ئێران لە ڕێگەی تیمی تایبەتەوە ئەوانە بێدەنگ دەکات کە ڕەخنە لە دەستوەردانەکانی دەگرن لە عێراقدا

کۆن کۆگلین

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

کۆماری ئیسلامیی ئێران تیمی تایبەتی ناردووە بۆ عێراق بۆ بێدەنگکردنی ئەوانەی ڕەخنە لە هەوڵی دەستوەردانەکانی ئێران دەگرن لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق. ڕۆژنامەی دەیلی تێلیگڕافی بریتانی، لە زاری چەند بەرپرسێکی بواری ئەمنی بڵاوی کردۆتەوە کە بە فەرمانی خودی قاسم سولەیمانی/ فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، دەستەیەک پێک هێنراوە و ئەو کەسانە بە ئامانج دەگرن و دەیانترسێنن کە دژی دەستوەردانەکانی ئێرانن لە سیاسەتی ناوخۆی عێراقدا.

ڕۆژنامەکە ئەوەیشی ئاشكرا کردووە کە ئێران لە دوای هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی ئایاری عێراق ئەو دەستەیەی ڕەوانەی عێراق کردووە، دوای ئەوەی کاندیدەکانی لە هەڵبژاردنەکەدا شکستیان هێناوە، چونکە ئێران پاڵپشتی لە هەر یەک لە مالیکی و هادی عامری دەکرد تا بتوانێت کاریگەریی تەواوی لەسەر حکوومەتی داهاتووی عێراق هەبێت، بەڵام هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی، نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن و ببن بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.

لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەدا ئێران پاڵپشتیی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقی دەکرد، بەڵام هاوەڵەکانی پێشووتری مالیکی کە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ تاران هەبوو، لە لابردنی مالیکی لە پۆستی سەرۆکوەزیران ڕۆڵیان هەبوو. ئێران جگە لە مالیکی، پشتگیریی هادی عامرییشی دەکرد بەڵام هیچ یەکێکیان نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ لە عێراقدا بەدەست بهێنن.

ئەو بەرپرسانەی بواری ئاسایش کە ڕاهێنان و پاڵپشتیی سەربازییان بە هێزە عێراقییەکان دەدا ڕایان گەیاندووە، بە هۆی شکستهێنانی هەندێک لە کاندیدەکانیان، ئێران دەستەیەک لە هێزەکانی خۆی ناردووە بۆ بێدەنگکردنی ئەوانەی ڕەخنەیان لە هەوڵەکانی ئێران دەگرت لە عێراق و ڕەخنەیان لە دیاریکردنی چارەنووسی عێراق دەگرت لە لایەن ئێرانەوە.

یەکێک لە قوربانییە دیارەکانی دەستی ئەو دەستەیەیش "عادل شاکر ئەلتەمیمی"یە، کە هاوپەیمانێکی نزیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق "حەیدەر عەبادی" بوو و لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا لە لایەن سوپای قودسەوە کوژرا. عادل شاکر ئەلتەمیمی کە موسڵمانێکی شیعە و هەڵگری ڕەگەزنامەی کەنەدی و عێراقی بوو، نزیکەی ٤٦ ساڵ بوو هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و وڵاتانی شیعەمەزهەب و سوننەمەزهەبی دەدا، بەتایبەت پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا، لەوانە سعوودیا و ئوردن.

سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژە بە قوربانییەکی تر دەکەن، ئەویش "شەوکی حەداد"ه‌، کە هاوپەیمانێکی نزیکی "موقتەدا سەدر"ە و زیاتریش خاوەن بیروباوەڕێکی ناسیۆنالیستانە بوو.  شەوکی حەداد لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا کوژرا، دوای ئەوەی کە ئێرانییەکانی بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنی عێراقدا تاوانبار کردبوو؛ دوای ئەویش هەوڵی لەناوبردنی ڕاوێژکارێکی گەورەی سیستانی بە ناوی "ڕادی ئەل تایی" درا، بە هۆی ئەوەی لە مانگی ئابی ڕابردوودا داوای کردبوو هێژموونی ئێران لە حکوومەتی نوێی عێراقیدا کەم بکرێتەوە، بەڵام هەوڵەکە شکستی هێنا.

بەرپرسێکی گەورەی ئەمنیی بریتانیا بە دەیلی تێلیگڕافی ڕاگەیاندووە: "ئێران هەڵمەتێکی چڕی دەست پێ کردووە بۆ ترساندن و لەناوبردنی ئەوانەی کە ڕەخنە لە تاران دەگرن و دەیانەوێت ڕۆڵی ئێران لە حکوومەتی نوێی عێراقدا لاواز و کەم بکەنەوە." ئێران وەک هێزێکی شیعی، دەیەوێت هێژموون و کاریگەریی خۆی لەسەر شیعەی وڵاتە عەرەبییەکان زیاتر بکات، بەتایبەت عێراق کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی شیعەمەزهەبە و دەیەوێت سیسته‌مێکی سیاسی- ئیسلامی-شیعیی لێ دابمەزرێنێت. سەرەڕای ئەوەی ئێران لە ئێستادا لە سەروبەندی بونیادنانی هیلالێکی شیعییە لەناو دڵی وڵاتانی عەرەبی کە بە عێراق و سووریادا تێ دەپەڕێت و دواجاریش بگات بە دەریای سپیی ناوەڕاست و تاران بەو دەریایە ببەستێتەوە؛ بەڵام شکستی کاندیدەکانی ئێران لە هەڵبژاردنی مانگی ئایار و هاتنەپێشەوەی عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، ئەو خواست و هیوایەی ئێرانی لاواز کرد.

جەنەڕاڵ "کارلیتۆن سمیس"، بەرپرسی سوپای بریتانیا، بە دەیلی تێلیگڕافی ڕاگەیاندووە: "ئێران هاوشێوەی شەیتان، یەکێکە لەو هەڕەشانەی کە ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە." جگە لەم دەستە و هێزەی ئێران کە لە عێراقدا کەسایه‌تییەکان دەکوژن، ئێران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی سوپای قودسەوە هێز و چەکی زیاتر بە قاچاخ بنێرێتە عێراق و هاوشێوەی حزبوڵڵا جێگیریان بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ڕۆژاوا؛ هەروەک چۆن لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا میلیشیا شیعەکان بەوە تاوانبار کران کە هێرشیان کردۆتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسڵخانەی ئەمریکا لە بەسڕە.

 

سەرچاوە:

https://www.telegraph.co.uk/news/2018/11/29/iran-using-teams-hit-squads-silence-critics-attempts-meddle/?fbclid=IwAR0oghPF33novFSuhpm4Wr0j5EsxTx-BEWi_IFMIPF5L2cFBkaaXnvnTf1s

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples