەر، کە دەکرێ لەنێویدا کۆمەڵێک چاکسازی و خزمەتگوزاری پێشکەشی هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بکات. ڕێکارەکان زۆرن و بۆچوونەکانیش جیاواز. ئەوەی کە لەم نووسینەدا مەبەستە، چەند ڕێکارێکن لە نێوان چەندین ڕێکاردا.

یەکەم، وەها دیارە ئەم جارەیش حکوومەت، حکوومەتی بنکەفراوان دەبێت و چەند لایەنێکی سیاسیی جیاواز تێیدا بەشدار دەبن. ئۆپۆزیسیۆنێکیش بوونی دەبێت کە بەداخەوە هێشتا حکوومەت پێک نەهاتووە، خەریکی بڵاوکردنەوەی دروشمی پۆپۆلیستییە. باشترە سەرۆکی حکوومەت بۆ باشترکارکردنی کابینەکەی، لە کاتی وەبەرکەوتنی هەر وەزارەتێک بۆ هەر حزبێکی سیاسی، بە حزبەکەی خۆیشییەوە، داوا لە حزبەکە بکات "سی-ڤی"ی چەندین کەس بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە پێشکەش بکات. بۆ نموونە، ئەگەر بڕیار بێت وەزارەتی پەروەردە پشکی حزبی (A) بێت، ئەم حزبە سی-ڤیی بە لانی کەم پێنج کەس پێشکەشی سەرۆک حکوومەت بکات. بەم جۆرە هەم سەرۆکی حکوومەت دەتوانێت باشترین کەس لە نێوان بەربژێرەکان هەڵبژێرێت و هەمیش لە نێوان کادیرانی خودی حزبەکە جۆرێک لە ڕکابەرێتی دروست دەبێت و حزبەکەش کەسی شیاو بەربژێر دەکات. واتە لە گوتەکەی "خومەینی" دوور بکەوینەوە کە دەیگوت: "تعهد شرط است نە تخصص"؛ واتە وەفاداری مەرجە، نەک پسپۆرێتی. دەکرێت ئەم ڕێکارە بۆ گشت پۆستەکانی وەک، وەزیر، وەکیل وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی و پۆستە گرنگەکانی تر پەیڕەو بکرێت. ئەم کارە دەستی خاوەن پۆستەکەیش کراوەتر دەکات چونکە خودی ئەویش لە ڕێگەی شیاوێتییەوە پۆستەکەی دەستەبەر کردووە.

دووەم، خاڵی دووەم کە بە خاڵی یەکەمەوە گرێدراوە، بریتییە لەوەی کە باشترە سەرۆکی حکوومەت لەناو نووسینگەکەی خۆیدا داتابەیسێکی هەموو کەسە پلە بەرزەکانی ناو حکوومەتەکەی هەبێت، وەک: وەزیر و ڕاوێژکارەکان و تەنانەت کەسە پسپۆرەکانی بوارە جیاوازەکانی دەرەوەی حکوومەتیش. بەم جۆرەیش نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە کاتی هاتنەپێشەوەی کێشەیەک یاخود پڕکردنەوەی پۆستێک، داوا لە کەسەکان نەکات سی-ڤیی خۆیان بنێرن، بەڵکوو دەتوانێت پێشوەختە خوێندنەوە بۆ شیاوێتیی کەسەکان لە پڕکردنەوەی پۆستەکاندا بکات.

سێیەم، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چیتر تەنیا ئەندامی سەرکردیەتیی حزبەکەی خۆی نابێت، بەڵکوو سەرۆکی حکوومەتی سەرتاسەریی هەرێمی کوردستانە. لە هەرێمی کوردستاندا، بمانەوێت و نەمانەوێت جۆرە ناکۆکییەکی ناوچەییش پەیدا بووە کە هۆکاره‌ سەرەکییەکەی ئەو گوتارەیە کە هەوڵ دەدات وەها نیشان بدات کە لە ڕووی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانەوە جیاوازی لە نێوان ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە. باشترە جارناجار سەرۆکی حکوومەت و ستافەکەی سەردانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بکه‌ن و ڕاستەوخۆ گوێبیستی داواکارییەکانی هاووڵاتیان بن. بەم شێوەیەیش هەم کێرڤی لێهاتووییی سەرۆکی حکوومەت و حکوومەتەکەی، هەمیش کێرڤی متمانە بە حزبەکەی  بەرز دەبێتەوە.

چوارەم، باشترە ڕێژەیەک لە ئافرەت لەناو کابینەی حکوومەت و پۆستە پلە بەرزەکانی تردا بوونی هەبێت. بەم جۆرەیش سەرۆکی حکوومەت ڕاستەخۆ بە توێژەکی بەرفراوان، کە نیوەی کۆمەڵگە پێک دێنن، گرێ دەدرێت. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە ئەم هەنگاوه‌ی سەرۆکی حکوومەت ڕێگەخۆشکەر دەبێت کە دەستی کاری ئافرەت بەشدارییەکی زۆرتر لە پرۆسەی ئابووریدا بکات و بارگرانیی سەرشانی حکوومەت نەختێک سووکتر بکات.

پێنجەم، باشترە حکوومەتی داهاتوو خۆی لە بەخشینی نازناو بە شارەکان بپارێزێت؛ چونکە ئەمە جۆرێک لە کەلێنی کۆمەڵایەتی-سیاسی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا دروست دەکات. گشت ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە یەک ئاستی خزمەتگوزاری و ڕۆشنبیریدان و هیچ ناوچەیەک لە ناوچەیەکی تر کەمتر و زۆرتر و گرنگتر نییە.

چەندین پرسی تر هەن، وەک چاکسازی و شەفافییەت و دووبارە داڕشتنەوەی دامەزراوەکان، کە کەم تا زۆر لەم بارەوە بابەتی جۆراجۆر بڵاو کراونەتەوە. بۆیە ئەم نووسینە تەنیا تیشکی خستووه‌تە سەر چەند ڕەهەندێكی تەکنیکیی گرنگی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples