ئێران پلانی نهێنیی هەبوو بۆ دروستكردنی پێنج کڵاوەی ئەتۆمی

ئادام کرێدۆ*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

ڕاپۆرتێکی نوێ لە سەرچاوەیەکی دزەپێکراوی تایبەت بە بەڵگەنامەکانی چەکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەری خستووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پلانێکی تۆکمەی هەبووە بۆ دروستكردن و بەرهەمهێنانی بە لایەنی کەمەوە پێنج بۆمبی ئەتۆمی کە مەوداکەی زۆر زیاتر و درێژتربڕە لەوانەی پێشووی، یان ئەوانەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زانیارییان لەبارەوە هەیە. 

بەرنامە پێشبڕکێ لەسەرکراوە ئەتۆمییەکەی ئێران زۆر لەوە زیاتر بوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیری لێ دەکردەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئیسڕائیلی کە لە سەرەتای ئەمساڵ بڵاو کراوەتەوە؛ ئێران پلانی هەبووە بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئەم جۆرە بۆمبە ئەتۆمییەی.

ئەو زانیارییانەی کە لە کاتی هێرش بۆ سەر فایلە نهێنییەکانی تایبەت بە چەکی ئەتۆمیی ئێران بەدەست هێنراون دەری خستووە، کە تاران هەر لە ٢٠٠٣وە زەمینەسازیی باشی کردووە بۆ دروستكردنی چەند چەکێکی ئەتۆمی بەتایبەت لە ڕووی ژێرخانی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکەکە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ کە لە دامەزراوەی دیموکراسی و بەرگری و ئینستیتیۆتی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی و گرووپێکی چاودێر دەست کەوتووە، ئێران لە ڕابردوودا هەوڵی بۆ بەرهەمهێنانی ئەو چەکە ئەتۆمییانەی داوە. ئەو ڕاپۆرتەی کە ئێستا دەبینرێت، لە "کاپیتۆڵ هیل" ئاشکرا کراوە و ڕەوایه‌تی و شەرعییەت بە ڕەخنەگرانی ئیدارەکەی ئۆبامایش دەدات، بەوەی کە کۆشکی سپیی پێشوو نەیتوانیوە وەک پێویست چەکە پێشکەوتووە ئەتۆمییەکانی ئێران وەک خۆی هەڵبسەنگێنێت.

ئێران ویستی ئەوەی هەبوو کە پێنج كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی دروست بكات، هەر یەکەیان دەتوانێت ١٠ کیلۆ تەن [یەک کیلۆ تەن دەکاتە هەزار تەن/وەرگێڕ] هەڵبگرێت و لە ڕێگەی مووشەکی بالیستیکیش ئاڕاستە بکرێت. ئەو گرووپە لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەیشیان دەرخستووە کە ئێران ژێرخانی ئەو چەکە ئەتۆمییەی پاراستووە و دەتوانێت بەنهێنی بەردەوامیی پێ بدات و بەکاری بهێنێت؛ کە ئەمەیش پێشێلکاریی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەیە.

پلانە بنەڕەتییەکەی ئێران ئەوە پیشان دەدات کە، ئێران زۆر لەوە زیاتری بەدەست هێناوە کە لێکۆڵینەوە زانستییەکان سەبارەت بە چەکی ئەتۆمییەوە دەریان خستووە؛ هەروەک "ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ناوكی؟ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی؟) لە کۆتاییی ٢٠١٥دا هەڵسەنگاندنی بۆ کردووە و ڕێککەوتننامەکەیش دەبوو هەر لەو ساڵەدا جێبەجێ بکرابایە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی گرووپەکە کە بەڵگەنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان دەست کەوتووە، دەری دەخات کە ئێران ملیۆنان دۆلاری بۆ کڕینی کەرەستەی ئەتۆمی تەرخان کردووە، لەوانە یۆڕانیۆم کە پێکهاتەیەکی گرنگ و سەرەکیی بۆمبە.  

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئێران لە کۆتاییی ٢٠٠٣دا ژێرخانێکی گشتگیری بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی داناوە و بەڵگەکان پاڵپشتی لەوە دەکەن کە ئێران هەر لەو کاتەوە خۆی ئامادە کردووە بۆ چێکردن و تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لە ژێرزەوییەوە ئەگەر پێویستی کردبێت. دوایین ئامانجیش بۆ تاقیکردنەوە و گەیاندنی چەکە ئەتۆمییەکە بووە و، ئێران زۆریش بەرەو پێشەوە چووە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی بەر لەوەی ئەو ئەرشیفە دەستی بەسەردا بگیرێت. ڕاپۆرتەکەی "کاپیتۆل هیل" ئەوە دووپات دەکاتەوە کە هۆشداریی زۆر بە ئیدارەی ئۆباما دراوە، بەوەی کە ئەم ڕێککەوتننامەیەی تایبەت بە چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، گرنگییەکی ئەوتۆی نییە.  

یەکێک لە کۆنگرێسمانە بەناوبانگەکانی ئەمریکا لە ڕاپۆرتەکەدا ڕای گەیاندووە کە: "کۆمارییەکان هەر زوو زانییان، ئیدارەکەی ئۆباما لە هەمبەر ڕێککەوتننەکەی لەگەڵ ئێراندا درۆی لەگەڵ وڵات کردووە و تەنیا چەند مانگێک لەمەوبەر "دەستپێشخەریی ئاسایشی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، ناسراو بە پی ئێس ئای" دۆکیۆمێنتێکی بڵاو کردۆتەوە و دەری دەخات کە ئیدارەکەی ئۆباما لەبارەی جێبەجێکردنی سزاکانی سەر ئێران درۆیان لەگەڵ کۆنگرێس کردووە.  

دوایین زانیاریی بڵاوکراوەیش هانی کۆنگرێس دەدات بۆ گوشارخستنە سەر ئیدارەکەی ترامپ لە دووبارە سەپاندنەوەی سزای قوڕستری ئابووری بۆ سەر ئێران؛ بەشێکی ئەو سزایانەیش لە سەرەتای ئەم مانگەدا چووە بواری جێەجێکردنەوە. بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس داوایان لە ئیدارەکەی ترامپ کردووە بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بۆ سەر ئێران؛ لەوانە ئەمریکا بەتەواوی ڕێگری بکات لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران و ڕێگریکردن لە مامەڵەکردنی ئێران لەگەڵ بازاڕی داراییی جیهاندا.  

سەرچاوەیەک وتی: "لە ئێستادا ڕاپۆرتەکە دەری دەخات، کە ئیدارەکەی ئۆباما سەبارەت بە چەکە ئەتۆمییەکەی ئێران درۆی کردووە؛ بۆیە دەکرێت پێشبینیی ئەوە بکەین کە کۆمارییەکان لە کۆنگرێس گوشاری زیاتر بخەنە سەر ئیدارەکەی ترامپ بۆ جێبەجێکردنی بەرزترین گوشار بۆ سەر ئێران کە تاکوو ئێستا ئیدارەکەی ترامپ نەیکردووە و ئەنجامی نەداوە."

ئێران لە ئێستادا بە لایەنی کەمەوە پێنج لە كڵاوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی خۆی پەرە پێ داوە؛ بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ، دەری خستووە کە ژێرخانە ئەتۆمییەکەی تاران زۆر پتەوترە لەوەی کە بیری لێ دەکرایەوە.

گرووپە چاودێره‌كه‌ ڕای گەیاندووە کە ئێران پێشکەوتنی زۆر لەوە زیاتری بەخۆیەوە بینیوە لەو ئامانجەی کە هەوڵی بۆ دەدا بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی. زانیاری لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران هەر چەندێک بێت، بەڵام هێشتا بەشاراوەیی ماوەتەوە و لە ڕای گشتی شاردراوەتەوە، بەتایبەت کاتێک ئیدارەکەی ئۆباما بۆ پاڵپشتی لە ڕێککەوتننامەکە گوشاری خسته‌ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دەبێت دان بەوەیشدا بنرێت کە لە ئێستادا هەم ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی؟) و هەمیش لایەنەکانی نێو ڕێککەوتننامەکەی ئێران، ئەوەندە گرنگی بە بەرنامەی چەکە ئەتۆمییەکەی ئێران نادەن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە نەبنەوە و، لەگەڵ ئەوەیشدا پشكنەرانی نێودەوڵەتی هێشتا بە دوای زانیاریی نوێوە دەگەڕێن سەبارەت بە چەکە ئەتۆمییەکانی ئێران.

ئەمڕۆ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی لە لایەن خۆیەوە چاودێریی زیاتری ناوەڕۆکی ئەم ئەرشیفە دزەپێکراوەی ئێران دەکات. دەبێت چاوەڕێی کارکردن لەسەر ئەو زانیارییانە بکرێت، ئەگەرچی لە ئێستادا و لە  دوای شەش مانگ لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان، هێشتا زانیارییەکان ڕوون نین.

ئەم ژێرخانە ئەتۆمییەی ئێران بە دەستلێنەدراوی دەمێنێتەوە، بەڵام نیگەرانییەکان زیاتر دەبن لە بەرامبەر ئەوەی ئێران ڕاستییەکان لە پشکنەرانی چەکی ئەتۆمی دەشارێتەوە؛ لە کاتێکدا بۆ ئەنجامنەدانی کێبڕکێی سەربازی، دەبێت هۆشداریی توند بە ئێران بدرێت. بوونی بەردەوامی کەرەستە و ئەرشیفی چەکە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئەوە دووپات دەکاتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە و لەوانەیە چالاکییەکانی تا ئەمڕۆیش بەردەوام بێت.


* ئادام کرێدۆ، نووسەرە لە بواری ئاسایشی نەتەوەیی و پرسەکانی سیاسەتی دەرەوە لە "واشنتۆن فری بەیکن". براوەی خەڵاتی پەیامنێری سیاسییە و لە وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ویکلی ستاندەرد، مه‌گەزین کەموینیتی و جیروزەڵم پۆست کاری کردووە.

سەرچاوە:

https://freebeacon.com/national-security/iran-secret-plans-build-five-nuclear-warheads/?fbclid=IwAR0eVS8DPySCV7u6601XwC-SFP4WegO8HHQBFuQN_aCiEhz8bQdy15sJMLE

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples