ئایينده‌ى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ ئه‌فغانستان- به‌شى دووه‌م

ئایينده‌ى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ ئه‌فغانستان- به‌شى دووه‌م

 

داوود خه‌تاك، 19ى نۆڤه‌مبه‌رى 2018

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ خوراسان (IS-K) له‌ ويلايه‌تى نه‌نگه‌رهارى ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌فغانستان، له‌سه‌ر سنوورى پاكستان و ناوچه‌ى پڕهه‌راوهۆرياى خێڵه‌ساته‌كاندا هاتووه‌ته‌ گۆڕێ. له‌ كاتێكدا هێرش و په‌لامارى تاكتيكانه‌ى ئه‌و ڕێكخراوه‌، كۆڕ و كۆمه‌ڵى خۆجێيان ناچار كردووه‌ سه‌رى بۆ دابنه‌وێنن، به‌تايبه‌تى خه‌ڵكى گه‌نج كه‌ به‌ به‌ڵێن و هه‌رێى "عه‌داڵه‌تى كۆمه‌ڵايه‌تيى ئيسلامى" و به‌و لێشاوى پاره‌وپووڵه‌ى كه‌ له بنكه‌ى "خيلافه‌ت‌"ه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا به‌رده‌وام ڕژاوه‌ته‌ وێ، كه‌وتوونه‌ته‌ داو و ته‌پكه‌ى ئه‌و گرووپه‌وه‌.

به ‌قۆستنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌رێ و به‌ڵێنه‌، IS-K نه‌ك هه‌ر ده‌ستى به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌كى چه‌په‌ك و دووره‌ده‌ستى ويلايه‌تى نه‌نگه‌رهار [جه‌لالئاباد- ناوه‌ندى ئه‌و ويلايه‌ته‌يه‌]دا گرتووه‌، به‌ڵكه‌ خۆى خزاندووه‌ته‌ ناو سه‌نته‌رى شاره‌كان و په‌لامارى دامه‌زراوه‌ و ده‌زگه‌ى خوێندن و په‌روه‌رده‌یش ده‌دا. ئه‌و گرووپه‌، به‌ره‌ به‌ره‌ له‌ هه‌ندێ به‌شى ناوچه‌ى تا ڕادده‌يه‌ك هێورتر و ته‌ناهيى باكوورى ئه‌فغانستاندا كه‌ كه‌متر ئه‌منيیه‌تيان تێدا بووه‌‌، بنكه‌ى كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ى كه‌ هارى و ياريده‌ى ئه‌و گرووپه‌ى داوه‌، ئۆپه‌راسيۆنه‌كانى له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ بۆ به‌شه‌كانى باكوورى وڵات بگوازێته‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتى كز و لاوازى ده‌وڵه‌ته‌ له‌و ناوچانه‌دا. ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ خوراسان، وه‌ك تاليبان، به‌ئاسانى ده‌توانێ كزى و لاوازيى ناوخۆيیى حكوومه‌تى كابول كه‌ له ‌لايه‌ن ئه‌مريكاوه‌ پشتگيرى ده‌كرێ، بۆ خۆى بقۆزێته‌وه‌.

وێڕاى كه‌ ئۆپه‌راسيۆنه‌كانى هێزه‌ ئه‌فغانى و نێوده‌وڵه‌تييه‌كان و هه‌ندێ گرووپى چه‌كدارى وه‌ك تاليبان، تا ڕادده‌يه‌كى به‌رچاو IS-Kيان كز  و لاواز كردوون، به‌ڵام هێشتا ڕانه‌ماڵدراوه‌ و پاكسازى نه‌كراوه‌. هێرش و په‌لامارى له‌ناكاو و كوشندانه‌ى بۆ سه‌ر خه‌ڵكى مه‌ده‌نى له‌ كابولى پايته‌خت، له‌ چه‌ند مانگى ڕابردوودا، ساغى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هێشتا ئه‌و ڕێكخراوه‌يه‌ ماوه‌ و به‌ره‌نگارى ده‌كا و په‌ل ده‌كوتێ.

بنكوڵكردنى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت

حكوومه‌تى ئه‌فغانى نه‌ك هه‌ر تا ئێستا نه‌يتوانيوه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى تاليبان نه‌هێڵێ و له‌ناو ببا، به‌ڵكه‌ بوونى لۆردگه‌لێكى جه‌نگ [واته‌ ئه‌و فه‌رماندانه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیيان له‌ شه‌ڕ و جه‌نگدا هه‌يه‌ و له‌سه‌ر ده‌سكه‌وته‌كانى جه‌نگ ده‌وڵه‌مند ببن- ئاسۆ]، سه‌ركرده‌ى ميليشيا جيهادييه‌كان و هه‌ندێ پياوى ده‌ستڕۆيشتوو، ئالينگارييه‌كى ڕاسته‌وخۆ بۆ ده‌سه‌ڵات پێك ده‌هێنن. ده‌سه‌ڵاتێكى كز و نابوود، سۆنگه‌ى بێمتمانه‌يیى ئه‌فغانييه‌كانه‌ به‌ ده‌وڵه‌ت؛ داڕمانێكى  متمانه‌ كه‌ پاڵ به‌ ئه‌فغانييه‌كانه‌وه‌ ده‌نێ به‌ره‌و ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ نا- ده‌وڵه‌تييه‌ چه‌كدارانه‌ بچن كه‌ به‌ڵێن و په‌يمانى عه‌داڵه‌تى كۆمه‌ڵايه‌تى و پاداشتيان دواى مه‌رگ و مردن، پێ ده‌ده‌ن.  هه‌قايه‌ت و چيڕۆكه‌كانى عه‌داڵه‌تى تاليبان، وێڕاى وه‌حشيگه‌رێتيى ئه‌و عه‌داڵه‌ته‌، زۆر جاران له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵيى حكوومه‌تدا دێنه‌ به‌راوردكردن و، وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ جياوازيى كۆمه‌ڵايه‌تى، يان نه‌بوونى ئه‌من و ئه‌مانه‌ت باسيان لێ ده‌كرێ.

لۆرده‌كانى جه‌نگ و پياوه‌ به‌هێز و ده‌ستڕۆيشتووه‌كان كه‌ ئالينگاریى فه‌رمان و بڕياره‌ فه‌رمييه‌كانى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن‌، ده‌بنه‌ مايه‌ى نه‌مانى متمانه‌ى خه‌ڵك به‌ ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت. چه‌ند مانگێ له‌مه‌وبه‌ر، پارێزگار [حوكمڕان]ى ده‌ستڕۆيشتووى ويلايه‌تى به‌لخ، ئالينگارى سه‌رۆككۆمار، ئه‌شره‌ف غه‌نى بووه‌وه‌ ‌و به‌ره‌نگارى فه‌رمانه‌كانى [سه‌رۆككۆمار] بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ بووه‌وه‌. ئا به‌م دوايیيه‌یش، چه‌ند كه‌سێكى به‌هێز و به‌نفووز، پاش ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانييه‌كه‌ى 20ى ئۆكتۆبه‌ردا ده‌رنه‌چووبوون، كارمه‌ندانى كۆميسيۆنى هه‌ڵبژاردنيان گل دابووه‌وه‌.

بێكارى و گه‌نده‌ڵى

هه‌رچه‌ند بێكارى و گه‌نده‌ڵى، دوو پرس و گرفتى زۆر باون كه‌ ڕووبه‌رووى حكوومه‌تان له‌ وڵاته‌ دواكه‌وتووه‌كاندا ده‌بنه‌وه‌، لێ ئه‌فغانستان زێتر به‌ده‌ست ئه‌م دوو گرفته‌وه‌ ده‌ناڵێنێ، چونكه‌ تا ڕادده‌يه‌ك ڕێژه‌ى خه‌ڵكى گه‌نج له‌ناو دانيشتووانى ئه‌فغانستاندا به‌رزه‌. به‌گوێره‌ى ژماره‌كانى ساڵى 2014ى ڕێكخراوى ناوه‌نديى ئامارى ئه‌فغانى، نزيكه‌ى 84%ى دانيشتووان، ته‌مه‌نيان له‌ 40 ساڵ به‌ره‌و خواره‌وه‌يه‌. گه‌نجى خوار ته‌مه‌نى 15 ساڵ، نزيكه‌ى 47%ى دانيشتووان پێك ده‌هێنن، له ‌كاتێكدا ئه‌و كه‌سانه‌ى ته‌مه‌نيان له‌ نێوان 15- 39دايه‌، 37%ى دانيشتووان ده‌بن.

توێژى بێكارى گه‌نجان، توێژێكى هه‌ره‌ ناپارێزراوى كۆمه‌ڵگه‌ن. ئه‌وانه‌ بوونه‌ته‌ نيشانه‌ى پرۆپاگه‌نده‌ى IS-K كه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ناعه‌داڵه‌تى و گه‌نده‌ڵیى حكوومه‌ت ده‌گرێ و به‌ڵێنى ئایينده‌‌يه‌كى باشتريان پێ ده‌دا. زێده‌بوونى درز و كه‌لێنى ئێسته‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى، هاوڕێ له‌گه‌ڵ بێكارى و نه‌بوونى ئه‌من و ئه‌مانه‌تدا،  خه‌ڵكى هه‌ژار و نه‌داريان پتر نائومێد و وه‌ڕز كردووه‌. له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ هه‌ژار و نه‌دارانه‌ زێتر كه‌وتوونه‌ته‌ بن بار و كاريگه‌ريى پرۆپاگه‌ندى IS-K و تاليبانه‌وه‌.

زۆرينه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى چوونه‌ته‌ ناو IS-Kیه‌وه‌، خه‌ڵكى گه‌نج و خورتى بێكارن، جا چ خوێنده‌وار بن يان نه‌خوێنده‌وار. له ‌كاتێكدا كه‌ گه‌نجێكى نه‌خوێنده‌وار له‌به‌ر هۆكارگه‌لێكى ئايينى و به‌ ته‌ما و ئومێدى ژيانێكى باشتر له‌ پاش مه‌رگ، ده‌چێته‌ ڕێزى IS-Kیه‌‌وه‌، ئه‌وا خه‌ڵكى خوێنده‌وار وه‌ك ده‌ربڕينى ناڕه‌زايى له ‌به‌رانبه‌ر نه‌بوونى عه‌داڵه‌تى كۆمه‌ڵايه‌تى و نه‌بوونى ئيشوكاردا، له‌ دژى گه‌نده‌ڵيى كاربه‌ده‌ستان و لۆرده‌كانى مافيا، ته‌ڤلى ئه‌و گرووپه‌ ده‌بن.

دابه‌شبه‌نديى ئيتنى و تائیفى [مه‌زهه‌بى]

نزيكه‌ى چوار ده‌يه‌ شه‌ڕ و شۆڕ و بگره ‌و به‌رده‌، ڕايه‌ڵ و تانوپۆى كۆمه‌ڵى ئه‌فغانى خاو و سست و كز و نابوود كردووه‌. ئه‌و دابه‌شبه‌ندييانه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى  نيسانى 2014ى سه‌رۆكايه‌تيدا زۆر به‌رچاو بوون كه‌ سه‌رۆككۆمار ئه‌شره‌ف غه‌نى وه‌ك نوێنه‌رى زۆرينه‌ى پشتونه‌كان، له‌گه‌ڵ دكتۆر عه‌بدوڵڵا عه‌بدوڵڵادا كه‌ له ‌لايه‌ن زۆرينه‌ى تاجيكه‌كانه‌وه‌ پشتگيرى ده‌كرێ، كه‌وتنه‌ به‌رانبه‌ر يه‌كترييه‌وه‌. سه‌ربارى هاوپه‌يمانێتى و شه‌راكه‌تى ئه‌م دووانه‌ له‌ حكوومه‌تى يه‌كێتيى نيشتمانيدا، غه‌نى و عه‌بدوڵڵا وه‌ك دوو ناحه‌زى يه‌كتر ماونه‌ته‌وه‌. هه‌ردووكيان، غه‌نى و عه‌بدوڵڵا، نووسينگه‌ و ئۆفيسه‌كانى خۆيان، به‌رودوا له‌ خه‌ڵكى په‌شتۆ و تاجيكى پڕ كردووه‌. ئه‌م ڕكابه‌رى و ناحه‌زييه‌، كار له‌ كارايیى حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت ده‌كا.

له ‌كاتێكدا ئه‌فغانستان تا ڕادده‌يه‌كى زۆر دابه‌شبه‌نديى مه‌زهه‌بى كارى تێ نه‌كردووه‌، لێ هێرشه‌كانى ئه‌م دواييیه‌ى IS-K بۆ سه‌ر په‌رستگه‌كانى شيعه‌ و ناوه‌نده‌كانى كه‌لتوور، وێده‌چێ هه‌وڵێكى به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو بێ بۆ قووڵكردنه‌وه‌ى دابه‌شبه‌ندیى مه‌زهه‌بى و هه‌ڵايساندن و نانه‌وه‌ى توندوتيژيى مه‌زهه‌بى له‌ ئه‌فغانستاندا. ئا ئه‌م شێوازه‌، هاوئاوازه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ستراتيژييه‌ى كه‌ ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ عێراق و سووريادا به‌كاری هێناوه‌.

تا ڕادده‌يه‌ك IS-K نه‌يتوانيوه‌ ڕكابه‌رى و دژمنايه‌تيى چه‌كدارى له ‌نێوان شيعه‌ و سوننه‌دا له‌ ئه‌فغانستاندا بره‌و پێ بدات و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ى ئيتنى له‌و ديوى‌ سنوورى سياسه‌تداى ببات. لێ به‌رده‌واميى جياوازيگه‌لێكى ئيتنى و مه‌زهه‌بى، هانى پشتيوانيكردن له‌ گرووپگه‌لێكى ميليشيا و چه‌كدارى وه‌ك IS-K ده‌دا.

ناوبژى و ده‌ستێوه‌ردانی بيانى [ده‌ره‌كى]

هه‌ر له‌ سه‌رده‌مى جيهادى ئه‌نتى-سۆڤيه‌تييه‌وه‌ بگره‌، ئه‌فغانستان بووه‌ته‌ مه‌يدانى ته‌راتێن و گه‌مه‌ى بيانى و هێزه‌ ده‌ره‌كييه‌كان، به‌تايبه‌تى وڵاته‌ هاوسێيه‌‌ به‌هێزه‌كان. ئه‌و ده‌روجيرانانه‌، نه‌ك هه‌ر بۆ پاراستن و ده‌سته‌به‌ركردنى به‌رژه‌وه‌نده‌ ئابوورى و ستراتيژى و نه‌ته‌وه‌ييیه‌كانى خۆيان‌، ده‌ست له‌ كاروباری ئه‌فغانستان وه‌رده‌ده‌ن، به‌ڵكه‌ بۆ زه‌بردان له‌ نه‌يار و ناحه‌زه‌كانى خۆیشيانه‌وه‌ وا ده‌كه‌ن.

زۆر جاران وا بووه‌ كه‌ ئێران لايه‌نى هاوپه‌يمانێتيى ئه‌وده‌مى باكووريان دژى تاليبان گرتووه‌، له ‌كاتێكدا پاكستان تا ئێسته‌یش پشتيوانى له‌ تاليبان ده‌كا، نه‌ك هه‌ر بۆ چاودێرى و گوێبادانى ناسيۆناليسته‌ ئه‌فغانييه‌ ئه‌نتى-پاكستانييه‌كان، به‌ڵكه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ى ناحه‌ز و نه‌ياره‌ سه‌ره‌كييه‌ى، واته‌ هندستان، له‌ سنوورى ڕۆژئاواى خۆيه‌وه‌. پێشتر هندستان پشتيوانى هاوپه‌ێمانێتيى باكوورى تاجيكه‌كان بووه‌ دژى تاليبان. كه‌واته‌ خۆتێهه‌ڵقورتاندنی ده‌ره‌كى، به‌نزينى به‌ بزاڤى ياخيگه‌رى و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه ‌و ناسه‌قامگيرى و نا-ئه‌منيیه‌تدا كردووه ‌و به‌رده‌وامبوونى ئه‌و ده‌خاله‌ته‌، له‌وانه‌يه‌ ياريده‌ى گرووپگه‌لێكى نوێى وه‌ك IS-K بدات كه‌ نه‌وايه‌كى پارێزراو له‌ هه‌ندێ به‌شى تا ڕادده‌يه‌ك ناجێگير و نائه‌منى ئه‌فغانستاندا بۆ خۆيان بدۆزنه‌وه‌.

كێبه‌ركييه‌ هه‌رێمايه‌تييه‌كان

هه‌ر يه‌ك  له‌ دوو وڵاتى به‌هێز و هاوسێى ئه‌فغانستان، پاكستان و هندستان، هه‌وڵ ده‌دا ئه‌وى ديكه‌ له‌سه‌ر خاكى ئه‌فغانستان به‌ زه‌وى دابدات. له ‌كاتێكدا به‌رپرسانی ئه‌فغانى په‌نجه‌ى تاوان بۆ ئاژانسه‌كانى هه‌واڵگريى پاكستانى ڕاده‌كێشن كه‌ پشتيوانى له‌ تاليبان و تۆڕى حه‌قانى [بزووتنه‌وه‌ى تاليبانى ئه‌فغان] ده‌كه‌ن، كاربه‌ده‌ستانى "پاكستان"يش، له‌ نه‌شونماى نفووزى هندى له‌ ئه‌فغانستان نيگه‌رانن و به‌ ئابڵووقه‌دانێكى وڵاتى خۆيان تێ ده‌گه‌ن. پوخته‌ى ئه‌نجام ئه‌وه‌يه‌ كه‌ جه‌نگێكى درێژخايه‌نى به‌وه‌كاله‌ت به‌ قازانجى تاليبان، IS-K، لۆرده‌كانى جه‌نگ و ئه‌و گرووپانه‌ ته‌واو ده‌بێ كه‌ مانه‌وه‌ى خۆيان له‌ به‌رده‌وامبوونێكى ئه‌و كێشه ‌و بێشه‌يه‌ى نێوان هندستان و پاكستاندا ده‌بيننه‌وه‌. دووه‌مين وڵاتى نزيك و به‌هێز له‌ ئه‌فغانستان، "ئێران"ه‌ كه‌ به‌م دواييیه‌ پێوه‌ندييه‌كانى به‌ تاليبانه‌وه‌ زياديان كردووه‌. به‌گوێره‌ى ڕاپۆرته‌كانى ساڵى ڕابردووى كابول، كه‌ ئه‌و دوو لايه‌نه‌ [واته‌ ئێران و تاليبان]  پێوه‌نديى نزيكيان له‌گه‌ڵ يه‌كتردا هه‌يه‌، زێتر له‌وه‌ى كه‌ هزر ده‌كرێ و خه‌ڵك تێ ده‌گا.

پشتيوانيى ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆى پاكستان و ئێران له‌ تاليبان، وا ده‌كا كه‌ هه‌ڵگه‌رانه‌وه‌ و ياخيبوون له‌ ئه‌فغانستاندا بمێنێ و، به‌رده‌وامبوونى جه‌نگ و كوشتاريش، به‌ناڕاسته‌وخۆ ياريده‌ى نه‌شونماى گرووپگه‌لێكى وه‌ك IS-K ده‌ده‌ن.

هندستان و پاكستان، له ‌ته‌ك ڕووسيا و ئه‌مريكادا، هێشتا لێك دوورن و له‌سه‌ر خاڵێك ڕێك نه‌كه‌وتوون كه‌ چۆن پێكه‌وه‌ ئه‌و كوشت و كوشتاره‌ى بۆ ماوه‌ى نزيكه‌ى چوار ده‌يه‌يه‌ له‌ وڵاتێكى داخراوى وه‌ك ئه‌فغانستاندا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، كۆتايى پێ بهێنن. ئێستا هه‌ر دوو زلهێزه‌كه‌ [ئه‌مريكا و ڕووسيا] گه‌يشتوونه‌ته‌ قۆناغى جێگۆڕكێكردن به‌ دۆست و نه‌ياره‌كانى خۆيانه‌وه‌. له ‌كاتێكدا پاكستان كه‌ هاوپه‌يمانى ئه‌مريكاى سه‌رده‌مى جه‌نگى سارد بووه‌، نێوانى له‌گه‌ڵ ڕووسياى "گاورى‌ سوور"دا گه‌رمه‌، كه‌چى ئه‌مريكایش له‌ دۆست و هاوپه‌يمانى جه‌نگى ساردى ڕووسيا، واته‌ له‌ هندستان نزيك ده‌بێته‌وه‌. جێگۆڕكێى ئامانجه‌كان و پشتيوانيكردنى به‌رده‌وام له‌ وه‌كيله‌كان، نه‌ك هه‌ر كێشه‌ و بێشه‌ توندتر ده‌كه‌ن، به‌ڵكه‌ ژينگه‌يه‌كيش دێننه‌ گۆڕێ كه‌ گرووپه‌ ميليشياكانى تێدا ده‌مێننه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت گه‌شه‌‌ ده‌كه‌ن و خورتيش ده‌بن.

پاشه‌ڕۆژ

به‌رده‌وامبوونى كێشه‌ و هه‌راى ئه‌فغانى، ژينگه‌يه‌كى له‌بارى بۆ سه‌رهه‌ڵدانى گرووپگه‌لێك هێناوه‌ته‌ گۆڕێ كه‌ زۆر له‌ گرووپه‌كانى پێش خۆيان، ڕاديكاڵتر و ده‌ستڕه‌شترن.

په‌لامارى 1979ى ڕووسى و ساڵه‌كانى به‌ر و دواى جيهادى دژه‌-سۆڤيه‌ت، چه‌ند گرووپێكى "موجاهيدين"يان پێك هێناوه‌، كه‌ جياوازييه‌ ئيتنى و ئايديۆلۆژييه‌كانيان و ململانه‌يان له‌سه‌ر گه‌وره‌ترين به‌شه‌ شيرينيى ئه‌فغانى، شه‌ڕ و هه‌راى مه‌ده‌نييان دوا به‌ دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ڕووسى لێ كه‌وته‌وه‌. ساڵه‌كانى جه‌نگ و كێشه‌ى ناوخۆيى، موجاهيده‌كانيان كرده‌ گرووپگه‌لێكى جه‌رده‌ و ڕێگر و چه‌ته‌ و لۆردى جه‌نگ. جه‌نگ و كوشتارى نێوانيان له‌ كۆتايیى هه‌شتاكان و ده‌سپێكى نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا، سۆنگه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى ميليشياى تاليبان بوون كه‌ جێگه‌يان بۆ ئه‌لقاعيده‌ و جه‌نگاوه‌ره‌ بيانييه‌كانيان كرده‌وه ‌و ئه‌وانيش پلانيان بۆ په‌لاماره‌ تيرۆريستييه‌كانى 11ى سێپته‌مبه‌ر دانا. ياخيگه‌ريى تاليبان له‌ دواى 11ى سێپته‌مبه‌ره‌وه‌ چه‌ند گرووپێكى وه‌ك "تۆڕى حه‌قانى" و پاكستانى تاليبانى پێك هێناوه ‌و ساز كردووه‌، كه‌چى دوا گرووپ كه‌ له‌ قۆڵ و به‌ره‌ى ئه‌فغانيدا سه‌رى ده‌رهێنابێ، ده‌وڵه‌تى ئيسلامييه‌ له‌ خوراسان (IS-K).

له ‌كاتێكدا كه‌ هێشتا به‌دوور ده‌زانرێ IS-K بتوانێ ته‌نانه‌ت شاره‌ دووره‌ده‌ست و چه‌په‌كانيش بگرێ، لێ به‌رده‌وامبوونى جه‌نگ و كوشتار ياريده‌ى ئه‌و ڕێكخراو و گرووپه‌ ده‌دا بنكه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌رفره‌ بكا.

له‌ ديمانه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ CBS نيوزدا، سه‌رۆككۆمارى ئه‌فغانى، ئه‌شره‌ف غه‌نى گوتى: "ئێمه‌ له‌ژێر ئابڵووقه‌داين"، چونكه‌ 21 گرووپى تيرۆريستیى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر خاكى ئه‌فغانستان كار ده‌كه‌ن. به‌رده‌وامبوونى جه‌نگ هه‌ر ته‌نيا سه‌رنجى گرووپه‌ ميليشياكانى ده‌ره‌وه‌ى ڕانه‌كێشاوه‌، به‌ڵكه‌ بووه‌ته‌ مايه‌ى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و لێكجيابوونه‌وه‌، هه‌م له‌ ئه‌فغانستان و هه‌م له‌ ناوچه‌ى خێڵه‌ساته هاوسێيه‌‌كانى پاكستاندا.

 

سەرچاوە:

https://besacenter.org/perspectives-papers/islamic-state-future-afghanistan/

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples