ئایا ئێران لە ئاست گوشارەکانی ئەمریکادا مل دەدا؟

و: پێنووس

حکوومەتی ئێران، دوای بڕیارەکەی نۆ مانگ بەر لە ئێستای ئەمریکا لەمەڕ دەرکەوتن لە "بەرجام" و گەڕاندنەوەی بایکۆتە ئابوورییەکان کەوتووەتە نێو بنبەستێکی تەواو. ئەم کارە لە چوارچێوەی ستراتیژییەکانی ئەمریکا و بەپێی هەڵوەشاندنەوەی بەرجام ئەنجام دەدرێ کە لەمپەرێکە بۆ گەڕاندنەوەی ئێران لەمەڕ پیتاندنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٢٥دا. هەروەها بەرنامە مووشەکییە بالستیکییەکانی ڕادەگرێ و دەبێتە هۆی ڕاوەستانی پلانە پەرەگرتووەکانی ئێران کە زیانێکی زۆری لەسەر ئاسایشی وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و دەستی ئەم وڵاتە لە ناوچەدا کورت دەکاتەوە.

حکوومەتی ئەمریکا لە نۆڤه‌مبەری ڕابردوودا، بە بڕیاری بایکۆتەکان لەسەر ئێران نەوەستا و بە ناردنی کەسایەتییە سیاسییەکان بەرەو وڵاتانی ناوچەكه‌، دەستی بە تەیارکردنێکی نێونەتەوەیی لە دژی ئێران کرد. بە پێکهێنانی کۆنفڕانسێکی جیهانی لە ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی نۆڤه‌مبەری ٢٠١٩ و بەشداریکردنی پتر لە ٦٠ وڵاتی دنیا لە وارشۆی پایتەختی پۆڵۆنیا، بە مەبەستی بەگژداچوونەوەی مەترسییەکانی ئێران و کورتکردنەوەی دەستی ئێران لە ناوچەدا، گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کەوتە قۆناغێکی نوێوە. ئەم کۆنفڕانسە لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوە چوو و وڵاتە ئەوروپییەکانیش –هەرچەند کەمتر- تێیدا بەشدار بوون. ئەم کۆنفڕانسە، وێڕای جیاوازییەکانی بۆچوونی نێوان واشنگتۆن و بەشێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان، لەمەڕ دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران، ئەنجام درا. هەروەک لە دەستووری کاری کۆنفڕانسی وارشۆ دەردەکەوێ، حکوومەتی ئەمریکا هەوڵ دەدا گوشارەکانی خۆی لە پێناو بەچۆکدادانی ئێران زیاتر بکا. ئەمریکا بە هێنانەدیی فەزایەکی نێونەتەوەیی، کارێک دەکا کە بتوانێ هەنگاوەکانی خۆی لەمەڕ هەڵوەشاندنەوەی لێبووردەییی وڵاتە لێبووردراوەکان لە بایکۆتەکان هەڵێنێ و لە لایەکی ترەوە گوشار بخاتە سەر وڵاتە ئەوروپییەکان تا لە ئاست دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی سووریا و عێراق و یەمەن و لوبنان و وڵاتە ئەفریقی و ئاسیایییەکان پێ داگرن و لەم کارەدا لە پاڵ ئەمریکا بوەستن. گەلێک کەس لەو بڕوایەدان کە گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران هێندە موکڕ نین، چونکە ناڕوونییەک لە ستراتیژیی ئەمریکا لە ئاست هەوڵە فراوانخوازییەکانی ئێراندا بەدی دەکرێ و کەرستەکانی ئەمریکایش هاوتەرازی مەترسییەکانی ئێران نین و لایەنی گفتوگۆیان تێدا ڕەچاو نەگیراوە.

گرنگتر لەوەیش ناڕوونبوونی ئامانجەکانی ئەمریکایە لە بایکۆتەکان: ئایا واشنگتۆن بە تەمای دەستەمۆکردنی حکوومەتی ئێرانە یان دەیەوێ حکوومەتی ئەو وڵاتە بگۆڕێ؟ یان ناچاری بکا لە ئاست ڕێکكەوتنێکی نوێدا مل بدا؟ ئەم هەموو ناڕوونییە، لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا بووەتە هۆی گومان و نامتمانەیی. سەرەڕای ئەوەیش ئێران لە بادانەوەی بایکۆت و گوشارەکان لە لێواری هەڵدێردا شارەزایییەی چاکی هەیە، کە سەرمەشقی هزری نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژیی ئێران پێک دێنێ.

وێڕای ئەوەیش، ئەمە نیشاندەری ئەو قۆناغەیە کە بەرۆکی ئێرانی گرتووە، بە چەشنێک کە حکوومەتی بەرەو ئاستەنگەکانی مان و نەمان بردووە. پڕمەترسیترینی ئەم ئاستەنگانەیش کە بریتییە لە "پووکانەوەی شۆڕش و دەستەکەوتەکانی"، لە دەست ڕابەرانی ئێراندا نەماوە. لە لایەکەوە، کەسایەتییە کاراکانی شۆڕش نەماون و بەس قسەوباسی شۆڕش ماوەتەوە کە لە بەشێک لە دامەزراوە حکوومییەکاندا و بەتایبەت لە سوپای پاسداراندا برەوی هەیە. لەم ڕووەوە کارناسانی ئێران لەو بڕوایەدان کە ئێران بەرەو کوده‌تایەکی نەرمی سوپایی دەڕوا کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجام دەدرێ و هەر پاش مردنی عەلی خامنەیی جێبەجێ دەکرێ. هەرچەند هەواڵە نیوەچڵەکان دەڵێن خامنەیی ئێستا خەریکی دۆزینەوەی جێنشینێکە تاكوو دوای مردنی، ئاییندەی شۆڕش و ویلایەتی فەقیھ تووشی هیچ ته‌مومژاوییه‌ك نەبنەوە.

لە لایەکی ترەوە، حکوومەت تووشی داڕزان و نەبوونی شه‌رعییەت بووەتەوە کە له‌ ئه‌نجامی "دابه‌زینی ڕه‌زامه‌ندیی خه‌ڵك"ه‌وه‌یه‌‌. ئەم دیاردەیە لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانی مانگی دێسه‌مبەری ٢٠١٩دا دەرکەوت کە ناڕازییەکان خوازیاری ڕووخانی حکوومەت  و ڕاگرتنی چالاكییه‌کانی ئێران لە سووریا و عێراق و وڵاتانی تر بوون. حکوومەتی ئێران داهاتی خەڵک لەم وڵاتانەدا بەفیڕۆ دەدا. هەڵبەت قسەکانی خودی کاربەدەستانی ئێران سەلمێنەری ئەم بۆچوونانەیە. جگه‌ له‌مه‌یش ناڕه‌زایه‌تییه‌ پیشه‌یییه‌كان به‌ هۆی خراپتربوونی باری گوزه‌رانی خه‌ڵك و دۆخی بێسه‌روبه‌ری ئابووری و په‌ره‌سه‌ندنی بێكارییه‌وه‌، جاربه‌جار درێژه‌یان هه‌بوو‌.

وه‌ك چۆن ئێران خەریکی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی خۆیەتی تا بەر بە شێواندنی وڵات بگرێ، لە گوتارە سیاسییەکانی خۆیدا لەمەڕ خۆڕاگریی ئابووریدا زێدەڕۆیی دەکا. گوتارەکەی حەسەن ڕۆحانی (بە بۆنەی چلەمین ساڵی شۆڕش) ئەمەیان بەچاکی پشتڕاست دەکاتەوە. ڕۆحانی ڕای گەیاند: "ئێمە دەرفەتی ئەوە نادەین ئەمریکا سەر بکەوێ... خەڵکی ئێران بەرەوڕووی هێندێک گوشاری ئابووری بوونەتەوە و لەمەو دوایش دەبنەوە" و، بەم چەشنە جەختی لەسەر بەهێزکردنی هێزی سوپایی و پەرەپێدان بە بەرنامە مووشەکییەکانی بالیستیک کردەوە. ئەمە ئاماژەیەکی گەلێک گرنگە لەمەڕ مەترسیی ئێران بۆ سەر ناوچەكه‌، کە هەم بە مووشەکی بالیستیک و هەم بە دەستێوەردانە لابەلاکان و بێ ڕەچاوکردنی دراوسێیەتی و حکوومەتی وڵاتان ئەنجام دەدرێ. ڕۆحانی لە هەمان گوتاردا، چەند پەیامێکی بۆ خەڵکی ئێران نارد و خەڵکی خۆی لە ئاست دەرەنجامەکانی داواکانی ئەمریکا بۆ ڕاپەڕین دژ بە حکوومەتێک کە بە گوتەی ڕۆحانی ئێرانی پاراستووە چاوترسێن کرد. ڕۆحانی ڕای گەیاند کە هەر کەسێ دژ بە حکوومەت ڕاپەڕێ، چارەنووسێکی نادیاری دەبێ و جەختی لەوە کردەوە کە شۆڕش بۆ پاراستنی وڵات ئەنجام دراوە.

بەکورتی دوور نییە ئێران –هەرچەند بەرە بەرە- لە ئاست گوشارەکانی ڕۆژاوادا چۆک بدا و پێشبینی دەکرێ بۆ دەسپێکردنەوەی گفتوگۆ مل بدا. سەرۆککۆماری ئێران چەندین جار ئەم هەلەی ڕەخساندووە. حەسەن ڕۆحانی ڕای گەیاند: "ئێمە هەمیشە بۆ گفتوگۆی لۆژیکانە ئامادە بووین. بەڵام گوشار قبووڵ ناکەین." هێندێک لایەن ئەم قسانەی ڕۆحانی بە هەنگاوێک بۆ ئامادەکردنی ڕای گشتیی ئێران دادەنێن و، ئه‌وه‌یش كه‌ حکوومەت به‌ شێوه‌ی "نەرمینواندنی قارەمانانە"ی خامنەیی لە ساڵی ٢٠١٦، زه‌مینه‌سازیی میدیایی بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ دەکا.  بەتایبەت کە بەپێی ئامارەکانی سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو، ئێران بەرەوڕووی بارێکی چەوتی ئابووری بووەتەوە. ئەم سندووقە ئاشکرای کرد کە ئابووریی ئێران لە ساڵی ٢١٠٩دا بەرەو داڕمان دەچێ و پێشبینیی ئەوەیشی کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا تێكڕای بەرهەمهێنانی ئێران ٣،٦٪ کەم دەبێتەوە. ئەمەیش نیشاندەری ئەوەیە کە ئێران لە ئاست گوشارەکاندا مل نادا، مەگەر ئەوەی گوشارەکان توندتر و کاراتر بن.

سەرچاوە:

https://rasanah-iiis.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples